په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١٠\٢٠١٤

تورکیا خەریکە نانی شوان دەخوا.


مەهدی خالید خەمبار

 

بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان ٣ ساڵ بەڕێدەکات، بەرخۆدانێکی خوێناوی لە دژی چەندین گرۆپی توندڕەی پڕچەکی تیرۆرستی عەرەبی (بەرەی نوسرە و دەوڵەتی ئیسلامی لە شام و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ''داعش'') درێژەی هەیە، باشوری ووڵات، سەرباری توانا سەربازی و ئابوریە زۆرکەی، مەخابن (مقی لە خۆ بڕیبوو) ئەو ئاگرەسوورەی بەدور لەخۆ دەبینی، هیچ (هەستێکی مرۆڤایەتی و ئەخلاقی و نەتەوایەتی و میژویی) تیا نەبزوا! پێچەوانەی بەهاناوەچوون و ئامێزبۆگرتنەوە بۆیان دەستکرا بە تۆخکردنەوەی سنوورە دەستکردەکان و خەندەق و ساتر لێدان لە بەردەم هاتنەژورەوە ئەو ئاوارانە کە لە دەستی ڕەشەکوژی تیرۆرستان ڕویان تێدەکردین. دوای دەسبەسەراگرتنی موسڵ و شەنگال و زومار،و چەند ناوچەیەکیتری باشور لە لایەن چەتەکانی داعشەوە، ئێدی مەترسی لەدەستدانی هەرێم هاتە ئاراوە، هاوکێشەی هێز گۆڕا بەجۆرێک کە ئێدی (پەیەدە وەک هێزێکی سیاسی کوردستانی و یەپەگە و یەپەژە وەک دوو هێزی سەربازی ئەم حیزبە خەباتگێڕە سەرباری باری قورسی سەرشان ناتوانن بێدەنگی هەڵببژێرن، هەر زوو کەوتنە مشوری ئەم دۆخە سەربازیە نەخوازراوەی لە باشوردا قەوما هەربۆیەش بڕیاری یەکلایەنەی ناردنی هێزیدا و فریای ئەو کۆمەڵکوژیە کەوت کە چەتەکانی داعش و هەتیوەکانی سەدام دەیانویست بەسەر براو خوشکانی یەزیدیدا بیهێنن، توانیان بەر بە پێشڕەوی ئەو هێزە بگرن کە دەیانویست لە ئەنجامی شکانی هێزی پێشمەرگەدا چیای شەنگال کۆنترۆڵ بکەن و ئەنفالێکیتری کوردی تیا ئەنجام بدەن)؟

بەشداری و هەماهەنگی شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژە لە گەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە باشوری ووڵات ئامانجگەلێکی گرینگ و پیرۆزیان پێکا.

پەیەدە وەک هێزێکی نەتەوەیی توانی دەستپێشخەری لە کردنەوەی کۆمەڵێک گرێکوێرەی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ، لەوانە خۆیان و پارتی دیمکرات و پەکەکە و پارتی ، خۆیان و لایەنەکانی تری ڕۆژئاوا کە خەریکبو بە ئاقارێکی مەترسیداردا دەڕۆیشت ، ئەم هەنگاوی ئاشەتەواییە پێشوازیەکی گەرمی لێکرا. پەیەدە و هێزە سەربازیە تێکۆشەرەکانی توانیان ئەو سنورە دەستکردانەی دوژمنان ببەزێنێت کە هەم بۆ دابڕانمان لە یەکتر و دروستکردنی ئاژاوە دروستکرابون تا بتوانن لە سیاسەتی (پەرتکە زاڵبە) سودمەندبن.

ئەم هێزە توانی لە ئان و ساتێکی هەستیار و چارەنوسسازی ئەوتۆدا ڕۆڵی فریدڕەسی ببینێت کە هەم ئاوارە دەورەدراوەکانی چیای شەنگال خەریکبو ڕوبەڕوی جینۆساید و ئەنفالێکی گەورە دەبونەوە و هەمیش ئازادکردنەوەی مەخمور و هەم زۆر بەرەی شەڕ و بەرانگاربونەوەیتر پێویستی پێیان بوو.

کاریگەری لە سەر ڕوخانی ورەی داعشەکان و تێکشکاندنی پیلانە نەگریسەکەیان دانا.

بەقەد ئەوەی کاریگەری لەسەر بەرزکردنەوەی ورەی پێشمەرگە دانا ، دوو ئەوەندەش لەسەر جۆشدانەوە و گەشانەوەی هەستی نەتەوایەتی لە ناخی تاکی کوردا، هەر بۆیەش ڕۆڵەکانی کورد سەرباری ڕژاندنە سەرشەقامەکان لە باکور و باشور و ڕۆژهەڵات، هاوکات ڕەوەندی کوردیش لە تەواوی وڵاتانی دونیا دەستیان بە خۆپیشاندان و ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر کرد، یەکەم جاریشە بەم ئەندازەیە کورد توانیبێتی بەیەک ئیرادەوە ڕوبەڕوی دوژمنانی ببێتەوە.

پێویستە بۆ یەکڕیزی و یەکخستنی تواناکانمان سود لەم هەڵوێستە پڕبەرپرسیارێتیەی ( پارتی یەکێتی دیمکرات و هەردوو باڵە سەربازیەکەی یەپەگە و یەپەژە ) وەربگرین و بیکەینە بەردی بناغەی قۆناخێکی نوێ و سەرەتایەک بۆ ئەم مێژوە ڕەنگینە کە لێرەوە نوسینەوەی دێرەکانی بە خوێنی شەهیدانمان دەستپێدەکات.

نابێت ڕۆڵی جوامێرانەی هێزەکانی ( پەکەکە و حدک و حدکا و کۆمەڵە و هەمو هێزە سیاسی و پێشمەرگەکانی باشور و باکور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ) لەبەرچاو نەگیرێت کە هەمویان هاتنە هانای باشوری وڵات و ئەزمونی حوکمڕانیەکەی.

دەبێت دەستخۆشی لەو هەوڵ و کۆمەک و گەلەکۆمەکیە نێودەوڵەتیە بکرێت کە ئەمڕۆ لە گەلی کوردستان و باشور و ڕۆژئاوا دەکرێت و پێگەی سیاسی و سەربازی گەلی کوردی بە ئاستێکی ئێجگار دڵخۆشکەر گەیاندوە.

پێنج هەفتەیە شەڕو بەرخۆدانێکی ڕیکۆردشکێن لە کۆبانێ درێژەی هەیە، ئەوەی کچ و کوڕە شەڕڤانەکانی یەپەگە و یەپەژە تۆماریان کردوە مێژو هێشتا تۆماری نەکردوە

هەرێمی کوردستان بەداخەوە لە ئاستی بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆیدا نەبوو ، زۆر بە درەنگانەوە بەخۆ کەوت.

لە ڕۆژئاوا نەک هەر توانرا بەشێکی خاکی نیشتیمان ئازاد بکرێ بەڵکو ژمارەیەک کانتۆنی خۆجێێش هاتە چێکردن ، دامەزراندنی ئەم کانتۆنانە تورکیای هەراسانکردوە، جێیداخە لە لایەن سەرۆکایەتیەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە دانیان پیانەنراوە، تورکیا ویستی بە دەستی داعش لێرە ئەم دومەڵە لە سەر دڵی لاببات، بەڵام بێئاگا لوتیان بە شاخێک لە ورەو و بەرخۆداندا تەقیەوە ، دوای چڕبونەوەی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ و زیاتر خوێناویبونی شەڕەکە، توندی ڕوبەڕوبونەوەکانی یەپەگە و یەپەژە و نابەرامبەری هێز و درێژەکێشانی شەڕەکە و پاش سرەواندنی گورزی گورچکبڕ لە لایەن شەرڤانانەوە لە داعش و پاش تێپەڕاندنی ٣٥ڕۆژ لە مقاوەمەتێکی ئازایانەی بەردەوام و ڕێگری لە پێشڕەوی داعش بۆ داگیرکردنی کۆبانێ ، بەڵام لە ژێر کاریگەری کەمبونی چەک و ئازوقەی شەڕ توانی باڵانسی شەڕ هێدی هێدی بە قازانجی داعش لە نزیکبونەوە لە کۆبانێ بشکێتەوە . بەڵام دواتر بە مەبەستی بەرگرتن لە ڕودانی کارەساتێکیتری مرۆیی و کۆمەڵکوژیەکیتری هاوشێوەی شەنگال وای لە ئەمریکا و هاوپەیمانان خواست کە وەشاندنی گورزە سەربازیەکانیان لە داعش خاکی سوریاش بگرێتەوە . هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر بەم تراژیدیایەش و پاش گەیشتنی داعش بە هەندێ لە گەڕەکەکانی کۆبانێ ، هێشتا تورکیا لە دورەوە ڕۆڵی تەماشاکەر دەبینێت

لە ئیمرالیەوە ئۆجەلان دوا وادەی ئاشتی کە ١٥ ئەم مانگەبو دا بە تورکیا ، سەرهەڵدان و هەلوێستوەرگرتنی کوردانی باکور دژ بە حکومەتەکەی ئەردۆغان تەواوی شارە کوردنشینەکانی گرتەوە ، شەهیدکردنی خۆپیشاندەران خەڵکی کوردی پەستر و توڕەتر کرد ، فشارەکانی ئەمریکا و ناتو لەسەر تورکیا ڕویان لە هەڵکشان و توڕەیی کردوە ، داوای یەکلاکردنەوەی هەڵوێستی ڕەسمیان لە تورکیا کرد ، تورکیا لەوە حاڵی بو کە ئیتر ناتوانێت لەمەزیاتر ڕکە بکات و خۆی چیڕ بکاتەوە ، هەستی بە گەمارۆدان و گۆشەگیرکردن کرد و بۆیە ناچار ملی دایە خەت و ئامادەیی نیشاندا تا بنکەی ئەرجەرلیک لە لایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمانانەوە بەکاربهێنرێت و سنوریش بەڕوی خەڵکاندا بکاتەوە بۆ گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری بۆ کۆبانێ ، دواتر داوای زیاتر لە تورکیا کرا کە دەبێت خۆی لە نێو هاوپەیمانەتیەکەدا ساخ بکاتەوە ، سەرباری خۆ لەگێلدانی بەردەوام و خۆدزینەوە لە چونی کرداری بۆ نێو ئەم هاوپەیمانێتیە ، بەردەوام داعشەکانی پڕچەک دەکرد و ڕەوانەی

رۆژئاوای کوردستانیانی دەکرد.


لە ئێستادا تورکیا دەستی کەوتۆتە بن بەرێکەوە کە دەرهێنانی ڕەنگە ئەوەندە سانا نەبێت!؟ بڕیاری دوژمنایەتیکردنی داعش لە لایەن حکومەتەکەی داود ئۆغلۆوە، داعشەکانی ناو ماڵەکەی خۆی کێشەی بۆ دروست دەکەن !! ئەگەریش لەدەرەوەی هاوپەیمانێتێکەشدا کاربکات ، ئەوجا گۆشەگیری دەستپێدەکات و دەبێت هەر بڵێت (هەر خۆم مامەوە هەر خۆم مامەوە). لە ئێستادا بڕیاری ئەوەی داوە کە بهێڵێت هاوکاری سەربازی لە خاکەکەیەوە بگەێنرێتە سوریا کە جاران خۆی بە ئارەزوی خۆی دەینارد و بۆ دۆستەکەی خۆی داعش دەینارد، ئەمجارە هەر چەک و هێز دەڕوات لە خاکەکەیەوە، بەڵام بۆ نەیارەکانی خۆی و دۆستەکەشی.

ئای شەقی زەمانە.. تورکیات سڕکرد بەم ژانە
کردوتە بەو بزنەی.. حەزی لە نانی شوانە.

 

m.zerdeshti@gmail.com

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک