وتی :-
حـەوایەک نیە کوڕێکی گەیویی خۆشبوێ
!؟

حەمەشوان شەریف
وتی
منم پیرترین
دەرەختی ئەم وەرزە بــاڵوەریوانــە
منم نیگاکانم سێبەرێکت بوو بەپێوە وەستاو
خەمناک دەیڕوانی و دور دور هەر نەگەیشتـە دڵی
چەمێک ! .
پێش تۆ خۆڵەمێشێکی کۆکراوە بووم و * بــــا
لە ڕوخساری دەنگێکی هەڵدەسویم
تاوێک دەبووم بەپهیکەرێک
دەمێک دەبووم بەهەورێک و بەئاستەمیش نەدەباریم -
دڵم سندوقێکی پۆست بوو خاڵی
لەڕق و بەتاڵ لە نامەو
پڕ پڕ لە مەراق و ڕژاو لە بینین ،
وتی :-
سەرم گوێزێکی گەیوو بوو بۆ بەهەشتی ئەوینێک
بەداخەوە گەنیو و بەو درەختەوە
تا ئێستاش دەلەرێتەوە و نەوەریوە !.
جا کوا !؟ حەوایەک کوڕێکی گەیویی ئەوێ و
بەسێبەریەوە دەنووسێ و
سەرمایی نابێ بەنەبونیی و
شتێ ناڵێ نەبێ بەبرین و تابەیانی تلت پێنەدا
بۆ باوەشی نائومێدی
جا کوا !؟ تۆ لە تەلاری ئەوینم
سەرخەوێکت شکاندوەو ئاوی دێمت خواردۆتەوە
تۆ
تــا کەلاوەی سامان و ئەوینی زڕ و ڕیشی پێکەنین و
پسابێ
کوا لەماڵی مندا قومێ ماچت داوە بەمن
کوانێ ؟ بەرداخێ پێکەنینت بەگەرمیوە بۆهێناوم
کوایی ؟ بۆ لەدوامەوە لەشی ڕژاو و دڵی
وەریوم ناخەیتە بەرچینەیەکەوە
بۆ ؟ لەئاسمانێکی ڕەش داگەڕاودا چاویلکەکەشمت بەدیاری برد .
بۆ ؟ ئەوەندەش من بیری لێدەکەمەوە !؛!
کە تۆ تۆزی ژووانێکم نەتەکێنی !!:-
هەرئێستا
دەستم لقی گێلاسە و هەناسەم شوشەیەکە پڕ لە هەڵم
چاوم لەبنی دوو فنجانەی قاوەیەکی بەجێماو
ئەچێ
خۆم دەبمە قەرەجی و هەر خۆم ڕانەبردوی خۆمی
تیا دەخوێنمەوە
کەچۆن لەئایندەدا پێم خاوسدەبێ
بەسەر پشکۆ ساردەکانی بێداڵدەیم و
بەسەر چاوی ئێوارەیەکەوە
ورد ورد دەتوێمەوە و لە ئاونگێکیش ناچم
لەکاتی توانەوەمدا بۆ ڕووانین .
بەتۆ چی ! -
لەسەر پشتم گوڵێ دەڕوێ و لەموشتما تۆزێ خۆێ
و
لەیاداشتما شێرە بەفرینەیەکی نەتواوەو
لەخەونیشما دارستانێ شیعری نەشکاوە و
لەکۆڵانما دارترێیەکی سوور
ڕواوە بۆ شەرابی سەبوریم
بەئێخەمدا هەڵواسراوە و
لێینووسراوە
نۆبڵی برد لە ئەویندا .
جا بەتۆچی ؟
ئێوارەیەک تێکەڵاوی هەورێک
دەبم ئەویش وەک تۆ
دڵی دێ من بکاتە باڵای
هەڵم
بەڵام من ناتوانم ئەو هەڵمژم
، بـا ئەو من بکا بە بـــاران
ئەی هاوڕێ گیان بەر لەوەی تۆ پێیبزانی
وەک پەپوولە لەسەرلێوی وێنەکەی ئەو دەنیشمەوە
بەم ئێوارە
هەر بەڕێکەوت تۆ خەریکی بڕینی تاڵهسپییهکانی
سەرمبە
منیش بۆخۆم واخەریکە لەنێو دولێوی ئەستووری ئەودا
باڵهکانم پێوەدەبێ و دەمباتەوە بۆ بینینی
یەکەم بینین ....
ئەم جارەش بەدەنگێکی تێکشکاوەوە وتیەوە :-
حەوایەک نیە کوڕێکی گەیویی خۆشبوێ ...؟!
سوید
121104
Hamashwan1@hotmail.com
|