١٨\٥\٢٠١٠
تکایە کوژرانی
سەردەشت عوسمان مەکەن بە ئاگری شەڕی براکوژی!!

جهمال عهزیز
هەموو کەسێکی بەویژدان، هەموو ئازادی خوازێک دڵتەنگە بە کوژرانی
گەنجێکی ناو کۆمەڵگایی کوردەواری، هەموو مرۆڤێک خۆشەویستە لەلای چەندین
کەس گرنگ نیە ئەو مرۆڤە گەنج بێت یان پیر کچ بێت یان کوڕ،ئەگەرئێمەی
کوردخوێندنەوەمان بۆمێژوو هەبێت یان بۆ ڕابردوومان بگەڕێینەوە دەزانین
کە زۆر جاران گورگان خواردو کراوین،ئێستاش زامی خۆکوژی و
برا کوژی لەجەستەی هەر یەکێکماندا هەیە،خۆمان وەک میللەتی کورد
هیچ سودێکمان نەبینی بێجگە لەزیانو ماڵکاولی.
ڕاستە کوڕە لاوێکی وەک سەردەشت عوسمان ڕۆشت ،بەڵام ئەمە یەکەم لاومان
نیەو وە دوالاویشمان نابێت کەبۆ ئەم کوردستانە وێرانە گیانی بەخت بکات،
شەهیدەکانمان زۆرن ژمارەیان هێندەی ئەستێرەکانی ئاسمانە، خوێنی بەناهەق
ڕژاویان ڕوبارێکی سورپێکدەهێنێ،هێندەی بارانی بەهاری وڵاتمان فرمێسک
لەچاوی دایکو خوشکو برا ڕژا بۆیان،بەڵام فرمێسک ڕشتنی وەک مرواریو
فرمێسک ڕشتنی تیمساحی هیچ کامیانی بۆمان نەگەڕاندەوە،زامەکانمان هێندە
قوڵن کەس لە دراوسێکانمان دەست درێژ ناکەن بۆ تیمار کردنیان ،دڵنیابن
ئەی کوردینە دوژمنانمان نایانەوێ خۆشمان کاتی ئەوەمان هەبێت زامەکانمان
تیماربکەین.
هەرکەس تۆزێ شارەزای یاساکانی جیهانو ناوچەکەو عێراقو کوردستانیش بێت
دەزانێ لەیاسادا واهاتووە کەهیچ کەسێک تاوان بارنیە تاکو تاوانەکەی
بەسەردا ساخ نەبێتەوە،کەواتە باڕێگە بدەین یاسا سەروەری خۆی بسەلمێنێ ،کەواتە
با بەفیتی لایەک دژ بەلایەک کەس تاوانبار نەکەین،لەم هاتوو هاوارە
تەنها میللەتەکەمان زیان دەکات،تەنها یاسا پێشێل دەکرێ ،ئەگەر ئێمە
باوەڕمان بەکوردستانی بوونی خۆمان هەبێت دەبێت باوەڕمان هەبێت هێشتا
کوردستانمان دوژمنی سەرسەختی ماوە،کەواتە بۆ وانەزانین کەئەم تاوانانەی
لە کوردستان ڕوو دەدەن دەستی دوژمنی ئازادیو سەربەستی کوردستانی لە
پشتە.
من وەک هەر کوردێکی کوردستان زۆر دڵگرانم بە شەهید کردنی لاوێک چونکە
هەر کەس لەلای خۆیەوە هەر کەس بەتوانای خۆی دەستی هەیە لە ئاوەدان
کردنەوەی کوردستان، لە شوانو گاوانو کرێکارو فەرمانبەرێکەوە تاکو
دەگاتە ڕۆژنامە نوسێک یان پێشمەرگەیەکی گیان فیدای ڕۆژانی سەختی
خەبات،لەبەر ئەوە تکام وایە با لەبەر دڵگەرمیمان یان لەبەر خاتری
خاترداران هەموو هاوکێشەکان یەکسان نەکەینەوە بەسفر،باکوردستان وێران
نەبێتەوە،من دڵنیام ئێستا نەدایکی کاکە سەردەشتو نە هیچ یەکێک لە
دایکانی جەرگ سوتاو حەز بەئازاری کەسانی تر دەکەن.
ناڕەزایی دەربڕین بۆ کوژرانی لاوێکی کورد مانایی دڵسۆزیە بۆ کوردو
کوردستان، مانایی ئاگادار کردنەوەی دوژمنانی میللەتەکەمانە کەناهێڵێن
خوێنیان بەفیڕۆ بڕوات،بەڵام هاتنە سەرشەقامو وتار بڵاو کردنەوە دژ بە
حیزبو هێزە کوردستانیەکان بەبێ بەڵگەی دادوەری خۆش کردنی ئاگرێکی ترە
بۆ خەرمانی ئاوەدان کردنەوەی ماڵی کورد،مانای ئاوکردنە بەئاشی
دوژمنان،هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ڕابردوو مانایی کولانەوەی
زامەکانە،مانای لەبیرکردنی دوژمنە ڕاستەقینەکەمانە،نەمانی یەک دەنگیو
یەک هەڵوێستی لێرەوە دەست پێدەکات، کردنەوەی دەرگای دوو ڕوویی بەرامبەر
بەخۆمانو بەچۆکا کەوتنمانە بەرامبەر بەدوژمن.
کاکە سەردەشتی لاو لەگەڵماندایە لە ناخی هەموو مرۆڤێکی ئازادی خوازو
دوژمن بەتاریکی دەژی،خەڵکی کوردستان بەگشتیو گەلی کورد بەتایبەتی
فێرینو هەردەم ئامادەین بۆ ئازادی خوێن بدەین ،بەڵام ئێمەی کورد لە
چینە هەژارەکانی ناو کۆمەڵگا زیاتر لە هەموو ئەو سەرکردەو بەرپرسە
حیزبیانە زیانمان بەردەکەوێ ئەگەر یەک هەڵوێستو نیشتیمان پەروەر
نەبین،تکایە بالەبیرمان نەچێ کاتێک بەرپرسەکانمان بۆ ڕیککەوتنی شەڕ
دادەنیشتن چەندین جۆر لە خواردنو خواردنەوە لە سەرمێزی گفتوگۆکانیان
دادەنێنو چەندین ئافرەت لەخێزانی شەهیدان خزمەتیان دەکەن،کاتێکیش دوای
خواردنو خواردنەوە ئەگەر بۆ ڕۆژنامە نووسەکانمان وتارێک بدەن دەڵێن
ئێمەی سەرکردە هیچ تاوانێکمان نیە لەم شەڕی براکورژیە هەموو جارێک
خەڵکانی سادەو ساویلکە شەڕیان بۆئێمە ناوەتەوە، من تکام وایە بەچاوی
ڕەخنە گرانە بڕوانینە هەموو حیزبو هێزە سیاسیەکانی کوردستان، هەموو
لایەکیان وەک یەک سەیر بکەین لەڕوانگەی نەتەوەیی بوونیان، سیاسەتی
چەواشە کەم بێت یان زۆر هەموو لایەکیان پەیڕەوی دەکەن،باکوردبوونمان
بکەینە مەرج بەسەر هەریەک لەحیزبو هێزە سیاسیەکانی کوردستانەوە،لەم
کاتەدا شۆڤێنیەکانو فاشستەکان سودمەندی سەرەکین،ترۆرستان دەرگایان
بۆکراوەدەبێ، تیرۆرستە ئیسلامیە دژ بەکوردەکان بۆ ئاژاوە دروست کردن
لایەنگری لیستی گۆڕان دەکەن دژ بە پارتی بە بێ ئەوەی هیچ کام لە پارتیوگۆڕان
یەکتری تاوان بار بکەن لەسەر شەهید کردنی کاکە سەردەشت. تەنها یەک
ڕیزیمان چارەسەرە بۆ نەمانی کێشەکانمان، مردنو سەرشۆڕی بۆ بکوژانی
هەموو دەنگێکی ئازاد لەهەر جێیەکی ئەم جیهانەدا بێت.
ماڵپهڕی جهمال عهزیز
|