![]()
|
زامه هه‌ميشه سه‌وزه‌كان .
به‌ندی عه‌لی
له‌تاڵی په‌رش و بڵاوی ئازاره‌كان به‌په‌نجه‌ی سوێ پرچی شيعرێ ئه‌هۆنمه‌وه له‌ژوانی و حه‌قيقه‌تا چاوه‌ڕوانی ، واخه‌ريكه به‌فری ته‌مه‌نی به‌سه‌ردا ئه‌بارێنێ
ده‌هاوارێ ئه‌ی ناخه پڕ له‌ئاخه‌کان ئه‌م كێوه به‌فری حه‌سره‌ته تاوه‌كو دێ سه‌ر له‌گوێسه‌بانه‌ی ئاسمان گيرئه‌كات و نه‌واش ئه‌گه‌ر سه‌دای نه‌بێ زۆر ئه‌سته‌مه به‌فر بڕمێ
له‌په‌نجه‌ره‌ی كڵۆمدراوی چه‌ن ساڵه‌ی هۆشتان ئه‌ده‌م ، لێم كه‌نه‌وه دێم و داوی جاڵجاڵۆكه‌ی سه‌ر ديواری چاره‌نووستان ڕائه‌ماڵم چونکه هاوڕێی بزه‌ی لێوی به‌ربه‌يان و شنه‌ی نه‌رمی بای شه‌ماڵم
عه‌تری گوڵم پێيه بۆتان ئه‌گه‌ر جارێ لێم وه‌رگرن ئه‌بنه هاوڕێی هه‌ميشه‌يی شه‌ماڵ و خۆر ئه‌گه‌ر جارێ ته‌نيا درزێکی په‌نجه‌ره‌م لێ بكه‌نه‌وه ئێوه‌ش وه‌ك من ئه‌بنه مه‌رهه‌م بۆ تيماری زامی ناسۆر
له‌دوڕيانی مان و مه‌رگا هه‌ڵمه‌كوڕمێن ئه‌م دوو ڕێیه ئه‌بێ يه‌كيان هه‌ڵبژێرين كه (مان) ته‌نيا ئه‌وه نييه دڵَ له‌لێدان نه‌كه‌وتبێ و ده‌ست و پێ و گه‌ردنيش به‌كۆت مه‌رگيش ته‌نيا ئه‌و نييه ته‌رمی یه‌کێ به‌باوه‌شی خاك سپێرين
ئه‌بێ خۆمان ئه‌سپی بڕيار لغاو بكه‌ين هه‌ر ڕێگه‌یه‌كيشمان هه‌ڵَبژارد گه‌ڕانه‌وه لێی ئه‌سته‌مه كاتێ زه‌مه‌ن وێستگه‌ی سفر به‌جێدێڵێ كێ گه‌واهی ئه‌وه‌ئه‌دا ، بێته‌وه دوا كه‌دوباره گه‌ڕانه‌وه‌ش خولی نیو بازنه‌ی به‌تاڵی هه‌مان ته‌مه
كۆرپه تازه بووه‌كانتان بشارنه‌وه با نه‌بنه نێچيری خێوه به‌شه‌ريیه‌كانی ئه‌م چه‌رخه ئه‌فسانه‌یه په‌نجه‌كانتان نينۆك مه‌كه‌ن له‌م شه‌ڕه ناچاريه‌دا ئه‌وه‌ی بێ چه‌ك دێته مه‌يدان دۆڕاوێكی نه‌شاره‌زای دێوانه‌یه
ده‌مێكه مۆته‌كه‌ی خه‌وێ له‌به‌ر چرای زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاوی شه‌وانی ته‌مه‌نمانا حيكايه‌تی پاڵه‌وانێكی تاقانه‌ی که‌س نه‌دیوی قه‌ت نه‌به‌زيومان بۆ ئه‌كات پێمان ئه‌ڵێ .. چاوه‌ڕێ بن ئێوه خۆتان ماندوو مه‌كه‌ن به‌ته‌نيا ئه‌و تيرو كه‌وانی ڕه‌هايی ئه‌فسوناوی له‌ده‌ستايه‌و هه‌ر ئه‌ويش بڕياری به‌ختی له‌ته‌وێڵ نوسراوتان ئه‌دات پێمان ئه‌ڵێ مردن حه‌قه‌و ژيان فانی ستايشی پاڵه‌وانی ئه‌فسانه‌که‌ن تاله دنيای داهاتووا ، هه‌ر يه‌كه‌تان چه‌پکه نێرگزی نه‌مريی خۆی به‌ركه‌وێ مام مۆته‌كه هه‌موو شه‌وێ له‌به‌ر چرای زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاوی شه‌وانی ته‌مه‌نمانا هه‌ر حيكايه‌تمان بۆ ئه‌كات تائه‌خه‌وين ئه‌وسا ئه‌ويش له‌سه‌ر سنگمان بۆی ئه‌خه‌وێ
زه‌مانێكه له‌زامی سه‌ختی ئاواتی دێرينه‌وه خوێن ئه‌چۆڕی ئه‌و ڕووباره‌ی به‌به‌رچاوی جيهانه‌وه سه‌ری پڕ ژاني خۆی ئه‌دا به‌كه‌نار و داروبه‌ردا له‌كارێزی ئه‌م زامه‌وه هه‌ڵئه‌قوڵێ و هه‌موو ڕۆژێ تاشه به‌ردێ ڕێی سه‌فه‌ری پێ ئه‌گۆڕێ زه‌مانێكه له پرژه‌بارانی ته‌وێڵَ گوڵی عيشق ئاو ئه‌ده‌ين و وه‌لێ ئه‌ويش هه‌ر له‌يه‌خه‌ی ملهوڕ ئه‌درێ زه‌مانێكه، په‌يامی هاوچاره‌نووسیی گوڵان ئه‌ده‌ين به‌په‌پووله‌و هه‌موو ڕۆژێ نوكی دڕکیش باڵه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كانی ئه‌ويش ئه‌گرێ
ئێمه توشی په‌تايه‌ك بووین گه‌ڵای دار هه‌ڵوه‌رێ ، ئه‌گرين نوكی دڕكيش بشكێ ، ئه‌گرين چونكه ڕقمان كوێرانه‌يه به‌زه‌ييشمان كوێرانه‌يه سۆز به‌هه‌موو بنچكه‌دارو دڕكێ ئه‌ده‌ين، له‌په‌رژينی باخی خۆمان وه‌ده‌رنه‌چن زۆرجار ئه‌ڵێم ، ئێمه ماسين له‌چه‌می ئه‌م دڵپاكيه مناڵانه‌يه‌دا نه‌بين ڕه‌نگه بمرين
ئێمه ته‌نيا به‌چاوی سۆز سه‌يری مه‌رگه‌سات ئه‌كه‌ين و چاوی هۆشمان چقڵی دڕكی تێ‌چه‌قيوه بۆيه ته‌نيا بۆ هه‌ڵوه‌رين هه‌ر وه‌ك دره‌ختێكی بێبه‌ر گه‌ڵا ئه‌گرين
له‌وه‌ته‌ی هه‌ين به‌شوێن به‌دمه‌ستێکی شێت و شپرزه‌وه‌ين ئه‌و كه گيرفانی چۆڵَ ئه‌بێ هاوار ئه‌كات ئه‌و كه‌په‌رداخی خه‌یاڵی بێ مه‌ی و بێ سه‌هۆڵَ ئه‌بێ هاوار ئه‌كات كه‌ئاهه‌نگی له‌دايكبوونی گه‌وره‌که‌ی بێ جوزه‌له‌و ده‌هۆڵَ ئه‌بێ هاوار ئه‌كات ئه‌و چی ئه‌ڵێ ، ئه‌یڵێينه‌وه ئه‌ڕوا ، ئه‌ڕۆين دێ ، دێينه‌وه به‌ڵای گه‌وره‌ش له‌وه‌دايه درۆێ ئه‌که‌ین به‌سروودی به‌ره‌نگاری و بزاڤیش هه‌ر بازنه‌يه‌كی داخراوی چۆڵَ و هۆڵه له‌وه‌ته‌ی هه‌ين له‌سه‌فه‌ر داين هه‌ڵگری هه‌گبه‌ی که‌سه‌ریش هه‌مان كۆڵه .
|