په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

خوێندنەوەیەک بۆ تابڵۆکانی هونەرمەند ( ئۆرمێرا لۆلەنج ).


ناڵە حەسەن    

- ئۆرمێرا لۆلەنج ( Ormira lulanaj ) کێیە .. ؟

ئۆرمێرا لە ماڵپەڕە تایبەتیەکەی خۆیدا دەنووسێت :
( من لە ئەلبانیا لە دایک بووم ، لە وڵاتێکی بچووک و پرشنگ . من لە منداڵییەوە حەزم لە وێنەکێشانە . لەوساوەڕا لەژێر کاریگەرییەکان و هاندەرییەکانی باوکم دا بوویمە کە ( هونەرمەندێکی بێ وێنەیە ) . من لە ڕێگای تابڵۆکانمەوە تەعبیر لە هەست و سۆز و ئەو ووشانە دەکەم کە ناتوانم دەریان ببڕم . وێنەکانم ڕەنگاوڕەنگن .. بیرۆکەکانم خەونەکان و هەست و سۆزمن کە بە قووڵی لە نێو ناخم دان . ئەفسانەکان و گۆرانیەکانی خەڵکی وڵاتەکەم ، داب ونەریت و شێوەی جلوبەرگ و ئایین و دیمەنی ئەندازەیی شارەکەم و هەموو ئەمانە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەیە بەسەر تابڵۆکانمەوە . بینین و ڕوئیاکانم بۆ وڵاتەکەم هەمیشە ئیلهامم پێدەبەخشێ لە نێو ئیشەکانم دا ) .

 

 خوێندنەوەیەک بۆ تابڵۆکانی ئۆرمێرا .

 



ئۆرمێرا یەکێکە لەو هونەرمەندە مۆدیرنیستانەی کە بە دیدێکی تازەوە تابڵۆکانی دەکێشێ . خەم و خەیاڵ و خەون و ئازارەکانی ژنانەن . دەتوانین بڵێین ( جیهانی مێ ) بە بەرینایی خۆی لە نێو تابڵۆکانی ڕاکشاوە . خەون و خەیاڵەکانی مرۆیین ، واتە مرۆییانە لە ژیان و چارەنووسی مرۆڤ دەڕوانێ . خەمی مرۆڤی لە کۆڵدایە لە نێو ڕەنگ و فیگەر و هێڵەکانی نێو تابڵۆکانی دەریان دەبڕێ . ئۆرمێرا هونەرمەندێکی هەست ناسکە و خەیاڵ و بیرکردنەوەکان و تابڵۆکانیشی ڕەنگینن . لە نێو تابڵۆکانیدا ، سەرەداوی ئەفسانە و ئەو بیرۆکانەت دەست دەکەوێ کە ئۆخژن بە ڕۆح و فێنکایی بە دڵ دەبەخشن . ئۆرمێرا هونەرمەندێکی کەنەدی یە و بە ڕەگەز ئەلبانیە ، وەک هەر کەسێکی کۆچبەر ئەویش لەگەڵ خەم و ژانەکانی غوربەت و دابڕان دا دەژیێ . وڵات و داب و نەریت و ئایین و یادەوەرییەکانی دوێنێی کاریگەری زۆریان هەیە بەسەر تابڵۆکانیەوە .کەسەکان و گەڕەک و شەقامەکانی شارەکەی لە نێو هەستی لاشعوری دا خەوتوون و لە نێو تابڵۆکانیدا بە دەردەکەون . لە نێو خەیاڵ و تابڵۆکانیدا دەگەڕێتەوە نێو یادەوەرییەکانی ، لەوێوە گۆرانی و سەماکانی ئێستای نمایش دەکاتەوە . لەوێوە باڵندەی نێو خەونەکانی ئێستای بەرەڵا دەکات و خۆشی بۆ نێو قووڵایی ڕەنگەکان دەفڕێت و دوور دوور دەڕوانێ ، کۆڵان بە کۆڵانی یادەوەرییەکانی بەسەر دەکاتەوە . لە ژوور بە ژووری کچ و ژنانی وڵاتەکەی دەچێتە ژوورەوە خۆی دەخزێنێتە نێو فرمێسک و خەمەکانیان ، تاوێکیش لە نێو بزە و شریخەی پێکەنینەکانیان دەمێنێتەوە . بە ووردی لە هەموو شتێک دەڕوانێ . هەر لەوێوە بە دەم فڕینەوە پڕدەبێ لە خەیاڵ و بیرۆکەی ناسک و جوان . ئیتر دێتەوە بە دەم ئەم خەیاڵ و فڕینانەوە فڵچەکەی ڕادەوەشێنێ و هەر بەم ڕوانینەوە نیگارێکی ڕەنگین و پڕ لە ئیستاتیکای هونەری لە دایک دەبێ . بەڵێ وێنەکانی ڕەنگا وڕەنگن ، ڕەنگەکان هەڵکری دەیەها مەدلوول و بیرۆکە و مانای جیاجیان . ڕەنگەکان خۆیان قسەدەکەن . دەتبەن و ڕاتدەکێشن بۆ نێو خەون و خەیاڵە بەرین و مرۆییەکانی ئەم هونەرمەندە داهێنەر و مرۆڤدۆستە .

 


ڕەنگی ڕەش : بۆ زۆر مەبەست بەکاریان دەهێنێ بەڵام بەرچاوترینیان وەک " لاواز و سیما خەمناک و کەساس ( خودێکی چەوساوەو مەزلوم ) . یاخی و تەریک و داماو . لە زۆربەی تابڵۆکانیدا سیما و ڕوخساری ئافرەتەکان بە تارمایی و سێبەرێکی کاڵ داپۆشراوە .لەنێو سێبەر و تارماییەکان ، میحنەت و ژان و ئازارەکانی ئافرەتان دەبیندرێ . خەونەکانیان گۆرانەکانیان هاوارەکانیان ، بوون و یاخیبوونەکانیان هەموو شتێکیان لەوێدا دەبیندرێ . ڕەنگی شین ، زیاتر بۆ خەون و خەیاڵە ڕۆمانسیەکان و یادەوەرییە شیرینەکان بۆ ئومێد و خۆزگە گەشەکان بە کاریان دەهێنێ . ڕەنگی سوور ، ئۆرمێرا هەندێ جار خۆی دەداتە دەست نەریتە باوەکان . بە مانای هەندێجار تەقلیدیانە مامەلە لەگەڵ فیگەر و ڕەنگەکان دا دەکات . هەر بۆیە ڕەنگی سوور بۆ هێمای شەڕ و ئاژاوە و خوێن بەکاری هێناوە . هەندیجاریش بۆ مەبەستی گەشبینی بەکاریان دەهێنێ . وەک گزنگی ئاسۆ و شەوە سوورەکان و خەیاڵی ڕۆمانسی و سێکیسیش لە پشتی پەردەکانەوە هەست پێدەکرێ . ڕەنگی سەوز : لە زۆر شوێن بۆ ڕوانین بەکاری دەهێنێ واتە پێشبینیەکان و بیرکردنەوە لە ئایندە . دەتوانم بڵێم ئۆرمێرا زۆر هونەمەندانە مامەڵە لەگەڵ ڕەنگەکان دەکات و لە بەرگێکی ئیستاتیکی جوان لە نێو تابڵۆکانیان نمایشیان دەکات .


لە نێو تابڵۆکانی ئەم هەنەرمەندە فیگەرێکی تر زۆر بە زەقی دەبیندرێ ئەویش فیکەری مەمکە ، مەمک لە نێو تابڵۆکانیدا دەربڕی هەست و سۆز و خەیاڵی سێکسی نیە ، بەڵکە ڕەمزی هێزە . ڕەمزی ڕووبەڕووبونەوە و ڕاوەستانە لە بەرامبەر دەسەلاتی نێر هاوارێکە بە دژی زولم و ستەم و خەونە پیسەکانی دەسەلاتی نێر . مەمک لای ئۆرمێرا بە مانای هێز و توانایەکی خوداوەندیانە هێزێک تا ئەوپەری سنوورەکان . چونکە ئەو لەوە ڕۆشنە بە دوای کۆمۆنەی سەرەتاوە لەو ڕۆژەوەی خاوەندارێتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە گشتییەوە گۆڕاوە بۆ تاک و چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە دەستی پێکردووە هەر لەو ڕۆژەوە گلۆرەی ژیان و بەختی ئافرەتان کەوتۆتە لێژییەوە . بۆیە بەرامبەر دەسەلاتی نێر دەیەوێ هاوار بکات و بڵێ : من تۆم هێناوەتە بەرهەم و بەم مەمکانەم شیرم پێداویت و گەورەم کردی ئەم هەموو ستەم و بێ ڕەحمیەت لە پای چی .. ؟ دەیهەوێ ئەم دەسەلاتە لە بنەڕەتەوە ڕەتبکاتەوە .


بۆیە ئەم هێزە خوداوەندییەی ئافرەتان پێشان دەدات دەیهەوێ پەیامەکەی وەکو هاوارێک ڕابگەیەنێ و بڵێ : هێزی من مرۆڤایەتی هێناوەتە بەرهەم بەبێ ئەو مەمکانەی من مرۆڤایەتی مانایەکی نیە . بۆیە لە زۆربەی تابڵۆکانیدا لە سەر سینگی ئافرەتەکان مەمکەکانی بە دەرخستوون ، لە سەر سینگی ئافرەتەکان هێزێکی خولقێنەر و بنیاتنەر دەبیندرێ هێزێکی گەورەتر و بەرینتر لە دەسەلاتی مرۆڤ .. ! ئەگەر لێکدانەوەیەکی دەروونیانە بۆ تابڵۆکانی ئۆرمێرا بکەین بەو بەرئەنجامە دەگەین کەوا ئۆرمێرای هونەرمەند تا ئەندازەیەکی زۆر هێز و دەسەلاتی نێر لە باری نەستییەوە کاریگەری زۆری بە سەرییەوە هەیە . بە لێکدانەوەی فرۆید یانە تا ئاستی فۆبیایی لە دەسەلاتی نێر تۆقیوە . چونکە ئەم شێوە ترس و تۆقینە لە قووڵایی ناخ و لە نێو ڕەنگ و فیگەرەکانی نێو تابڵۆکانی زۆر بە ئاشکرا دەبیندرێ . بۆتە بەشێک لە حالەتی نەستی ئەو . بۆیە ئەم کاردانەوەیە بەم شێوە ئاشکراییە لە نێو تابڵۆکانی دەردەکەوێ . ئەم ترس و تۆقینەی لە دەسەلاتی نێر سەرتاپای بیر و هۆشی داگیر کردووە لەگەڵ سەردەرهێنانی هەر ئیلهامێک و بیرۆکەیەکی تازە ئەم ترس و تۆقینەی ئامادە دەبێت و خۆی دەخزێنێتە نێو خەیاڵەکانی . من وای بۆ دەچم لە سەردەمی منداڵی لە کەش و هەوایەکی زۆر توند و تیژ پەروەردە کرابێ . دەسەلاتی باوک و برا و مامۆستا ڕەنگە بە شێوەیەکی زۆر توند و تیژ سەپێندرابێ بە سەریدا . لەگەڵ ئەمبارە دەروونیەی هونەرمەند ئۆرمێرا وەنەبێ مرۆڤێکی ڕەشبین و شەڕانگێز و کەسایەتیەکی سلبی دەرکەوتبێ لە نێو تابڵۆکانیدا . بەپێچەوانەوە تا ئەندازەیەکی زۆر مرۆڤێکی گەشبین و خەیاڵ ڕەنگینە . لە زۆرێک لە تابڵۆکانیدا خەونە جوانەکانی خۆی نمایش کردووە . ئومێد و خۆزگەکانی هێندە گەش و ڕوونن تا ئاستی مەستبوون و فڕین . هەمیشە بۆ گەیشتن بە ئومێدە جوانەکانی لە فڕین دایە .لە نێو خەونەکانی سەما دەکا گۆرانی دەڵێ دنیایەکی ڕەنگین و ئاڵوواڵا دەخاتە بەردەم دیدەمان و پڕمان دەکات لە ڕەنگی ناسک و ئومێد بەخش . وە جلی ڕەنگاوڕەنگمان بەبەردا دەکات . ئایندە لە نێو خەون و خەیاڵەکانی ئەم هونەرمەندە ئایندەیەکی گەش و ڕووناکە و لە نێو پێشنیهادەکانی دا مرۆڤایەتی بەرەو سەروەری و خۆشبەختی دەڕوا .خاڵێکی تر کە زۆر ئیجابیە دەکرێ باسی بکەین ئەم هونەمەندە تا سەر ئێسقان هونەرمەندێکی ئاشتیخوازە و لایەنگری لە ئاشتی دەکات . لەم بارەیەوە بیرکردنەوەکان و ڕوانینەکانی گشتگیرین واتە ڕوانینەکانی ڕوانینێکی گەردوونیە . بێ جیاوازی لە زمان و نەتەوە و خاک و ڕەنگی پێست و ..... خوازیاری ژیانێکی ئاسوودە و هێمنییە بۆ سەرتاپای مرۆڤایەتی . ئەوەتا لە کاتی هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق دەنگی ناڕەزایەتی دژ بەم شەڕە لە سەرتاپای دنیا بەرزبوویەوە . لە سەرتاپای دنیا هێزی لایەنگرانی ئاشتی و ئازادی ڕژانە سەر شەقامەکان و پێکەوە دروشمی ( نا بۆ شەڕ ) یان بەرز کردەوە . نووسەران و هونەرمەندان لە نێویان دا سیمایەکی دیار و بەرچاو بوون . هونەرمەندانی کەنەدیش بەشێک بوون لە شەپۆڵی ئەم ناڕەزایەتیە ،ئەوەتا لە گەورەترین ماڵپەڕی هونەرمەندانی کەنەدی بەناوی (Artists in Canada ) لەم ماڵپەڕەدا پەیگێگی تایبەت بۆ هونەرمەندانی دژ بە شەڕ و هونەرمەندانی لایەنگرانی ئاشتی و ئازادی کراوەتەوە بە ناوی ( Art of war Iraq Gallery ) تابڵۆکان و موعاناتەکانیان لەوێدا نمایش کراوە . هونەرمەند ئۆرمێرا یەکێکە لەو هونەرمەندانە کە بە چەند تابڵۆیەکی ڕەنگین لە پەیگی هونەری شەڕ بەشداری کردووە . لە ژێر ئەم تابڵۆیەی لەوێدا نووسیویەتی ( شەڕ چ مانایەکی هەیە .. ؟ جیاوازی چیە لە نێوان شەڕ و ئازادی دا ..؟ ئایا شەڕ ئازادی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێ ... ؟ من نازانم .. ! بەڵام من بە دڵنیاییەوە شتێک دەزانم ئەویش ئەوەیە : شەڕ مردن و وێرانی و ژان و موعانات لەگەڵ خۆیدا دەهێنێ ... ! ) .


ئەمە ووتەکانی ئەم هونەرمەندە خەیاڵناسکەیە لە ژێر تابڵۆکەی نووسیویەتی تابڵۆکەشی بە ناوی ( Mother’s love ) واتە خۆشەویستی دایک . ئەگەر لە ئینتەرنێت بە دوای ناوی ئەم هونەرمەندەدا بگەڕێین دەبینین چەندە چالاک و ئاکتیڤە لە بواری هونەریدا چ لە کردنەوەی پێشانگای جۆراوجۆر چ لە بەشداریکردنی لەگەڵ ماڵپەڕە هونەرییە جیاجیاکان دا .. وا لە خوارەوە چەند تابڵۆیەکی تری ئۆرمێرا تان بۆ دەخەینە ڕوو بۆ ئەوەی زیاتر ئاشنا بن بە دنیای هونەری ئەم هونەرمەندە داهێنەرە .

________________________________
سەرچاوەکان :
بۆ نووسین و ئامادەکردنی ئەم بابەتە سوود لەو ماڵپەڕانەی ئینتەرنێت وەرگیراوە .


- Artistis in Canada
- Art of war ( Iraq ) Gallery
- Art tract ، the artists website
- Allinto Artist Porfolio


Nala_hassan@yahoo.ca