١٤\١٠\٢٠١٤
سستبوونی شەڕ لە
کوبانێ لە نێوان راستیی و درۆدا!

دارا مەحمود
چەنە ڕۆژێکە گرنگیپێدانی میدیای تورک و
جیهان و بەشێکیش لە ڕاگەیاندنی کوردیبەشەڕی کوبانێ کەمبۆتەوەو
وادەگەیەنن کە شەڕی گران و هێرشی چەتەکان بۆسەر کوبانێ کز بووە. ئایا
بەڕاستی شەڕی سەر کوبانێ کزبووە؟ ئەگەر ئا هۆکارەکەی چییە؟ خۆڕاگری
قارەمانانەی شەروانانی کورد و هێرشی پێچەوانەی ئەوانە، یان لەئاکامی
بۆردومانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانانە، یانیش نەخێر شتێکی تری شاراوە
خەریکی ڕوودانە؟
بێ هیچ گومانێک خۆڕاگری بێوێنەو دیرۆکیی شەوانانی یەپەگە بناغەی هەر
ئاکامێکە. و بۆردومانی فڕۆکەکانیش چەندە سنووردار بن بێ ئاکام نەبوون.
بەڵام بابەتەکە خاوەن ڕەهەندی سیاسیی تریشە کە پێویست بەهەندێک
شڕۆڤەیە.
تورکیا سەرەتا پلانەکەی بەمجۆرە بوو کەبەهاندان و پشتیوانیکردنی داعش،
و ئامادەکردنی گشت هەلومەرجێک، بەچەند ڕۆژێک کوبانێ بەچۆکدا بهێنێت. و
چاوەڕوانی دەکرد کە لە شێوەی شەنگال، ڕەوێکی گەورەی خەڵکی سڤیل بەرەو
تورکیا بچن، شەروانانیش یان خۆبەدەستەوە بدەن یان داوای پەنابەریی
لەتورکیا بکەن، یانیش لەناو بچن. و ئامادەکارییەکی تەواویش بۆ
پێشوازییکردنی خەڵکە هەڵاتووەکە کرابوو. بەجۆرێک کە ئاکامی کارەساتەکە
بەوەی بەتەنها مرۆییە سنووردار بکرێت و تورکیاش تەواوی ڕاستیی پلانەکەی
خۆی بەهاوکاریی مرۆیی ئاوارەکان بشارێتەوەو منەتێکیش بەسەر کوردو
جیهانەوە بکات کە داڵدەی ئاوارەکانی داوە. پاشانیش بەهێرشێکی ڕاگەیاندن
و پسکولوژیی، ورەی خەڵک بەتایبەتی بزووتنەوەی ئازادییخوازی کورد
لەباکورو ڕۆژئاوا بشکێنێت، و لەشێوەی شکەستی پارتی لە شەنگال، هەڵاتن و
ترسنۆکی بداتە پاڵ (پەکەکە) و (پەیەدە). و دوای ئەمانەش هەموو پرۆسەی
ئاشتی و چارەسەری کێشەی کورد لەتورکیا کەچەند ساڵێکە دەستی پێکردووە،
بەمەرجەکانی خۆی بسەپێنێت.و بەگشتی کۆتاییش بە کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای
کوردستان بهێنێت و ڕەوشێکی نوێ لەوێ پیادەبکات، کەلەگەڵ
بەرژەوەندییەکانی ئایندەیدا بگونجێت.
بەڵام گشت ئەم حساباتانە بەبەرخۆدانی قارەمانانەو درێژخایەنی کوبانێ
سەروبن بوون. بەرلەهەرشت ڕەو بەشێوازێک کە کارەساتاوی بێت ڕووی نەدا.
خەڵکی سڤیل، ژن و منداڵ و پیر، یان کەسانێک کەنەیانخواست بچنە
ناوشەڕەوە، بەشێوازێکی تا ئاستێکی زۆر ئارام گەیەنرانە سنوورو زۆرینەی
گەنجەکان لەکوڕو کچ گەڕانەوە سەنگەرەکانی شەڕ. و لەوێدا خاڵی یەکەم و
هەرەگرنگی تورکیا شکەستی هێنا. پاشان بەدرێژەکێشانی شەڕەکە، و بەبێخەمی
تورکیا لەبەرانبەر داعش کە چەندسەد مەتر لەسنوورەکانییە دوورن، هەموو
سەرنجەکان کەوتنە سەر هاوکارییەکانی تورکیاو پلان و پرۆژە شاراوەکەی
بەرەبەرە بۆ هەمووان ئاشکرابوو، و لەبری ئەوەی منەتەکانی بەهاوکاری
ئاوارەکان ئامانج بپێکێت، ئابڕووی چوو، و هاکاریی تورکیا بۆ داعش
بووبەمژاری هەرەسەرەکی میدیاکانی جیهان و لەزاری بەرپرسانی هەرە باڵای
وڵاتانەوە، ئەم ڕاستییە ئاشکرا کرا. ئەوەش کە لەهەمووان گرنگتر بوو،
بەسەدان هەزار کوردانی جیهان بەتورکیاشەوە ڕژانە سەر شەقامەکان،
دەیانیان لێ شەهیدبوو، بەڵام نەک هەر ورەیان نەڕووخا، یەکگرتووتر،
شێلگیرتر، وورەبەرزتر لەهەرکاتێکی دیرۆک خۆیان نیشاندایەوە. پەکەکەو
پەیەدەش کە لەداگیرکردنی شەنگالەوە دەخوازرا ئابڵۆقەو گۆشەگیرو بێ چەک
بکرێن، مەزنتر، و بەرفرەتر بوون و بوونە خاوەنی هەزاران ئەندام و
لایەنگرو شەروانی نوێ و پێشدان بەزەحمەت دەستیان بە کلاشینکۆفێک
ڕادەگەیشت، ئەمجار لەبەرەکانی رەبیعەو شەنگال بوونە خاوەنی چەندان تانک
و زرێپۆش کەلە شەڕەکانی دژ بەداعش بەدەستیان هێنا. و هەروا تورکیا کە
زۆر جەختی لەسەر ناشیرینکردنی ناوی پەکەکەو هاوپەیمانەکانی و کردۆتەوە،
شەنگال و کوبانێ هاوسۆزی ڕای گشتی جیهانی بۆسەر کورد بەگشتی و
بزووتنەوەی کورد لەباکوورو ڕۆژئاوا گۆڕی و بەشێوازێکی کرداریش (پەکەکە)
بوو بە لایەنێکی چالاک لە هاوپەیمانی دژی داعش. سەرەڕای ئەمەش
هۆشیارکردنەوەی (کەجەکە)، کە کۆتایی بەپرۆسەی ئاشتی دەهێنێت، تورکیای
ناچارکرد بەشێوازێکی کاتیش بێت، بەخۆیدا بچێتەوەو ماوەیەک بەدەستبخات
تا کارتەکانی خۆی ڕیکوپێک بکاتەوە.
ئەوەی تا ئێستا ڕوونە سەرەڕای زیانە گیانی ماڵەیەکانی کوررد، لەگشت
بوارو ئاستەکانی تردا، سەرکەوتن لەئارادایە. و بەپێچەوانەوەش تورکیا
لەگشت ئاستەکانی شکەست و ڕیسوایی بەنسیب بووە. بەڵام دەبێ ئەم ڕاستییەش
بزانین تورکیا دەوڵەتێکی مەزنی ناوچەکەیەو نابێ ئێمە بیر لەشکەستی
یەکجاریی دەوڵەتێکی وەک تورکیا بکەینەوەو ئەو دەتوانێت بەئاسانی
لەڕێگای گۆڕینی هەندێک سیاسەتی خۆیەوە پەیوەندییە نیودەوڵەتییەکانی
هەموارکاتەوە، و نیشاندانی تورکیا بەوەی ئامادەیە فڕۆکەخانە
سەربازییەکانی خۆی لەبەردەم هاوپەیماناندا بکاتەوە سەرەتاو بەشێکی ئەم
سیاسەتەیە. و لەهەمان کاتدا نابێ چاوەڕوان بین تورکیا دەست لە پلان و
پرۆژەی دوژمنکارانەی مەزن هەڵگرێت.
تورکیا کە سومعە نێودەوڵەتیەکەی زیانی پێکەوتووە، ناخوازێ چیتر
لەدەرەوەی گەمەنێودەوڵەتیەکندا تەنها بێت و لەهەمان کاتیشدا ناخوازێت،
پشتیوانی خۆی بۆ داعش بەشوازێکی کتوپڕ ڕاگرێت. لەبەر ئەمە هەردوو
کارەکە، واتا هاتنە ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی و هاوکاریکردنی داعش
بەشێوازێکی تەریب، تا ماوەیەکی تریش هەروا بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ تورکیا بەدرێژەکێشانی شەڕی کۆبانێ، و بەوەی خێرا بکەوێتە دەست
داعش، بێهوایە. هەربۆیە، کەم کەم دەخوازێت کارییگەرییە باشەکانی ئەم
بەرخۆدانە لەبیربەرێتەوەو شەڕی کوبانێ لەمژارێکی سەرەکیەوە بکاتە
پرسێکی ڕۆتینی ڕۆژانە کە ئیتر سەرنج ڕانەکێشێت و لە فرسەتێکی تردا
پلانێکی تر ئامادەکات.بەڵام ڕاستییەکی تریش لەئارادایە کە خەڵکی کوبانێ
چواردەوریان ئابڵوقەدراوەو ڕەنگە هۆکارێکی تری کزبوونی پەلامارەکانی
داعشیش لەئاکامی ئەو زەبرانەوە بێت کەبەریان کەوتووە. بەڵام داعش هێزێک
نییە لەم قۆناغەدا پاشەکشە بکات. بەڵکو تاکتیکەکانی دەگۆڕێت و خۆی بۆ
پەلاماردانی نوێ ئامادەدەکات. بۆیە پێویستە تەواوی هەوڵەکان، بۆ
کردنەوەی ڕێگایەکی هاوکاریی بخرێتە گەڕ. و ئەمەش ئەرکی هەرەسەرەکیی و
بەپەلەی دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستانەو ئەوان ڕۆژانە لێدوان لەسەر
لێدوان دەدەن کە ئامادەی پێشکەشکردنی هەرجۆرە هاوکەرییەکن، بەڵام
نازانن بەچ شێوازێک بێت.؟ و ئابڵوقەدراوانی کوبانێش چەند ڕۆژە بەئاشکرا
داوادەکەن کە لەم قۆناغەدا گرنگترین پرس پێویستە پەیوەستەی شکاندنی ئەم
ئابڵوقیە بێت. دەنا پلانەکانی تورکیاو داعش بۆ خاپوورکردنی کوبانێ و
کۆمکوژی دانیشتوانەکەی هەر بەردەوامە.
ماڵپهڕی دارا مهحمود
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|