په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

خۆشناوەتى بۆ کیمیا باران کرا؟


ئیبراهیم بالیسانى


22 ساڵ بەر لە ئێستا، حکومەتى لە ناو چووى عێراق(رژێمى بەعسى فاشى) لە ئێوارەیەکى مانگى نیسان لە 16/4/1987 لە رێگاى بەکارهێنانى فرۆکەوە دانیشتوانى هەردوو گوندى(بالیسان و شێخ وەسان)نیان کیمیابارن کرد!!


گومان لەوەدانیە حکومەتى عێراق کە لەو رۆژەدا خۆشناوەتى بە چەکى سیانید دەخنکێنێ و خەڵکە هەژار و بێوەییەکان شەهید و بریندار دەکات، زانیارى نەبووبێ کە ناوچەکە لەو رۆژەدا خاڵى و چۆڵ بووە لە هێزى پێشمەرگە! چونکە لەو رۆژەدا کەمترینى بارەگاى هێزى پێشمەرگەى دەرەوەى سنورەکە لەوێدا بونیان هەبوو! بەهەڵەدانەچووین گەر بڵێین: بارەگاى فەرمى و ئاشکرا لەوێدەمێ هەر بوونى نەبوو!! هەرچى فەرماندە و پێشمەرگەکانى نێوخۆبوو(سنورەکە) زۆربەى هەر زۆریان بۆ بەشدارى کردنیان لە (داستانى رزگارى) لەوێدا نەبوون و نەمابوون. لە بەر هەندێ دەگەینە ئەو قەناعەتە رەهایە کە رژێم لە کیمیابارنکردنى خۆشناوەتى تەنیا مەبەستى لە ناوبردن و شەهیدکردنى خودى خەڵکى سڤیلى خۆشناوەتى بووە!! بۆ زیاتر گەیشتن بەو قەناعەتە لە کیمیابارنەکەدا تەنیا بەڵى تەنیا یەک پێشمەرگەى دەرەوەى سنورکە لەوکارەساتەدا شەهید نەبوو یان زامدارنەبوو، ئەگەر هۆکار لە چۆلًَ کردنى ناوچەکە لە پێشمەرگە بە تایبەت لە هەردوو گوندى شێخ وەسان و بالیسان بوونى شەر بووبێ لە ناوچەى جافایەتى ئەى بۆ کەمترینى پێشمەرگەى (موتەفەریقە) لەوێ نەمابوون؟! یا بۆ کەس و کارى هیچ سەرکردە و فەرماندە و سەرکردەیەکى دەرەکى سنورەکە لەوێدا نەمابوون؟! خۆپێش ئەو رووداوە ناوچەکە پر بوو لە بارەگا و کەس و کارى هێزى پێشمەرگە. ئەوەى منیش ئاگاربم هێشتا سەرکردایەتى پارتى و حیزبەکان ئەو کات بڕیارى پاشەکشێى سەر سنورەکان رانەگەیاندبووبەش! هەر خۆیان بوون بەر لەو کارەساتە چەند رێنماییەکى سادە و ساکار لە رێگاى نامیلکەیەکى کۆپى بچوک بە سەر پێشمەرگە و کادیرەکانیاندا دابەش کردبوو بۆ خۆپاراستن لە رووداوى کیمیابارانکردن!! بۆ ئەو رێنماییانە بە خەڵکى گوندەکان نەدران؟ یان بۆ کۆبونەوەیان پیًَ نەدەکرا و ئەو رینماییەیان بە زارەکى پێنەگوترا؟! تا خەڵکى تێکۆشەرى ناوچەکە زانیاریان لەو بارەیەوە هەبوایە و لەو ئەگەرانەدا خۆیان بپارستایە ئەگەر ئەوەش نەکرا، خۆ ئەو بەرپس و لێپرسراوانەى کە نمەکى ئەو شەهیدان و زامدارەکان و دانیشتوانى ئەو دوو گوندەیان کردبوو ئەوکات بەهەر بیانویەک چووبنە گوندەکانى ترى دەورووبەرى ئەو دوو گوندە زامدارکراوە دەیانتوانى رێگە لەوە بگرن زامدارەکان بەرەو ناو رژێم نەچن؟ ئەگەر ئەوان لە تاو ئازار و نەبینینى کوێرى خۆیان درکیان بە مەترسى خۆیان نەدەکرد خۆ لەشساغ و ماوەکان دەیانزانى چوونى ئەوان بۆ ناو رژێم ماناى نەگەرانەوە و زیندەبەچاڵ کردنى لێ دەکەوێتەوە.

 

ئێمە ناکرێ و نابێ بڵێین بە تەنیا خەڵکى خۆشناوەتى داینەمۆ و پشتیوانى شۆڕشەکانى کوردبوونە لە رابردوودا، بەتایبەت لە هەردوو شۆڕشى ئەیلول و نوێدا. واتا هەموو ناوچە دوورە دەستەکانى دەسەڵاتى رژێم پشکى خۆیان هەبووە لە سەرکەوتنى شۆڕش. بەڵام راستیەک هەیە ناوچەى خۆشناوەتى لە هەموو ناوچەکانى تر زیاتر خزمەتى بە شۆڕش کردووە کە دەڵێن: خزمەت ماناى ئەوە نا تەنیا داڵدەى پێشمەرگەیان دابێ و خزمەتگوزاى پێشکشە کردبێ، بەڵکو ژمارەیەکى زۆر لە خەڵکى ناوچەکە چ وەک فەرماندە چ وەک کادیر و چ وەک پێشمەرگە بەشدارى کاریگەریان هەبووە لە ریکێشانى رەوروەى خەبات و تێکۆشان بۆ سەلماندنى ئەو راستیەش ئەوەى دەڵێ وانیە با بێت سەیرێکى ئەلبومى شەهیدانى ناوچەکە بکات تا بزانێ خۆشناوەتى خاوەنى چ فیداکارییەک بووە و چۆن چۆنى باوەشى بۆ شۆڕش کردبۆوە بۆ ئەوەى گەلەکەمان بەم رۆژگارە بکات.

 

بەڵام حەیف ئەوەى ئەمڕۆ لەم رۆژگارەدا سوودمەند نیە تەنیا خەڵکى خۆشناوەتییە!! دیسان ئەوەى دەڵێ وانیە یان ئەو بۆچوونە نادرووستە، من پێیان دەڵێم وەرن تەنیا جەولەیەک بە گوندى شێخ وەسان و بالیساندا بکەن بزانن جاران ئەو دوو گوندە خۆشتر و جوانتر بوون یان ئێستا؟ بزانن خەڵک ئومێد بە دوێنێى خۆیان دەخوازن یان ئێستایان؟ راستە بالیسان کرا بە ناحیە، جادەى قیر هەیە، کارەبا هەیە، هەندێ پرۆژەى سادەى تر هەن بەڵام ئایا ئەوە بەسە، ئەگەر حیزب و حکومەت بەو ئیمکانیەتە بیانویسبایە ئاوڕێکى جددى لەوناوچە سووتاوە بدەنەوە بەتایبەت دواى پرۆسەى ئازادى عێراق دڵنیابووم ئەمڕۆ نەکەس گلەیى دەکرد و نەکەسیش دەیوت خۆشناوەتى بۆ کیمیاباران کرا؟ ئەو پرسیارە مەخزاى سیاسی خۆى هەیە ئەگەر کەسێک یان (حیزب و حکومەت) نەتوانێ وەڵامى ئەو پرسیارە هەقەى خەڵکى ناوچەکە بدەنەوە ئەوا لە ئاییندەدا وەڵامى ئەم پرسیارە وەردەگیرێ و دەزانرێ!!!

 


Info_balisani@yahoo.com