خۆسووتاندنی (هلند) کاره‌ساتێکی گه‌وره‌یه.
هیدایه‌ت مه‌لا عه‌لی
ئه‌م مه‌رگه ته‌نهابوو وه‌ک ته‌نهای ئه‌و کاته‌ی لووتی ( که‌ژاڵ خدر ) یان بڕی ، تاڵبوو وه‌ک ئه‌و کاته‌ی ( دوعا ) یان به بلۆک کوشت ، تاریکبوو وه‌ک ئه‌و کاته‌ی پارچه پارچه له‌شی ( به‌ناز ) یان له جانتایه‌کدا ده‌رهێنا.
ئه‌م مه‌رگه زۆر ئارامبوو ، له‌شه‌ڕی فیدراڵیه‌ت و سامانه نه‌وتیه‌کان و بودجه‌ی پێشمه‌رگه نه‌ده‌چوو ، ئه‌م مه‌رگه نه‌شیعرێکی پێنووسین نه‌دوو دڵۆپ فرمێسکی پێڕشتین ، مناڵێک هات به‌خۆی و کۆڵێ خه‌می له‌خۆی گه‌وره‌تر ماڵئاوی لێ‌کردین و که‌سمان نه‌مانووت تۆ مه‌ڕۆ ، که‌سمان نه‌مانووت ( هلند ) نه‌که‌ی دایه و بابه جێمه‌هێله ، که‌سمان نه‌مانووت مه‌که قاپ و که‌وچکه بچکۆلانه‌که‌ت مه‌که به‌یادگاری و مێزه‌که‌ی قوتابخانه دڵگران مه‌که ، که‌سمان نه‌مانووت ( هلند ) نه‌که‌ی گه‌مه له‌گه‌ڵ ئاگر مه‌که ( شه‌یما ) له کۆڵان چاوه‌ڕێته.
ئه‌م مه‌رگه نه له کۆچی باڵدار ده‌چوو نه‌له‌ڕاوی ماسیه‌کان ، ئه‌م کۆچه زۆر گه‌وره‌تره له‌شه‌ڕی دانیشتن له‌ڕیزی پێشه‌وه له په‌رله‌مان . ( هلند ) نه‌دایکی ناوی نه‌وته‌و ، نه‌باوکیشی ناوی ئاگره ، نه نه‌نکی ناوی شقارته‌یه‌و ، نه‌باپیری ناوی ده‌به‌یه ، (هلند ) مناڵی کۆمه‌ڵگایه‌که هه‌موو ڕۆژێک له‌کۆڵان و کوچه‌کانیدا هه‌واڵی ( پوره فڵان خۆی سووتاند ) یان ( داده فیسار ) بووبه‌خه‌ڵوز ده‌بیستێت و که‌سێک نییه کۆتایی به‌م کاره‌ساته‌بێنێت.
مه‌رگی ( هلند ) کاره‌ساته بۆیه ده‌بێت هه‌موو له‌سه‌ری ڕاوه‌ستین ، کاره‌ساته وه‌ک مه‌رگی مناڵێک و ئینسانێک ، کاره‌ساته وه‌ک ئه‌وه‌ی (هلند ) دیارده‌ی خۆسووتاندنی قۆناغێک برده پێشه‌وه ، ئه‌م کاره‌ساته به‌فه‌رمی به‌رهه‌می خۆسووتاندنی له ژنانه‌وه ته‌سلیمی مناڵان کرد ، ئه‌گه‌ر ( په‌ره‌مێز و مه‌رگ و سووتان ) سێ ووشه‌ی ڕیزکراوی پاڵ ژنانی کوردوستانه ، ئه‌وا مه‌رگ و خۆسووتاندنی ( هلند ) ئه‌م ووشانه‌ی بۆ دامێنی منداڵانیش شۆڕکرده‌وه ، ( هلند ) به‌جه‌سته ناسک و سووتاوه‌که‌ی له‌سه‌ر ته‌ختی نه‌خۆشخانه به‌بێده‌نگی به‌گوێی هه‌مووماندا چرپاندی ووتی ، هات و هاواری دیموکراسی و باشتربوونی ژیانی ژنان ، که‌مبوونه‌وه‌ی کووشتن و خۆسووتاندن ، دابه‌شکردنی دیاری و به‌ستنی کۆنفراس و کۆبوونه‌وه‌کان گه‌مه‌یه‌کی ده‌سه‌ڵاته بۆ فریوودانی کۆمه‌ڵگا ، ( هلند ) هیچ قسه‌یه‌کی نه‌کرد و هیچ نهێنیه‌کی نه‌درکاند به‌ڵام له‌ناو تابووته بچکۆله‌که‌ی سه‌رشانی خه‌ڵکی گه‌ڕه‌ک به‌ده‌نگی به‌رز هاواری ئه‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی مناڵ نه‌سووتێت ئه‌بێت ژن نه‌سووتێت .
(هلند سه‌لاح) ئه‌و مناڵه نۆ ساڵه‌بوو که له‌یه‌کێک له‌گه‌ره‌کانی شاری سلێمانی ئاگری له‌جه‌سته‌ی خۆی برداو گیانی له‌ده‌ستدا ، خۆسووتاندنی ( هلند ) پێوویستی به‌خوێندنه‌وه‌و کاری شلگیر هه‌یه ، ئه‌م دیارده‌یه ترسناکه‌و کۆمه‌ڵگا ده‌باته به‌رده‌م پرسیار و وه‌ڵامی واقیعی ، به‌داخه‌وه ئه‌م کاره‌ساته هه‌تا ئێستا وه‌ک خۆی سه‌یرنه‌کراوه‌و هه‌و‌ڵنه‌دراوه ڕاڤه‌کردنی بۆ بکرێت و ده‌سه‌ڵات بخرێته ژێر فشاری گرنگیدانی زانستی و هاوچه‌رخانه به ژیان و په‌روه‌رده‌ی مناڵان.
ده‌بوایه مه‌رگی ( هلند ) ته‌واوی ڕاگه‌یاندنه‌کانی بهێنایه‌ته زمان و نه‌یانهێشتایه ئه‌م کاره‌ساته هه‌روا و به ئاسته‌م تێپه‌ڕێت ، ده‌بوایه ده‌یان پسپۆڕی په‌روه‌رده‌ی و ده‌روونیان بهێنایه‌و شیکردنه‌وه‌یان بۆ ئه‌م ڕووداوه بکردایه ، ده‌بوایه چه‌ندین هه‌ڵسوڕاوی بزووتنه‌وه‌ی ژنان چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ بکرایه‌و باسی ئه‌وه‌یان بکردایه که شۆڕبوونه‌وه‌ی خۆسووتاندن بۆ ئاستی منداڵان چ مه‌عنایه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه ، ده‌بوایه ڕاگه‌یاندنه‌کان یه‌خه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان بگرتایه‌و دوای وازهێنانی چه‌ندین وه‌زیری په‌یوه‌ندیدار و به‌رپرسیان بکردایه ، به‌ڵام به‌داخه‌وه هیچ یه‌کێک له‌مانه نه‌کرا ، ئه‌زانم زۆرێک له ڕاگه‌یاندنه‌کان ڕیکلامیان بۆ ( برنجی گوڵدان و چای ئه‌حمه‌دی و سیمکارته‌کان ) پێ باشتره به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و ڕاستیه‌ش باش بزانن له‌م باره‌وه ئه‌رکێکی ئینسانیان له‌سه‌ر شانه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان به‌رپرسن له ژیان و مه‌رگی هه‌ر ئینسانێک ، ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان ئه‌وه‌نده بیرله سه‌رمایه‌گوزاری و باخه‌ڵ پڕکردن ده‌که‌نه‌وه ، نیوئه‌وه‌نده‌ش بیر فه‌راهه‌م کردنی که‌ش و هه‌وایه‌کی ئینسانی بۆ ژیانی مناڵان به‌تایبه‌تی و خه‌ڵکی کوردوستان به‌گشتی بکه‌نه‌وه ، ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان سه‌رچاوه‌ی سه‌رجه‌م نه‌هامه‌تیه‌کان و ڕۆژ ڕه‌شیه‌کانی خه‌ڵکی کوردوستانن ، ده‌سه‌ڵاتێک ( ده‌روێش خانه‌نشین ) بکات ده‌بێ خه‌ڵک چ چاوه‌ڕوانیه‌کیان لێی هه‌بێت ، به‌بێ هاتنه مه‌یدانی بزووتنه‌وه‌یه‌کی فراوانی کۆمه‌ڵایه‌تی که ئه‌رکی گێڕانه‌وه‌ی ئینسانیبوون بێت بۆ خه‌ڵکی کوردوستان زۆر زه‌حمه‌ته مه‌رگ و خۆسووتاندنی ( هلنده‌کان ) کۆتای‌یان پێ بێت .
له کۆتاییدا من پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆم ئاڕاسته‌ی دایک و باوک و سه‌رجه‌م که‌س و کار و هاوڕێکانی ( هلند ) ئه‌که‌م و خۆم به شه‌ریکی ئه‌و کۆسته گه‌وره‌یه‌یان ده‌زانم ، منیش بۆخۆم باوکم و ئه‌زانم که نه‌ک مه‌رگی مناڵه‌که‌ت به‌ڵکو ته‌نها دابڕان و دوورکه‌وتنه‌وه چ زام و ئازارێکی به‌سوێیه ، بۆیه داواتان لێده‌که‌م که ئه‌م واقیعه ناخۆش و قورسه تێپه‌ڕێنن و ئاگاداری خۆتان و مناڵه‌کانی ترتانبن . _________________________
تێبینی /
شه‌یما هاوڕێیه‌کی نزیک و خۆشه‌ویستی هلندبووه
.
|