په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١١\٢٠١٢

    تریفەی مانگ و غەمگینیی دڵم.


کەژاڵ ئیبراهیم خدر

١
ئەو کاتانەی لام دەخەوی
ئاگات لێ نییە
دەتخەوینم
دەتخەمە باوەشمەوە
دەتکەم بەگوڵ
ئەتبەم بۆ سەرکەلی شاخی سەرم
ئاگات لێ نییە
باران لێت ئەدا و تەڕ دەبی
بەسەر سەرتا دادەبارێ
بۆ بەیانی لێم دەڕوانی
هەموو جەستەم شوینی ماچە و
تیشک ئەهاوێ.

٢
کە رۆیشتی
ئەو کاتانەى کە تەنیا بوویت
چراکەتم بۆ داگیرسێنە
پەنجەرەى ژوورەکەت بکەوە
تا وەک بایەک بە ژاوەژاوێکەوە
خۆم بکەم بە ماڵەکەتدا
ئەمجارەیان وەک دایک
پڕت بکەم لە سۆزى دایە و
شیعرى لایلایە.

٣
ئەگەر رۆژێک نەتبینم
ئەزمڕ بە دوو چاوی منەوە
سەیرت دەکات
ئەگەر رۆژێ من گوێم
لە دەنگ نەبێ، گەرووی ئەشکەوتێک
گوێچکەی بیستنی منی تێدایە و
گوێت لێ دەگرێ
ئەگەر رۆژێک نەگەمە لات
خەمم هاوبەشی ژیانتە و
بۆنی پەنجە و بۆنی ماچی
یادگاریی و کزەی هەناسەتی تیایە
شیعری منیش لەو ناوەدایە
تریفەی مانگی شەیدایە.

٤
هەمیشە بەرەو لات باڵ دەگرم
لەسەر ڕێگەت دەوەستم و
ماندووێتیت رادەگرم
پێت دەڵێم
تۆ بارانى بەهارى،
یان بەفری کرێوەی زستانی
یا ئێوارەیەکى غەمگینى،
هەموو ڕۆژێک لەم شوێنەدا
سەدان ماچى
پەڕ و باڵکراو سوتاوى
غەریبیم وەردەگرى
پێم دەڵێى ببورە گیانەکەم
تۆ شیعرى چاو رەش و
خەرمانەى تەنیایی عەشقێکت
پێ نییە بۆ منت هێنابێت
لە جیاتى هەموو ئەمانە
چەپکێ خونچەى کوژراوى
دوو چاوم وەردەگری.

٥
کە گوێ لە کۆنسیرتێک دەگرم
شیعرم دەبێ بە شنەبا
کە چیرۆکێک دەخوێنمەوە
دەبم بە شەپۆلی دەریا
کە تابلۆیەکیش دەکێشم
تۆ دێیتە ناو چاوانمەوە
کە باوەشت پێدا دەکەم
چی خەم هەیە و بەجێم دێڵێ
گەش دەبمەوە.

٦
ئەی بەخشندەترین مرۆڤ
ئەو کاتانەی لە گیرفان و لە بەرۆکی کوردستانا
بۆم دەگەڕێی
من ئەو کاتە لە ناو گەرووی قەندیلدام و
دەبم بە تیشک و بە باهۆز
ئەو شەوەش تۆ
دێیتە گەرووی قەندیلەوە
بۆم دەگەڕێی
بوومەتە هەور
چوومە چیای بونتەوە و
لەگەڵ باران و هەورەبرووسکە
ئەبم بە تابلۆیەک
لەسەر شانی بابەگوڕگوڕ.

٧
لەم نیشتمانە وێرانەدا
کچێک دەکوژرێ و
لەگەڵ خوێنەکەیدا
عەشق ئەرژێ
کچ ئەبێ بە پەلکەگیایەک
سەوز دەبێ
لە پڕێکا باڵا دەکا و
دەگاتە بەرزایی ئاسمان
شیعری منیش لە نێو ئەو ئازارە زۆرەدا
دەبێت بە سوورە گوڵێ.

٨
گەر ئەمجارە دیاریت بۆ کڕیم
کراسێکی شینم بۆ بکڕە
تا لەگەڵ ئاسمان ببمە هاوڕێ
بۆ دووەم جار
کراسێکی سەوزم بۆ بکڕە
تا سنەوبەر بە گەڵاکانی دامبۆشێ و
باخەکان ببنە دەستگیران
بەڵام هەرگیز نەکەی
کراسێکی رەشم بۆ بکڕی
چونکە من نامەوێ
جەستەم ببێتە شەوێکی گریاوی
بێوەژنێکی نیشتمان.

٩
هەمیشە ویستومە
ئازادیی و ژن، لە شیعرێکدا بنووسمەوە
بەڵام دەستی ناحەز
هاتووە و سەریبڕیوم
ژنە ئەبێ بە کەمانچەیەکی رەشپۆش
ئازادییش بە پەنجەی تاریکیی
شیعریش
لە عەشقێکی چاوەڕوانەکراودا
بۆ باڵای غەمگینی
بەرگی رەش دەپۆشێ.

١٠

ئەی پیاوەکان
بتانەوێ و نەتانەوێ
شەو نیوەی زیاتری موڵکی ژنە
هەتاو و پێکەنین
فرمێسک لە چوار بەش
سێ بەشی موڵکی ژنە
کەچی رۆژێ نییە لەم شارەدا
سەدای دەنگی مێینەیەک
هاوار نەکا
پێوەندەکانی نێرینە
پۆل و باسکی ژنە شۆخی
پێوەند نەکا.

١١
هەمیشە گریانیک دەمگرێ
بۆ ئەو شیر و شمشێرەی
مامزی شیعری پێ راودەکەن
ئەتگرن و ئەتدەنە
بەر سەری رووت و بیری رووت و
وشەی رووت
دواتر بۆ نێو ئەو دۆزەخەی
بۆنی رەنگەکانی حەرام و
پەیفەکانی کفری لی دێت.

١٢

بیرتە تاڵی قژت بۆ ناردبووم
کردم بە دیاریی پەڕینەوەی
رێگای عەشق
لەسەر رێگاکەت نەونەمامی شیعرم چاند و
لە رۆحمەوە خۆرم بۆ برد
تا هەناسەی شیعر
تریفەی گرت
لە ناو خەودا چاوەڕێم کرد
نەمام، نەمام روام و
لە دواییدا بووم بە درەخت.

١٣

لەسەر شیعریکی ئازادیی بۆ خاکەکەم
شیعرێکیان دەستگیرکردم و
دەستی وشەکانیان بەستەوە و
چاوی ناوەرۆکەکەیان بەست
بۆ سبەینێ بووم بە سروودی نەورۆز
لەسەر چیایەکی بەرز گڕم گرت.

١٤

من هەمیشە چرایەکی داگیرساوی
ئازادییم بۆت
تۆش سنەوبەرێکی سەوزی باریکەلە
کاتێ کە دێم بەرەو رووت
تێکەڵ دەبین
ئەبین بە جەژنی سەری ساڵ
کاتێ چراش کوژایەوە
ئازادیی دەبێ بە تاریکستان
تۆش دەبی بەسنەوبەرێکی رووت.

 

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک