په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٩\٢٠١٥

خراپیی بارودۆخی ئێستای کوردستان و کاریگەریی لەسەر ژنان.

لاوژە ماهیه     

 

لای هەمومان ئاشکرایە کە ئێستا کوردستان لە بارودۆخێکی ئەوپەڕی خراپ و نالەباردا چەقی بەستووە ، فەشەلی سیاسی سەرجەم ئەزموونی دەسەڵاتداریەتی چ بنکە فراوان و چ بنکە بەرتەسک کۆمەڵگای گەیاندووەتە بنبەستی سیاسی و ئیدارەی کۆمەڵگای ڕوبەڕوی قەیرانێکی ئاڵۆز و بێ چارەسەر کردووەتەوە، دەرئەنجامی دزی و تاڵان و گەندەڵی و ئاواڕنەدانەوە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و شەلەل و ناچالاک بوونی سەرجەم دامەزراوەکانی خزمەتگوزاری خەڵکی لە سەرەتایی ترین پێداویستیەکانی ژیان بێبەری کردووە، ٢٤ ساڵە بە کۆبونەوەی ژورە داخراوەکانیان گاڵتە و سوکایەتی بە خەڵکی کوردستان دەکەن، کەس نازانێت لەسەرچی هاوڕان و لەسەرچی ناکۆکن، بەمدوواییانە مۆدیلێکی تازەیان هێناوەتە ئاراوە، ڕۆژانە بە دەیان کەس لە سەرجەم حزبەکان بە دەیان کاتژمێر میوانداری یەکتر دەکەن و لە کۆتاییدا بە هەموویان کەسێک دیاری دەکەن ٥ دەقە لێدوان بۆ ڕاگەیاندنەکان بکات. سەرجەم کردەوەکانیان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمانە نە لەگەڵ یەکتر ڕوڕاستگۆن نە لەگەڵ کۆمەڵگا، ڕۆژ لە دووای ڕۆژ قەیرانەکان قوڵتر دەبنەوە. هیچ جۆرە ژیان و ئەمنیەتێک نەماوەتەوە بۆ هاوڵاتیان ، داعش وەک دێوزمەیەکی مەترسیدار لە پاڵدەستمانەوە ڕۆژانە قوربانیمان لێدەگرێت و لەم لاشەوە نەبونی ئاو، کارەبا لە گەرمای نزیک 50 پلەی هاوین، نەبونی خزمەتگوزاری شیاوی تەندروستی، بەنزین، لەسەروی هەموشیەوە نەبونی موچەو بێکاریەکی بەرین، نا ئۆمێدی و ترس دڵەڕاوکێ خستووەتەوە ناو خەڵک و کەس دڵنیا نیە لە ئێستاو داهاتوو، سەرجەم خەڵک و بەتایبەت گەنجانی توشی سەرلێشواوی بێ ئاسۆیی کردووە، بۆ دەربازبوون لەم دۆخە زۆربەی لاوان و بەشێک لە خێزانەکان لە بێزاری دۆخەکە بیر لە دەربازبون دەکەنەوە و ڕێگای هاتونەهات و پڕ لە مەترسی هەڵدەبژێرن و ڕوو لە هەندەران دەکەنەوە، سەرباری ئەوەی هەمو ومەترسیەکانیش دەزانن بەڵام هەر کۆچ دەکەن و لە ئاو و شاخ دەدەن، سەدان کەسیان دەبنە خۆراکی ماسی دەریاکان و ئاژەڵی چیا و دارستانەکان.


بێ ئاسۆیی لەم دۆخەکە لە ئاستێکدا بێزاری کردوون کە خۆیان بە ئاشکرا لە بەرچاو کامێرای ڕاگەیاندنەکان هاواردەکەن و دەڵێن لە کوردستان هەمو ساتێکمان مردنە، بەڵام لەم ڕێگایە ئەگەر دەربازیش نەبین ئەوە خۆ تەنها یەکجار دەمرین!


دیارە بەمدوایانە بەهۆی نائارامیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، شەپۆلی کۆچی بە کۆمەڵی قوربانیانی جەنگ دەستی پێکردووە و لە نا ئۆمێدی گشتی کۆچی بەکۆمەڵ ڕوو لە ئەوروپا دەکەن و ڕێگای هات و نەهات هەڵدەبژێرن، ئەم دیاریدەیەش بۆتە هۆی ئەوەی کە هەموو میدیاکانی جیهان و سەرانی سیاسی ئەوروپا بەخۆیەوە سەرگەرم بکات. وە میدیاکانی کوردستانیش تاڕادیەک بەم بابەتە سەرقاڵن و بەرنامەی تایبەتی لەبارەیەوە ئەنجامدەدەن. ئەوەی نەبۆتە جێی سەرنج لەم بەرنامەو گفتوگیانە و بایەخی پێنەدراوە کێشەی ژنان و کاریگەری بارودۆخی ئێستای کوردستان لەسەر پرس و داهاتووی ژنان.


لە کۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای کوردستان، کە دەسەڵات تا سەر ئێسقان کۆنەپەرست و پیاوسالارەو 24 ساڵە پەرە بە کۆنەپەرستی دەدات و کەلتوری قێزەونی پیاوسالاری و خێڵەکی باوەشێندەکات، دەبێت لە سایەی داب و نەریتی ئەم دەسەڵاتدا کە ژنان بە سەرچاوەی حەیاو ناموس ئەژمار دەکرێن و ژنان خاوەن خۆیان نین، بارودۆخیان چۆنبێت؟


لە ولاتی ئێمە کاتێک بارودۆخی گەنج/لاو باسدەکرێت تەنها فۆکوس لەسەر کوڕانە، نیوەی کۆمەلگاو ئەو گەنجانە کە کچان و ژنانن لەبیردەکرێن! کەس باسیان ناکات، وەک ئەوەیە دەبێت سەرەتا کێشەی کوڕەکانمان چارەسەر بکەین دواتر دێینە سەر کچەکان.


ئەم بیرۆکەیەش بەڕای من هەر لەوەو سەرچاوە دەگرێت کە ژنان هاوڵاتی پلە دوون، وەک ئینسانی کامیل و تەواو حساب ناکرێن، جا لە کۆمەڵگایەکی پیاوسالاری وەک کوردستان، کە مافی هاوڵاتی بەگشتی لەژێر پێنرابێت دەبێت مافی پلە دوو و سێەکان چۆنبێت؟ لە چ دۆخێکدابن؟


لە سیستەمی باوی ئەمڕۆی جیهان کە سەرمایەداری دایڕشتووە، لە باشترین و پێشکەوتوترین وڵاتەکاندا دەبینین لەکاتی قەیرانە ئابوری و بێکاربوندا بە پلەی یەکەم ژنان پشکی شێریان بەردەکەوێت، هەمیشە ڕێژەی بێکاربونی ژنان زیاترە لە پیاوان. بەمدوایانەشدا لە کوردستان کە بەبەردەوامی گوێمان لە زیادبونی ڕێژەی بێکاری و خراپتربوونی بارودۆخی کرێکاران دەبێت، پیموایە وەزعیەتەکە زۆر لەوە خراپترە بۆ ژنان کە باسدەکرێت، بەر لە دەستپێکی ئەم بارودۆخەی ئێستاو شەڕی داعەش، بزوتنەوە جەماوەریەکانی وەک و کرێکاران، ژنان.... لە ئێستا زۆر بەرچاوتربوو کارەکانی دەبیندرا، هەرچەندە ئەوکاتەش لەئاستی پێویست وە ڕێکخراو نەبوو، گوێمان لیدەبوو کە ژنانی کرێکار ڕوبەڕوی گێجەڵ و دەستدرێژی دەبنەوە، لەگەڵ مادە کیمیاویەکان بەرەو ڕون لە هۆتێل و ئەم شوینانەی خەریکی کاری پاککردنەوەن، سەلامەتی شوێنی کاریان زۆر خراپترە لە هی پیاوان........ من پێموایە ئێستا ئەم بزوتنەوانە کپ بونەتەوە و کێشەکانی ژنان لە هەموکاتێک زیاتر خراوەتە پەراوێزەوە.


ئەگەر بێمەوە سەر دیاریدەی کۆچ، پرسیارێک دێتە پیشەوە، ئایا لەم ڕێژە زۆرەی گەنجانمان کە ڕوو لەدەرەوەی وڵات دەکەن و بۆ یەکجاری ئەم کۆمەڵگایە جێدەهێڵن چەندانیان کچن؟ ئایا کچانی وڵاتەکەم دەتوانن وەک کوڕان کۆلەپشتیەکەیان کۆکەنەوەو کالەکانیان لەپێ بکەن و مل لەڕێگای قاچاخ بنێن؟ ئایا کچانمان دەتوانن پاسپۆرت بنێنە گیرفانیان و سنوری تورکیا ببڕن؟ بێگومان وەلامەکەی نایە. هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەم شێوە کۆمەڵگا پیاوسالاری کۆنەپەرستیەی کە دەسەڵات پەرەی پیداوە.


خۆ ئەگەر لەسایەی ناسەقامگیری سیاسی وڵات بۆ کوڕان وێران بوبێت و جێگای ژیانی تێدا نەمابێتەوە ئەوە بۆ ژنان دوو ئەوەندە وێرانە. ئایا ژنان ئارەزوی رزگار بوونیان نیە لەم سەرگەردانیە؟ بێگومان وەڵامەکەی بەڵێ یە، پێموایە بەهۆی بەرتەسککردنەوەی ئازادیەکانیان ئەم ئارەزوە چەند بەرامبەرە. چونکە مەیلی ئازادی و یەکسانی لای هەموو ئینسانێک بوونی هەیە، ئەوە بەکەم زانینی کچانە ئەگەر کەسێک پێوابێت کچان بێزارتر نین لە کوڕان و زیاتر لەوان بە ڕۆح و جەستە هەستی پێناکەن.

 
لەکاتێکدا کە گەنجی مێینە دەرفەت و بواری ئەوەی نییە هەوڵی ڕزگاربونی خۆی بدات و ڕێگای هات و نەهاتیش بگرێتە بەر، هەربۆیە جارێکی تر کچ دەبێتەوە قوربانی، پێش ئەم بارودۆخە زۆر ناهەموارە هەمیشە باسی ئەوە دەکرا کە ڕێژەی ژنان و کچان لە کوردستان زۆر لە پیاوان زیاترە. دەبێت پاش ئەم هەوار چۆڵکردنەی گەنجی نێرینە، سەرژمێریەکان بڵێن چی ڕێژەی ژن و پیاو چۆن بێت. وە لەم کۆمەڵگایەش کە هیچ جۆرە ئازادیەک بۆ کچانمان بە ڕەسمی نەناسراوە، بۆ نمونە ژنان ناتوانن خۆیان ژیانی سەربەخۆیان هەبێت و مافی ئەوەیان نیە بەتەنها لەشوێنێکی ئارام شوقە یان ماڵی خۆیان هەبێت و بەئازادی تییدا بژیەن، دەبێت هەمیشە وابەستەی براو دایک و باوک و کەسوکاربن، کچ شتێکی نیە ناوی ژیانی تایبەتی بێت. هەر لە کۆمەڵگاش بەناوو ناوتۆرەی سەیرو سەمەرەی وەک " قەیرە" بانگدەکرێن. لە هەمان کاتیشدا ئەم بارودۆخە دەستی کۆنەپەرستان و پیاوسالاران زیاتر ئاوەڵە دەکات بۆ پەرەدان بە فرەژنی و هێنانە پیشەوەی پڕۆژە یاسای سەیرو سەمەرەی وەک زەواجی میسیار و.....


کۆمەڵگای کوردستان لە ماوەی ٢٤ ساڵی ڕابردوودا لە زۆر ڕووەوە نجومی گەشەی کردووە و گەیشتووەتە لوتکە، لەوانە لە ڕوی گەندەڵیەوە گەیشتوەتە ئاستی وەڵاتە هەرە گەندەڵەکا، لە ڕوی جیاوازی چینایەتی و خزمەتگوزاریەوە گەیشتوەتە ئاستی وڵاتە وێرانەکان و کەڵەکەی سەرمایەی دزەکان گەیشتووەتە ئاستی گەورە دەوڵەمەندەکانی جیهان، بڵاو بوونەوەی دەیانجۆر نەخۆشی وە هەروەها بێزاری و بێ هیوایی بە داهاتوو کۆمەڵگای بردووەتە لێواری داڕمان.


ئەرکی بزوتنەوەی ژنان شان بەشانی ئازادیخوازان و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی تر لەم بارودۆخەی ئێستادا چییە؟


زەڕوڕەتی هاتنە مەیدان و ڕێکخراوبونی ئەم بزوتنەوەیە ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر زەڕوڕەتی هەیە، دەبێت بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بێتە مەیدان وە ڕێکخراوبێت لەگەڵ هەموو بزوتنەوەکانی تر و خەبات بۆ باشکردنی بارودۆخی خەڵکی کوردستان بدات و هەوڵی بەدیهێنانی ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی بدات لە وڵاتدا. دیارە کۆچ هەقێکی شەڕعی هەمو وئینسانێکەو من نامەوێت بە کەس بڵێم کۆچ مەکەن، بەڵام، ئەم کۆچە بە لێشاوەی ئیستا دەرئەنجامی کاردانەوەی بارودۆخی ئێستای کوردستانە و دەبێت لەبری ئەوەی کە خەڵک وڵات چۆڵ بکات، هەوڵ بۆ باشکردنی ژیان بدات. ئەگەر بۆ گەنجانی کور بارودۆخەکە خراپبێت بۆ گەنجانی ژن دوو ئەوەندە خراپە. بۆیە دەبێت بەر لە خراپتربوونی گۆڕانی بە جەهەنەمێکی خراپتر بەر بەم وەزعە خراپە بگیرێت. وە تەنها ڕێگا چارەش بۆ ئەمە هاتنە مەیدان و ڕێکخراوبونە، ژنان ئەگەر تەنها بۆ باشکردنی بارودۆخی ژیانی خۆشیان بێت دەبێت ڕێکخراوبن و بێنە مەیدان، تەنها بە ڕێکخراوبون و هاتنە مەیدانمان دەتوانن ئەم بەربەستانەش بشکێنین کە رێگا بە کۆچی پیاوان دەدات و ژنان لە کۆمەڵگا دەهێڵێتەوە. هێز لە ڕێکخراوبوندایە.

 

ماڵپەڕی لاوژە ماهیە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک