٢\١١\٢٠١٤
وڕێنەکانی
ئەردۆگان و پلانی کودەتاچییانە!

دارا مەحمود
ئەم ڕۆژانە ئەردۆگان و داودئۆغلوی سەرەک
وەزیرانی زۆر قسان دەکەن، بەجۆرێک کە تەواوی ئەو سنوورە
پرۆتۆکۆلیانەیان بەزاندووە کە سەرکۆمار، یان سەرەک وەزیری هەر وڵاتێک
دەبێ ڕەچاویان بکات. زوو زوو، درۆدەکەن. قسەو لێدوانی ناکۆک دەدەن،
بەهەوای شان لەجیاتی قازی حوکم دەردەکەن و لەجیاتی دیرۆکنوسان خەون و
خەیاڵی خۆیان دەکەن بە حەقیقەتی دیرۆکی... و بێڕێزییەک بەخۆیان دەکەن
کە مرۆڤ سەرسەمام دەبێت کە ئایا ئەم سەرکردە باڵایانە بەم هەموو
ئەزموونی سیاسییانەیانەوە، چۆن وابەپەلەو عاتیفیانە قسە لەزاریان
دەردەپەڕێت!؟ ئایالەم هەموو ڕاوێژکارو پسپۆرانەی لەدەوریانە، کەسێک
نییە هۆشیاریان کاتەوە، کە ئەم جۆرە ڕەفتارو ئاخاوتنانە شەرمن بۆ
تورکیا!؟
بەڵام ئەگەر کەمێکیش وردبینەوە، ئەوان چ نەخشەو پلانێکیان بۆ
لەناوبردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد کێشابۆوە کە بەداگیرکردنی
کوبانێ دەستپێبکات و ئەو ئاکامە تاڵەش کەبەدەستیان هێنا، تێدەگەین، کە
چما هێندە دەستە پاچەبوون. و چما ئەم ڕەفتارە سەیرانە لەخۆ نیشاندەدەن.
نەخشەی تورکیا، ئەمەبوو، کەداعش ئەم کانتۆنە داگیربکات. و شەرڤانانی
یەپەگەش بەپەلەپروزێ و هەڵەداوان ئاڵای سپی بەرزکەنەوەو لەسەر سنووری
تورکیا چەکەکانیان ڕادەستی هێزەکانی تورکیا بکەن و ملکەچانە بۆ پەناو
داڵدەدان بپاڕێنەوە. دوای ئەمەش تورکیا تێکچوونی کانتۆنەکانی ڕۆژئاواو
شکەستی ئەم ئەزموونە ڕاگەیەنێت و کوردانیشبەسەرئوردوگای پەنابەراندا
دابەشکات. و ئەم بەشەی کوردستانیش ببێتە مۆڵگەی هێزە چەکدارە
سوریەکانی سەر بە تورکیا.
بەڵام ئەوەی بەدیهات لەچاوەڕوانی تورکیادانەبوو، و وەک ئەگەرێک پێشبینی
نەکرابوو. لەبەر ئەمە شۆک و غافڵگیری بەرخۆدانی قارەمانانەی شەڕڤانانی
کورد بوون و هەرشەوێک و هەرڕۆژێک دەربازبوو، قسەیەکیان دەکردو
بەڵێنێکیان دەدا بەوچاوەڕوانیەی ڕۆژی دواتر کوبانێ بکەوێت. بەڵام
کوبانێ نەکەوت و بەڵێنەکانی ئەوانیش بوون بەدرۆ. و ئەمجار کەوتنە
وڕێنە.
ئەردۆگان لەوڕێنەیەکدا دەڵێ کوبانێ شاری کوردان نییەو هی عەرەبانە.
ناوەکەشی کوبانێ نییەو عەینولعەرەبە. سەرکۆمارێک لەم هەموو شەڕوکێشە
خوێناویانەی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستا ڕوودەدەن بێت و خۆی بەمەوە ماندوو
بکات کە شارێک لە وڵاتێکی تر هی چ نەتەوەیەکە جێگای بەزەییە. چونکە
ئەمە پرسێکی دیرۆکیی و مافناسییەو بەلێدوانی سەرکۆماری وڵاتێکی تر
یەکلا نابێتەوە. و لەبری ئەوەی بەم ڕەفتارو لێدوانانە کوبانێ لەسەر
نەخشە بسڕێتەوە ئاکامی پێچەوانەی بەدەست خست. کوبانێ لەشارێکی بچوکی بێ
ناونیشانەوە، بوو بەدەروازەی مەزنبوون و ڕەوابەخشی دۆزی کورد. و کوبانێ
ئەگەر تا ئێستا لەبەڵگەنامەی ساختەی داگیرکەراندا کوردوستان نەبووبێ.
ئەوە ئەم پلانە نامەردانەیەی تورکیاو بەرخۆدانی بێوێنەی شەڕڤانانی کورد
کردیان بە کوردستان. و ئەگەر تا ئێستا ناوەکەی عەینولعەرەب بووبێ، ئەوە
بۆ هەمیشە بوو بەکوبانێ و جیهان بەم ناوە خۆش ودڵنیشەنەیەوە دەیناسێت.
ئەردۆغان لەوڕێنەیەکی تردا سەبارەت بە بزووتنەوەی ڕۆژئاوای کوردستان
دەڵێت: زۆرمان ئامۆژگاری کردن، کەدەست لە پەکەکە بەردەن، و بێنە ڕیزی
ئۆپۆزسیۆنی سوریا (بەواتایەکی تریش ببنە جاش). کەچی ئەوان هاتن
کانتۆنیان ئاواکرد، و باوایان بەسەر بێت.
ئەردۆغان ئەم قسەیەی لەسەرو بەندێکدا کرد، کە میدیاکانی تورک و جیهان
پێیانوابوو کەوتنی کوبانێ لەئان و ساتدایەو نووسەرو ڕۆژنامەنووسانی
دەرباریی تورک بابەت و شرۆڤەیان ئامادەکردبوو تا سەبارەت کەوتنی کوبانێ
و دەستکەوتەکانی بۆ ئەوان بڵاوبکەنەوە. بەڵکو هێندە دڵنیابوون کە
کوبانێ دەکەوێت یان کەوتووە، کە هەندێک لەو بابەتانەیان بڵاویش کردەوە.
بەڵام کوبانێ نەکەوت و ئەردۆگانیش بەبیری دانەهات و لەخۆی نەپرسی ئاخر
ئەگەر شەڕڤانانی کورد لەپێناوی ئازادی خاک و سەرفرازی نەتەوەکەیاندا
نەبێ، ئیتر لەپێناوی چیدا خوێنی خۆیان بڕێژن و فیداکاریی بۆچی بکەن؟
ئەوان هێشتا نەیانتوانیوە شڕۆڤەی ئەمە بکەن کە شەڕڤانانی یەپەگە ئەم
هەموو ئازایەتیی و خۆڕاگری و خۆشەویستیەیان بۆ خاک، بەڵکو تواناو
شێوازی خەبات و ڕێکخستنەکانیان و بیروباوەڕی پۆڵاینیان، لە پەکەکە و
ئەزموونی دەیان ساڵەی ئەوانەوە پێگەیشتووە. ئیتر چۆن واز لەوان دەهێنن
و دەبن بەجاش!؟
وڕێنەکانی ئەردۆگان بەمانە کۆتاییان نایەت و ڕۆژێکی تر دێت و دەپرسێت:
کاتێک کوبانێ بۆ تورکیا پرسێکی ستراتیژیە نەک بۆ ئەمەریکا ئیتر من
تێناگەم و نازانم ئەمەریکا بۆچی ئەوەندە بەتەنگ کوبانێوەیە!؟
تۆبڵێی بەڕاستی ئەردۆگان وەڵامی ئەم پرسیارەی خۆی نەزانێت! یان تۆ بڵێی
کەسێک نەبێت بۆی شڕۆڤە بکات؟ ئاخر ناکرێ نەزانن کە مامەڵەی ئەمەریکا
بەمجۆرە لەگەڵ پرسی کوبانێدا دوو خاڵی سەرەکییە. یەکەمیان ئەمەریکاو
هاوپەیمانەکانی بۆیە هێزیان هێناوەتە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تا هێرشی سەر
چەتەکانی داعش بکەن. کەواتە داعش لەکوێ بێت، بەتایبەتی بەم شێوازە چڕەی
لە کوبانێ هەیە پەلاماری بدرێت، کارێکی چاوەڕوانکراوو ئاساییە.. خاڵی
دووەم پەیوەستەی پەیوەندییەکانی تورکیایە بە داعشەوە. ئەوەی لەپەیوەندی
لەگەڵ پرسی کوبانیدا تورکیا دەیکات کارێکە، دواکەوتووترین و
نابەڵەدترین وڵاتێک بەسیاسەت دەیکات. بەڵام تورکیا هەروڵاتێکی بۆنموونە
ئەفریقایی وەک ئەریتیریا نییە کە هاوکاری ڕێکخراوی شەبابولمجاهیندینی
سومالی بکات و کەسیش هیچی پێ نەڵێت. تورکیا ئەندامی ناتۆو پاڵێوراوی
یەکیەتی ئەوروپایەو گوایە هەڵگری پرۆژەی چاکسازیی سیستەمی سیاسیی
خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە. و کردەوەکانی پێچەوانەی چەندان پرۆتۆکۆلی
نێونەتەوەییە کە پێشتر ئیمزای کردوون و دژی بەرژەوەندیی و ئاشتیی
جیهانییە. و ئیتر یەکێک لە پەیامەکانی فڕێدانی چەک بەپەرەشووت بۆ
شەڕوانانی کۆبانی، هۆشیارکردنەوەی تورکیابوو کە کردەوەکانی بە زیان
بۆخۆی دەگەڕێتەوەو تا سەر لێی قبوڵ ناکرێت.
ئەردۆگان و داودئۆغلو، ئیتر لەبەردەم چەندان بژاردەی تاڵدان و
دەستەپاچەن لەوەی کێهەی ئەم بژاردانە کەمتر لەوانی تر تاڵە.
ئەوان ئیتر ناتوانن تەحەمولی ئەمە بکەن هەر ڕۆژ کوبانێ وەک باژێڕێکی
کوردان بەشکۆمەندییەوە لە میدیاکان و نێوەندەکانی بڕیارو توێژینەوەی
جیهان باسی لێوە بکرێت. و تورکیاش وەک دەوڵەتێکی سەرلێشێواو ئاماژەی بۆ
بکرێت. ئەوان خاوەنی ئەو سینگە فراوانە نین گوێبیستی ئەو ئەگەرە بن کە
لەئاکامی سیاسەتەکانی ئەوان و هەڵوێستی لەجێی بزووتنەوەی
ئازادیخوازانەی کورد، خەریکە پەکەکە لە لیستی تێرۆر بێتە دەرەوە. ئیتر
دەبێ شتێک بکەن!
ڕازیبوونی تورکیا بەچوونی پێشمەرگەو سوپای ئازادی سوریا بۆکۆبانێ،
لەخواستی پاراستنی کوبانێوە سەرچاوەی نەگرتووە. بەڵکو شانۆگەریەکە
ڕواڵەتەکەی بەهاناوەچوونی کۆبانێ و ناوەرۆکەکەشی ئاماداکاریەکی
کودەتاچیانەیە دژی دەسەڵات و هەبوونی کورد لەسەر خاکی خۆی. بەو حسابەی
هەرکات مەترسی داعش لەسەر کوبانێ نەما، دەسەڵاتی کوردیش لەوێدا
نەمێنێت. پێشمەرگە بچنەوە ماڵی خۆیان و سوپای ئازادیش دەسەڵات بگرێتە
دەست و ببنە ئەلتەرناتیڤی کانتۆنەکان. بەڵام وەها پلان وبیرکردنەوەیەک
زێدە ناشیانەیە چونکە هێزێکی نامۆی غەیرە خودیی و غەیرە کوردی چۆن
دەتوانێ ببێتە داگیرکەرێکی ترو چۆن ئەو خەڵکە هۆشیارو قارەمانەی پێ
ڕکێف دەکرێت!
بەڵام وادیارە ئەردۆگان و داودئۆغلو، هێشتا پێیانوایە خەلیفەکانی
سەردەمی عوسمانین و جیهان دەبێ خۆی لەگەڵ ئەواندا بسازێنێ، ئەوان
لەخەوێکی قوڵدانو پرخەیان بەگوێی جیهان دەگات. بەڵام یان دەبێ خۆیان
لەو خەوە قوڵە بێدار بنەوە یانیش بەگورزی رۆژگار وەئاگادێنەوە.
ماڵپهڕی دارا مهحمود
|