په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

یەکێتی ئاینی ئیسلامی و ئۆکتۆبەر.


عه‌بدوڵا مەحمود


یەکێتی ئاینی ئیسلامی کوردستان،لقی سلێمانی داوای داخستنی بڵاوکراوەی ئۆکتۆبەر دەکەن،چونکە ئۆکتۆبەر ناوی ئەو ماڵپەڕە دانیمارکیەی بڵاوکردۆتەوە کە وێنەکانی پەیامبەر" محەمەد"ی بە شێوەی هونەری کاریکاتێری کێشاوە.


هەرکەسێکی چاودێر بەڕوداوەکانی کۆمەڵگادا، دەتوانێ بەسادەیی نەخشی یەکێتی زانایانی! ئیسلام و یەکێتی ئاینی و شێخەکانی نەک هەر لەکوردستان بەڵکە بەشێوەیەکی گشتی لە دنیای ئەم سەردەمەدا ببینێ.


زانایانی ئێسلامی لێرە لە کوردستان بن یان لە وڵاتانی سعودییە و ئەندەنوسیا، لە میسرو کویت و بن یان بەنگلادیش مەغریب، هەڵگری یەک پەیامن.

 

 پەیامی تاریک هێشتنەوەی کۆمەڵگا، پەیامی خزمەتکاری و وەستان لەپاڵ دەسەڵات.


ئەم دەستە لە مەلا، هیچ کارێکیان نییە، لەوەی زیاتر فتوا ببەخشنەوە، حوکمی تاریکی بەسەر ڕۆشنایەکانی کۆمەڵگاو جوانیەکانیدا بدەن.


تەماشاکەن:

- مشک ئەبێ بکوژرێت چونکە پیسەو سەبازی شەیتانە، ئەمە فتوای شێخێکی سعودیە بەناوی محەمەد مونجد.


- هەموو باوک و دایکێک بۆی هەیە کچی تەمەن نۆ ساڵەکەی بەشو بدات، ئەمە فتوای شێخی مەغریب بەناوی محمەد بن عبدالرحمان.


- خواردنی زلوبیا لە ڕەمەزاندا قەدەغەیە ئەمەش فتوای شێخ محەمەد عەلی فرکوسە.


- کوشتنی خاوەن کەناڵە ئاسمانیەکان حەڵاڵە، ئەمەش فتوای شێخ ساڵح بن حەمەدە لە سعودیە.


- ئۆکتۆبەر، دەبێ دابخرێت ئەمەش فتوای یەکێتی ئاینی ئیسلامی کوردستان لقی سلێمانیە و داوایان لە وەزارەتی رۆشنببیری کردووە کە دایبخەن.

تەماشا ئەم پێنج فتوایە بکەن، ئەمانە هەموو تازەن لەماوەی کەمتر لەم مانگەدا بڵاوکراونەتەوە.


ئەم شێخ و مەلاو جەنابانە کە ئەم فتوایانەیان داوە، هەریەکەیان لە وڵات و شارێکن، یەکتری ناناسن، ڕووبەڕو یەکتریان نەبینیووە، ئاڵوگۆڕی زانستی!! دینیشیان لەگەڵ یەکتری نەکردووە، کەچی هەموو فتواکانیان لەدژی ئازادی و ئینسانیەت و کۆمەڵگایە. هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی نەخشی پۆلیسی خوا ببینن لە دژی خەڵک و کۆمەڵگاو ئازادی و جوانیەکان.


سەیر ئەوەیە ئەم جەنابانە هەموویان بەناوی موسوڵمان بوونی کۆمەڵگاکانەوە ئەم فتوایانە ئەدەن و ئەڵێن ڕاژەی خەڵکەکەمان %98 موسڵمانە، کەچی زیاتر لە %98 ئەم کۆمەڵگایانەی ئەم مەلاو یەکێتی یە ئاینیانە بانگەشەی بۆدەکەن، لێواو لێون لە نەفرەت بەرامبەر بەو فتواو بانگەشە بێناوەڕۆک و دژی ئینسانیانەی زانایان ! و یەکێتی ئیسلامیەکان و ئاخوندەکان.


لەوەش عەجایەبتر ئەوەیە هەر کەس و لایەن و ڕوناکبیرو دەستەیەکی مۆدیرن، دەست بۆ توێژینەوەیەکی زانستی ببەن کە لەگەڵ عەقڵ و چەمکی ئیسلامی سەدە تاریکەکان نامۆبێت، ئاماژەیەک بکەن بە پەیامبەرانی ئیسلام، ڕەخنە بگرن لەدین و ئەحکامە زۆروزەبەرندە خەیاڵی و خورافیەکان، پێشوازی بکەن لە ئاڵوگۆرە بەردەوامەکان کە نامۆن بە حوکمەکانی ئیسلام پەیامبەرانیان، گڕ ئەگرن و بەناوی خەڵکی موسڵمانەوە بانگەشە و فتوای تیرۆر دەرئەکەن، بەمەش نیشانی ئەدەن کە هیچ حەقانیەتێک لە بۆچون و ئەحکامەکانیاندا نییە، ئەگەر نا بۆ لوتف ناکەن و وەڵام نادەنەوە؟ بۆچی بەحەلاڵی ئەزانن هونەر دەست بەرێت بۆ هەموو ژیان و کون وکەلەبەرێکی ژیانی سیاسی و ئابوری و فەلسەفی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کەلتوری، وە هەموو کەس و فەیلەسوف و زاناکان بکاتە نیشانەی ڕەخنەو توێژینەوە، کەچی کە دێتەی سەر باسی خولەفاکانی ڕاشیدین و پەیامبەری ئیسلام ..... گڕ لەدەرونی ئاگراوی جەهەنەم ئاسایان دێتە دەرەوەو ئارامیان لێهەڵدەگیرێت. ئەڵێن ئەمە ئاخر زەمانە، ئەمە مانای کۆتایی دنیاو دەورەی دابارینی غەزەبی خوایە. ئەڵێن لە %98 خەڵکی ئێمە موسوڵمانە کەچی لەناو ئەو %98 تەنها ئەم چەند جەنابە موچەخۆرو خۆشخزمەتە بە دواکەوتوی و دەسەڵاتی باو هاواریان لێهەڵدەستێت و باقی ئۆردوی بێشوماری خەڵکی نەک بۆیان مەسەلە نییە، بەڵکە گاڵتەیان بە عەقلی ئەو دەزگاو ناوەندە ئیسلامیانە دێت کە تازە بەتازە لەدنیای ئەم سەردەمەدا بانگەشەی دەورانە تاریکەکانی ئینسان بە خورافەی ئیسلامی دەگیرنەوە.


یەکێَتی ئاینی ئیسلامی کوردستان لە دواکەیاندا بۆ وەزارەتی رۆشنبیری بۆ داخستنی ئۆکتۆبەر دەڵێن" لای هیچ کوردێک پەنهان نی یە دوژمنانی کورد چ هەوڵێکیان بۆ لەباربردنی ئەم ئەزمونەی ئەمرۆی نەتەوەکەمان لە هەریمی کوردستاندا بەدی هاتووە زۆرجار دوژمنان خۆیان روبەرومان بونەتەوەو دەبنەوە، زۆرجاری کەش بە ئەلقە لەکویکانیان پلان و پیلانەکانیان ئەخەنە گەر زۆر شتی سەیرو سەمرە ئەخولقینن بئ ئەوەی رای جیهان بگۆرین بەرامبەرمان و وەک ئەوان سەیرمان بکریین تا تیوەردان و بشیوی ناوخۆی دروست بکەن. ئەم دەستە چەپەلە ئەبی گشت لایەک بیاناسن و رۆیان بۆ میژوو رەش بکەین کە ئەیانەوی بەزمانی کوردیەوە موبەریرات بۆ بەعس و گشت دوژمنانی تۆقیو لە ئازادی کورد بدەن بەدەستەوە کە دوژمنان حەقیان بووە ئەنفال و کاری جینۆساید هەموو نارەوایەکی نادینی نامرۆیانە...هیتد کردووە." ئەمە پەرەگرافێکی نوسینەکەیانە وەکو خۆی بێدەسکاری و ڕاستەکردنەوەی هەڵەکانی"


زیاتر لە سەدا %98 خەڵکی کوردستان، دیارە ئەو خەڵکانەی تەمەنیان لەسەرو 16 ساڵیەوەیەو ئەتوانن بریاڕ بدەن و سەر لەدنیاو دەوروبەریان دەربکەن، لایان پەنهان نییە، کە ئەو ناوەندو دەزگا ئیسلامیانەی مەلاکانی کوردستانی تیا کۆبونەتەوە، لەهەموو سەردەمێکدا و لە هەموو دەوانێکدا لە کاتی دەسەڵاتدارێتی هەر لایەن و حزبێکدا، بەشێک بوون لە دەسەڵات و بەشێک بوون لە دوژمنانی سەرسەختی خەلکی کوردستان. بەشێک بوون لەهەوڵی دەسەڵات بۆ کپ کردنەوەی هەردەنگێکی ناڕەزایەتی و وەستانەوە بە ڕووی خواستی ئازادی و ڕزگاری دا. با زۆر دور نەڕۆین هیچ هەنگاوێکی وەحشیانەی بەعس لە کوردستان، بەبێ ئاگاداری مەلاو یەکیتی زانایانی! ئیسلامی نەبووە. لە تێک و پێکدانی هەزاران ئاواییەوە بگرە، تا بەخاک یەکسانکردنیان. لە ئەنفالەوە تا کیمیاباران و بێسەروشوێنکردنی دەیان هەزار ئینسان...تاد.


وە بەشاهیدی لە %98 خەڵکی کوردستان مەلاو یەکێتی زانایانی! ئیسلامی پێشنویژییان بە درود بۆ سەرۆکی گەورە سەدام حسین خوابیپارێزی دەست پێدەکرد. وە ئەوان بوون سوێدنیان ئەخوارد کە بەعس کیمیایی بەکارنەهێناوە.... تاد. کەچی ئێستا باسی نۆکەرایەتی و دوژمنایەتی ئەزمونی و دژایەتی خەڵکی کوردستان ئەدەن پاڵ خەڵکی تر.... بەڕاستی ئەمە هەر ڕووی قایمی دەوێت بۆ شێوانی ئەم حەقیقەتانە، کە تا ئێستا برینەکەی لەجەستەی ئێمە خەڵکی کوردستاندایە.


لە بەشێکی تری داخوازینامەکایان کە ئاڕاستەی وەزارەتی ڕۆشنبیریان کردووە هاتووە" ...بۆ ئەمرۆ دەرگا والا بیت بۆ دوژمنانی ئازادی بەهۆکاری نوسراوەکانی نیو رۆژنامەی ئۆکتۆبەر ژمارە 11/ لە 10/ ئەیلول/2008 کە ئەو مافانە بدەنەوە بە خۆیان سەر لەنوی کارە شومەکانی دوینی و ئەمرۆ بەسەرمان بسەپینەوە بیخەنەوە ناومان و دلی زیاد لە (6) ملوین کوردی مسولمان کە راژەی مسولمان بونی 98% کوردستانی باشورە زامدار بکەن، لە پیغەمبەرو دینی پاکی ئیسلام و حکومەتی هەریم و لەناموسی نەتەوەکەمان بدوین کە هەرگیزاو هەرگیز ئەم جۆرە نارەوایانە لە کوردستانی پر ئازادی و دیموکراسیدا جیی نابیتەوەو قبول ناکریت...." " ئەمەش پەڕەگرافێکی تری بێدەسکاری یەکێتی ئیسلامی کوردستان"ە.


سەیر ئەوەیە بەو کارنامەو مێژووە دژی ئازادییە کە یەکێتی ئاینی ئیسلامی ئێستاو ناوەکانی پێشوو کە لێیاننراوە، هەرگیز نەرمی وبەزەییان نەنواندووە بەرامبەر بەئازادی کەچی ئێستا بونەتە ئازادیخواز و ئازادیخوازیەکەشیان بۆ سەربەخۆی کورستان، یان بۆ ڕاگرتنی بێمافی خەڵکی و توێژەکانی کۆمەڵگا، بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕەخنەگرتن، بۆ ڕاگرتنی فوارەی خوێنی ژنانی قەسابیکراوی دەستی کەلتوری ئیسلامی و پیاوسالاری و تیرۆر، بۆ خزمەتگوزاریەکان، ... نییە. ئەمجارەیان بۆ داخستنی ئۆکتۆبەرە. چونکە ئۆکتۆبەر وبە هێزی چەکدارەوە لە خانەقین و قەرەتەپەو دیالەو ... سەرجەم شوێنەکانی تر بەچەکی قورسەوە وەستاوە، بۆ گێڕانەوەی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی ناسیونالستی قەومی- ئیسلامی بەسەر خەڵکی کوردستاندا. بۆ بەرگرتن بەم هێزە عەزیمە دژی خەڵکییە، ئەبێ فریابکەون.


ئەم مەلایانە کەناویان لەخۆیان ناوە زانا!! بەڕاستی نەزانن و کاسبیەکەی خۆشیان باش ناکەن، ئەگەر نا بڵاوبوونەوەی ناوی وێب سایتی ئەو هونەرمەندە کاریکاتیریستە دانیمارکیەی وێنەکانی محمەدی ئیسلامی کێشاوە، هەرچییەکی تریش کە خەڵک بیەوێت بە ئاسانی دەست هەموو کەسێک دەکەوێت، ....تاد. مەگەر ئەم جارە یەکێتی ئیسلامی کوردستان فتوای داخستن و بەکارنەهێنانی ئەنتەرینیت و سەتەلایت و موبایل... بدەن. و هەرکەسێک ئەمانەی بەکارهێنا بیخەنە بەر غەزەب و فتوای کوشتنیان بدەن.


بۆیە بەڕاستی یەکێتی ئاینی ئیسلامی لەکوردستان نەک بەم فتوایەیان هیچ قازانج ناکەن، بەڵکە بە بانگەشەکردن بۆ داخستنی ڕۆژنامەو سزادانی ڕۆژنامەنووسان و ئەم فەتوایەش کە دژی ئازادی ڕۆژنامەگەریە دەچێتە سەر کێوێک لە فتوا دژی ئازادیەکانی رابردو.


ماوەتەوە بڵێن ئەگەر بڕیار بێت کەسێک و لایەنێک بدرێتە دادگا، بەحەق یەکێتی ئاینی ئیسلامی لقی سلێمانی یە، لەسەر هیچ نا بەڵکە لەسەر ئەم داوایەیان کە نوسیوویانە حەقی لێپێچینەوەیان هەیە، یەکەم لەبەرئەوەی ئێمە بە نۆکەری وڵاتان و دوژمنانی ئیتهام دەکەن و هەرچی قسەی ناشیرین و پوخڵەواتە بەرامبەرمان بەکاریان هێناوە. دووەم بەوغەدرە گەورەیەی کە زمانی نووسینیان کردووە، شێواندویانە و ئیمە دووپەرەگرافیمان وەکو خۆی نووسیوەتەوە.

 

abdulla.mahmud@gmail.com