په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 تەهمینە میلانى.. سینەمایەک بۆ داکۆکیکردن لە ژنان.


ئا: کـاردۆ


’’ویستم بەربەستى بێدەنگى بەڕووى بارودۆخى نەوەیەکدا تێکبشکێنم کە تەواوى رۆژانى شۆرش ژیاوە ، نەوەیەکى بێ ئۆمێد چونکە زۆرێک لە ئاواتەکانى لەسایەى شۆڕشدا نەهاتونەتە دى ،‏ من لە فیلمەکەدا بەسەرهاتى هاوتەمەنکانى خۆم وێَنا کردووە ‏،‏کاتێک شۆڕش هەڵگیرسا تەمەنمان هەشدە ساڵ بوو ئێستایش پاش تێپەڕبوونى زیاتر لە بیست ساڵ بەسەر ئەو رووداوانەدا، خەونە گەورەکانمان نەهاتونەتەدى ،‏ هەندێک لە هاوتەمەنەکانیشم یا لە سێدارە دران یا شەهید و کەم ئەندام بوون، و لە گۆشەیەکى ئێران دا بیرچوونەتەوە،‏بۆیە بە پێویستمزانى هەڵوەستەبکەم وبابەتیانە ئاوڕ لە رابردوو بدەمەوە ’’ ‏، ئەمە وەڵامى فیلمسازى ئێرانى تەهمینە میلان بوو کاتێک موحافزکارانى وڵاتەکەى لە سالى 2001 دا بەرابەر بە فیلمى نیوەى نادیار(نیمە پنهان) تەنگیان پێ هەڵچنى و دەرئەنجام ماوەى دوو هەفتە زیندانى کرا.


دەرهێنەرى سینەمایى تەهمینە میلانى یەکێکە لەو ئافرەتە فیلمسازانەى کە لە نێوەندى خوێندنەوە و توێژینەوە سینەماییەکاندا ئامادەگییەکى بەرچاوى هەیە ، بەو پێیەى بوێرانە و شێلگیرانە کارى لەسەر کێشە و گرفتەکانى ژن کردووە ، هەروەها لەبوارى داکۆکیکردن لە مافەکانى ژناندا پێگەیەکى بەرچاوى هەیە ، لەو رووەوە رەخنەگران پییانوایە فیلمە بەناوبانگەکەى میلانى (نیوەى نادیار) هەڵقوڵاوى تێڕوانینى ئافرەتێکى خاوەن توانایەکى مەزنە لە رووى ئیشکردن لەسەر بابەتى سیاسى .


میلانى کە خاوەنى بڕوانامەى ماستەرە لە هونەرى تەلارسازى لە زانکۆى تەهران ، سەرەتا لە چەند فیلمێکدا وەک یاریدەدەرى دەرهێنەر دەستى بە کارى هونەرى کرد ، و فیلمى منداڵانى تەڵاق (بچهاى گلاق)یش یەکەمین کارى بوو لە بوارى دەرهێنانى سینەماییدا ، پاشان چەندین فیلمى دیکەى بەرهەمهێنا وەک ئەفسانەى ناڵین ،کاکا دو ، دوو ژن ، نیوەى نادیار، ئیتر چ باسە؟ ، هەر لەو ماوەیەدا سیناریۆى بۆچەندین فیلمى تر نووسیوە.


نایەکسانى و ئامادەنەبوونى دادپەروەرى لەنێوان نێر و مێ دا بە تایبەتى لە کۆمەڵگەى ئێرانى، تەوەرى سەرەکى بابەتى فیلمەکانى تەهمینە میلانى یە، و دەشێت تەواى فیلمەکانى وەک یەکەیەک تەماشابکرێن بە جۆرێک ئەمیان تەواوکەرى ئەوى دى بێت ، لە میانەى یەکەم فیلمیدا باس لە نەهامەتییەکانى ئافرەتى ئێرانى دەکات لە رووبەرووبوونەوەى تێڕوانینى نیگەتیڤانەى کومەڵگە بۆ ژن ، لە فیلمى ئیتر چ باسە، جەختدەکاتە سەر پەیوەندیى نا یەکسانى نێوان ژن و پیاو ، و کێشە و گرفتەکانى نێوا نیان ، کە سەرجەمیان لە بەرژوەندیى پیاودا کۆتاییان پێدێت ئەویش دەگەرێنێتەوە بۆ بێاوسالارى و جیاوازى جەندەریى لە کۆمەلگەدا، لە فیلمەکەدا پەیوەندیى نێو خیزانەکان دەخاتە روو ، باس لە پەیوەندیى نێوان کچێکى سەرفراز و کراوە و باوکێکى ستەمکار دەکات کە هەمیشە بەگومانەوە دەڕوانێتە رەوشت و هەڵسوکەوتى کچەکەى لە دەرەوەى خیزانەکەیاندا ، دەرئەنجام دەبێتە مایەى درووستبوونى ململانێى نێوان ژن و پیاو لە گۆمەڵگەیەکى رۆژهەڵاتى دا کە زۆرجار باڵپشتى لە پیاو دەکات و (ژن) یش مایە پوچ دەردەکات.


ئەگەر لەو سێ فیلمەى پێشودا میلانى بێدەسەڵاتى ئافرەتى لە رووبەرووبوونەوەى زۆر و ستەمى پیاو دا بەرجەستەکردووە ، بەڵام لە فیلمەکانى تریدا کارى لەسەر قۆناغى رووبەڕووبونەوەى ئەو مەرجە ستەمکارییانە کردووە کە لە لایەن کۆمەلگەوە دەرهەق بە ژن دانراون ، ئەمەیش بە گۆڕانێکى گەورە لە سینەماى میلانى دا هەژماردەکرێت ، لە فیلمى "دوو ژن" دا کە خەڵاتى باشترین فیلمى حەڤدەهەمین ڤیستڤاڵى نێو دەوڵەتى فەجرى بەدەستهێناوە، فریشتە ئەو کچە یە کە رەخنە لە دادگاى ئێرانى دەگریتَ وەک دەسەڵاتێکى دەشوبهێنێت کە پشتگیرى لە پیاوان دەکات ، و هەمیشە هەوڵدەدات پێگەى ژن کەمبکاتەوە و بیکاتە بوونەوەرێکى بێدەنگ و دواکەوتەى پیاو ، و گوێڕایەڵى تەواوى مەرجە نا مرۆییەکانى ، فریشتە روئیاى هاوڕیى ئاگاداردەکاتەوە بۆئەوەى لەگەڵیدا بڕوات بۆ نەخۆشخانە بۆلاى مێردەکەى کە لەسەرەمەرگدایە، لە رێگاى چونیان بۆ نەخۆشخانە فریشتە بەسەرهاتى خۆى بۆ هاورێکەى دەگێڕێتەوە کە چۆن لەلایەن باوکییەوە ناچارکرا شو بە پیاوێکى خاوەن کلتورێکى داخراو و توندڕەو بکات. لە دیمەنێکى نێو دادگادا دادوەر بە فریشتە دەڵێت ’’بەڵام تا ئێستا میرَدەکەت پارەت دەداتى وایە؟’’ لەوەڵامدا فریشتە بە پەژارەیەکى زۆرەوە دەڵێت ’’ئەو وەک مرۆڤێک تەماشاى نەکردوم کەرامەتى پێشێلکردووم و کەسایەتى لەناوبردم جەنابتان باسى چ پارەو پولێکم بۆدەکەن !’’


لەو دیمەنانەدا میلانى تێڕوانینى خۆى سەبارەت بە داگاى ئێرانى ئاشکرادەکات کە بە پێچەوانەى ئەرکى راستەقینەى خۆى لە چارەسەرکردنى گرفتەکان، هۆکارێکە بۆ ئاڵۆزکردنى کێشەکانى ئافرەت.


هەر لەم فیلمەدا دەرهێنەر لە رێى پەیوەندیى نێوان روئیا و مێردەکەیەوە جۆرێکى تر لە پەیوەندیى ژن و پیاو دەخاتە روو کە ئەمیان پەیوەندییەکى جیاوازە لەوەى یەککەم و وێنایەکى پۆزتیڤ بە پیاو دەبەخشێت ، وەک هەوڵێک بۆ گۆڕینى ئەو تێگەیشتنانەى کە پێیانوایە پیاو لە بنەڕەتدا شەڕخواز و ستەمکارە، کارەکتەرى ئەحمەد کە دەکاتە مێردى روئیا ، خاوەن رۆشنبیرییەکى مۆدیرنە ، میلانى ، ئاماژە بە رۆڵى رۆشنبیریى و کۆمەڵگە دەکات لە ئایندەى تاکەکاندا،هەروەک جەختدەکاتەوە لەسەر گرگنگى ئاستى رۆشنیبیریى لە دیاریکردنى چارەنووسى زنان کە رۆلێکى ئەکتیڤى هەیە لە چارەسەرکردنى هەڵسوکەوتى ناجۆرى ئەو پیاوانەى دوچارى گرفتى مەترسیدارى سایکۆلۆچى بوونە.


لە فیلمى (فرەژنى) دا میلانى بەجۆرێکى تر گرفتەکان دەخاتە روو، باس لە پیاوێک دەکات ملکەچى حەزو ئارزوە شەهوانییەکانى خۆیەتى و هەمیشە بەدواى ئافرەتەوەیە، لەبەرامبەردا ژنێکى رۆشنبیرى هەیە و لەجێبەجێکردنى ئەرکى خێزانیدا کەمتەرخەم نییە ، بەڵام لە ئاست هەڵسوکەوتى مێردەکەیدا خۆشبەخت نییە و لە گوماندا دەژێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵى خۆ گونجاندن دەدات ، فیلمەکە باس لە دوو جۆر ئافرەت دەکات ، ئەوانەى کە خوێندکارى زانکۆکانن و سەرقاڵى ئیشوکارى خۆیانن لە نێو کۆمەلِگەدا،لە لایەک و ئەوانەیشى کە لەماڵەوە کەیبانون و ئاوێتەى گرفتەکانى ژیانن لە لایەکى ترەوە، فیلمەکە بایەخێکى زۆر بە پاکانە بۆ خۆکردنى کارەکتەرەکان دەدات ، لەو رووەوە سەبا پاساو بۆ پەیوەندییەکانى خۆى دەهینێتەوە کە لەگەڵ پیاوێکى ژنداردا هەیەتى، و خۆى بە قوربانیى نایەکسانى وەسفدەکات ، هەروەها دەرفەتێکى باش دەداتە کارەکتەرى رەحیم ، ئەو پیاوەى لە ژنەکەى بەگومانە و پێیوایە ناپاکى لێدەکات و دەرئەنجام دەیکوژێت، رەحیم پاش ئەوەى راستییەکانى بۆ ئاشکرادەبێت و دەگاتە حەقیقەتى بێگەردى ژنەکەى هۆکارەکانى کردەوە قێزەوەنەکەى باسدەکات و پەشیمانى دەردەبڕێت ،ئەحمەدى مێردى (سیما) یش ، بەهەمان شێوە ، دەرفەتى ئەوەى بۆ دەڕەخسێت گوزارشت لەو هۆکارانە بکات کە ناچاریانکردووە هاوسەرگیرى لەگەڵ سیما دا ئەنجامبدات ، باس لەوەدەکات کە هەمیشە ئارەزوى لە ژیانى زگورتێتى بووە و بەهۆى نەریتە کۆمەڵاییەتییەکانەوە لەو ژیانە بێبەش بووە . لەدیەمنیکدا دەڵێت "هەرکە چاومان بە ژیان هەڵهێنا، ناگەهان ژنێکى هاوبەشى ژیانمان و سوپایەک لە منداڵمان لێ زەقەوەبوون’’.


سەرەتاى فیلمەکە بە دیمەنى خوێندنگەیەکى کچان دەستپێدەکات ،مامۆستا سیما لەنێو ئابڵۆقەى پرسیارگەلێکى خوێندارەکانیدا یە سەبارەت بە چەمک و وا تاى بەختەوەریى ، سیما بەهۆى رۆشنبیرییە فراوانەکەیەوە چەند پێناسەیەک بۆ ماناى بەختەوەریى دەهێنێتەوە ، هاوکات بێبەشبوونى لە کەمترین بەختەوەریى بە هۆى پەیوەندییە نیگەتیڤەکەى لەگەڵ مێردەکەى دا هەرەسێکى گەورەیە و لەناخى خۆیدا حەشاریداوە، کاتێک کە خوێندکارەکان لە زەینى مامۆستاکەیاندا نمونەى ئافرەتێکى بەختەوەر وێنادەکەن و پرسیارێکى تایبەتى ئاراستەدەکەن کە پەیوەندیى بە ژیانى خێزانییەوە هەیە ئەو خەیاڵە لەگەڵ هەرەسى میچى پۆلەکەدا پەرتدەبێت ،کاتێک سیما لە ئوتێلکدا مێردەکەى لەگەڵ ئافرەتێکى تردا بەناوى سەبا وە دەبینێت گومانەکانى بەرەو ئاراستەى دلنیابوون دەچن، لەگەڵ ئەوەشدا دوودڵە لەوەى شوێنەکە جێبهێڵێت یان بمێنێتەوە، پیاوانى پۆلیس کە رەمزى یاسان ئامۆژگارى سیما دەکەن شوێنەکە جێبهێڵێت بەڵام گوێڕایەڵى ئامۆژگارییەکانیان نابێت ، ئایە بمێنێتەوە بۆ بەدەستهێنانى مافەکانى کە هەمیشە لێیان بێبەش بووە؟ خۆشەویستى سیما بۆ مێردەکەى وێڕاى ئەو ناپاکییە ئاشکرایە هێشتا کۆتایى پێنەهاتووە گەرچى لە سەرەتادا دەرى نابڕێت بەڵام کاتێک مێردەکەى دەست بەگریان دەکات و دەکەوێتە پاساو هێنانەوە بۆ تاوانەکەى ،سیما بە ’’خۆشەویستەکەم’’قسەى لەگەڵ دەکات و بە راستگۆیی هەوڵى لەگەڵدەدات تا یارمەتى بدات بۆ رزگاربوونى لەو گرفتە دەروونییە.


میلانى رووناکى دەخاتە سەر هاوکێشەیەکى کۆمەڵایەتى سەیر،کە پێیوایە ژنێک ناباکى کردبێت شایەنى ئەوەیە لەناو ببرێت ، کەچى ئەم سزایە پیاو ناگرێتەوە و وەک تاوانبارێک تەماشاناکریت،بەڵکو وەک سزادەرێکى ئافرەت مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت کە بە بۆچونى ئەوان شایەنى ئەو سزایەیە، دەرئەنجام پیاو لە پاى کوشتنى ئافرەتێک بە سوکى سزادەدرێت .


سیما پەشیمانییەکانى رەحیم بۆ مێردەکەى دەگێڕێتەوە ئەو پیاوەى کە ژنەکەى خۆى کوشت بەبێ ئەوەى هیچ ناپاکییەکى کردبێت ، بەم پێیە ئەحمەدى مێردى وەک تاونبارێک دەناسێنێت و لە هەمان کاتدا لە تاوانەکەى خۆشدەبێت لێیخۆشدەبێت ، لە پێناو بێدارکردنەوەى ویژدانى لە سڕبوونێکى درێخایەن. بەڵام ئەوەى کە شکست بە سیما دەهێنێت و لە لێوارى هەرسهێنانى نزیک دەکاتەوە ،شوناسەکەیەتى کە لە داڕووخانەوە نزیکە ،شوناسى ئەو شوناسى ئافرەتێکە لە نێو کۆمەڵگەیەکى باوکسالاردا ، کۆمەڵگەیەک کە ئافرەت بە سەرچاوەى وروژاندنى حەزەکانى پیاو دەزانێت.


لە روویەکى ترەوە میلانى لەم فیلمەدا هەوڵیداوە ئەوەبخاتە روو کە رەوشتى تاکەکان بەندە بە ئاراستەى پێکهاتەى کۆمەڵایەتییەوە ، و گوتارى ستەمکارى کۆمەڵایەتیش کاریگەریى دەبێت بۆسەر رەوشت و هەڵسوکەوتى تاکەکان . بۆیە دەبێت پێشتر رەخنە ئاراستەى سیستمى فیکرى و کۆمەڵایەتى بکرێت کە ئازادى تاکەکان زەوتدەکات ، هەروەها پێویستە دەرفەتى قسەکردن بەو کەسە بدرێت کە گومانى خرا پى لەسەرە.

 


Kardo_mm@yahoo.com