ته‌نها سۆشیالیزم ئه‌ڵته‌رناتیڤه بۆ سه‌رمایه‌داری و قه‌یرانه‌کانی.
عامر سابیر له ئێواره‌ی ڕۆژی یه‌کشه‌مه 30/4/1995 له حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری تاهیر حه‌سه‌ن، وه‌ک کۆمۆنیستێک و داکۆکیکار له کرێکار و کۆمۆنیزم، له گه‌ڵ مه‌لا به‌ختیار له یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستان وه‌ک نوێنه‌ری سه‌رمایه‌دارانی کوردستان و به‌رگریکه‌ری سه‌رسه‌ختی بازاڕی ئازاد، کۆڕێکیان له سلێمانی به‌ست له هۆڵی (ڕۆشنبیری جه‌ماوه‌ر) که له‌لایه‌ن به‌شی هۆشیاری و ڕووناک‌بیری مه‌ڵبه‌ندی یه‌کی (ینک)ه‌وه ڕێکخرابوو. له کۆتایی ئه‌و کۆڕه‌دا مه‌لا به‌ختیار دۆڕا و له‌و ئه‌رکه‌ی پێی سپێردرابوو فاشیل بوو، وه ناچار بوو بڵێ هێشتا سۆشیالیزم ئامانجێکی پیرۆزه. ئێستا له‌پاش زیاتر له 13 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و کۆڕه‌دا، ئه‌و بازاڕی ئازاده‌ی که مه‌لا به‌ختیار بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرد، له دنیای واقیعدا له جه‌رگه‌ی ئه‌و شوێنه‌ی سه‌ری هه‌ڵدابوو، شکستی خواردووه و هه‌ره‌سی هێناوه. له‌و ده‌ورانه‌دا که هاتووهاواری سه‌رمایه‌داری به دیموکراسی و بازاڕه ئازاده‌که‌یه‌وه گوێی به‌شه‌رییه‌تی که‌ڕ ده‌کرد، ئه‌وه کۆمۆنیسته کرێکارییه‌کان بوون له کوردستان و بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری و کۆمۆنیستی بوو له دنیادا که له دژی ئه‌و پروپاگه‌نده ژه‌هراوییه وه‌ستانه‌وه و وتیان نا بۆ سه‌رمایه‌داری و بازاڕی ئازاد به دیموکراسییه‌که‌یه‌وه که سه‌رچاوه‌ی هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخه. کرێکارانی سۆشیالیست و مارکیسیسته‌کان که هه‌رگیز باوه‌ڕیان به دنیایه‌کی باشتر و خاڵی له چه‌وسانه‌وه‌ی ئینسان له لایه‌ن ئینسانه‌وه له‌ق نه‌بووه، سه‌روه‌رییه‌کی گه‌وره‌یان بۆ خۆیان تۆمارکردووه و ئێستاش هه‌ر بیرووباوه‌ڕی ئه‌و مارکسه‌ی (که وێنه‌که‌ی هه‌رده‌م به‌رزڕاگیراوه له ده‌ستی کۆمۆنیسته‌کاندا) واته مارکسیزم وه‌ڵامه به دنیای پێچه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ.
له سه‌رمایه‌داریدا به‌رهه‌مهێنان بۆ پڕکردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌کانی ئینسانه‌کان نییه، به‌ڵکو بۆ قازانجی زیاتر و که‌ڵه‌که‌کردنی سه‌ر‌مایه‌یه، له ده‌ورانی ڕه‌ونه‌قدا بانقه‌کان که ساڵانه بلیۆنه‌ها دۆلار قازانج ئه‌که‌ن، هه‌مووی بۆ خۆیانه، به‌ڵام له ده‌ورانی قه‌یراندا، وه‌ک ئێستا هه‌ر ئه‌م ده‌وڵه‌ته بۆرژوازیانه به تریلیۆن و سه‌ده‌ها بلیۆن دۆلار له پاره‌ی خه‌ڵکی ئه‌خه‌نه خزمه‌تیانه‌وه.
له‌م سیسته‌مه‌دا کرێکاران هه‌ر دوو هه‌فته جارێک ئه‌بێت باجه‌کانیان (تاکس،Tax ) بده‌ن، وه‌یان لانی زۆر له کۆتایی هه‌ر ساڵێکدا چه‌ند باجیان ئه‌که‌وێته سه‌ر ئه‌بێت بیده‌ن، به‌ڵام سه‌رمایه‌داران به هه‌زار و یه‌ک ته‌ڵه‌که خۆیان له دانی باج ئه‌دزنه‌وه، وه‌یان ڕێژه‌یه‌کی زۆر که‌م ئه‌ده‌ن، بۆ نموونه کێری پاکه‌ر Kerry Packer که ده‌وڵه‌مه‌ندترین که‌سی ئوسترالی بوو، وه خاوه‌نی حه‌وت بلیۆن دۆلار بوو، تا مرد له 2005 دا هیچ تاکسی نه‌داو سه‌دان ملیۆن دۆلار باج قه‌رزار بوو، که مردیش ده‌وڵه‌ت به ڕه‌سمی پرسه‌ی بۆ به‌ست.
له 16/10/2008 دا ڕێکخراوی ئۆکسفام (Oxfam) ی به‌ریتانی ڕایگه‌یاند که له دنیادا (900) ملیۆن ئینسانی برسی هه‌یه، ئه‌مانه له خانه‌ی هه‌ژار و که‌م ده‌رامه‌ته‌کاندا حیساب ناکرێن، به‌ڵکو برسین که به بێ گه‌یشتنی خواردن پێیان له‌برسا ده‌مرن، ساڵانه 15 ملیۆن ته‌نها منداڵ له برسا ژیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
له ناوه‌ڕاستی مانگی ئۆکتۆبه‌ردا به‌دوای کۆبوونه‌وه‌ی حه‌وت ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌که‌ی جیهان که به (G7) ناسراوه، کۆبوونه‌وه‌ی خه‌زێنه‌دارانی (G20) یش به‌سترا له واشنتۆن، ئه‌م بیست ده‌وڵه‌ته که له 85% هه‌موو ئابووری جیهانیان له‌ژێر ده‌ستدایه، ته‌نها له‌ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌دا نزیک به (3) تریلیۆن دۆلاریان خسته خزمه‌ت بانق و کۆمپانیا گه‌وره‌کانه‌وه، ئه‌مه له کاتێکدا که ئه‌و 12 بلیۆنه‌ی که بۆ تێرکردنی برسییه‌کان له مانگی پێنجی ئه‌مساڵدا بڕیاریان له‌سه‌ر دابوو کۆبکرێته‌وه، تا مانگی ئۆکتۆبه‌ر ته‌نها یه‌ک بلیۆنی کۆکرابۆ‌وه.
له‌ده‌یه‌ی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا ڕۆناڵد ڕه‌یگن و مارگرێت تاتشه‌ر، له ئه‌مریکا و به‌ریتانیا داڕێژه‌ر و جێبه‌جێکه‌ری سیاسه‌تی (Small Government, Free Market)بوون، واته بچووککردنه‌وه‌ی هه‌رچی زیاتری حکومه‌ت و په‌ره‌پێدان و به‌ره‌ڵاکردنی بازاڕی ئازاد به فرۆشتنی که‌رتی گشتی به که‌رتی تایبه‌ت، هه‌رچی مومته‌له‌کاتی ده‌وڵه‌ت هه‌بوو فرۆشتیان و دایان به‌سه‌رمایه‌داران و کردیانه که‌رتی تایبه‌ت.
هه‌رکاتێک IMF (International Monetary Fund) سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و (World Bank) بانکی جیهانی قه‌رزیان دابێت به هه‌ر وڵاتێک، مه‌رجی سه‌ره‌کیان ئه‌وه بووه که هه‌رچی زیاتر مومته‌له‌کاتی ده‌وڵه‌ت بفرۆشێ و بیکاته که‌رتی تایبه‌ت و خزمه‌تگوزاری گشتی که‌مبکاته‌وه، به‌بێ جێبه‌جێکردنی ئه‌م مه‌رجه قه‌رز نه‌دراوه به هیچ وڵاتێک. هه‌رچه‌نده ئه‌و وڵاته هه‌ژاربووبێت و پێویستی پێبووبێت.
ئێستا ئه‌زمه‌یه‌کی مالی که سه‌رمایه‌داری تووشی بووه، له مێژووی ئه‌م سیسته‌مه‌دا بێ پێشینه‌یه، ئه‌وه‌ی که له 1929 تووشی هات و به (Great Depression ) ناسراوه، ئه‌و داڕووخانه‌ی (Recession) که له 1987 دا تووشی بوو، وه ئه‌وه‌ی که له 1997دا تووشی یابان و وڵاتانی تری ئاسیای ڕۆژهه‌ڵات بوو، هێنده‌ی ئه‌م ئه‌زمه‌یه‌ی ئێستا قووڵ و گه‌وره و به‌رفراوان نه‌بوو، وه ئه‌م داڕووخانه‌ی ئێستا درێژماوه‌تر له هه‌موو ئه‌وانی تر ده‌بێت.
ئه‌وه ڕاسته که هه‌رکاتێک و له‌هه‌ر کوێی دنیادا، هه‌ر دامه‌زراوه و بانق و کارگه و کانێک که ده‌فرۆشرێت به که‌رتی تایبه‌ت، بێ‌کاری و چه‌وسانه‌وه‌ی زیاتری کرێکاران و که‌م بوونه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری گشتی له‌گه‌ڵ خۆیدا ئه‌هێنێت، چونکه سه‌رمایه‌داران و خاوه‌نانی تازه‌ی ئه‌و دامه‌زراوه و کارگه و کانانه ته‌نها که‌ڵه‌که‌کردنی قازانجی زیاتر میکانیزمی کارکردنیانه.
ئه‌وه‌ی که ئێستا سه‌رانی ده‌وڵه‌تانی بۆرژوازی دنیا (G20) ئه‌یکه‌ن{که درێژه‌پێده‌رانی ڕێبازی ڕه‌یگن و تاتچه‌ر}ن که کڕینه‌وه‌ی (خۆماڵیکردنی) بانق و دامه‌زراوه گه‌وره‌کانه و ئه‌یکه‌نه‌وه به که‌رتی گشتی، واته (سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی)، به‌ڵام ئه‌م مۆدیله له خاوه‌ندارێتی بۆرژوازی شکستی خوارد به سه‌رۆکایه‌تی یه‌کێتی سۆڤێتی جاران، که هه‌ر خودی به‌رگریکارانی بازاڕی ئازاد ئیعلانی ڕوخانیان کرد له ساڵی 1991دا.
ئه‌ڵته‌رناتیڤ و ڕێگه‌چاره‌ی ئه‌م بنبه‌ست و داڕووخانه‌ی بازاڕی ئازاد، گه‌ڕانه‌وه بۆ تاقیکردنه‌وه شکستخواردووه‌که‌ی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی نییه، به‌ڵکو ته‌نها سۆشیالیزم و شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سۆشیالیستییه، ڕێگه‌چاره ته‌نها هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی کاری کرێگرته و نه‌هێشتنی خاوه‌ندارێتی بۆرژوازییه.
بیرمه‌ندان و ژورنالیستانی به‌رگریکه‌ر له بازاڕی ئازاد، هۆکاری ئه‌م داڕووخان و ئه‌زمه‌یه‌ی ئێستا زۆر هه‌ده‌فمه‌ندانه و ساویلکانه ته‌نها ئه‌گێڕنه‌وه بۆ خۆپه‌رستی و چاوچنۆکی و ته‌ماع و بێمۆراڵی سه‌رۆک و به‌ڕیوه‌به‌رانی ئه‌و بانق و دامه‌زراوانه که ساڵانه مووچه‌کانیان ده‌یان و سه‌دان ملیۆن دۆلار بووه. سه‌رۆک وه‌زیرانی ئوسترالیا Kevin Rudd وتی که هۆکار Extreme Capitalism) )ه واته سه‌رمایه‌داری تووندڕه‌و بووه، سه‌رۆکی IMF( Dominique Strauss-Khan ) (که له حیزبی سۆشیالیستی فه‌ره‌نسا وه‌زیری مالی پێشووی فه‌ره‌نسا بوو) وتی که ئه‌م ئه‌زمه‌یه‌ی ئێستا هه‌موو سیسته‌می مالی جیهانی له‌سه‌ر لێواری توانه‌وه داناوه.
له‌م قه‌یرانه‌دا، له‌نێو وڵاتانی ئه‌وروپادا، به‌ریتانیا زیانلێکه‌وتووترینیانه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆر نزیک بووه له ئه‌مریکا و هه‌موو سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکای په‌یڕه‌وکردووه هه‌ر له‌سه‌رده‌می تاتچه‌ره‌وه. ئێستا سه‌رانی بۆرژوازی دنیا دانبه‌وه‌دائه‌نێن که هۆکارێکی تر سیاسه‌تی (Deregulation) بووه که په‌یڕه‌ویانکردووه له ڕابردوودا، واته نه‌بوونی هیچ یاسا و قه‌یدوبه‌ند و چوارچێوه‌یه‌کی کارکردن و لێپرسینه‌وه بۆ دامه‌زراوه گه‌وره‌کان و بازاڕی ئازادیان هۆکارێکی تری ئه‌م ئه‌زمه‌یه‌یه. هه‌ر له‌م بازاڕی ئازاده‌دا ئه‌گه‌ر کرێکارێکی وڵاتانی تر بێته‌ناوی ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به کرێیه‌کی که‌م ئه‌چه‌وسێندرێته‌وه، هه‌زار و یه‌ک به‌ربه‌ست و ڕێگری له‌به‌رده‌م کۆچکردنی کرێکاراندا دروستده‌کرێت و (Regulate) ده‌کرێت، به‌ڵام بۆ سه‌رمایه‌داران و بازاڕی ئازادیان هه‌موو دنیایان له ژێرده‌ستدایه و له‌کوێی دنیادا چه‌وسانه‌وه‌ی زیاتری کرێکاران و هێزی کاری هه‌رزانیان ده‌ستکه‌وێت سه‌رمایه‌کانیان ئه‌هێنن و ئه‌به‌ن وه هیچ سنور و به‌ربه‌ستێک نییه له‌به‌رده‌میاندا.
له گه‌رمه‌ی ئه‌م ئه‌زمه‌یه‌دا له ئه‌مریکادا هه‌ر ڕۆژی نۆ هه‌زار خێزان ناچارن خانووه‌کانیان چۆڵ بکه‌ن و کلیله‌کانیان ته‌سلیم به بانق بکه‌نه‌وه، ئه‌مریکا ته‌نها له باجێتی ئه‌م ساڵیدا نیو تریلیۆن دۆلار که‌می هێناوه وه بۆ چه‌ندین ساڵی تریش پارسه‌نگی هه‌ر ئاوا روو له‌خوارده‌بێت (Budget Deficit)، ئه‌مه له کاتێکدا که چین ئێستا 2 تریلیۆن دۆلاری یه‌ده‌گی هه‌یه، به قسه‌ی شیکارانی سیاسی، خودی بۆرژوازی خۆی، ئه‌مریکا لانی زۆر تا کۆتای بیسته‌کانی ئه‌م سه‌ده‌یه ئه‌توانێت سه‌رۆکایه‌تی بۆرژوازی جیهانی بکات و چین جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه. هه‌روه‌ک چۆن له‌دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م ئه‌مریکا له جیاتی به‌ریتانیا سه‌رۆکایه‌تی بۆرژوازی جیهان و پۆلیسێتی جیهانی کردووه، ئێستاش ئه‌گه‌ر ئه‌م سه‌رۆکایه‌تیکردنه ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا بێت له نیو وڵاتانی بۆرژوازیدا، ئه‌مه هیچ له پێویستی خه‌باتی چینی کرێکار بۆ له‌گۆڕنانی ئه‌م سیسته‌مه و بنیاتنانی سۆشیالیزم که‌م ناکاته‌وه.
27/10/2008
|