په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

سۆرانی مامەحەمە بۆ تیرۆرکرا ؟


عه‌بدوڵا مەحمود


ئێواری 21 تەمووز سۆرانی مامە حەمە بەرپرسی نوسینگەی گۆڤاری لڤین لە بەردەم ماڵەکەی خۆیان لە گەڕەکی ڕەشید ئاوای شاری کەرکوکی قودس و دڵی کوردستاندا بە دەستی چەند چەکدارێک تیرۆرکرا.


تیرۆری سۆران حەمە وەکو هەموو تیرۆرەکانی 18 ساڵی ڕابردوو ڕاچەڵەکاندن و تەکانێکی دا بە ڕیزێکی بەرین لە نووسەران و کەسایەتیە سیاسی و حزب و لایەنە سیاسی و ئینسانی و ڕێکخراوەکانی بەرگریکەر لە ڕۆژنامەنوسان...تاد، کە ئەمە حاڵەتێکی باشە و پێویستە بەهێز بکرێت و بەنەخشەوە ئاراستە بکرێت.


بەڵام بۆئەوەی لەوە تێبگەین کە بۆچی ئەم چەند ساڵەی دوایی هێرش بۆسەر نووسەران و گۆڤارو ڕۆژنامەکان زیادی کردووە، و بۆچی عبدالستار تاهیر شەریف و پاشان سۆران مامە حەمە بەڕۆژی ڕوناک تیرۆردەکرێن و ئێستاش هەڕەشە لە نووسەران نیهاد جامی و سۆران عومەر، کۆسرەت عبدالرەحمان... وتاد دەکرێت، دەبێ هەڵوێستەیەک لەسەر کاری ڕۆژنامەگەری ئەم دواییانەی کوردستان بکرێت.


ئەوەی کە ئێستا فاکتەرێکی نوێیە لە وەزعی سیاسی کوردستاندا، نەخشی میدیایە بەشێوەیەکی گشتی و لەو نێوەشدا نەخشی ڕۆژنامەگەری و کاریگەریەکانیەتی لەسەر ڕووداو دیاردەکانی کۆمەڵگا. ئەمە ئیتر ئاڵوگۆڕێکی نوێیە، کە بەدیاریکراوی بەدوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسەوە کاراتر دەبێت و گەشەدەکات. لەم دوو سێ ساڵەی دوایشدا بەوێنەی بزوتنەوەیەکی دیارو بەرجەستە دەرئەکەوێت.


دیارە مەبەستی من لەم بزوتنەوەی ڕۆژنامەگەریە ئەو ڕۆژنامەو هەفتەنامەوگۆڤار و ڕۆژنامەنووس و نووسەرانەن کە لەدەرەوەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدان و دەستەمۆی نەکراوان و بەشێک نین لە دەسەڵاتێکی تاسەر مۆخ دژی ئازادی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی.


ئەمە کە دەیان ڕۆژنامەو گۆڤارو سەدان نووسەرو ڕۆژنامەنوس، لەدەرەوەی دەسەڵاتی ئەم حزبانە هەن و لەوەش واوەتر بە بەدژ و بە ئاراستەی پێچەوانەی دەسەڵات و ڕۆژنامەگەری حزبی سەرۆک!!دا، ڕێدەبڕن. لەمەیدانەکەدا ئەسپی پێشڕەوی ئازایخوازی تاوئەدەن، ڕووداوگەلێکی نوێیە. ئەگەر بەشێکی ئاکامی ڕەوینەوەی وەهم و خۆشباوەریی بە بزوتنەوە کوردایەتییە، یان ئاکامی کراوەیی دنیای ئەم سەردەمەو تێکەڵابوون و کارگەریەتی لەسەر یەکتر، ئەوا بەشێکی تری پەیوەندە بەو دۆخەوە کە خەڵکی کوردستان لە نائەکتیفیەوە بەرەو ئەکتیف بوون ڕۆشتووە، ئاخر ئێستا ڕۆژ و هەفتە و نییە، بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی وەکو لاوان و خوێندکاران، کرێکاران و کارمەندان، وە توێژەکانی تری خەڵک بەدژی بێمافی و بێخزمەتگوزاری، بەدژی گەندەڵی و تاڵانی و دزی بەردەوام، وە لە پێناو خواستەکانیاندا کۆنەبنەوە، ماننەگرن و خۆپیشاندان نەکەن، ئەمەش بەمەبەستی گۆران لەوەزعی خۆیان بەدەستی خۆیان دەکەن. ئەمە فاکتەرێکی تری نوێی کۆمەڵگای کوردستانە کە بەدوای کەوتنی بەعسەوە دەستی پێکردووە ڕۆژبەڕۆژ خاراوترو کاراتر دەبێت. بێگومان ڕۆژنامەنووسان و نوسەرانێک لە خۆیان بەبەشێک لەو بزوتنەوەانە ئەزانن بەشێکی واقعین لەم بزوتنەوانە.


شەڕی ئەم بزوتنەوەیە، لە دۆخێکی ئاوادا بەناچار بەشەڕ لەدژی ئازادی و بەتەسککردنەوەو دەستەمۆکردنی ئەم دۆخە دەست پێدەکات.


شەڕو وەستانەوەی دەسەڵات لە کوردستان لەیەکەمین ڕۆژەکانی خرۆشانی جەماوەری خەڵکی کوردستانەوە بەدژی بەعس لە ساڵی 1991 دەست پێدەکات. هەموو لە بیرمانە یەکەمین کارێک کە یەکێتی و پارتی لە کوردستان لەگەڵ گەڕانەوەیان بۆ شار دەستان بۆ برد، هەڕەشە لە شوراکان و بزوتنەوەی شورایی و ڕابەران و هەڵسوڕاوانی شوراکان بوو چ لە کارگەکان و چ لە گەڕەکەکان، پاشان وەڕخستنی کوشتاری ژنان بوو لە ژێر ناوی ئەوەی کە گوایە ئەمانە پەیوەندیان بەبەعسەوە بووە. پاشان هێرش بۆسەر دەستفرۆشان، بۆسەر خەڵکی بێخانەو لانەکان بوو. تا ئەو کاتەش ڕژێمی بەعس لەدەسەڵاتدا بوو هەموو بزوتنەوەو دەنگێکی ناڕەزایەتیان بە تابوری پێنجەم و کرێگرتەو ئاژاوەگێرو .... ناودەبرد و لە ژێرناوی هەڕەشە لەسەر کوردستان، دەستیان لە سەرکوتی خواست و داواکانی خەڵک و کپکردنەوەی دەنگە ناڕازیەکانی کۆمەڵگا نەپاراستووە، بەتایبەت بەرامبەر بەو لایەن و کەس و ڕۆژنامەنووس و نووسەرو ئازادیخواز و چەپ و کۆمۆنیستانەی ڕەخنەی قوڵ و تیژو بناغەیی و جدیان لەدەسەڵات بووە.


بەدوای کەوتنی بەعس لەدەسەڵاتدا، نەمانی دێوەزمەی ئەو ڕژیمە لەودیوو سنورەکان، بیانوی دەسەڵاتی کوردی بڕی، نەمانی کاریگەریەکانی ئابلۆقەی ئابوری لەسەر خەڵکی کوردستان و بوژانەوەیەکی نیسبی لەوەزعی ژیانی خەڵکیدا پێکهێنا. خەڵکی لە حاڵەتێکی پاسیفەوە کردە فاکتەرێکی ئەکتیف، و ئاست و چاوەراونیەکانی خەڵکیش بەرەوسەر چوون، ئەمەش بەدوای خۆیدا ڕێچکەی کاری ڕۆژنامەگەری گۆڕی، و سەرهەڵدانی چەندین بڵاوکراوەی هەمەڕەنگ و هەمەچەشنی ئەدەبی و ڕۆشنبیری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و گشتی و تەنانەت ئەکادیمی و ... بەرهەمی ئەم واقعیەتە سیاسی و کۆمەڵایەتی یەی کۆمەڵگای کوردستان بوو.


ئێستا ئیتر کە قڵشتی نێوان دەسەڵات و خەڵک تونێلێکی گەورەیە، شەڕی دەسەڵات بۆ دەستەمۆکردنەوەی خەڵک و پاشەکشە پێکردن بە خواست و داواکاریەکانیان، بێگومان بەرلەهەموو شت بە کوشتنی ئازادیەکان دەستپێدەکات، بەکوشتنی ئازادی سیاسی ئازادی ڕێکخراو بوون و کۆبونەوەو خۆپیشاندان، ئازادی رۆژنامەگەری و بەیان و بڵاوکردنەوە و چاپەمەنی...تاد.


بۆیە دووساڵی ڕابردوو دووساڵی شەڕی وەستانەوەی بەنەخشەی دەسەڵات بووە لە دژی خەڵک و بزوتنەوەی جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتیەکانی وەکو لاوان و خوێندکاران و کرێکاران و کارمەندان و .... لەهەموو زەمینەکاندا.


یاسای ئەحزاب، یاسای خۆپیشاندان و کۆبونەوە، یاسای چاپەمەنی، یاسای باری کەسێتی، ... هەموویان هەوڵی ئەحزابی حاکمن بۆ بەرگرتن بە خەڵک و ناڕەزایەتیەکانیان، دیارە ئەمە لە پاڵ گرتن و زیندانی کردن و هەڕەشەی نانبڕین و وەستانەوەی گەرم و بەچەکی گەرم لەدژی خۆپیشاندان و دەنگی" نا" یەکاندا.


تیرۆی عبدالستار تاهیر شەریف ، سۆران حەمە، هەڕەشەی ئێستا لە سۆران عومەرو نیهاد جامی، کۆسرەت.... لە درێژەی کوشتنی ئازادی دایە، لەدرێژەی کپکردنەوەی دەنگە ناڕازییەکان و بڵندگۆکانی دەنگە ئازاد و پێشکەوتنخوازەکاندایە، لەدرێژەی کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک دایە، لەدرێژەی کارنامەی 18 ساڵەی دەسەڵاتی حزب و میلیشاییدایە، لەدرێژەی پاراستنی گەندەڵی و تاڵانی و خزمەت بە کۆنەپەرستی و پاراستنی کەلتوری دواکەوتوانەی ئیسلامی قەدەغەکردنی کتێب و ڕۆژنامەو گۆڤارە دەستەمۆنەکراوەکان و میدیا سەربەخۆکاندایە.


سۆران ئەکوژن تا تارمایی مەگ نیشانی ئازادی و ئازادیخوازی بدەن، عبدالستار ئەکوژن تا بڵێن دەستبردن بۆ بفەکان مەرگی بەدواوەیە، هەڕەشە لە نووسەرانی تر ئەکەن تا پێمان بڵێن ئێمە سڵناکەینەوە، و حەقین لە کوشتاری پێشوومان. ئەمانە وەڵامیان دەوێت، وەڵامی عاتفی نا، وەڵامی ئەخلاقیگەری و ڕاگوزەرنا، وەڵامێک نا کە هەڵوێستگیری و ئیدانەکردنەو بەس، بەڵکو وەڵامی بەکردەوەی دەوێت، وەڵامی بەنەخشەی دەوێت، یەکڕیزی و یەکگرتووی دەوێت، بەرچاوڕۆشنی دەوێت.


لە ئێستا کاری ڕێکخراو بەنەخشە بریتی یە لە وەڕێخستنی بزوتنەوەیەکەی گەورەی کۆمەڵایەتی کە لە ڕێگای کاری جەماوەری و یاسایی و ئازادیخوازیەوە.


درێژەدان بە گوشارهێنان بۆ دەسەڵات تا ئەوکاتەی دەسەڵات تاوانبارانی کوشتاری عبدالستار تاهیر شەریف و سۆران حەمە ئەدۆزێتەوە ئاشکرایان ئەکات و ئەیانداتە دادگا، پاشان هەڵدانەوەی مەلەفی هەموو هەڕەشەو تیرۆرەکانی نووسەران و ئازادیخوازان و کەسایەتی و ژنان و ئەوانەی کە چەکیان لەدژی خوپیشاندانەکانی خەڵک ڕاکێشاوە، کێشانیان بەدادگا. ئەمە ئەو ڕێگایەیە کە دەتوانێت ڕێگە بگریت لەوەی کە کەس بە ئاسانی بتوانێت تیرۆربکات و هەڕەشە بکات. ئەمە هاوکات پێویستی بەنەخشی دادوەرانە، پێویستی بەکاری پڕ حەوسەلە عەمەلییە، پێویستی بەوەڕخستنی خۆپیشاندان و مانگرتنە، پێویستی بە درێژەدانە بە هەڵدانەوەی فایلی تاڵانچیەکان، ژنکوژەکان، تاوانبارانی کرێگرتە بەعسیەکان، ئیسلامیە کتێب سوتێن و دژی ئازادی و فتواچیەکانە. وە پێویستی بە یەکریزی بەرەی ئازادیخوازانە، کە خوازیاری ئازادین بە مانای ووشەکە، یانی ئازادی بێقەیدوشەرتی سیاسی، ئازادی کۆبونەوەو خۆپیشاندان و مانگرتن، ئازادی چاپەمەنی و بەیان و بیروڕا دەربرین و بڵاوکردنەوە، ئازادی بێدینی و دینداری، ئازادی بەهرەمەند بوون لە دەستڕاگەیشتن بە زانیاریەکان،.........

 

abdulla.mahmud@gmail.com