سیاسەتى گایانە.

کامیل ژیر
ئەشێ ئەمە سەرگروشتەیەکى میللى بێ. هەرچۆنێبێ، نابێ ئیمە وابزانین کە
جۆرێک ئاژەل، هەر لەبەرئەوەى ناوى (گا)یە، ئیتر مێشک لەکەللەیدا نیە و
هیچ لەسیاسەت نازانێ. نەخێر، گاش ئەلف و بێیەکى سیاسەت ئەزانێ، باپێشى
بوترێ سیاسەتى گایانە، یابوترێ فەلسەفەى سیاسەتەکەى تەنیا لەئابووریى
ورگدا چڕبۆتەوە. خۆ هەرگا وانیە، مرۆڤگەلێکى زۆریش هەن کە هەموو
دیاردەکان و زۆرانبازییەکانى ژیان ئەبەستنەوە بەناکۆکى چینایەتییەوە
کەلەئەنجامدا فەلسەفەى ئەم جۆرە بیرۆکانەش هەر بەلاى ئابووریى ورگدا
ئەشکێتەوە! ئنجا نابێ واشبزانین گا ئاژەلێکى دەستەپاچەیە. راستە
ناتوانێ گۆڵەگەنمێک وەبەربێنێ بەڵام ئەتوانێ گێرەشێوێنى لەبێستانێکدا
بکات. یائەگەر بەلەسەببێ، گەلێ زیانى لێبکەوێتەوە. ئەوە سەربارى
هاربوونەکەى گاى ئسپانى!
لەبارەى رەنگەوە، گا چەند جۆرێ رەنگى هەیە: رەش، دێز، بەڵەک، زەرد،
سەوز، بەڵام سەوزى قەرسیلى نا. سەوزێکى مەیلەو زەرد کە ئەکرێ (بۆز) یشى
پێبوترێ. ئەم گا بۆزەش لەپیتاندنى گاى دێز و گاى زەردەوە پەیدا ئەبێ،
بۆیە کرۆمۆسۆمى دێزگەرایى زۆرەو ئەمیش وەک کەرى دێز تۆپێنى خۆى و مردنى
خاوەنەکەى، یا هاورەگەزەکەى خۆى ئەوێ.
لەتەویلەیەکدا، گایەکى زەرد و گایەکى بۆر، هەندێ جار بەئاشتى و هەندێ
جار بەشەر، لرفیان لەئالیکێکى زۆرى ناوتەویلەکە ئەدا. بەلام
لەبێبەختیاندا، گایەکى رەشیان لێپەیدابوو کەهەم بەشێک لەتەویلەکەى
لیداگیرکردن، هەم بوو بە هاوبەشى ئالیکەکەیان. بۆڕەى ئەم گارەشە بەجۆرێ
بوو کە دراوسیکانیشى هەراسانکردبوو. خۆیشى ئەوەندە زلە و بەهێزبوو کەبە
هەردوکیان لە وێزەى نەئەهاتن، تەنانەت گورگیش بەتەنیا پێینەئەوێرا،
بۆیە زەردەو بۆزە، بەپێى ریکەوتنامەیەکى ستراتیجى، ناکۆکییەکانیان
وەلاوە ناو کلکیان لەگەل گورگە بۆرێکدا گرێدا. ئیتر وەک ئەوترێ: شیوەنى
لایەنێک بۆ لایەنێکیتر شاییە، گورگە بۆر لەدرزى ئەو ناکۆکیانەوە هەلى
زیرینى بۆ خواردنى هەرسێکیان دەسکەوت، بەلام بەپاى پیلان و بەسیاسەتێکى
گورگانە، نەک گایانە.
گورگە بۆر پێیوتن: ئێوە ئەملا و ئەولاى ئەو
گارەشە چارەگرانە شەرەنگێزەم بۆ بگرن و جووڵەى لێببرن، ئەگەر بۆشتانکرا
ئابڵووقەى ئابووریى لەسەر دابنێن تا تەواو برسى ئەبێ، ئەوسا من لەدواوە
ورگى ئەدڕم و ئیتر سەروەریى تەویلەکە ئەگەڕێتەوە بۆ ئێوە.
هەروایانکرد و گارەشیان لەکۆڵبوەوە. بەلام خۆپەرستى و چاوچنۆکى،
رێکەوتنامە ستراتیجییەکەیانى هەڵوەشاندەوە و سیاسەتى گایانە
هەریەکەیانى بەجۆرێک کرد بەئەڵقە لە گوێى گورگە بۆ. پلانى دوەمى گورگە
بۆریش ئەوبوو کە بەهاوکاریى گا بۆز، گا زەرد لەناوبەرێ و سەروەریى
تەویلەکە بەتەنیا بۆ گا بۆز بمێنێتەوە. لەسەر ئەم پلانە، رێکەوتن و
گابۆز بەوە دڵى خۆى ئەدایەوە کەلەسیاسەتى گایانەدا، هاورەگەزیى
هەمیشەیى نیە، بەلکو بەرژەوەندیى هەمیشەیى هەیە. بەوجۆرە گازەردیش فت.
ئیتر کەبۆ جارى سێیەم گورگە بۆر خۆیکردەوە بەتەویلەکەدا، گا بۆز قەڵەمى
ئەژنۆى شکا و بەبێ هیچ بەرگرییەک ئەمیش بوو
بەقوربانى سیاسەتى گایانە.
jeerkamil@yahoo.com
|