په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

تاوان و سزا،

شاری کەرکوک وەکو نموونە؟!


ستار محەمەد قادر

 
لە بەراییدا حەز دەکەم ئاماژە بەوە بکەم مەبەستم لە نووسینی ئەم وتارە و هەڵبژاردنی مانشێتەکە، هیچ پەیوەندییەکی بە رۆمانە نێودارەکەی نوسەری بە نێوبانگی رووسی (فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی)یەوە نییە، بەڵکو دەمەوێت تیشک بخەمە سەر دیاردەیەک کە راستەو خۆ پەیوەندی بە کەسی تاوانکار و سزاوە هەیە لە شاری کەرکوکدا.


شتێکی ئاشکرایە بە هۆی بارو دۆخی سیاسیی و ململانێی حیزبییەوە، شاری کەرکوک و هاوشارییەکانی باجێکی زۆر قوورس و گەورە کەوتووەتە سەر شانیان، من نامەوێت لێرەدا بچمە نێو وردەکارییەکانەوە، تەنها دەمەوێت قسە لە سەر دیاردەیەک بکەم کە تا ئەم ساتە وەختە باوەڕ ناکەم کەس تیشکی خستووبێتە سەری و هێنابێتیە زوبان، لە کاتێکدا کاریگەری سەلبی و پەیوەندی راستەوخۆی بە باری ئەمنی و ئارامی کۆمەڵانی خەڵکی ئەم شارەوە هەیە.


وەکو من ئاگام لێ بێت تا ئێستا چەند جارێک لە زاری بەرپرسانی پۆلیسی ئەم شارەوە گوێبیستی ئەوە بووینە کە ئەوان تاوانباران دەگرن، لێ دادوەر ئازادییان دەکات؟! ئەمەش ئەوەمان بۆ پشت راست دەکاتەوە یان هەڵەیەکی تەکنیکی گەورە لە نێوان تەنسیقی دادگاو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسدا هەیە، یانیش هەڵەکە تەنها یەخەی میکانیزمی کارکردنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس خۆی دەگرێتەوە، چونکە دادگا و دادوەر لەو نێوەندەدا تەنها رۆڵی تەرازوو دەبینن و ئەو لێکۆڵینەوانە دەخوێننەوە کە لە لایەن ئەفسەری لێکۆڵەرەوە بۆیان بەرز دەکرێتەوە، هەر چەندە ئەگەر بمانەوێت بە راشکاوی باس لەوە بکەین کە لە کەرکوکدا ململانێی حیزبی سەرچاوەی زۆرێک لە کێشەکانن و سەرجەم فەرمانگەکان بە دەستی ئەو نەخۆشییەوە تووشی نیوە ئیفلیجییەک بوونەو هێندەی لە هەوڵی رکابەری یەکتریدان نیو هێندە گرنگی بە ئەرکە وەزیفەییەکانیان نادەن، وا بزانم سلکی پۆلیسیش بە دەر نییە لەو ململانێیە!!
من نامەوێت بچمە نێو وردەکارییەکانەوە، بەڵام ئەگەر هەر دەزگایەکی راگەیاندن یان حکومی بیەوێت بە دووا دا چوون بۆ ئەو شتانەی سەرەوە بکات، وابزانم بە ئاسانترین شێوە دەتوانن نیشانی خۆیان بپێکن و گەورەترین سەروەری بۆ خۆیان لە دیرۆکی دڵ و قوودسەکەی کوردستاندا تۆمار بکەن، بەڵام وابزانم تا ئەم ساتە وەختە هیچ وەشاندنێک لە ناوەوە ناوێرێت ئیش لە سەر بابەتی لەم شێوەیە بکات !


من پێم باشە دەزگای ئاسایشی هەردوو لا لە سەر ئەوە رێک بکەون کە هەر یەکەیان بە موشتەرەک نوێنەرێکی خاوەن زوبان و ئەزموون و بە تووانای خۆیان لە کاتی لێکۆڵینەوەی هەر تاوانبارێکدا ئاراستەی بنکەکانی پۆلیس بکەن و سەرەوەی خۆیان لە سەر جۆری تاوان و دان پێدانانی تاوانبارەکەدا ئاگادار بکەنەوە، بەڵام بە ویژدانەوە، نەک سەر بەم لا بێت، ئەگەر ئەهریمەن بێت بە دیدی فریشتەوە لێی بڕوانرێ یان بە پێچەوانەوە!! هەر چەندە وتنی شتی راست لەم رۆژەدا دەتخاتە بەردەم واقیعێکی تاڵ و دژوار، بەڵام با ئەم گوێزەیش بشکێنم و ئەو راستییەیش دەزانم کە زۆربەی ئەفسەرەکان لە رووی داڕشتنی مەحزەرەوە بە زوبانی عەرەبی دایک لەو پەڕی هەژاریدان، هەر چەندە ئەگەر لە رووی زوبانی زگماکیشەوە لاواز بن ئەوەیان هیچ خەوشێکی تێدا نییە چونکە ئێمە لە وڵاتێکدا ژیانمان دەگووزەراند کە مرۆڤ هیچ ئەرزشێکی نەبووە نەک خوێندن و سەروەری یاسا و رێنووسی کوردی؟! ئەوەیش دەزانم کە ئەفسەرو پلە دارانی دیی ناتوانن لە فەرمایشتەکانی ئەوانەی خۆمان دەربچن، بۆیە تکام وایە پێش ئەوەی بمانەوێت خۆڵ بکەینە چاوی خەڵکی، با سەرنج لەو تۆزە بدەین دەیکەینە چاوی خۆمان!!!!
 

 

star_qadr@yahoo.com