١\٦\٢٠١٠
وته‌که‌ی مه‌سعود
بارزانی، په‌یامێکی ترسناک!

کازم قادر
مرۆڤ کاتێک وته - خوتبه‌که‌ی
(سه‌رۆک) مه‌سعود بارزانی ده‌خوێنێته‌وه،
که‌له هۆڵی په‌رله‌مان له 29.05.2010خوێندییه‌وه،هه‌رچی دیواری درۆ
و چه‌واشه‌کاریی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته هه‌یه له مه‌ڕ ئازادیی و شته‌کانیدی
هه‌ره‌س دێنێت.به‌ڕاستی نایشارمه‌وه کاتێک ئه‌و وته‌یه‌م خوێنده‌وه
ته‌نانه‌ت به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر بکه‌مه‌وه،شریخه‌ی شمشێرم ده‌بیست که له
کیلان ده‌رده‌هات و که‌له سه‌ری قوربانیم ده‌بینی که له‌به‌ر پێی جه‌لادانا
ده‌که‌وت، ده‌مانچه
و قه‌ناسی بێده‌نگم ده‌بینی که له
ژێرزه‌مینه تاریکه‌کاندا پڕ گولله ده‌کران،
ده‌می پڕ له هاواری بۆ ئازادیی (سه‌رده‌شت)م
ده‌بینی گولله وێرانی ده‌کرد!
به داخه‌وه که ده‌بێت من و سه‌دانیتر بڕێک له کاتی خۆمان به فیڕۆ
بده‌ین و له سه‌ر وته‌که‌ی سه‌رۆک قسه بکه‌ین و ته‌فسیری بکه‌ین،ڕووی
ئه‌م دونیایه ڕه‌ش بێت که(بۆ خۆی ڕۆخسارێکی ڕه‌شه)مرۆڤه‌کان ناچار
ده‌کات کارێک بکه‌ن که نه‌ده‌بوا بیکه‌ن،شتێک بنوسن که نه‌ده‌بوا
بینوسن...
ده‌بوا ئه‌و وته‌یه‌ی بارزانی نه‌ک قابیلی کات له‌سه‌ر کوشتن بوایه،به‌ڵکو
ده‌بوا وه‌ها وته‌یه‌ک قه‌ده‌غه بوایه،وه‌ک چۆن لێدانی منداڵ له
بڕێک شوێنی دونیا قه‌ده‌غه‌یه‌و ده‌بێت قه‌ده‌غه بێت،وه‌ک چۆن سوکایه‌تی
و لێدان و کوشتنی ژنان به‌بیانووی پیس و ناشیرینی ناموس په‌رستی و شه‌ره‌ف
سالاریێوه ده‌بێت قه‌ده‌غه بکرێت،وه‌کچۆن ڕاسیزم ده‌بێت قه‌ده‌غه
بێت و وه‌ک زۆر شتیدی...
گومانم نییه ئه‌گه‌ر مه‌لا کرێکار یان بنلادن ئه‌و خوتبه‌یه‌ی بدایه،سه‌دان
قه‌ڵه‌م ڕاست ده‌بوونه‌وه‌و هاواریان ده‌کرد:ببینن ئاخونده‌کان چۆن
فتوای کوشتن و مه‌رگی ئازادیی ده‌ده‌ن،به‌ڵام چوونکه سه‌رۆک ده‌مامکێکیتری
پۆشیوه‌و له مزگه‌وته‌وه نا،به‌ڵکو له ته‌لاری په‌رله‌مانه‌وه!به
ڕێی قورئان و شه‌ریعه‌ته‌وه نا، به‌ڵکو به‌ڕێی ڕێساکانی دیموکراسیێوه
فتواو جاڕی مه‌رگی ئازادیی و کوشتار ده‌دات ،که‌سێک ئێخه‌ی ناگرێت و
بێژێت:ماشاالله سه‌رۆک چ فتواچیێکی بوێره!
له نوسێنێکی پێشووترمدا باسی ئه‌و زه‌مینه‌و فه‌زا سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تی
و فه‌رهه‌نگییه‌م کردبوو که چۆن ده‌ستی ئیسلامییه‌کان واڵاده‌کات
شمشێره‌کانیان ڕاوه‌شێنن و جاڕی ده‌م داخستن و له‌غاوکردنی نوسه‌ران و
قه‌ڵه‌مه‌کانیان بده‌ن،واته فه‌زای ترسناک و کۆنه‌په‌رستیی ژێر سایه‌ی
ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌ته‌که‌ی پارتی و یه‌کێتی،واته قیڕاندنی ئه‌و په‌یامه
ڕه‌شه‌ی ئیسلامییه‌کان،قیڕه‌ی قه‌له‌ڕه‌شکه‌یه‌کی ناوه‌خت نه‌بوو که
نه‌زانێت له چ سه‌رزه‌مینیکداو بۆ ج مه‌به‌ستێک قیڕاندوێتی، به‌ڵکو قه‌له‌ڕه‌شکه
له هه‌مان مناره‌وه ده‌یقیڕاند که ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆک مێژوویێکه
لێیه‌وه به‌سه‌ر ئازادییدا ده‌قیڕێنن، وته‌که‌ی سه‌رۆک سه‌دجار ئه‌و
حه‌قیقه‌ته‌و ئه‌و بۆچوونه‌و ئه‌و فه‌زا ترسناک و کۆنه‌په‌رستییه‌ی به‌رجه‌سته‌تر
کرده‌وه.
چاو له‌م دوو نمونه‌یه
بکه‌ن.
بڕگه‌یه‌ک له ڕاگه‌یاندنه‌که‌ی یه‌کگرتووی
ئیسلامی: (...
له‌م ڕۆژانه‌دا گۆڤارێک به ناوی(وێران)ه‌وه، که‌وته بازاڕ، تیایدا
به شێوازێکی زۆر ناشیرین هێرش ده‌کاته سه‌ر مه‌قامی پیرۆزی پێغه‌مبه‌رانی
خوا و، سوکایه‌تیان پێ ده‌کات، جگه له‌مه‌ش به زمانێکی سێکسیانه‌ی
قێزه‌ون‌و وروژێنه‌ر چه‌ندین بابه‌تی بڵاوکردۆته‌وه، که ته‌وا‌و
نامۆن به کلتوری جوان‌و ڕه‌سه‌نی کورده‌واریمان‌و، هه‌مو‌و
به‌ها پیرۆزه‌کانی پێشێڵ کردووه)...( دژایه‌تی ئادابی گشتی‌و
موقه‌ده‌ساتی گه‌لی کوردی موسڵمانی کردووه، به‌مه‌ش یاساکانی هه‌رێمی
به گشتی‌و یاسای ڕۆژنامه‌گه‌ریی به تایبه‌تی پێشێڵ کردووه.
ئێمه له مه‌کته‌بی ڕاگه‌یاندنی یه‌کگرتو‌و، به‌توندی ناوه‌رۆکی
ئه‌م(گۆڤاره ئه‌ده‌بی یه نوێخواز)ه! ئیدانه‌و ڕه‌تده‌که‌ینه‌وه‌و،به‌هه‌وڵێکی
نه‌زۆکی تێکده‌رانه‌ی ده‌زانین و ،باوه‌ڕمان وایه ئامانجی (وێران)
وێرانکردنی باری ئه‌خلاقی‌و تێکدانی ئاسایشی کۆمه‌ڵایه‌تیی
و بچڕاندنی شیرازه‌ی خێزانه له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانداو، هه‌وڵێکی
ترسناکه بۆ په‌لکێشکردنی گه‌نجه‌کانمان به‌ره‌و هه‌ڵدێری بێهوده‌یی‌و
عه‌به‌سیه‌ت‌و به‌دره‌وشتی‌و، دوورخستنه‌وه‌یان له هه‌مو‌و
ئاکارێکی جوان‌و به‌هایه‌کی به‌رز).
قسه‌کانی بارزانی:
(ئه‌وه‌ی ئێستا به‌ناوی ئازادییه‌وه ده‌کرێت
ئازادی نییه، ئه‌مه فه‌وزایه خه‌ریکه ره‌وشتی کوردیه‌تی‌و مرۆڤایه‌تی
تێکده‌چێت، به‌ناوی ئازادییه‌وه به‌بێ به‌ڵگه‌و به‌بێ سه‌به‌ب هجوم
ده‌کرێته سه‌ر مافی هه‌ر که‌سێک‌و ئه‌وجا ئه‌و مافه به‌خه‌ڵک ره‌وا
نابینین به‌پێی یاسا به‌رگری له‌مافی خۆیان بکه‌ن.. ) ئه‌مه ئازادی
نییه ئه‌مه خراپ به‌کارهێنانی ئه‌و که‌شه ئازاده‌یه که‌له‌کوردستان
به‌تێکۆشانی هه‌موولایه‌ک هاتۆته ئاراوه،نابێت چیتر ئه‌مه قبوڵ
بکرێت...)( زێده‌ڕۆیی هه‌ندێجار ده‌گاته ئه‌و حه‌ده‌ی که‌سوکایه‌تی به‌ئاینی
پیرۆزی ئیسلام بکرێت، له‌کوردستاندا به‌وه سه‌ربه‌رزین که‌فه‌رهه‌نگمان
فه‌رهه‌نگی ته‌ساموح‌و پێکه‌وه‌ژیانه، جیاوازی نییه له‌نێوان ئاینه‌کان،
نابێ سوکایه‌تی به‌هیچ ئاینێک بکرێت جاچ بگاته ئاینی پیرۆزی ئیسلام که‌ئاینی
زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستانه. تێپه‌ڕاندنی ئه‌م سنوورانه له‌مه‌ودوا
قابیلی قبوڵ نییه‌و... به‌ڵام رێگه نادرێت قیه‌می میلله‌تێک تێکبدرێت
ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌کی که‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و قیه‌مانه
ناگونجێ).
کاره‌ساتی مرۆڤی کورد زمان له ئێستا‌و مێژوودا هه‌ر ئه‌وه نییه‌و نه‌بووه
که ده‌وڵه‌تیان نییه‌و نه‌بووه،هه‌ر ئه‌وه نییه‌و نه‌بوو ژه‌هر
باران ده‌کران و به ناوی ئایین و خوداوه ئه‌نفال و کۆمه‌ڵکوژیی ده‌کران،
به ته‌نها ئه‌وه‌ش نییه که کۆمه‌ڵگه‌و سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن چینایه‌تییه‌و
چینی کرێکار‌و به‌شمه‌ینه‌تانی له نێو مه‌نگه‌نه‌ی نابه‌رابه‌رییدا
وردوخاش کراون،به‌ڵکو ئه‌وه‌شه دوای تێپه‌ڕاندنی بڕێک له‌و کاره‌ساتانه،
دواجار سه‌رۆک خێڵێک دێت و حوکمیان ده‌کات،سه‌رۆکی خێڵان دێن و باسی
ئازادیی ده‌که‌ن و پێت ده‌ڵێن چ بکه‌و چ مه‌که،به لۆژیکی ته‌کیێ و
دوێخان و حوجره‌کان،ته‌فسیری چیێتیی و چۆنێتیی ئازادییمان بۆ بکات!
به‌ڕاست ئه‌و وته‌یه‌ی سه‌رۆکبارزانی و خوتبه‌ی ئه‌و هه‌زاران مه‌لامشه‌خۆرانه‌ی
کوردستان که نزیک به بیست ساڵه له مزگه‌وته‌کانه‌وه ده‌قیڕێنن و
ئازاری مێشک و گوێچکه‌ی خه‌ڵکی ده‌ده‌ن و جه‌هل و خورافات په‌خش ده‌که‌نه‌وه
چییه!مه‌گه‌ر مه‌لاکانیش ناڵێن که‌س بۆی نییه ڕه‌خنه له موقه‌ده‌ساتی
خه‌ڵکیی بگرێت، نابێت باسی ناشیرینیی ئایین بکرێت و ئه‌گه‌ر کراش ئه‌وه
به‌زاندنی هێڵی سوره،ئازادیی سنوری هه‌یه‌و ده‌یان و سه‌دان
پڕوپووچییتر.
به‌ڵی سه‌رۆک،نه‌ک گوتارێکی تازه‌ت نه‌دا،به‌ڵکو په‌یامێکتدا که
مێژوویه‌که داوتانه‌و گوێی ته‌واوی ئازادیخوازانی کۆمه‌ڵگه پێی
ئاشنایه،به‌ڵام شتێک که تازه بوو نوێکردنه‌وه‌ی هه‌مان په‌یمانت بۆ
کۆمه‌ڵگه،جه‌ختکردنه‌وه له هه‌مان فه‌زای سه‌رکوت و تۆقاندن و به‌رته‌سکردنه‌وه‌ی
ته‌قه‌لاکان بۆ ئازادیی و دواجاریش هه‌ڵدڕینی گه‌رووی ئازادیی خوازان
به گولله‌ی ده‌مانچه‌ی بێده‌نگ!
من گومانم هه‌یه که هاتنی بارزانی بۆ دوێخانی په‌رله‌مانتاران په‌یوه‌ندی
به یاساوڕێسای په‌رله‌مانه‌که‌یانه‌وه هه‌بێت،به‌ڵکو ته‌نها بۆ ئه‌وه
بووه ئه‌و په‌یامه به‌کۆمه‌ڵگه‌و ئازادییخوازان بگه‌یه‌یه‌نێت،که
پارت و حکومه‌ته‌که‌ی هیچ به‌هایه‌ک بۆ ئه‌و هاواره جه‌ماوه‌ریی و
کۆمه‌ڵایه‌تییه دانانێت که سه‌ره‌تاێکه بۆ هاوارو هاتنه مه‌یدانێکی
مه‌زنترو به‌زه‌برتر.
پرسیارێکیش لێره‌دا ئاراسته‌ی په‌رله‌مانتارانی بکه‌ین ئه‌وه‌یه:ده‌بێت
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌و چاو سورکردنه‌وانه‌ی بارزانیدا چ هه‌ڵوێستێکیان
بووبێت؟ئایا په‌رله‌مانتارێک هه‌بووه هه‌ستابێته سه‌رپێ و گوتبێتی سه‌رۆک
له سایه‌ی ئه‌و په‌یامه‌ی تۆدا سبه‌ینێ ده‌می سه‌دان(سه‌رده‌شت)یتر پڕ
له گولله ده‌که‌ن؟ ئایا په‌رله‌مانتارانی گۆڕان جورئه‌تیان کرد دیسان
به کورسییه‌کاندا بکێشن!
دواجار ده‌مه‌وێت بێژم:ئه‌و گوتاره‌ی بارزانی ترسناکه..ترسناکه
هێنده‌ی ترسناکیی ئه‌و بانده‌ی ده‌می (سه‌رده‌شت)ی پڕ له گولله کرد!
31\5\2010
ماڵپه‌ڕی کازم قادر
|