| 
			١٦\٤\٢٠١٧ 
			   
			
			زەنگیانەی ئاویی. 
			        
			- رستی 
			چوارەم -
			 
			 
			فەتاح حەسەن 
			 
			گومان.بڵێی، من و تەنیایی
 عاشق و مەعشوقی یەك نەبین؟
 چون..
 دڵم دەگوشرێ
 کە، یەکێك دەیەوێت
 تەنیاییەکەم لێتێكبدات.
 
 سەرپشک بە.
 زەردەخەنە
 بێدەنگی.. ماچ،
 لەمانە، کامیان، هەڵدەبژێری؟
 من بۆخۆم..
 سێیەمیان.
 
 درک و گوڵ.
 ئای، کە گوڵم دا
 بە کەسانێك..
 کە، درکیشیان نە دەهێنا
 وەلێ چیبکەم
 ئەمن ئاشقی گوڵم.
 
 هەڵوەدا.
 کێیە خاوەنی ئەو خەمەی
 هەرچی مەیی مەیخانەیە
 پێك لەسەر پێك فڕی بکا
 بەدوی ئەودا
 هەڵوەدایە لە بۆ پێکێ..
 دەسا با بێ
 دوا پێکی.. ئەمن، فڕبکا.
 
 خۆزگەم بە خۆت.
 تۆ خۆتیت، خۆ، من نیت
 تۆیەکی لەپێکەوتوو
 بەدارشەقی بن هەنگڵت
 سەما دەکەیت،
 منیش بە دوو قاچەوە،
 لە سەما کەوتووم.
 
 تکایە.
 هەرکات مردم
 ئەگەر بەگۆڕا راگەیشتم
 بەردی کێلەکەم، با سووك بێ
 با، نێژەرانم ماندوونەبن.
 
 تیادامان.
 هەرگیز وەك ئەمشەو،
 تەنها نەبووم..
 وا هەست دەکەم
 تەنیایی ئەمشەو، دەمخنکێنێ.
 تیاداماوم،
 نازانم یەخەی کێ بگرم؟!
 ئەگەر رۆژم نەکردەوە
 هەرگیز لەوە نابورم،
 تەنهای کردم..
 گەر، خۆشم بم.
 
			
			______________________________ 
			رستی
			سێیەم:
			
			
			www.emrro.com/zengiyaneyawiy3.htm 
			رستی
			دووەم:
			
			
			www.emrro.com/zengiyaneyawiy2.htm 
			رستی یەکەم:
			
			
			www.emrro.com/zengiyaneyawiy1.htm
			 
			  
			دانیمارك 
			/ ڤالبی 
			
			ماڵپەڕی فەتاح حەسەن 
			  
			  
			  
			  |