په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

عوسمان ئۆجەلان :

 

- سەرۆک ئاپۆ رۆژیک لەگەڵ هێڵى چەپ بوو،رۆژێک لەگەڵ هێڵی نەتەوەیى،سیاسەتێکى جێگرى نەبوو .

- باشوورى کوردستان بۆ ئێمە، قیبلەى ئازادى کورده‌ .

- لەناو پەکەکەدا مافى مرۆڤ نەبوو، لە جێگەیەکیشدا مافى مرۆڤ نەبێت دیموکراسى نابێت .

- تا پەکەکە خۆى نەگۆڕێت ناگەڕێمەوە ناوى .

- من سیاسەتمەدارێکى پەکەکەیى سەربەخۆم .

- نەئەتاتورک نەسلێمان دیمریل نەئەجەوید هیچیان منداڵیان نەبووە، بۆیە سیاسەتى کۆمارى تورک ئاوا بێ رەحمانەیه‌ .

- کە کورد بندەستە لە بەر ئەوەنییە کەم شەڕى کردووە، بەڵکو کەم سیاسەتى کردووه‌ .

- پەکەکە دەیگوت تەنها رێگەى ئێمە راستە هێزەکانى تر هەمووى هەڵەن .

- ئاپۆ کەسێکى پراگماتییە .

- لەناو پەکەکەدا ئازادى تاکەکەسى نییە .

 

دیمانە و فۆتۆ: کەریمۆک

 

کەلەڕێى تەلەفۆنەوە قسەم لەگەلڕ عوسمان ئۆجەلان کرد، وێڕاى زەحمەتى لە تێگەیشتن لەیەکترى بەهەر شێوەیەک بوو کاتى چاوپێکەوتنەکەمان دیارى کرد، وێنەى ئەو لە خەیاڵی مندا هەر ئەو مرۆڤە شۆڕشگێرە بوو، کە لەسەر شاشەى میدیا تیڤیدا بەسەعات و دووسەعات شرۆڤەى بارودۆخی سیاسی دەکرد، هەر بۆیە لەخەیاڵی خۆم وام هزر دەکرد بە جلوبەرگى پێشمەرگایەتى پێشوازیمان لێ دەکات، بۆن و بەرامى شاخ و شۆڕشى لێ بێت، بەڵام ماڵەکەى نۆرماڵ و سادەبوو، سەیرم پێ هات کە مرۆڤێکى رادیکاڵی سەرسەختى 10 ساڵ لەمەوبەر، لە شاخ نیمچە ئیمپراتۆرێک بوو، ئەمڕۆ لە ماڵێکى ئاوا سادە بە بیًَ کارى سیاسی دابنیشێت، تۆ بڵێی چ هێزێک واى لە عوسمان ئۆجەلان کردبێت، ئەو هەموو سەڵتەنەتە بگۆڕێتەوە بە گۆشەگیربوون لە خانوێکى 200مەترى گەڕەکێکى کۆیە، رێکۆردەرەکەمان داگیرساند و لێم پرسى، دواى چەندین ساڵ خەبات و بەرخودان و گەریلایى دژى دەوڵەتى تورک،عوسمان ئۆجەلان ئێستا سەرقاڵى چییە؟ لەوەڵامدا گوتى: "من ئێستا سیاسەتمەدارێکى سەربەخۆم، حزبى نیم و رێکخستنم نییە، پێم وایە دەتوانم زیاتر بەسەربەخۆیى و بێلایەنى خزمەتى نەتەوە بکەم. وەک پێزانینێک لەساڵى 1976 دەست بەسیاسەت کردووەو تا هاتمە ناو پەکەکە سیاسەتى حزبیم کردووە، خۆشەویستیم هەبووە بۆ خەباتى سیاسى،خەباتى دیبلۆماسى، خەباتى عەسکەرى، لە ماوەى ئەم ساڵانەدا لەخزمەتى نەتەوەدا بوومە، لە لەشکرێک زیاتر خەباتم کردووە، لە رابردوودا باوک و باپیرى ئێمە شەڕیان زۆر کردووە، بەڵام کێشەى کورد شەڕ کردن نییە، کە کورد بندەستە لە بەر ئەوە نییە، کە کەم شەڕى کردووە، بەڵکو کورد کەم سیاسەتى کردووە، ئێمە خۆشمان زۆرتر شەڕمان کردووە نەک سیاسەت، کە لەشۆڕشدا تێگەیشتم، گوتم ببم بەکادرێکى سیاسى یان عەسکەرى، بینیم کە کورد پێویستى بەسیاسەت زۆرترە، بۆیە زیاتر گرنگیم بەخەباتى سیاسیدا، بەڵام تا ساڵى 2004 لە ناو پەکەکەدا حزبیانە سیاسەتم دەکرد، کە ئەو حزبە خزمەتێکى زۆر گەورەى کرد، دوژمنى هەرە گەورە دەوڵەتى تورکیایە، پەکەکە دژى ئەو دەوڵەتە شەڕى کرد، ئەگەر ئەو بەرگرییەى نەکردبایە پێموانییە دەسکەوتى گەورە لەبەشەکانى ترى کوردستان بەدەست هاتبا، شەڕکردنى پەکەکە لەگەڵ دەوڵەتى تورک یارمەتى ئازادکردنى باشوریشیدا،ڕاستە هەندێک شەڕى ناوخۆ دروست بوو، زەرەرى بوو.

 

عوسمان ئۆجەلان ئێستا لەشارى کۆیە دەژى، ماوەیەکە وازى لەپەکەکە هێناوە، بەڵام خۆى بەسیاستمەدارێکى پەکەکەیى دەزانێ و هەمیشە تەلەڤزیۆنەکەى لەسەر کەناڵى رۆژ تیڤییە، هێمنى و ئاسودەیی خێزانێکى ئاسایی لەماڵەکەى بەدى دەکرا، لەکاتێکدا ئەو لەناو پەکەکە پێگەیشتووە، پێکەونانى خێزانیش لای ئەندامانیان قەدەغەکراوە، گریانى منداڵ و رازاوەیی و پاک وخاوێنى و زەوقێکی ماڵدارى بەدى دەکرا، چۆن ئەمە لەگەڵ ئەو رابردووەى پێشترى یەکدەگرێتەوە، عوسمان ئۆجەلان وەڵامێکى سیاسیانە دەداتەوە و دەڵێ:" دەسەڵاتدارانى تورک هەر لە ئەتاتورکەوە تا دیمریل و ئەجەوید. هیچیان منداڵیان نییە بۆیە سیاسەتى کۆمارى تورکیا وا دڵڕەق و بێ ڕەحەمانەیە، بوونى منداڵ سەروکانى بەزەیی و ویژدانە.

 

عوسمان ئۆجەلان براى بچووکى عەبدوڵڵا ئۆجەلانە و چەند ساڵێک پێش ئێستا لەسەر هەندێ کێشەى سیاسی و حزبی لە پەکەکە جیابووە، ئەم جیابوونەوەش بووە جێگەی سەرنجى میدیاکان، لەمبارەیەوە پێیگوتین:"ساڵى 2004 کە سەیرم کرد سیاسەتى پەکەکە زۆر خزمەت بە کورد ناکات، چونکە پێویست بوو کورد یەکگرتوو بێت، کورد بەرەو ئاڕاستەیەک هەنگاوى دەنا، پەکەکە بەرەو ئاڕاستەیەکى تر کارى دەکرد، بۆ نموونە کاتێک پێویست بوو بزووتنەوەى رزگاریخوازى کورد لەگەڵ ئەمریکا رێک بکەون، پەکەکە دەیگوت نا من سەربەخۆ کار دەکەم، پەیوەندیم بە ئەمریکاوە نییە. لەکاتێکدا دەبوو دروشمێک بەرزکرابوایەوە بۆ برایەتى و یەکێتى لەنێو کوردان، هەموو لایەک بۆ بزووتنەوەى نەتەوەیى کارمان کرد با، سەرکەوتنى هەر لایەک سەرکەوتنى ئەویتریشە، پەکەکە دەیگوت تەنیا رێگەى ئێمە راستە، هێزەکانى تر هەمووى هەڵەن، کوردستانى تورکیا، ئێران، عیراق، سوریا، هەمووى هەڵەن بەس ئێمە راستین، بەس سەرۆکى پەکەکە راستە، ئیدى هەمووى هەڵەن، ئێمە پێمانگوتن ئەوە فیکرێکى دروست نییە، ئەمەش سیاسەتێکى باش نەبوو، چونکە کە سەدام رووخا ئەو رۆژە بووە جەژنى کورد، رزگارکردنى باشورى کوردستان بۆ ئێمە قیبلەى ئازادى کوردانە، لەبەر ئەم شتانە من پەکەکەم بەجێهێشت. بەڵام دوژمنى پەکەکە نییم،پێم باش بوو وەک سیاسەتکارێکى سەربەخۆ کار بکەم و ڕێزى هەموو لایەک بگرم، رەخنە بگرم، چونکە دوژمنایەتى ماف نییە، بەڵام رەخنە گرتن مافە. من دۆستایەتى هەموو حزبەکان دەکەم و سەربەخۆشم، لەناو پەکەکەدا دوو هێڵ هەبوو، هێلى سوسیالستى بوو چەپ،کە ئێستا لەجیهاندا سۆسیالست و چەپ رەواجیان نییە. هێڵى دووەم نەتەوەیە، ئێمە سەرۆکایەتى بەشى نەتەوەیمان دەکرد، کەسێکیتر هەبوو تورک بوو، سەرۆکایەتى هێلى چەپى کرد ."

 

هەر لەچوارچێوەى ئەو دووهێڵە فیکرییەى ناو پەکەکەدا هەبوو،پرسیارێکمان لە بارەى مەیانەى سەرۆک ئاپۆ لێکرد، ئۆجەلانى بچوک گوتى: "سەرۆک ئاپۆ رۆژیک لەگەڵ هێڵى چەپ بوو، رۆژێک لەگەڵ هێڵی نەتەوەیى، سیاسەتێکى جێگرى نەبوو، ئاپۆ کەسێکى پراگماتیستە و بەپێى بەرژەوەندییەکان رەفتار دەکات، بەڵام دەتوانم بڵێم لەکۆتاییدا لە هێڵى چەپ خۆى دەبینییەوە. لەناو پەکەکەدا ئازادى تاکەکەسى نییە، هەروەها لەناو پەکەکەدا مافى مرۆڤ نییە، لەجێگەیەکیشدا مافى مرۆڤ نەبێت دیموکراسى نابێت، ئێمە گوتمان دەبێت مرۆڤ ئازاد بێت، چۆن دەبێتە پەکەکە، ئاواش دەبێت ئازاد بێت کە واز دەهێنێ ."

 

عوسمان ئۆجەلان و هاوەڵەکانى دواى ئەوەى لەپەکەکە جیابوونەوە، پارتى وڵاتپارێزى کوردستانیان پێکهێنا، ئێستا ئەو حزبە بێ دەنگە و هیچ چالاکییەکیان نییە، بۆ ئەم لایەنەش روونیکردەوە و گوتى:" ئێمە کە لە پەکەکە جودا بووینەوە، 18 ئەندامى سەرکردایەتى پەکەکە بووین، کە هەندێکیان لەدامەزرێنەرانى پەکەکە بوون، بۆ ئەوەى هەڤاڵان پەرت نەبن و هێزێکى تازە چێبکەین، سەرەتا دوو بیرۆکە هەبوو، لایەک دەیگوت با ئێمە جارێ دان بەخۆمان بگرین و چاوەڕوان بین ، لایەکى تر دەیگوت، حزبێک دروست بکەین و بزاوێکى تازە چێبکەین، ئەوە بوو بیرۆکەى دووەم سەرى گرت، لەئابى 2005 دا ئێمە کۆبووینەوە کەچل کادر بووین، لەدەرەنجامى گفتوگۆدا گەیشتینە ئەوەى پارتى وڵاتپارێزى دیموکراتى دروست بکەین، پارتى لەسەر فکرێکى دروست بۆ هێنانەکایەوەى هیزێکى تازە نەک بۆ دژایەتى کردنى پەکەکە، چونکە کوردستانى تورکیا پێویستى بەهێزێکى دیموکراتى موحافیزکار هەیە، بەڵام دواتر هەندێ برادەر پێیان وا بوو دەبێت دژایەتى پەکەکە بکەین، وەک کانى یەڵماز کە لەگەڵ هەواڵگری ئەلمانیا پەیوەندى هەبوو، هەر هەواڵگرى ئەوان داواى لێکرد بوو دوژمنایەتى ئاپۆ بکات، هەندێ برادەرى تر پەیوەندیان لەگەڵ میتى تورک هەبوو، ئەوە بوو دروستبوو، منیش گوتم لەپەکەکە جودا نەبومەتەوە تا دوژمنایەتى پەکەکە بکەم، بۆیە وازم لێهێنان .

 

دواى ئەوەى عوسمان ئۆجەلان لەپەکەکە جیابووە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، چەند لێدوانێکى دژى ئەوانداو خۆی لێ بێ بەریکرد، لەمبارەیەوە عوسمانى برا:" گوتى ئێمە سێ براو دوو خوشکین، برایەکم بەناوى محەمەد لەگەڵ خوشکێکم بەناوى فاتیمە لەگەڵ سەرۆک ئاپۆدان، خوشکى گەورەشمان ناوى حەوایە لەگەڵ منە. ئاپۆ لەزیندان هێرشێکى زۆرى کردە سەر من و قسەى زۆر ناخۆشى بەمن گوت، لەبەر دوو هۆ وەڵامم نەدایەوە، یەکەم لەبەر ئەوەى ئەو برا گەورەى منە و رێزم بۆى هەیە، دووەمیش ئەو ئێستا زیندانییە، ویژدانى من بەرگەى قسەى خراپ ناکات بەو بڵێم، ئەو قسانەى ئاپۆ بەرامبەر من زەرەرى لەخۆشیدا، من مرۆڤێکى کورد پەروەرم، وەڵامم نەدایەوە، بەڵام رەخنەى سیاسى خۆم دەگرم..

 

سەبارەت بەوەى لەئێستادا چۆن دەڕوانییە سیاسەتى پەکەکە، عوسمان ئۆجەلان: "سیاسەتى پەکەکە هەڵەى خۆى هەیە، ئەو کاتەى پێویست بوو کارى سیاسى بکات، دەچێت کارى عەسکەرى دەکات، بەعەسکەرى دەتوانى کێشە بۆ دوژمن دروست بکەى، بەڵام دوژمنى ئێمە لەرووى عەسکەریەوە بەهێزترە، کارى عەسکەرى سەرکەوتن نییە بۆ ئێمە، کورد دەتوانى لەکارى سیاسى سەر بکەوێت، من کاتێک دەبینم پەکەکە لەدژى تورکیا شەڕ دەکات قەت هەڵوێستێکى خراپم نابێت.

 

دەنگۆى گەڕانەوەى عوسمان ئۆجەڵان و هاوڵەکانى بۆ ناو پەکەکە، لەئارادا بوو، سەبارەت بەو پرسە، عوسمان گوتى: "لەناو سیاسەتدا سوێندخواردن نییە، رەش و سپى نییە، چونکە لەنێوان رەش و سپیدا زۆر ڕەنگى تر هەیە، من ناڵێم ناگەڕێمەوە، تا ئەو هۆیانەى وایکرد لەپەکەکە جیابوومەوە چارسەر نەکرێت ناگەڕێمەوە ناو پەکەکەى، ئەویش یەکەم گوڕینى سیاسەتى دەرەکى پەکەکەیە، هەروەها باشکردنى پەیوەندى لەنێوان هێزە کوردیەکان، سێیەم دەستبەرکردنى ژیانى دیموکراسى ناو پەکەکەیە، هەتا ئەو سێ لایەنە باش نەبێت بۆچى بگەڕێمەوە. ساڵێک لەمەوبەر لەرێگەى هەندێ برادەر دەعوەتى منیان کرد، هەموو ئەو شتانەم بۆ باس کردن، ئێستاش هەتا هەموو ئەو شتانەى باسم کرد نەگۆڕێن ناگەڕێمەوە ناو پەکەکە .

سەبارەت بەوەى ئایا وەک سیاسەتمەدارێکى سەربەخۆ هیچ پرۆژەى سیاسیت لەبەر دەست دانییە، عوسمان گوتى: "من سیاسەت بۆ کوردستانى باکور دەکەم و فیکرى من لەپەکەکە جیاوازترە، چونکە پەکەکە دەیگۆت من حزبى هەموو کوردستانم هى هەرچوار پارچە، بەڵام لەراستیدا هەر بەشەى کوردستان چارەسەرى جیاوازى هەیە، بۆیە نابێت یەک حزب بۆ هەر چوار پارچەى کوردستان کار بکات.

 

دەوڵەتى تورک لەنێو تۆڕێک کێشەو گرفت و ئاستەنگ دایە، مەسەلەى کوردیش تادێت لەسەنتەرى کێشەکان نزیک دەبێتەوەو قورسایى پەیدا دەکات، لەوبارەوە عوسمان ئۆجەلان گوتى: " من ئومێد دەکەم لە کوردستانى تورکیا پارتێکى یاسایى مەحافزکارى دیموکرات دروست بێت، چونکە سیاسەتى کورد لەتورکیا بەدێموکراسى دەچێتە پێشەوە، رەنگە بەشەکانیترى کوردستان پیشتگیرى لێبکەن.

 

لێمانپرسى ئەگەر ئەو پارتە یاساییە سیاسیەى وەک ئەوەى ئاماژەى پێدەدەن درووست بوو لە تورکیا ئامادەن کارى تێدا بکەن، لەوەڵامدا گوتى بەلێ، هەتا ئێستا درووست نەبووە، ئەگەر دروست بوو ئێمە پشتگیرى لێدەکەین، ئەگەر دروستیش نەبوو ئێمە هەوڵدەدەین دروستى بکەین .

 

سەبارەت بە فراکسیۆنى کوردى لەپەرلەمانى تورک، ئۆجەلان گوتى: "پشتگیرى لەفراکسیۆنى کورد دەکەم، کەئێستا بیست و یەک کەسن،ئەگەرچى خۆى 26 کەس بوون، بەڵام تورکەکان پێنج کورسیان نەدا. ئەوان توانایەکى تازەن بۆ کورد، وەک نوێنەرێکى کورد وان بۆ ناو خۆو بۆ دەرەوە، بۆیە پێویستە هەموو کورد پشتگیرى فراکسیۆنى کورد بکات لەپەرلەمانى تورکیا.

 

هەندێ رێکخرواو پارتى سیاسى لە پارچەکانى کوردستان بەپاڵپشتى پەکەکە کارى سیاسى دەکەن، وەک پارتى چارەسەرى دیمورکاتى کوردستان لە باشور، پارتى ژیانى ئازدى کوردستان لەرۆژهەڵات ، هەروەها پارتى یەکێتى دیموکراتى لەسوریا، سەبارەت بەو پارتانە و پەیوەندییان بە پەکەکەوە، عوسمان ئۆجەڵان بەم جۆرە دوا: "ئێمە کەبیرمان لەدامەزراندنى ئەو پارتانە کردەوە زۆر بەشێوەیەکى ئەکادیمى بوو، پلانى ئێمە ئەوە بوو ئەو پارتانە درووست بکەین پاشان خۆیان سەربەخۆبن، چونکە لەهەموو بەشەکانى کوردستان خەڵک لەناو پەکەکەدا هەبوون، بۆیە پێویست بوو هەر بەشەو حزبى خۆى هەبێت، بەڵام ئەو کات هزرى من ئەوە بوو، دواى دروست کردن ئەو پارتانە ئازاد بن. بەڵام فیکرى سەرکردایەتى پەکەکە جیاواز بوو، ئەوان دەیانگوت دەبێت گرێدراوى پەکەکە بێت. بۆیە ئەم گروپانە ناتوانن سەر بکەون. پێویستە سیاسەتى پەکەکە لەو بارەوە بگۆڕێت چونکە هەلەیە.

 

سەبارەت بەوەى هەست بەچى دەکەن کاتێک ئاڵاى کوردستان دەبینن لەسەرتاپاى کوردستان دەشەکێتەوە، بەپێکەنینێکى پڕ لەخۆشحاڵى گوتى: "کورد بە گشتى حەسرەتى ئازادییە، خەونى هەموومان ئەوە بوو رۆژێک لەرۆژان بەشێکى کوردستان ئازاد بیت .

 

ئەگەر ئەمن و ئاسایش لەباشور تەواو بەرقەرار بێت، هێشتا بۆ کوردى پارچەکانى تر مەترسى لەگۆڕێیە، بەر لەوەى بچینە شارى کۆیە بیستبوومان کە عوسمان ئۆجەلانى ئەندامى سەرکردایەتى و کەسى دووەمى ناو پەکەکە و براى سەرۆک ئاپۆ بەتەنیا بەبێ بوونى پاسەوان دەسوڕێتەوە، لەو بارەوە عوسمان خۆى گوتى: "لەشاخدا نزیکى پازدە تا بیست پاسەوانم هەبوو، بێ پاسەوان نەدەچوومە هیچ شوێنێک، کەوەک زیندانێک وابوو، دەڕۆى پاسەوان، دادەنیشى پاسەوان، بەڵام ئێستا بەو شێوەیە نییە یەک دوو برادەر لەگەڵ منن، چونکە ئاسایشى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەگشتى و ئاسایشى شارى کۆیە بەتایبەتى زۆر باشە، بەداخەوە هەندێ جار لێپرسراوێک دەبینم زیاتر لە بیست کەسى لەدەورەیە، ئەوە حەیفە، ئەگەر هەر پاسەوانى 250 دۆلارى پێبدرێت دەکاتە پێنج هەزار دۆلار .

 

عوسمان ئۆجەلان ئێستا وەک هەر کەسێکى ئاسایى خاوەنى خێزانەو دوو منداڵى هەیە بەناوەکانى (فورات و وڵات)، لەبارەى ئەو بۆچوونەى پەکەکە کەرێگە بەهاوسەرى گیرى و پەیوەندى نێوان نێرو مێ نادا عوسمان ئۆجەلان بۆچوونێکى زۆر تازەى خستەڕوو: "ئەگەر کاتى خۆى لەناو پەکەکەدا من خێزانم هەبوایە باشتر خزمەتم دەکرد، واتە ئەگەر مرۆ منداڵى هەبوو زیاتر لەویژدان نزیک دەبێتەوە، یەکێک منداڵى خۆى نەبینیبێ ناتوانێ بەویژدانەوە خزمەت بکات. بۆ نمونە سەیرى تورک بکە کەچەندە بێویژدانن، چونکە دامەزرێنەرى تورکیا مستەفا کەمال ئەتاتورک منداڵى نەبووە، سیاسەتمەدارێکى وەک سلێمان دیمریل کەچل ساڵە لەناو سیاسەتدایە منداڵى نەبووە، هەروەها بولند ئەجەوید کەسیاسەتمەدارێکى دیارە منداڵی نییە. بۆیە سیاسەتى کۆمارى تورک بێ ڕەحمانەیەو هەستى ئینسانى تێدا نییە.

 

 

kerimok@gmail.com