سیاسییە بێ
ویژدانەکان
'' جەماڵ عەبدوڵڵا ''
وەک نمونە.

عەبدوڵڵا ئەحمەد گەرمکی
لەدیرۆکی مرۆڤایەتیدا خەڵکی بێویژدان هەن کە بەرامبەر میللەتەکەى بێ
ویژدانیان کردووە و ئەمڕۆش مێژووی رەشیان بۆ تۆمار کراو و بوونەتە
پەندى زەمانە، مەخابەن لەناو کوردیشدا خەڵکێکی بەناو سیاسی هەن کە بێ
ویژدانانە سیاسەت دەکەن و ئامادەن میللەت و نیشتیمان و ئەخلاق…هتد
بفرۆشێت لەپێناو مانەوەى لەپۆستەکەیدا یان پارەو پولدا، ئیدی
لەسەردەمێکداین لەپێناو سیاسەتێکی نەگریسدا، بێ گوێدانە پێوانەکان و
ئەخلاقی مرۆڤایەتی ئامادەن وڵاتخۆیان بفرۆشن؟، ئەم سیاسەتانەش لەمیانەى
ئەو سیاستە درەکیانەوە دێن کە ئەوڕۆکە دوژمنانی گەلەکەمان رووبەڕووی
پیلانگێریەکی داڕێژراو بۆتەوە کە لەسەرجەم پیلانەکانی سیڤەرو لۆزان و
جەزائیر و ...هتد مەزنترن لەئامادەکاری قۆمپلۆیەکدان و بێوچان
لەهەوڵداندان بۆ ئەو مەبەستەو سیاسیە کوردەکانی باشوریش (بێ دەبەرسانە)*
بۆ رازیکردنی دڵی دوژمن تەنها لەبەر بەرژەوەندی حزبییان ئامادەن هەر
شتێک بکەن، گەر تەنها ژیانی ئاسایی خۆیان بچێت بەڕێوە.
زۆر نییە کە بەدەسپێشخەری جەلال تالەبانی جارێکی تر خەرێکی
زیندووکردنەوەی پەیماننامەى (جەزائیر) بوون کە ئەو پەیماننامەیە
لەنێوان دەوڵەتی ئێراق و ئێران بەستبوو بۆ بنەڕکردنی تەڤگەری
ئازادیخوازى کوردی و هەروەها سڕینەوەى ناسنامەى کوردی هەنووکەش لەدوای
چەندین ساڵ لەمۆرکردنی ئەو پەیمانە، تالەبانی لەهەوڵداندایە بۆ
زیندووکردنەوەى ئەمەش یەکێکە لەو پیلانگێڕیانە کە بەسەر کورد بەڕێوە
دەچێت و لەکاتێکیشدا کورد بۆخۆی بەشدارە تێدا، بێگومان ئەمەش جارێکی
دیکە لەبێ ویژدانیەوە دێ ئەم جۆرە هەڵوێستە نێگەتیفانە جێگای
شەرمەزارییە و لەمیانەى ئەو سیاستە چەوتانەى کە سەرکردایەتی سیاسی کورد
دەینوێنن ئێستاش تەواوى باشووری گردۆتەوە و سەرجەم ئەو سیاسیانەى
کەبەشدارن لەحکومەت و پەرلەماندا فێری هەمان بێ ویژدانی بوونە و واتە
سیاسەتێکی بێ ویژدانانە دەکەن و سیاسەتیان کردۆتە ئامرازێک بۆ
هەڵخەڵەتاندی خەڵک لەکاتێکدا هەر حکومەت و حزبێک سیاسەت دەکات لەپێناو
ئەوەى ئەو زوڵم وزۆرییەى کە بەسەر گەلەکەیەوە پەێڕەو دەکرێت هەروەها
سیاسەت لەپێناو رزگاری گەلدا دەکرێت و بۆ هێنانە کایەی ژیانێکی سروشتی،
بەڵام سیاسییەکانی کوردی باشوور بەسیاسەتە هەڵەکانیان دەیانەوێ گەل
بخاپێنن و لەو ژیانە ئاژەڵیانەى کەسیستەم داویەتیە پێش خەڵک، بێدەنگ بن،
و ئەم بێ دەنگبوون و چاوسورکردنەوەى دەسەڵاتداران دێت گەل بەگرتن و
کوشتن و بڕین دەترسێنن لەبەرامبەر ئەوەدا دەیانەوێ گەلێک بۆیان ملکەچ
بێت و ئەم رەوشەش فەزایەک دروست دەکات کە سیاسیەک نوسەرێک
پەرلەمانتارێک ملکەچی دەسەڵات بکاتە و یان فێری فێڵە رەخنەیان بکات و
نمونە لەبەر ئەوەى دەسەڵاتەکەمان کوردیە با زۆر زەخت نەکەینە سەری
لەپێناو داکۆکیکردن لەیەکێک لەمافە سروشتیەکان لەکاتێکدا حکومەتی ئێستا
توانیویەتی خەڵکێک چێبکات وەک خۆی کە لەبەڕێوەبەری قوتابخانەیەکەوە
بگرە تا وەزیرو پەرلەمانتارێک فێری دزی بووە و سیاسەتێکی بێویژدانانە
لەبەرامبەر خەڵکە بەستەزمانەکان و مافخوراوەکان دەکەن، لەکاتێکدا ئەم
هەموو ناعەدالەتی کۆمەڵایەتییە هەیە و هانا بۆ کێ بەریت هەر خۆیانن و
گشت ئەو رێکخراوانەى کە بەناو مەدەنی و گەنجان و ژنان و نازانمچیەوە
سەربەخۆیانن تاقە هانامان دەبێت هەر بۆخۆمان بێت واتە بەردەوام
لەخۆپێشدان و ناڕەزایدابین، پێویستە لەپێناو داواکردنی مافێکدا
پێداگیریمان هەبێت و دەرەوەى ئەمەش پێویستە ئاگاداری سیاسەتی
دەسەڵاتدارانبین کە بەرەو چ ئاراستەیەک ئاراستەمان دەکەن ئایا جارێکی
تر دەمانفرۆشنەوە بەدوژمنان وەک ئێستاو رابردوو گەلیان فرۆشتە،
لەبەرامبەر مەسەلە حەساس و چارەنووسازەکاندا
دەبێت قسەمان هەبێت نەک تەنها چاوەڕێی ئەوەبین و بڵێن بزانین چەوا دەبێ،
لەبەرامبەر ئەوەشدا ئەوەى بێ دەنگ بێ ئەویش بێ ویژدانە.
بەدڵنیاییەوە کەسێکی دەسەڵاتخواز و وڵاتفرۆش نەک هەر بێ ویژدانە بگرە
بێ ئەخلاقیشە، ئەمەش راستییەکە و نکوڵی لێ ناکرێ گەر کەسێک لەتێزە
راستیەکان لایاندا ئەوا پێویستە نەفرەتی لێ بکرێت و لەکاتێکدا وەک
نەتەوەیەک لەسەر ئەوانە کۆکبین و یەگکرتووبین لەناو خۆماندا ئەوا
لەبەرامبەر دوژمندا بەهێز دەبین، بەڵام دیسان دەگەڕێمەوە دەڵێم ئەو
رەوشە کە لەباشووردا هەیە باوەڕ ناکەم لەهیچ جێگایەکی دونیادا هەبێت، و
دەسەڵاتداران موڵ و
ئیرادەى خەڵکیان کووشتوە و هەر بۆ بەرژەوەندی، ئەوەتا وتەبێژ بەناو
حکومەتی هەرێمەوە (جەماڵ عەبدوڵڵا) لەیەکێک لەقسەکانیدا کە دوورە
لەهەموو پێوانێکی ئەخلاقی و دژی کوردە و دەڵێت ئاسایە تورکیا قونسڵگەری
هەبێت لەهەولێری پایتەختی کوردستان هەروەکو چۆن باڵوێزى لەبەغدا هەیە و
دواتر هەر لەدرێژەى قسەکانیدا بۆکەناڵی کوردساتی یەکێتی دەلێت حکومەتی
تورکیا بەرژەوەندی بازرگانی لەهەرێمدا هەیە و وتی جەنابی
ئەردۆغان دانی بەمەسەلەى کوردا ناوە و هەندێ قسەی هیچ و پیچی تر،
بێگومان قسەکانی جەمال لەخزمەتی دوژمندایە، چونکە داوای کردنەوەى
قونسڵگەری تورکیا لەهەرێم ئەمە بەواتای رازیبوونی میتی و چاسوس
ئیستخباراتی نەگریسی تورکیایە لەناو ماڵی خۆتدا، ئەمەش یەکێکە
لەخیانەتەکان لەبەرامبەر گەل. هەروەها دەمێکى درێژە نییە ئێران
قونسڵگەری کوردۆتەوە لەهەولێر کە ئێستا ئیتیلاعات بەئارەزووى خۆی
تەراتێن دەکات لەکوردستان لەلایەکی ترەوە هەر جەمال دەڵێت تورکیا
بەرژەوەندی هەیە لەهەرێم، بێگومان بەرژەوەندی تورکیا دیارە هەم بۆکاری
سیخوڕی ئەنجام دەدات و هەمیش بازرگانی خۆی دەکات، لەلایەکی تریشەوە
وتەبێژ جەمال چەندین جار جەنابی ئەردۆغانی دووبارە دەکردەوە وەکو ئەوەى
بڵێت کەسێکی دۆست و نزیکی کوردە، ئەمەش خۆ بهبچووک
زانینە بەرامبەر دوژمن، ئەم قسانەش حەتمەن دەبێت لەم مەسەلانە هەستیار
بین و لەکاتێکدا ئێمە وەکو کورد دەبێ پشتگیری کوردانی باکورد بکەین و
بۆ بەدەستهێنانی مافەکان، لەباکوردیشدا ئەمڕۆ (DTP) سەرکێشی کورد دەکات
نەک (AKP) و ئەوەش کە بەدەست هاتووە هەر بەخەبات و تێکۆشانی (PKK) و (DTP)وە
بووە، ئەردۆغانی دوژمنی کورد و کوردستان کە ئیعتیراف بەحکومەتەکهى
جەمال ناکات لەباشوور ئەی چۆن دان بەکوردو کێشەى کوردا دەنێت یان هەوڵ
دەدات بۆچارەسەری لەباشوور، له لایەکەوە
ئەمانە دەبینرێن بەڵام جەمال دەیەوێت وەکو سکرتێری حزبەکەى بکات کاتێک
لەکاتی هەڵبژاردنەکەى تورکیادا داوای لەکوردانی باکوور کرد کە دەنگ
بە(AKP) بدەن، کە ئەمەش بۆخۆی پیلانگێرییەک بوو لەسەر کورد لەکاتێکدا
دەبوو داوای بکردبا دەنگ بە(DTP) بدرێت، چونکە ئەوان نوێنەرایەتی کوردی
باکوور دەکەن نەک ئاکەپەی دوژمن، بۆیە لەبەرامبەر هەڵوێستی نێگەتیڤى وا
پێویستە پاشگەزببنەوە و داوای لێبوردن لەگەل و نیشتمان بکەن دەنا مێژوو
رەحم بەکەس ناکات و نەفرەتان لێ دەکات گەر دەست لەسیاسەتی بێ
ویژدانەتان هەڵنەگرن.
*
(بێ دەربەسانە):
واتە ( بێ گوێدانە)
, ئەم وشەیە یەکێکە لە وشە کوردییە پەتییە
باوەکانی گەرمیان .
|