٥\٦\٢٠١٣
یادەوەرییەکانی
رۆژانی ٨ی مارس.
ھەژێن
ھەرچەندە ئەم ساڵێش بەتەمابووم بە وتارێکی ڕەخنەیی لە شێوازی
یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە جیھانییە لە کوردستان و ھەوڵەکانی فێمینیزمی
دەسەلاتخواز (بۆرجوازی)، بەشداری بکەم، بەڵام لە کۆتایی وتارەکەمدا ئەم
بیرۆکە کۆنەیە [نووسینەی یادەوەریی و ئەزموونەکان]م بیرکەوتەوە و
بڕیارمدا ھەم پێش و لە (ڕۆژی ٨ی مارس)دا ھیچ بڵاونەکەمەوە، چونکە
بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا ئەم ڕۆژە بووە بە ڕۆژی پاگەندەکردن بۆ خۆ
و پارت و وێنەبڵاوکردنەوە و خۆکردنە ڕابەر و تڕۆھات و پووچگەرایی دیکەی
لەو جۆرە ..تد .
بەپێی یاسای ڕەتکردنەوەی سەرەتا، ھەر شتێک کە پیرۆزبکرێت، یا پێچەوانە
دەبێتەوە یا دواجار گەڵتەجاری و پووچگەرایی بەرھەمدەھێنیت؛ لێرەدا دوو
نموونەی زیندوو لە پیرۆزگەرایی ئایینی و پیرۆزگەرایی عەلمانی دھێنمەوە،
کە ھەر یەکە لە ئێمە بەجۆرێک لەتەکیاندا سەروکاری ھەبووە و بەپێی
بەھەندوەرگرتنیان و وردبوونەوە و دەربەستبوون بەرامبەریان، تێگەییشتن و
تاڕادەیەک وێنایەکی لەیەک نزیکمان لەلا دروستبووە یا دەبێت .
یەکەم: مەزارگە یا مەرقەدەکان بەدیاریکراوی مەزارگەی حەسەن و حوسەین لە
کەربەلا ، کە سەرەتا جێگەی پارانەوە و شیوەن و شەپۆڕ بوون بۆ ئەوانەیەی
بوونەتە (شیعە)یان. بەڵام بەپێی یاسایی ڕەتکردنەوەی دەستپێک، ھەنووکە
یا ڕاستر بڵیم دەمێکە مەزارگە ئاینییەکان بوونەتە شوێن ژووانی دڵداران
و تامەزرۆیانی سێکس و دەستبازی و ... تد.
دووەم، ڕۆژی ٨ی مارس و یەکی ئایار، کە من لێرەدا فرەتر قسە لەسەر ڕۆژی
(٨ی مارس) ڕۆژی یەکسانیخوازی ئازادیخوازان، دەکەم. زۆرێکمان بەسەرھاتی
سووتان و خنکانی کرێکارانی مانگرتوو، کە زۆرینەیان ژن بوون و کرانی ئەم
ڕۆژە لە ساڵی ١٩٠٨دا بە ڕۆژی جیھانی خەبات و ناڕەزایەتی بەرامبەر ستەم
و ھەڵاواردن لە ژنان، دەزانین و لێرەدا پێویست بە چەندبارەکردنەوە
ناکات. بەڵێ ئەم ڕۆژە بە سووتانی کرێکارانی مانگرتووی کارخانەیەک واتە
پەژارە و ناخۆشی و پاشان بە سیمبولکردنی لە ١٩٠٨دا بۆ ناڕەزایەتی
بەرامبەر ستەم و ھەڵاواردن درێژەی دەبێت و لە ئێستاشدا کراوەتە بۆنەیەک
بۆ ئاھەنگی مەیخواردنەوە و سەماکردن و پاگەندەی پارتەکان و
وێنەپەخشانکردنی کەسانی خۆبەڕابەرزان. دیسانەوە، لە نموونەی دووەمیشدا
لەتەک ھەمان سەرەنجامی یەکەمدا ڕووبەڕووین و کۆتاییەک دەبینین، کە ھیچ
پەیوەندییەکی لەتەک سەرەتاکەیدا نییە، بەڵام لە ھەردوو بارەکەدا دوو
خاڵی نێوکۆیی بەیەکەوە دەیانبەستێتەوە، یەکەم پیرۆزکردن و دووەم،
ڕەتکردنەوەی سەرەتا و دژوەستانەوە لەتەک ئامانجی سەرەتایی.
بەم پێشەکییە کورتەوە، دەست بە کەشکۆڵی یادەوەرییەکانمدا دەکەم و ئەوەی
لەبیرممابێت، ھەوڵدەدەم بۆ ئێوە خوێنەرانی ھێژای بگێڕمەوە ...
ساڵی ١٩٨٣ کە لەتەمەنی ١٤ ساڵیدا بووم بە پێشمەرگەی کۆڕەک، ھەم لەتەک
بیری سۆشیالیستی بەشێوە ئایدیالیستییە*
مارکسیستەییەکەی ئاشنابووم و ھەم بە خوێندنەوەی نامیلکە پڕ
زانیارییەکەی (ئافرەت لەمێژوودا) نووسینی ھەڤاڵ کوێستانی تێگەییشتنێکی
سەرەتاییم لەسەر پرسی ھەڵاواردن و ستەمی مێژوویی لە ژنان، لەلا
دروستبوو.**
ئیدی لە ساڵی ١٩٨٤ەوە، من کەوتمە پاگەندە و لە قاودانی جیاوازی و ستەم
لە ژنان و بەپێی دەرکی سەرەتایی و کرچوکاڵی ئەوسام، کەوتمە ئاشناکردنی
کەسەکانی دەوروبەرم لەو بارەوە. بەڵام ھاوکات ئاشنابوونم بە ڕادیۆ
کۆمەڵە [کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی بەشی ئێران]، کە دەیان فەرسەخ
لەچاو (کۆڕەک)، کە من ئەندام و لایەنگری بووم، لەپێشتر بوو و بابەتە
ڕۆژانەییەکانی ئەو ڕادیۆیە، ڕۆژ بە ڕۆژ منیان ڕادیکاڵتر دەکردەوە و
بابەتەکان بەڕادەیەک کاراییان لەسەر من بەجێدەھیشت، کە لە کۆتایی
ھەشتاکانی سەدەی ڕابوردوودا، لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا لە کاروباری نێوماڵدا
بەشداریم دەکرد و خۆم پۆشاکەکانی خۆم دەشتن و لە چێشتلێنان و
خاوێنکردنەوەی نێوماڵدا بەشداری و ھاریکاریی خوشکەکانم دەکرد و ھیچ
بەلامەوە گرنگ نەبوو، کە کوڕان و پیاوانی وڵاتەکەم چۆن سەیرمدەکەن و چی
دەڵین، ھەموو ڕۆژێکی ٨ی مارج ھاودەنگی ڕادیۆ کۆمەڵە ھەوڵمدەدا بەگوێی
ھاوەڵان و ناسیاوانمی بگەیڼنم و لە پڕمەترسیترین شوێندا دەنگی ڕادیۆکەم
تەواو بەرزدەکردەوە، تاوەکو ژنانی کۆڵان و بەلایەنی کەمەوە، خوشکەکانم
گوێییان لێبێت و بەرامبەر ستەمێک کە لێیاندەکرێت، ھەستەوەر ببنەوە.
٨ی مارسی ١٩٩٢، سلێمانی:
ئێمە کۆمەڵێک چالاکی (پیاوی) بەشی ئاشکرای ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمونیست
بووین و بە ھاریکاریی کۆمەڵێک لە چالاکی (پیاوی) ڕێکخراوە چەپەکانی
دیکە، خەریکی خۆئامادەکردن بووین بۆ بەرپاکردنی مەراسیمی ٨ی مارس،
بێجگە لە ئامادەکردنی پۆستەر و نووسین و بڵاوکردنەوەی بانگەواز و
ھەڵواسینی پۆستەرەکان، دەبوو ھەر ئێمەی پیاو سەردانی فێرگە و فەرمانگە
و ڕێکخراوە و کۆمەڵەکانی بەناو ژنان بکەین. ڕۆژیکیان لە تەک ھاوڕێیان (فاروق
محەمەد و بیھنام محەمەد) چووینە فێرگەیەکی ئامادەیی کچان لە گەڕەکی (مەجید
بەگ) یا (کارێزە وشک) بوو، بە کۆمەڵێک کارتی بانگەوازەوە چووینە نێو
پۆلەکان و لە یەکێک لە پۆلەکاندا مامۆستاکە بەگەرمی پێشوازی لێکردین و
گوتی " کچینە ھەستن" بەخێرھاتنی کردین و بە دەستڕاکێشان بۆ من گوتی "
با بزانین ئەم برادەرە لە فەرنسەوە چی بۆ ھێناوین" منیش پێکەنین گرتمی
و زانیم کە مەبەستی لە سمێڵتاشراوییەکەمە، سوپاسمکرد و دەستم بە
قسەکردن بۆ خوێندکارەکان کرد، بەڵام کچەکان ھەر بە قسەی مامۆستاکە و
سمیڵتاشراوییەکەی من پێدەکەنین، وێڕای ئەوەش لەتاو پەلەقسەکردن و
کارایی زمانی فارسی بەسەرمەوە، زۆر لە قسەکانم نەگەیشتبن.
ڕۆژی دوایی دیسانەوە لەتەک ئەو دوو ھاوڕێیەدا چووینە سەردانی بنکەی
ڕێکخراوەکانی بەناو ژنان، لەوانە یەکێتی ژنانی سەر بە (ینک) و کۆمەڵەی
ژنانی سەر بە (حشع)، ئەگەر ناوی ڕێکخراوەکانم بەباشی لەبیرممابێت.
دیسانەوە بە سەرسووڕمانەوە سەیریان دەکردین و بەلایانەوە سەیربوو،
پیاوان بانگەواز بۆ یەکسانی ژن و پیاو بکەن، بێجگە لەوە ژنانێک کە لە
بنکەی ڕێکخراوی ژنانی (ینک)دا بوون، ڕەخنەیان لە پاگەندەی ئێمە ھەبوو،
کە دژی کوشتنی ژنانێک بووین بەبیانووی شەرف و نامووسەوە. ھەروەھا
قسەیان لە "عادات و تقالید"ی کوردەواریی دەکرد و ئێمەش پێمانگوتن، ئێمە
بێجگە پێداگرتنەوەمان لە دژایەتی ڕەشەکوژی ژنان بەناوی شەرف و نامووس و
سیخوڕیی بەعسەوە، وتمان تەنیا ھاتووین کە بۆ مەراسیمەکە میوانداریتان
بکەین و بەس، دەتوانن بێن لەوێدا ڕەخنەی خۆتان بگرن. ھەروا لەلای
خاتوونەکانی بنکەی کۆمەڵەکەی سەر بە (حشع)یش لەتەک پێشوازی گەرموگوڕ
ڕووبەڕوو نەبووینەوە و وتیان ئێمە بەخۆمان بەو بۆنەوە ئاھەنگ دەگێرین.
ڕۆژی ٥ی مارس، واتە سێ ڕۆژ پێش مەراسیمەکە، ھەواڵمان بۆ ھات، ھاوسەری
ھاوڕێیەکمان، کە بڕیار بوو لە ڕۆژی ٨ی مارسدا بڕگەکانی مەراسیمەکە
پێشکەشبکات، لەلایەن براکەییەوە، کە چەکداری بزووتنەوەی ئیسلامی بوو،
دەستی بەسەردا گیراوە و ھەڕەشەی سەندنەوەی لە ھاوسەرەکەیان لێکردووە،
ئێمەش ئەو کات خوێنگەرم و بڕوا پۆڵایین بووین و لەتەک ھەمان دوو
ھاوڕێدا، بە ئاوەزی ئەوسامانەوە چووینە سەر ماڵی کابرای حەرەکە و
پەیامی خۆمانمان بۆ بەجێھێشت، بۆ ڕۆژانی دواتر ڕێگەیان ڕێگەیان بە
ھاوڕێکەمان دابوو بگەڕێتەوە لای ھاوسەر و مناڵەکانی، بەمەرجێک بەشداری
پێشکەرکردنی مەراسیمەکە نەکات.
ڕۆژی دواییتر، لەتەک دوو ھاوڕێی دیکەی ( ئاوارەی کەرکووک)دا کە
بەیەکەوە لە (ھوتێل سۆمەر) لە ئەسحابەسپی دەژیاین، چووین بۆ
پۆستەرھەڵواسین و دەمەو ئێوارە کە خەریکبوو لە تەواوکردنی ھەڵواستینی
پۆستەرەکاندا ببینەوە، لە سەرەوە بەرەو بەردەرکی سەرا دەھاتینەخوار، لە
نزیکی باڵاخانەی ئاساییش خەریکی ھەڵواسینی پۆستەر بووین، دیتمان خاوەنی
ھوتێلەکە بە پۆشاکی پۆلسیی و کۆمەلێک ئەستێرە و نیشانەوە بەرەو سەرەوە
دێت و ئێمەی بینی و ئێمە ھەندێک خۆمان خەریککرد و بەملا و بەولادا
ڕوومان وەرگێرا، تاوەکو بەباشی نەمانبینێت، بەڕاستی خەممان لێنیشت، خەم
نەک ترس، چونکە ئێمە بە ئاشکرا چالاکیماندەکرد و کۆمەڵگەش ھێشتا ورەی
سەردەمی ڕاپەڕین بەرینەدابوو، تەنیا خەمی دەرکردنمان لە ھوتێلەکە ھەبوو،
چونکە کەسمان ماڵمان لە سلێمانیدا نەبوو، ڕاستییەکەی ھەرچەندە زۆربەی
پۆستەر و جیاکردنەوە و دەقکردنی کۆپییەکانمان لە ژووری ھوتێلەکەدا
دەکرد، وەک دواتر بۆمان دەرکەوت، لەوە دەچوو ئێمەی نەناسیبێتەوە.
مەترسییەکەش ئەوەبوو، ئێمە بەناوی ئاوارەی کەرکووکەوە لەوێ دەژیاین و
لە ڕاستیشدا بێجگە لە من، ھەمووان ئاوارەی کەرکووک بوون و ھاوڕێیەکمان
لەوێ کارێکی دەستکەوتبوو، خەمەکەشمان ئەوەبوو، کە ھەم ھەموومان لانەواز
دەبووین و ھەم ئەو ھاوڕێیەمان، کە بێجگە لە یارمەتییەکی کەم لەلایەن
ڕێکخستنەوە، تەنیا سەرچاوەی داراییمان بوو.
ڕۆژی پێش، ٨ی مارس واتە ٧ی مارس، دیسانەوە لەتەک دوو ھاوڕێیەکی ڕۆژی
یەکەم (فاروق محەمەد و بیھنام محەمەد)دا خەریکی بڵاکردنەوە و ھەڵواسینی
بانگەوازی مەراسیمەکە بووین، گەیشتینە ئەو کۆڵانەی کە مەیدانی
دارەسووتاوەکە و شەقامی بەردەم دادگەی سلێمانی بەیەکەوە دەبەستێت،
گوێمان لە دەنگی چەند تەقەیەک بوو، تا ئێمە گەیشتینە ئەوێ، بوو بە
قەرەباڵخی و وتیان چەند چەکدارێک تەقەیان لە دوو ژن کردووە و بێجگە لە
پێوەبوونی ژنەکان، مناڵێکی شتفرۆش لەوێدا برینداربووە. [دواتر ساڵی
١٩٩٧ ئەم بەسەرھاتەم کرد بە چیرۆکێک بەناوی (خەرمانەی مەرگ) لە گۆڤاری
پاژێی ھونەریی (ژیلەمۆ)دا بڵاومکردەوە].
ڕۆژی ٨ی مارس، ئەگەر باش لەبیرممابێت، مەراسیمەکە لە ھۆڵی ھونەرمەندان
بوو، لەسەر شانۆکە سەرقاڵی ڕازاندنەوەی دیوارەکان و ڕێکخستنی کارەبا و
پێداویستییەکانی دیکەبوون و بەپێچەوانەی ڕۆژانی پۆستەھەڵواسین و
بانگەوازەوە، کۆمەلێک لە ھاوڕێیانی ژن چالاکانە سەرقاڵی ھاریکاری و
خۆڕێکخستن بوون، لەو کاتەدا خاتوونێک کە پێشتر ناوم بیستوو و لە دەمی
ڕاپەڕیندا یەکێک بووبوو لە چالاکانی (رێکخراوی ژنانی شۆرشگێڕ)، بەجۆرێک
ناڕەزایەتی لە بوونی ئێمە لەسەر شانۆکە دەربڕی. ھۆکارەکەشی تەنیا
خۆشنەھاتن و سکتاریزمی ڕێکخراوەیی بوو، چونکە ئەو سەر بە گروپێکی دیکەی
چەپ بوو یا ڕاستر بڵێم یەکێک بوو لە ئەندامە باڵاکانی ڕێکخراوەکەی، لەو
کاتەدا کیژۆڵەیەکی ھەژار کە کراسێکی کوردی سەوزی پۆشیبوو و کەوشێکی
جۆری کالەی سپی لەپێدا بوو و وەک خۆی وتی، کراسەکەشی بە قەرز لە
ھاوەڵەکانی وەرگرتبوو، لەتەک مندا خەریکی چاککردنی شتێک بووین، ئەگەر
باش لەبیرممابێت، پێموابێت ناوی (لیمۆ) بوو، وەک سەرسوومانێک سەیرێکی
منی کرد و منیش لام لە خاتوونە خۆبە ڕابەرزانەکە کردەوە و وتم، جا
بەڕێزم، دوێنێ و پێرێ و ھەفتەیەک لەمەوبەر لە کوێ بوویت، بۆ نەھاتی
لەکاتی پۆستەر ھەڵواسین و بڵاوکردنەوەی کارتی بانگەواز و سەردانی
لایەنەکاندا بەشداریی بکەیت، بۆ نەھاتی و پێمانبلێیت "ئەوە چی دەکەن
لەم ناوە، بۆ ناڕۆن" و بەخۆت کارەکانت ئەنجامبدایێین؟ ھەستمکرد، قوڕگی
پڕ بوو لە گریان و نەیتوانی وەڵامبداتەوە، ھەرچەندە مەبەستم
بریندارکردنی نەبوو و تەنیا مەبەستم وەڵامدانەوەی سکتاریزمی
ڕێکخراوەکەی بوو، کە لەو کاتەدا و لەو شوێڼەدا وای لیکردبوو، کە ئاوا
بەرخورد بە ئـێمە بکات، لەتەک ئەوەشدا پەشیمانبووم لەوەی کە
وەڵاممداوەتەوە و بە پرسیارەکانم تەنگەتاومکردووە.
پاش کەمێک ھۆڵی مەراسیمەکە لە ھاتنی ژنان و پیاوان بەدەم بانگەوازەکەوە،
جمەی دەھات و جێگە نەدەبووەوە و کەسانێک لەبەرە نەبوونی جێگە، ناچار لە
دەرەوەی ھۆڵەکە وەستابوون، مەراسیمەکە دەستیپێکرد و وێڕای ئەوەی کە
زۆربەی کارەکان و ئامادەکارییەکان و لێپرسراوەتییەکان ئەندامانی بەشی
ئاشکرای ڕێکخراوەکەی ئێمە لە ئەستۆی گرتبوون، بەڵام لە کۆمیتەی مەراسیم
و لە دەستەی پێشکەشکردنی مەراسیمەکەدا، رێکخراوە ھاوخەتەکانی دیکەمان
بەشدارکردبوون، کەچی سەرەرای ئەوەش یەکێک لە ئەندامانی ڕێکخراوەکەی
دیکە (ھاوڕێکخراوی ئەو خاتوونەی کە پڕتوبۆڵەی بەسەر ئێمەدا دەکرد) ھەلی
قۆستەوە و بە ڕاوەشاندنی بانگەوازی مەراسیمەکە، کە کارتێکی
نیوەلاپەڕەیی بوو و ناوی رێکخراوەکەی ئێمەی لەسەر بوو، وتی " میوانە
بەڕێزەکان ئەمە دەبین، ئەمە ھی کۆمیتەی مەراسیم نییە و ئەو ڕێکخراوە
ناوی خۆی لەسەر داناوە".***
لەم ساتەدا ھەڵوێستێکی زۆر جوان و ناسکتاریستانە و لێپرسراوانەم لە
ھاوڕێیانی خۆمان دیت و وێڕای ئەم ھەوڵە سکتاریستی و شێوێنەرانە،
ھاوڕێیانی ئێمە بە وتار و چالاکییەکانیان ھەستان و ھیچ بارگرژییەکیان
دروستنەکرد. ھەڵبەتە مەبەستم ئەوە نییە، کە بڵێم ڕێکخراوەکەی ئەو کاتی
ئێمە سکتاریست نەبوو، نا تەنیا مەبەستم ساتەکانی ئامادەکاری و بانگەواز
و پەخشکردنی پلاکارت و کارەکانی دیکەی مەراسیمەکەیە، کە زۆربەی لە
ئەستۆی ئێمە بوو، ئەوکات ڕێکخراوەکانی دیکە، ھەرچەندە بۆ دەزگە
سیخوڕییەکانی پارتەکانی بەرەی کوردستانی و ڕژێمی بەعس شاراوەنەبوون،
بەڵام لەبەرامبەر ئێمەدا خۆیان بە نھێنی دەزانی و ئاوا خۆیان نیشاندەدا.
٨ی مارسی ١٩٩٣، باخچەی گڵکەند، یەکەم کۆبوونەوەی
پێکھێنانی کۆمیتەی مەراسیمی ڕۆژی جیھانی ژنان.
ھەر وەک ساڵی پێشوو لەنێوندی ڕێکخراوە چەپەکان و چالاکانی ئەو
ڕۆژگارەدا، کەوتینەوە خۆ بۆ ئامادەکاریی و ھەڵخراندنی جەماوەریی بۆ
مەراسیمی ٨ی مارسی ١٩٩٣. یەکەم کۆبوونەوەمان لە باخچەی گڵکەند لە
پێشنیوەڕۆی یەکێک لە ڕۆژەکانی کۆتایی وەرزی زستاندا بوو، کۆمەلێک
کۆبووینەوە. لێرەدا بەپێی لەبیرمان و ناوەکانی ئەو کاتیان کە من
دەمناسین، ئەم کەسانە بەشداربوون ؛ ھاوڕێیان نەزمیە، شاناز، عەزیمە،
مەمەخان، ئەختەر حەسەن، چنار حەسەن، کاوە حەسەن، سیروان عەلی، د. ئەمین،
جەمال کرێکار، شاپوور عەبدولقادر، قابیل عادل، ھیوا محەمەد، ئارام عەلی،
یوسف (جەعفەر عەلی)، بەختیار (ھۆنەر)، بەختیار (کرێکاری کارەبا)، ھیوا
کەریم، سۆران کەریم، ڕێبوار مدحەت، گۆران عەبدوڵڵا، ئاکو محەمەد عەلی و
..... بەداخەوە من ھەر ئەم ھاوڕێیانەم لەبیرن، ھیوادارم ھاوڕێیانێکی
دیکە بە سەرنج و پەیام ناوی ھاوڕێیانێکی دیکە، کە من لەبیرمچوون،
بنووسن، تاوەکو لە تازەکردنەوەی ئەم یادەوەرییەدا ناوەکانیان زیادبکەم،
ھەروەھا داوای لێبوردن دەکەم، کە ناوەکانم بەو جۆرە نووسیون، کە ئەو
کات پێی ناسراون، نەک بەو جۆرەی کە بەخۆیان لە ڕاستیدا ناویان چیبووە و
ئێستا چ ناوێکیان ھەیە].
پاش ئەوەی مشتومڕ لەسەر چۆنیەتی دابەشکار و دروشم و بەشەکانی بەرنامەی
مەراسیمەکە و لەپێش و پاش دانانی وتاری ڕێکخراوە ڕامیارییەکانی ئەو کات
( ڕەوتی کۆمونیست، خەباتی کۆمونیزمی کرێکاری، ھەستەی کرێکار)، کرا،
دەستەکانی (لێژنەکانی) کارکردن و ئامادەکاری دیاریکران و من وەک
ھاوڕێیانی دیکەی (شققە)، ھەم لە دەستەی پاگەندە و ھەم لە دەستەی
ھونەرییدا بووین. ھەڵبەتە ئەو ساڵە بڕیاردرا ژنانی ئامادە لە
کۆمیتەکەدا بەخۆیان بە بڵاوکردنەوەی پۆستەر و کارتی میوانداری
مەراسیمەکە ھەستن و ئێمە ھاوڕێیانی شققە (مامە کەریم، ڕێباز کەریم،
ڕێبوار میدحەت، سۆران کەریم، ھیوا کەریم و ئاکۆ محەمەد) و ھاوڕێ سیروان
عەلی و ھاوڕی فایق سەعید، دووراودوور چاودێری و ئاگادارییان بکەین،
نەکا ڕووبەڕووی توندوتیژی پیاوانی دەسەڵات و گروپە ئیسلامییەکان ببنەوە.
ھەر لە کۆتایی ئەو کۆبوونەوەدا بوو، کە من لەتەک ھاوڕێیانی ژنانی نێو
کۆمیتەکەدا پێشنیاری ئەوەم کرد، ئەم مەراسیمە وەک ھەلێک بقۆزنەوە و
کۆمیتەی ئامادەکار و ڕێکخەری ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان، ڕابگەیێنن، بەڵام
بەداخەوە ئەم پێشنیارەی من وەک زۆربەی پێشنیار و دەستپێشخەرییەکانی
دیکەی من لە ماوەی نێوان ئۆگوستی ١٩٩٢ و جولای ١٩٩٣دا، لەلایەن
سەرپەرشتیکاری بەشی ئاشکرای ھەولێری (ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمونیست)ەوە وەک
دژایەتییەکی کەسیی بەرامبەر بە ئامادەبوونی من لە ھەولێر، ڕەتکرایەوە.
سەرلەبەیانی ڕۆژی ٨ی مارس، ھۆڵی ڕۆشنبیری لە ھەولێر، کۆمەڵێک لە
ھاوڕێیان خەریکی پڕۆڤەی سروودەکان بووین، یەکێک لەو ھاوڕێ ژنانەی کە
بڕیار بوو، پێشکەشگەری بڕگەکانی مەراسیمە بێت، بانگی کردم و وتی ھاوڕێ
من ناتوانم ئەو کارە بکەم. زۆر پەرێشان بوو و گوڕگی پڕ بوو لە گریان.
براکانی فشاریان خستبووەسەری و ھەڕەشەیان لێکردبوو، کە نابێت ئەو کارە
بکات. زۆر پەرێشان و دڵتەنگ بوو. بۆ من دووبارەبوونەوەی ھەمان
ئەزمووونی پارساڵی مەراسیمی ٨ی مارسی سلێمانی بوو، ھاوڕێیانێکی ئاوا
خۆبەخش و فیداکار و چالاک لەلایەن باوک و براکانییانەوە فشارێکی
دەروونی زۆریان دەخرایەسەر . ھەرچۆن بوو، گرفتەکەمان چارەسەرکرد و
ھاوڕێ شلێر ڕەشید، ئەو ئەرکەی لە ئەستۆگرت، ھەرچەندە خەمی ئەو
ھاوڕێیەمان باڵی بەسەر زۆرێکماندا کێشابوو، بەڵام بە توانا و ئامادەیی
ھاوڕێ شلێر بڕگەکانی مەراسیمەکە بە سەرکەوتوویی پێشکەشکران.
وەک ھەموو مەراسیمێک، کە ئێمە لەو بوارەدا وەک کەسێکی شارەزا و
پیشەییمان لێھاتبوو، بەخۆشییەوە لە ھەوشەی ھۆڵەکەدا لەتەک کۆمەلێک
خوێنداکاری زانکۆ و پەیمانگاکان قسەوباسمان دەکرد و لەتەک ھاوڕێ (عەزیمە)
قسەمان لەسەر پەیوەندی ڕێکخراوەیی و چۆنیەتی پێشکاریی و ئامادەکارییمان
بۆ ڕێکخراوی ژنان دەکرد، کە بە بۆچوونی من ماتریاڵی وەھا ڕێکخراوەیەک
لە ئارادابوو، تەنیا لەسەر بڕیاردان و لێبڕاویی خودی ھاوڕێیانی ژن
وەستابوو، ھەڵبەتە من یەکێک بووم لەوانەی کە دژی وابەستەیی ڕێکخراوە
جەماوەرییەکان بە ڕێکخراوە ڕامیارییەکانەوە بووم، چ ئەوسا و چ ئێستاش.
لەو ساتەدا لێپرسراوی بەشی ئاشکرای ڕێکخراوەکەمان ھەستی بەو
نزیکایەتییەی من و ئەو دەستەیە لە ژنان کردبوو و یەکسەر یەکێک لەو
ھاوڕێیانەی بانگکرد و پێیوتبوو، ئەگەر دەتەوێت پەیوەندەی بە ڕێکخستنی
ڕەوتی کۆمونسیتەوە بکەیت، ئەوا ئەو (لیپرسراو/خۆی) کەسی دیاریکراوی ئەو
کارانەیە و من (نووسەری ئەم دێڕانە) ئەو ئەرکەم لە ئەستۆ نییە. ھەڵبەتە،
[ھەرچەندە شتەکە ئاوا نەبوو و رێکخراوەکەمان، ئاوا نەبوو و تەنانەت
خودی لێپرسراوانی رێکخراوەکەش ھیچ وێنایەکی دروست و ھێڵ و سەرخەتی
ڕێکخستنی رێکخراوەییان نەبوو و (خوداوەکیلی) کاریاندەکرد و کارەکان
بەرەو پیشەوە دەچوون [لە شوێنێکی دیکەدا بە وردی بە بەڵگەوە لەم بارەوە
دەدوێم] من بەو ھاوڕێیەم وت، ئەو شتە وانییە، بەڵام بەخۆت چیت پێخۆشە
ئاوابکە .. و لەتەک کۆمەلێک خوێنکار ، کە خەڵکی کۆیە و دوکان و سلێمانی
و ھەڵەبجە و ھۆرامان بوون؛ لەوانە پەخشان ھۆرامی، جوان حەمەعارف ھۆرامی،
عەلی ھەڵەبجەیی، توبا، یەک دوو ھاوڕێی دیکە و ھاوڕێ عەبدولقادر دوکانی
[ئەگەر ناوەکەیم بە دروستی لەبیرممابێت]، لەسەر قسەوباس لەمەڕ ڕێکخراوی
سەربەخۆی خوێندکاران، کە پێشتر من لەتەک کۆمەڵێک خوێندکاری سەر بە
پارتی کۆمونسیتی عیراق و کوردستان (حشع و حشک)، کە دواتر ھەندیکیان
بوون بە پارتی کاری سەربەخۆ، لەو بارەوە خەریکی بۆچوونگۆڕینەوە و
پەیودندی تەنگاوتەنگ بووین، لەو کاتەدا ھاوڕێ ھیوا کەریم (کەرکووکی)
ھات و وتی "جەماعەت لە پشتەوەی ھۆڵەکە خەریکی وێنەگرتن و تۆمارکردنی
ڤیدیۆن، وەرە با ئێمەش بڕۆین"، من وتم بمبوورە، خەریکی قسەوباسین و
ئەمەیانم پێ گرنگترە.
ئەو ڕۆژانە، شتێک بووبووە مۆدێل و لە کۆتایی ھەموو مەراسیمێکدا کۆمەڵێک
لەوانەی کە ڕۆڵی "حازرخۆری سفرەدڕ"یان دەبینی و لە ئەنجامدانی
کاروبارەکانی وەک پۆستەھەڵواسین و بانگەوازکردن و ئامادەکاری ھونەریی و
پەیوەندیگرتندا ھیچ ڕۆلێکیان نەبوو و تەنانەت ماڵەکانیشیان لە ئێمەی
ھاوڕیانیان دەشاردەوە و تەنیا ڕۆژانی کۆببوونەوە و مەراسیمەکان بە قات
و بۆیباخە گرانبەھاکانیانەوە دەردەکەوتن، لە کۆتایی فیلمی
مەراسیمەکاندا، خەیکی وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤێدیۆ دەبوون. ئێمە کە
زۆربەی کارەکانمان لەسەرشان بوون و زۆربەی کات ڕووبەڕووی ھەڕەشە و
مەترسی گروپە ئیسلامییەکان و ئاساییش و میلیشیای پارتەکان دەبووینەوە،
ئاگامان لە ھۆکاری ھەڵپەی ئەو وێنەگرتنانە و خۆخزاندنە ڕیزی پێشەوەی
ھۆڵەکان نەبوو و نەماندەزانی بۆچی ئەوەندە گرنگی بەو شتانە دەدەن.
بەڵام چەند مانگی نەخایاند و نھێنی ھەڵپەی وێنە و ڤیدیۆگرتنی پشت ھۆڵی
مەراسیمەکانمان بۆ دەرکەوت... .
ئۆکتۆبەری ١٩٩٣ کاتێک کە بەرەو تورکیە سەری خۆم ھەڵگرت و لەتەک
ھاوڕێیەکی خەڵکی سلێمانی گەییشتینە ئانکارا، بەبۆنەی ئەو ھاوڕێیەوە، کە
ھێشتا ئەو ئەندامی پارتی تازە دروستکراوبوو، ئەندامانی (حککع)
بەدیاریکراوی لێپرسراوی پەیوەندییەکانی ئەو پارتە، کە پێشتریش
لێپرسراوی پەیوەندی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمونست و کۆمیساریای باڵای
پەنابەرانی یوئێن بوو لە ئانکارا، پەزیراییەکی زۆرگەرمییان لێکردین، کە
دەڵێم لەبەر ئەندامبوونی ئەو ھاوڕێیە و ھاوڕێیەتی پێشووی من و
لێپرسراوەکە لە سەردەمی ڕەوتی کۆمونیستدا، مەبەستم ئەوەیە، کە من پێش
پێکھاتنی ئەو پارتە ھەم لە وەڵامی نامەکەی مەنسووری حیکمەت دا و ھەم لە
ڕاپۆرتێکی ١٨ لاپەڕەییدا جیاوازیی خۆم لەتەک ئەو پارتە چێکراوە لەو سێ
ڕێکخراوەی پێشوو، ڕاگەیاندبوو، [ لەم بارەیەشەوە لە شوێنی دیکەدا دەچمە
سەر جیاوازییەکان و ھۆکاری وازھێنانم و نەچوونەناو رێزەکانی ئەو پارتە
دەخەمەڕوو].
بەڵێ ھاوڕێی لێپرسراو [بەداوی لێبوردنەوە لێرەدا ناوی ناوھێنم، نەکا
خۆی پێیخۆشنەبێت] وتی "ئایا وێنە و ڤیدیۆی بەشداری مەراسیمەکانتان
لەتەک خۆتاندا ھێناون؟" منیش یەکسەر پرسیم، بۆچی؟ لە وەڵامدا وتی "
لێرە زۆر بەکەڵکن، ئەو ھاوڕێیانەی کە تا ئیستا ھاتوون، ئەو شتانەیان
داون و سوودیان لێوەرگرتوون، مەگەر بە ئێوەیان نەوتووە، خۆ فڵانەکەس
(... لێرەدا ناوەکان نانووسم، چونکە نامەوێت شتەکان تا ئاستی کێشەی
کەسیی دابەزێن) ئەوە دەزانێت؟"، منیش وتم ئەوە ھیچ ئێمە ئاگاداری ئەو
شتانە نین و قەد گرنگیشمان بەو شتانە نەداوە، بەڵام بەخۆت نازانیت،
فڵانەکەس بەرامبەر من، ھەموو ناکۆکییەکی بۆچوونیی و ھزریی تا ئاستی
کێشەی کەسیی دابەزانووە!
ئیدی لەو ساتەدا من وەک ئەکتەری فیلمێکی ھیندی، ھەموو شتەکانم ھاتنەوە
یاد و بۆم دەرکەوت قارەمانانی پشت ھۆڵ، بۆچی ھێندە ھەڵبەی وێنە و
ڤیدێگرتن و دەرخستنی ھاوسەر و خزمەکانیان بوون و زۆریان بەلاوە
مەبەستبوو! [لێرەدا مەبەستم لە گێڕانەوەی ئەو شتانە، تەنیا دەمامکلادان
بوو، لە ڕووی ھەوڵی کەسانێک، کە ھەم ڕێگربوون و ھەم سەرمایەگوزاریی
کەسییان لەسەر پرسەکان دەکرد.
ئێستا پاش نزیکەی دوو دەھە ئەزموونگیری و وردبوونەوە، لە ئەزموونەکانی
خۆم لە مەراسیمەکانی ٨ی مارس و مەراسیمەکانی دیکە و بەراوردی ھەڵوێست و
دەربرین و کارکرد و بیرکردنەوە و ھەوڵی چالاکەکانی ئەو سەردەمە
بەتایبەت ھاوڕێیانی ژن دەدەم، ئەم شتانەم لەلا گەڵاڵە دەبن :
- ھاوڕێیانێکی ژن، کە ئەو کات چالاک و دەرکەوتە بوون، بێجگە لە یەک دوو
کەسیان، کە لە پاش دروستبوونی رێکخراوی سەربەخۆی ژنان کەوتنە ھەوڵی
خۆسەپاندن و گێڕانی ڕۆلی لێپرسراو و پێگەخوازیی، ئەوانی دیکە، بەتایبەت
ئەوانەی کە وەک ئەندامی کۆمیتەی مەراسیمی ٨ی مارسی ١٩٩٣ لە ھەولێر
ناومھێناون، کەسانی لەخۆبوردە و خۆبەخش و دڵسۆز بوون و ھیچ بەلایانەوە
گرنگ نەبوو، ناویان ھەبێت یا نا.
- گیانی ھاریکاری و ھاوخەباتی و ھاوڕێیەتی و باڵی بەسەر ھەموواندا
کێشابوو و زۆرێک تەنانەت خۆیان لەبیرکردبوو، ھەرچەندە وەک وتم ئەم
خۆلەبیرکردنە و توانەوەیە لە بزووتنەوەکەدا لەلایەن کەسانی پێگە و
ناوبانگخوازەوە قۆسترابووەوە و سەرمایەگوزاری کەسیی و ڕامیاریی لەسەر
دەکرا.
- بەڵام داخەکەم، ھەرچەندە دەربرینی ئازاردەرە، بەڵام خستنەڕووی
ناچارییە و ئەرکی مێژوویی ھەر یەکەمانە بەرامبەر بە نەوەکانی داھاتوو،
کە پێیانڕابگەیێنین، لەم ڕۆژگارەدا ساڵیادی ٨ی مارس بۆ ژنانێکی توشبووی
نەخۆشی ڕامیارییبوون و فێمینیزمی دەسەڵاتخواز، بووەتە ڕۆژێک بۆ
خۆنوواندن و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و خستنەڕووی پلەوپایە و
ئارەزوویان بۆ دەسەڵات و سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی لەسەر خەباتی ڕەوای
ژنانی ئازادیخواز. لە ڕاستیدا نووسینەوەی ئەم یادەوەرییانەی منیش ھەر
بەو ئامانجەیە، ژنانێکی چالاک، کە لەو ڕۆژگارەدا بە خوێن و وزە و
ڕۆژەکانی لاوێتی و سەردەمە پڕ مەترسییەکان و نەبوونی و ھەزار و یەک
دەردیسەری و فشار و ھەڕەشە و سووکایەتی خێزانەکانیان، دەنگیان بەڕووی
نایەکسانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی و یاساییدا دەردەبڕی و لەو پێناوەدا
ئامادەی گیانبەخشین بوون، بیانھنمە قسە، تاکو بە ژنانێکی دەسەڵاتخوازی
ڕەدوکەوتووی فێمینیزمی بۆرجوازی بڵێن " شێواندنی مێژوو بەسە، دەمتان
داخەن و بڕۆن خەریکی ڕامیارکردن و بەدەستھێنانی پلەوپایە و خۆشگوزرانی
کەسیی خۆتان بن، بەرۆکی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان لەپێناو
کۆمەڵگە و جیھانێکی یەکسان و دادپەوەر، بەردەن!"
دواڕستە، داوا لە ھاوڕێیانی ئەو سەردەمە چ ژنان و چ پیاوان، بەتایبەت
ئەوانەی کە ناومھێناون، ئەگەر ھەڵەیەک لە ناوەکانیاندا ھەیە، ئەگەر
ھەڵەیەکم لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان و ئەگەر کەسێک پێیوایە، من ویستوومە
مێژوو بشێوێنم، با دەربەستانە و بە لێپرسراوەتی مێژووییەوە خامەکەی
بگرێتەدەست و ناڕاستی یا ھەڵە و لەبیرچوونەوەکانی من ڕاسیبکاتەوە.
چۆنکە بۆ من، یەک شت بنەمای کار و ھاندەرمە، ئەگەر ئێمە چالاکانی ئەو
ڕۆژگارە و ئەمڕۆ، بە نووسینەوەی ئەو لاپەڕە لەبیرکراو و تاڕادەیەک
شێوێنراوانەی دەھەی نەوەد، کە بنەمای ھەموو سەرھەڵدانەکانی ئەمڕۆ و
داھاتووشن، ھەڵنەستین، ئەوا لەبەردەم مێژوودا بەرپرسیار دەبین، چونکە
کەم نین ئەوانەی کە خەریکن سەرمایەگوزاری ڕامیاریی لەسەر بێدەنگەکردنی
ئێمە دەکەن! ھەروەھا بە بۆچوونی من، ڕزگاریی ژنیش وەک ڕزگاریی ھەر
تاکێکی دیکە، لە گرەوی خۆبیرکردنەوە و خۆرێکخستن و خۆھوشیاریی و
خۆھەوڵدان بۆ سەپاندنی یەکسانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی و مافیی خۆی لە
ڕێڕەوی بزووتنەوە کۆمەڵاتییەکانی دژی نایەکسانی و ناداوەریی و
سەرکوتدایە، ھەر بەو شێوەی، کە ڕزگاری ھەر مرۆڤێک لە گرەوی خەبات و
دەربەستیی خۆیدایە بۆ ئازادی!
______________________________
پەراوێز:
*
مەبەستم لە ئایدیالیستبوونی مارکسیزم، ئەوەیە، کە زۆرینەی
سۆشیالیستخوازەکانی ئەو کات و کۆمونیستەکانی ئێستای ھەرێمی کوردستان،
بەو جۆرە لە کۆمونیزم دەدوێن و دەڕوانن، کە بیردۆزیی (کارل مارکس)ە و
پاشرەوانی ئەو پەرەیانپێداوە و دەبێت کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ئەو
بیردۆزانە بەرەو کۆمونیزم بڕوات، ھەروەک چۆن لە ئایینەکاندا سەرەتا ھۆش
(خوا) ئامادەیە و پاشان بەھەشت دەئافرێنێت، واتە لە ھۆشەوە مادە و
کردار و گۆڕان دەستپێدەکەن. ڕێک بە پێچەوانەی ئەوەوە، کە مێژووی
نیشانیدەدات، ھزری کۆمونیستیی لە ھەموو سەردەمەکاندا ھەبووە و خەبات و
ئەندیشەی تاک و کۆمەڵە یەکسانیخوازەکان مامانی لەدایکبوونییەتی،
قسەکەرانی ئەو بزووتنەوەیە، تەنیا ڕۆڵیان تێڕامان بووە لە مێژووەکەی و
پێداچوونەوەی ئەزموونەکانی.
**
دەزانم لەتەک خوێندنەوەی یەکەم دێری یادەوەرییەکانمدا، ئەو پرسیارە
لەلای خوێنەر دروستدەبێت، مەگەر تۆش خەریکنیت، خۆت بناسێنێت؟ لەوەڵامدا
تەنیا دەتوانم بڵیم، نەخێر، چونکە؛ یەکەم وەک کەسایەتی خۆم بە
سوپەر-مرۆڤ نەناساندووە و دەمەوێت دژایەتی بیرۆکەی ڕابەرایەتی بکەم،
دووەم، دوو شت بوونەھاندەری ئەم بابەتەم، ئەوەی کە ژنان و پیاوانێک
پەیدابوون، خەریکن تاوانی کۆمەڵێک ژنکوژ کە برواناکەم لە ئاستی
کۆمەڵگەدا ڕێژەیان بکاتە لە سەدا/یەکی ھەژماری پیاوان، بەسەر شانی
زۆربەی پیاواندا دەدەن، کە من بۆ خۆم بەپێی ناسینی نزیکم لە زۆرێک لەو
ژنانە، کەسانیکن، کە بەخۆیان ئەزموونێکی تاڵ یا شکستخواردووی
ھاوسەرییان ھەیە و پیاوەکانیش کەسانێکن، کە ھەموو ئامانجیان خۆنواندن و
فریودانی ژنانە و دەیانەوێت لەو ڕێگەوە ڕاوەژن بکەن. لێرەدا نە مەبەستم
ژنانی ئازادیخوازە و نە پیاوانی یەکسانیخواز، بەڵکو ئەوانەن، کە یەکەم
تاوانی کەمینەیەکی ھەرە کەمی پیاوان بەسەر شانی ھەموو پایواندا دەدەن و
دووەم، دەیانەوێت ستەم و ھەڵاردنی ژنان لە ستەم و ھەڵاواردنی کولتووری
و ڕامیارییەوە، بکەن بە ستەمی پیاوان لەسەر ژنان، کە بەمەش دەیانەوێت
لاقی کولتووری بۆگەنکردووی نەتەوەکەیان و ڕۆڵی یاسا و سەروەری بۆرجوازی
نەتەوەکەیان لەو لیتاوەدا دەربکێسن، کە بۆ ژنانی کوردستانیان
گرتووەتەوە.
***
مەبەست لە گێڕانەوە و دوان لەسەر ڕەفتاری ئەو ئەندامەی ڕێکخراوەکەی
دیکە، تەنیا بۆ نیشاندانی ئامانجی ڕێکخراوە ڕامیارییەکانە لە مەراسیمی
٨ی مارس، کە دەیانەوێت بیکەنە ڕۆژی پاگەندە بۆخۆیان، بەڵام ئێمە
ئەندامانی خوارەوە، زۆر نائاگابووین لەوە و وەک سەربازێکی نائاگا "فی
سبیل اللە" خزمەتمان بە ڕابەربوون و حەزە کەسییەکانی ئەندامانی سەرەوە
دەکرد.
مارسی
٢٠١٣
ماڵپهڕی ههژێن
|