په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٢\٢٠١٥

ستالین کە دەوڵەتێکی مەزنی دامەزراند.

 

د. نەجم ئەلدلیمی

وەرگێڕانی: جەلال دەباغ

- بەشی دووەم -

 

ستالين گفتوگۆزانێکی سياسی و خاوەن مەبدەئيەکی بەرزو بڕياردەربوو لە کاتێکی گونجاودا، بۆ نمونە ستالين گفتوگۆی لەگەڵ مۆلۆتۆڤی ئەندامی مەکتەبی سياسی و وەزيری دەرەوە لە سێ مەسەلەدابوو کە ئەمانەن:


مەسەلەی يەکەم:

مۆلۆتۆڤ بڕياریدايە باڵوێزی بەريتانيا لە مۆسکۆ کە رۆژنامەيەک وگۆڤارێکی بۆرژوازی لە يەکێتی سۆڤێتی دەربچێ.


ستالين لە مۆلۆتۆڤی پرسی: بۆچی و بۆ بەرژەوەنديی کێ؟ ئامانج لەمە چيە؟ ئەمە لەسەر چ بنچينەيەک کراوە؟


ستالين بۆ مۆلۆتۆڤ جەختی کردەوە کە ((ئەم رۆژنامەگەرييە ئەمڕۆ لە زيان و کێشەبەدەر بۆ گەلی سۆڤەت ئەنجامێکی نيە، ئەمەش هەنگاوێکی سیاسی هەڵەيە کە ناوتە ئەی هاوڕێ )).


مەسەلەی دووەم:

مۆلۆتۆڤ پێشنيازێکی بە سەرکردايەتيی حیزب پێشکەشکرد کە پێويستە ناوچەی قڕم بدرێتە جولەکە.


ستالين وەڵامیدايەوە((ئەمە هەڵەيەکی گەورەيە ئەی هاوڕێ ئەم پێشنيازە لەپای چی؟ بنچينەو ئامانجەکانی ئەمە چين؟ جوەکان ناوچەيەکی ئۆتۆنۆميی تايبەتی خۆيان هەيە، ئەمە بەس ناکات؟ با خۆيان ناوچەکەيان پەرەپێبدەن، ئێمە رێگەنادەين تۆ ببيتە پارێزەری بەرگری لە جولەکەکان، ئەمەش هەڵەيەکی دووەمە کەتۆ دەيکەيت ئەی هاوڕێ، ئێمە لەم کردارو رێبازەی تۆ، بەو پێيەی ئەندامی مەکتەبی سياسيت قايلنين، ئەم پێشنيازو کردارانەی تۆدەدەينە دواوە)).


مەسەلەی سێيەم:
ستالين لەسەر گفتوگۆ لەگەڵ مۆلۆتۆڤ رۆيشت و پێیگوت: ((هاوسەرەکەت بە بڕيارەکانی مەکتەبی سياسی دەزانێت و بۆ دۆستەکانی دەوروپشتی وبۆ جولەکە نەتەوەپەرستەکان، کە جێگەی باوەڕنين، باسی ئەم بڕيارانە دەکات، بۆ نمونە وەک گۆڵدامائيری باڵوێزی ئيسرائيل، ئەم رەفتارەش مايەی قايلبوون نيەو هەر رێگەشی پێنادرێت)).


مۆلۆتۆڤ لە مەکتەبی سياسی دانی بەم هەڵانەدا ناو رووی گفتاری کردە ستالين و گوتی (( دەبمە قوتابيەکی بەوە فاتان)) ستالين وەڵامیدايەوەو گوتی ( ئەمە قسەيەکی بێ سەروبنەو ئێمە قوتابيمان نيە، هەموومان قوتابيی لێنينی مەزنين).


لە رۆژی ٢٤/١/٢٠٠١دا ديدارێکی تەلەفيزيۆنی لەگەڵ سڤێتلانای کچی ستالين ئەنجامدراو باسی پەيوەنديەکانی لەگەڵ باوکی کردو گوتی ،،، کاتێک خوێندکاری زانکۆبووم داوام لە باوکم کرد ئۆتۆمبيلێکی تايبەتيم بۆ تەرخان بکات کە پێی بڕۆم بۆ زانکۆ ،،، وەڵامیدابۆوە: ئەمە هەر لە بنەڕەتدا جێگەی قايلبوون نيە، چونکە تۆ ئەندامی حکومەت نيت، بۆيە ناتوانرێ ئۆتۆمبيلێکت بۆ تەرخان بکرێت، دەتوانين پاراستنت لەناو زانکۆدا بۆ تەرخان بکەين، وەڵامیدابۆوە: پاراستنم لەناو زانکۆدا پێويست نيەو هيچ مەترسيەک نيە هەڕەشەم لێبکات، وەک سڤێتڵانا جەخت دەکاتەوە کە باوکی بەردەوام داوای لێدەکرد کە جلوبەرگی دروستکراوی نيشتيمانی بپۆشێت نەک جلوبەرگی بييانی.


لە کاتی جەنگی نيشتيمانيی مەزندا (١٩٤١- ١٩٤٥)، کوڕەکەی ستالين لە لايەن هێزەکانی ئەڵمانياوە بە ديل گيرا، کاتێک سەرکردايەتی ئەڵمانی بەمەيزانی داوايان لە ستالين کرد کە ژەنڕاڵێکی ئەڵمانی بەرەڵابکات بەرانبەر بە ئازادکردنی کوڕە سەربازەکەی کە بەديل گيراوە، ستالين وەڵامی ئەم پێشنيازەی دايەوەو گوتی ((ناتوانم ژەنرالێک بە سەربازێک بگۆڕمەوە)).


هەروا ستالين جەختی کردەوە ((توانيمان هەژاری کە زۆربەی زۆری هاونيشتيمانانی گرتبۆوە نەهێڵين، هەر لەو کاتەدا ئەو دەست بڵاويەشمان لەناوبرد کە کەمايەتيەک دەيانکرد، بێکاريشمان نەهێشت...)).


ستالين بەسەرکردايەتی حیزبی راگەياند(( هاوڕێيان دەکرێ رانەوەستن، من لێرە بەدواوە هەموو هێزی خۆم و توانام و شارەزاييم و خوێنی خۆم دڵۆپ دڵۆپ، ئەگەر پێويستبێ، دەبەخشم بە مەسەلەی چينی کرێکارو مەسەلەی شۆڕشی پڕۆلێتاری و شيوعيەتی جيهانی)).


يوسف ستالين لە کۆنگرەی شەشەمی حیزبدا جەختی لە مەسەلەيەکی يەکجار گرنگ کردەوە کە ئەويش ئەمەيە(( من ئەو توانايەم نەبواردووە کە روسيا رێگەی خۆی بەرەو سۆسياليزم ببڕێت ودەبێ دەستبەرداری ئەو بيرۆکەيەبين کە دەڵێت ئەوروپا نەخشي رێگامان دەکێشێ و دياری دەکات، من لەسەر زەمينەی مارکسيزمی داهێنەر ڕاوەستاوم)).


لە ٦/١٠/ ١٩٥٣دا، ستالين لە هەموو ئەندامێکی سەرکردايەتی حیزب داوایکرد کە کاديرانی لاوو لەوانەی لەتەکياندا کاردەکەن ئامادە بکەن بەمەرجێک لە ٥ تا٦ ئەندامی لاو کەمتر نەبن، چونکە ئەمانە يەدەکی سەرەکی دەبن بۆ سەرکردايەتی حیزب لە دوارۆژدا، چونکە ئەم کاديرە گەنجانە تواناو زيندويەتی و خێراييان هەيە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی حیزب)) گوتارە بەناوبانگەکەشی (( کادير هەموو شتێک دەبڕێتەوە)) گوتارێکی گرنگەو رەهەندێکی بيری و رێکوپێکی و ئايديۆلۆژيی هەيە، لە پێناو دوورخستنەوەی حیزبە شيوعيەکان لە کەوتنە ناو قەيرانی سەرکردايەتی، نوێکردنەوە شتێکی پێويست و ژياريە بۆ سەرکردايەتیی حیزب)).


ستالين لە سەرکردايەتی حیزب و دەوڵەتدا توندوتۆڵ و بڕياردەربوو، چونکە هەل و مەرجی قۆناغەکە وای دەخواست، ناوبراو توندو خاوەن بڕوابوو لە هەڵوێستيدا لە ماسۆنيەکان وزايۆنيەکان و ياخيبووەکان و ناپاکان، ئامانجی ئەوانە تێکدان و لەبەريەک هەڵوەشانی دەوڵەتی يەکێتي سۆڤيەت بوو.


سێيەم: تراژێديای راگەياندن:


ديارە کە هێرشی ئاشکرای راگەياندنی سەر بە ((پرێسترۆيکا)) و ((چاکسازی)) لە ساڵی ١٩٨٧ ەوە تا ئەمڕۆ ئامانجی سياسی و ئايديۆلۆژی و تەنانەت کەسێتی هەبوو. ئامانجی سەرەکی هێزەکانی دژی شۆڕش لەمە شێواندنی راستيە بابەتيەکان بوو، هەروا چەواشەکردنی بيروڕای گشتی چ لەناو رووسياداو يان لەناو پەيوەستيی دەوڵەتە سەربەخۆکانداو تەنانەت لەسەر ئاستی جيهان، هەروا راگەياندنی بۆرژوا پيشەی درۆو دەلەسەو بوختان و واهيمە دروستکردن بوو، کە ئەمانە هەموويان و شتیتريش بدەنە پاڵ ستالين، ئەڵقەی ناوەنديی هێزەکانی دژەشۆڕش و راگەياندنە نامەوزوعيەکانيان بريتيە لە شێواندنی ناوبانگی ستالين و دەستکەوتە سياسی ئابوری و سەربازییەکانی، لەدوای ئەم هێرشە سەرشێتانەيەشەوە کەسانی نا رووس و ناپاکان و ياخييان و لە ڕێلادەران و هەلپەرستان، لەسەرکردەکانی پرێسترۆيکای چاکسازيی ئابوری راوەستاون و لەسەر پەلامارەکەيان بەردەوامن، چونکە دەسەڵات و دارايی و راگەياندنيان بەدەستەوەيە!


راگەياندنی رێژيمی ئەمڕۆی فەرمانڕەوای رووسيا مەوزوعيەت و راستگۆيی لای زۆربەی زۆری گەلی رووس لەدەست داوە، بێگومان جگە لە هێزەکانی شۆڕشی بەراوەژوو، زۆربەی گەل لە بارودۆخێکی تاڵدا دەژين کە بريتيە لە تەشەنەسەندنی کڵۆڵی و هەژاری و بێبەشی و بێکاری و تاوان و کەرەستە هۆشبەرەکان و پيسبوونی باری کۆمەڵايەتی، ئەوان زۆربەی پێکهاتەو بنچينەی پێويستی ژيانيان لەدەستداوە، کەوتونە بەراوردکردنی ژيان و بژيويان لەسەر زەمينەی راستی، لەگەڵ ماوەی سۆڤێتيدا، لە کاتێکدا راگەياندنی رێژيمی بۆرژوای فەرمەنڕەوا باری ژيانی هەژارانی رووسيايان دەرنەخستوە، دواجار راستگۆيی راگەياندنی رووسيا (تەلفزيۆن، راديۆ، رۆژنامە، سينەماو شانۆ..) لای زۆربەی زۆری گەلی رووسيا گەيشتۆتە ئاستی نەمانی بڕوا بە رێژيم و راگەياندنەکەی، ئەمەش پەنهان نيەو سەرانی رێژيم هەستی پێدەکەن، رێژيم و راگەياندنەکەی تەنيا لە خزمەتی ١تا ٣ لەسەدی دانيشتواندان!!


بەڵگەی ديکە لەسەر ناڕاستی و نا بابەتيی هۆيەکانی راگەياندنی بۆرژوای رووس کە هێشتا لەسەر هێرشی نامەوزوعيانەی شەوو رۆژیان بەردەوامن دەربارەی "تاوانەکان"ی ستالين کە لافی ئەوە لێدەدەن گويا لە ساڵانی سييەکاندا روويانداوە!! سەرکردەکانی ((پرێسترۆيکاو ديموکراتەکان)) ی رووس لافی ئەوە لێدەدەن گۆيا ستالين ١٠٠مليۆن کەسی ئيعدامکردوەو هەندێکیتريش جەخت لەسەر ئيعدامکردنی ٦٠ مليۆن کەس دەکەنەوە!! جا با بگەڕێينەوە بۆ حسابکردنێکی سادە کە ئەمەيە:


١- لەساڵی ١٩٤٠دا ژمارەی دانيشتوانی يەکێتی سۆڤيەت گەيشتە ١٩٤ مليۆن کەس.
٢- ژمارەی زيانەکانی گەلی سۆڤيەت لە جەنگی نيشتيمانيی مەزندا گەيشتە ٢٧ تا ٣٠ مليۆن کەس.
٣- ١٩٤- ١٣٠= ٦٤مليۆن کەس. ( ژمارەی ١٣٠ مليۆن کەس ئەوەيە دوژمنانی ستالين بە ناڕەوا باسی دەکەن، لافی ئەوە لێدەدەن گوايە ستالين ١٠٠ مليۆن کەسی "کوشتوە" و ٣٠ مليۆنيش زيانی گەلی سۆڤيەتە لە شەڕەکەيدا دژی ئەڵمانيای نازی. لەکاتێکدا بەڵگەنامە فەرميەکان پێچەوانەی ئەوە پيشاندەدەن).
٤- لە ساڵی ١٩٥٩دا ژمارەی دانيشتوانی يەکێتی سۆڤيەت گەيشتە (٢٠٨) مليۆن کەس و لە ساڵی ١٩٨٥دا گەيشتە (٢٧٦) مليۆن کەس.
٥- ئايا ((سەرکردەکانی پرێسترۆيکا- چاکسازی)) و راگەياندنەکەيان دەکارن بيسەلمێنن کە ژمارەی دانيشتوانی يەکێتيی سۆڤيەت لە ساڵی ١٩٤٠دا ٦٤ مليۆن کەس بووە؟ جاچۆن گەلی سۆڤيەت دەيتوانی سەرکەوتن بەسەر فاشيزمی ئەڵمانیدا بە ٦٤ مليۆن کەس وەدەستبێنێ لە کاتێکدا زۆربەی زۆريان منداڵ و پيرو ئافرەت بوون؟


هەروەکو زانراوە دوای کۆچی دوايی ستالين، خرۆشۆف سەرکردايەتيی حیزب و دەسەڵاتی گرتەدەست و لە ناکاودا کەوتە هێرش بردن!! بۆ سەر ستالين و لە دروشمی(( تاک پەرستيدا)) و داوای راپۆرتێکی لە وەزيری داد و وەزيری ناوخۆو داواکاری گشتيی سۆڤێتی کرد لەسەر ئەو تاوانانەی لەساڵانی ١٩٢١-١٩٥٣دا روويانداوە، لەکاتێکدا خۆی ئەندامی مەکتەبی سياسيی حیزب بووەو لەشوباتی ساڵی ١٩٥٤دا راپۆرتێکی فەرميی دوورو درێژ سەبارەت بەو ماوەيە درايە خرۆشۆف و راپۆرتەکە پيشانيداوە کە لەو ماوەيەدا(٣٧٧٧٣٨٠) کەس تاوانبارکراون و ئەمانەش لە هێزەکانی دژەشۆڕش و لايەنگيرانيان بوون لە تاوانکاران و رێگرەکان و ناپاکانی گەل و هاوکارانی فاشيزمی ئەڵمانی و هەر وەک راپۆرتەکە پيشانيداوە ٦٤٢٩٨٠ کەس ئيعدام کراون، ژمارەيەکی تريش هەيە کە رۆژنامە فەرميەکان بڵاويان کردۆتەوە جەخت لەسەر ئيعدامکردنی ٨٠٠ هەزار کەس دەکاتەوە. بەڵێ راستە ژمارەيەکی زۆرە، بەڵام بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی بابەتيانەی ئەو ماوە ناسک و گرانە کە توندبوونی کێشەی سياسی و ئايديۆلۆژی نيشانەی بوو، لە بەردەم دەسەڵاتی سۆڤێتی و سەرکردايەتیی سۆڤێتيدا دوو هەڵبژاردن هەبوو کە سێيەميان نەبوو: يان پاراستنی دەسەڵاتی سۆڤێتی و سۆسياليزم و دەستکەوتەکانی و دواجارهەردەبوو ياسای رەوا بەکاربهێنرێت لە پێناو ژێرخستنی پيلانی هێزەکانی شۆڕشی بەراوەژو لە ناوخۆو دەرەوەدا، يان خۆبەدەستەوەدان و دەستبەرداربوونی دەسەڵاتی سۆڤێتی و دانی بە هێزەکانی دژە شۆڕش و هاوپەيمانە رۆژئاواييەکانيان و هەروا دەبێ هۆکارەکان و بارودۆخی ئەو شەڕە خۆوڵاتيە بخرێنە پێش چاو کە هێزەکانی شۆڕشي بەراوەژو بە يارمەتی و پشتيوانيی ئۆردوگەی سەرمايەداری و بەتايبەتی ئەمريکاو بەريتانياو ئەلمانياو فەرەنساو ژاپۆن،،، بەئامانجی لەناوبردنی دەسەڵاتی سۆڤيەت هەڵيانگيرساند.


هەلومەرجەکانی شەڕ ئاڵۆزو گرانن و ناتوانن بەشێوەی ئاسايی تێپەڕبن، بۆ نمونە ناپاکان و هەڵاتوان لە بەرەی شەڕ ئايا داوايان لێدەکرێ سزايەکی دارايی بدەن يان ياسايەکی رەوای هەلو مەرجی شەڕ پەيڕەوبکەن، هەروەها لەبارەی تاوانکاران و رێگرەکان و هاوکاران لەگەڵ هێزەکانی شۆڕشی بەراوەژوداو هاوکارانی سوپای فاشيستی ئەڵمانيا بە تايبەتی لە کۆماری شيشان- ئەنگۆش، هەروا لە ئۆکرانيا و بەتايبەتی لە ناوچەی ئەلۆف و شارەکانی ديکەی سۆڤيەت.


حوکمی ئيعدام هێزە نهێنيەکانی شۆڕشی بەراوەژوی گرتەوە کە چەکيان لە پێناو لەناوبردنی دەسەڵاتی سۆڤيەتدا هەڵگرت، هەروا ئيعدامکردن تاوانکاران و دزو چەتەو رێگرەکانی گرتەوە کە هەوڵيان دەدا خۆراکی گەل بەتاڵان بەرن و بازرگانیی پێوەبکەن، هەروەک هەندێ سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێ لە حوکدراوان فەرمانی خنکاندنيان گۆڕدراوە بە بەندکردن لەميانەی ١٠ تا ١٥ ساڵ بەندی.


توێژەری خۆرئاوايی ماريوسوس ئاماژە بەوە دەکات کە ((بازرگانی لەبارەی مليۆنان قوربانی لە رێژيمی سۆڤێتيدا بەبەشێک لە شەڕی گڵاوی راگەياندن دژی يەکێتيی سۆڤيەت دادەنرێ)) هەروەک توێژەر سوس باسدەکات تەنيا لە ساڵی ١٩٩٦دا ژمارەی بەنديەکان لە ئەمريکا گەيشتۆتە (٥،٥) مليۆن بەندی.


بەڵام لە ماوەی حوکمی ستاليندا (١٩٢٢-١٩٥٣) ژمارەی بەنديەکان گەيشتە ٣،٧٧٧،٣٨٠کەس. لەروسيای ديموکراسیدا ژمارەی بەنديەکان لەساڵی ١٩٩٨دا گەيشتە ١،٣٨٠،٠٠٠بەندی.


ئۆليغ شينين- سەرۆکی ئەنجومەنی حیزبە شيوعيەکان- حیزبی شيوعی سۆڤيەت ئاماژە بۆ ئەوە دەکات دەڵێت(( پڕۆسەی سزادان کە لە سەردەمی ستاليندا رووی دا ئەنجامی گفتوگۆ بوو دەربارەی تێئۆری و گواستنەوە لە تێئۆريەوە بۆ بواری پڕاکتيکی بە کردەوەو جێبەجێکردنی ناوەرۆکی تێئۆری لە زەمينەی راستيی هەستپێکراودا بەپێی بڕيارەکانی حیزب و کۆنگرە شەرعيەکانی. هەندێ جۆری ئۆپۆزيسيۆن لەناوخۆی حیزبدا سەريان هەڵدا بەمەبەستی جێبەجێ نەکردنی بڕيارەکانی حیزب کەلە کۆنگرەکانيدا پەسەندکرابوون تا گەيشتە ئاستی بەرگری کردن، بۆ ئەمەش هەردەبێ بڕيارو کاروباری يەکلاکەرەوەو پێويست لە دژی هەموو ئەوانە بگيرێنەبەر کە بڕيارەکانی حیزبيان پەيڕەو نەکردوە کە لەلايەن کۆنگرەشەوە پەسندکراون، هۆکاری ئەم ئۆپۆزيسيۆنەش دەگەڕێتەوە بۆ رەگوڕيشەی چينايەتی کۆمەڵگەی جوتياری کەپاشماوەکانی داب و نەريتی وردە بۆرژوای لەکۆمەڵدا دەمێنێتەوە)).


هەروا شينين جەختدەکاتەوە لەسەر دەورگێڕان و بايەخی يوسف ستالين لە بەڕێوەبردنی کێشەی ئايديۆلۆژی لەو ساڵە ناسک و قورسانەدا(١٩٢٢-١٩٥٣) لە گۆشەنيگاو هەڵسەنگاندنی ستالينەوە بۆ ئەو ماوە مەترسيدارو ئاڵۆزە، ئەوەبوو گوتی(( توانای بەکارهێنانی شێوازی ئاشتيانەو مەبدەئيانە بۆ چارەسەری مەسەلە جۆربەجۆرەکان لەتوانادا نەماوەو چالاکيی (تابوری پێنجەم) بۆتە شێوازێکی مەترسيدارو جيدی و گەورە بۆ سەر دەسەڵات)).


باڵوێزی ئەمريکا لە مۆسکۆ "دی دايڤيسی" لە ساڵانی (١٩٣٦-١٩٣٨) دا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە(( بەشێک لە جيهان پڕۆسە بەناوبانگەکەی پاکتاوکردنی خائينانی لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٥تا ساڵی ١٩٣٩ وادانا کە بۆتە مايەی بێزاری و لەوکاتەشدا بە نمونەيەکی دڕندانەو بێبەشی لە جوانی دانرا، بەڵام لەکاتی ئێستادا روونبۆتەوەو بۆتە بەڵگەيەکی تەواوو سەلماندنێکی سەرسوڕهێنەر لەسەر زيرەکی و بليمەتی و دووربينيی يوسف ستالين)). لە راستيدا مايەی سەرساميە کە راگەياندنی بۆرژوای"ديموکراسی" لە روسيادا خۆی نەدا لە باسی راستيە بابەتيەکان و هۆکارو چارەسەرەکانی باسنەکرد!!


لەکاتێکدا ئەم راستيانە ئيتر لای هەموان روون و ئاشکران و تەنانەت لای ئەوانەش کە بيناييان لەدەستداوە، لای( سەرکردەکانی پرێسترۆيکا- چاکسازيی ئابوری) جا بەهۆی پەيڕەوکردنی رەچەتەی سندوقی دراوو بانکی نێودەوڵەتی، واتە پەيڕەوکردنی ئەوەی بە سياسەتی چاکسازيی ئابوری ناوی دەبەن و لە ساڵی ١٩٩٢ ەوە دەستی پێکردوەو تا ئەمڕۆش هەر بەردەوامە، ئەو زيانە مرۆييەی کە بەهۆی ئەم سياسەتەوە تووشی گەلی رووس هاتووەو، لەماوەی ساڵانی (١٩٩٢-٢٠٠٢) دا رێژەی مردن لە رێژەی لەدايکبوون زۆرتربووەو ئەم زيانە لە نێوان ١٣ تا ١٥ مليۆن کەس بووە.


هەروەک وەزيری تەندروستی رووسيا يوری شێفشينکۆ لە ديدارێکی تەلەفزيۆنيدا ٢٠/١١/٢٠٠٢ دانی بەو راستيەدا ناوە کە ساڵانە رووسيا تەنيا بەهۆی نەخۆشی دڵەوە( ١،٥) مليۆن کەس لەدەستدەدا. تێچوونی نەشتەرگەريەکی دڵ دەکاتە ٢٠٠ هەزار رۆبڵ (واتە ٦٣٤٩ دۆلار) لەکاتێکدا نێوەندی کرێ ٣٥٠٠ رۆبڵە( کە دەکاتە ١٠٠ دۆلار)، ئاستی نزمی کرێش ٤٥٠رۆبڵە (کە دەکاتە ١٧ دۆلار).


رۆژنامەی فەرمیی لەساڵی ٢٠٠١دا بۆ نمونە ئاماژەی بەوەکردوە کە ٤٠هەزار کەس بەهۆی رووداوی ئۆتۆمبيلەوە مردون و ٣٣٥٠٠٩ کەس بەدەستی مافيا تاوانکارەکان کوژراون و، رووسيا ساڵانە ٣٠هەزار کەس بە هۆی خواردنەوەی ئالکحولەوە لەدەستدەدات و ٨مليۆن کەسی بێلانەوماڵ هەن. ژەنرال ليۆنيد ئيڤاشۆف ئاماژە بەوەدەکات کە لە ساڵی٢٠٠٢دا رووسيا نزيکەی ٢٠٠هەزار کەسی کوژراوو چارەنووس نادياری هەبووە، هەروا لەرووسيادا پتر لە ٢مليۆن نەخوێندەوارهەن. ساڵی٢٠٠١ ژمارەی ئەو تاوانانەی مێرمنداڵان لە رووسيادا ئەنجاميان داون گەيشتۆتە يەک مليۆن و ١٤٠هەزار تاوانی تۆمارکراو!!


لەسەدا نەوەدی (٩٠٪) خوێندکارانی دەرچو توشی نەخۆشيی جۆربەجۆربوون و تەنيا ١٠% تەندروستيی باشيان هەيە. داهاتی ساڵانەی مافيای رووسی٢٠٠ مليار دۆلارە کە ئەمەش بۆحکومەتی رووسيا دەکاتە هێندەی ٤ بودجە، بەرتيليش زۆر تەشەنەی سەندوە کە ساڵانە دەگاتە ٣٦ تا ٤٠ مليار دۆلار. لە ماوەی شەڕی مەزنی نيشتيمانيدا ٦٧٨هەزار منداڵ بەهۆی مەرگی دايک يان باوک ياخود هەردوکيانەوە لە شەڕدا هەتيوبوون. دەسەڵاتی سۆڤيەتيش هەموو ئەمانەی کۆکردۆتەوە لە رووی نيشتەجێبوون و جلوبەرگ و خۆراک و خوێندنەوە سەرپەرشتيی بۆ دابينکردون. لەکاتێکدا لە بارودۆخی ئاشتيی " چاکسازيدا" لە رووسيادا پتر لە ٦٢٠ هەزار منداڵی هەتيو بەسەر شەقامەکاندا دەگەڕێن و سواڵدەکەن. ناوچەی نيشتەجێ بوونيشيان بريتيە لە وێستگەکانی مەترۆو وێستگەکانی شەمەندوفەر، مافياکانيش ئەم منداڵانە بۆ مەبەستی جۆربەجۆر بەکاردێنن، وەک فرۆشتنی مادە بێهۆشکەرەکان و شتيتر!! هەروا لە رووسيادا ساڵانە ١٠٠ هەزار منداڵ دايکيان يان باوکيان لەدەستدەدەن، ئەمەش بە پلەی يەکەم لەبەر هۆکاری ئابوری، بۆ نمونە لەساڵی ٢٠٠١دا ١٢٤ هەزار منداڵ دايکيان يان باوکيان لەدەستداوە، بەپێی بيروبۆچوونی شارەزايانی دارايی قەبارەی زيانە ماديەکان کە بەهۆی داڕمانی بەرهەمی ماديەوە لە گەلی رووس کەوتن لەکاتی ئەو سياسەتەی پێی دەڵێن سياسەتی "چاکسازیی ئابوری" گەيشتە (٥) تريليۆن دولارو بەڵگەش بۆ ئەمە زۆرن و لە ژماردەنايەن؟ جا لەبەرچی راگەياندنی بۆرژوازيی ((ديموکراسی)) لە ئاست ئەم تاوانانە بێدەنگن؟
___________________________

بەشی یەکەم: www.emrro.com/sitalinkedewleteki1.htm

 

ماڵپه‌ڕی جه‌‌لال ده‌باغ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک