په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

                                        ڤیرجینیا وولف:                       

ئەو هەموو ساڵە ژنان خەریکی چی بوون؟!

 

ئا: کەژاڵ عەلا

 

ڤێرجینیا وولف لەم کتێبەیدا باس لە گەڕان و پشکنینەکانى خۆى ئەکات، کە بە ناو کتێبە مێژوویەکاندا ئەنجامى داون، دەربارەى بارودۆخى ژنان کە بۆچى بەدرێژایى سەدەکانى ڕابووردوو  ژنان چ لە هۆنراوە وتن و چ لە نوسیندا هیچ جۆرە چالاکیەکیان ئەنجام نەداوە؟  ڤێرجینیا هەرچى زیاتر بەناو کتێبخانەکاندا گەڕاوە و کتێبەکانى تاوتوێ کردووە، بەڵام زۆر بەکەمى کتێبێک ئەدۆزێتەوە کە نووسەرەکەى ژن بووبێت بەڵکو کتێبەکان هەرچیەک هەیە هەمووى هەر لەلایەن پیاوانەوە دانراون تەنانەت ئەو کتێبانەى کە باسى بارودۆخى ژنانیش ئەکات! هەرچەندە ئەم بابەتە کەمیش نیە. ئەو هەر بەردەوام بەناو کتێبى زەمانى کۆندا ئەگەڕێت تا ئەگاتە کتێبى سەدەى شانزە و هەڤدە و  سەردەمى ویلیام شکسپیر، کە بە لاى ئەوەوە لەئەدەبیاتى ئینگلزدا  شکسپیر هەمان دەورى هەبووە کە فیردەوسى و حافز و مەولەوى هەیان بووە لە ئەدەبیاتى فارسیدا.   هەرچەندە ڤێرجینیا ئەنووسێت: ( ئەم مەتەڵە هەروا  بەم شێوەیە ئەمێنێتەوە.. کە بۆچى لە سەدە ڕابووردووەکاندا تەنها  ژنێکیش لە گۆڕەپانى ئەدەبیاتدا بەشدارى نەکردووە؟!  لەکاتێکدا بەوشێوەیەى کە ئاشکرایە لە هەردوو پیاو یەکێکیان توانیویەتى هۆنراوەیەک یا گۆرانیەک بنووسێتەوە.) سەرئەنجام ڤێرجینیا لەگەڕان و پشکنینەکانیدا وەڵامى ئەم مەتەڵانە ئەدۆزێتەوە.

 

Text Box: ژنە رۆماننووسی بەناوبانگی ئینگلیزی ڤیرجینیا وولف (1882-1941) لە لەندەن لە دایک بووە و هەر لەمنداڵییەوە بەهۆی کتێبخانەکەی باوکیەوە کە نووسەر و رەخنەگریکی ئەدەبی بووە، خولیای خوێندنەوەء نووسین لە کەللەی داوە. مردنی دایکى کاتی ئەم تەمەنی سێ سال بووە و مردنی باوکی لە ساڵی 1904 دا کاریگەرییەکی زۆریان لە ژیانی ڤیرجینیا کردووە.  ئەو لە 1910 دا شووی کرووە لەگەڵ مێردەکەیدا دەزگایەکی چاپی بەرهەمی نووسەرە لاوەکانیان دامەزراندووە. رۆمانەکانی ڤیرجینیا وولف بریتین لە سەفەر بە دەرەوە(1915)، شەوورۆژ(1919)، ژوورەکەی جەیکۆب(1922)، خاتوو دالۆوی (1925)، بەرەو چرای دەریایی(1929)، شەپۆلەکان (1931)، ساڵەکان(1937)، لە نیوان دوو پەردەی شانۆدا(1941). 
ڤیرجینیا وولف لە ساڵی 1941 دا بە هۆی خەمناکی و بێزارییەوە گیرفانەکانی خۆی پڕ دەکات لە بەردو لە روبارێکدا خۆی دەخنکێنێ.
 
پاشان ڤیرجینیا لاپەڕەى تازەترین کتێبی پرۆفیسۆرێکى مێژوو هەڵئەداتەوە و لە بەشى ( بارودۆخى ژنان لەسەدەى پانزەهەمدا" ئەخوێنێتەوە کە نو،سرابوو : ( لەم سەدەیەدا لێدانى هاوسەر مافى ڕەواى هەر مێردێکە بەبێ هیچ جۆرە ئیحساس و شەرمێک. ئەم کارە لە نێوان هەموو چینە جیاوازەکانى کۆمەڵگادا لەسەرەوە تاخوارەوە، کارێکى پەسەندکراوبووە... ئەگەر بهاتایە کچێک لە شووکردن بە پیاوێک سەرپێچى بکردایە کە لەلایەن باوکی و دایکیەوە بۆى هەڵبژێردرابوو ، ئەبوایە ڕازى بوایە بەوەى کە لەماڵەوە زیندانى بکرێت و لێى بدرێت .(

     پاش دووسەد ساڵ: ( هێشتا هەڵبژاردنى هاوسەر لە نێوان چینى دەوڵەمەند و چینى هەژاردا بێوێنە بوو پاش ئەوەى هەڵبژاردن ئەنجام ئەدرا، ئیتر پیاو ئەبوو بە خاوەن دەسەڵات و گەورەى ماڵ). ڤێرجینیا ئەنووسێت: ( ئەگەرچى پیاوان لەزۆر بواردا  سیمایەکى درەوشاوەیان بەخشیووە بە ژنان لەقەڵەمڕەوى گۆڕانانکاریەکانى ئەدەبیاتدا کە بەدوورودرێژى دایان رێژاوە لەسەر بارو دۆخى ژنان و بەنووسین گرنگیەکى زۆریان پێداوە ، بەڵام بەکردەوە لە ژیانى ڕاستەقینەیاندا ژنان وەک شتێکى زۆر بێ نرخ سەیر کراون و هەمیشە دەسبەسەر و لێدر و  پشت گوێخراوبوون...).

    ڤێرجینیا لەخۆى ئەپرسێت: ( نازانم بۆچى ژنان لە سەردەمى ئەلیزابێت ( سەدەى هەڤدەهەم )دا هۆنراوەیان نەوتووە! تێناگەم ئەوان چۆنى پەروەردەکراون؟ ئایا تۆبڵێت هەر فێرى خوێندن  و نووسین کرابێتن؟ یاخود توانیویانە ژورێکى تایبەت بەخۆیانیان هەبووبێت؟ ئاخۆ ڕێژەى ئەوژنانە ئەبێت چەندبووبێَت کە لەپێش تەمەنى بیست ساڵیدا، منداڵیان بووە؟ بەکورتى ئاخۆ ئەوانە هەر لەسەعات هەشتى بەیانیەوە تاکو هەشتى ئێوارە بڵێیت  چیان کردبێت؟  ... بەوجۆرە کەدیارە ئەوان خاوەنى هیچ پارەو پولێک نەبوون.. لەپێش ئەوەى کە گەورە بووبێتن ئەوپەڕى لە تەمەنى پانزە شانزە ساڵیدا  ئەگەر پێیان خۆشبووبێت یان نا، بێخواستى خۆیان ئەدران بەشوو. بێگومان کارێکى زۆر سەرنجڕاکێش و سەیر ئەبوو ئەگەر بێت و بهاتایە پارچەیەک لە هۆنراوەکانى شکسپیر، ژنێک بینووسیایە!)  بەهۆى ئەم  بیرکردنانەوە بوو کە ڤێرجینیا وولف دەست  ئەداتە خامە بۆ نووسینى چیرۆکێک کەتیایدا خوشکێکى خەیاڵى بە ناوى ( جۆدیت) بۆ شکسپیر ئەخوڵقێنێت و ئەیگەڕێنێتەوە بۆ هەمان سەردەم و گۆمەڵگاى کە شکسپیر تییدا ژیاوە و ئینجا ئەپرسێت: (بەڕاستى چى ڕویئەدا ئەگەر بهاتایە شکسپیر خوشکێکى خاوەنبەهرە و بەتواناى هەبوایە؟).

 چارەنووسى خوشکە خەیاڵیەکەى شکسپیر لە چیرۆکەکەی ڤیرجینیادا .

 

ولیام شکسپیر لە نەوجەوانیدا فێرى دەستورى زمان و لۆژیک و لاتینى کراوە.  دواى ئەوەى ژن ئەهێنێت ئەچێت بۆ لەندەن و پەیوەندیەکى زۆرى لەگەڵ دنیاى شانۆگەریدا پەیداکردوە، بەڕادەیەکى ئەوەندە زۆر کە وایلێکردوە کە تەواوى تواناکانى خۆى لەم ڕێگەیەدا سەرف کردوە و لەپاش ماوەیەکیش مۆڵەتى چوونە ناو باڕەکانى وەرگرتووە. لەهەموو ئەم ماوەیەدا خوشکە بەتوان و لێهاتوەکەى شکسپیر(جۆدیت) هەر لەماڵەوە ماوەتەوە... ئەویش سەرکەش بوو حەزى بەسەفەربوو بەناو جیهاندا. بەڵام جۆدیت نەخرایە قوتابخانە و فێرى دەستوورى زمان و لۆژیک و لاتینی نەکراوە. تەنانەت ئەو ئەگەر جارێک کتێبێکى بگرتایە بەدەستەوە و هەر چەند لاپەڕەیەکى ئەخوێندەوە یەکسەر دایک و باوکى ئەهاتن پێیان ئەوت باشتر وایە ئیشێکى ماڵەکە ئەنجام بدات و بەخۆڕایى کاتى خۆى بە فیڕۆ نەدات بە کتێب و کاخەزەوە. هەرچەندە دایک و باوکى کەسانێکى شایستەش بوون و جۆدیتیان خۆشئەویست و نورى چاوەکانیان بوو، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەیانزانى کە کارى ژن چیە و ئەو ئەبێت چ کارێک ئەنجام بدات.  سەرەڕاى ئەمانەش پێش ئەوەى کە تەمەنى بگاتە بیست ساڵى ، دایک و باوکى ویستیان بیدەن بەشوو، جۆدیت هاوارى کرد کە حەزى بە شووکردن نیە، لەسەر ئەم ڕستەیە لێدانێکى باشى بەدەستى باوکى خوارد. پاشان باوکى بە چاوى فرمێسکاویەوە کەوتە پاڕانەوە لە کچەکەى کە لەقسەى دەرنەچێت و ڕازى بێت بەوەى شووبکات بۆئەوەى ئابڕووى خانەوادەکایان بپارێزێت. بەڵام خوشکەکەى شکسپیر بیرى لە رێگاچارەیەک ئەکردەوە کەخۆى پێدەربازبکات لەم وەزعەى، ئاخۆ چۆنى ئەتوانێ فەرمانى باوکى بەجێنەهێنێت؟ سەرئەنجام هات بەخەیاڵیدا کە لەشەودا هەڵبێت بەرەو لەندەن.

 

     جودێت هەروەکو براکەى حەزى بە هۆنراوە و عاشقى شانۆگەرى بوو. پاشان لەلەندەن سەردانى شانۆگەریەکى کرد و پێى وتن کە ئەیەوێت ببێت بە ئەکتەر، بەڵام پیاوەکان پێى پێکەنین و گاڵتەیان پێکرد، پاشان پێیان وت کە هیچ ژنێک ناتوانێت ببێت بە ئەکتەر( لەشانۆى ئەوسەردەمەدا پیاوان ڕۆڵى ژنانیان ئەبینى) . سەرەنجام بەهۆى ئەوەى کە جۆدیت زۆر لاو بوو هەروەک و براکەشى چاوکاڵ و ئەبرۆ کەوان بوو بەڕێوەبەرى شانۆگەریەک لاى خۆى وەریگرت. پاش ماوەیەک جۆدیت لەگەڵ منداڵێکى ئەم پیاوەدا خۆى ئەبینێتەوە...

 

  ڤێرجینیاوولف لەدرێژەى ئەم بابەتەیدا ئەڵێت: (چ کەسێک ئەتوانێت ئەو هەموو ڕق و ئازارەى کەلەدڵى شاعیرێکدا کەڵەکەیە و لە جەستەیەکى ژنانەدا ئەسیر و زیندانە تێبگات؟) بەم حاڵەتەوە لەشەوێکى زستانیدا خوشکە بەهرەمەندەکەى شکسپیر خۆى ئەکوژێت و لاشەکەى لە چوار ڕیانێکدا کەشوێن وەستانى پاسەکانە دفن ئەکرێت. بەلاى ڤێرجینیاوە ئەم خوشکەى شکسپیر هێندەش خەیاڵى نیە هەروەها لە چیرۆکەکەیدا ئەگاتە ئەو ئەنجامەى کە ئەڵێت: ( لەوبڕوایەدام ئەگەر بهاتایە ژنێک لەسەردەمى شکسپیردا بەئەندازەى شکسپیر بەهرەمەندبوایە ئەوا بێگومان چیرۆکێکى لەم جۆرەى لەپاش بەجێئەما). لە سەردەمى کۆندا ژنانى زانا و لێهاتویان بە بیانووی جادوگەرییەوە ئەسوتاند.

 

ئەم مەسەلەیە لاى ڤێرجینیا ڕوون و ئاشکرا بوو لەپشکنینەکانیدا، نەک تەنها چارەنووسى خوشکە خەیاڵیەکەى شکسپیرى دۆزیەوە لەسەردەمى کۆندا بەڵکوو نموونەى ژنانى ڕاستەقینەى خاوەن بەهرە و بێوێنەى لەهەمان سەدەى کە خۆشى تییدا ئەژیا دۆزیەوە. هەربۆیە بە حەماسەتەوە لەکۆتایى چیرۆکەکەیدا ئەنووسێت: (من وتم کەشکسپیر خوشکێکى خەیاڵى هەبوو، بەڵام لە ناو ژیاننامەکەی شکسپیردا بەدواییدا مەگەڕێن. چونکە ئەو زۆر لاو بوو کە مرد، هەرگیز تەنیا ووشەیەکیشى نەنووسى، ئەو لەشوێنێکدا کەئەمڕۆ پاسەکان تیایدا ئەوەستن دفن کراوە. بەڵام من واهەست ئەکەم.. ئەم شاعیرە کە هەرگیز وشەیەکیشى نەنووسیوەتەوە  و کەلە چوار ڕیانێکدا دفن کراوە ، هێشتا هەر زیندوە. بەلێ ئەوئەژى لەناو گیانى ئێوەدا، لەمندا لەزۆر ژندا کە ئێستا لێرەدا نین، چونکە ئەبێت ئەوان ئێستا  قاپەکان بشۆن یان منداڵەکانیان بخەوێنن، یا..هتد... بەڵێ ئەو زیندوە چونکە شاعیرانى مەزن هەرگیز نامرن. ئەوان هەمیشە بوونیان هەیە تەنیا  دەرفەتێکی کەمیان ئەوێت کە تێکەڵ بە گیان و دەروونى ئێمەبن.

 

    لە سەدەى هەڤدەهەمدا  ژنى یەکێک لە نەجیبزادەکان ئەنووسێت: ( ژنان هەروەک شەمشەمەکوێرە و کوندەپەپوو ژیان بەسەر ئەبەن و وەکوو کرمیش ئەمرن). تازەبەتازە لەکۆتایى سەدەى هەژدەهەمدایە کە ژنان بەشێوەیەکى مامناوەندى دەست ئەکەن بەنووسین لەبابەتى نووسینەوەى یاداشتى ڕۆژانە و نامە نیگارى کە جۆرێک بوو لە ئەدەبیاتى ئەو سەردەمە و لەناو ژناندا باو بوو هاتە کایەوە.

 

    لەگەڵ ئەوەى چارەنووسى خوشکە خەیاڵیەکەى شکسپیر ئازاردەرە، بەڵام  چارەنووسى ژنان لە مێژودا ئەخاتەڕوو کەبەبێ خواست و ویستى خۆیان سەپاندویانە بەسەریاندا. پەنجاساڵ پێش بڵاوکردنەوەى کتێبى( ژورێکى تایبەت  بەخۆ) ، سۆفی تۆلیستایا ژنى نووسەرى بەناوبانگى ڕوسى (تۆلستۆى) کە ژنێکى بەتوانا و خوێنەواربوو لە دەفتەرى بیرەوەریەکانیدا نووسیویەتى لەتەمەنى هەژدە ساڵیەوە چارەنووسم بریتى بووە لە:(  نزیکەى دەساڵ سکپڕبوون، سیانزە منداڵم بە دنیا هێناوە، زیاتر لە بیست ساڵ شیرمداوە بە منداڵەکانم، چەندین ساڵ خەریکى نووسینەوەى بەرهەمەکانى نووسەرى گەورە تۆلستۆى بووم.) هەروەها ئەڵێت:( لەوکاتەوەى شووم کردووە تاکو ئیستا  خەونەکانم هەروەک وەهمەکانم ئەبێت چاوپۆشیان لێبکەم، لەکاتێکدا قەبوڵکردنى ئەم مەسەلەیە ئەستەمەلام). بەڵام  ئەو ئەبوایە  بەناچارى قەبوڵى بکردایە! سۆفی وەک ژنێک لە دەفتەرى بیرەوەریەکانیدا ئاماژەى بەوەداوە کە نزیکەى نیوسەدە گلیەیى لەوەزعى خۆى ئەکات. پاشان ئەڵێت:( هەروەک دەزگایەک ژیان بەڕێئەکەم، دێم ودەچم، ئەخۆم، ئەنووم، خۆم ئەشۆم، ئەنووسمەوە، بەڵام هێشتا ناتوانم وەکو و مرۆڤێک ژیانێکى سەربەخۆم هەبێت و ناتوانم بخوێنمەوە، ناتوانم گوێ لە مۆسیقابگرم، ناتوانم بیربکەمەوە، بەڵێ هەمیشە ژیانم هەروابووە... هەرگیز کاتم نەبووە سەربەخۆ کارێک ئەنجام بدەم، هەرگیز نەمتوانیوە خەریکى خۆمبم .(

 

    ڤێرجینیا لە کتێبى ژورێک تایبەت بەخۆ ئەنووسێت: (چۆن بە شاعیربوون یا بەنوسەربوون لەکەسێکدا سەرهەڵئەدا کە لە جەسەدێکى  ژنانەدا زیندانى کرابێت؟ ) بەلاى ئەوەوە مرۆڤ بۆنووسین و هۆنراوە وتن پێویستى بەداهاتێکى ساڵانە و دیارى کراو هەیە و ژوورێکى تایبەت بەخۆ، واتا سەربەخۆیى ئابوورى و شوێنێکى تایبەت بەخۆ، لەکاتێکدا ئەم دووشتە پیاوان زۆر زووتر لەژنان بەدەستیان هێناوە..

 

*****

 

سەرچاوە: سایتى فارسى ویکی‌پدیا

تێبینى : ئەم بابەتە لەژمارە601 پاشکۆى ئەدەب و هونەردا بڵاو کراوەتەوە