چیرۆکی درێژ خۆرکه‌وتن.
حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن
سه‌رنج: ئه‌مه چیرۆکێکی دیکه‌ی به‌ره‌نگارییه.. من بڕوام نه‌ده‌کرد، له‌و سه‌رده‌مه تاریکه‌دا ئه‌م چیرۆکه‌م له گۆڤاری (به‌یان ژماره 148، ساڵی، 1988)دا بڵاوببێته‌وه. وه‌لێ نووسه‌ری هێژا (ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ئیسماعیل) به‌رله‌وه‌ی چیرۆکه‌که ببینێ په‌یمانی پێدام: ((هه‌رچۆنێکت نووسیبێت من بڵاوی ده‌که‌مه‌وه.)) بڵا پیاوی جوامێر هه‌ر زۆر بن. ده‌زانم که زۆربه‌ی لاوانی ئه‌مڕۆ نه‌یان دیوه، فه‌رموون ئه‌مه‌یش (خۆرکه‌وتن). * ئه‌گه‌ر به‌نیازی شار له ماڵه‌کانی (گڵه‌زه‌رده) داگه‌ڕای، به‌لای باخه هه‌نارێکی گه‌وره‌دا ڕه‌تده‌بی، که ڕێک له گه‌رووی ده‌ربه‌نده‌که‌دا ڕوواوه.. ئیدی تۆ ده‌بێ ده‌سته‌ڕاست بگریت. ڕێگه‌که بواری سه‌ڵته‌زه‌لام یان تاکه سوار ده‌دات و له‌وه ده‌چێت به‌نوێڵ و پیک له‌و چیا به‌ردینه تاشرابێت. ئه‌م ڕێگه تاشراوه، که خۆیان (پلان)ی پێده‌ڵێن، تا ڕێبوار نه‌داته ده‌ست بنارو له سه‌راورده‌وه نه‌یکات مه‌ماڵه‌کانی ئاڵیاوادا، له چیاکه جیانابێته‌وه‌و پله‌پله پێیدا دێته‌خواره‌وه. به‌ده‌سته چه‌پیشدا، دوای ئه‌وه‌ی باخه هه‌ناره‌که کۆتایی دێت. ده‌بێته خه‌ره‌ندێکی سامناک.. ئه‌م ده‌ربه‌نده په‌رده‌ی له ڕووی بووکی گڵه‌زه‌رده لاداوه.. به‌هارو هاوین سینه‌ی سه‌وزه وه‌ک به‌یداخه‌کانی سه‌ر گلکۆی شێخ حه‌سه‌ن و دایه‌خاسێ. به‌هاران ده‌بێته هه‌زارکانی و له‌بن هه‌ر تاوێرێکه‌وه پلووسکێ ئاو له‌و چیا به‌ردینه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت و ڕووه‌و باوه‌شی ده‌ربه‌ند سه‌ری خۆیان هه‌ڵده‌گرن و په‌له‌یانه هه‌رچی زووتر بگه‌نه دیداری تانجه‌رۆ.. گڵه‌زرده به‌تارای سپیی به‌فرو به‌باخی هه‌ناریه‌وه.. به‌گۆیژی گڤنه‌سه‌رو کۆرپه ده‌وه‌نه‌کانێوه، تازه‌بووکێکه، له دووره‌وه دوگمه‌ی سینه‌ی بۆ ده‌ست و په‌نجه‌ی بزێوی کوڕی سلێمانی ترازاندووه.. هه‌ر له ماڵه‌کان داگه‌ڕای ئیدی ته‌قته‌قه. به‌ردی لووس و سواو و زه‌قه.. به‌فر چاڵ و چۆڵیی نێوانیانی بنکه‌شی کردووه. (جوامێر) پێش ماینه‌کوێت که‌وت و شل شل جڵه‌وی گرتووه.. جاران له هه‌ردوو به‌ری ده‌ربه‌نده‌که‌وه، گوێی له ده‌نگدانه‌وه‌ی ناڵه‌کانییه‌وه ده‌بوو، که‌چی ئه‌مڕۆ که‌متر هه‌ستی پێده‌کات. ئه‌گه‌رچی سه‌رکه‌وتن به‌پلانی گڵه‌زه‌رده‌دا ڕێبوار پڕووکێنه، به‌ڵام دابه‌زین زۆر ناخایێنێت. ئه‌وه‌نده هه‌یه ده‌بێ ڕێبوار ئاگاداری به‌رپێی خۆی بێت، نه‌بادا بترازێ.. له ڕۆژی وه‌هادا مه‌ترسیی خلیسکان و هه‌ڵدێرانیش له وڵاخ ده‌کرێ.. له‌و شوێنه‌دا، که بۆ یه‌که‌م پله شۆڕده‌بیته‌وه، ئیدی سه‌ربانی به‌باگردێن و کڵافه‌ی شینه دووکه‌ڵی سه‌رکردووی ماڵه‌کانی (ئاڵیاوا)ت لێ ئاشکرا ده‌بێ. ئه‌گه‌ر له‌وێڕا ئاوڕێک بده‌یه‌وه، پایه‌ی ئه‌ستوور ئه‌ستووری وه‌ک مه‌ڕمه‌ڕ هه‌ڵچوو ده‌بینی و ده‌م و ده‌ست موچوڕکێکی شارد به‌له‌شتا تێده‌په‌ڕێت. ئه‌م پایانه کێله‌سه‌هۆڵن، هیچ کارخانه‌یه‌ک قاڵبه سه‌هۆڵی وه‌های پێ به‌رهه‌م نایه‌ت. وه‌ک په‌یکه‌ری سه‌ر به‌قوتابخانه نوێیه‌کانی هه‌ڵکۆڵین، شێوه‌ی جیاجیایان لێ ڕسکاوه و نه‌خشاوه. ئه‌م پایانه له ئاوه‌ڕۆی ئاوایی دروستده‌بن، کاتێک ده‌رژێته ده‌ربه‌ندو خه‌ره‌نده‌که‌وه. ئاو به‌شه‌وبای چله ده‌یبه‌ستێت و ده‌نیشێته سه‌ریه‌ک. سه‌ره‌تا شیشه سه‌هۆڵی باریکن، وه‌ک چلووره‌ی ده‌م گوێسوانان. هه‌تا زستان زێتر بچێته پێشه‌وه، ئاویان زێتر ده‌چێته سه‌رو له‌به‌ره‌وه ئه‌ستوورتر ده‌بن. هه‌رکه زستان پیربوو، هیزو هه‌ره‌که‌تی لێبڕا.. زه‌ویش گه‌رمیی تێگه‌ڕا، ئه‌وجا له‌سه‌ره‌وه‌و له‌بنه‌وه تاشه سه‌هۆڵی زل و ناقۆلا له چیاکه جودا ده‌بنه‌وه‌و ده‌ترازێن. ڕووه‌و خه‌ره‌ند هه‌رس دێنن. تل ده‌خۆن و پارچه‌یان لێ ده‌بێته‌وه. کاتێک ده‌گه‌نه ئاستی ئاڵیاوا، به ته‌واویی وردوخاش و په‌راش په‌راش ده‌بن و وه‌ک دانه‌ی ته‌ر‌زه‌یان لێدێ. ئه‌و ڕۆژه‌ی سه‌هۆڵه‌که ده‌شکێت، له گڵه‌زه‌رده یه‌که‌م ڕۆژی به‌هاره. (جوامێر) گه‌یشته دوا پله‌ی گڵه‌زه‌رده. لێره‌دا ڕێگه‌که که‌مێک پان ده‌بێت ورده ورده له‌گه‌ڵ ته‌ختایی زه‌ویدا جووت ده‌بێ. لغاوی هه‌ڵدایه سه‌ر قه‌ڵپووزی زین و پێی له‌سه‌ر ئاوزه‌نگی دانا. له ناوه‌ندی پاییزه‌وه تا ده‌گاته به‌هار، گه‌لێ جاران، ته‌مێکی چڕ له بناری شاره‌زووره‌وه، به‌باڵای چیای دارمازه‌ڵه و گڵه‌زه‌رده‌دا هه‌ڵده‌زنێ. ئه‌م ته‌مه چڕه، له ناوقه‌دی چیاوه تا لوتکه‌کان داده‌پۆشێت و چیاکه به‌حه‌لحه‌له‌ی ئاسمانه‌وه گرێ ده‌دا. ڕێده‌که‌وێ بۆ چه‌ند ڕۆژێک، به‌ری ڕوانین له‌و گوندانه‌ی قه‌دپاڵ بگرێت، ئه‌مجا بڕه‌وێته‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر ڕۆژێکی ڕوون بوو، ئه‌وا سلێمانی ڕوون و به‌رجه‌سته له به‌رده‌م گڵه‌زه‌رده‌دا ڕاکشاوه. هه‌موو به‌یانییه‌ک، ته‌مێک شینی کاڵ، تێکه‌ڵ به‌دووکه‌ڵ، ته‌نک وه‌ک برنجۆک، له‌سه‌ر سلێمانی که‌پرۆکه ده‌به‌ستێ. ئه‌م ته‌مه شینه مه‌گه‌ر له شوێنه ڕوانگه‌کانه‌وه، ئه‌گینا خه‌ڵکی سلێمانی خۆشیان هه‌ستی پێناکه‌ن. ئه‌م ته‌مه شینباوه، تا خۆری چێشته‌نگاوی به‌رنه‌که‌وێ په‌رت نابێت. ڕه‌نگه ئاهو هه‌ناسه‌ی خه‌ڵکی بێت و نه‌گاته ته‌ختی په‌روه‌ردگار، بۆیه بۆ سبه‌ی به‌یانی هه‌مدیس به‌رزده‌بێته‌وه.. له ئاڵیاوا ڕه‌تبوو.. ئاڵیاوا وه‌ک ژێرماڵه‌ی گڵه‌زه‌رده بێت، کزکز له ژێر باڵیدا ده‌واری هه‌ڵداوه. خه‌ره‌ندی گڵه‌زه‌رده و کۆرپه ده‌وه‌نه‌کانی، که هه‌رگیز نابن به‌دار، ئاڵیاوایان له ئامێز گرتووه. له ئاڵیاواوه ڕێک ڕووه‌و تانجه‌رۆ شۆڕبووه‌وه. ئه‌م زه‌وییه نێگزه‌جاڕه‌و به‌هاران، به‌هه‌زاران چاوی زێڕینه‌وه به‌قه‌د و باڵای دارمازه‌ڵه‌و شه‌پۆلانی تانجه‌رۆدا ده‌ڕوانێ. (ناچمه‌وه ڕێی داراغا، تاجه‌رۆ زۆریش هاتبێ هێشتا له ماینه کوێت ناترسم، قه‌دبڕ نزیکتره...) ئه‌مه‌ی له‌به‌ر خۆیه‌وه وت. سووکه لغاوێکی به‌ملی ماینه‌کوێتدا ماڵێ و ده‌ستی شل کرد. یه‌ک دوو پاژنه‌شی له ته‌نگه‌ی دا. ماینه‌کوێت له خواستی خاوه‌نه‌که‌ی گه‌یشت.. هه‌ڵیدایه غار. به‌سمه‌کانی زه‌ویی چاڵده‌کرد. به‌فری پاده‌شت وه‌ک هی قه‌دپاڵی دارمازه‌ڵه نییه، له‌بنه‌وه نیشتۆته سه‌رئاو، ڕوو له‌توانه‌وه‌یه. ئه‌گه‌رچی له گڵه‌زه‌رده سروه‌ی با نایه، به‌ڵام هه‌تا له سلێمانی نزیکتر ببیته‌وه زیاتر هه‌ست به‌کزه‌ی بایه‌که ده‌که‌یت. به‌تایبه‌ت کاتێک له گوێ و لووت و ده‌ستی جڵه‌و ده‌دات. جوامێر، له لێواری تانجه‌رۆ نزیک بووه‌وه. به‌فری لێوار مابۆوه سه‌ر توێژاڵێکی ته‌نک.. چاکی که‌واکه‌ی کۆکرده‌وه و به‌ژێر پشتوێنه‌که‌یدا خنی. ده‌رپێ سپییه‌که‌ی تاکڵاوه‌ی ئه‌ژنۆ هه‌ڵکرد. خۆی به‌سه‌ر زینه‌که‌وه قیتکرده‌وه و لاقه‌کانی هه‌ڵنان. ئه‌مجا ماینه‌کوێتی ده‌نگدا. ماینه‌کوێت چه‌ند جارێک ده‌سته‌کانی خستنه نێو ئاوه‌که‌و به‌پڕمه پڕم کشایه‌وه. ئه‌و له‌گه‌ڵ پڕمه‌ی به‌رده‌وامدا سه‌ریشی ڕاده‌وه‌شاند.. تانجه‌رۆی لێڵ، به‌خوڕه‌و هاژه‌ی شه‌پۆله‌کانێوه، وه‌ک مرڤێکی ڕووگرژ به‌دیارده‌که‌وت. که‌متر ڕێکده‌که‌وێت سوار پڕکێشیی بکات و له‌و جێیه‌وه له تانجرۆ بدات. به‌ڵام چونکه ئه‌مه یه‌که‌مجاره (شێخ) ئه‌و ڕێزه‌ی لێ بنێت و بیکاته قاسیدی خۆی. بۆیه نه‌یکرد له ئاستی داراغاوه، له بواره‌وه بپه‌ڕێته‌وه. بۆیه‌کا ویستی قه‌دبڕ بگاته (شار). ئاوه سارده لێڵه‌که، له ده‌ستی ماینه‌کوێتی ده‌داو پاشه‌وپاش ده‌گه‌ڕایه‌وه. لمۆزی هه‌ڵبڕی و کلکی به‌نێو پاشووه‌کانیدا کرده‌وه.. ڕووی له ئاسمان ده‌کردو بۆ دواوه سه‌ری ده‌هاویشت و ده‌یپڕماند. جوامێر پاژنه‌ی له ته‌نگه‌ی توندکرد و ده‌نگی لێکرد و ڕووی بۆ لای تانجه‌رۆ وه‌رگێڕایه‌وه. له ئاوه‌که‌دا، هه‌ستی به‌تورتی ماسوڵکه‌کانی ته‌نگه‌و مل و که‌فه‌ڵی ده‌کرد. وه‌لێ دوای چه‌ند هه‌نگاوێک پێشڕه‌ویی، ڕاهات و سامی شکا. ماین هه‌رکه ئاو ژێرسکی ته‌ڕکرد ئیدی به‌لایه‌وه ده‌بێته ئاسایی و سامی ده‌شکێ. ملی کردبوو به‌ڕم و په‌لی ده‌کوتا. کونه لووته‌کانی ده‌کرانه‌و له گه‌ڵ شڵپ و هووڕو شه‌پۆلانی ئاوکه‌شدا هێشتا هه‌ر گوێت له پڕمه‌و هه‌ناسه‌بڕکێی ده‌بوو. کلکیشی وه‌ک مار به‌سه‌ر ئاوه‌که‌وه مه‌له‌ی ده‌کرد. شڵپوکۆی ماینه‌کوێت له‌نێو تانجه‌رۆدا، ڕه‌زم و ترپه‌ی تایبه‌تیی خۆی هه‌بوو. پرژه‌ی به‌فراو ده‌گه‌ڕایه‌وه و ڕووی جوامێری ئاوپرژێن ده‌کرد. سه‌ری به‌ره‌و ئاسۆ هه‌ڵێنا. چه‌ند په‌ڵه هه‌ورێکی وێڵی سپی و ته‌نک هێشتا به‌ئاسمانه‌وه بوون. به‌ڵام دوای تاوێکی دی که‌س نازانێ ڕه‌شه‌با بۆ کوێ‌یان ده‌فڕێنێ و چۆنیان ده‌پێچێته‌وه. کاتێک سه‌رنجی به‌ری خۆرئاوای دا، له‌به‌رخۆیه‌وه وتی: (هه‌ر ئه‌حمه‌د به‌گ له شار بێت ئیدی کاری من زوو مه‌یسه‌ر ده‌بێ، هێشتا خۆر به‌رزه، ڕه‌نگه شێو به‌رمه‌وه گڵه‌زه‌رده، به‌ڵکو ئێ شیعری نوێشی هه‌بێ، ڕه‌نووسی ده‌که‌م و ده‌یکه‌مه دیاریی ده‌ستم، ده‌زانم شێخ دڵی به‌شیعری ئه‌حمه‌دبه‌گ ده‌کرێته‌وه..) له تاوی غاردا وای به‌دڵدا هات فه‌قیانه‌ی ده‌ستی چه‌پی، که ده‌ستی جڵه‌وه‌که‌یه‌تی توند بکات و هی ده‌ستی ڕاستی به‌ربداته‌وه. له تاوی غاردا ماینه‌کوێت چوار په‌لی له ئاسمان ده‌کوتاو وه‌ک کامێرای سینه‌ما‌بێت، له‌سه‌رخۆ شاری (سلێمانی)ی ده‌هێنایه پێشه‌وه.. دووکه‌ڵی زۆپا. له سه‌ربانی ماڵه‌کانی (قه‌ره‌تۆغان)ه‌وه سه‌ریده‌کرد. کڵافه‌ی دووکه‌ڵ هه‌رکه له لووله‌ی زۆپا ده‌ترازا، بایه‌که ڕووه‌و تانجه‌رۆ ده‌یفڕاند و دوای چه‌ند گوریسێک په‌رش و بڵاو ده‌بوو. وڵاخی به‌رزه هه‌واو فیز به‌سوار ده‌به‌خشێت. وه‌ک ئه‌و بوغراییه‌ی هه‌ڵگرتنی چه‌ک و له‌خۆدانی ڕه‌زنه فیشه‌کی ڕاست و چه‌پ ده‌یبه‌خشێته مرۆڤی جه‌نگاوه‌ر. هه‌ندێک جاران خه‌یاڵاتی له‌و جۆره به سوار ده‌دات، که مه‌ی بۆ مه‌ستی دێنێت. سوار، به تایبه‌ت له تاوی غاردا، هه‌ست به گه‌وره‌یی و جۆره له‌خۆبایی بوونێک ده‌کات، که پێشتر له که‌لله‌ی نه‌داوه. له‌و ده‌مه‌دا جوامێر یه‌کسه‌ڵه‌ف به‌ره‌و سلێمانی ده‌یکوتا ، له هیکڕا کۆمه‌ڵێک چادری خاکی وه‌ک کوارگ له پێش چاویدا هه‌ڵتۆقین. سڵه‌مییه‌وه و ختووره‌یه‌ک به‌دڵیا هات. ئه‌م له‌لای خۆیه‌وه هیچ حسابێکی بۆ ئه‌و سه‌ربازگه‌یه نه‌کردبوو. ماینه کوێتیش یه‌کبین ملی ده‌ناو له‌وه‌ده‌چوو ئه‌و ده‌قه‌ی گرتوویه‌تی نه‌یگۆڕی هه‌تا خۆی به‌نێو شاردا ده‌کات. ڕێگه‌که‌ش به پێش سه‌ربازگه‌که‌دا ڕه‌ت ده‌بێت. له‌به‌رخۆیه‌وه وتی: (مه‌شڵه‌ژێ جوامێر، ئه‌مانه وا هه‌فته‌یه‌که لێره هه‌ڵیانداوه. وه‌ک بیستوومه که‌متر ڕێ به‌ڕێبوار ده‌گرن، ئه‌گه‌ر ڕێشیان پی گرتبێ، هه‌ر چه‌ند پرسیارێک بووه‌و دواتر مه‌ره‌خه‌سیان کردووه و...) له‌هیکڕا دوو سه‌رباز به‌په‌له هاتنه چه‌قی ڕێ. ڕاست و چه‌پیان لێگرت و لووله‌ی تفه‌نگیان تێکرد. جوامێر جڵه‌وی ماینه‌کوێتی ڕاکێشا و له‌به‌رده‌میاندا وه‌ک مێخ چه‌قی.. سه‌ربازه‌کان هه‌ر به‌هێمای ده‌ستیان تێیانگه‌یاند، که ئه‌و ده‌بێ ده‌ستبه‌جێ پیاده‌بێت.. به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌ی له ناکاوی ئه‌م سه‌ربازگه‌یه، که پێشتر حسابێکی ئه‌وتۆی بۆ نه‌کردبوو؛ جوامێری تووشی دڵاودڵ کرد‌و له دنیایه‌که‌وه گواستییه‌وه بۆ دنیایه‌کی دی.. سه‌ربازێکیان، به‌جووڵه‌ی تفه‌نه‌گه نێزه‌داره‌که‌ی، که هینده‌ی باڵای خۆی درێژبوو، هێمای بۆ ده‌روازه‌ی خێوه‌تگه‌گه کرد. ئه‌وی دیکه‌شیان جڵه‌وی ماینه‌که‌ی لێ گرت و به‌لایه‌کی دیکه‌دا بردی. ماینه‌کوێت به‌ده‌م سڵ و شاخکردنه‌وه، حیله‌یه‌کی کرد‌و به‌ناچاریی ملی دا‌و دوای کابرای سه‌رباز که‌وت. * ((پشکنیمان!.. هیچی وه‌های پێنه‌بوو جێی گومان بێ!)) سه‌ربازه‌که هه‌ر ئه‌مه‌نده‌ی گوت، کاتێک جوامێری به‌ژووری ئه‌فسه‌ردا کرد. دوای سڵاوێک شوێنه‌که‌ی جێهێشت.. ئه‌فسه‌ر ڕاست بووه‌وه. خووده‌یه‌کی خاکی له سه‌ردا، کۆمه‌ڵێک نیشانه‌ی سه‌وزو سوور سه‌ر سینگیا‌ن نه‌خشاندبوو. قایش و قورووشی به‌بریق و باق له‌سه‌ر که‌مه‌رو سینگ و شانه‌کانی به‌شێوه‌یه‌کی ته‌رازوو له‌نگه‌ریان گرتبوو.. موو زه‌رد. سوور‌و سپی. ڕه‌نگ منداڵ. چاوه شینه‌کانی وه‌ک هی پشیله‌ی نێو تاریکه‌شه‌و ده‌بریسکانه‌وه.. ڕه‌نگی له کچه به‌گزاده‌یه‌ک ده‌چوو تاکو پیاو.. پاکه‌ته‌که‌ی له‌سه‌ر مێزه‌که‌ی هه‌ڵگرت و بۆ جوامێری درێژکرد: ((فه‌رموو جگه‌ره‌ی ئیفره‌نجی!)) (جوامێر) بێئه‌وه‌ی هیچ بڵێ، دوو سێ جاران ده‌ستی به‌سینگدا دا‌و ئه‌فسه‌ریش هه‌روا لێی ڕامابوو. وه‌ک بیه‌وێ له ڕه‌نگ و ڕوخساریدا شتێک بخوێنێته‌وه.. له‌سه‌ر کورسییه‌که‌ی ته‌نیشتی دانیشت و جه‌گه‌ریه‌کی ئاگردا. جوامێر فه‌قیانه‌که‌ی به‌سته‌وه. که‌واکه‌ی جووت کرد.. پشتوێنه‌که‌ی توندتر کرد و ده‌ستی به‌سه‌ڵته‌که‌یدا هێنا.. هه‌ر چونێک بوو خۆی بۆ لێپێچینه‌وه و چاووڕاوی کابرای ئه‌فسه‌ر کۆکرده‌وه.. ئه‌فسه‌ره‌که مژێک دووکه‌ڵی به‌باداو پرسی: ((ناو؟)) ((جوامێری حه‌مه ساڵح.)) ((ته‌مه‌ن؟)) ((بیست و چوار ساڵ.)) ((له کوێوه؟)) ((له گڵه‌زه‌رده‌وه.)) ((بۆ کوێ؟)) ((سلێمانی.)) ((کار‌و پیشه‌ت؟)) ((دارفرۆش.)) ((یان ئاغا!)) ((گڵه‌زه‌رده ئاغای نییه!)) ((ئه‌دی ماینه‌که‌ت؟)) ((له کۆنه‌وه وڵاخی به‌رزه ڕاده‌گرین.)) ((یان هی شێخه!)) ((نه‌ء، هی خۆمه.)) ((ژنت هێناوه؟)) ((به‌ڵێ.)) ((چه‌ند منداڵت هه‌یه؟)) ((هیچ.)) ((هه‌رچه‌نده جێگه‌ی فیشه‌کدان و قایش و قوروش به‌که‌وا و سه‌ڵته‌که‌ته‌وه دیار نییه، به‌ڵام به‌چه‌ته‌ی شێخت تێدگه‌م!)) ((نه‌خێر، داربڕم.)) ((ئاده‌ی ناو له‌پت؟)) ((ئه‌وه ناوله‌پم، فه‌رموو.)) ((ڕاسته داربڕی.. کورد که‌متر درۆ ده‌که‌ن!)) ((وایه.)) ((که‌واته ڕاستیم پێ بڵێ.. ته‌نیا ڕاستی ڕزگارت ده‌کات؟)) ((ڕاستیم پێوتی.)) ((بۆ وا به‌په‌له بۆ شار؟)) ((شه‌کرو چایی و تفاقمان هاتۆته کزیی.. ده‌چم که‌ل و په‌ل بکڕم.)) ((ده‌زانم، هه‌رچییه‌کتان هه‌بوو، چه‌ته‌کانی خوله خواردیان!)) ((نانا.. شێخ مه‌حموود.. شێخ مه‌حموودی شێخ سه‌عید!)) ((ئاوا..! خۆشت ده‌وێ، وا نییه؟)) ((لای خه‌ڵک زاتێکی گه‌وره‌یه!)) ((ئێمه‌ی ئینگلیز، مافی خۆشه‌ویستی و ڕێزگرتن له که‌س زه‌وت ناکه‌ین.. بیرم که‌وته‌وه تۆ خوێنده‌واری؟)) ((به‌ڵێ.)) له‌سه‌رو سیمای ڕاما، دوای قه‌ده‌رێک بێده‌نگی، له‌پڕ ده‌ستی به‌پرسیار کرده‌وه: ((کێ ده‌ڵێ تۆ کاتبی شێخ نیت؟)) ((نه‌خێر.. پێشتر سه‌یری ده‌ستت کردم!)) ((به‌ڵام گومانت لێده‌که‌م!)) ((له چ ڕوویه‌که‌وه؟)) ((که‌سێک ڕێزی شێخ مه‌حموود بگرێت. ئه‌وا ئاماده‌یشه هه‌رچییه‌کی پێوت به‌قسه‌ی بکات. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر داوای لێکردی تفه‌نگی بۆ هه‌ڵگری ئه‌وا به‌ده‌نگێوه ده‌چی!)) ((به‌ڵام من تفه‌نگم هه‌ڵنه‌گرتووه.)) ((بۆچی؟)) ((چونکه پێویستیی به‌من نییه و تفه‌نگچیی زۆری له‌گه‌ڵه!)) ((ئاوا..! که‌وابوو ئه‌گه‌ر پێویستیی پێت بوو، ئه‌وا چه‌کی بۆ هه‌ڵده‌گری. ته‌قه‌یش له به‌ریتانیای گه‌وره ده‌که‌ی! ئه‌وه‌ش باش بزانه ئاڵای به‌ریتانیای مه‌زن به‌سه‌ر سێ چاره‌کی گۆی زه‌وییه‌وه ده‌شه‌کێته‌وه. به‌م زووانه له‌سه‌ر لوتکه‌کا‌نی سه‌گرمه‌ش هه‌ڵده‌کرێت!)) ((ڕێم بده بڕۆم.. من بابایه‌کی ڕێبوار و ڕه‌وته‌نیم.)) ((ده‌زانم زۆرت په‌له‌یه!.. به‌پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو، شێخ له ناوچه‌ی قه‌ره‌داخه.. کێ ده‌ڵێ قاسیدی ئه‌و نیت؟.. چی ڕاسپاردوویت پێمبڵێ؟.. ڕزگاریی له ڕاستگۆییدایه!)) ((هیچم نییه بیڵێم.)) ئه‌فسه‌ری تاین پێله‌قه‌یه‌کی له‌زه‌وی دا.. جغاره‌که‌ی له ژێرسیگاری سه‌ر مێزه‌که‌دا ساردکرده‌وه. په‌نجه‌ی بۆ درێژ کرد. وه‌ختابوو بچێ به‌چاویدا. چاوه‌کانیشی زه‌ق کرابوونه‌وه. نیشانه‌ی تووڕه‌بوونێکی بێئه‌ندازه‌یان پێوه‌دیار بوو.. تا چه‌ند هه‌ناسه‌یه‌ک له‌و ده‌قه‌دا وه‌ستا و ئه‌مجا نه‌ڕاندی: ((تۆ درۆزنی!!)) جوامێر به بێزارییه‌وه سه‌ری داخست.. پیشی خوارده‌وه.. ئه‌مجا به‌کزییه‌وه وتی: ((به‌ڵام هه‌رچیتان لێپرسیم وه‌ڵامم دانه‌وه.)) ئه‌فسه‌ره‌که ده‌ستێکی به‌زه‌نگی سه‌ر مێزه‌که‌دا دا. پاسه‌وانێک خۆی به‌ژووردا کرد و سڵاوێکی سه‌ربازیی داکوتا.. ئه‌فسه‌ر چه‌ند فرمانێکی به‌گوێیدا چپاند و جوامێری به‌ره‌وڕوو کرده‌وه. * ((بۆ کوێم ده‌به‌ی؟)) ((...)) ((ئازادم ده‌که‌ن؟)) ((...)) به‌گومانه‌وه چاوی ده‌گێڕا... (به‌ڵام بۆ ناو که‌مپه‌که‌م ده‌بات) ئه‌مه‌ی له‌به‌ر خۆیه‌وه وت و به‌ناچاریی پێشی که‌وت. ((کورد ئازان.. ئه‌وه ده‌ترسی شێره‌کوڕ؟.. ئێستا خۆت له‌پێش ئه‌زموونێکی نوێ‌دا ده‌بینی!)) ((ئه‌زموونی چۆن؟)) ((په‌له‌ت نه‌بێ کوڕه‌لاو.. کاری په‌له په‌شیمانی به‌دوای خۆیدا دێنێت.. ئاهه‌هـ.. ئێره باشه!)) جوامێر به‌دڵپه‌رتییه‌وه سه‌رنجی ده‌داو چوار که‌ناری تاقیده‌کردوه. سه‌رنجی هه‌ڵس و که‌وتی سه‌ربازه‌که‌ی ده‌دا و له به‌رخۆیه‌وه ده‌دوا. (تۆ بڵێی تیره‌بارنم بکه‌ن، جا من چیم کردووه هه‌تا تیره‌بارانم بکه‌ن، خۆ هیچی خراپیشم نه‌وت، به‌ڵام ئینگلیزن هه‌موو شتێکیان لێ ده‌وه‌شێته‌وه، نازانم...) له‌م کاته‌دا، که جوامێر خه‌ریکی سێ و دووی دڵی خۆی بوو، واشه چۆن جووجه‌ڵه له‌به‌ر دایکی ده‌فڕێنێت، سه‌ربازه‌که ئاوه‌ها پڕی به‌کڵاو و مشکییه‌که‌ی جوامێردا کرد. له‌سه‌ری داماڵی و یه‌ک دوو هه‌نگاو لێی دوورکه‌وتوه. به‌ده‌نگێکی گڕ فرمانی پێدا: ((ئاماده‌به، سه‌ڵته‌که‌ت داکه‌نه!)) جوامێر ده‌ستی بۆ سه‌ره ڕووت و قووته‌که‌ی برد. له‌پێکی خێرای پێدا هێنا. هاوکات هه‌ستی به‌بێکه‌سیی کرد. ((بۆچی دایکه‌نم؟)) لووله‌ی تفه‌نه‌گه‌که‌ی له‌سه‌ردڵی نزیک خسته‌وه‌وه و تێیخوڕی: ((پرسیار قه‌ده‌غه‌یه. ئه‌مانه فرمانن.. من ڕاپه‌ڕاندنم له‌سه‌ره.. پشتوێن.. زۆر چاکه..! ته‌نها ده‌رپێ و که‌وشه‌کانت له‌به‌ردا ده‌هێڵمه‌وه!)) ((من بێ‌تاوانم.. تۆ نه‌ختێک غیره‌تت هه‌بێ، چاوت لێیه به‌فر له‌سه‌ر زه‌وی که‌وتوه و ڕه‌شه‌با به‌سه‌ریدا ده‌لوورێنێ! ئای ئه‌وه خۆ که‌له‌پچه‌شم ده‌که‌ی!.. خۆ ویژدانی نییه!)) ((بێده‌نگ به‌و هیچ بۆڵه‌بۆڵ مه‌که.. من سه‌ربازم.. له پێشدا ئه‌رکی سه‌رشان، ئه‌مجا مه‌سه‌له‌ی ویژدان دێته پێشه‌وه!)) ((کاکه گیان سڵاوی خوات لێبێ!)) ((ڕه‌حمه‌ت له باوکت.)) ((ده‌مه‌وێ تێمبگه‌یێنی چیتان لێم ده‌وێت و نیازی چیتان پێم هه‌یه؟)) ((هێشتا ماوته.. ده‌بێ که‌له‌پچه‌ت بکه‌م و به‌م زنجیره‌ش بتبه‌ستمه‌وه!)) * (تۆ بڕوانه، خۆی پاڵتۆیه‌کی ئه‌ستووری له‌به‌ردایه، ده‌ستکێشی له‌ده‌سته، کلێته‌شی له‌سه‌ر ناوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کرژ بووه و دانه‌چۆقێیه‌تی.) جوامێر ئه‌مانه‌ی له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌مرتاند و مه‌به‌ستی له‌و سه‌ربازه بوو، که له به‌رامبه‌ریه‌وه خۆی خزاندبووه ژوورێکی ته‌نگه‌به‌ری له له‌وح چێکراوه‌وه، که بۆ ئێشکگرتن و پاسه‌وانیی دروستکرابوو. تا چاو بڕبکات ئاسمان هه‌وری پێوه نه‌بوو.. گڤه‌ی با نه‌بێ، که به‌توندی له (گۆیژه)وه هه‌ڵیکردبوو، ده‌نگێکی دی له‌گۆڕێ نه‌بوو.. ئه‌وه‌نده نه‌بێت جاروبار ته‌نه‌که و ته‌خته‌ی به‌سه‌ریه‌کدا ده‌داو ته‌ق و هووڕی لێ هه‌ڵده‌ساندن. سه‌رنجی خۆی دا.. سینگێکی تووکن. کۆڵه‌ی سینگی له چاڵیدا و مه‌مکه‌کانی ئاشکرا. ناوقه‌دی باریک و به‌قووڵاچوو. په‌رسووه‌کانی زه‌ق. سه‌رشانه‌کانی خڕ‌و توند. ماسوڵکه‌کانی به‌وشی باڵی ئه‌ستوور و دامه‌زراو و تورت. باسکێکی توند‌و تۆڵ و مه‌چه‌کی ئه‌ستوور.. په‌نجه‌کانی ئه‌ستوور و ناوله‌پی زبر‌و تۆكمه.. ئه‌مه هه‌ڵکه‌وتی له‌شی هه‌موو داربڕێکه.. له‌کاتی ته‌ورو ته‌وراس هه‌ڵسووڕاندن و بار بارکردندا خۆشه‌ده‌بێ و ده‌ڕسکێ. له ناو‌کی به‌ره‌وخوار، ئاودامان، ده‌رپێیه‌کی خامی مه‌یله‌و بۆر، تاکو گۆزینگ و ڕه‌قه‌ڵه‌ی قاچی داپۆشیوه. گۆره‌ویی به‌ن، ده‌ستچنی کچه ده‌ستڕه‌نگینێکی شاری له‌پێیه، که به‌سه‌لیقه‌ی خۆی، به‌نه‌خشی ڕه‌نگاوڕه‌نگ ڕازاندوویه‌تیه‌وه.. پێیه‌کانی له نێو که‌وشدا، ئه‌ویش هه‌ر ده‌ستکاری وه‌ستای (سلێمانی)یه. دانه‌وییه‌وه، ده‌ره‌لینگه‌کانی نه‌ختێک به‌ره‌و خوارتر هێنان. بایهه‌ڵدان و ئاخنینییه نێو گۆره‌وییه‌کانی. قیت بووه‌وه. دواتر به‌نه‌خوێنه‌که‌ی ترازاندو جارێکی دی توندی کرده‌وه.. ڕانه‌کانی توند قرساندنه یه‌که‌وه.. به‌ڵام به‌ده‌ست پشت و سینگییه‌وه شپرزه‌بوو.. سه‌رنجی بۆ دوور نارد.. هه‌رچه‌نده خۆر ئاوابووبوو، به‌ڵام به‌ری گڵه‌زه‌رده به‌باشی ده‌بینرا.. چیاکه خاڵخاڵ بوو.. به‌لای ڕۆژهه‌ڵاتیشدا وه‌رچه‌رخا. گۆیژه دوگردێکی سپیی به‌سه‌رخۆیدا دابوو. جێ جێی لاپاڵه‌کان باڕن ببوون. ده‌شت و گردۆڵکه‌کانی ده‌وروبه‌ریشی وه‌ک لۆکه‌یان له‌سه‌ر هه‌لاجی کرابێ.. کۆمه‌ڵێ چادر به‌ده‌وریدا هه‌ڵیانداوه.. چه‌ند هه‌نگاوێکیش له سه‌راوردی خۆیه‌وه، پاسه‌وانه‌که به‌تفه‌نگێکی یه‌ک به‌قه‌د باڵای خۆی له شوێنی تایبه‌تی پاسه‌وانی وشک وه‌ستاوه.. وه‌ک هه‌ر له‌وێدا له دایک بووبێ. له ده‌لاقه‌کانییه‌وه، به‌هه‌موو لایه‌کدا ده‌ڕوانێت و پێشی ئاوه‌ڵایه. تووکی سه‌ر سینگی ڕاستبوونه‌وه.. پیستی بووبووه قنچکه‌ی ورد‌و ڕه‌نگی شین هه‌ڵگه‌ڕابوو. له‌وه ده‌چوو تاپۆکه‌ی بێته‌وه یه‌ک و جێی ئێسک و پروسکی تێدا نه‌بێته‌وه. له‌وه‌دایه لووت و گوێی سڕ ببن و هه‌ست به‌بوونیان نه‌کات. سه‌ری په‌نجه‌کانیشی زه‌رد وه‌ک خوێنیان نه‌گاتێ وه‌هابوو.. په‌نجه‌کانی ده‌نووقاندن و ده‌کردنه‌وه.. به چه‌پ هی ڕاست و به‌ڕاست هی چه‌پی ده‌گوشی.. نه‌یده‌زانی چۆن به‌ره‌وڕووی ئه‌م شه‌وه کفنپۆشه ببێته‌وه!.. ده‌ستێکی به ته‌وقی سه‌رو ڕوویدا هێنا.. ڕه‌گه‌کانی ملیشی له‌وه‌دابوون ڕه‌ق ببن.. هه‌ڵده‌له‌رزی و دانه‌چۆقه‌ی بوو.. له‌به‌رخۆیه‌وه وتی: (سه‌رما له پێوه یان له سه‌ره‌وه کاری خۆی ده‌کات، پێکانم به‌ڵایان لێ نییه، به‌ڵام سه‌رم له‌وه‌دایه بته‌زێ) پێچێکی ته‌واوی کرده‌وه‌و به‌ره‌وڕووی پاسه‌وانه‌که بۆوه. گوێی له ده‌نگی ڕه‌قی به‌فره‌که‌بوو کاتێ له ژێر که‌وشه‌کانیدا ده‌په‌سترایه‌وه. به‌زمانێک تێکه‌ڵ له بێزاری و پاڕانه‌وه پرسی: ((پێم بڵێ، بۆچی وه‌هام لێده‌کن؟.. نیازی چیتان به‌من هه‌یه؟)) ((دانی پێدا بنێ، که تۆ تفه‌نگچیی شێخی.. یان ئێڵچیی ئه‌وی!)) ((ئه‌دی ئه‌گه‌ر دانم پێدانه‌نا؟.. یان هیچ کامیان نه‌بووم!)) ((به‌ڵام ئینگلیز به‌هه‌ڵه‌دا ناچێت.. ئه‌گه‌ر دانیشت پێدا نه‌نا. ئه‌وا هه‌تا به‌یانی ئێره جێت ده‌بێ.. هه‌تا خۆر هه‌ڵدێت!)) ((تا خۆر هه‌ڵدێ؟.. جاخۆ سه‌عاتێکی دیکه نابات ڕه‌ق ده‌بمه‌وه!)) ((جار به‌جه‌هه‌نم!.. جا ڕه‌قبوونه‌وه‌ی تۆ، چ زیانێک به‌به‌ریتانیای مه‌زن ده‌گه‌یێنێت؟)) ((به‌ڵام وه‌ها مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مرۆڤدا ناکرێ!)) ((بۆچی خوانه‌خواسته زلله‌یه‌کیان لێداوی؟.. یان قسه‌یه‌کی کاڵیان پێوتووی؟.. مه‌سه‌له‌که‌یش ته‌نیا په‌یوه‌ندیی به خودی خۆته‌وه هه‌یه. ته‌نیا خۆت!)) ((چۆن ته‌نیا په‌یوه‌ندیی به‌خۆمه‌وه هه‌یه؟.. من وا خه‌ریکه ڕه‌ق ده‌بمه‌وه. سه‌رما، کاری له مێشکم کردووه.. ناهێڵێ به‌باشی بیربکه‌مه‌وه!)) ((ئاسانه. چیت له ژێرسه‌ردایه بیدرکێنه.. وه‌ک جه‌نابی ئه‌فسه‌ر هه‌موو جارێک ده‌فه‌رمووێ، ڕاستگۆیی ڕێگه‌ی ڕزگارییه!)) ((ئه‌دی ئه‌گه‌ر هیچم له ژێر سه‌ردا نه‌بوو؟)) ((ئه‌وا سبه‌ی ئازادی.)) ((به‌ڵام ناگاته سبه‌ی ڕه‌ق ده‌بمه‌وه.. نابینی به‌فر ده‌شت و ده‌ری داپۆشیوه؟.. نابیستی چۆن ڕه‌شه‌با به‌سه‌ریدا هه‌ڵیکردووه؟.. ئه‌گه‌ر ئاوه‌ها به‌ڕووتی بمێنمه‌وه، یه‌ک سه‌عاتی دیکه نابات که‌سیره ده‌که‌وم و ده‌بم به‌په‌ڵاس! ڕه‌ق ده‌بم!.. بۆ تێمناگه‌ێ؟)) ((به‌ڵام ئینگلیز سیاسه‌تمه‌داره، به‌هه‌ڵه که‌س ڕه‌ق ناکاته‌وه.. ئینگلیز هه‌ڵه‌شه نییه.. باکی به‌ڕه‌شه‌باو به‌فر نییه!)) ((ده‌باشه جلک و به‌رگه‌که‌م بده‌نه‌وه با خۆم پۆشته بکه‌مه‌وه.. تۆ سه‌یری خۆت کردووه چه‌ندت له به‌ردایه؟)) ((له سه‌ری مه‌ڕۆ؛ یان ڕه‌قبوونه‌وه یان دان پێدانان!)) * پاسه‌وانی دووه‌م هێشتا چاوی به‌خه‌وه‌وه بوو، کاتێک گه‌یشته شوێنی ئێشک گرتن و جێی یه‌که‌می گرته‌وه.. چه‌ند جارێک تفه‌نگه‌که‌ی له شانییه‌وه بۆ ئاستی لووتی گوێزایه‌وه. دیسانه‌وه بۆ سه‌رشان. له‌م شانه‌وه بۆ ئه‌و شان. به ڕێ ڕۆیشتنێکی سه‌ربازیی چه‌ند جارێک به‌پێش شوێنه‌که‌دا هاتوچوو.. ئه‌م مه‌شقه‌ی بۆ ئه‌وه‌بوو به‌ته‌واویی وریاببێته‌وه.. له‌پڕ ڕووی بۆلای جوامێر وه‌رگێڕا و وشک وه‌ستا. ((ئێواره‌ت باش کوڕی قۆز.. دیاره ئه‌مشه‌و میوانێکی ئازیزمان هه‌یه!)) ((نامه‌خوا ئێوه چاک ڕێزی میوان ده‌گرن!)) ((که‌س هینده‌ی ئێمه ڕێزی میوانی له‌لا نییه!!)) ((جا چی ماوه له‌گه‌ڵم بکه‌ن؟.. ڕێزگرتن هه‌ر وه‌ها ده‌بێت!)) ((تۆ هه‌ڵه‌ی براده‌ر.. ئێمه؛ مه‌به‌ستم پێ میلله‌تی قوبروسه، سایبرس. دورگه‌ی ڤینۆس. که گه‌ڕامه‌وه وڵاته‌که‌م، به خاووخێزانه‌وه سه‌رمان لێبده. جا ئه‌وسا به‌خشنده‌یی و میوان په‌روه‌ریی خه‌ڵکی (سایبرس)تان بۆ ئاشکرا ده‌بێت.. وه‌ره ماڵی برا بچووکت. له خزمه‌تدام!)) ((به‌ڵام من ئه‌مشه‌و ڕه‌قده‌بمه‌وه. فه‌رموو ئێستا به‌خشنده‌یی خۆت بنوێنه‌و ئه‌و پاڵتۆیه‌ی به‌ری خۆتم بده‌رێ. یاخود به‌تانییه‌ک، هه‌ر سیپاڵێک، ده‌توانی بۆم په‌یداکه؟)) ((کێشه‌که ئا لێرادایه، که ئێمه له‌یه‌ک تێناگه‌ین!.. تۆ ئێستا میوانی من نیت.. تۆ میوانی به‌ریتانیای مه‌زنی، به‌ڵام له‌سه‌ر خاکی خۆت!)) ((زانیمان به‌ریتانیای مه‌زن چه‌ند ڕێزی میوانی له لایه!.. به‌ڵام من ته‌نیا تۆ شکده‌به‌م لێره.. ئه‌وه‌تا به‌دیار چاوته‌وه ڕه‌قده‌بمه‌وه!)) ((نا نا.. تۆ کوڕی نێو کڕێوه‌ی به‌فریت.. تۆ کوێستانیت!)) ((ئه‌وه تانه‌م لێده‌ده‌ی؟.. قه‌یناکات به‌ردی خۆت بوه‌شێنه.. ئه‌وه‌ی باڵاده‌ست بێت، ده‌نگیشی دلێره!)) (تۆ کوڕی نێو کڕێوه‌ی به‌فریت... تۆ کوێستانیت) ئه‌م وشانه‌ی له بیری خۆیدا هێناو برد.. هاته‌وه هۆش خۆی و له ناخه‌وه ئه‌م قسانه‌ی ورد کرده‌وه. ( ئه‌و ڕاست ده‌ڵێ، من کوڕی نێوبه‌فرم، سه‌رنجی گڵه‌زه‌رده بده، شێخ حه‌سه‌ن و دایه خاسێ که‌یلی به‌فرن، بڕوانه به‌وزان و کڵاوگورگ، تا به‌هارێ به‌فریان لێ ناچێته‌وه، که‌چی منیش ئه‌وه‌تا له‌رزم لێ هاتووه، باڵنده‌ی نێو به‌فر له هه‌موو په‌ڕنده‌یه‌ک توند‌و تۆڵترن. ڕاست ده‌بێژێ منیش مرۆڤی نێو به‌فرم، که ده‌شێت له مرۆڤی بیابان گورج و گۆڵتر بێت، ئه‌مانه گه‌ره‌کیانه به پشتوێنه‌که‌ی خۆم هه‌ڵمواسن، هه‌رچۆنێک بێت ئیتر پێویست به کڕووزانه‌وه ناکات...) بیری گڵه‌زه‌رده‌ی که‌وته‌وه.. ڕووی تێکرد.. لێی وردبووه‌وه.. وردبوونه‌وه‌یه‌ک تێکه‌ك به‌خه‌یاڵ.. له (که‌له‌شین) ه‌وه بۆ داره‌به‌نه‌که‌ی پشت ئاوایی تاشه‌به‌رده هه‌ره‌گه‌وره‌که‌ی، له‌وه‌تی بیری لێ کردۆته‌وه به‌ته‌مایه، ها ئێستا ها تاوێکی دی به‌سه‌ر دێ‌دا هه‌ره‌س بێنێت؛ که‌چی له‌وساوه نوووکه ده‌رزییه‌ک چییه له جێی خۆی نه‌جووڵاوه.. داربه‌ڕووه‌کانی ده‌وروبه‌ری گڵکۆی (شێخ حه‌سه‌ن)، که تا ئێستاش به‌بار به‌ڕوو له ژێر گه‌ڵا وه‌ریوه‌کانیاندا که‌وتووه.. ڕۆیشتنی سه‌ر گه‌ڵا داربه‌ڕووی وه‌ریو.. لق و پۆی قرچۆکی داره‌کان، که‌له هه‌ر که‌سێک ده‌پرسی نازانێ ته‌مه‌نیان چه‌نده. بازبازێنی سمۆره له‌م لقه‌وه بۆ ئه‌و لق.. مزگه‌وت و کۆڵه‌که به‌ته‌پڵه‌که‌کانی.. کۆکه‌ڕه‌شه.. قورئانه ڕه‌شه‌که.. ڕێگه‌ی پێچاوپێچی کانی.. له‌به‌ر خۆیه‌وه که‌وته مرتاندن:
(له‌وه ده‌چێت ئه‌مشه‌و گڵه‌زه‌رده له شار نزیک بووبێته‌وه، ئه‌و لۆکسه‌ی لای خواره‌وه ده‌گڕێت ماڵی خۆمانه، ئێستا له ژووره‌وه ئاگری داربه‌ڕوو نێڵه نێڵ ده‌سووتێ، وای بۆده‌چم (نه‌خشین) به‌ئاگابێ و چاوه‌ڕوانم بێ، گوێ هه‌ڵده‌خا و چاوێکی له‌لای پلانه، ها ئێستا ها تاوێکی دی سه‌ربکه‌ومه‌وه، پلان په‌یژه‌یه‌کی ئه‌فسانه‌ییه بنی له ئاڵیاوایه و سه‌ریشی ئه‌وه‌تا له گڵه‌زه‌رده، جار جاره لقه دارێکیش به زۆپاکه‌دا ده‌کات، ئێستا زۆپاکه وه‌ک ده‌نووکی که‌و سووربۆته‌وه، لێره‌وه هه‌ستی پێده‌که‌م، لێفه سووره نوێیه دوو که‌سییه‌که‌ی واڵاکردۆته‌وه، سه‌رینێکی گه‌وره‌ی په‌ڕیش، ڕه‌نگه شانی دادابێته سه‌ری و له خه‌یاڵه‌وه چووبێت، ده‌زانم هێشتا شێوی نه‌کردووه، چاوه‌ڕوانمه، گوێی له حه‌په‌ی سه‌گێک یان هه‌ر ده‌نگێک بێت، هێمنیی شه‌و بشڵه‌قێنێ، ئه‌و ڕاده‌په‌ڕێت و ده‌رگه ده‌قڵیشێنێته‌وه، به‌منی ده‌زانێ، له‌وێ ورنگه نایه‌ت و ڕه‌شه‌با بڕی ئه‌وێ ناکات، وا نیوه‌شه‌وه‌و هیشتا ئه‌و هه‌ر به‌ته‌مایه پێکه‌وه شێو بکه‌ین، ئه‌دی ئه‌و ڕووناکییه‌ی لای سه‌راورد، دیاره ئه‌وه‌یان ئاگری (شێخی گه‌وره)یه، هێشتا بێداره، دوێنێ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ک سواردا، له (کۆکه‌ڕه‌شه)وه خۆیان به‌ئاواییدا کرد، ئه‌وه‌ی له دێ‌دا ئاماده‌بوو به‌ره‌وپیران چوو، (شێخ عه‌وڕه‌زا) په‌لاماری ده‌ستی دا، ماچی بکات؛ که‌چی شێخ ده‌ستی کێشایه‌وه و پێیوت: (نه‌ء ڕه‌زا، ده‌بێ من ده‌ستی تۆ ماچ بکه‌م، چونکه تۆ به‌و ده‌ستانه کاسبی ده‌که‌یت، ده‌سته‌کانی تۆ پیرۆزن.)(1) هه‌ست به‌گه‌رمیی ده‌که‌م کاتێک له نزیک شێخه‌وه بم. کاتێ ده‌چمه خزمه‌تی وا ده‌زانم هه‌زاران براو ئامۆزای یه‌کی یه‌کیم له ده‌ورن، ئه‌وان هه‌ندێک شه‌و تا به‌یانی لۆکسیان ده‌گڕێ، ئه‌و ڕووناکییه ناکوژێته‌وه، نا، وا خه‌ریکه سینگ و باڵ و ڕووم تینی گه‌رمییان ده‌گاتێ، من دبه‌ێ بیر له‌ڕه‌قبوونه‌وه نه‌که‌مه‌وه...) جوامێر جووڵا و ده‌ستی به‌ڕۆیشتن کرد. تا ئه‌وه‌نده‌ی زنجیره‌که‌ی بڕبکات، ڕووه‌و گڵه‌زه‌رده ده‌چوو.. زڕه‌ی زنجیر تێکه‌ڵ به گڤه‌ی با ده‌بوو. له چووندا سینگ و ڕووی گه‌رم ده‌بوونه‌وه. له گه‌ڕانه‌وشدا پشتی گه‌رم ڕاده‌هات. زیاتر ده‌جووڵا، ده‌چووه چیچکان، هه‌ڵده‌سایه‌وه، نۆره‌ی به‌لاقه‌کانی ده‌کرد. ده‌سته‌کانی لێک ده‌خشاندن. تاوێک به‌ری ده‌ستی، تاوێک پشتی ده‌ستی و خه‌یاڵ ده‌یبرده‌وه بۆ نێو ئاوایی: (ئێستا کۆڕی شێخ گه‌رمه، کوڕوکاڵ و ده‌م سپیی ئه‌و ده‌ڤه‌ره له ده‌وری کۆن، ڕه‌نگه ئێستا باسی به‌روڕووبوونه و نوێترین ڕووداویان بۆ بکات، قۆریی چا، له نێو که‌ڵه پشکۆی سووردا قوڵه قوڵ ده‌کوڵێت، چا هه‌ڵده‌چێت و سه‌رقاپ به‌کۆڵه‌وه ده‌گرێت، هه‌ڵمی کتری سه‌رده‌کات، ژووره‌که گه‌رم ڕاهاتووه، ته‌ک ده‌ده‌نه دواوه و پشت به دیواره‌وه ده‌ده‌ن، بازنه‌ی ده‌وری زۆپاکه‌ش فراوانتر ده‌بێت، که‌لێنێک ده‌خه‌نه ده‌رگه‌ی ژووره‌که، زۆپاکه‌ش خه‌فه ده‌که‌ن، ئه‌وجا ڕیزێک چای تێده‌که‌ن، ده‌ست به‌قسه و باس ده‌که‌نه‌وه، دووکه‌ڵی زۆپاش به‌به‌رزایی پیره به‌وزه‌کانی (چه‌می به‌وزان) به‌ناخی ئاسماندا ده‌چێت، تۆ بڵێی شێخ تا ئێستاش چاوه‌ڕێم بێت، ئه‌و زۆر په‌رۆش بوو وه‌ڵامی جه‌نابی (حه‌مدی) ی پێبگات...) * شه‌وگار دره‌نگی کرد.. جوامێر هیچ چاوی له گۆڕینی پاسه‌وانه‌کانه‌وه نه‌بوو. له‌سه‌ر جووڵه و خۆ گه‌رم کردنه‌وه به‌رده‌وام بوو.. له چووندا هه‌ردوو تروسکاییه‌که به‌ره‌وڕووی ده‌بوونه‌وه.. تروسکایی خواروو، هی نه‌خشین. نه‌خشینی تازه‌بووک.. گڕی خۆشه‌ویستی، دڵسۆزی و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی ژیانی هاوسه‌ریی.. لای سه‌راوردیش، ئاگرێکی مه‌زنتر.. له‌وانه‌یه کوانووی سارده‌وه‌بووی چی بێلانه و بانه‌ی وڵاتی به‌فرو به‌ڕوو هه‌یه، هه‌مووی گه‌رم بکاته‌وه و ببێته تاوڵێکی گه‌وره‌ی کوێستانی و سواره‌ی ڕۆژهه‌ڵات له سایه‌یدا کۆببنه‌وه... گه‌ڕی درێژ‌و بازنه‌یی شایی، دنیای ڕازاوه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگی ده‌بینی.. که زه‌ینی خۆی ده‌دایه لای که‌وانه‌ی دێ و به‌چاوی خه‌یاڵ ده‌یهێنایه پێش، ئاگرێکی هه‌ڵایساوی به‌نێڵه‌نێڵی ده‌بینی.. ئه‌م له‌م دیوی و نه‌خشینی هاوسه‌ری له‌و دیوی وه‌ستاوه. زمانه‌ی گڕیش به‌قه‌ده‌ر باڵایان هه‌ڵده‌کشێ.. له نێوان زمانه‌ی گڕه‌وه چاو له یه‌کتر نا‌ترووکێنن و ئاره‌زووی یه‌ک ده‌که‌ن.. وه‌ک عه‌زره‌تی ڕووی یه‌ک ده‌بینن ئاڵ. وێنه‌ی ئه‌و مانگه‌ی هه‌ندێ جاران له‌ودیو چیای گۆیژه‌وه، له ژێر په‌رده‌ی ته‌نکی هه‌وره‌وه، سه‌رهه‌ڵدێنێ.. ئه‌وان هه‌رچه‌ند ده‌کۆشن ده‌ستیان ناگاته یه‌ک، وه‌لێ ئومێدبڕاویش نین. له نێوان ئه‌و دوو ئاگره‌دا، گڤه‌ی ڕه‌شه‌بای سلێمانی، کاتێ به‌سه‌ر به‌فردا هه‌ڵده‌کات، نه‌یده‌توانی پشتی جوامێر له زه‌وی بدات. کاتێک ڕووه‌و گڵه‌زه‌رده ده‌چوو، ده‌ستی بۆ درێژ ده‌کردو په‌نجه‌کانی شاش ڕاده‌گرتن، وه‌ک که‌سێکی سه‌رما برده‌ڵه، له چله‌ی زستاندا به‌دیار ئاگرێکه‌وه هه‌ڵتروشکابێ و بیه‌وێ زۆتررین تینی گه‌رمیی لێ وه‌ربگرێت. جوامێر له تافی گه‌ڕانه‌وه‌دا، له‌پڕ وه‌ک جامێک به‌فراویان به‌نێوشاندا کردبێت، موچوڕکێکی سارد به پشتیدا هات و کرژ بوو. له جێی خۆی وه‌ستا و له‌رزی لێهات. دوای قه‌ده‌رێک، هه‌رچی چۆنێک بوو، ئاوڕی له (گڵه‌زه‌رده) دایه‌وه.. دیتی ئاگری لای که‌وانه کوژابووه‌وه. (ناهه‌قی ناگرم، شه‌وگار دره‌نگه) ئه‌وه‌نده‌ی وت. ته‌کانی دایه‌به‌رخۆی و که‌وته‌وه جووڵه. هه‌نگاوه‌کانی تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ ده‌بوون. به‌هه‌ر حاڵێک بوو، تا ئه‌وه‌نده‌ی زنجیره‌که بڕبکات، رۆیی و به‌ده‌م له‌تره‌وه ڕووی له گڵه‌زه‌رده کرده‌وه. (ئه‌وه چیته جوامێر، نابینی هێشتا ئاگری شێخ ده‌گڕێ.) ئه‌مه‌نده‌ی وت و دیسان هێزی وه‌به‌ر خۆی نا.. ده‌ستی بۆ ئاگره‌که‌ی لای سه‌راورد درێژ کرده‌وه لووره لووری گورگێک ده‌گاته گوێی جوامێر. تێکه‌ڵ به‌گڤه‌ی ڕه‌شه‌با هاره‌که ده‌بێت.. شه‌وگار ده‌چێته پێشه‌وه و حه‌چ و لوور زیاد ده‌بێت. گه‌له گورگه‌و برسێتی پاڵی پێوه‌ناون، بۆ مڵومووش، بۆ هه‌ڵکردنه سه‌ر ئاغه‌ڵێک، یان هه‌ڵکردنه سه‌ر ڕێبوارێکی هه‌ڵه‌ته‌ی شه‌وبه‌کێوو ته‌نیا باڵ. حه‌په‌ی گۆڵێک وه‌ڵامی لووره لووره‌که ده‌داته‌وه. به‌ده‌م هاتن و چوونه‌وه گوێی له ترپه‌ی پێی خۆی ده‌بێ. ده‌نگی به‌فر ده‌بیستێت کاتێک له ژێر پێیدا ده‌په‌سترێته‌وه ڕه‌قتر دێته گوێی. بووه به شه‌خته سه‌هۆڵ.. جوامێر به‌ده‌م هه‌نگاونانه‌وه، سێ و دووی دڵی خۆی ده‌کات: (ڕه‌شه‌بایه‌که ورنگه نادات، هه‌تا بێت ساردتری ده‌کات، پێویسته تاکو خۆرکه‌وتن له گه‌ڕان و جموجووڵ نه‌که‌وم، ده‌نا وه‌ک ته‌خته سه‌هۆڵه‌کانی ژێر پێم ڕه‌ق ده‌بم، گیانم ده‌رده‌چێت، به‌پڕمه‌و کۆڕه کۆڕی ماینه‌کوێتدا دیاره شه‌و زۆری به به‌ره‌وه نه‌ماوه، به‌یان نزیک بۆته‌وه، ماینه کوێت کاتی ئالیکی هاتووه، ئێواره‌ش زۆری کۆڕاند، به‌ڵام ئالیکیان نه‌دایه، ئه‌گه‌ر ڕۆژم لێ بۆوه ده‌چمه خزمه‌ت (ئه‌حمه‌د به‌گ)، ڕاسپارده‌که‌ی شێخی پێده‌گه‌یێنم، باشه ئه‌وه دنیایه، ئه‌گه‌ر شکست خواردوو ئه‌م خێوه‌تگه‌یه‌م جێهێشت، نا نا مردن هه‌ر چۆنێک بێ هێشتا هه‌ر سروشتییه، به‌ڵام هه‌ره‌س هێنان له ئه‌زه‌له‌وه به‌باڵای مرۆڤ نه‌بڕاوه، ئه‌مه‌یان شه‌رمه‌زاریی له‌دوایه، وریابه جوامێر، دیسانه‌وه گوێم له لووره‌ی گه‌له گورگه، وادیاره نه نێچیریان چنگ نه‌که‌وتووه، نه ڕێبواری هه‌ڵه‌ته‌و شه‌وبه‌کێو، ئه‌گه‌ر شتێکیان چنگ بکه‌وتایه وه‌ها نه‌یانده‌لووراند، ئه‌وه‌تا سه‌گوه‌ڕ وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه، به‌ڵام من له‌و گورگانه برسیترم، گوێم له قۆڕه‌ی سکی خۆمه، برسێتییه‌که به یه‌کجاریی کۆڵه‌ی کوتاوم و زه‌یفی لێ سه‌ندووم، هه‌ر ئه‌وه‌م خواردووه، که نیوه‌ڕۆ نه‌خشین لێی نابوو، چه‌ند ئاره‌زووی ئه‌و جۆره خواردنانه ده‌که‌م، که هه‌ڵمیان لێ به‌رز ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌ر خوانه‌که‌ران به‌شکستی ئێره‌م جێهێشت، چۆنم ڕووبێت به‌ره‌وڕووی (شێخ) ببمه‌وه، شێخ هه‌رکه له ژێر برۆ پڕه باهه‌ڵدراوه‌کانێوه سه‌رنجی دام، ئیدی له جێی خۆم ده‌بمه دڵۆپێک ئاو‌و به‌ناخی زه‌ویدا ڕۆده‌چم، یان چۆن ڕووم بێت جارێکی دی بچمه‌وه خزمه‌ت (حه‌مدی)، ئه‌دی به (نه‌خشین) بڵێم چێ، بۆ پیاو هیچ له‌وه ناخۆشتر نییه، له به‌رده‌م ژنه‌که‌یدا وه‌ک بووده‌ڵه‌یه‌ک خۆی ببینێته‌وه، تانه‌ی ئه‌و ده‌بێته کارێکی ڕۆژانه، ئه‌ی خه‌ڵکی دێ بۆ ناڵێی، ده‌بێ تا ماوم چاوبه‌ره‌وژێر بم، نانا، هه‌رگیز کاری وه‌ها ڕوونادا... شه‌وگار هیچی وه‌های نه‌ماوه، که گه‌ڕامه‌وه دێ، به‌دوورو درێژیی ئه‌م به‌سه‌رهاته بۆ شێخ و خه‌ڵکی ئاوایی ده‌گێڕمه‌وه، بۆ نه‌خشین، بۆ ئه‌و کۆرپه‌یه‌ش که‌وا به‌ڕیوه‌یه‌و به‌نیازین ئه‌م به‌هاره چاوی هه‌ڵبێنێ...) * ڕووناکییه‌که‌ی لای سه‌راوردی گڵه‌زه‌رده ورده ورده کاڵ ده‌بۆوه. له به‌رامبه‌ریشه‌وه، له ئاستی گۆیژه، به‌دیوی شارباژێڕدا ئاسۆ ده‌کرایه‌وه. جوامێر هه‌ستی کرد وا تاریک و ڕوونه. ئه‌مه‌یش مزگێنیی خۆرکه‌وتنه. جوامێر لچ و لێوی له‌وه‌دابوو له‌گۆ بکه‌ون.. ئاو به‌چاوو لووتیدا ده‌هاته خوارو له‌سه‌ر ڕووی ده‌بووه سه‌هۆڵ. په‌نجه‌کانی قه‌سریبوون. چه‌ند ده‌کۆشا بۆی نه‌ده‌نوشتانه‌وه. دیسان که‌وته‌وه جووڵه. به‌و حاڵه‌شه‌وه خه‌یاڵ بۆ نێو دنیایه‌کی دیکه‌ی ده‌برد. له‌و دنیایه‌دا، به‌سه‌ر پشتی ماینه‌کوێته‌وه بوو. له‌گه‌ڵ سه‌دان سواری دیکه‌ی وه‌ک خۆیدا ئاگریان له سه‌ربازگه‌ی ئینگلیز به‌رده‌دا. به‌سه‌ر خێوه‌ته‌کانیاندا، به‌ره‌و خێوه‌تگه‌یه‌کی دی گومه‌ته و قه‌ڵه‌مبازیان ده‌دا. حیله‌و چه‌پۆکانی ئه‌سپ.. گلانی سوار.. پێکدا هه‌ڵپژانی ده‌سته‌ویه‌خه. سه‌دای ته‌پڵی سواریی.. تاوێک له‌و جیهانه شینه‌دا مایه‌وه، پاشان له‌گه‌ڵ خۆیدا که‌وته گفتوگۆ.: (ده‌بوایه من له‌کاکی ئه‌فسه‌ر بپرسم، تۆ له پشت حه‌وت ده‌ریاوه بۆچی هاتووی بۆ ئێره، ده‌فه‌رموو چۆن هاتووی ئاوه‌هاش بگه‌ڕێوه بۆ وڵاتی خۆت، ئێمه هیچ پێویستیمان به‌تۆ نییه، که‌چی ئه‌و داوای ناو‌و ته‌مه‌ن و ناونیشان له‌من ده‌کات، منی ماڵخۆ بوومه‌ته ده‌ستبه‌سه‌ری بیانی...) گوژمێک ڕه‌شه‌بای سارد هرووژمی هێنا. جه‌سته‌ی ڕچاندو هێنایه‌وه سه‌رخۆی.. له پاسه‌وانی ناو کۆخته‌که‌ی پرسی: ((ئه‌رێ کاکی سه‌رباز چه‌ندی ماوه خۆر بکه‌وێ؟)) ((خۆر هه‌ڵنایه!)) ((خۆر هه‌ڵنایه؟.. خۆ ئه‌مه‌یان نه به‌ده‌ست جه‌نابی ئه‌فسه‌ره‌و نه به‌ده‌ست به‌ریتانیای مه‌زنه!)) ((نه‌ء.. خۆر هه‌ڵنایه.. تۆ ڕه‌قیش ده‌بیته‌وه!)) ((ئه‌و ئاگره‌ش تروسکایی نه‌مێنێت، هێشتا هه‌ر ڕه‌ق نابمه‌وه. چونکه ده‌زانم دوای ئاگره‌که خۆر هه‌ڵدێ!)) ((کام ئاگره؟.. کوا ئاگر کراوه‌ته‌وه؟)) ((تۆ هه‌ستت پێنه‌کردووه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له چاوی منه‌وه سه‌یرت بکردایه ئه‌وسا ده‌تزانی کام ئاگره‌م مه‌به‌سته!!)) ((ئاگرکردنه‌وه قه‌ده‌غه‌یه!.. ئه‌فسه‌ر پێبزانێت منیش زیندانی ده‌کات!)) ((خۆ تۆ ئاگرت نه‌کردۆته‌وه!.. ئه‌وه‌نده هه‌یه ئێمه له دوو جیهانی جیاوازدا ده‌ژین و له‌یه‌کتری تێناگه‌ین!)) جوامێر که‌وته ده‌ست لێک خشاندن و هاتن و چوون.. دوای تاوێک سه‌ری هه‌ڵێناو به‌ده‌نگی به‌رز وتی: ((سه‌رنجی گۆیژه بده. ئه‌وا خۆرکه‌وت!!)) هه‌ر به‌ڕاستی وه‌هابوو.. خۆر تاجی زێڕینی له‌سه‌ر چیای گۆیژه‌و دارمازه‌ڵه نا. پاسه‌وان وه‌ک پێشتر هه‌ڵاتنی خۆری نه‌دیبێ، به‌سه‌رسووڕمانه‌وه بۆ ته‌وقه‌نه‌ی گۆیژه‌ی ڕوانی.. گزنگ به‌ره‌وڕووی بووه‌وه. وه‌لێ سه‌ربازه‌که ڕووی لێ وه‌رگێڕاو به بێزارییه‌وه وتێ: ((به‌داخه‌وه!)) ((بۆچی به‌داخه‌وه؟!.. پێت ناخۆشه خۆرهه‌ڵبێ؟)) ((سه‌رم له تۆ سووڕماوه!.. حه‌وت ڕۆحت هه‌یه!)) به‌ره‌وڕووی هات، کلیلی له‌گیرفانی ده‌رهێنا. که‌له‌پچه‌که‌ی پێکرده‌وه و زنجیره‌که‌ی له‌پێی داماڵی. ئه‌مجا پاشه‌وپاش گه‌ڕایه‌وه.. جل و به‌رگه‌کا‌نی، که له‌ناو مشکییه‌که‌یدا شه‌ته‌ک درابوون، له دوورڕا هه‌ڵیدایه پێشی.. ئه‌میش ورده ورده خۆی پۆشته‌کرده‌وه. سه‌رباز سڵه‌مییه‌وه. به‌ترسه‌وه، له‌سه‌رلا لێی وه‌ستایه‌وه.. لووله‌ی تفه‌نکه‌که‌ی تێکرد و پێیوت: ((تۆ ئێستا ئازادی.. وڵاخه‌که‌شت ئاماده‌یه!)) جوامێر به‌شێنه‌یی، وه‌ک که‌سێک ئاره‌زووی دیداری ئاشنایه‌کی بکات، له‌مێژ بێ نه‌یدیبێت وتی: ((حه‌زده‌که‌م جه‌نابی ئه‌فسه‌ر ببینم!)) پاسه‌وان ڕاسا. وه‌ک گوربه‌یه‌ک بۆشاڵاو خۆی ئاماده بکات، کرژبوو. ئاماده‌باش، په‌نجه‌شی له‌به‌رکاردا بوو.. پرسی: ((جه‌نابی ئه‌فسه‌ر ئێستا نوستووه.. بۆچیته؟)) به‌ڵام جوامێر به‌هێمنی وه‌ڵامی دایه‌وه: ((نوستووه؟.. باشه، که خه‌به‌ری بووه‌وه، با له زمانی منه‌وه به به‌ریتانیای مه‌زن ڕابگه‌یێنێ.. بڵێ جوامێر ده‌یگوت، هه‌تا ئه‌و ئاگره به‌چیاوه بمێنێ من ڕه‌قنابمه‌وه!))
سلێمانی حوزه‌یرانی1987
بڕوانه: به‌یان، ژماره148، ساڵی 1988. تێبینی: بیرۆکه‌ی کاریگه‌ریی تینی گه‌رمی، له دوورییه‌کی زۆره‌وه، له فۆلکلۆره‌وه وه‌رگیراوه. (1) ئه‌و وته‌یه‌ی، له‌سه‌ر زاری (شێخ مه‌حموود)ه‌وه هاتووه و له‌گه‌ڵ (شێخ عه‌وڕه‌زا)ی گڵه‌زه‌رده‌یه‌تی؛ هه‌ر به‌ڕاستی قسه‌ی شێخی نه‌مره‌و من له باوکمم بیستووه.
|