په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١١\٢٠١٣

بابەتى مێژوویى:

وەبیرهێنانەوەى مێژوویەکى لەبیرکراو.


یوسف عیزەدین     

 

(پاڵنەری دوژمنایەتی و تێکشکاندن، تەنھا نابێتە لەبیرچوونەوەو لەدەستدان و نەمانی یادەوەری، بەڵکو دەبێتە سڕینەوەی ڕیشەیی و ھەڵکەندنی ئەکتیڤانەی ئەرشیف..... چونکە ئەرشیف، ئەگەر بتوانین ئەم وشە یان مەجازە، بناغەڕێژکەین تا دەبێتە signification، ئەوە ھەرگیز نابێتە یادەوەری یان وەبیرھاتنەوە وەک ئەزموونێکی خۆڕسکانەو زیندوو، بەرانبەر ئەوەش ئەرشیف شوێنگرەوەی ڕمانی سەرەکی سکچرالیستی ئەو شتەیە کەپێی دەگوترێت یادەوەری. " ئەرشیفیش بوونی نابێت بەبآ شوێنجێگەی گرتنەخۆ، یان تەکنیکی گەڕاندنەوەو بوونی خودی exteriority، کەواتە ھیچ ئەرشیفێک بەبآ دەرەوە بوونی نییە"...)(ژاک دریدا).١

بەلەبەرچاوگرتنی دنیابینییەکەی سەرەوەڕای "ژاک دریدا" وەک خستوومانەتەڕوو، تراژیدیای ترسناکی مێژووی کوردمان لابەرجەستە دەبێت، کەھەردەم لەدەرەوەی دنیای نووسین و بەئەرشیفکردنی حەقیقەتەکانەوە، ئەوەی ھەیبووە لەیادکراوە، ئەمە ھەر وا بووەو پێش دەچێت تاساڵانێکی تریش، ھیچ ئاڵوگۆڕیکی بەرچاو نەبینرێتەوە، چونکە نزیکترین ڕووداوەکانی مەیدانی ململانآ و کێشمانکێشە چ ناوخۆییەکان و چ ناوچەکە گەواھی ئەو ڕاستییە دەدەن؟! لەگەڵ ئەوەی نەک ھەر کورد بەڵکو نەتەوەکانی دراوسێشی بێبەری نین، لەمانەوەیان لەدەرەوەی مێژووی نووسراو و بەئەرشیفکردن، بەڵام ھەرچۆنێک بێت، نەک ھەرخۆیان لەنووسراوەکاندا ماونەتەوە بەڵکو مێژووی نەتەوەکانی تریشیان، بەکوردیشەوە ھێنانەوەتە نێو دنیای نوسین و یادەوەری و گەشتەکانیان، باشترین نموونەش "ئیبن و بەتووتەی" گەڕیدەی موسوڵمانە، کەزۆر بەڕێز و ستایشەوە باسی لەکەرەم و میوانداری و جوامێری کوردانی ئەو دەمی شێخێکی ناوچەی شەنگال کردووە، لەکاتێکدا ئەوەی بەخراپ و گەندەڵی زانیبێت لەگەشتنامەکەیدا نووسیویەتی دەرحەق بەنەتەوەو گەلانی تر.

ئەمە لەکاتێکدا لەو چیرۆکانەی کەباسی کوردی تێدا ھاتووە، لە"ھەزار و یەک شەوەدا"و بەتایبەتیش چیرۆکی "جوانی کوردی"، لەمیانی ناساندنی کەسایەتییەکەوە، کوردی وەک دز و جەردەو پیاوخراپ ناساندووە، خۆ دەکرێ و دەشێ بەدرێژایی مێژوو لەھەموو میللەتێکدا ھۆز و دەستەو تاقمی ڕێگرو جەردە ھەبووبێتن و لەداھاتووشدا گەر ناوھێنانەکانیش جودابن ھەربمێنن و ببن؟!


بەڵام بەگشتی کردنی و ھەوڵدان بۆ ناساندنی بەمەبەستی مانەوەی لەیادەوەریدا بەتایبەت لەڕێی ئەدەبیاتەوە، مەسەلەیەکی جیاوازە لەنووسینە ئەرشیفی و مێژووییەکان. جا ھەموو ناساندن و خستنەڕووە ئەدەبیەکان، پۆزەتیفانە یان نێگەتیفانە، دەرحەق مامەڵەکردنیان لەگەڵ ڕووداوو و کەسایەتی و حەقیقەتە مێژووییەکان جێگەی پرسیار و گومانە؟!


ماڵوێرانی مێژووی کوردیش لەوەدایە ئەوەی بۆشی ماوەتەوە لەلایەن خۆیەوە، لەخستنەڕووی ڕووداو و بەسەرھاتە مێژووییەکان و وەسفی کەسایەتیییەکان و....تاد، لەڕێی فۆلکلۆر و ئەدەبیاتیەوە پێی گەیشتووە، بەتایبەتیش شیعر.. سەبارەت بەبەروار و مێژووش، ئەویش مەگەر ھەندێکی، وەک بەرواری ساڵی لەدایک بوون و مردن و شتی لەو چەشنە، دەبینین لەشیعردا بەپێی رموزاتی حەرفی و داھێنانە ڕەوانبێژییەکان لەنیوە بەیت و بەیتی ھۆنراوەو چامەکاندا جێیان کراوەتەوە.


شایانی باسە ئاستەمە لەمیانی دەربڕینە ئەدەبییە شیعرییەکانەوە، واقیع و ڕووداوە مێژووییەکان وەک خۆی تاریفبکرێن و بناسرێنرێن، بۆیە ھیچ کات ئەوەی لەدنیای ئەدەبیاتدا ھەبووە و ھەیە نابێتە ئەرشیف؟! وەک ھەندێک ئیدیعای دەکات و لەباس و خواسە مێژووییەکاندا تێکستە ئەدەبییەکان دەکاتە سەرچاوە، دیارە دەشێت لەڕووی ئەدەبییەوە وەک سەرچاوە بۆی بگەڕێینەوە، بەڵام ناکرێت لەڕووی مێژووییەوە پشتی پێ ببەسترێت.


ئەمە لەڕوویەکەوەو لەڕوویەکی دیکەشەوە، دریدا گوتەنی:
("ئەرشیفیش بوونی نابێت بە بێ شوێنجێگەی گرتنەخۆ، یان تەکنیکی گەڕاندنەوەو بوونی خودی exteriority، کەواتە ھیچ ئەرشیفێک بە بێ دەرەوە بوونی نییە"...).


بۆیە لەکاتێکدا ئەگەر دەرەوە بەھەموو پانتاییەکانییەوە، لەڕووی مەوجودییەت و بنەما و پایەکانییەوە نەما، بەتایبەتیش ئەو دەرەوەیەی کەپێگەی نووسینەوەو ھێشتنەوەو ھەڵگرتنی ئەرشیفە وەک خۆی و بآ دەستکاری و شێواندن و ڕووتووش، ئەودەم ناوەوەش بآ ھیچ چەندوچوونێک وێران و کاول دەبێت، ئیدی ھیچ ھەڵگرێک نامێنێت، تا نەوەی داھاتوو لەپێشینەی خۆی ئاگاداربکاتەوە، نەک بەمەبەستی خۆ جیاکردنەوەی یان خۆ بەزیاتر زانینی لەنەتەوەو گروپە ئیتنیکییەکان و...تاد، بەڵکو لەپێناو ڕەنگینترکردنی ئەو پانتاییە فیکرییەی کەکۆمەڵیک نەتەوە لەکیان و بوونێکی جوگرافیدا دەگرێتەخۆ، ئەگینا باشترین و چاکترین بوون، ئەوەیە کەچاکەو مەعریفە و ئاشتەوایی و مرۆڤ دۆستی بە خۆی و دەورووبەرەکەی دەبەخشێت.


بەھەرحاڵ ئەوەی وای لێکردم ئەم بابەتە بنووسم، ئەو قەدەرە ئیلاھییە بوو، کەبۆ ماوەیەکی دوور و درێژ، منی پەیوەست بەھامووشۆی ناوچەی نیشتەجێبوونی چەند بنەماڵە یان چەند عەشرەتێک لە"چەمی گەڵاڵ"بەتایبەتیش گوندی"سەربۆرە" کرد.


بەھەرحاڵ بەحوکمی حەزی زۆرم بۆ دۆزینەوەی پەنھانەکان و زانینی شێوازی کۆچکردنی ھۆز و بنەماڵەکان و چۆنیەتی گوزەران و بگرەو بەردەمێژووییەکانیان، سەرەتا ھەوڵمدا سەرزارەکی ئەسڵ و فەسڵی ئینتیمای ھۆزایەتیان بزانم، ئەمەش زیاتر لەڕێی پرسیارکردنم لەبەتەمەنەکانی ناوچەکەوە، کەچی وەک سەرنجمدا شتێکی ئەو تۆیان لەبارەی مێژوویانەوە نەدەزانی، یان ئەوەی دەیان گوت لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە زۆر جیاواز و تەنانەت ھەندێک جاریش بەتەواویی دژ بەیەک بوون؟!


لەوانەی بەدرێژایی ئەو ماوەیەی ھامووشۆم دەکردن، زۆر جارانم دوواندووە، تیایاندا بوو لەدایک بووی ١٩١٥ و خەڵکی گوندی سەربۆرە بوو، پیرەدایکێک بوو بەناوی " فاتمە کاک ئەلی"، یان وەک خۆی دەیگوت ناوی باوکی لەڕاستیدا "کاکەلی" بووە نەک "کاک ئەلی"، کەدیارە بێجگە لەماجەراکانی گەرمێن و کوێستان و ئاژەڵداری و چۆنیەتی دروستکردنی بەن و گوریس و ڕەشماڵ و کەرە و ڕۆنی خۆماڵی و دۆشاو و شتی لەو چەشن و شێوەیە، ھیچی دیکەی نەدەزانی کەدیارە بەفیعلیش ئەوەی کەدەیزانی تایبەت بوو بەژیان و گوزەرانی سەردەمانێکی خۆیەوە. ھەروەک ئەو ژنە جوتیارە کوردەی کەلەنزیک دێوە پەیکەرەکانی چیای نەمرودا، لەکوردستانی تورکیا خەریکی کاری کشتکاری بوو، لەچاوپێکەوتنێکی کەناڵێکی تورکیدا کەلێیان پرسی:" ھیچ مەراقت نەبووە، سەر چیای نەمرود ببینیت؟".. لەسەیر و سەمەرەیی پرسیارەکەدا، دەستی کرد بەپێکەنین و گوتی: " نەوەڵڵا ھیچ مەراقێکم نەبووە، بزانم چی لێیە، مەراقی من ئەو شتانەیە کەدەیچێنم".. ئەمە لەکاتێکدا لەم سەر و ئەوسەری دنیاوە خەڵکانێک پارەیەکی خەیاڵی سەرف دەکەن تا بگەنە لووتکەی ئەو چیایەو چاویان بەپەیکەرە سەیر و سەمەرەکانی بکەوێت.


یەکێکی دیش ڕیش سپی گوندی سەربۆرە، "عەلی کاکەوڵڵا خەلیفە" بوو، کەتەمەنی لەسەروو ھەشتاوە بەرەوبان ھەڵدەکشا، پیاوێکی زۆر دیندار و نەفس بەرز و چاک بوو، کەئەویش بیرەوەرییەکانی بەتێکەڵ و پێکەڵی تاسەردەمی شێخ مەحموود بڕیدەکرد، وەک بۆی گێڕامەوە باوکی برادەرێکی نزیک و خۆشەویستی "شێخ مەحموود" بووەو تەنانەت کاتێک کاتبی نفووس بەمەبەستی ناونووس کردن لەحزووری شێخدا ناوی یەکە یەکەی ئامادەبووانی ناوچەکەی نوسیووە، نەیھێشتووە کاتبی نفووسەکە ناوی بابی "کاک عەلی" بە "عەوڵڵا" بنووسێت، وەک خۆی گوتوویەتی، بەڵکو فەرمانی داوە بە کاکەوڵڵا بنووسرێت، ئەمەش لەبەر ڕێز و خۆشەویستی زۆری لەلای جەنابی شێخ.


ئیدی لێرەو لەوێ جارو بار ھەندێک شتی مێژوویم بەرگوێ دەکەوت، دەرحەق ئەوەی لەبنەچەدا لەئێرانەوە ھاتوون و زیاتریش پاش ڕاپەڕین تاڕادەیەک لەگوندەکانیاندا نیشتەجێبوون، ئەگینا پێشتر زێدەتر ھەر گەرمێن و کوێستانیان کردووە، (ئاشکراشە وەک ھەموو شوێنێکی دیکەی کوردستان، گوندەکانی ئەمانیش خاپوور کراون و خەڵکەکەی ڕاگوێزراون بۆ ئۆردوگاکان) جا بەحوکمی ئەوەی لەخاکێکی دێمدا دەگوزەران، لەئێستاشدا ھەر ناچاری گەڕان بوون بەشوێن لەوەڕدا، بەتایبەتیش کاری سەرەکی دانیشتووانی ئەو گوندانە ئاژەڵدارییە و بژێوییانی پێوە بەندە، نزیکترین گەرمێن و کوێستان کردنیشیان، ئەوەی من لێی ئاگادارم ساڵی ٢٠١٢ بوو، کەتەنھا بۆ نموونە، زۆربەی دانیشتووی گوندی "سەربۆرە"، بەخۆیان و ئاژەڵەکانیانەوە دابەشبوون بەسەر سێ باڵدا و بەرەو ناوچەکانی: "ھاوار و پێنجوێن و شارباژێر" کەوتنەڕێ و تا بارانی پەڵەش لەوھەوارانەدا مانەوە، ئەمە جگە لەچوونە ھەواری دانیشتووی گوندەکانی دیکەی چەمی گەڵاڵیش، بۆ نموونە ساڵانە دانیشتووی گوندی" بەربەرد" کە"چوچانین"، گەرمێن و کوێستان دەکەن، تا ئێستاش ئەو شێوازە کۆچەریانەی ژیانی خۆیانیان پاراستووەو ئەوەندەی منیش ئاگاداربووم ساڵانە بەرەو ناوچە پڕلەوەڕ و کوێستانەکانی پێنجوێن دەچوون، ئیدی تا پاییز لەوآ بەدەستووری باو و باپیرانیان ڕەشماڵیان ھەڵدەدا و دەمانەوە.


ناوچەی نیشتەجێبوونی سەرەکی ھۆز و بنەماڵەکانی چەمی گەڵاڵ (ئەمە جگە لەوەی لەزۆر ناوچەی تردا ھەن)، سەربەناوچەی "سرۆچک"ی "بەرزنجە"یە و لەپانتایی ئەو ناوچەیەشەوە بەتایبەتیش لە"سەربۆرە"وە قەڵای"سرۆچک" ت دەکەوێتە بەرچاو، ئەو قەڵایەی کەدەماودەم حیکایەتی سەیریان لەبارەیەوە دەگێڕایەوە، وەک چۆنیەتی بردنەسەرەوەی کەرەستەی بیناسازی بۆ سەرقەڵاکە و چۆنیەتی خزانی وڵاخەکان دەرەنجامی قووڕاوی بوونی ڕێگەکە بەئاوی چۆڕاوی نێو شەڵتەو ئەو کەرەستانەی کەلەو دەمەدا ئاویان پآ گەیاندۆتە سەرقەڵاکە، ئەمە لەکاتێکدا ئەو دەمیش ئەو عەردە لەھاویندا ھەر دێم بووەو جگە لەچەند کانییەک، ھیچ کارێز و چەم و سەرچاوەیەکی ئەوتۆیان نییە تا ژمارەیەکی بەرچاو لەخەڵک و ئاژەڵەکانیان تێر ئاو بکات، بەتایبەتیش لەھاویناندا کەئەو یەک دوو کانیەی ئێرەو ئەوێش چۆڕەبڕ دەبوو. جا ئەم بەسەرھاتە شەفەھیانە ھیچیان نەدەگەیشتنە ئاست پشت پێ بەستنی وەک حەقیقەتی مێژوویی، چونکە کێشەی نەزانینی ناوی کەسەکان و مێژوو و زەمەن و ماجەرای ڕووداوەکان، زیاتر لەحیکایەتی گوآ ئاگردان نزیکی دەکردەوە، وەک لەوەی کەبەسەرھاتێکی مێژوویی بێت.


لێرەدا جێگەی باسە، ھەرچەند "مەردوخی" لەکتێبی "مێژووی کورد و کوردستان" لە لاپەڕە ١٣٨-دا ، بنەچەی ھۆز یان بنەماڵەکانی وەک: " غەوارە، بێسەری، قەویلەیی، چوچانی" دەباتەوە سەر تیرەی زەردوویی سەر بەئێلی جاف. بەڵام زۆربەی دنیادیتەکانی ناوچەکە، ئەوانەی کەسەبارەت بەو بابەتە دەمدوانن پێیان وانەبوو، بەبنەچە بچنەوە سەر ئێلی جاف؟! ھەروەک نەشیاندەزانی بەتەواوی لەکام ھۆز و ماڵباتەوە ھاتوون، ئەوەی ھەر لەسەرەتاوە سەرنجی ڕاکێشام وەک زۆر ھۆز و تیرە و بنەماڵە نەیاندەتوانی تا ٦-٧ پشتی خۆیان ناوی باوباپیرانیان ڕیز بکەن، واتە شەجەرەیەکی خانەوادەییان نەبوو، گەر شەفەھیش بێت؟! چەند جارێک لەلایەن کوڕە گەورەی "مامە تالە" قەویلەیی- حیکایەتی - ھۆمەر کوتەک قەوی-م بۆ گێڕدراوەتەوە، کەگوایە قەویلەی-یەکان لەو بەرە بابە ھاتوون و یان ھەبوون وەک "قانع" ناوێکی شەست ساڵە"کەزۆر شار و شوێنان گەڕابوو، بەحوکمی کارەکەی " بنەچەی تەنھا خێزانەکەی خۆیانی لەناو ھەموو قەویلەی-یەکاندا بەجیا دەبردەوە بۆ یەکێک لەفەرماندە سەربازییەکانی سوپای بابانەکان، بەناوی "عەلی سێ تەنگە"، گوایە پاش شکانی سوپای بابانەکان لەناوچەی سەربۆرە-دا خۆی حەشارداوە، بەڵام ھەر خودی ئەو "قانع" ناوە، لەڕوویەکی دیکەوە پێی وابوو "عەلی سێ تەنگە" یەکێک بێت لەسوارچاکەکانی دوانزەسوارەی مەریوان و ئیدی من وەک خۆم لێرەدا بەئەمانەتەوە ئەوەی بۆم باس کراوە وەک خۆی دەیخەمەڕوو، بێ ئەوەی ھیچی دەرحەق بڵێم.


ئەمە جگە لەوەی کەھەن لەنێو خۆیاندا پێیان وایە ھۆزە سەرەکییەکەیان "غەوارەیە"و ئەوانی دیکە وەک: قەویلەیی و بێسەری و چوچانی و ھۆزەسەنی و ھەن ھەندێک بنەماڵەی دیکەشی دەدەنە پاڵ، گوایە سەرجەمیان یەکن و بەبنەچە غەوارەن، ھەرچەند جگە لەجیاوازی شێوەو ڕووکار و بونیادی فیزیکی و جەستەییان، لەئاکار و ھەڵسوکەوتیشدا جودایی بەرچاو دەبینرێتەوە سەرباری تێکەڵی و لێک نزیکییان لەڕووی ژنخوازییەوە، یان بابڵێن لەڕووی ئینتیمای ھەر ھەموویان بۆ یەک بنەچەی ئیتنیکی، وەک بەڵگەکانی دواتر ھەوڵی سەلماندنی ئەوەمان بۆ دەدەن، بەڵام ھەر دەبێت دەرکەکانی گومان تا سەر بەکراوەیی بھێڵینەوە؟!


بۆیە بەماوەیەک تێکەڵی و مامەڵەکردن لەگەڵیاندا گەر کەمێک بەدیقەت بیت، دەتوانیت بۆیەکەمجار بەبینینی ھەرکەسێکیان لەشوێنێکدا بزانی سەر بەکامە بنەماڵە و دانیشتووی کامە گوندی چەمی گەڵاڵە، بەتایبەتیش گوندی "سەربۆرە " وەک لەشوناسنامەی دانیشتوانەکەیدا ناوی واھاتووەو کەچی دواتر بەناوی عەشرەتەکەیانەوە کراوەتە "قەویلە"و گوندەکانی: -بەربەرد-ی تایبەت بەچوچانی-ییەکان و میرمام-ی تایبەت بەبێسەری-یەکان و بیوەک-ی غەوارەکان و ھەنارە-و-پەریەرۆ-ی ھۆزەسەنییەکان، ئەمە جگە لەگوندەکانی کانی سپیکە و بەردە ڕەشە کەدەکەوێتە سەرەتای ئەو ڕێگەیەی کەلەسەرجادەی سەرەکی ھەڵکشاو بەرەو "سەراو" قووت بۆتەوەو لەوێوە دەچێت بەرەو سەربۆرە-قەویلە- و دواتر ئەشکەوتان و بەربەرد و میرمام و بیوەک و...تاد، ئەمە جگە لەڕێگەکانی دیکەی شوێنانی تر کەدەھاتنەوە سەر ھەمان شوێنی ناسراو بە"چەمی گەڵاڵ" کەتەنھا لەڕۆژە تۆفانییەکانی زستاندا دەبووە چەم، ئەگینا ھەردەم وشک و بێ ئاو بوو، سەیرش لەوەدابوو زۆر جاران سێڵاوی ئاو زەفەری بەگەوڕەکانیان دەبرد و گەر فریا نەکەوتبان چ ئاژەڵی تێدا بایە دەخنکا، چەند جارێکیش زەرەر و زیانی زۆری لێدابوون.


"ھنری فیڵد" دەڵێت:
(کوردەکان کۆمەڵێک ڕەگەزی جیاوازن، وەک ئەرمەنی و بەلقانی و خەڵکانی نیشتەجێی دەریای سپی و ئەڵبییەکانی چیای ئەڵب و تاد...واتە ھەموویان لەیەک ڕەگەزەوە نەھاتوون).٢


برۆفیسۆر "لھمان ھویت"یش دەڵێت:
( دەشێت کاردۆخ باوانی جۆرجییەکانی ئێستا بن).٣


دیارە وەک نموونەی ئیشکالی ساغبوونەوەی تەواوی ئەسڵ و فەسڵی کورد، ئەو دوو نموونەیەی سەرەوەمان ھێنایەوە، ئەگینا، بێشوومار بیرو بۆچوون ھەیە سەبارەت بەپێکھاتنی ئەو میللەتەی کەلەئێستادا پێی دەگوترێت کورد. نەک ھەر ئەوەندە بەڵکو لەئاست چوونە دەرەوەی خێڵەکان و ھاتنەوە ناوەوەی خێلی دیکە بۆ نێوی، قسەو باس و تەرح و بۆچوون ھەن، وەک ئەوەی کە نووسەری بەڕەگەز ئەمریکی، "میھرداد ئیزەدی"مامۆستای مێژووی زمانە ڕۆژھەڵاتییەکان لەزانکۆی "Harvard"، وەک لەکتێبی"کوردەکان٤"دا ئاماژە بەو ڕاستیە دەدات، کەبەدرێژایی مێژوو زۆر خێڵی کورد تەنانەت زۆریان بەویستی خۆیان ئینیمای خۆیان داوەتە پاڵ نەتەوەکانی دیکەو ئێستا لەسەر ئەوان حیساب دەکرێن و ھەروەھا بەپێچەوانەشەوە زۆر خێڵ و ھۆز و بنەماڵەی نەتەوەکانی دیکە لەڕۆژگارێکدا بوونەتە کورد و بەتەواویی بنەچەی خۆیان لەبیرکردووە، جا بەمەبەست بێت یان بێ مەبەست؟!


جا گەر بگەڕێینەوە سەر بابەتەکەی خۆمان، ھۆز یان بنەماڵەکانی چەمی گەڵاڵ، دەبینین لەدەرەوەی ئێمە و لەدنیادا خەڵکانێک بەدوویاندا وێڵن و بەپێی دۆکۆمێنتە مێژووییەکانی سەردەمانی جەنگ و ئاشووبەکان، بەتایبەتیش جەنگی ڕوس و عوسمانییەکان، دەیسەلمێنن کەزۆرێک لەھۆز و بنەماڵەکانی کوردستان و عێراق و وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە، بەبنەچە جەنگاوەران و کاربەدەستانی سەردەمی عوسمانییەکان بوون، بەتایبەت دانیشتووانی قەفقاس وەک چیچانی و داغستانی و چەرکەس و ئەوانەی دیکە، بەپشت بەستن بەبەڵگەو تۆماری ناوەکان و دۆکۆمێنتەکان، ھەر ئەمەشە وای لێکردوون، بتوانن لەسەخترین و دوورترین جێگەدا ھاوڕەگەزانی خۆیان بدۆزنەوە.


یەکێک لەو باسانەی باس لەبنەچەی ھۆز و بنەماڵەکانی وەک" چوچانی و قەویلەیی و بێسەری و غەوارە" دەکات، بابەتێکە لەسایتی "چیچانییەکان"دا ساڵی ٢٠٠٩ بە ناونیشانی "چیچانییەکان و داغستانییەکان و چەرکەسییەکان لەعێراقدا٥"، بڵاوبۆتەوە. ئاماژە بەیەکەمین کۆچی ئەو نەتەوانەو نیشتەجێبوونیان دەکات بەرەو زۆر شوێن بەتایبەتیش عێراق و کوردستان، دەرئەنجامی ھێڕشەکانی ڕوس بۆ سەر ناوچەکانی قەفقاس، بەدرێژایی ساڵانی ١٨٥٩ تا ١٨٦٤ بەردەوام بوو، لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆریان لەتورکیا گیرسانەوە، بەڵام ژمارەیەکی دیکەیان، بۆ ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی ئەو دەمی عوسمانییەکان ملیان نا، بەتایبەتیش کوردستان، جا کۆمەڵێکیان لەڕۆژھەڵاتی زاخۆ و ھەولێر گیرساونەتەوەو لەئێستادا بەپێی ئەو ئامارەی لەگەڵ وتارەکەدا بڵاوکراونەتەوە، لەدھۆک-دا ٣ خانەوادەی بەبنەچە چیچانی و لەھەولێردا تەنھا ١٠ خانەوادەی بەبنەچە "داغستانی" دەژی، لەکاتێکدا بەپێی ئاماری ھەمان سەرچاوە نزیکەی ٦٣٠ خانەوادەی بەبنەچە "چیچانی" لەکۆمەڵێک ناوچەی سەر بەپارێزگای سلێمانیدا دەژین، بەپێی ئاماژەی سەرچاوەکە ٢٠٠ خانەوادەیان لەنێو پارێزگای سلێمانیدان و ئەوەی دەشمێنێتەوە لەناوچەکانی دەروبەری سلێمانیدا دەژین، دەقی ئەوەی لەوتارەکەدا ھاتووە٦:


(سلێمانی/ مێژووی مەوجودیەتی قەفقاسییەکان لەکوردستانی عێراقدا، دەگەڕێتەوە بۆ زەمەنی جەنگ و کارەساتەکانی مابەینی قەفقاسییەکان و روسیای "سەزەری-قەیسەری"، کەبووە مایەی کۆچکردنی کۆمەڵێک لەخانەوادە چیچانییەکان بەخۆیان و ئاژەڵەکانیانەوە لەڕێگەی ئازەربایجانەوە بەرەو ئێران و پاشان کوردستانی عێراق، سەرەتا ئەو خانەوادانە لەگوندی "بیوەک"ی سەر بەناوچەی "بەرزنجە"ی سەر بەپارێزگای سلێمانی گیرسانەوەو دواتر لەپێناو دۆزینەوەی لەوەڕ و شوێنی لەبار بۆ مانەوەو حەوانەوە و سەرچاوەی ئاو، بەگوندەکانی دیکەی سەر بەپارێزگای سلێمانیدا بڵاوبوونەوە، بەتایبەتیش سەربۆرە-قەویلە-و بەردەڕەشە و سڵێمانەو چنارەو...... کانی میران...).


دواتریش نووسەری بابەتەکە، ئاماژە بەباتێکی بڵاوکراوە لەڕۆژنامەی"الاتجاە الاخر" ژمارە١٨٣ / شەممە٢١-٨-٢٠٠٤، ریپۆرتاژی"حەسان شەروخ"، ئاماژە بەسەردانێکی رۆژنامەی ناوبراو بۆ گوندی "کانی میران"ی سەربەناوچەی قەرەداغ دەکات، لەھاوینی ٢٠٠٤-دا، کەگوایە دانیشتووی ئەو دەڤەرە ئەوانەی کەبەئەسڵ چیچانین،گوتویانە ھەر لەبنەچەو بنەماڵە چیچانییەکان زیاد لەھەزار خانەوادەی تر ھەن لەدەوروبەری ناوچەی بەرزنجە نیشتەجێن؟!.... جا لێرەدا ئەو پرسیارە خۆی دەسەپێنێت، کەتۆ بڵێی "چوچانییەکانی" دانیشتووی گوندی"کانی میران" بزانن بەئەسڵ "چیچانین"؟! ئەمە لەکاتێکدا وەک پێشتر ئاماژەم پێدا دانیشتووانی گوندەکانی "چەمی گەڵاڵ"ی نزیک بەرزنجە، ھیچ زانیارییەکەی ئەوتۆیان نەبوو، یان تۆ بڵێی زانیبێتیان و نەیانگوتبێ؟! ئەمە جگە لەوەی موبالەغەیەکی زۆر ھەیە، سەبارەت بەئاماری دانیشتووانی ئەو ناوچەیە، کەپێناچێت ھەزار خانەوادە لەو چەمەدا ھەبێت، وەک ئاگادارم گوندی "سەربۆرە" نزیکەی ٢٥ ماڵەو گوندی "بەربەرد" ١٥ ماڵ و گوندی "ئەشکەوتان" کە"چوچانین" نزیکەی ٢-٣ ماڵ و گوندی میرمام ١٣-١٥ماڵ و ئیدی ماڵەکانی بیوەک و ھەنارەو پەریەرۆ و سڵێمانە ...شی بخەیتە سەر، کەپێش دەچێت ھەندێک دێیان ھەر چۆڵیش بێت، بۆ نموونە وەک "ھەنارە"، جا ئەگەر دانیشتووی بە ئەسڵ چوچانیەکانی دانیشتووی گوندی"بەردەڕەشە" و "کانی سپیکە"شی بخەیتە سەر ھەر پێ ناچێت، بگاتە ھەزار ماڵ لەو دەڤەرەدا، ئەمە لەکاتێکدا ھەر بەپێی خودی ئامارەکەی پێشوتر، ھەموو ئەو خانەوادانەی لەسلێمانی و دەوروبەریدا دەگوزەرێن نزیکەی ٦٣٠ خێزانن، جا بێگومان لەزۆر شوێنی دیکەی شارباژێر-یشدا گوندی دیکەی ھەمان ھۆز و بنەماڵە ھەن.. کەدیارە ئەوەی لێرەدا مەبەستمان بوو، تەنھا ئەوەی "چەمی گەڵاڵ" و سەرە ڕێگەکەی بوو، کەوەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، لەگوندی" کانی سپیکە"ی سەر ڕێگەی "سەراو"ەوە بەرەو بەردەڕەشە و دواتر بەرەو "چەمی گەڵاڵ" لە"سەربۆرە"-وە پێیدا ھاتین، تەنھا مەبەستێکیشمان لەھەموو ئەوەی لێرەدا ویستوومانە بیڵێن، ورووژاندنە نەک ساغکردنەوە؟! جگە لەوەی ھەوڵدانە بۆ ھەڵدانەوەی ھەموو کوون و قوژبنێکی مێژووی گەلەکەمان.. بەدەر لەدەمارگیری و پێداگرتنی بێ بنەما؟! بەمەبەستی ھێنانە کایەی چەشنە نووسینێکی مێژوویی تایبەت بەخۆمان و جودا لەوەی کەئەوانی دیکە ئێمەی پێ دەبینن، ئیدی ئەوەتا دەبینن ئەوان چۆن لەگەرمەی ھەوڵدان و ساغکردنەوەو گەڕانن بەشوێن، شوێنجێگەی بوونی ئەو خانەوادانەی ، کەوەک دەڵێن و دەیسەلمێنن ساڵانێکە لێیان ترازاون، بەڵام ئێمە ڕوون نییە کەی چۆن وەک ئەوان مەراقی گەڕان و دۆزینەوەمان تێدا دەبزووێ؟!

_________________________________________
ژێدەرەکان:
١- Jacques Derrida/Archive Fever "Mal d`archive- Afreudian Impression Diacritics/ Summer 1995
٢- اصل الاکراد/ دراسە تاریخیة/ د.حنان اخمیس / انترنیت.
٣- هەمان سەرچاوەى پێشوو.
٤- Kurtler-Mehrdad.Izady-Istanbul-2004
٥- http://www.sukhneh.com/main/index.php?option=com_content&view=article&id=136:2009-06-10-22-00  
٦- هەمان سەرچاوەى پێشوو.
 

ماڵپه‌ڕی یوسف عیزه‌دین 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک