١٦\١٠\٢٠١٤
تورکیا و شەقی
زەمانە.

مەهدی خالید خەمبار
هەر ملدانەخەتێک لە دەرەوەی ویستی (بنەماڵە، حیزب، هێز، ووڵات) ێک لە
بەزۆر بڕیارپێدان و واژۆکردنی پەیماننامەی ئاشتی و شەڕ یان ناچار بە
بەشداریپێکردن لە هاوپەیمانێتیەک لەژێر گوشار و گوشارێکی دەرەکیدا هەمو
ئەمانە بە شەقی زەمانە ناوزەددەکرێت.
حکومەتی تورکیا لە زۆر کات و سەردەمدا ئەوەندەی بۆی لوابێت و پێیکرابێت
سڵی لە دژایەتیکردن و سەرکوتکردنی ئێمەی کورد نەکردۆتەوە، بەڵام زۆر
کاتیش با بە پێچەوانەی ویستی گەمێکەیانەوە هەڵیکردوە و زۆرجاریش پاشەڵی
تورکیا کەوتۆتە بەر شەقی زەمانە.
لێرەدا باس لە چەند مێژویەک دەکەم کە تورکیا ڕۆڵێکی شەڕانگێزانەی
تیایاندا گێڕاوە و هەمیشەش ویستویەتی ئەو دەستەبێت کە ڕۆڵی لە
سەرکوتکردن و دامرکانەوەی هەر دەنگ و کیانێکی کوردی لە هەر شوێن و
سەردەمێکدا کە بۆنی هەبون و دامەزراندنی کردبێت بگێڕێت.
١- ڕاپەڕینی خەڵکانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١
کە ئازادکردنی بەشێک لە خاکی کوردستانی باشوری لێ هاتە بەرهەم،
قۆناخێکی نوێ لە ناوچەکە دەستیپێکرد، ناوچەی دژەفڕین لە باشوری
کوردستان لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانەوە دامەزرا، کورد توانی
حکومەتی خۆجێی دابمەزرێنێت. حکومەت و پەڕلەمانی کوردی دروست کران ،
تورکیا بەرلە ناچارکردنی بە بون بەبەشێک لەو هاوپەیمانێتیەی ئەمریکا و
هاوپەیمانان و ڕێگەدان بە دروستکردنی بنکەی ئەنجەڕلیک و بەکارهێنانی لە
لایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمانانەوە ، زۆر لە هەوڵەکانی خستە خزمەت
هەڵوەشانەوەی کۆدەنگی ووڵاتان لە پشتیوانی گەلی کورد ، هەر وەکو ئەوەی
لە لە پەیماننانەی لۆزانی ١٩٢٣ دا بۆی هاتەدی ، بەڵام ئەمجارەیان نەک
هەر هیچی پێنەکرا بەڵکو پەلکێشی دانپێنان بە واقیعێکی تاڵیان کرد کە
هەرگیز بیریان لێ نەکردبۆوە و نەیاندەزانی ئەو زمانەی لە وتنی
کوردستاندا لاڵ بوو، دێتەگۆ ، سەرباری ئەوەش ناچار بەوەشکرا کە دەبێت
وەک حکومەتێکیش مامەڵە لە تەک حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بکات.
٢- لە پرۆسەی ئازادکردنی عێراقیشدا کورد وەک
هاوکارێکی هاوپەیمانیەکە بڕیاری بەشداری لە پرۆسەی ئازادکردنەکەدا دا،
لە ئازادکردنی شاری کەرکوکی کوردستانی لە لایەن هێزەکانی یەکێتی
نیشتیمانی کوردستان و لایەنەکانیتر و هاوپەیمانانەوە جارێکیتر تورکیا
دوچاری هیستریا و ژان هاتەوە ، چونکە کەرکوک چەند بە لای کوردەوە پیرۆز
و گرینگ و ستراتیجیە ، لە خەیاڵدانی تورک و لە حیساباتیدا هێڵی سورە ،
بەڵام دیسان لەژێر کاریگەری نەبونی هاوهەڵوێستی و پشتیوانی نێودەوڵەتی
، جارێکیتر پاشەڵی خۆی بە بەر شەقی زەمانەوە بینیەوە.
٣- لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کوردستان،
تورکیا کە پێشتر لە لایەن پارتیەوە وەک تاکە دۆست و فریادڕەس حیسابی بۆ
دەکرا و متمانەکانی لەسەر هەڵچنیبوو ، پاش نزیکبونەوەی چەتەکانی داعش و
هەتیوەکانی سەدام لە هەولێری پایتەخت ، ئەوسا تورکیایەکی بێدەمامکیان
بۆ دەرکەوت، کە هاوکار و یارمەتیدەرێکی سەرسەختی داعشەکانە، تورکیا
تەمەنای ئەوەی دەکرد کە ئەوەی ئەو دەبوو بەم دەست و بازوانەی خۆی تێکی
بشکێنێ کە کەلەپچەی شەقی زەمانە شەتەکی داون داعشەکان بۆی تەفر و تون
بکەن! لەم هەوڵەشدا تورکیا شکستیخوارد و بەپێچەوانەوە بۆ لێدانی ئەم
گروپە تیرۆرکارە و گەیاندنی کۆمەکی سەربازی و مرۆیی بۆ کوردستان
هاوپەیمانێتیەکی نێودەوڵەتی بەرفراوان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا پێکهێنرا.
ئەوەش هەمومان لە سەر ئەرزی واقیع دەیبینین ، بەڵام ئەوەی ناڕونبێت
تائێستا پاشەڕۆژ و دوا ئامانج لە دروستکردنی ئەم داعشە ڤایرۆسیەیە کە
لە ئێستادا گەلی کورد و کوردستانی داوەتە بەر شاڵاوی هێرش و
پەلامارەکانی !! هەروەها لەبەرامبەریشدا دوا پلان و نەخشەی ئەم
گەلەکۆمەکیە نێودەوڵەتیە دەبێت چیبێت ؟؟ تۆبڵێی بۆ کورد خێر و
بەرەکەتێک بێت و بڕژێتە سەر وڵاتەکەماندا و ئیتر لە دواساتەکانی
کۆیلەیی و ژێردەستەیی و چەوسانەوە نزیک بوبینەوە یان ئەوەتا
هەرێمەکەمان دەبێتە چەقی یەکلایی کردنەوەی کێشەی وڵاتانی ئیقلیمی و
نێودەوڵەتی و سەرەنجام خۆمان و نیشتیمانەکەمان ببینە سوتەمەنی ئەو شەڕە
!؟؟؟؟؟؟
لە بابەتێکی تایبەت و دوابەدوای ئەم نوسینەم باسی ئەو شەقی زەمانەیە
دەکەم کە تورکیا بەریکەوت لە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و کۆبانێ!!؟؟
m.zerdeshti@gmail.com
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|