په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٥\٢٠١٤

یادی سەردەشت عوسمان

رۆژی وەستانەوەیە لە دژی سەرکوت و تیرۆر لە کوردستان!

 


چوار ساڵ لەمەوبەر، لەنێو جەرگەی شاری هەولێر و لەبەر دەم کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سلاحەددین، بە رۆژی رووناک و لەبەرچاوی خەڵکی شار، خوێنکاری زانکۆ و رۆژنامەنوسی بوێر ( سەردەشت عوسمان ) بە پیلانیکی پیشوەخت داریژراو لەلایەن تاقمێکی چەکدار بەزۆر راپێچی نێو سەیارە کرا و رفێندرا. دوایی ڕۆژێک لە شوێنبزرکردنی لە رۆژی( ٥-٥-٢٠١٠) لاشەکەی بەبێ گیانی لە شاری موسڵ دۆزرایەوە و بەگوللەیەک لەنێو دەمی تیرۆر کرابوو.

تیرۆری رۆژنامەنوسی گەنج( سەردەشت عوسمان)ی ٢٣ ساڵ، وەحشیگەری دوژمنانی دژی ئازادیی گەیاندە لوتکە. نەک ئیتر ئیدعاکانی دەسەڵاتی کوردی لەبارەی مافی مرۆڤ و ئازادیی و دیموکراسی بەتاڵ کردەوە، بەڵکو پییگوتین کە ئیتر خەون و خەیاڵ بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد و یەکسان، هێنانەدی دەسەڵاتێکی مەدەنی و دامەزراوەیی، هەوڵدان بۆ کۆتایهێنان بەگەندەڵی و نادادییەک کە لەکۆمەڵگای کوردستاندا لە لوتکەدایە، مەرگی بەدواوەیە !

سیناریۆکانی پێک هێنانی لیژنە لەلایەن سەرۆکایەتی هەریم و ئەو ئەنجامەی کە بۆ کۆمەڵگەی راگەیاند بوونە جیگای گاڵتەجاری خەڵک و ئەوەیان سەلماند کە دەسەڵاتی دادوەری و ئەمنی نەک لەژێر کۆنترۆڵی حزبدایە، بەڵکو دەسەڵاتداران دادگا و دەسەڵاتی قەزائیان کردۆتە شوێنی ناشیرن کردنی کەسانی نارازی و ئازادییخواز و جێگەیەک بۆ پاراستنی تاوانبارانی راستەقینەی تیرۆری خەڵکی ئازادییخواز. بۆیە هەر زوو ئەو سیناریۆیانە لەلایەن رۆژنامەنوسان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و چاودێرانی نیو دەوڵەتی و خانەوادەی سەردەشت و خەڵکی کوردستان رەتکرایەوە.

لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا ئەم دەسەڵاتە چەندین جاری تر دژی ئازادیی بوونی خۆی و وەستانەوەی بە دژی هیوا و ئاواتی گەنجان دووپات کردەوە ، بەردەوام ئەوەی سەلماند کە هەر هیوا و ئومیدێک بەوەی کە لە سایەی دەسەڵاتی ئەودا بکوژانی سەردەشت ڕۆژێک لە ڕۆژان سزابدرین لە خۆشخەیالیەک بەولاوە هیجی تر نیە ، بە پیچەوانەوە ئەم دەسەڵاتە تا سەرئیسقان لە دژی ئازادیی خەڵک دەوەستێتەوە و بەردەوامی بە بار و دۆخی تیرۆر و سەرکوت دەدات و تاوانبارانی سەربەخۆی دەپارێزێت . بە بینینی کاردانەوەکانی ئەم دەسەڵاتە لە بەرامبەر بە ناڕەزایەتیەکانی ئازادییخوازان و گەنجان بە تیرۆری سەردەشت عوسمان ، دروست کردنی بارو دۆخی سەرکوت و فشار هینان بۆ خانەوادەکەی ، تەقە کردن لە خۆپیشاندەرانی ١٧ ی شوبات و رۆژانی دوایی ، تیرۆر کردنی کاوەگەرمیانی و بەلاریدا بردن و سات و سەودای سیاسی بە کەیسی کاوەگەرمیانی ، بەردەوام ئەم راستیانەی لەسەر نیازی دەسەڵات بۆ خەڵکی کوردستان سەلماندەوە .

دوای چوار ساڵ لە تیرۆری سەردەشت و تەقە کردن و کوشتنی خۆپیشاندەرانی ١٧ی شوبات و تیرۆری کاوەگەرمیانی بەڵگەکان هێندە رۆشنن، کە ئەگەر دەسەڵاتێکی دامەزراوەیی و دادوەر هەبوایە، بەئاسانی دەتواندرا بکوژان و ئەوانەی لەپشتەوەی تیرۆرەکانن دادگایی بکرێن. بەڵام تا ئەو کاتەی دەسەڵاتی حیزبی و میلیشیایی و خێڵەکی و بنەماڵەیی حکوم بکات بێگومان ئەو کارە ئەنجام نادرێت و کەیسی سەردەشت و ئەوانی تر بەکراوەی دەمێننەوە و رۆژ لەدوای رۆژیش لەلایەن خەڵکی ئازادییخوازی کوردستان پێداگری زیاتر دەکرێت لەسەر داواکاری دادگایی و بەسزاگەیاندنی بکوژەکانیان و ئەوانەی لەپشتەوەی بوون. لیژنەکانی سەر بە دەسەڵاتیش کە بە نیازی بەلارێدابردن و وونکردنی بکوژانی راستەقینە لەبەرچاوی خەڵک و هەوڵی دورستکردنی سیناریۆ دادەنرێن ، لە لایەن خەڵکەوە بە بەشێکی سەرەکی لە تیرۆر و پلانگێڕی لەدژی رۆژنامەنوسان و خەڵکی ئازادییخوازی کوردستان دادەنرێن.

ئێمە وەک ڕیکخراوی سەردەشت عوسمان لە ساڵرۆژی تیرۆرکردنی سەردەشت دا، بانگەوازی رۆژنامەنوسان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، هێز و لایەنە سیاسیەکان، هونەرمەندان و خەڵکی ئازادییخواز دەکەین. بەهەڵوێست و ڕێزگرتن بە مەراسیم و کۆڕ و سیمینار یادی سەردەشت عوسمان بەرز رابگرن. وەک وەڵام بەدەسەڵاتدارانی کوردستان کە ترس و تۆقاندن ناتوانێ کۆتایی بەخەونی سەردەشت و سۆران و کاوەکان بهێنێت بۆ دەستڕاگەیشتن بەژیانێکی ئازاد و یەکسان.

سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامەحەمە و کاوە گەرمیانی، لای ئێمە رەمزی ئازادیی کوردستانن. ئەوان لەسەر نوسین و هەڵویست و بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بەدڕندانەترین شێوە تیرۆرکران. یادی ئەوان و ڕێزگرتن لە یادیان دەکەینە رۆژی وەستانەوە لە دژی ئەو زوڵم و زۆردارییە.

بەرز و بەرێزە یادی سەردەشت.
نەفرەت لە دوژمنانی ئازادیی.


رێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکیی لە ئازادیی
www.sardasht-osman.org 
serdasht.osman@gmail.com
١\٥\٢٠١٤

___________________________________

دۆسیەی سەردەشت:

www.emrro.com/dosyeyserdesht.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک