وه‌ڵام به پرسیارێکی وه‌ڵامداراوه *
له ژماره (0)ی ده‌نگی نوێ، ڕۆژنامه‌ی یه‌کێتی چه‌پی کوردستان، لاپه‌ڕه‌ی دووه‌مدا، هێژا «ئاسۆ غه‌ریب» له‌ژێر هه‌مان سه‌ردێڕدا، که من پێشتر ڕه‌خنه‌م له ڕاگه‌یاندننامه‌که‌ی (یه‌کێتی چه‌پی کوردستان) گرتبوو، وه‌ڵامی به من داوه‌ته‌وه، که تێیدا پرسیاری ئاراسته‌ی من و ئه‌وانه‌ی وه‌ك من بیر ده‌که‌نه‌وه، کردووه. منیش لێره‌دا وه‌ك خۆم و هه‌ر به‌ناوی خۆمه‌وه، وه‌ڵام به پرسیاره‌که‌ی ده‌ده‌مه‌وه، که خۆی نه‌یتوانیوه چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامه‌که‌م بکات، به‌خۆی وه‌ڵامی خۆی داوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌و پێش ئه‌وه‌ی وه‌لامه‌که‌ی من بخوێنێته‌وه، بڕیاری داوه که هیچ وه‌ڵامێكی تر بێجگه له‌وه‌ی خۆی پێی په‌سه‌ند نییه و ناتوانێت به‌هه‌ند وه‌ر بگرێت.
بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ری هێژا، له پێشینه‌ی پرسیار و وه‌ڵامه‌که‌ی «ئاسۆ غه‌ریب» و من تێ بگات، پێویسته سه‌ره‌تا ڕوونکرنه‌وه‌یه‌ك بده‌م. دوو پارت یا دوو گروپی چه‌پ یه‌کیان گرت و له 25ی نۆڤه‌مبه‌ری 2008دا (یه‌کێتی چه‌پی کوردستان)یان راگه‌یاند و منیش وه‌ك هه‌ر خوێنه‌رێك ئه‌و مافه‌م به‌خۆم دا و سه‌رنج و ڕه‌خنه‌کانی خۆم له‌سه‌ر سه‌رخه‌ته‌کانی ئه‌و ڕاگه‌یاندننامه‌یه نووسییه‌وه و به هیوای لێدوانێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی پۆزه‌تیڤ، پێش هه‌مووان بۆ خۆیانم نارد. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی میتۆدی ڕه‌خنه‌گرتن و چاوه‌ڕوانییه‌کانی منه‌وه، ئاسۆ غه‌ریب وه‌ڵامی سه‌رنج و ڕه‌خنه‌کانی منی داوه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها پێویسته ئه‌وه بڵێم، که من ڕه‌خنه به مه‌به‌ستی وه‌لام وه‌رگرتنه‌وه ده‌نووسم، هه‌رچه‌نده مه‌رج نییه، من وه‌ڵامی وه‌ڵامه‌که بده‌مه‌وه. به‌ڵام له‌م باره دیاریکراوه‌دا که به‌ڕێزی هه‌م میتۆدی ڕه‌خنه‌گری له‌به‌رچاو نه‌گرتووه و هه‌م له کۆتاییدا پرسیارێکی ئاراسته‌کردووم، خۆم به ناچار زانی بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی لێدوانه‌که وه‌ڵامی بده‌مه‌وه.
کاتێك که من ده‌ستم به خوێندنه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌که‌ی وی کرد، یه‌کسه‌ر له ڕه‌خنه‌کانی خۆم که‌وتمه گومان و ناچار گه‌رامه‌وه سه‌ر بابه‌ته‌که‌ی خۆم، چونکه ئه‌و به‌ڕێزه به قسه‌کردن له‌سه‌ر بۆچوونێك ده‌ست پێده‌کات، که نه بۆچوونی منه و نه له سه‌رده‌می چه‌پایه‌تیشمدا خاوه‌نی وه‌ها بۆچوونێك بووم.
هاوڕێ هه‌ژێن له‌سه‌ره‌تای نووسینه‌که‌یدا ئه‌وه ده‌ستنیشان ده‌کات که هه‌ندێك گورز که بزووتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی خۆی له‌خۆی وه‌شاندووه هه‌ندێکجار له‌گورزی بۆرژوازی که‌ریگه‌رتره، ......
من نامه‌وێت گومان بخه‌مه سه‌ر نیازی وی، له‌وه‌ی بۆ ده‌ربڕینه‌کانی منی به نموونه نه‌هێناوه‌ته‌وه، به‌ڵام که لێکی ده‌ده‌مه‌وه، دوو ئه‌گه‌ر زیاتر نابینم؛ یا ئه‌وه‌تا به‌ڕێزی له ڕه‌خنه‌گرتندا شاره‌زا نییه یا ئه‌وه‌تا وه‌ك میتۆدی باوی چه‌پ، نیازی شێواندنی بۆچوونه‌کانی منی هه‌بووه.
کاتێك که که‌سێك ده‌ست بۆ خامه‌که‌ی ده‌بات و ده‌یه‌وێت ڕه‌خنه بگرێت، پێویسته تێکستی ڕه‌خنه‌لێگیراو وه‌ك نموونه بهێنێته‌وه، ئه‌وسا بکه‌وێته سه‌روگوێلاك کوتانی. ئاسۆ غه‌ریب، ئه‌مه‌ی ڕه‌چاو نه‌کردووه و وه‌ك هاوڕێیه‌کم وتی " له‌وه ده‌چێت ئه‌و پێشتر ئه‌م بابه‌ته‌ی نووسیبێت و پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌ی تۆ، ناوی تۆی تێ ئاخنیبێت". من له به‌ڕێزی ده‌پرسم له کوێ و که‌ی من شتی وام وتووه؟ من نووسیومه: "به‌ڵام به پێویستی ده‌زانم په‌نجه بۆ ئه‌وه ڕابکێشم، که ده‌سته‌گه‌ری ڕێکخراوه‌یی (سیکتاریزمی پارتی) به‌درێژایی مێژووی خه‌باتی چه‌وساوه‌کان، گه‌وره‌ترین زیانی له بزاڤه‌که داوه و ئه‌و لێدانانه‌ی که بۆرژواکان له هێرشه‌کانیاندا بۆ سه‌رکوتی بزاڤی ئازادیخوازی و یه‌کسانیخوازی و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌یان توانیوه پێیان هه‌ستن، پارتچییه‌تی به کنه‌کردنی بۆ ناو بزووتنه‌وه‌که و پارچه‌پارچه‌کردنی ڕیزه‌کانی، خۆبه‌خشانه بۆی ئه‌نجام داون.".
با خوێنه‌ری هێژا به‌خۆی به‌راوردی بۆچوونه‌که‌ی من و لێکدانه‌وه‌که‌ی وی له قسه‌کانی من بکات. ته‌نیا هێنده ده‌ڵێم، بۆ ئه‌وه‌ی که درێژدادری نه‌که‌م، له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که چه‌پ به سۆشیالیست نازانم، زۆر نه‌ڕۆیشتم و ته‌نیا لینکی ئه‌و بابه‌تانه‌م له کۆتایی ڕهخنهکهمدا دانا، که پیش‌تر نووسومن. من «ئاسۆ غه‌ریب» وه‌ك تاك به سۆشیالیستخواز ده‌زانم، به‌ڵام هیچ له‌وه دوودڵ نیم، که پارته‌که‌ی ئه‌ویش وه‌ك پارته‌کانی تر، نه‌ك له به‌ره‌ی بزاڤی سۆشیالیستیدا نین، به‌ڵکو کارکردیان هه‌وڵێکه بۆ ده‌سته‌مۆکردنی بزاڤه‌که. ئه‌مه قسه‌ی گیرفانی من نییه، ئه‌مه وانه‌ی مێژووه و پارت بێجگه له دابڕکردنی پڕۆلیتێره‌کان به‌ناوی جۆراوجۆری بریقه‌داره‌وه له یه‌کتر، هیچ کارێکی تری ئه‌نجام نه‌داوه! تاکتیك و ستراتیژی چه‌پ، هه‌میشه ڕزگارکه‌ری سیسته‌می چینایه‌تی بوون نه‌ك له‌ناوبه‌ری، بڕواننه ڕۆڵی بۆلشه‌ڤیکه‌کان له 1917- 1990، ڕۆڵی سۆسیال-دیموکراته‌کان ئاڵمان 1918 – 1921، مارکسیست-لێنینیسته‌کان له شۆڕشی ئه‌سپانیای 1936- 1939 و برواننه داخوازی پارت و گروپه چه‌په‌کانی کوردستان و عیراق به (یه‌کێتی چه‌پی کوردستان)یشه‌وه، که پێییان وایه له نه‌بوونی ده‌وله‌ت و ناسه‌قامگیری یاسایه، کرێکاران و زه‌حمه‌تکێسان له مافه سه‌ره‌تاییه‌کانیان بێبه‌شن! ئه‌مه له کاتێکدا که بوونی ده‌وڵه‌ت و سه‌قامگیری یاسایه، که باری کۆیله‌تی پڕۆلیتاریای بۆ سه‌رده‌مه تاریکه‌کانی مێژوو گێڕاوه‌ته‌وه. ساده‌ترین به‌ڵگه‌ش بۆ بوونی ده‌وڵه‌ت و یاسا ئه‌وه‌یه، ئایا هیچ پارت و گروپ و ڕێکخراوه‌یه‌کی پیشه‌یی و بڵاوکراوه‌یه‌ك به‌بێ مۆڵه‌تی ده‌وڵه‌ت و ملدان به بنه‌ماکانی یاسای عیراقی و هه‌رێمی کوردستان، ده‌توانن یه‌ك تاکه ڕۆژ چالاکی بکه‌ن؟
من له خۆمه‌وه و له خۆڕا تۆمه‌تی ورده‌بۆرژوازیم نه‌خستووه‌ته گه‌ردنی چه‌په‌کان، ئه‌وه‌تا له (حشع)ه‌وه تا تازه‌ترین گروپ که پارته‌که‌ی ئه‌وه، خوازیاری پته‌وکردنه‌وه‌ی پایه‌کانی ده‌وڵه‌ت و سه‌قامگیری و سه‌روه‌ری یاسان! ئایا ئه‌مانه داخوازی چه‌وساوه سۆشیالیستخوازه‌کانن؟ ئایا ئه‌مانه تۆمه‌تن و من بۆیان هه‌ڵده‌به‌ستم؟
پاشان هه‌ر له درێژه‌ی ئه‌و په‌ره‌گرافه‌دا، به دڵی خۆی ده‌که‌وێته وێناندنی من به‌وجۆره‌ی که خۆی ده‌یه‌وێت و ده‌مکاته دیکته‌که‌ر. من هیچ ناکه‌ومه پیاهه‌ڵدانی خۆم، ئه‌وه ئه‌رکی خوێنه‌ری به سه‌رنج و ڕه‌خنه‌یه، میتۆد و به‌رخوردی من بخوێنێته‌وه. به‌ڵام ڕابوردووی چه‌پایه‌تی و ئه‌زموونه‌کانی کاری ڕۆژانه‌م، فێری ئه‌وه‌یان کردووم، که پارت و ڕێکخراوه قوچکه‌یی و رامیارییه‌کان، له‌ژێر هه‌ر ناوێک‌دا بن و هه‌ر به‌رنامه‌یه‌کی رازاوه‌یان هه‌بێت، بیچگه له کۆپییه‌کی بچووکراوه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی، هیچی تر نین و ناشتوانن ببن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که هه‌مان پله‌به‌ندی و هه‌مان ڕێسا و یاسای بۆرژوازی به‌سه‌ریاندا زاڵه و هه‌ر ئه‌مه‌شه که وا له ئه‌ندامانی پارت ده‌کات، که نه‌توانن له ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی شتێکی تر وێنا بکه‌ن و کۆمه‌ڵگه به بێ فه‌رمانده‌ر و فه‌رمانبه‌ر بهێننه به‌رچاویان و هه‌ر ئه‌مه‌شه که که‌سانی سۆشیالیستخوازی وه‌ك ئاسۆ غه‌ریب ده‌کاته بورغوی ده‌زگه و پارته‌کانی ورده بۆرژوازی خۆشخه‌یاڵ به ده‌وڵه‌تیکردنی سۆشیالیزم.
ئه‌و ده‌ڵێت: باسمان له "دامه‌زراندنی حزبێکی بنکه‌فراوانی یه‌کگرتوو کردووه، .......
ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر بابه‌ته‌که‌ی منی نه‌خوێندبێته‌وه، وا ده‌زانێت، که من خوازیاری جۆرێکی تر له پارتم، من زۆر به ڕوونی ده‌ڵێم هه‌موو ڕێکخستنێکی قوچکه‌یی، هه‌موو ڕێکخستنێكی ده‌ره‌وه‌ی خه‌باتی ڕۆژانه‌ی پڕۆلیتاریا ڕه‌تده‌که‌مه‌وه، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که: یه‌که‌م له پارتدا ئیتر ئه‌و پارته هه‌ر ناوێکی هه‌بێت و بنکه‌ی چه‌ندێك فراوان بێت، بڕیاره ده‌سته‌بژێر (نخبه)ێك له سه‌ره‌وه بۆ پڕۆلیتێره‌کان بیر بکاته‌وه و دیکته‌یان بۆ بکات و پێیان بڵێت، ئه‌وه بکه‌ن و ئه‌وه مه‌که‌ن! زۆرینه‌یه‌کی خۆشباوه‌ڕ و شوێنکه‌وتووش خۆی بکاته گۆشتی هه‌نجراوی نێو سه‌نگه‌ره‌کان یا ته‌مه‌نیان له زیندانه‌کاندا به‌سه‌ر به‌رن. له‌به‌ر ئه‌وه به بڕوای من، ئه‌گه‌ر بڕیاره پڕۆلیتاریا ڕوخێنه‌ری سه‌رمایه‌داری بێت، ئه‌وا ڕێکخراو و ڕێکخستنه‌کانی خۆی باشترین و گونجاوترین و سروشتیترین چوارچێوه‌ی ڕێکخراوبوونی ده‌بن. ئه‌مه بۆ که‌سێك که پێی وابیت، له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا هوشیاری (تیئۆری) به‌رئه‌نجامی کارکرد (پراکتیك)ه! به‌ڵام بۆ که‌سێك که پێی وایه له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا کارکرد به‌ره‌نجامی هوشیارییه، ئه‌وا ئیتر هاوکێشه‌که پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه و پڕۆلیتێره‌کان به‌ده‌به‌نگ ده‌زانێ و بۆ هوشیارکردنه‌وه‌یان پێویستی به ده‌سته‌بژێریی ورده‌بۆرژوازی هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی هۆشیاریان بکاته‌وه و پارتێك به‌ناوی ئه‌وانه‌وه قوت بکاته‌وه و پڕۆلیتێره‌کان بۆ په‌یوه‌ستبوون پێوه‌ی بانگه‌واز بکات. له‌ناو پارتیشدا (أ) و (ب) و (ج) ده‌بنه په‌یامبه‌ریان، په‌یامبه‌رانێك له خۆیان پرسیار ده‌که‌ن و به‌خۆشیان وه‌لام ده‌ده‌نه‌وه!
له‌وه ده‌چێت، کورتبڕینه‌وه‌ی من له ڕهخنهکهمدا، نه‌یتوانی بێت، وه‌لامه‌کان ڕۆشن بکاته‌وه، بۆیه ناچار لێره‌دا دڕێژدادڕی بکه‌م؛ به‌بروای من هیچ زانا و فیلۆسۆفێك هێنده‌ی گسکده‌رێك (که‌ناسێك) له خاوێنکردنه‌وه نازانێت و هێنده‌ی وی له ده‌ردی و خۆی و هاوتوێژه‌کانی تێناگات! ناچارم لێره‌دا دووباره‌ی ئه‌و بۆچوونه‌م بکه‌مه‌وه، که نزیکه‌ی دوو سه‌ده‌یه پڕۆلێتێره‌کان ڕه‌وتی خۆیان داوه‌ته ده‌ست ورده‌بۆرژوازی و به‌رده‌وام هه‌ر فریوخوراوی به‌شیان بووه. نزیکه‌ی دوو سه‌ده‌یه و هه‌ر چه‌ند ساڵێك پارتێك سواری ملی بزاڤه‌که‌مان ده‌بێت و دواجاریش سه‌رمان له‌به‌رده‌م سندووقه‌کانی ده‌نگدان و چێکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته تێكشکێنراوه‌کانی ده‌می ڕاپه‌ڕینه‌کان و به‌ره‌ی پێکه‌وه ژیان و ئاشتی له‌ته‌ك بۆرژوازیدا، ده‌رده‌چێته‌وه! ئایا له‌وه‌ی که بۆ جارێکیش به‌خۆمان بیر بکه‌ینه‌وه و به‌خۆمان خۆمان ڕێکخه‌ین و به‌خۆمان بێ سه‌روگوێلاکی ورده‌بۆرژواکان، کۆمه‌ڵگه ڕێك بخه‌ینه‌وه، هێنده‌ی ئه‌و دوو سه‌ده‌یه نا، هێنده‌ی حه‌فتا سالی سه‌روه‌ری بۆلشه‌ڤیکه‌کانیش نا، هێنده‌ی شه‌ڕه‌ده‌نووکی سکتاریستانه‌ی چه‌په‌کان له ده‌می ڕاپه‌ڕین و پاش ڕاپه‌ڕن و به‌ره‌و شکست بردنی سۆڤیه‌ته‌کان زیانمان لێ ده‌که‌وێت؟
لێره‌دا من نامه‌وێت، داوا له ورده‌بۆرژوازی بکه‌م، ده‌ستبه‌رداری خه‌ونه‌کانی خۆی بۆ گه‌رانه‌وه بۆ به‌هه‌شت و ده‌وڵه‌تی موحه‌مه‌دی مه‌هدی بێت، نا. من هه‌رگیز ناهێڵم توشی وه‌ها خه‌ره‌فانێك ببم، به‌لكو ده‌لێم به‌ڕێزه له زیاد پێویست ژیره‌کان، ئێوه به‌ناوی خۆتانه‌وه خه‌بات بۆ ده‌وڵه‌ته په‌شمه‌کییه‌که‌ی خۆتان بکه‌ن و ئێمه‌ش ئه‌و پڕۆلیتێرانه‌ی که پێتان وایه ده‌به‌نگین و به‌بێ ئێوه رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵی خۆمان نازانین و پێویستمان به شوانکاره‌یی رامیاریی ئه‌نگۆ هه‌یه، به‌خۆمان دواڕۆژی خۆمان دیاری ده‌که‌ین. ئه‌گه‌ر ئه‌و دواڕۆژه مه‌رگی ناو سه‌نگه‌ره‌کانیش بێت، له کۆیله‌تی ژێر چه‌کمه‌ی له‌شکری سووری پارته چه‌په‌کان باشتره!
ئێمه نه ده‌به‌نگین و نه خۆشخه‌یاڵ، نا ئه‌وه ئێوه‌ن، که به‌هه‌ڵه‌دا چوون و ئه‌وه ئێوه‌ن دوو سه‌ده‌یه پارت دروست ده‌که‌ن و هه‌ر ئه‌و پارته خۆتان ده‌ر ده‌کاته ده‌ره‌وه و جارێکی تر دروستی ده‌که‌نه‌وه و جارێکی تر خۆتان خه‌ڵكی تر ده‌که‌نه ده‌ره‌وه و جاریکی تر ئه‌وان دروستی ده‌که‌نه‌وه و ئینجا له گیانه‌لاندا هه‌ردوولا یه‌کده‌گرنه‌وه، ده‌چنه پارله‌مان و سه‌رتان له داواکاری سه‌روه‌ری یاسا و پاراستنی ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌رده‌چێت و ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه ده‌گرن و ئه‌وه‌ی بۆرژوازی گه‌وره بۆی نه‌لواوه، ئه‌نگۆ به‌ناوی پڕۆلیتاریاوه ئه‌نجامی ده‌ده‌ن و یه‌کشه‌مه‌کانیش داوای هه‌شت کاتژێر کاریان لێ ده‌که‌ن، به ده‌ستی پڕۆلیتێره‌کان زیندان بۆ خۆیان چی ده‌که‌ن و به‌ناوی ئه‌وان خۆیانه‌وه له دادگه‌کانی شۆڕشه‌که‌تاندا سزانی له‌سێداره‌دانی شۆرشگێڕانه‌یان بۆ ده‌بڕنه‌وه! ئایا ئه‌م هه‌مووه مێژووه پڕ له فڕیودان و سکتاریزم و جیابوونه‌وه و سه‌رکوتگه‌رییه، بۆ تێڕامان و گه‌ران به‌دوای گرێکوێره‌ی گرفته‌که‌دا، به‌س نییه؟
من له‌وه دڵنیام که سه‌رانی پارته رامیارییه‌کانی به‌ناوی پڕۆلیتاریا و سۆشیالیزم، ده‌به‌نگ نین، هه‌رواش له‌وه دڵنیام که ڕامکاره ڕامیارییه‌کان ئێمه‌ی پڕۆلیتێر (پڕۆلیتاریا، هاووڵاتیانی بێ موڵك و بێ ده‌سه‌ڵات) به‌ده‌به‌نگ ده‌زانن، بۆیه هه‌موو پارته‌کان به‌ناوی ئێمه‌وه و به‌ناو بۆ ئێمه ساز ده‌که‌ن! ورده‌بۆرژوازی ده‌زانێت، که خۆڕێکخستن و خۆبیرکردنه‌وه و خۆبڕیاردانی پڕۆلیتێره‌کان به‌واتای کۆتایی ڕۆڵی نێوه‌نجگه‌رایانه (واسیته‌گه‌رایانه)ی رامیاره سه‌رکرده‌کان دێت و شۆڕشی ئێمه، کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی به ده‌وڵه‌ت و یاسا و ڕه‌وایه‌تییه‌وه راده‌ماڵێت و ئیتر خه‌ونی فه‌رمانڕه‌وایی پارته‌کان و شوانکاره رامیاره‌کان ده‌بێته نه‌خشی سه‌ر ئاو. بۆیه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له هه‌وڵی لغاوکردنی ئێمه‌دان و ده‌یانه‌وێت له‌ناو پارته‌کاندا کۆمان بکه‌نه‌وه و شه‌ڕه‌ده‌نووکی یه‌کتریمان پێ بکه‌ن و شه‌ڕی پارته‌کانی ترمان پێ یه‌کلایی بکه‌نه‌وه و خێڵی تازه - خێلی پۆست‌مۆدێرن-مان لێ ساز بکه‌ن!
ئاسۆ غه‌ریب، به پێی تێڕوانینی بۆ هۆشیاری و توانای ده‌ركکردن لای کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان، له په‌ره‌گرافی شه‌شه‌می ستوونی دووه‌مدا ده‌ڵێت: مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه که جێگه‌ی ره‌خنه‌یه له‌نووسینه‌که‌ی هه‌ژێندا ئه‌وه‌یه که ئه‌و راگه‌یاندنه‌ی وه‌ك به‌نامه‌ی ئێمه چاولێکردووه‌و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه هاتووه ره‌خنه‌ی به‌رنامه‌یی ده‌گرێت، ئه‌وه له‌کاتێکدا که نه یتوانوه له‌وه تێبگات که له په‌ره‌گرافی کۆتایی راگه‌یاندنه‌که‌دا ئاماژه به‌وه‌کراوه که ("یه‌کێتی چه‌پی کوردستان" ئه‌و ماف‌و ئامانج‌و داخوازییانه‌ی سه‌ره‌وه به‌سه‌رخه‌تی گشتی پلاتفۆرمی سیاسی خۆی ده‌زانێت...)
ئایا ئه‌مه سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه نییه، که پاشڕه‌وانی ئه‌ڵته‌رناتیڤی ورده‌بۆرژوازی پێیان وایه هوشیاری چینایه‌تی پڕۆلیتاریا له ده‌ره‌وه‌ی خۆی له خانه‌ی مێشکی ڕامیارییه‌کاندا به‌رهه‌م دێت و تێگه‌یشتن له تێڕوانینه‌کانیان بۆ ئێمه دژواره؟ ئه‌گه‌ر وا نییه، ده‌بێت تێگه‌یشتن له ڕاگه‌یاندنامه‌یه‌کی بێسه‌ره‌وبه‌ره‌ی ناکۆك به‌یه‌ك و پڕگرێوکۆڵی زمانه‌وانی چی بێت، که من به هه‌ڵه لێی تێگه‌یشتم؟ من له‌وه گومان له‌وه ناکه‌م که ئاسۆ غه‌ریب خوازیاری سۆشیالیزمه، به‌ڵام گرفته‌که‌ی له‌وه‌دایه ئه‌و به‌ڕێزه پێی وا نییه، که هوشیاری به‌ره‌نجامی کاره و خودی ڕێکخراوبوونیش وه‌ك پێداویستی ئه‌و کاره (خه‌باته) له دایك ده‌بێت و به‌ده‌ستهێنانی داخوازییه‌کانیش به‌رئه‌نجامی خه‌باتی یه‌کگرتوو و راسته‌وخۆیه و سۆشیالیستێكیش که ده‌رگیری ئه‌و خه‌باته بێت، وێناکردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی بێ ده‌وڵه‌ت و رابه‌ر بۆی ئاسان ده‌بێت! به‌ڵام کاتێك که ئێمه خه‌باتی چینایه‌تی له دووتوێی په‌رتووکه‌کاندا بخوێنینه‌وه، ئه‌وا هێنانه‌پێشچاوی دونیایه‌کی بێ ده‌وڵه‌ت و پارت و پۆلیس و فه‌رمانده‌ر و فه‌رمانبه‌ر، ته‌نیا بێسه‌ره‌وبه‌ره‌یی سه‌ره‌نجام ده‌بێت! بۆیه چه‌په‌کان له‌م سه‌ر تا ئه‌و سه‌ری دونیا خوازیاری بوونی ده‌وڵه‌ت و سه‌قامگیری یاسان، یاسایه‌ك که فێرمان ده‌کات، چۆن هاوولاتییه‌کی پله‌دووی گوێڕایه‌ڵ و ملکه‌چی بڕیاره‌کانی سه‌ره‌وه‌ی خۆمان بین!
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌و پێی وایه من له‌وه تێنه‌گه‌یشتووم یا به هه‌ڵه وه‌ڵامم داوه‌ته‌وه، ئه‌وا پێویسته پرسیار له خۆی بکه‌م، که (سه‌رخه‌ت) چییه؟ ئایا سه‌رخه‌ت له‌م دوو باره به‌ده‌ره؛ سه‌رخه‌تی کار یا سه‌رخه‌تی داخوازی؟ ئایا سه‌رخه‌تی کار و سه‌رخه‌تی داخوازی هێڵه سه‌ره‌کییه‌کانی به‌رنامه پێك ناهێنن؟ خۆ ئه‌گه‌ر سه‌رخه‌ت مه‌به‌ستی له سه‌ره‌تاکان (مبادئ)ه، ئه‌وا هه‌ر شوێنی به‌رنامه‌یه!
هه‌ڵبه‌ته من نه به‌هه‌ڵه تێگه‌یشتووم و نه ئه‌وه‌شه که لێم گۆڕابێت، من سه‌رنجی خۆم له‌سه‌ر ئه‌وه داوه که له‌و راگه‌یاندنامه‌دا هاتووه و یه‌ك وشه یا ده‌سته‌واژه‌یه‌کم له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و راگه‌یاندنه و خاڵه‌کانی نه‌هێناوه‌ته‌وه. به‌ڵکو وتوومه: " ئه‌مه پاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنه تا قسه‌کردن له‌سه‌ر گۆڕینی باری کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك. قسه‌کردن له‌و ئامانجانه له سایه‌ی سه‌روه‌ری چینایه‌تیدا له پاگه‌نده‌ی بێناوه‌ڕۆك به‌ولاوه‌تر نییه و نابێت!".
ئه‌وه‌تا کاك ئاسۆ به‌خۆی و له ده‌می خۆیه‌وه راستی بۆچوونه‌که‌ی من ده‌سه‌لمێنێت و له‌وه ده‌چێت ئه‌وه ئه‌و بێت، که له بۆچوونه‌که‌ی من تێنه‌گه‌یشتبێت! ئه‌گینا نه‌یده‌وت: ("یه‌کێتی چه‌پی کوردستان" ئه‌و ماف‌و ئامانج‌و داخوازییانه‌ی سه‌ره‌وه به‌سه‌رخه‌تی گشتی پلاتفۆرمی سیاسی خۆی ده‌زانێت...)! چونکه (سه‌رخه‌تی گشتی پلاتفۆرمی ڕامیاری) یا به‌رنامه‌یه بۆ ده‌سه‌ڵات یا پاگه‌نده‌ی سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردنه. خوێنه‌ری وریا به ئاسانی له‌وه ده‌گات، که ئاسۆ غه‌ریب مه‌به‌ستی دووه‌میانه و راگه‌یاندنه‌که‌ش مه‌به‌ستی یه‌که‌میانه! پاشان خۆی دان به‌وه‌دا ده‌نێت، که هه‌ڵبه‌ت من ناڵێم ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی ئێمه که‌موکوری تێدانیه، که‌موکورتی زۆر‌و ته‌نانه‌ت مه‌سائیلی ناکۆك به‌یه‌کتریشی تێدایه، به‌ڵام...
مه‌گه‌ر منیش هه‌ر په‌نجه‌م بۆ ناکۆكبوون و که‌موکورتییه‌کانی نه‌کێشاوه؟ ته‌نیا ئه‌وه هه‌یه، که من له ڕوانگه‌ی ئه‌نارکیستێکه‌وه وه‌ڵامم به که‌موکورتییه‌کان داوه‌ته‌وه. هه‌ر ئه‌مه‌شه ئه‌و به‌ڕێزه‌ی نیگه‌ران کردووه!
ئه‌گه‌ر چی هاوڕێ هه‌ژێن زۆر پرسیاری (ته‌نیا بۆ مه‌به‌ستی مه‌حکومکردن) له ئێمه کردووه‌و خۆی بۆ وه‌ڵامه‌کانیشیان ماندوو نه‌کردووه، بائێمه‌ش بۆ مه‌به‌شتی رۆشنبوونه‌وه له‌و بپرسین ئه‌گه‌ر ئه‌و یا هه‌رکه‌سێکی دیکه‌ی سۆشیالیست بیانه‌وێت له‌م بارودۆخه‌داو له‌کوردستان کارێك بکه‌ن، یاخود کارێك بۆ سۆشیالیسته‌کانی زه‌مانی خۆیان دیاری بکه‌ن ئه‌وه چ کارێکه که ده‌یخه‌نه ده‌ستووری کاره‌وه؟
دواجار به لای خۆیه‌وه به پێشه‌کییه‌کی یه‌ك په‌ره‌گرافی پرسیارێك ئاراسته‌ی که‌سانی وه‌ك من ده‌کات، که له ڕاستیدا پرسیار نییه، به‌ڵکو بڕیاردانی یه‌ك لایه‌نه و بێچه‌ندوچوونه، با سه‌یرێکی بکه‌ین و ئه‌وسا وه‌ڵام به وه‌ڵامه پێشتر ئاماده‌کراوه‌که‌ی بده‌مه‌وه.
ناوبراو ڕێسای ڕه‌خنه‌گری له‌به‌رچاو نه‌گرتووه، به‌ڵکو ئه‌رکی خوایه‌تی به نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گران ده‌سپێرێت. ئه‌و له من ده‌خوازێت، خۆم وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی خۆم بده‌مه‌وه. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که به پێی تێڕوانینی ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌ی وی، پڕۆلێتێره‌کان به‌گشتی و خوێنه‌ر به‌گێل و ده‌سته‌پاچه داده‌نرێت! کاتێك که من پرسیار ده‌که‌م یا ئه‌وه‌تا خۆم وه‌ڵامه‌که‌ی نازانم یا ئه‌وه‌تا ده‌مه‌وێت خوێنه‌ر له‌ته‌کمدا بکه‌وێته بیرکردنه‌وه و وه‌ڵامێکی به‌کۆمه‌ڵ بۆ پرسه‌کان هه‌ڵهێنجێنین. به‌ڵام من پێـم وایه ئه‌و و زۆرێکی تر، که پاش نزیکه‌ی دووسه‌د ساڵ هێشتا له‌وه تێنه‌گه‌یشتوون، ئه‌وه خراپی و نه‌زانی تاکه‌کان نییه، که پارته بێ ئه‌ژماره‌کانی به‌ناو سۆسیالیست و پرۆلیتێری به‌ره‌و چینه‌کردن له پارله‌مان و وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی یاسایی و به‌ره‌ی هاوبه‌ش و هاوئامانجی له‌ته‌ك بۆرژوازیدا بردووه، به‌ڵکو هۆیه‌که‌ی میکانیزمه‌کانی کاری پارتایه‌تین؛ ئه‌وه سروشتی پارته وه‌ك ڕێکخراوێکی قوچکه‌یی و کۆپیکراوه‌ی سیفه‌ته چینایه‌تییه‌کانی سیسته‌می چینایه‌تی له ناویدا، که پارت ده‌کاته ئامرازێك بۆ سکتاریزم و پارچه‌پارچه‌یی، نه‌ك نییه‌تی که‌سه‌کان! ئه‌وه هانابردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێك که‌سی به‌ناو سۆسیالیستخوازه بۆ چێ‌کردنی پارتێکی تر، که منی ناچار به ئاراسته‌کردنی ئه‌و پرسیارانه کردووه. کاتێك که من پرسیار ده‌که‌م، واته بۆ خۆم تێڕوانینێکی تایبه‌تم هه‌یه، ئامانج له پرسیار ئاراسته‌کردنه‌که‌ی من وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خۆم نییه، به‌ڵکو خه‌ریککردنی به‌رامبه‌ره به بیرکردنه‌وه له‌وه‌ی که به خه‌یاڵیدا نه‌هاتووه!
بۆ وه‌لامی پرسیاره مردووه‌کانی، مردوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که، به‌خۆی بواری بیرکردنه‌وه‌ی له من گرتووه و به‌ر له‌وه‌ی داوای وه‌ڵامم لێ بکات، مافی وه‌لامدانه‌وه‌ی لێ زه‌وتکردووم و به‌خۆی له‌بری من وه‌ڵام ده‌داته‌وه و پێم ده‌ڵێت، که ئه‌مه تاکه وه‌لامی دروسته و تۆش ده‌بێت وا بیر بکه‌یته‌وه!
ئێستا بۆ وه‌لامی پرسیاره وه‌لامداخراوه‌که‌ی، به‌رای من ئه‌رکی هه‌ر سۆشیالیستێك چ له کوردستان و چ له ئه‌مه‌ریکا، پاگه‌نده‌یه بۆ ڕێکخراوبوون –ڕێکخراوبوونی پارتییانه نا-، بۆ کاری ڕاسته‌وخۆ و هه‌ره‌وه‌زی و هاوپشتی چینایه‌تی. تا ئه‌و‌ه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر کوردستان، هه‌ر وه‌ك چۆن له زستانی 1992-1993 له هه‌وڵیر کاتێك که (یه‌کێتی بێکاران)** هه‌زاران ئه‌ندامی ناونووس کردبوو، وتم ئه‌گه‌ر له هه‌ر کۆڵان و گه‌ره‌ك و ئۆردووگه‌یه‌ك بنکه لۆکاڵییه‌کان بۆ جۆشدانی خه‌باتی بێکاران بۆ دابیکنکردنی ئاو، کاره‌با، چاکردنی زه‌ڵکاوی کۆلانه‌کان، باشترکردنی فێرگه‌کان تاده‌گاته بیمه‌ی بێ‌کاری و به‌ڕیوه‌بردنی شاره‌کان و ولات، ڕێکبخڕین و ڕێکخراوه لۆکاڵییه‌کان بکرێنه فێرگه‌ی په‌روه‌رده‌ی بی‌کاران و دواجار گرێدانه‌وه‌ی کۆمیته و ڕێکخراوه لۆکالیییه‌کان له ئاستی شار و وڵات‌دا، بزووتنه‌وه‌كه ڕه‌گوڕیشه داده‌کۆتێ و ئه‌سته‌مه سه‌روه‌ران به چه‌ك و زۆر بتوانن پاشه‌کشێی پێ بکه‌ن و ئه‌مه ده‌بێته سه‌نگه‌رێکی به‌هێز و ئه‌م شێوازه له ڕێکخراوبوون و هه‌ڵسوران، که به خه‌باتی راسته‌وخۆ و ڕێکخراوبوون له خواره‌وه‌را بۆ سه‌ره‌وه ناسراوه، بۆ ئاراسته‌کردنی خه‌بات و ڕێکخراوبوونی گشت توێژه پڕۆلیتێره‌کانی تریش دروسته. ئه‌وکات ڕێکخراوه‌که‌م که ڕێکخراوی «ئاسۆ غه‌ریب»یش بوو، دژایه‌تییه‌کی سه‌رسه‌ختی ئه‌و بۆچوونه‌ی کرد و چاوییان لێ سوور کردمه‌وه! هه‌ر ئه‌وکات من پێم وابوو مسۆگه‌ری ئازادی رامیاری و ئازادییه گشتییه‌کان له گره‌وی سه‌رهه‌ڵدانی ڕێکخراوه سه‌ربه‌خۆکانی بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌کاندایه. ئێستاش پێم وایه، که بزووتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی له‌و گۆشه‌یه‌ی دونیادا هه‌ر له‌به‌رده‌م ئه‌و هه‌نگاوه‌دا وه‌ستاوه و ده‌بێت له‌بری پارتایه‌تی و سکتاریزم، هه‌ڵسوراوانی سۆشیالیست –هه‌ڵسوراوان نه‌ك رابه‌ر و شوانه و میرزا و پیاوماقوڵان- له شوێنی ژیان و کاریانه‌وه ده‌ست بۆ پاگه‌نده و گه‌یاندنی ئه‌زموونی ڕێکخراوه‌یی به هاوکاران و هاوسێکانیان بگه‌یێنن. پێویسته هه‌ڵسوراوان له ڕه‌وتی خه‌باتی ڕۆژانه‌دا هه‌نگاو به هه‌نگاو بۆچوون و تێڕوانینه‌کانی خۆیان پێشنیار بکه‌ن، پێویسته ڕێکخراوه‌کان بکرێنه فێرگه‌ی چینایه‌تی. لێره‌دا نابێت ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێت، که ڕێکخراوبوون و پێکهێنانی ڕێکخراوه‌کان به‌رهه‌می حه‌ز و فه‌رمانی ئه‌م لیده‌ر و ئه‌و سکرتێری پارتیی نین، به‌ڵکو وه‌ڵامی پێداویستی خه‌باتی ڕۆژانه‌ی چه‌وساوه‌کانن. بۆ ئه‌وه‌ش که نه‌که‌وینه زه‌لکاوی ڕیفۆرمیزمی سۆشیال-دیموکراسی و ده‌سه‌لاتخوازی بۆلشه‌ڤیکه‌کان، پێویسته ڕێکخراوه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێکخستن و بڕیاردان له خواره‌وه‌ڕا، به‌پشتبه‌ستن به خه‌باتی راسته‌وخۆ و مه‌یدانی، به گڕیدانه‌وه‌ی فیدرالیستیانه‌ی ڕێکخراوه‌کان، بزاڤه‌که به‌ره‌و هاوریکاری و هه‌ره‌وه‌زی چینایه‌تی ئاراسته بکرێت. ئه‌مه تێڕوانینی منه بۆ ئه‌رکی ده‌ستبه‌جێی هه‌ر هه‌ڵسوراوێکی سۆشیالیست له کوردستان و عیراقدا، مه‌رجیش نییه ئه‌مه دروست بێت، ته‌نیا ڕێگه‌ش بۆ جێکه‌وته‌بوونی تێڕوانینی هه‌ریه‌که له ئێمه وه‌ك به‌رهه‌می ئه‌زموونوه‌رگرتن له هه‌وله چینایه‌تییه‌کانی پێش خۆمان، پشنیارکردنیانه -نه‌ك سه‌پاندن- له سه‌نگه‌ره چینایه‌تییه‌کاندا، له خه‌باتی ڕۆژانه‌ی توێژه پڕلیتێره‌کاندا و ئه‌وه ته‌نیا ڕه‌وتی ئه‌و خه‌باته‌یه، که دروستی و نادروستی تێڕوانینه‌کان دیاری ده‌کات نه‌ك حه‌زی ئێمه و نه‌ك ناوبانگ و پله‌وپایه و بڕوانامه‌ی ئێمه!
به‌داخه‌وه یه‌کێك له که‌موکوڕیه دیاره‌کانی به‌شێك له سۆشیالیست‌و چه‌په‌کانی کوردستان‌و ته‌نانه‌ت جیهانیش ئه‌وه‌یه زۆرجار رادیکالیه‌ت‌وشۆڕشگێڕبوونی خۆیان له‌سه‌ر کاغه‌زو له‌دروشمه بریقه‌دارو ئاگراویه‌کاندا نیشانده‌ده‌ن، زاراوه‌و وشه‌کان ده‌که‌نه ینه‌ماو به پێوانه‌ی ئه‌مه‌ش ده‌وروبه‌ریان کێشانه ده‌که‌ن‌و له‌چواردیواری ئاسنینی ماڵه‌کانی خۆیاندا‌و له‌ناو نازونیعمه‌تی ژیانێکی ئارام‌و ئاسایش‌دا سه‌ردبه‌رابه‌ر خۆیان پێ له‌وانه سۆشیالیست تر‌و تێکۆشه‌رتره که له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان‌و به‌دژی بێمافی‌و چه‌وسانه‌وه بۆ کاروخه‌بات خۆڕێکده‌خه‌ن، هه‌ندێك له‌مانه به‌ناوی ره‌خنه‌گرتن له‌پارتچیه‌تی‌و زه‌عیمگه‌رایی هه‌موو ئه‌و سۆشیالیست‌و کۆمۆنیستانه‌ی به میلم‌و سانتیمی ئه‌وان دروست نه‌بوون به ستالین‌و هاوشێوه‌ی ئه‌و ده‌چوێنن‌و هۆشداری (به‌حساب دڵسۆزانه) به‌خه‌ڵك ده‌ده‌ن، که نه‌که‌ن بکه‌ونه شوێنیان چونکه ئه‌مانه ده‌بنه ستالینی سبه‌ینێ‌و شتی له‌مجۆره. ئایا به‌راستی ئه‌مه رێگای گه‌یشتن به‌سۆشیالیزم‌و ریگای کۆتایی هێنان به‌سته‌م‌و چه‌وسانه‌وه‌ی سه‌رمایه‌دارییه، یاخۆد تێکۆشانێکی خۆبه‌خشانه‌یه بۆ به‌هه‌تاهه‌تایی کردنی سه‌رمایه‌داری؟ ئه‌مه پرسیارێکه که ده‌بێت هاوڕێ هه‌ژێن‌و ره‌خنه‌گرانی وه‌ك ئه‌و وه‌ڵامی بده‌نه‌وه.
جارێکی تر خۆم به‌ناچار ده‌بینم، که کورته پێشه‌کییه‌ك بۆ وه‌لامی ئه‌م به‌ناو پرسیاره‌ی بنووسم، ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه که له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی که کاك ئاسۆ ئه‌و ئه‌رکه‌ی نه‌کێشابوو، ئه‌و ڕستانه‌ی که من ڕه‌خنه‌ی ئاراسته کردبوون، وه‌ك تێکست کۆپی بکات و له‌ناو نووسینه‌که‌ی خۆیدا له‌پێش وه‌لامه‌کانی خۆیه‌وه دایان بنێت. به‌ڵام من بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م ئه‌و بزانێت که مه‌به‌ستی من کامه ڕسته و په‌ره‌گرافی نووسینه‌که‌یه‌تی و هه‌م فێڵم له خوێنه‌ر نه‌کردبێت، بابه‌ته‌که‌ی ئه‌و که به فۆرماتی (PDF) بڵاوی کردووه‌ته‌وه، ناچار بووم سه‌رله‌نوێ به‌و هه‌موو هه‌ڵه ڕێزمانی و داڕشتنییه‌وه، وه‌ك خۆی بۆی تایپ بکه‌مه‌وه و به‌نموونه بیانخه‌مه به‌رده‌م خوێنه‌رای هێژا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من زۆرم مه‌به‌سته که خوێنه‌ر خۆی بریار بدات و خۆی به دوای وه‌ڵامدا بگه‌رێت، چونکه ئه‌وه ئه‌رکی هه‌ر سۆشیالیستێکه، پرسیار بورووژێنێت و خوێنه‌ر بکاته دادوه‌ر، نه‌ك خۆم له‌بری خوێنه‌ر بیربکه‌مه‌وه و پرسیار بکه‌م و خۆشم وه‌ڵامی بده‌مه‌وه! هه‌روه‌ها پێویسته ئه‌وه‌ش بڵێم، بۆ که‌سێك که دروستنووسین شاره‌زا نه‌بێت و ناچار بێت بۆ دروستنووسین زۆر له خۆی بکات، چه‌ند سه‌خته، له‌به‌رامبه‌ریدا بۆ که‌سێكیش که فێربووبێت دروست بنووسێت و ناچار بێت، تێکستێکی پڕ هه‌ڵه وه‌ك خۆی بنووسێته‌وه، سه‌د ئه‌وه‌نده سه‌خت ده‌بێت، بۆیه داوا ده‌که‌م تکایه ده‌ستبه‌رداری به(PDF)کردنی نووسینه‌کانتان ببن، تاوه‌کو ڕه‌خنه‌گرتن له تێکسته‌کان و نموونه لێ هێنانه‌وه‌یان ئاسان بێت.
ئینجا ده‌ڵێم، خۆزگه ئه‌و به‌ڕێزه ئه‌و په‌ره‌گرافه‌ی کۆتایی نه‌نووسیایه، چونکه هه‌م خۆی وه‌ڵامی خۆی ده‌داته‌وه و وه‌ك پرسیاریش ئاراسته‌ی ده‌کات و هه‌م پێی وایه ئه‌وانه‌ی له ئه‌وروپان له نازونیعمه‌تان. من لێی ناگرم، له‌وانه‌یه ئه‌و له هاوڕێ پارتییه‌کانی خۆیه‌وه سه‌یری که‌سانی تر بکات و له ده‌می ئه‌وانه‌وه ئه‌وروپا بناسێت!
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌و به‌ڕێزه به به‌کاربردنی ده‌سته‌واژه‌ی (نازونیعمه‌ت) چ ئاگاهانه بووبێت یا نائاگاهانه، گومانی به‌رامبه‌ر ڕێوشوێنی من و که‌سانی وه‌ك منی له‌لای خوێنه‌ر دروست کردووه. هه‌وڵ ده‌ده‌م وه‌ك کرێکارێکی بێ بڕوانامه و پشتشکاو، که به‌هۆی دوو ڕوداوی کاره‌وه، ئێستا پێچه‌وانه‌ی تێڕوانینی ئاسۆ غه‌ریب، نه‌ك له نازونیعمه‌تی به‌هه‌شته‌که‌ی ئۆروپادا ناژیم، به‌ڵکو منیش وه‌ك زۆرێك له هاوچینه بێکاره‌کانم له خوار هێڵی هه‌ژاری ئۆروپاوه ده‌ژیم و دیواره ئاسنینه‌کانی سه‌رپه‌ناکه‌شم هه‌ر سات ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه، ئاسایشه‌کانی ئێره‌ش وه‌ك ئاسایشه‌کانی ئه‌و بێن و ده‌رگه‌که‌یان بشکێنن و به یاسا دیموکراتییه‌کانی به‌هه‌شتی خوازراوی چه‌پی عیراقی، ده‌یان تۆمه‌تم بۆ دروست بکه‌ن! ئه‌زیزم، ئه‌و دیواره ئاسنینانه‌ی تۆ ناویان ده‌هێنیت، له‌به‌رده‌م چه‌کمه ئاسنینه‌کانی سه‌روه‌ری یاسادا له شووشه‌به‌ندی له‌شفرۆشخانه‌کان ته‌نکترن!
ئه‌وه‌ی سۆشیالیسته‌کان له چه‌په‌کان جیا ده‌کاته‌وه، ئه‌وه‌یه که به‌ڵێنی کولیچه خواردن له سایه‌ی ده‌وڵه‌تی سۆشیالیستیدا به‌که‌س ناده‌ن و پێیان وایه هیچ هێزیك نییه بتوانێت کۆیله‌یه‌ك ئازاد بکات، ئه‌گه‌ر ئه‌و کۆیله‌یه به‌خۆی ئاماده‌ی ئازادبوون نه‌بێت! هه‌ر لێره‌شه‌وه واژه‌کانی ڕابه‌ر و پێشڕه‌و و بیرکه‌ره و ڕێنیشانده‌ر و ڕزگارکه‌ر ڕه‌تده‌که‌نه‌وه. ئه‌وانه‌ی وه‌ك من ڕه‌خنه ده‌گرن و وه‌ك من بیر ده‌که‌نه‌وه، خۆیان له هه‌ڵسوراوێکی سۆشیالیست به‌ولاوه‌تر نازانن و رابه‌ری و پێشڕه‌وی و بیرکردنه‌وه له‌بری خه‌ڵکی، به به‌شێك له دونیای چیانیه‌تی ده‌زانن! ئه‌گه‌ر خۆشمان نه‌خه‌ڵه‌تێنین، ئه‌وا ده‌بینین، هه‌میشه سۆشیالیسته‌کان له‌ڕیزی پێشه‌وه کوژراون و گیراون و راونراون و پێشڕه‌وه مارکسیست-لێنینیسته‌کانیش یا له‌ناو هۆڵه‌کانی پارله‌ماندا باوێشکیان داوه یا له نووسینگه‌ی پارته‌کانیاندا به موچه و مۆڵه‌تی ده‌وڵه‌ته بۆرژوازییه‌کان خه‌ریکی داڕشتنی دروشمی بریقه‌دار و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رانه‌ی نێو ڕاگه‌یانده‌کانیان بوون و فه‌رمابه‌ره‌کانی خواره‌وه‌ی پارتیان بۆ خۆبه‌کوشتدان هانداوه و خۆشیان بۆ داگیرکردنی کورسییه‌کانی ده‌سه‌ڵات ئاماده ده‌که‌ن! ئایا بۆ ئه‌مه پێویست به نموونه هێنانه‌وه‌ی زیاتر ده‌کات؟
با له‌و به‌ڕێزه بپرسین، ئایا پارته‌که‌ی ئێوه، به‌بێ مۆڵه‌تی فه‌رمیبوون، ده‌توانێت چالاکی بکات و خۆی ده‌رخات؟ که مۆڵه‌تتان به‌ده‌ستهێنا، ئایا ئه‌و مۆڵه‌ته له‌به‌ر ڕۆشنایی ملکه‌چبوون بۆ یاسای په‌سه‌ندکراوی پارله‌مانی بۆرژوازی نییه؟ ئایا یاسای بۆرژوازی بواری دوژمنه‌که‌ی ده‌دات، تاوه‌کو کار بۆ ڕوخاندنی بکات؟ ئایا ده‌سه‌لاتی بۆرژوازی مانگانه بۆ پارتێك ده‌بڕێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی که خۆی بڕوخێنێت؟ به بڕوای من ئه‌گه‌ر بۆرژوازیمان هێنده پێ ئازادیخواز بێت، که مۆله‌تمان بداتێ دژی خه‌بات بکه‌ین و موچه‌ی مانگانه‌مان بداتێ بۆ ئه‌وه‌ی دژایه‌تی بکه‌ین و ده‌رگه‌ی پارله‌مانمان بۆ بخاته سه‌ر پشت، که ده‌سه‌لاتی لێ بسێنینه‌وه، ئه‌وا چ پێویست به خه‌باتی چینایه‌تی ناکات و ده‌توانن به گفتوگۆ و ڕازیکردن، بۆرژواکان بهێنینه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که ده‌وله‌ته‌که‌ی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه و هه‌ر لێره‌شه‌وه ده‌توانین له‌بری ئه‌و هه‌مووه پارتۆکه چه‌په بێ جه‌ماوه‌ره بچینه ناو پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌کان و پارته ئیسلامییه‌کان ورده ورده بیانهێنینه سه‌ر مه‌زهه‌بی مارکسی! ئه‌گه‌ر پێشمان وابێت، بورژوازی هێنده گێل و نه‌زانه، خۆی چه‌ك بداته ده‌ست بکوژه‌کانی، ئه‌وا دیسانه‌وه یا ئه‌وه‌تا خۆمان گێلین یا ئه‌وه‌تا خه‌ڵکی به‌م تێڕوانینه گێل ده‌که‌ین!
داواجار پیش کۆتایی هێنان به وه‌ڵامه‌که‌م، پێم خۆشه بپرسم، مه‌گه‌ر پارته بنکه فراوانه‌که‌ی ئێوه، (سکرتێتر / سه‌رۆك ، فه‌رمانده‌ر)، (ئه‌ندامانی ناوه‌ندی و نووسینگه‌ی رامیاری / ئه‌ندامانی پارله‌مان)، (ئه‌ندامانی باڵا و کادریران / به‌ڕێوه‌به‌ران)، (ئه‌ندامانی خواره‌وه، هه‌واداران / پڕۆلیتێره‌کان)، هه‌روه‌ك کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی به‌سه‌ر فه‌رمانده‌ر و فه‌رمانبه‌ردا دابه‌ش نه‌بووه؟ مه‌گه‌ر ئێوه‌ش پێتان وا نییه، که ئه‌رکی سه‌ره‌وه بیرکردنه‌وه و ئه‌رکی خواره‌وه جێبه‌جێکردنه؟ ئیتر نازانم من له کوێ قاڵبسازیم بۆ چه‌په به‌ناو سۆشیالیسته‌کان کردووه؟
ئه‌وه‌ی که رێگه‌ی گه‌یشتن به سۆسیالیزم کامه‌یه، ئه‌وه ڕه‌وتی خه‌باتی چینایه‌تی پڕۆلیتێره‌کان دیاری ده‌کات و ئه‌وه‌ی که هه‌وڵی هاوسه‌نگه‌ره‌کانی من له‌پێناو چیدایه و له کوێدا وه‌ستاوه، ده‌توانی سه‌رنجی بزاڤه‌کانی پاش هه‌ره‌سهێنانی خۆبه‌خۆیی ئیمپراتۆری حه‌فتا ساڵه‌ی بۆڵشه‌ڤیکه‌کان بده‌ی؟ خۆ ئه‌گه‌ر به‌راوردی نامه‌گۆڕینه‌وه و سکاڵانووسینه‌کانی ئێوه چه‌په‌کان بۆ پارله‌مانی هه‌رێم و عیراقی بۆرژوازی کورد و عیراقی له‌ته‌ك په‌لاماری ئه‌نارکیسته‌کان بۆ سه‌ر پارله‌مانی بۆرژوا‌کانی یۆنان بکه‌یت، زۆر به ئاسانی ده‌زانی که کێ له خۆڵه‌پۆته‌ی سه‌روه‌راندا خه‌ریکی چینه‌کردنه!
هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر که‌مێك خۆت خه‌ریك بکه‌ی و که‌مێك له ئه‌زموونه‌کان وردبیته‌وه و به‌راوردێکی ده‌وڵه‌تی بۆلشه‌ڤیکه‌کان 1917-1990 و هه‌ره‌وه‌زییه‌کانی ئه‌نارکیسته‌کانی که‌ته‌لۆنیای ئه‌سپانیا 1936-1939 بکه‌یت، ئه‌وا بۆت ده‌رده‌که‌وێت، که سۆشیالیزم ده‌وڵه‌تیکردنی به‌رهه‌مهێنان و بازار نییه، به‌ڵکو هه‌ره‌وه‌زیکردنی به‌رهه‌مهێنانه! ده‌وڵه‌تیکردنی سه‌رمایه‌کان نییه، به‌ڵکو گشتیکردنی داهات و خۆشبه‌ختییه‌کانه! چونکه ده‌وڵه‌ت ئامرازی پاراستنی موڵکایه‌تی هێندێك به‌رامبه‌ر بێبه‌شی هێندێکی تره، ئامرازی سه‌روه‌ری هێندێك و کۆیله‌تی هێندێكی تره! ئایا ده‌کرێت بزانین، له ده‌وڵه‌ته به‌ناو سۆشیالیستییه‌که‌ی ئێوه‌دا ئه‌و هێندانه کێن، که خاوه‌ن موڵکن و پێویستییان به ده‌وڵه‌ته بۆ پاراستنی و ئه‌و هێندانه کێن، که ده‌وڵه‌ت بۆ کۆیله راگرتنیان پێویسته؟
هه‌روا که هیوادارم وه‌ڵامه‌که‌م، سوودی به بزووتنه‌وه‌که گه‌یاندبێت، هه‌رواش هیوادارم لایه‌نگرانی ده‌وڵه‌تیکردنی سۆشیالیزم وه‌ڵامم بده‌نه‌وه، تاوه‌کو لێدوان دروست ببێت و که‌سانی تریش به‌شداری بکه‌ن و چیتر بیرکردنه‌وه و بڕیاردان به که‌سانی سه‌رووی خۆمان نه‌سپێرین و له لێدوانه‌کانماندا لۆژیكمان له بیر نه‌چێت و گرتنی ساتێك له کاتی خوێنه‌ر به هیچ وه‌رنه‌گرین و وه‌لامه‌کانمان له ئاستی چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ردا بن.
____________________________________________________ * "وه‌ره با ئێمه په‌یامنێرانی دینێكی نوێ نه‌بین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م دینه، دینی مه‌نتیق، دینی عه‌قڵێكی ته‌واویش بێت. وه‌ره هه‌ر چه‌شنه ناڕه‌زایه‌تییه‌ك به‌خێرهاتن بكه‌ین و به باوه‌شێكی ئاوه‌ڵا وه‌ریبگرین و هه‌ر چه‌شنه بایكۆت، ڕیزپه‌ڕیی (استثناء) و وشكه‌سۆفیه‌تی مه‌حكوم بكه‌ین. با هه‌رگیز، هیچ پرسیارێك وه‌كو بابه‌تێكی یه‌كجاره‌كی و ته‌واو وه‌رنه‌گرین و ته‌نانه‌ت دوای ئه‌وه‌یكه دوایین باس و لێدوانی خۆشمان هه‌ڵسه‌نگاند و پێیداچووینه‌وه و كۆتاییمان پێهێنا، بتوانین ئه‌گه‌ر پێویست بێت جارێكی تریش به شێنه‌یی، به پێكه‌نین و قسه‌ی خۆش ده‌ست پێ بكه‌ینه‌وه. به پێی مه‌رجێكی وا، به‌خۆشییه‌كی ته‌واوه‌وه، له كۆڕی ئێوه‌دا به‌شدار ده‌بم. ئه‌گینا، به‌شدار نابم."** به‌شێك له نامه‌ی پییه‌ر پرۆدۆ‌ن بۆ ماركس http://sakurdistan.kurdblogger.com ** بۆ دڵنیایی ده‌توانیت پرسیار له (س. ع، ئه‌ندامی لێژنه‌ی باڵای یه‌کێتی بێکاران له هه‌ولێر) بکه‌ی و وه‌لامی ئه‌وکاتی ناوه‌ندی ڕێکخراوه‌که‌ی من و تۆ، که وه‌لامی ئێستای هه‌موو چه‌په‌کانه و ئێستاش به پێڕه‌وکردنی هه‌مان تێڕوانینی جاران، ده‌ست بۆ قوتکردنه‌وه‌ی ڕیکخراوه‌ی به‌ناو جه‌ماوه‌ری به‌ناوی لاوان و کرێکاران و فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان و تد ده‌به‌ن و قوت ده‌که‌نه‌وه!
لینکی راگه‌یاندنه‌که‌ی (یه‌کێتی چه‌پی کوردستان): http://www.hawpshti.com/ku/index.php?option=com_content&task=view&id=2067&Itemid=1 لینکی ڕه‌خنه‌که‌ی من له راگه‌یاندننامه‌که: http://www.klawrojna.com/index.php?option=com_content&task=view&id=15512
19ی جانیوه‌ری 2009
|