١۴\٥\٢٠١٠
تێرۆرکردنى
سەردەشت عوسمان
تیرۆرکردنى
نەتەوەیەکە لە بوونیدا و تراژیدیاکەش هى هەموومانە.

د. بورهان ا. یاسین
لە مێژووى میللەتاندا زۆرن نمونەى ئەو روداوانەى کە لە رواڵەتدا
بوویەرى تاکەکەسین، بەڵام لە ماهیەت و ماناکانیاندا رووداوى نەتەوەیین
و بەم مانایەش تەواوى چین و توێژەکانى کۆمەڵگاى هەژاندووە و
پەیوەندیدارى کردون. تێرۆرکردنى رۆژنامەنووس و خوێندکار سەردەشت عوسمان
هەر زوو بووە یەکێک لەو رووداوانەى کە سنوور و پانتایى تاکەکەسى
دەبەزێنن و بەم مانایەش بووەتە رووداوێک کە بە کۆمەڵ گوزارەشى لێدەکرێ؛
بووەتە تراژیدیای نەتەوەیەک.
ئەو گوللانەى ئاراستەى سەردەشت عوسمان کراون لە راستیدا ئاراستەى
نەتەوە کراوون لە هەر سێ رەهەندى بوونى نەتەوە و نەتەوەییبوونیشدا:
رەهەندى دوێنێ؛ رەهەند و روانگەى ئەمڕۆ؛ وە رەهەندى داهاتووى نەتەوە:
1) گوللەکان ئاراستەى دوێنێى نەتەوە کراون، ئەو دوێنێیەى کە تیایدا
ژمارەیەکى یەکجار زۆر لە خەڵکى وڵاتەکەمان گیانیان بەخشى لە پێناو
دواڕۆژێکى ئازاد و ژیانێکى باشتر و ئاسوودە بۆ کوڕ و کچانى نەتەوە،
بەڵام ئەوەتا بە ڕۆژى نیوەڕۆ ئاراستەى هەمان ئەو نیمچە ئازادیە دەکرێ
کە لە باشوورى کوردستان هەیە، کە دەسەڵاتداران لە موفارەقەیەک (پارادۆکس)ێکى
بەردەوامدا پێمان دەڵێن "بەرهەمى خەباتى شەهیدەکانمانە". کەواتە
تێرۆرکردنى سەردەشت عوسمان کردەیەکە کە شەهیدانى وڵاتەکەمان لە قوڵایى
خاک و مێژووى ئەم نەتەوەیەدا تێرۆر دەکاتەوە: ئەوان بۆ رۆژێکى باشتر و
ئازادیەکى راستەقینە خەباتیان کرد نەک بۆ روِژێک و وڵاتێک کە تاکەکان
تیایدا تێرۆربکرێن لە پێناو مانەوەى دەسەڵاتدارانێکى تەماح و چاوبرسى؛
2) لە رەهەندى یا روانگەى ئەمڕۆ و هەنوکەشیدا ئەم رووداوە ئەو روانگە
سیاسیە و ئەو نیمچە ئازادیەى کە ئەمڕۆ لە بەشێکى وڵاتەکەماندا (لە
باشوورى کوردستان)دا هەیە دەخاتە ژێر مەترسیەکى جددى و جورێک لە تاریکى،
لە راستیدا هەرەشەیەکى جددى لە بوون و ماهیەتى روانگەکە دەکا. دەبێ
دەسەڵاتدارانى وڵاتى ئێمە ئەوەش بزانن کە ئەو گوللانەى ئاراستەى
سەردەشت عوسمان کراون لە راستیدا ئاراستەى ئەو ئاسایش و هێمنیە کراوە
کە تاکە ناز و شانازى دەسەڵاتى باشوورى کوردستانە؛ 3) جگە لەمەش،
هەڕەشە لە روانگەى سیاسى ئەمڕۆى نەتەوە لە باشوورى کوردستان دواجار بە
ئەگەرى زۆر دەبێتە وێستگەیەک لە پرۆسەى تاریککردنى سبەینێ و داهاتوى
ئەم نەتەوەیە و هەڕەشەیەکى جددیشە لەم ئاراستەیەدا.
لە رێگاى تێرۆرکردنى (سەردەشت عوسمان)ەوە جارێکى تر ئەو تێزە
چەواشەکارانەى رژێمە دکتاتۆرى و تۆتالیتارەکان سەر هەڵدەداتەوە، کە
گوایە گۆمەڵگا بە بەردەوامى وە لە زۆر لاوە دەورى بە کۆمەڵێک هەڕەشە
گیراوە وە بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەو هەڕەشانەش دەبێ تاکەکان ئامادەبن
مەسەلەى باسکردن لە ئازادیە تاکەکەسیەکان دوابخەن! لە رونگەى
دکتاتۆریشەوە هەڕەشە دەرەکیەکان بەردەوام هەن و کۆتاییان نایەت. خۆ
ئەگەر هەرەشەى راستەقینەش نەبوو ئەوا هەر نەبێ دەسەڵاتە تاکڕەوەکان
کۆمەڵێک هەڕەشەى دەرەکى وەهمی بەرهەم دەهێنن و وەک هەڕەشەى راستەقینە
بە خەڵکى دەدەنە قەبووڵکردن. لە جیهانبینى ئەو کەسانەى کە باوەڕیان بە
حوکمڕانى دکتاتۆرى و تۆتالیتاتۆرى هەیە دەبێ تاکەکانى کۆمەڵگا ئامادەبن
ئازادى خۆیان بکەنە قوربانى بۆ پاراستنى سەروەرى نەتەوە. لەو
جیهانبینیەشدا شتێک نیە بە ناوى ئاسایشى مرۆیى یا ئاسایشى تاکەکان (هاووڵاتیان)،
بەڵکو ئەمە هەمووى دەکرێتە قوربانى بۆ، گوایە، ئاسایش و سەروەرى نەتەوە.
کەچى روانگە راستیەکە ئەوەبووە کە مەسەلە نە ئازادى نەتەوەیە و نەش
سەروەریەتى بەڵکو رێک و راست مەبەست پاراستنى دەسەڵات و درێژکردنەوەى
تەمەنى عەرشى دکتاتۆرە. لە راستیدا دکتاتۆر لە پێناو پاراستنى ئەو
عەرشە نەک هەر دەخوازێ تاکەکان لە ئازادییەکان بێبەش بکات بەڵکو، بە
لۆژیکى ئەو (واتە دکتاتۆر)، ترساندن و تۆقاندنى تاکەکان زامنى
وەدەستهاتنى ئەو هێمنى و ئاسیش و یەکڕیزییەیە کە گوایە نەتەوە
پێویستیەتى بۆ خۆپاراستن لە "هەرەشە دەرەکیەکان". ئەم لۆژیکە ساڵانێک
باڵادەست بوو لە ئەزموونى حوکمڕانى سۆڤیەتی پێشوو و سیستەمە
هاوشێوەکانیدا، وە هەر ئەو لۆژیکەش بووە کە بۆ ساڵانێکى زۆر باڵادەست
بووە لە حوکمڕانى رژێمە تاکڕەوەکانى جیهانى سێهەم و جیهانى عەرەبیدا.
بەم مانایە هەر ئەمڕۆ لە وڵاتى ئێمە دەسەڵاتدارانێک هەن هەڵگرى هەمان
ئەو کولتورە سیاسیەن کە لە رێگەى بەرهەمهێنانى بیرۆکەى بوونى هەڕەشەى
وەهمى بۆ سەر نەتەوە و وڵات وە بگرە ویناکردن و گوناهبارکردنى کارى
رۆژنامەوانى ئازاد و دەربڕینى وشەى ئازاد، وەکو ئەوەى کە بەشێک بن لە
هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشى نەتەوەیى، دەخوازن کۆمەڵگەیەکى داخراو و تاکێکى
تۆقیو بەرهەم بهێنن. لە راستیدا هەندێ لە دەسەڵاتدارانى باشوورى
کوردستان، هەر بەوە نەوەستاون کە میدیا و رۆژنامەوانى ئازاد بە هەڕەشە
لەسەر ئاسایش و هێمنیى ناوخۆى کۆمەڵگا بدەنە قەڵەم بەڵکو بەشێکیان، لە
سابیقەیەکى زۆر ترسناکدا، ئەو جۆرە میدیایەیان راستەوخۆ بە هەڕەشەى
دەرەکى ئیقلیمی و دەزگا سیخوڕیەکانى ئەو هێزە دەرکیانەوە پەیوەندیدار
کردوە. ئەوەى لەم لۆژیکە بەرهەم دێت حەڵالکردنى راستەوخۆ یا
ناڕاستەوخۆى خوێنى ئەکتەرەکانى ئەو رۆژنامەگەرى و میدیایەیە؛ هەر ئەو
لۆژیکەشە کە دەخوازێ پێمان بڵێ ئەوانەى بە پێى خواست و حەزى دەسەڵات
قسە نەکەن "جێگەیان لە کوردستان نابێتەوە"؛ بەمەش ترسناکى ئەو لۆژیکە
دەگاتە لوتکە !
وەڵامدانەوە بۆ ئەم لۆژیکە دەبێ نەک هەر دەرخستنى نادروستى
جیهانبینیەکە و رەدکردنەوەى بێت، بەڵکو دەبێ پێداگریش بێت لەسەر
ئەلتەرنەتیڤێک بۆ سەرلەنوێ پێناسەکردن و تێگەیشتن لە سەروەرى و ئاسایشى
نەتەوەیى. ئەم ئەلتەرنەتیڤە هى ئازادیخوازان و دیموکراسیخوازانە و
پێهەڵدەگرێ لە دوو بنەما و چمکى هاووڵاتیبوون (لە حاڵەتى ئێمەدا
کوردستانیبوون) و دیمۆکراسى. لە راستیدا، وە بە تایبەتى لە 20/30 ساڵى
دواییدا، لە زۆر لێکۆڵینەوەى بەرفراواندا پێداچوونەوەى رەخنەگرانە بۆ
چمکەکانى سەروەرى نەتەوەیى و ئاسایشى نەتەوەیى کراوە. لەم
پێداچوونەوەیەدا جخت لەسەر ئەوە کراوەتە کە هەر چەند هاوڵاتیان ماف و
ئاسایشى تاکەکەسى و ئازادیەکانیان پارێزراو بێت و تاک توانیبیەتى
دەربڕینى ئازادانە لە سەروەرى خۆى بکات و تاکەکانى نەتەوە لەسەر
بنچینەى سیستەمێکى دیمۆکراسى بەیەکەوە بەسترابنەوە ئەوەندە ئاسایشى
نەتەوە پارێزراوتر و خۆڕاگرتر و تەندروستتر دەبێ. بە مانایەکى تر
ئاسایشى نەتەوە لە کۆى ئاسایشى هاوڵاتیەکان پێک دێت وە ئازادى نەتەوەش
کۆى ئازادى تاکەکانیەتى لە رێگەى بەیەکەوە گرێدان لە چوارچێوەى
سیستەمێکى دیمۆکراسیدا.
لە لایەکى ترەوە لە دەرهاوێشتەى تراژیا مرۆیى و نەتەوەییەکەى سەردەشت
عوسماندا شتێک بەدیدەکرێ کە دەبێ بۆ کوڕ و کچانى وڵاتى ئێمە، هەڵبەتە
لە روى سیاسیەوە، "دڵخۆشکەر" بێت و بۆ ئەو دەسەڵاتدارانەى کە تا ئەمڕۆش
باوەڕیان بە تێرۆر و تۆقاندن هەیە جیگەى ترس و نیگەرانى بێت: دەلێم
دڵخۆشکەر بۆ کوڕان و کچانى وڵاتى ئێمە، چوونکە ئەو رووداوە
تراژیدیاوییە فرەڕەهەندە نەک هەر بۆتە هۆى توڕەبوون و بێزارى خەڵکى
کوردستان بەڵکو بۆتە هۆکارى جۆشوخرۆشدانێکى سەرنجراکێشى توێژە
جیاجیاکان هەر لە رۆژنامەنووسان و رەوشەنبیران و نوسەران و خوێندکاران
و . . . هتد، کە بە شێوەى جۆراوجۆر خۆى دەردەبڕێ، کە لە ئاراستە
گشتیەکەشیدا یەکانگیرە. بەم مانایەش تراژیدیایەکى مرۆیى بووەتە کەرەسەى
هەژان لە هوشیارى و ویژدان و هەڵوێستەى سیاسى بەکۆمەڵدا. . . لە
هەمووشى گرنگتر ئەوەیە کە ئەم جۆشوخرۆشدانە بە ئاراستەیەکى تەندروستدا
دەبێتە وزە و دەربڕینێکى داهێنەر بۆ رێگرتن لە تاریککردنى زیاترى ژیان
و روانگەى سیاسى ئەمڕۆ و سبەینێى وڵاتەکەمان. لەم جۆشوخرۆشانەدا
گوزارەش لە پەیامێکى گرنگ دەکرێ ئەویش ئەوەیە کە ئیتر خەڵکى کوردستانیش
هەر وەک خەڵکى ئۆکرانیا و جیورجیا و زۆر وڵاتى تر لە بەرامبەر
دەسەڵاتدارانێکى ملهوڕ و تێرۆرکردنى بیر و رادەربڕین و پێنووس و وشەى
ئازاد بێدەنگى هەڵنابژێرێ، بە ڵکو دەتوانێ هەروەک نەتەوە زیندوەکانى
جیهان لە رێگەى بزواندنى کۆڵان و شەقام و گۆڕەپانەکانى کوردستانەوە
سنوورێک بۆ ئەو دەسەڵاتدارانە دابنێت کە ئەمڕۆش باوەڕیان بە بەهاکانى
کۆمەڵگەى داخرا و تێرۆرکردنى پێنووس و وشەى ئازاد هەیە. لە لایەکى
ترەوە هەر ئەو راستى و ئەگەرانەن کە دەسەڵاتدارانى وڵاتى ئێمە لە
ناخیاندا دەتۆقێنن: دەڵێم دەتۆقێنن چونکە هەڵگرانى کولتورى سیاسى
دکتاتۆرى و باوەڕبوون بە پاراستنى دەسەڵات لە رێگەى تێرۆرەوە نەک هەر
هەڵگرى پرەنسیپ و مێتودى تۆقاندنى جەماوەرن، بەڵکو هەر خۆشیان زۆر لە
جەماوەر و هێزى بننەهاتووى دەترسن؛ هەر ئەوەشە رێک ئەو جەدەلەى کە
بوونى دکتاتۆرەکانى پێوە بەندە: دکتاتۆر دەتۆقێنێ چونکە خۆى لە ترس و
تۆقانێکى بەردەوامدا دەژى. ئاخر شێوازى تێرۆرکردنى سەردەشت عوسمان تا
بڵێى "ترسنۆکانە" بوو، لە راستیدا ترساندنێکى ترسنۆکانە بوو لە وشە و
پێنووسى ئازاد!
هەزاران سڵاو لە گیانى پاکى رۆژنامەنووس و خوێندکار سەردەشت عوسمان، کە
لە رێگەى تراژیدیاى قوربانیدان بە گیانى خۆى سەرلەنوێ دەرفەتى ئاخافتن
دەربارەى وە هەڵوەستەکردن لە مەسەلەگەلێکى زۆر گرنگ وەک ئازادى
رادەربڕین و کێشەى ئازادییەکان بە گشتى بۆ کوڕان و کچانى وڵاتەکەى
رەخساند. ستایش بۆ ئەو روحە کە لە رێگەى نەمانیەوە دەروازەیەک بۆ
مەسەلەى بوونى نەتەوە و گوزارەشکردن لە کێشەکانى، لە رەهەندەکانى
رابردوو و هەنووکە و داهاتوویدا، کرایەوە؛ دەروازەیەک کە لە رێگایەوە
ئیرادەى بەرگریکردن لە دەنگ و پێنووسى ئازاد بە جوانترین و پڕ ماناترین
شێوە خۆى دەنوێنێ.
گرنگە دەسەڵاتدارانى باشوورى کوردستان ئەوە بزانن کە ئەمڕۆ نەک هەر
روحى سەردەشت عوسمان بە تەنیا نیە بەڵکو هەموومان سەردەشت عوسمانین...
10\5\2010
www.burhanyassin.com
burhanyassin@hotmail.com
ماڵپهڕی د. بوڕهان یاسین
|