په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

وەرن با پێکەوە داواى هەڵوەشانەوە بکەین نەک هەموارکردن .

 

نیا کامیل         


وەڵامێک بۆ بەڕێز '' عه‌لی که‌ریم '' :


پاش سڵاوم ، ئازیزم بەڕێز عه‌لی که‌ریم ، سەرەتا دەمەوێت ئەوەت وەبیر بهێنمەوە کە ئێمە لە ژێرناوى (دەستەى بەرگرى لە ئازادى ڕادەربڕین ) ، لە پاش یەکەم دانیشتنى پەڕلەمانى کوردستان (11/11/07) لەسەر پڕۆژەیاساى کارى ڕۆژنامەنوسى لە کوردستان لە بەروارى (13/11/07) خۆمان ڕاگەیاند و لە (15/11/07) یەکەم بەیاننامەمان لە ژێرناوى (پڕۆژەیاساى کارى ڕۆژنامەنوسى بەردەم پەڕلەمانى کوردستان دەبێت هەڵبەوەشێتەوە ) ڕاگەیاند .


لەم پێناوەشدا بەئەندازەى پێویست کار و چالاکى جدیمان کردوە ، بە پشتیوانى ئازادیخوازانى کوردستان ، ئەمەش بەبڕواى تەواومان بە کارى جەماوەرى یەک دەست و بە پشتبەستن بەوەى کە ئازادى دەبێت لە کۆمەڵگادا بێ قەید و شەرتبێت ، لە بڕوامان بە جاڕنامەى جیهانى مافەکانى مرۆڤەوە سەرچاوەى گرتوە . وە پێمان وایە کە کارى یاسا لێسەندنەوەى ئازادى نیە بەڵکە فەراهەم کردن و پاراستنى ئازادى تاکەکانى کۆمەڵگایە ، بە پێچەوانەى ئەوەى کە پەڕلەمانى کوردستان خوازیاریەتى و بڕواى پێیەتى و دەیەوێت بیسەپێنێت ، هەمیشە ئەم کارە لەنێوان دەسەڵاتە داپڵۆسێنەرەکانى ڕۆژهەڵات و خەڵکدا لە کێشمەکێشمدا بوە واتا مەوداى فراوان بون و بەرتەسک بونەوەى ، خۆئەگەر خەڵک لێگەڕێت ئەوا دەسەڵات نەفەسێک ئازادى ناهێڵێتەوە لە دەرەوەى دەسەڵات و خواستى خۆیەوە .


لەپاڵ ئەم خواستەى ئێمەدا ژمارەیەک کەس و ڕێخراو و لایەن و ڕۆژنامەنوسیش دەنگى ناڕەزایەتیان هەڵبڕى ، بەڵام نەیانتوانى تاسەر لە مەیدانەکەدا ململانەبکەن ئەویش لەبەر ئەوەى ئەو داواو خواستەى بەدەستیانەوە گرتبوو لەگەلڕ بڕینى ئەو قۆناغانەى ئەم پڕۆژەیاسایەى پێدا تێپەڕى کەوتن ، واتا خواستێکى کاتى و ناڕیشەیى بوون . نەبوونە خواستێک کەبتوانێت ئاڵگۆڕبە قازانجى ئازادى لە کۆمەڵگادا پێکبهێنێت . لە دواین ساتى ڕەوانە کردنى ئەو پڕۆژە یاسایەدا و کاتێک دەستى پەڕلەمانتاران لەگەردنى پڕۆژەکە بوەوە تاساندبووى و خستیانە بەردەمى سەرۆکى هەرێم تا ئەویش چەقۆێک بەملیدا بهێنێت ، لە (14/12/07) یەک کاتدا لە هەردوو شارى سلێمانى و هەولێر ژمارەیەک ڕۆژنامەنوس و خەڵکى ئازادیخواز کۆبونەوە تا داوا لە سەرۆکى هەرێم بکەن ئەو پڕۆژەیاسایەى کەپەڕلەمان دەنگى پێداوە جەنابیان ئیمزا و پەسەندى نەکەن ، ئەوکات ئێمە لە پارکى ئازادى لە شارى سلێمانى وتمان ئەم خواستە واقعى نیە و وەرن با داواى هەڵوەشاندنەوەى بکەین کە تاکە بۆچونى دژ بوو لەناو هەموو ئامادەبواندا ، وتمان ئەگەر سەرۆکى هەرێم ئیمزاى نەکر دەچێتەوە بەردەم هەمان ئەو پەڕلەمانتارانەى کە پێشتر دەنگیان پێداوە ، ئەندامانى پەڕلەمان ناتوانن دەنگ بە پڕۆژەى ئازادیخوازانە بدەن بۆیە بەمە خۆش خەیاڵ مەبن ، وتمان بەپێى یاساى سەرۆکایەتى هەرێم سەرۆک یەک جار دەتوانێت ئەو پڕۆژەیە ئیمزانەکات دووەم جار ئیجباریە و دەبێت ئیمزاى بکات ، لەم حاڵەتەشدا ئەگەرى ئەوەهەیە کە پڕۆژەکە کەمێک تەعدیل بکرێت کە هیچ لە ناوەرۆکەکەى نەگۆڕێت یان هەرنا وەک خۆى لەلایەن ئەندامانى پەڕلەمانەوە ڕەوانەى سەرۆکى هەرێم دەکرێتەوە ، ئەم جارە ئیمزاى دەکات ، ئێمە هەموو ئەمانەمان پێشتر لە دوو بەیاننامەی جیاوازدا لە (11 و 12/12/07) بۆ ڕاى گشتى ڕاگەیاندبوو ، کە بەداخەوە ئێستا دروستى ئەم بۆچونە ڕۆشنە . بەڵام بەداخەوە لەڕێگەى نامەیەکەوە کە ئاڕاستەى سەرۆکایەتى هەرێمیان کردبوو ئەمەیان کردە داواى کۆبونەوەکەیان .


وەک دەبینین سەرۆکى هەرێم بەرلەوەى ئەو پڕۆژە یاسایە ببینێت ڕەتى کردەوە ، وە ناڕەزایەتى و خواستى ئامادەبوان چەند سەعاتێک زیاترى نەخایاند و ئێستا هەموویان خەریکى کارى ڕۆتینى و ڕۆژانەى خۆیانن ، وە پڕۆژەکەش لەبەردەمى ئەندامانى پەڕلەماندایە . یەکێک لە ئەندامانى پەڕلەمان ڕایگەیاند بەهۆى درێژى پشووى زستانەى پەڕلەمانەوە لەبەر نەبوونى کاتى پێویست بۆ تاوتوێکردنى ڕەنگە پڕۆژەکە وەک خۆى ڕەوانەى سەرۆکى هەرێم بکرێتەوە ، سەرۆکى هەرێمیش لە نامەیەکیدا بۆ پەڕلەمان لە بەروارى (3/1/08) ناردبووى ، کە تیایدا پڕۆژەکەى ڕەتکردۆتەوە ، کەنیشى بینیوە . وە هیچ لە ناوەرۆکەکەى بەئاگانیە ، دەڵێت " لەبەر ئەو ناڕەزایی و ناکۆکیەى لە نێو هەندآ پەڕلەمانتار و ڕۆژنامەنوسانى کوردستاندا دەربارەى اساى کارى ڕۆژنامەگەرى لە کوردستاندا سەرى هەڵدا بۆ ڕێگەگرتن لە کاردانەوەى سلبى ئەم ڕوداوە لە نێو ڕیزەکانى کۆمەڵگاى کوردستاندا" " بڕیارماندا ڕەوانەى ئەنجومەنى نیشتیمانى کوردستانى بکەینەوە " .


لێرەوە ئەوە بەدیاردەکەوێت کە سەرۆک نەک لەبەر ئەوەى ئەو پڕۆژەیە دژى ئازادیە ، نەک لەبەر ئەوەى سەرچاوەى بیر و ئیلهامى کۆنەپەرستى و تایەفەگریە نەک لەبەر ئەوەى دەبێتە چقلڕ لەبەردەم دیموکراتیزە کردنى کۆمەڵگادا ، نەلەبەر ئەوەى دژى بنەماکانى جاڕنامەى جیهانى مافەکانى مرۆڤە و پێچەوانەى بنەماکانى کارى ڕۆژنامەکەریە لە دنیادا ، نەک لەبەر ئەوەى پێى وایە کارى سەدیکا بەئیجبارکردن ناچێتە پێشەوە و کارى سەندیکاى و ڕێخراوەیى دەبێت بە خواست و ئارەزومەندانە بێت و ئەندام بوون تیایدا ئازادانە بێت نەک ئیجبارى ، نە لەبەر ئەوەى پێى وایە موچەو موکافەئەى ڕۆژنامەنوسان چەندە تا ئەو بڕە غەرامەیەى بۆیان دانراوە لەبەرامبەر ئازادى بیروڕاو نوسیندا لێیان دەسەندرێت زۆر زۆرە بە دەیان و سەدان جار . بە هەرحال پێى وایە ناکۆى و بۆڵە بۆڵى لەسەر دروست بووە لە نێوان چەند ئەندام پەڕلەمانێک و چەند ڕۆژنامەنوسێکدا ، بێئاگا لەوەى هەموو کۆمەڵگاى شەق کردوە بۆ دوو بەرە ، لەوە دەترسێت کاردانەوەى سلبى دروست بکات ، بەڵام لەوە ناترسێت هەربەم یاسایە زمانى ڕۆژنامەنوسان دەبڕرێت .
وە لەم میانەیەشدا سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان پاش ئەوەى کەوتە بەر نەفرەت و ناڕەزایەتى ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنوسان ویستى بەدەنگێکى لیخن بڵێت منیش دیفاع لە ئازادى دەکەم ، وە خواستى هەموارکردنى ئەو یاسایەى کە خۆى پێشکەشى کردبوو وە لەلایەن پەڕلەمانەوە دەستکارى کرابوو بەبێ ئاگادارى ئەو ، بەدەستەوە گرت ، بەڵام هەرزوو ئێمە وتمان سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان خۆى نەخشەسازى خنکاندنى ئازادیە ، وە ئەگەر ئەو زیادکراوانەى کەبۆ پڕۆژەکەشیان زیادکراوە لاببرێت ئێشتا پڕۆژەیەکى تا ئەوپەڕى کۆنەپەرستانە و دواکەوتوانەیە ، ئێستاش فەرهاد عەونى نەقیبى سەندیکا دەڵێت هیچ پڕۆژەیەک جێگاى ئەو پڕۆژەیەى سەندیکا ناگرێتەوە ، بەڵکە موزایەدەدەکات ، ئەوکاتیش وتى ئێمە سآ هەزار ئەنداممان هەیە دەنگیان بەو پڕۆژەیەداوە ئەکرێت چەند کەسێکیش لەدژى بن .


بەهەرحالڕ من نامەوێت سەرنجت بۆ هەموو ئەو ململانێ و قسانە ڕابکێشم کە ئێمە ڕوبەڕى بوینەتەوە یان کۆى کارەکانمان عەرزبکەم ، یان موزایەدەى ئەوە بکەم کە هەموو ئەو قسانەى ئێمە کردومانە ڕاست دەرچوون ، ئێمە ئێستاش و ئەوکاتیش خوازیارى ئەوە بووین قسەکانى ئێمە وانەبوایە بەڵکە لە جێگەیدا یاسایەکى مەدەنى و ئازادیخوازانە لەبەردەم پەڕلەمان و سەرۆکایەتى هەرێمەوە بهاتایە دەرەوە ، بەڵام واقع ئەوەى نیشاندا کە پێچەوانەى ئەوە ڕاستە .


دەمەوێت لەبەر ڕۆشناى ئەوەى خستمەڕو سەرنجت بۆ ئەوە ڕابکێشم کە خواستى جەنابیشتان وەک ئەوەى چەند خاڵێکتان دیاریکردوە و خوازیارى هەموارکردنین ، پێم وایە ئەم خواستە دەمێکە کەوتوە وە ناتوانێت ئەو قوفڵە ژەنگاویەى دراوە لە دەرگاى زیندانى داخراو لەسەر ئازادى بیروڕادەربڕین بکاتەوە ، نەک ڕەهاکردنى ئازادى لەو زیندانە . من خواست و ڕەئى ئێوە ڕێز لێدەگرم ، بەڵام ئەوەى لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە ڕویداوە مشتومڕنیە ، وە جەنابتان دەڵێن ، بەڵکە ئەوە جەنگێکى واقعیە کەتیایدا کۆمەڵگا بەتەواوى بۆتە دوو بەرەى دژبەیەک ، بەرەیەک کەدەیەوێت ئەوەى کە خەڵکى کوردستان بە خەبات و کۆشش بەدەستیان هێناوە لە ماف و ئازادى بیپێچنەوە و کۆمەڵگا ببەنەوە بۆ سەدەکانى ناوەڕاست و تەسلیمى عەقڵى خێڵەکى و تاریکى و موقەدەسات و سەرەک خێڵ و شتى لەم بابەتەى بکەن ،لەبەرامبەریشدا بەرەیەک دەجەنگێت کە هەزاران جەنگى لەم پێناوەدا بەڕێخستوە لەبەرامبەر ئەو بەرەیەدا بەدرێژایى مێژوو ، ئەم بەرەیە خوازیارى ئازادى بێقەید و شەرتە ، نەک وەک بەرەیەى یەکەم کەلە ئازادى دەترسێت ، بۆیە واقعەن ئەمە جەنگێکى ڕاستەقینەیە نەک مشتومڕ.

 
ئێستا بەلەبەر چاوگرتنى ناوەرۆک پێکهاتەى سەندیکا و پەڕلەمان و سەرۆکایەتى هەرێم و لەبەر ڕۆشنایى ئەو کارانەى پێشوویان ، وە ئەو قۆناغانەى تا ئێستا ئەم پڕۆسەیە لەم جەنگەدا بەخۆیەوە بینیویەتى ئەوە ئاشکرایەکە خواستەکەى ئێوە هیوابەخش نیە ، بەڵکە ناتوانێت فەراهەمى سەردێڕى داواکەتان بکات ، وە ئەم خواستە بۆخۆى واتا یارمەتیدانى پەڕلەمان و قبوڵکردنى ئەو پڕۆژەیاسایە و تەقوێى هەڵوێستى پەڕلەمان دەکات ، بە تەجروبەى پێشویش خواستى تەعدیلکردنى ئەو پڕۆژەیە ئەمەى ئێستاى لێکەوتەوە وهیچ گۆڕانکاریەکى بە قازانجى ئازادیخوازى لێبەرهەم نەهات . لە باشترین حاڵەتدا ڕەنگە پەڕلەمان وەک ئەو ژمارە ڕۆژنامەنوسەتان لێبکەن ئەگەر بشتوان ببنە خاوەنى هێزێکى قەویش کە بانگێشتیان کردن بۆ پەڕلەمان لەژێر ناوى وەرگرتنى تێبینیەکانیان و جێگیرکردنیان لە یاساکەدا کە 22 پێشنیاریان دابە پەڕلەمان ، بەڵام بێئەوەى ئەوە لەبەرچاو بگرن کە خۆیان بانگێشتیان کردبوون هیچ ئیعتبارێکیان بۆ دانەنان بەداخەوە ، ڕۆژێک بەر لەوەى ئەو بەڕێزانە بچن بۆ پەڕلەمان ئێمە بەجیا لەگەلڕ ئەو بەڕێزانە دانیشتین و پێمانوتن کە نەچن بۆ پەڕلەمان باشترە چونکە تەعدیل کردنى ئەو پڕۆژەیە ئاسۆیەکى نیە ، ئەگەریش چوون داواى هەڵوەشانەوەى ئەو پڕۆژەیە بکەن ، کە دیسان بەداخەوە ئاکامەکەیمان بینى ، بەهاتنەوەى ئەمان و دانیشتنى پەڕلەمان سزاکانیان کردە چەند بەرابەر و کاتێکیش وتمان هاوڕێیان بۆ پەڕلەمان وایکرد ئەوان سەریان سوڕما بەلام ئێمەوتمان پێمان وتن ئەم کارەنەکەن باشترە .


دەستەکەى ئێمە لە سەردێڕى یەکەم بەیاننامەى خۆیەوە تائێستا خوازیارى هەڵوەشانەوەى ئەو پڕۆژەیەین ، ئەمەش نەک هەردژى بین بەس وەک بزوتنەوەیەکى ئانارشستى بەڵکە بەشوێن ئاڵوگۆڕى ڕیشەیى و ئازادیخوازانەوەین و لەم پێناوەشدا پڕۆژەى بەدیلمان پێیە و هەرلە سەرەتاوەبەم پڕۆژەیەوە هاتوینەتە مەیدان . بۆیە من بانگهێشتى ئێوە دەکەم وەرن لەجیاتى هێز لەدەورى هەموارکردن کۆبکەینەوە و تەسلیمى پەڕلەمانى بکەین ، باپێکەوە خواستى هەڵوەشانەوەى ئەو یاسایە قەوى و بەهێزبکەین ، وە پڕۆژەیەکى مەدەنى و ئازادیخوازانە بەسەر پەڕلەماندا بسەپێنین کە ڕەنگدانەوەى خواستى ڕۆژنامەنوسان بێت .ئێمە و ئێوە ( هەڵمەتى هەموارکردنى یاساى ڕۆژنامەگەرى لە هەرێمە کوردستان ) بەرەیەکى جەماوەرى فراوانتر لەم پێناوەدا بەرپابکەین ، نەک ئەوەى جەنابتان بەشێکى کەمى ئیشکالیەتى ناو یاساکەتان بەدەستەوە گرتوە و خوازیارى هەموارکردنین ، ئەگەر ئەم بەرەیە قەوى بکەین دەتوانین بە پەڕلەمان و سەرۆکایەتى هەرێم بسەلمێنین کە خەڵکى ئازادیخوازى کوردستان تینوى کام جۆرە لە یاساو ڕێساى پێشکەوتون .


چونکە ئەوە ئەوانن پێیانوایە کە کۆمەڵگاى کوردستان دواکەوتوە بۆیە دەبێت یاسى دواکەوتوانەى بۆدابنێن ، ئەوە ئەوانن بە تاوانباران دەڵێن لەدەرگاى دواوە بۆى دەرچۆ و یەک شەق لە یاسا هەڵبدە و بڕۆ سوڵحى عەشایەرى بکە ، ئەوە ئەوانن لە ئازادى دەترسن و جەنگاوەرى جەهل و تاریکین نەک بەرەى ئازادیخوازى کۆمەڵگا ، دەسەڵاتى حەڤدە ساڵەیان شاهیدە لەسەریان ، ئێستا پاش حەڤدە ساڵ دەیانەوێت یاسایەک بەسەر کۆمەڵگادا فەرزبکەن کە هیچ بۆنێکى مەدەنى و پێشکەوتنى لێنایەت ، دەبێت ئەوەش باش بزانن فەرزکردنى یاساى دواکەوتوانە بەسەرخەڵکى پێشکەوتوخوازى کوردستاندا کارێکى ئاسان نیە ، دەیانەوێت بەیاساى دواکەوتوانە پاشەکشە بەئازادیخوازى بکەن . بۆیە بەدواى ئەم یاسایەدا پێشنیارى یاساى خۆپیشاندان و مانگرتن دەکەن دەڵێن ئەگەر تۆ ویستت لەدژى سەرکوت و نابەرابەرى وگەندەڵى ئێمە مانبگرت یان خۆپیشاندان بکەیت وەرە داواى مۆڵت بکە ، ئەمەجگە لەوەى مەخسەرەیە چونکە دەسەڵاتێک بەندێکى واى لە یاساى خۆیدا دانابێت هەرگیز ڕێگە نادات بەم کارە لەدنیاى پێشکەوتودا شتێک نیە ناوى ئیجازەى مانگرتن و خۆپیشاندابێت . بەمەش خەریکە قەبرى مەرگى خۆیان تەواودەکەن .

 

جارێکى تر بانگەوازى جەنابتان و هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لە خەمى ئازادى کۆمەڵگادان دڵیان بۆ مەدەنیەت و پێشکەوتن لێدەدات وەرن با لەدەورى خواستى هەڵوەشانەوەى پەوپڕۆژەیاسایە کۆببینەوە .

 

سەرکەوتوبێت خواستى هەڵوەشانەوەى پڕۆژەیاساى کارى ڕۆژنامەنوسى لە کوردستان .
بژى ئازادى و سەرکەتوبێت بەرەى ئازادیخوازى . ئێوەش هەر بژین .

 

 

nyakamil@hotmail.com