په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١٠\٢٠١٤

تا کەی بێدەنگیی بەرامبەر بە تورکیای تیرۆریست؟


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب     

 

لە مانگی سیپتەمبیر {ئەیلول} ی ئەمساڵدا دوو کۆنگرە لە شاری جەددەی وڵاتی عەرەبستانی سعودی و شاری پاریس لە فەرەنسا بەسترا بە مەبەستی بەربەرەکانی چەتەو جانەوەرەکانی رێکخراوی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و لە ھەردوو کۆنگرەکەدا نوێنەری تورکیا ئامادەبوو ھەر لەوێ و لە سەر پێشنیاری ئەمریکا ھاوپەیمانییەک لە (٤٠) وڵات بەبێ تورکیا دروستبوو.


زۆربەی وڵاتان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوایان لە تورکیا کرد لە پرۆسەی رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی توندڕەوی داعشدا ھاوکاری بکات، بەڵام تورکیا ترسێکی گەورەی لە چوونە ناو شەری داعش ھەبوو، بەرپرسانی تورک مەترسی خۆیان لە رێکخراوی داعش نەشاردووەتەوەو، وتوویانە بە ھوێ ئەوەی گیانی (٤٩) دیبلۆماتکاری وڵاتەکەمان لە ژێر دەستی داعشدایە کە لە رووداوەکانی گرتنی موسڵدا وەک بارمتە ماونەتەوە، بۆیە لەوە ترساوین.


پاش بەرەڵاکردنی دیبلۆماتەکانی تورکیا جارێکی تر ئەمریکا داوای کرد تورکیا بەشداری بکات و بێتە ناو ئەو ھاوپەیمانییە کە دروستیکردووەو ئێستاکە زیاتر لە (٤٤) وڵاتە، بەڵام تورکیا بە بیانووی ئەوەی سنووری زیاتر لە (٩٠٠) کێلۆمەتر لە گەڵ سوریادا ھەیە ئەمجارەشیان دوورەپەرێزی ھەڵبژارد.


وڵاتان و ئەمریکا کۆڵیانەداو دیسانەوە داوایان کرد تورکیا ھەوڵبدات بەشداری لە گەڵ وڵاتە ھاوپەیمانییەکان بکات و، ئەمجارەشیان نەھات و ھەندێ مەرجی داناو، ئەگەر جێبەجێیان کرد ئەو کات بیرئەکاتەوە چۆن چۆنی ھاوکاری بکات.


تورکیا یەکێکە لەو وڵاتە ئەکتیڤانە شان بە شان ئەمریکاو وڵاتانی تر کاری کردووە لە دامەزراندنی داعش و زیندوکردنەوەی و، ئەمرۆ ئەم رێکخراوە چەپەڵ و بەدناوە لە ژێر دروشمی: لا الە الا اللە محمد رەسول االلھدەستیداوەتە کوشتنی خەڵکی بێتاوان و دزیکردن و نەوت ناردن بۆ تورکیا بە دزی و بە ئاشکرا.


لە مێژەوە خەڵک و وڵاتان ئەزانن تورکیا دەوڵەتێکی تیرۆرستییەو فاشست ئاسا رەفتار ئەکات و بە ئاشکراو بە نھێنی پشتگیری لە چەتە روورەشەکانی تاقمی خوێنرێژی داعش ئەکات و، چەک و تەقەمەنی و تانکیان ئەداتێ و، چەندان شوێنی تەرخان کردووە بۆ مەشق و راھێنانی ئەندامەکانی داعش و ئاسانکاری ئەکات لە ناردنیان بۆ بەرەکانی جەنگ لە سوریاو عێراق و، لە کاتی بریندا کردنیان سنووری تورکیا بەروویاندا واڵایەو، لە نەخۆشخانەکانی دەوڵەتی مرۆڤکوژی تورکیا بە گەرمی پێشوازییان لێئەکەن.


لە سەرەتای راپەرینی گەلانی سوریا دژ بە رژێمەکەی بەشار ئەلئەسەد تورکیا کەوتە ھەرەشەو گورەشە دژ بەو رژێمەو، کە زانی عەرەبستانی سعودی ‌و قەتر خەرجی راپەرینەکە ئەدەن بەرپرسانی تورکیا بۆ ئەوەی گیرفانیان پر بێت سنگیان دەرپەراندو چوونە پێشەوەو لە گەڵ ئەمریکا و بریتانیاو فەرەنسا پلان و نەخەشیان دانا بۆ لێدانی دامودەزگاکانی رژێمە خوێنرێژەکەی بەشارو حزبی بەعس و، پاشان دەستپێشخەر بوو بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی ئۆپۆزسیۆن کە بە (ئەنجومەنەکەی ئیستەنبول) ناوی ئەبرێت.


ئەنجومەنەکەی ئیستەنبول لە عەرەب و سریان و کلدان و کوردو نەتەوەی تر پێکھاتووەو، لە سەرەتادا کوردێکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان گوایە چەپ گەرایە، بەڵام لە راستیدا سەر بە پارتێکی کوردستانەو، بەبێ رەزامەندی کوردان خوێ خزاندە ناو ئەنجومەنەکەو بۆ ماوەیەک کردیان بە سەرۆک چونکە ئەجیندەی تورکیاو ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاوای جێبەجێ ئەکردو، پرۆژەی ئەنجومەنەکە لە سەر ھەمان سیاسەتی عەروبە و ئەسەدو بەعس دانرا بوو، لە نەخشەو پرۆگرامەکەیدا بجوکترین پێگە بۆ کورد دەستنیشان نەکرابوو، ھەرچەندە ناوی خۆیان نابوو (ھاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا).


تورکیای شۆڤەنیست و سەرکوتکەری کوردان تا ئێستا نەچووەتە ناو ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییەکەی وڵاتانی ئەمریکاو رۆژئاواو عەرەبەکان و، خوێ گێل کردووەو لە دوورەوە وەستاوەو، ھێزێکی گەورەی لە سەر سنووری کوبانی و رۆژئاوای کوردستان داناوەو، ئەو ھێزە پێکھاتووە لە تۆپ و تانک و کەرەسەی مودێرنی سەربازی.


تورکیای رەگەزپەرست ھەرچی فرت و فێڵ ھەیە بۆ ئەوەی دوور بێت لە وڵاتانی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی کردی و، ئێستا جگە لە سەر شۆری و شەرمەزاری ھیچی بۆ نەماوەتەوەو بیکات و، زۆر بە ئاشکراو بە روونی دەرکەوت سەرگەرمانە لایەنگیری تاقمی درندەو سەرلێشێواوی خەلافەتی خەڵەفاوی ئیسلامەکەی داعشە.


رژێمی تورکیای فاشست بە بەر چاوی دونیاوە پاڵپشتی راستەوخۆی دەوڵەتی ئیسلامی دوواکەوتوو(داعش) ئەکات‌و چەکی سووک و قورس لە تۆپ و تانکی ئەداتی بۆ ئەوەی لە چەندین لاوە ھێرش و پەلاماری بەرفراوان بۆ سەر شاری خۆراگری {کۆبانی} ی رۆژئاوای کوردستان کە لە ھەموو لایەکەو ئابڵوقە دراوە بکات و، ئەم کارە قیزەوەنەی چەتەکانی داعش بووەتە مایەی ئاوارەبوونی ھەزاران کەسی سڤیلی بێتاوان و، باری شارەکە زۆر ئاڵۆزەو ئەگەر ئەو تاقمە خوێنرێژە سەربکەوێت ئەوا شەنگاڵی نوێ دروست ئەبێتەوەو سیاسەتی قەلاچۆکردن و پاکتاوکردنی رەگەزی لە دژی رۆڵەکانی گەل پەیرەو ئەکەن.


رژێمی تورکیای کۆنەپەرست بۆ خۆپاراستن و بەرگریکردن پەنا ئەباتە بەر درۆو، ئەوە رەتدەکاتەوە کە ھاوکاری داعشی کردبێت و ئێستاش ھاوکاری بکات و، لە بەرامبەر ئەو تومەتانەو بۆ چەواشەکردنی خەڵک و وڵاتان ئەگەرێتەوە بۆ دوواوەو، ئەڵێ کاتی خۆی ئەمریکا و وڵاتانی تر لە رێگەی تورکیاوە ھاوکاری ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایان کردووە، لەوانەش چەک دراوەتە جەبھەتولنوسرە ، کە دواتر ئەمریکا خستییە لیستی تیرۆرەوەو ، داعش وەک بەشێکی جیابووەوە لە جەبھەتولنوسرەو، ھەروەھا رژێمی تورکیا ئەڵێ ئێمە رووبەڕووی داعش ئەبینەوەو ھاوکاری ناکەین.


لە بەرامبەر درۆو پاکانەی رژێمی تورکیا جۆن بایدن جێگری سەروکی ئەمریکا ئاشکرای کرد تیرۆریستانی ناو سوریا بە ئەندامانی داعش و جەبھەی ئەلنوسرەشەوە، لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە ھاوکاریی کراون کە بە ھاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئەژمار ئەکرێن و، ھەروەھا وتی: کێشەی گەورەی ئێمە ھاوپەیمانەکانمانن لە ناوچەکەدا، تورکەکان کە ھاوڕێی باشن و ھەروەھا سعودییەکان و ئیماراتییەکان و دەوڵەتانی دیکەش بەڵام چییان کرد؟، ئەوانسەدان ملیۆن دۆلار و سەدان تەن چەک و تەقەمەنییان بەو دوو گروپە تیرۆریستییەدا.


ھەر لە میانەی یارمەتیدانی چەتەکانی داعش جۆن کیری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە ئاشکرا تورکیای تۆمەتبار کرد بەوەی ھاوکاریی داعش و گروپە توندرەوو تەکفیرییەکانی کردوەو، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئەڵێ تورکیا بەرامبەر ئازادکردنی دیپلۆماتەکانی گوایە بە بارمتە گیرابوون لە لایەن داعشەوە ‌چەندین توندرەو جیھادی ئەو گروپەی بەرەڵا کردووەو رێگەی پێداون بگەرێنەوە ناو داعش و، ئەوەش بە بێ شک گومانێکی تر ئەخاتە پاڵ تورکیاوە.


کلاودیا رۆس ، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەڵمانیا کە بۆ بینینی پەنابەرانی کوردی شنگال و کۆبانێ چووبووە تورکیا و باکووری کوردستان ، بە تووندی رەخنەی لە حکومەتی تورکیا گرت و، بە پشتیوانیکردن لە داعش تۆمەتباری کردو، وتی ئەم وڵاتە سیاسەتێکی ناشیرین بەڕێوە ئەبات و، بە ئاشکەرا پشتیوانی داعش ئەکات و رۆژی ئەوە ھاتووە ناتۆ بە تورکیا بڵێت : ئیدی بەسەو، پێشتر کاتیا کیپینک سەرۆکی پارتی چەپی ئەڵمانیا تورکیای تومەتبار کرد بەوەی کە لە مێژەوە یارمەتی داعش ئەدات لە پێناو کپ کردنی دەنگی کوردان.


ئەمریکاو و بریتانیاو وڵاتانی ترو، پارت و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی رژێمی تورکیای فاشستی بە یارمەتیدانی رێکخراوی چەتەکانی داعش تاوانبار ئەکەن لە رووی چەک و تەقەمەنی و تفاقی شەرو تۆپ و تانک و ھەموو کەرەستەیەکی لۆجیستی و ئەوانەی دێنە تورکیا لە پاش مەشق و راھێنان و ئامادەکردنیان رەوانەی عێراق و سوریا ئەکرێن و، ھەر بەو جۆرە بریندارەکانی داعش لە خەسەخانەکانی تورکیا تیمار ئەکرین و، بۆ نموونە نزیکەی ١٨٠ چەکداری داعش کە لە ھێرشە ئاسمانییەکانی داعشدا برینداربوون، لە نەخۆشخانەکانی تورکیا چارەسەر کراون.

سەرۆک کۆماری تیرۆریستی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگانی روورەش لەم دووایەدا چەندین کەرەت وتوویەتی جیاوازی لە نێوان پە کە کەو داعش نییەو، لەم رۆژانەشدا جارێکی دیکە وراوەکانی دووبارەکردەوە کە جیاوازی لە نێوان داعش و پەکەکە ناکات و، نێوبراو وتی ئەمەوێت جارێکی دیکە ئەوە بڵێمەوە، کە تورکیا چۆن دژایەتی رێکخراوی تیرۆرستی داعش دەکات، بە ھەمانشێوە لە دژی رێکخراوی تیرۆرستی پەکەکەیە.


سەبارەت بە بەرخودانی {کۆبانی} وەک ھەموو ناحەزان و کەسانی نامەردو دوژمنانی کوردو کوردستان رەجەب تەیب ئەردۆگانی تیرۆریست وتی کۆبانی نزیکە لە کەوتن و، ئەوکاتەی بکەوێت بیر ئەکەینەوە چۆن بچینە پێشەوە.


ئەمرۆ {٢٥} رۆژە خەڵکی بە شەرەفی کۆبانی وتێکۆشەران و شەرڤانانی پە پە دەو ھێزەکانی پاراستنی گەل لە بەرخودان و داستانێکی بێ وێنەدا رووبەرووی درندەترین شاڵاوی تیرۆریستانی دەوڵەتی خەڵەفاوی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) ئەبنەوەو، نیازی ئەو ھێزو دەوڵەتانەش کە چەتەکانی داعشیان بۆ خواست و مەرامی خۆیان بەکار ئەھێناو ئەھێنن پوچەڵ ئەکەنەوە.


دیارە خەونی رەجەب تەیب ئەردۆگان و دوستە زەلیلەکانی و ھەموو تیرۆریستان لە بەرامبەر قارەمانێتی شەرڤانان و خۆراگری {کۆبانی} نایتەدی و، سەرکەوتنی {کۆبانی} تەرازووی سەنگەکان ئەگۆرێت و سەری دوژمنان نەوێ ئەکات و، ئەبێتە مایەی خۆشی وکامەرانی سەرجەم بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان لە کوردستانی گەورەداو، پێویستە ھەموومان بەیەک دەنگ لە سەنگەری پشتیوانی لە خۆراگری {کۆبانی} بین و ، ئەبێ کوردان لە ھەر شوێنێکی جیھان بن بۆ پاراستنی کوبانێ ھەر شتێکیان پێئەکرێت با ھەر ئێستا ھەنگاوبنێن.


روون و ئاشکرایە تورکیای فاشیست یارمەتیدەرو پشتیوانی چەتەکانی داعشەو ھەموو دونیا ئەزانێت، بۆیە ئەبێ ھەر ھەموو ئێمەی کوردو دۆستەکانمان و ئەوانەی پشتگیری لە مافی مرۆڤ ئەکەن داوا بکەین تورکیا وەک وڵاتێکی تیرۆریست بناسن و لە رووی سیاسیشەوە ترۆی بکەن.


١٠\١٠\٢٠١٤
ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک