١٠\١٠\٢٠١٤
یەکێتی و گۆڕان
کۆمپانیای تورکەکان دەردەکەن؟

سوارە کەمال
وێرای ئەوەی ناکۆکی نێوان حکومەتی تورکیا و کوردی رۆژئاڤا مێژێنەی هەیە
، لەگەڵ ئەوەشدا پاش رووداوەکانی سووریا تونتر لە جاران کەوتنە گێڕانی
پیلاندان بۆ دژایەتی کردنیان ، بەتایبەت لە ١٩ تەمووزی ساڵی ٢٠١٢ەوە
کاتێک کۆبانێ کەوتە دەست کورد ، ئیدی حکومەتی تورک ئۆقرەی لێبرا.
یەکێک لەو ئامرازانەی حکومەتی تورکیا بۆ دژایەتیکردنی گەریلاکانی ئەو
دەڤەرە بەکاریبرد ، حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو ، بەڵگەش بۆ ئەمە
داخستنى دهروازهو سنوورهکانی رۆژئاوای کوردستانە کە لەلایەن حکومەتی
هەرێمەوە به تهلى دڕکهزى تهلبهند کراو به تهواوى داخرا.
رۆژنامەو گۆڤارو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ، ئەرشیفی تیڤی و رادیوکان جاری
زەرد نەبوونەتەوە کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان داواکاربوون حکومەتی
هەرێم دەست-هەڵگرێ لە دژایەتی کردنی کوردانی رۆژئاڤا . ئەو دەم وێرای
ئەوەی یەکیەتی شەریکە بەش و تومەتبار بوو ، بەڵام زۆرێنەیەک لە
چاودێران پارتیان بە تاوانباری سەرەکی دەبینی!
ئەوەی جێگای داخە لەمرۆدا دەرکەوت نەک هەر پارتی بەڵکو سەرجەم پارتە
بەشداربوەکانی ناو حکومەت هەر یەکەیان بەشێوازی جوراوجور هەمان کردەی
نەرێنیان بەرانبەر بە رۆژئاڤا هەیە.
چۆن؟ لە هەر کوردێکی باشووری کوردستان بپرسی بێ یەک و دوو دەڵێت کردار
شەرتە!
هەمووان دەزانین لەو دەمەوەی کوردانی رۆژئاڤا لە خۆسازدان بوون بۆ
راگەیاندنی کانتۆنەکان ، پارتی ترسی لێنیشت ، دیارە هۆکار زۆرە کە بەو
شێوەیە پارتی بێتە پێش چاو ، دوو لەوانە یەکەم لەگەل سەرهەڵدانی شۆرشی
چەکداری لە باکوری کوردستان پارتی هەڵوێستی نەرێنی بووە بەرانبەر بە
پەکەپە ، لەم ساڵانەی دویشدا لە بەر بوونی پەیوەندی پارتی بە تورکیاوە
، پەیوەندیان لەگەڵ گەریلاکان زیاتر لە جاران بێمتمانەیی و گومانی پێوە
دەبینرێت.
پرسیارە لێرەدا ئەوەیە پارتەکانی دی لە کرداردا بەرانبەر بە رۆژئاڤا
چیان باشترە لە پارتی ؟ زیاتر لە دوو ساڵە هەمووان دەزانن کە کوردانی
رۆژئاڤا پێویستیان بە کۆمەکە لە چەک و تەقەمەنیەوە بکرە تا دەگاتە
پالپشتی نێو دەوڵەتی ، ئایا بەرانبەر بەو ویستانە هەر سێ سەرۆکایەتی ،
هەرێم ، پەرلەمان و حکومەت لە ئیستادا جگە لە قسەی زڵ و مزایدەکردن
بەسەر یەکدا ، کام کردەیان ئەنجامداوە بەبەژەوەندی رۆژئاڤا بکەوێتەوە ،
ئایا جگە لە بەیاننامەو قسەی نیو ژوورە ڤێنکەکان ئەری کەس هێچی تری
بینیوە؟
دیارە سیاسەتی پارتی بەرانبەر بەوان لەوە دەرچووە رەخنەو گلەیی و
گازندە لێبکرێت ! بەڵام یەکێتی بە هەموو پێوەرێک شکستی کۆبانی لەبەر
چەندین هۆکار لەبەژەوەندیدا نیە ؛ لەوانە پەیوەندیان بە ئیران و بەغداد
نەشاراوەیە کە باشترە ، ئەو دوو دەوڵەتەش پەیوەندیان لە گەڵ تورکیادا
نەک هەر باش نیە بەڵکو لە دوو سەنگەری لەیەک جودان ، وێرای ئەوەی
ئەوانیش بەرژەوەندی کوردیان ناوێت بەڵام ناراستەوخۆ بەغدادو ئیران لە
مرۆدا کەوتنی کۆبانی بە بەرژەوەندی تورکیا دەبینن ، بۆیە ئەگەر یەکێتی
مەبەستی بێت دەتوانی هاوکارو پشتوان بێ لە کرداردا.
کەواتە خیرە کێ دەستی گرتوون تۆ بڵێت رێگایەک نەبێ بۆ هاوکاریان؟
لێرەدا بەسەرجەم ئەو حزبانە دەڵێم ئەگەر راستدەکەن دەتانەوێت فشاری سەر
کۆبانی کەم بێتەوە ، تورک لەوە زیاتر فشاریان نەخاتە سەر ، چەندین رێگا
هەنە یەکێک لەوانە فەرموون رێگای رەوانەکردنی نەوت بگرن ، ئەوەتان پێی
ناکری هەرچی کۆمپانیای تورک هەیە دەریان کەن ، ئەوەشتان پێی ناکری
فەرموو یەکێەتی و گۆران لە سنوری ئەو دەسەڵاتەی هەتانە بەو کارە هەڵسن
، دڵنیابن سەرجەم کوردستانیان پشتیوانتان دەبن ئەو کات دەبینن تورکیا
چۆن دەکەوێتە سەر چۆک.
swarekemal@yahoo.com
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|