٦\٥\٢٠١٠
تیرۆری
رۆژنامەنووسان ریسوا دەکەین.
بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە جارێکیتر تیرۆر یەخەی رۆژنامەنووسانی گرتەوە و
پاش تیرۆرکردنی (سۆرانی مامەحەمە و عەبدولستار) لەماوەی رابردوودا ئەم
جارە لە هەولێری پایتەخت و لەبەردەم سمبوڵی رۆشنبیری و مەعریفەی وڵات
کە زانکۆیە و لە هەولێری پایتەختی هەرێم و بەڕۆژی رووناک خوێندکاری
زانکۆی سەڵاحەدین و رۆژنامەنووس (سەردەشت عوسمان) دەڕفێنرێت و پاش دوو
رۆژ تەرمەکەی لە شاری موسڵ دەدۆزرێتەوە...؟!
وەک رۆژنامەی چەتر و ماڵپەڕی چەتر پرێس، تیرۆری رۆژنامەنووس بەو شێوە
دڕندانەیە و شێوە نایاساییە لە ژێر هەر ناو و بیانو هەر لایەن و گروپێک
پێی هەستابێت ریسوا و شەرمەزار دەکەین و پێمانوایە ئەم کردەوە
نامرۆڤانەیە ناگونجێت کە نەخشەی بۆ نەکێشرابێت و پلانی بۆ دانەڕێژرابێت...،
پێشمانوایە کە ئەرکی یەکەمی پاراستنی هاوڵاتیان و بەتایبەت
رۆژنامەنووسان لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم و دەزگا ئەمنیەکانی ئەو شارەیە
بۆیە تێپەڕاندنی تیرۆرێکی ترسناکی لەم شێوەیە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ
تەواوی ئاسایشی رۆژنامەنووسانی هەرێم...
بێشک بەزاندنی چەند بازگەیەکی هەرێمی کوردستان و پاشان تیرۆر کردنی
رۆژنامە نووسێک لە شارێکیتر زامی ئەو تیرۆرە و مەترسییەکانی ئەو
تیرۆرەی هێندەیتر قوڵتر کردۆتەوە و پەردەی لەسەر ئەو گومانە هەڵماڵی کە
هەڕەشە بۆ سەر رۆژنامەنووسان تەنیا هەڕەشەیەکی سادە و زارەکی نییە،
بەڵکو ئەم تاوانە ئەوەی خستە روو کە خەمساردی و هەڵنەماڵین و
نەدۆزینەوەی بکوژانی (سۆرانی مامەحەمە و عەبدولستار) رێگەخۆشکەری
دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانە نامرۆڤانەیە بووە...
بۆیە جارێکی تر وێڕای سەرەخۆشی خۆمان بۆ بنەماڵە و رۆژنامەنووسانی
هاوکاری (سەردەشت عوسمان) ئەو کردەوەیە شەرمەزار دەکەین و داواکارین
دەست بەجێ حکومەتی هەرێم بەئەرکی خۆی هەستێت و بکەرانی ئەو کردەوەیە
ئاشکرا بکات چونکە ناکرێت کردەوەیەکی بەو ڕەنگە بەسەر دەسەڵاتدا
تێپەڕێت و پەردەپۆش بکرێت، هاوکات جێی خۆیەتی سەندیکای رۆژنامەنووسان و
ڕێکخراوەکانی خوێندکارانیش کاری جدی بکەن بۆ هەڵماڵینی ڕووی ڕاستی ئەو
کردەوە پڕ لە مەترسییە چونکە سەردەشت رۆژنامەنوس و هاوکات خوێندکاریش
بووە جیاواز لەمەش کوشتنی هەرکەسێک بەو ڕەنگە شایەنی پەسەندکردن نییە و
دەبێ هەڵوێستەی جدی لە سەر بکرێت.
ستافی رۆژنامەی چەتر و ماڵپەڕی چەتر پرێس
|