په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١٠\٢٠١٢

ته‌وه‌ری پیاوان لە روانگەی ژنانی یەکسانییخواز. - ١١ -:

رێگا رەوف: 

دەسەڵات خۆی‌ هۆکاری سەرەکیی ئەو کوشت و کوشتارەیە.

پێویستە شۆرشێکی ژنان بە ئاقاری یەکسانیی هەڵبگیرسێ.

سازادانی: پایزە ئەحمەد  

 

لەوڕۆدا زۆربەی پیاوان - هەر یەکەو بە گوێرەی بیروباوەڕی خۆی - بە گفتار دان بە یەکسانیی نێوان ژنان و پیاواندا دەنێن.. بەڵام بێجگە لە کەمایەتییەکی زۆر کەمیان زۆربەی هەرە زۆریان لە رەفتاردا پیاوسالار و چەوسێنەرن! بە بەدووداچوونی ئەوەی کە ئایە کێشەکان و هۆکارەکان چین؟ بەو چەند پرسیارە پەیوەستدارە ژنان دەدوێنین:

 

پایزە ئەحمەد: ئایە خودی پێکهاتەی سروشتی پیاو وەک رەگەزی نێر پیاوان بەو جۆرە ئافەریدە دەکا؟ یان ئەوە دابونەریت و دین و دەسەڵاتە پیاوان بەو شێوەیە بەرهەم دەهێنن کە هەن، یان هەردوو هۆکار هەر یەکەو بە ئاست و جۆرێک کارتێکردنی خۆیان هەیە؟

رێگا رەوف: بەو پێیەی کە کۆمەڵگا بە شێوازی جۆراوجۆر مرۆڤەکان پەروەردە دەکات، کە لە رێگای کولتوور و دین و دابونەریت و یاساکانەوە بەرجەستە دەبێتەوە ئەم پەروەردەیە بۆیە پیاوانیش لەو چوارچێوەیەدا و بەو جۆرە پەروەردە دەبن. پیاوێک کە بە "دەسەڵات" زمانی هەڵدێنێ، دەبێتە بەشێک لە شوناسنامەی ژیانی بەو جۆرە رەفتارکردنە. بۆیە ئەم بنەمایە بۆ پەروەردەکردنە کە دەبێتە هۆی دروستکردنی پیاوانێکی هاوشێوە نەوە لە دوای نەوە. بێگومان هەندێ بەش لەپیاوان بۆ خۆیان نەخۆشیی دەسەلاتیان تێدایە و بە شێوەیەکی زۆر دڕندانەتر ئەم جۆرە مامەلەیە نیشان دەدەن و هەندێکیش بە شیوازێکی ساکارتر. بۆیە گۆرینی ستراکتەری کۆمەڵگا کاریگەریی تەواوی هەیە لەسەر گۆڕینی بیر و بیرکردنەوەی پیاوانیش. پەروەردە کاریگەریی تەواوی هەیە بۆ هەر ئاڵوگۆڕێک.


پایزە ئەحمەد: ئایە تەنیا پیاوان هۆکاری ئەو باری چەوسانەوەی ژنانن یان ژنانی ناهۆشیار و دەستەپاچەش رۆڵی خۆیان هەیە لە درێژەدانی ئەو بارەی خۆیان؟ چارە چییە.. یان چاکترین رێیەکانی چارەسەر چین لەو رووەوە؟
 

رێگا رەوف: لە هەندێ باردا دەتوانین بڵێین ژنان خۆیان رۆڵیان هەیە لە هێشتنەوەی ئەو جۆرە بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتانەدا بەڵام نابێ لە یادمان بچێ کە ژنانیش پەروەردەی هەمان کولتوور و نەریتن واتە ئەگەر لە کولتوورێکدا پیاوان بە بەهێز و سەروەر گەورە دەکرێن ئەوا ژنانیش بە پێچەوانەکەی لاواز و بیدەسەڵات بۆیە سەیر نییە کە ژنان خۆشیان باوەڕیان بەوە بێ کە بێدەسەڵاتن و ئەرکیان مانەوەی دەسەڵاتی پیاوە نەک ئاڵوگۆرپێکردنی. باشترین چارەسەر ئەوەیە کە شۆرشێکی ژنان بە ئاقاری یەکسانیی ژن و پیاودا هەڵبگیرسێ، شۆڕشێک کە بتوانێ لە رەگ و ریشەوە نایەکسانیی و دواکەوتوویی ژن و پیاو لەبن بێنێ. ئەم جۆرە لە شۆڕش دەبێ تەواوی بوارەکانی ژیان بگرێتەوە، لە پەروەردە و یاسا و خویندن و بواری سیاسەت و بواری کۆمەڵایەتی... بە کورتیی دەبێ لە تەواوی بوارەکاندا ئەم ئالوگۆڕە رووبدا. نابێ لە تەواوی ئەم پرۆسەیەدا ئەوەمان لە یاد بچێ کە پسپۆری بواری دەروونیی کاریگەریی گەورەی هەیە لەسەر ئەم ئاڵوگۆرە. واتە گۆڕینی بیر و هۆشی ئەو ژنانەی کە بوونەتە قوربانی پیاوسالاریی و توندوتیژیی یەکێکە لەو بوارانەی کە ئەم کەسانە بە شێوازێکی زۆر بەهێزتر باربهێننەوە.


پایزە ئەحمەد: هەر کەسێک لە ناخەوە بەو ژنکوژییە زۆرەی ئەو دواییانە رادەچڵەکێ یەکسەر پەنجەی تاوانکاریی بۆ حکومەت و تەواوی دەسەڵاتداران رادەکێشێ، بەڕێزت لەو بارەوە چ دەبێژی؟ 
 

رێگا رەوف: سەد لە سەد وایە و دەبێ پەنجەی تاوانباریی بۆ دەسەڵات رابکێشرێ، چونکە کاتێک کێشەیەک دێتە ئاراوە لە کۆمەلگادا ئەوە دەسەڵاتە کە دەبێ بە گورج و گۆڵییی و خەمخۆرییەوە کار بکا بۆ کەمکردنەوەو لەناوچوونی ئەو دیاردەیە. مەسەلەی کوشتنی ژنان یەک راستیی دەردەخا کە ئەو حیزبانەی دەسەڵات نەک هەر بۆیان گرنگ نییە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن بگرە بۆ خۆیان هۆکاریکی سەرەکیی ئەو کوشت و کوشتارەن. سوننەت و نەریتی ئەم حیزبانە بوو کە لە ساڵانی ٩١ هێنرایەوە نێو شارەکان و بووە کولتووری خەلکیش. بۆیە تاوانباران بەر لە هەر کەسێک ئەوانن و دواتریش ئەگەر دەسەلاتێک لە ماوەی ٢٠ ساڵدا نەتوانێ کێشەیەکی کۆمەلایەتی لەو جۆرە جدیی چارەسەر بکا کەواتە دەبێ ببێتە مایەی پرسیار. دەنا لە هەموو جێگایەکی دونیادا کە دیاردەیەک یان کێشەیەک دێتە پێشەوە یەکسەر دامودەزگای بۆ دروست دەکرێ و تیمی ئازا و پسپۆر لە هەموو بوارەکانی بۆ کۆدەکریتەوە تا بتوانرێ کێشەکە بەرەو نەمان یان چارەسەر ببردرێ بەڵام ئەم دەسەڵاتەی کوردستان تەنانەت ئەو گرووپانەی کە دادەنرێن بۆ بە حیساب مافی ژنان هیچ پسپۆرییەکیان لە بواری مافی ژنان، دەروونیی، کۆمەڵایەتی و ئەوانەدا نییە بەڵکو هەڵبژێردراوی حیزبیی و تەنیا بۆ جێگاگرتنە بۆیە کۆششەکانیش ناکام دەمێننەوە.


پایزە ئەحمەد: لەبەرچی ژنان زۆر بە کەمیی بەشداریی لە رێکخراوەکانی ژنان دەکەن؟ یان لەبەرچی زۆربەی زۆری ژنان رێکخراوەکانی ژنان بە پشتوپەنای خۆیان و داکۆکیکەر لە ماف و ئازادییەکانیان نازانن؟ ئایە ئەوەش بە هۆی دەستتێوەردانی پیاوانە؟ ئایە بەڕێزت بە باشتری نازانی رێکخراوی ژنان لە ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز پێکبێ؟

رێگا رەوف: کێشەکە لەوەدایە کە رێکخراوەکانی ژنان بە داخەوە ئەزموونێکی تری تاقیکراوەی حیزبەکانن، واتە ئەوانیش بە رێگای خۆیان وەک حیزب کاردەکەن و پشت و پەنای حیزبن نەک ژنان. وەختێک رێکخراوەکان نەتوانن جیاواز لە حیزب بیربکەنەوە ناشتوانن سەربەخۆ کار بکەن، ناشتوانن ببنە پشت و پەنای ژنانی بەدبەخت. ئەگەر ببوونایە پشت و پەنای ژنان ئەوا خۆبەخۆ حیزبەکانیش پشت و پەنا دەبن، بۆیە من پێم وایە ئەم دوو بەشە لە کۆمەلگا ئاو لە یەک سەرچاوە دەخۆنەوە و هێز لە یەک وەردەگرن. حیزبەکان چ جۆرە جێگا و رێگایەکیان هەبێ ژنانیش هەمان جێگا و رێگایان هەیە.. چون جیاواز لەم حیزبانە بیر ناکەنەوە. سەد لە سەد ئەوە کارێکی باشە کە ئەو دوو رەگەزە بتوانن پێکەوە بۆ مافەکانی ژنان کۆشش بکەن بەڵام من گومانم هەیە کە ئەم کارە لە ئێستادا شیاو بێ چونکە ئەگەر پیاوان جێگا و رێگای بەهێز و پایەیەکی باشیان هەیە لە کۆمەلگادا ئەوا لەرێکخراوێکی ژنانیشدا ئەوان دەبنە میراتگری جێگا و رێگای باش. بەر لەوەی پیاوان و ژنان پێکەوە رێکخراوێک دروست بکەن من پێم وایە کە وتەبێژی پیاومان زۆر زۆر کەمە کە قسە لەسەر ماف و ئازادیی ژن بکا. زۆرێک لەو پیاوانەی کە تەنانەت بە گوتن باس لە مافی ژن دەکەن لە رەفتاردا زۆربەیان وا نین. کەواتە پیاوان و بە تایبەت بەشی رۆشنبیر و دەستەبژێر زۆر زۆر پاسیفیستن و فزەیان لە خۆیان بڕیوە لە کاتێکدا نیوەی کۆمەلگا قڕ دەکرێ ئیتر لە کام رێکخراودا ئەو متمانەیە دەکرێ دروست بکرێ؟

پایزە ئەحمەد: خۆت وەک ژن تا چەند لە بەرانبەر هاوسەر یان باوک و برا یان هەر نێرێک کە لەگەڵی دەژی لە چەوسانەوەی پیاوسالاریی رزگار بووی؟ کێشەکان چین کە تا ئێستا خۆت یان خۆت لە چوارچێوەی ژنان بە گشتیی بە تەواویی لە بندەستی پیاوانی کۆنەپەرست و چەوسێنەر یان سیستەمی پیاوسالاریی ئازاد نەبووی؟ رێگەچارەکانت چین؟

رێگا رەوف: بێگومان هەندێ شت هەیە کە لە چوارچێوەی سیستەمدا کاریگەریی لەسەر منیش هەیە بۆ نموونە مەسەلەی یەکسانیی ژن و پیاو لە یاسادا منیش دەگرێتەوە، بەڵام ئەوەندەی بە ژیانی تاکی خۆم دەگەڕێتەوە من باوەڕم وایە کە ئەگەر ئێمە وەک هەڵسووڕاوانی ژن نەتوانین ئازاد بین کەواتە زۆر سەختە بە ژنانیش بڵێین ئازاد بن. من بۆ مافی ئازادیی خۆم قوربانییەکی زۆرم داوە، لەگەڵ خێزانەکەم بۆ ماوەی ١٥ ساڵ پەیوەندییمان پچڕا کە ئەمە قوربانییەکی گەورەیە بە بڕوای من بەڵام لە هەمووی گرنگتر بۆ من ئەوە بوو کە باوەڕی تەواوم هەبوو بەو رێگایەی کە هەڵمبژارد و بۆ تەنیا چرکەیەکیش پەشیمان نەبووم و نابم بگرە شوناسی خۆمم بە جیاواز لە خێزان دروست کرد و ژیانێکی لەو جۆرەی کە خۆم دەمەوێ هەڵمبژارد. قسەکە لەسەر ئەوەیە چەندە خۆ لەبەر ئەو گوشارە مرۆییەی دەوروبەر رادەگرین کاتێک بەکاردەهێنرێ بۆ لێسەندنەوەی ئازادییەکانمان؟ ئاخر گوشاری خێزان کەم نین. فشارێکە گوشارێکە لە ناخی ناخەوە ئازارت دەدا. بۆیە زۆرێک لەو ژنانەی کە ملدەدەن بەو بارە بە داخەوە خۆڕانەگرتنە لە بەرانبەر ئەو گوشارە زۆرە کە لە لایەن دایک و باوک و براوە بۆیان دروست دەکرێ. لە سەردەمانێک بۆ پاراستنی گیانی خۆم چەکم هەڵگرت و خۆم فێری چەندین جۆری چەک کرد، تەنیا بۆ ئەوەی بتوانم خۆم پارێزگاریی لە خۆم بکەم. من باوەڕی تەواوم بە خۆم هەیە و باوەڕی تەواویشم بە توانای مرۆڤ هەیە، ئەگەر بمانەوێ دەتوانین زۆر شت بکەین.

 

_________________________________________________

لینکی وەڵامەکانی هەموو بەشداربووەکان: www.emrro.com/teweripiyawanle.htm 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک