تەمەنی منداڵ و یاسایەکی لاستیکی.
یاسین برایم
لە یەکێک لە رۆژنامەکان هەوالێکی سەیرم بەرچاو کەوت لە سەر لەدایک بوونی جمکەیەک ، بەڵام یەکێک لەم جمکانە ساڵێکی خوێندنی بە فیرۆ دەروات و حکومەت لە قوتابخانەی وەرناگڕێت.بەپێی سیستەمی خوێندنی وڵاتی ئەلمانیائەو منداڵەی دەچێتە قوتابخانە دەبێت تارۆژی 31 ئاب تەمەنی ببێتە چوار ساڵ .. ئەم ژنەش منداڵی یەکەمی لە کاتژمێر50_11 دەقیقە شەولە دایک دەبێت و منداڵی دووەمیشیان پاش 45 دەقیقە لە دایک دەبێت لە هەمان نەخۆشخانەو هەمان قەروێلەو لە ژێر چاودێری هەمان پزیشک . بەڵام منداڵی دووەم رۆژی لەدایک بونی دەبێتە یەکی ئەیلوول بۆیە لە قوتابخانە وەرناگیرێت ،جیاوازی لە دایک بوونی منداڵی دووەم لەگەڵ هی یەکەم 35 دەقیقەیە کە کەوتۆتە رۆژی دواتر.حکومەت ئەم یاسایەی داناوەو هەموو کەسیش پابەندیەتی.دایک وباوکی ئەم جمکەیە بۆ بەرژەوەندی منداڵی دووەم بەنیازن وڵاتی ئەلمانیا بەجێبهێلن و رووبکەنە وڵاتی ئیسپانیا ، کە سیستەمی خویندنی ئەم وڵاتە جیاوە. لێرە ئەم دایک و باوکە ناتوانن بڵێن تەمەنی ئەم منداڵە هەڵەیە، چونکەحکومەت لە نەخۆشخانە راستەوخۆ لە دایک بونی منداڵ بە دەقیقە تۆمار دەکەن.
ئەگەر ئێمە بە ویژدانەوە ئەم نمونەی سەرەوە بەراودبکەین لە گەڵ وڵاتی خۆمان ئاسمان وڕێسمان لە یەک دوورن. بەگویرەی سیستەمی خوێندنی کوردستان منداڵ ئەو کاتەی لە قوتابخانە وەردەگیرێت تەمەنی بگاتە شەش ساڵ دوا رۆژ بۆ وەرگرتنی قوتابی کۆتایی کانوونی دووەمە، ببێتە یەکی شوبات قوتابی وەرناگیرێت . لەم وڵاتە دایک وباوکی قوتابی بەم بریارە رازی نابێت چوار پێنج مانگیشی مابێت و گوێ بە بریارو یاسای حکومەت نادات و بەنوسراوێک دەچێتە دادگاو بە شاهیدی بە دڕۆلە لای دادوەر تەمەنی منداڵ بە ئارەزووی خۆی گەورەدەکات ، تالە قوتابخانە وەردەگیرێت . باوەرناکەم لە دوای راپەرین تەمەنی هیچ منداڵێک بە هەڵە نوسرابێت ، باوکی قوتابی و دادوەرو حکومەت باش ئەمە دەزانن ، کەچی یاسا لە بەردەم باوکی قوتابی دەبێتەلاستیک و ئەویش بە ئارەزووی خۆی رایدەکێشێت .
ئەمساڵ یازدە ساڵە (ئەلف وبێی )پۆلی یەکەمی بنەڕەتی دەڵێمەوە. هیچ ساڵێک لە 40 قوتابی کەمترم نەبووە، لەم ژمارەیەش ساڵانە نزیکەی پێنج قوتابی لەم جۆرەم هەبووە تەمەنیان گەوەرە دەکرا . لە لایەک ئەمانە دەبوونە بارگرانی بە سەر قوتابیان و گیرۆبوونی پڕۆگرام و قەلەباڵغی پۆل لە لایەکی تر لەرووی خوێندن و ئاستی زانستیان لاواز تردەبوو، چونکە ئەم منداڵە لە رووی جەستەو زمان و ئەقل و هەستەکان بە تەواوەتی پێنەگیشتوون، دڕەنگتر لە وانیتر فێر دەبن. ئێستا ئەم دیاردەیە رووی لە گەشەسەندن کردووە ، باوکی قوتابی بە ئارەزووی خۆی گاڵتە بە تەمەنی منداڵی خۆی دەکات و گەورەی دەکات. بەتایبەتی لە دوای بریاری وەزارەتی پەروەردە ، کە نابێت قوتابی لە پۆلی یەکەم بمینێتەوە دەبێت دەربچێت. لێرەش باوکی قوتابی رێگای بۆ خۆش دەکرێت ئەویش ناهێڵێت ئایندەی منداڵەکەی دوا بکەوێت و پەنا بۆ ئەم کارە دەبات.بۆیە پێشینار دەکەم وەزارەتی پەروەردە بەم بریارە دابچێتەوە و چیتر نەهێلێت تەمەنی منداڵ بۆ خویندن گەورە بکرێت و رێگا چارەیەکی تر بدۆزێتەوە . لەم بریارە قوتابی خراپ و ئاست نزم دێنێتە بەرهەم ، ئەگەر بناغەمان بەم شێوەیە بێت ئەوا ئایندەمان خراپتر دەبێت. بۆیە گەورەکردنی تەمەنی منداڵ بە گەندەڵیەکی پەروەردەی دەزانم ، کە باوکی قوتابی ئەم کارە دەکات و دادگاش ئاسانکاری بۆ دەکات و پەروەردەش لەم یاسایەچاوپۆشی دەکات. ئەگەربیتو وەزارەتی پەروەردە لیژنەیەک دروست بکات و سەردانی دادگایەکانی شارەگەورەکان و قەزا و ناحیەکان بکات ئەوجا دەزانی چەند هەزار قوتابی ساڵانە تەمەنیان گەورە دەکرێت. ئەمەش کارەساتێکە ئەگەر فریای نەکەوین ئەوا هەرکەس لە لای خۆی تەمەنی منداڵ گەورەدەکات و قوتابخانەکانیشمان پر دەبیت لەم جۆرە قوتابیانە ئەوکاتەش ئێمە ناچادەبین قوتابخانەکان بکەین بە باخچەی ساوایان!!
|