په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٧\٢٠٢٠

زنجیرە چاوپێکەوتنێکی وێژەیی و هزریی لەگەڵ سمکۆ محەمەد:

 

مۆدێرنە ئازادی و عەقلانیەتی

بۆ بەرھەمھێنانی توندڕەوی ئیدیۆلۆژی بەکارھێنا.


ئامادەکردنی: عەباس جەمیل جێماو

- بەشی یەکەم -


بۆ ھەر چاوپێکەوتنێکی نووسەر و رۆناکبیر سمکۆ محەمەد، لەئەنجامی دیداری دۆستانەمان، ھەوڵمداوە وەک دەرفەتێک چەند پرسیارێکی ئاڕاستە بکەم و ھەر جارەو بەشێکی دانیشتنەکەمان بۆ قسەکردن لەسەر تەوەرێک تەرخان بکەین، کە بەنیازم لە ئایندەیەکی نزیکدا وەکو پڕۆژەیەک لە دووتوێی کتێبێکدا بەچاپیان بگەێنم، کە دەربارەی بابەتی ھزر و وێژە و رۆشنبیرین، بەو پێیەی تا ئێستا خاوەنی سەدان وتار و نزیکەی بیست کتێبی وێژەیی و ھزری و رامیاری. تاد.
بۆیە بۆ ئەم بەشەی چاوپێکەوتنەکەمان ھەوڵمداوە ھەندێ پرسیاری سەرەتایی لەبارەی مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنەی لەتەکدا بووروژێنم، بەمەبەستی زیاتر بەرچاوروونی خوێنەر لەمبارەوە.

 

پرسیار: مۆدێرنە وەک چەمکێک،دوای ھاتنی رۆشنگەریی،فاکتەرێکیش بۆ تێکشکاندنی کلاسیزم، بۆیە تا گەیشتنی بەم سەردەمە پرسێکی زیندوو بووە، ئایا ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی ئەم چەمکە بۆچی دەگەڕێتەوە؟


سمکۆ محەمەد: بالەوێوە دەستپێبکەم کە مۆدێرنە چەمکێکی کۆمەڵناسییە، چونکە لەبەرامبەر ھەموو کولتوورێکدا رادەوەستێت و ھەڵیدەلوشێت، مەبەستەکەش لەرووی فۆرمەوە بۆ نووێکردنەوەی کولتوور و سیاسەت و تەلارسازی و ئەدەب و مۆزیک و تەکنیکی نوێ بوو، بەڵام تائەوکاتەی رەتکرایەوە لەنێو فکردا کە ژان بوردیار سەرمەشقیان بوو، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە مۆدێرنە سەرەتا ئامانجێکی دیکەی ھەبوو، دواتر بوو بە چەمکێکی جیھانی بۆ ھەموو کایەکان و ئامانجەکەشی پێکا، پاشان دژەکانی سەریانھەڵدا.


پرسیار: باشە کاتێ مۆدێرنە دەبێتە چەمکێکی جیھانی، ئایا رۆشنبیری کورد تاچەند توانیوێتی کەڵک لەم چەمکە وەربگیرێت و لەکوێیدا خۆی بینیوەتەوە؟


سمکۆ محەمەد: ئەم چەمکە لەنێو کورددا نیو ھێندەی نەتەوە و ئەو کۆمەڵگەیانەی کە خاوەن رۆشنبیری ناسراون موناقەشە نەکراوە، بەڵام یەکێک لەو ھۆکارانەی کە لەپشت چەمکەکەوە راوەستاوە و زەمینەی بۆ موناقەشەکردنی جددی سازکردووە، ئەوەیە کە مەبەستێکی عەقڵخوازانە و پێشکەوتووخوازانەیە بۆ کۆمەڵگە بەتایبەتی، لەکاتێکدا کورد ھێشتا لەدەرەوەی بازنەی ئەو مێژووەیە کە مۆدێرنەی بەرھەمھێنا.


پرسیار: بابگەڕێینەوە سەر ئەسڵی پرسیارەکە، کە باسەکەمان لەسەر ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی چەمکی مۆدێرنە بوو، بۆ چی دەگەڕێتەوە بە دیدی ئێوە؟


سمکۆ محەمەد: زۆر باشە، مۆدێرنیزم کەبوو بە ئاراستەیەکی فکری، دەورێکی گرینگی ھەبوو لەبواری سیاسەت و رۆشنبیری کە جگە لە کایەکانی دیکە، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی بگۆڕێت لەگەڵ ھەلومەرجی ژیاندا، یان لەرێگەی کەرەستەی تەکنۆلۆژییەوە رەفتار و ھەڵسوکەوتی ئینسان بگۆڕێت، بەڵام بنەچە رادیکاڵیەکەی کارێکی ئایندەخوازی بووە، بۆیە مۆدێرنیتە وەکو پڕۆسەیەک وایە کە نەڕادەوەستێت و نە کاردانەوەکانی رادەوەستن، (جۆن ستیوارت میل) کە بەدانەری چەمکی لیبڕالیزم لە سیاسەتدا دادەنرێت، رەخنەی لە سیستمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت گرتووە و تەکانێکی نوێی داوە بەدەوڵەتی نوێخواز و پێشکەوتوو لەرووی سیاسیەوە، ئەم گۆڕانکارییە بوو بەمۆدی سیاسی، ئیدی ئەوەی لەمێژووی ژیاری ئینسانیدا جێکەوتە ببوو، شێوازێکی نوێی لەگەڵ خۆیدا بارھێنا کە چەمکی ئازادی و عەقلانیەتی لەبەرامبەر توندڕەوی ئایین و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیا فراوانتر کرد، ئایندەگەرایی لەفکردا بوو بە یەکێک لەو داھێنانەی کە لۆژیکی رۆمانسیانەی پەراوێزخست و بەکردەوە سەلماندی دیاردەی نوێ ئەویدیکە وەلادەنێ، ھەڵبەت چەمکەکە لەئاستی جیھانیدا بۆ ھەموو کایەکان و بەتایبەتی بۆ گەشەسەندنی تەکنۆلۆژیا و ماشین و تەلارسازی و کەرەستەکانی دیکەی ژیان و سیاسەتیش کاردانەوەی ھەبوو، بەڵام بۆ کورد تەنھا لەفەزای ئەدەبیدا رەنگیدایەوە، ئەویش تەنھا خۆبەدەستەوەدان و پشتگوێ خستنی زمان و کولتوور بوو، ھەرچی ئەدەبی کلاسیک و ھونەر و کولتووری بوو پشتگوێ خرا، بەبیانووی ئەوەی مۆدێرنە وەکو رەوتێکی زیندوو ھاتووە و دەبێ کورد پشکی ھەبێت، لەکاتێکدا مۆدێرنە فودانەیەک بوو تەنھا کەڤەرەکەی دیاربوو، لەبەرامبەریشدا ناوەڕۆکێکی وەحشیانە بوو بۆ کۆمەڵگە بندەستەکان، ئەویش کوشتن و سڕینەوەی کولتوورەکەیان بوو، ھەروەکو ئەوەی (ئالان تۆرین) لە کتێبی رەخنە لە مۆدێرنیتە دەگرێت.
ئەم چەمکە لەسەرتاسەری دونیادا زیاتر لەبواری ئەدەب زیاتر پەڕەی سەند، بەدەیان ئەدیبی ناودار کە پێویست ناکات ناوەکانیان ریزبکرێ لەپەراوێزی ئەم چەمکەدا جێگەیان دەبێتەوە، ھەروەھا بزووتنەوەی جیاوازی فکری لەبواری ھونەریدا سەریانھەڵدا، کەوابوو ھۆکارەکە دەرکەوت بۆچی مۆدێرنە سەریھەڵدا و لەکوێدا خزمەتی کردووە بەھەموو گرفتە ئاڵۆزەکانییەوە، وەختێک سیستمی سیاسی نەگۆڕبوو، وەختێک ژیان لەچەقبەستوویی دۆگماتیزمیدا بوو، وەختێک ئایین و شێوازە جیاوازەکانی خوداپەرستی لەوپەڕی توندڕەویدا کەنیسە و پەرستاگاکانی داگیر کردبوو بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتی سیاسی، وەختێک لەبواری ئەدەب و فکر جێگەیەک بۆ ئازادی نەمابوو جگە لەئیدیۆلۆژیای بەرتەسک، لەوێدا مۆدێرنە لەرێگەی رەخنەوە لەژیار و کلاسیکیزم و سیستمی کۆنی تەلارسازی و ھتد، ھەرچی دەقی پیرۆز و نەگۆڕ ھەبوو تێکیشکاند و ئەلتەرناتیڤی پێشکەش کرد، سا با ئەلتەرناتیڤەکە ھەرچەند جێگەی رەخنە بووە.
ھۆکارێکی دیکەی سەرھەڵدانی چەمکەکە بۆ تاک بوونەوەی دەوڵەت بوو پێشتر کە ئێستا کۆمپانیاکان لەرووی ئابوری و ئینجا سیاسیەوە جێگەیان گرتووە، بەومانایەی گوتاری سیاسی بەپێی چەمکی مۆدێرنە ئاستێکی دیکەی ھەیە کە بەشێوەیەک لەشێوەکان شەرعیەتی بەموڵکایەتی تایبەتداوە، دەسەڵاتی بیرۆکراتیەت لەژێر عینوانی تەکنۆکراتیزم کە گوایە سیستم بەو شێوەیە بەڕێوەدەچێت، دواجار بەبارتەقای جاران واتە سەدەکانی رابردوو بواری بۆ بەرفراوانبوونی ئابوری سیاسی سازکرد کە لەموڵکایەتی تایبەتدا فۆڕمێکی دیکەی وەرگرت و لەلایەکی تریشەوە بەرھەمھێنانی فاشیزمی لۆکاڵی لەبەرگی ئیدیۆلۆژیای ئایینی، ئەمە سەرلەبەری ژیانی گرتەوە وەکو رەوتێک بۆ دەسەڵاتخوازی مۆدێرن کە قەیرانەکانی دەوڵەت بخاتە دەرەوەی خۆی وەکو ھێزێکی مەعریفی رزگارکەری قەوارەی سیاسی دەوڵەت، ئەم فەزایە لەھۆکارە بنەڕەتیەکانیەوە سەرچاوەی گرتووە کە سیاسەت وەکو زەرورەتێک مۆدێرنەی لەبەرچاو گرت و تاکو کەڵکی لێوەرگرت بۆخۆی و دواتریش ھەناردەی وڵاتانی پاشکۆی ئەوروپا کرا، بەو مەرجەی ئەوکاتەی کە لەبوارەکانی مەعریفە و تەکنۆلۆژیاو سیاسەت و کۆمەڵایەتی و پەروەردە و تەنانەت وەرزشیش کە بەپیشەسازیەوە گرێدرا، چەمکەکە بەناڕاستەوخۆ رەنگیدایەوە و بوو بە مۆدێلی ژیان بۆ تاک و کۆمەڵگەش، چونکە کارپێکردن بەشێوازی جیاواز لەلایەن شارەزایانی دەوڵەتخوازییەوە، توانی یارییەکی ژیرانە بکات لە نێو تەکنۆلۆژیا و پێشکەوتن، بۆیە نەتوانی ببێتە ھۆشیاری تاک و نەسەربەخۆیی لە عەقڵمەندیدا، بەڵام تاکی ناچار کرد کە لەروخانی شتەکانی پێشوو و ھاتنەئارای شتی نوێ، گرینگی بە بایەخپێدانەکەی بدات و نامۆ نەبێت لە پێدراوەکانی دیکەی چەمکەکە کە لەپەراوێزیدا روونتر دەبینرێ، لەحاڵێکدا دەرکەوت کە تاک گەراییی تاکە ئامانجێک بوو بۆ لێدانی داھێنان و عەبقەرییەت، ئەم بیروڕای میشیل مافیولی دا ھاتووە کە رەخنەی مۆدێرنیتەی کردووە.
بەشێکی دیکە لەھۆکاری سەرھەڵدانی ئەم چەمکە کە سەرمایەداری تەواو دڵنیابوو لە سەرکەوتن و جێگیر بوون و پتەوکردنی پایەکانی خۆی، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئامانجەکە بۆ نەھێشتنی پێوەرە ئەخلاقیەکان و شۆڕشە دژ بە سیستمی سەرمایەداری و گەڕاندنەوەی بەھا کۆمەڵایەتیەکانە لەنێو ئەدەب و کۆمەڵناسی و ھونەر و ھتد، بەلام دواتر دەرکەوت پێچەوانەکەی راستە و بۆ کۆڵۆنالیزەکردنی کولتووری شۆڕشگێرییە کە شۆڕشێکی سپی یە بەزمان و کوولتوور دەکرێت، چونکە ئەم سیستمە ترسی ئەوەی ھەبوو ئینسان بگەڕێتەوە و گەمارۆی بدات، یان لانیکەم پایەکانی لاواز بکات و ئیدیۆلۆژیای دیکە سەرھەڵبدەن وەکو دابڕانێک لەگەڵ ئەو مۆدێلەی بۆ ئینسان داھێنرا بەبێ بنەما، ھەروەک ئەوەی دەبینرێت. سەرھەڵدانی شاری ھاوچەرخ و چڕی دانیشتوان بە فرەیی لەرەنگ و رەگەز و نەتەوە و ئایین و ھتد، ھەروەھا بازاڕی سەیرو سەمەرەو ژیانێکی نائاسایی کە پێشتر نەبینرابوو وەکو سیحر گەشەی کرد، ئەمانە بوونە ھۆی ئەوەی خەیاڵی ئەدیب و رۆماننوسەکانیش فراوانتر ببن لەگەڵ فراوان بوونی شاری مۆدێرن کە زۆر جیاز بوو لەگەڵ شاری سەدەی ١٩، ھەروەک ئەوەی بڕوایان بەوە ھەبووە بەپێی پێشکەوتنی شار لەرووی جوگرافییەوە شاری کۆن و کلاسیک جێبھێڵن، بۆ ئەوەی جیھانی ماددی ببینن و واقیعێکی تر کە سیحراوییە لە ئەدەبەکەیاندا رەنگبداتەوە، نموونەش کەسانی وەک (ستاندال و باڵزاک و دیکنز و دایستۆفسکی و ئەلیوت و ھتد) ئیدی شاری راستەقینە نەک ھەر ژیانی واقیعی کۆمەڵایەتی گۆڕی، بەڵکو شێوەی بیرکردنەوەشی گۆڕی و پانتاییەکی زیاتر لەجاران داگیرکرد لەخەیاڵی ئەدیب و ھونەرمەنددا، ئەم کاریگەرییە ئەرێنییە بەرەنجامی گەشەسەندنی چەمکی مۆدێرنیزم بوو کە بەمانا و پێناسەی جیاوازەوە خۆی کرد بەنێو فکردا، بەڵام رووەکەی تری کە نەرێنیە و مۆرکێکی رەشی لەنێوچەوانی خۆیدا نەخشکرد، بەرھەمھێنانی نازیزم و فاشیزم بوو لە ئاڵمان و ئیتاڵیا و دواتریش لەدوای ھەزارەی سێھەمەوە ستایڵێکی دیکەی کۆنتڕۆڵ کردنی ئیرادەی بەشەر، چونکە بووە مایەی بەدبەختی بۆ بەشەرییەت لەو مێژووەدا، دواجاریش وەکو لەپێشدا باسم کرد ئەم رەوتە خۆی لە وڵاتانی عەرەبیدا بەرھەمھێنایەوە و بوو بە بازاڕێکی سیاسی نوێ و ململانێی جیاواز لەژێر عینوانی نەتەوەخوازی و دەوڵەتخوازی و ئۆپۆزسیۆن و زوڵملێکراو زاڵم و ھتد کە نموونەی وەکو سەدام حوسێنی بەرھەمھێنا و بووە بیانوویەک بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ھەموو بەھا ئینسانییەکان.


پرسیار: پۆزەتیڤیزم بۆخۆی چەمکێکە لەدوای ھاتنە ئارای مۆدێرنە وەکو سیستم کاری پێکرا، ئێوە دیوە نەرێنیەکەی ئەم چەمکەتان باس کرد، ئایا بۆ دیوە ئەرێنیەکەی چی دەڵێن؟


سمکۆ محەمەد: ھیچ چەمکێک موجەڕڕەد نییە، بەقەد ئەوەی فکرێکی نوێیە پێشنیار کراوە و ئینسان کەڵکی لێوەردەگرێ، بەو مانایەی یان وەکو پێشتر باسم کرد، یەکێک لە پێشڕەوانی ئەم چەمکە جۆن ستیوارت میل بوو کە فکری لیبرالیزمی بەرھەمھێنا و دواتر فۆکۆ رەخنەی لێگرت وەکو خەیاڵی دەوڵەتی تەماشای کرد، چونکە ئەو بینی چۆن مامەڵە لەتەک مەعریفە دەکرێت چۆن مامەڵە لەتەک چەمکی دەسەڵات دەکرێت بەناوی عەدالەتخوازییەوە، چۆن مامەڵە لەتەک شێتی و سێکس و کەرەستەکانی دیکەی ژیان دەکرێت لەژێر عینوانی جیاواز کە نا مرۆڤدۆستانە بوو، بۆیە نیگەتیڤ و پۆزەتیڤ مانای لەبێژنگدانی چەمک نییە تاکو سیاسەت و فکر لێی دوور بکەونەوە، ھەروەک چۆن پسپۆڕانی شارەزا لە تەندروستی ئامۆژگاریمان دەکەن لەو جۆرە خواردنانە دوور بکەونەوە و خۆتان بپارێزن کە زیانی بۆ جەستەی نەخۆش ھەیە، ئەگەر وابوایە دەبوو ھەموو گروپ و دەستەبژێرە سیاسیەکان لە ماکیاڤیلیزم دوور بکەونەوە، یان تەنانەت لەو دیموکراسیەتە درۆیینەیە دوور بکەوینەوە کە دەیان عینوانی بۆ خۆشگوزەرانی و دادپەرەوەری بەرھەمھێناوە کە لەخەیاڵ بەولاوە ھیچی تر نییە، بۆیە بەپێچەوانەوە چاندنی ھەر چەمکێک لە زەینی ئەو نەوەیەی بەدوای مەعریفە یان سیاسەتەوەیە بەتایبەت ئەو نەوەیەی لەدوای ھەزارەی سێھەمەوە چاوی بەدونیادا کراوەتەوە، یەعنی رەگداکوتانی بەجۆرێک تا مومارەسە دەکرێت، ھەرچی مۆدێرنەیە لەگەڵ خۆیدا کۆمەڵێک مانای جیاواز و بەھای جیاوازی بۆ فکر و سیاسەت و فەرھەنگ دانا، تەنانەت مانای شۆڕشی گۆڕی و کردی بە پێوەرێکی ئەخلاقی، مانای نیشتیمانی کرد بە پێوەرێکی ئابوری لەسەر بنچینەی سیستم، ئەم بەراوردە تایبەتمەندی ھەموو جۆرە دونیابینییەکی رابردووی گۆڕی کە رۆمانسیانە تەماشای چەمکەکانی دەکرد، باشترین نموونە ئەوەبوو کە لەتونس و سوریا و میسر و لیبیا بینیمان بەناوی بەھاری عەرەبییەوە و ناوی لێنرابوو شۆڕشی فەیسبووک، کەچی سیناریۆیەک بوو کە ئیدیۆلۆژیای پراکتیکی کردە کەرەستەی بەرھەمھێنانی سیاسەتێکی نوێ کە داگیرکاری نوێ بوو، لایەنە نیگەتیڤەکانی ئەم چەمکە، لەسەرووی ھەموویانەوە ئەوەبوو کە بووبە ئایدیۆلۆژای مەعریفە بۆ لایەنگرانی، ھەروەھا ھەموو ئەو کولتوورە سوننەتیانەی نەتەوەکانی پەراوێزخست یان پشتگوێی خست، لەبەرامبەردا قەیرانی خوڵقاند، چونکە خاپوورکردنی ھەموو ئەو شتانە بوو کە بەھایان ھەبوو، ھەروەھا چەمکەکە مانای دیالیکتیک و مێژوویی نییە، بەڵکو خۆی رووداو و خوڵقاندن نمایشکردنی شتە حازرەکانە، بۆیە ناکرێ ناوی شۆڕشی لێبنرێ بەسەر کلاسیزمدا، تەمەنی کورت بوو لەناو قەوارەی دەوڵەتە نەتەوەییەکان کە مەشروعیەتی ھەبوو، تاکو ھاتنی دەوڵەتی فرەیی و کۆمەڵگەی پیشەسازی بەمانا گشتگیرەکەی.


پرسیار: ھاتنی ھەر پۆستێک لەدوای ھەر چەمکێک یان تێرمێک، بەواتای قبوڵ نەکردنی دەگەێنێت، چ وەکو پڕۆژەیەک یان ھەر دەستپێشخەرییەک بۆ مانەوە لە چوارچێوەی خۆیدا، ئایا بەھاتنی پۆستمۆدێرنە، مۆدێرنە تا چەند لەناو بازنەی مێژوودا جێ خۆی کردۆتەوە؟


سمکۆ محەمەد: بەر لەوەی باسی پۆست مۆدێرنە بکەین، دەبێِ ئەوە بڵێین کە مۆدێرنە لەسەروەختی خۆیدا کاری خۆی کرد و کاریگەری خۆی لەسەر تەواوی دیاردە و شتەکان دانا، مۆدێرنە ئەو چەرخەی بەھەموو موفرەدەکانی ژیانەوە بینی کە عەقڵمەندی بوو، بۆیە پراکتیکیشی کرد و رەخنەشی لێگیرا، کەوابوو پۆست سەریھەڵدا، پۆستمۆدێرنیزم رەوتێکی فکری یە کە بریتیە لە وەلانانی عەقڵگەرایی سەردەمی رۆشنگەری، ھەروەھا گەڕانەوەی رۆڵی میتافۆر بوو بۆ ھەموو کایەکان، پێوەر بۆ کوالیتی و گەڕانەوە بۆ سرووشتگەرایی و ھتد.
ئەگەرچی چەمکی پۆستمۆدێرنیزم لەبواری رۆشنبیر و فەرھەنگی بەگشتی لە ساڵەکانی ١٩٦٩ وەکو ئالان تۆرین باسی دەکات، لە ئەدەبیاتی ئیسپانیدا رەنگیدابووەوە، واتە لەرێگەی ئەو شیعرانەی کە رەخنە بوون لە مۆدێرنیتە، بەو مانایەی کە نابێ و ناکرێ سەرمایەداری بەو شکڵەی خۆیەوە بمێنێتەوە و ھەمان فەرھەنگ ژێرخانەکەی بێت، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین کە ئەم گوتاری چەمکە دەورێکی بنبەستی خوڵقاند، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی کاریگەرییە نیگەتیڤەکان سێ رەھەند وەربگرن، یەکەم بەفیڕۆدانی کات لە کۆمەڵناسیدا، دووھەم لاوازکردنی چەپی مارکسی، سێھەم ھێنانە ئارای فەرھەنگی تەماوی و ئاڵۆز بۆ تەواوی کایەکان.
لەگەڵ سەرھەڵدانی چەمکی پۆستمۆدێرنە کە وەکو کاڵایەک لە بازاڕی فەرھەنگی و رۆشنبیری جیھانی کاردانەوەی خۆی ھەبوو، موناقەشەیەکی دیکە ھاتە ئاراوە کە ئایا پۆست مۆدێرنە چەمکێکی سەربەخۆیە یان تەواوکەری مۆدێرنەیە، لەکاتێکدا چەمکێک لەزمانی ئیگلیزیدا زیاتر گەشەی سەند، (یۆرگن ھابرماس) کە بیرمەندێکی ھاوچەرخی پاش بونیادگەرییە و لە شونێکی دیکەشدا تەواو لاگیری لە جاک لاکانی دەروونناسی چەپ و نەخشەی فەلسەفەی کردووە و دوا ھەڵقە و دوا قۆناغی فەلسەفەیە و گوتویەتی (پۆست مۆدێرنە ئەو چەمکەیە کە پڕۆسەی مۆدێرنە تەواو دەکات، چونکە تەمەنی ھەردووکیان لەژێر سایەی یەک سیستمدا بەڕێوەدەچێ کە ئاڵوگۆڕ لە سیستم نەکراوە، بۆیە پۆست مۆدێرن ئایدیایەک نییە کە دابڕان بێت لەتەک مۆدێرنیزم، بەوپێیەی مانایەکی ئیتیکی نییە، وەکو ئەوەی کە مۆدێرنە شێوەیەکی دیکەی ژیانی ئەدەبی و ھونەری و سیاسی پێشکەشکرد، چونکە من نابینم ھیچ فەلسەفەیەکی لەپشتەوە بێت)، خوڵقاندنی رەوایەتی لەبواری سیاسی و فکریدا، کێشەیەکی دیکەی بەردەم بە ئارگومێنت کردنی ھەموو شتەکانە کە بەرھەمی رابردووە بۆخۆی، بەڵام ئەگەر بیانووە سیاسی و فکرییەکە ئەوەبێت کە گەڕانەوە بێت بۆ بیری میتافیزیکی و ھاریکاری ئیدیالیزم بکات، رەنگە واقیعییەتێکی تێدابێت، بەوپێیەی کە بانگەشەکەرانی خوازیارن بەگژ ئەو بەرھەمە فکری و ئەدەبی و ھونەریانەدا بێنەوە کە لەسەردەمی مۆدێرنەدا سەریانھەڵداوە، بەڵام ئەوە سەلمێنراوە کە پۆست مۆدێرنیزم نەمری و واتا رابردووەکان ھەڵناوەشێنێتەوە و ئەو توانایەشی نییە، چونکە ئەو بیری رەخنەگرانەی کە مۆدێرنە بەرھەمی ھێنا، تازە گەڕانەوەی تەنھا مەگەر لە رەخنەگرتن لەو عەقڵگەراییە بێت کە سیستمی ئێستای جیھانی بەرھەمھێناوە کە بەشێکی زۆری بیرۆکە تەکنۆلۆژییەکان چەند لەخزمەت بەشەرن، ئەوەندەش لەدژی بەشەرن، لەحاڵێکدا ھەمو ئەوشتانەی بوون بە کولتوور لەسەدەی رابردوودا، وەکو بزاڤی ئەنتی کولتووری نمایشکران، ئەمەش لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە تەواوی ئەو فۆڕمانەی بۆ بیرکردنەوە لە چەمکە فکرییەکانی دیکە کاریان پێدەکرێ، بەشێکن لەدژکاری چەمکەکانی رابردووە، چونکە پۆست بۆخۆی واتای کۆتایی ھاتن دێت بە پێشگرەکەی کە خۆی بووە بە پاشگری چەمکەکە، ئەم ھەوڵدانە لەنێو ئەدەبیشدا پڕۆسەیەکە لە وشەوە بۆ وێنە لە گوتارەوە بۆ ڤیگۆر ھەیە، کەواتە ئەو ھێزەی لەپشت بەمۆرالی کردنی چەمکەکەوە راوەستاوە، ھێزێکە تەنھا بۆ ئەوەیە کە مۆڕاڵی ھاوبەش تێکبشکێنێ، لەکاتێکدا ئەو بیرۆکەیە ھێشتا یەکلایی و ساغ نەبۆتەوە کە تەواوکاری مۆدێرنەیە کە وەکو بزاڤێکی چەپگەرایی خۆی نمایش دەکات، بەتایبەتی دوای تیۆریزەکردنی چەمکەکە لەلای (لیوتار) کە بەمەرگی داستانەکانی ناوبردووە، ئیدی لەدوای ئەو ناساندنە ھەواداران و لایەنگرانی تیۆرەکە، کەوتنە وێزەی ئەوەی کە بڕوایان بە شتە لۆکاڵیەکان بێت و کار لەسەر ئیشکالیاتە لۆکاڵیەکان بکەن.
بەرھەحاڵ ئەگەر لەرێگەی ئەدەبەوە تەماشای ئەو چەمکانە بکەین، دەبینین چۆن موناقەشەی مۆدێرنە و دەرکەوتەکانی کراوە، بۆ نموونە (کافکا) یەکێک لە سەرسەختترین ئەو ئەدیبانە بووە کە وێنەی مرۆڤی سەردەمیانەی نەخشاند لە رۆمانی (دادگایی و لە مەسخ) کە ھەمووی بەشێکن لە ململانێی نەبڕاوەی کارێکتەرە ناکۆکەکان لەدژی یەکتر کە ھەلومەرج خوڵقاندبوونی، بیرەوەرییەکانی (فێرناردۆ پیسوا) ی شاعیر و نووسەرێک بوو تەنھا بۆ خۆی دەینووسی و دواتر کە دەمرێت ھاوڕێکەی نووسینەکانی بە چاپ دەگەێنێت و ھەمووی رەخنەیە لەو ژیانە فەرزکراوەی سەر بەشەرییەت لە سایەی ئەو سیستمە زاڵەی کە مۆدێرنە لەگەڵ خۆیدا بەکێشی کرد، ھەروەھا (بۆرخیس) و دەیان نووسەری دیکە کە لەخەیاڵدانیاندا چیرۆکی ئەژدیھا و دەقەکانی تر بەیانیان کردووە، لەلای کوردەواریش ھونەرمەندی وەکو قالە مەڕە و حوسێن عەلی و ئەحمەد شەماڵ و ئەسیری شاعیر و شێخ رەزا و جان دەمۆی کەرکوکمان ھەیە، ئەمانە ھەموو رەخنەبوون لە عەقڵی سەردەم و مۆدێرنە کە گوایە پۆست مۆدێرنە جێگەی دەگرێتەوە، ھەرواشە ھەموو سەردەمێک پاڵەوانێکی تایبەتی خۆی ھەیە، بۆیە پۆست مۆدێرنە بەدوای پاڵەوانە تایبەتەکانی خۆیەوەیەتی.


پرسیار: تیۆرە رەخنەییەکان لە سیستمی نوێی جیھانیدا وێنەیەکی دیکەیان وەرگرتووە، ئایا مۆدێرنە کارێکی تەواوی کرد لەپرۆسەی بەرھەمھێنانی عەقلانیبووندا؟


سمکۆ محەمەد: سرووشت و لۆژیکی کۆمەڵناسی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە مرۆڤ بگاتە ئاستێک کە ژێردەستە و کۆیلەی سیستمی نوێ نەبێت و ئەو ھەقیقەتە لەبەرچاو نەگرێ کە وەکو واقیع پێشنیارکراوە و لەراستیشدا وەھم و خەیاڵێکی سیاسییە، چونکە ھیچ روانگەیەک لەو روانگانەی کە وەکو ھەڵبژاردە دانراون بۆ مرۆڤ و چارەنووسی، روانگە گەلێک نیین کە دڵخۆشکەر بن، بۆ نموونە دەرکەوت سەنعەتکردن بە کۆمەڵگەی فرە کولتور و ئایین و نەتەوە، راسیزمی لێبەرھەمدێت، ئەو سیناریۆیەی کە رۆژئاوا بۆ بەرژەوەندی خۆی لەسیاسەت و فرە کولتووری پیادەی دەکات، نەک ھەر عەقلانیەت نییە لەھەموو بوارەکانی ژیان، بگرە متمانەی لەو ژیانەش سەندۆتەوە کە مرۆڤ ھەوڵبدات بگەڕێتەوە بۆ سادەیی و خاکی بوون، رەخنەگرتن لە پۆزەتیڤیزم کە ھابرماس یەکێکە لەو بیرمەندانەی ناوی لەپێشەوەی بیرمەندانی سەدەی بیستەمەوە دێت، تیۆرێکە قسە لەسەر ناسین و دەروبەری مرۆڤ دەکات لەرێگەی ھەڵسوکەوتی خۆیەوە، تیۆری ناسین زانست و ناسین وەکو یەک تەماشا دەکات، لێرەوەیە تێدەگەین کە پۆزەتیڤیزم عەقڵ پارچە پارچە دەکات و دونیای کۆمەڵایەتیش دابەشدەکات، عەقلانیەت گرەوەکە دەخاتە باوەشی مرۆڤ خۆی، ئیدی چۆنی بەکاردەھێنێ ئەوە ویژدان حوکم دەکات، چونکە ئەزموون وەکو کانت دەڵێ بەشێکی زۆر لەپێویستییەکانی ژیانی رۆژانەی ئینسان داگیر دەکات، بەبێ ئەزموون شتێک نامێنێت بەناوی پراکتیک کردنی تیۆری عەقلانییەت، ئەوەی کە ئێستا لەدونیای ئەدەبی و سیاسیدا دەگوزەرێ و کاریگەری نیگەتیڤی خستۆتە سەر ھەموو کایەکانی تر، مەسەلەی عەقلانییەتە کە خودی ئینسانییەتی کردووە بە کارێکتەری ئەزموونگەرایی لە ھەموو بوارە جیاجیاکاندا، ئەمەش بەخاتری بەرژەوەندییە جیاوازیەکانە، بەوپێیەی سیاسەت بووە بەداڕێژەری ژیانی ئینسان و دوورکەوتنەوە لە سرووشتگەرایی، ھاتنی تەکنۆلۆژیا و بەتایبەتیش تەکنۆلۆژیای سەربازی کە بازاڕێکی گەورەی سیاسەتە و کێبەرکێی جۆراو جۆری تێدادەکرێ، ھەموو جۆرە رێگەیەکی گرتووە بۆ رزگاربوون لەو قەیرانانەی کە خودی ئینسان خۆی درووستی کردوون و بووە بەکێشە بۆخۆی، ئەلێرەوەیە کە عەقلانییەت راستە لەھەناوی مۆدێرنەوە گەشەی سەند و دەیھەوێ ژیان بەردەوام بەو شێوەیە ئاراستە بکات، بەڵام تێپەربوون بەپڕۆسەی مۆدێرنەدا کە مۆدێلی بەسەرچووە، دیاردەیەک ناخوڵقێنێ کە لانیکەم کاریگەری لەسەر فەرھەنگی سیاسی و ستایلێکی نوێ بەرھەمبھێنێ جگە لەوەی کە (ترامپ) ی بەرھەمھێناوە، جارێکی تر راسیزمی بەرھەمھێنایەوە کە ئێستا تەواوی ئەوروپا و ئامریکاشی گرتۆتەوە، رووداوەکانی ئەمدواییە باشترین سەلمێنەرن.


پرسیار: ئایا دەکرێ بڵێین مۆدێرنە دوا شەپۆلی وشیاری مرۆیی سەردەمی خۆی بوو، یان ئێستاش بەردەوامی ھەیە؟


سمکۆ محەمەد: مۆدێرنە لەگەڵ کۆتایی ھاتنی شەڕی ساردی نێوان دوو جەمسەری ئامریکا و سۆڤیەتی کۆن، کۆتایی بەتەمەنی ھات، ئەوەی ئێستا پاشماوەی ئەو مۆدێرنەیە لەھەموو رووەکانییەوە، ھەموو ھەوڵێکی سیستمی سیاسی ئێستا ئەوەیە کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان لاواز بکات و لەنێو تەکنیکی نوێ کە فەیسبوکە نوێ بکاتەوە و وەکو دیاری بیبەخشێ بە ئینسان، لەکاتێکدا مەرجی ساغڵەمی ئینسان لەلای سیستمی نوێ و کاپیتالیزمی ھاوچەرخەوە، لەھەموو رووەکانەوە جێبەجێکراوە و سیستماتیک کراوە، بەڵام تاکە شتێک کە ناتوانێ بیبەخشێ بە ئینسان ئەوەیە رزگاری بکات لەو تاکگەراییەی کە چارەنوسی یان شێت بوونە، یان خۆکوشتن یان مردنی بەکۆمەڵ، یان مردن وەکو حەتمییەتی ژیان، تاک گەراییش وەکو پێناسەی پێشووتر باسم کرد، شێوەیەک بوو لەکوشتنی تواناکان، ئەمەیە سیحری پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و بەکارھێنەرەکانی و ریکلام بۆ کردنی لەرێگەی راگەیاندنەکانەوە کە بەشێکن لەو سیستمە نا ئینسانییە، ھەر ئەمەش سەرچاوەی تەواوی کێشەکانی مرۆڤن، بەتایبەتی ئەم فەزایە لە رۆژئاوا باشتر ھەستی پێدەکرێ، وەختێک ئینسان بووە بەکۆیلەی کار و خزمەتی کۆمپانیاکانی پەراوێزی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و لەوێشەوە بوون بە کائینی ریکلام کەر و بەکاربەر و بێئاگای نێو میترۆ و ترام و پاسەکان و ھیچی تر، ئەم حاڵەتە کە گوایە پاشماوەی پێشکەوتنی مۆدێرنەیە وەکو قۆناغ و سیستمی سیاسی و ئابوری، نیگەتیڤ ترین حاڵەتە لەمێژووی بەشەری، بەوپێیەی کە ھەرچی ئیرادەی سیاسی ھەیە لەدوتوێی مۆرکردنی پەنجەدا لەھەڵبژاردنەکاندا کۆکراوەتەوە و ھەرچی ئیرادەی سیاسی ھەیە لەیاسا و دەستووری خوڵقێنراودا کۆکراوەتەوە، ھەر لەوێشەوە رادەستی گروپێک کراوە بەناوی سیاسەتوانەوە کە لەخۆڕا چارەنووسی ئینسان بەبازاڕ دەکەن. کەواتە ئەو شەپۆلەی کە ئێوە باسی دەکەن و گوایە مۆدێرنە سواری پشتی بووە، ئەمەش موژدەبەخش نییە بۆ خۆشگوزەرانی ئینسان، بەڵکو تەواوکەری ئەو کولتوورە سیاسیەیە کە لەپشتیەوە عەقڵێکی روخێنەری روحیەتە ویژدانی و ئینسانی ھەیە کە بەناوی تاکگەراییەوە باوک و دایکی کردووە بە قوربانی تەکنۆلۆژیا و وەرزش بۆ منداڵەکان و وەچە نوێیەکان، ئەو عەقڵەی کە بەرلەوەی بەختەوەری بێت بۆ ئینسان وەکو زانست باسی دەکات، بەپێچەوانەوە مەترسییە بۆ چارەنووسی ھەمووان.
حاڵەتێکی دیکەی رەخنە لەعەقلانیەت ئەوەیە کە مرۆڤ بارکراوە بە شێوازە جۆراوجۆرەکانی ئینتیما، تادەگاتە ئینتیما بۆ تیپی وەرزشی و تێنس و کاڵای بەرھەمھاتووی کۆمپانیا خاوەن لۆگۆکانی وەکو ئیسس و ئیکۆ و بۆرن و ھتد، ئەم بەبازاڕکردنە کە قورسترین بارە بەسەر شانی مرۆڤەوە، لەو عەقلانیەتەوە سەرچاوەی گرتووە کە گوایە مرۆڤ لەسەرییەتی داھێنان بکات لەنێو شتە داھێنراوەکانی رابردوو، واتە بەجوڵەخستنی ئەو پەیوەندییەی کە رۆژئاوا دەستبەرداری بووە و لە رۆژھەڵات ئاڵۆزترین پەیوەندییە و ناتوانێ دەستبەرداری بن، لەھەردوو بارەکەدا دەرکەوتووە کە مرۆڤ لەرێگەی ئەو بەعەقلانیکردنەوە، باشترین کەرەستەی ململانێکانی کۆمپانیان کە سیاسەت کاری لەسەر دەکات، ھەڵبەت دەبێ ئەوەش بزانین کە ئیدیۆلۆژیا ئەگەر پێشتر مانایەکی ھەبوو بۆ ململانێی سیاسی و فکری، ئێستا بەپێچەوانەوە بووە بە کەرەستەیەکی زیندووی بەردەست و مەلمووس، واتە کێشەی پراکتیککردن و بەکارھێنانی بۆ نێوانەکانی دیکە کە ھەموو سیما کۆنەکانی پێشووی سیاسەتی گۆڕی و لەجیاتی فاشیزم و دیکتاتۆرییەتی بەرھەمھێنا، بە پێناسە نوێیەکە کە بەرھەمی کاپیتاڵیزمی ھاوچەرخە، لەبەرامبەر ئەوەشدا ھێز و گروپی لۆکاڵی نوێی بەرھەمھێنا کە رەخنە نەتوانێ بە گشتی و بەرفراوانی رێگەی لێبگرێت و بیکات بە ئایدیایەک بۆ تێگەیشتنی ئینسان لەو کەرەستانەی کە کە پێشتر ناویان ئیدیۆلۆژیا، بۆیە دەرکەوتووە کە عەقلانیەت کێشەیەکی دیکەی درووست کردووە، ئەویش تێنەگەیشتنە لەو چەمکانەی کە مانایان گۆڕاوە و رەخنەش نایان گرێتەوە.


پرسیار: پێدەچێ ھەژموونێکی دیکەی پۆستمۆدێرنە لەنێو فکردا کاریگەری لەسەر ھەموو کایەکان دانابێت، ئایا چارەنووسی مۆدێرنە بە کوێ دەگات و چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت؟


سمکۆ محەمەد: من لەراستیدا زۆر لەژێر کاریگەری فکری ھابرماس نیم، بەڵام ھەندێک بیرکردنەوەی بەخەیاڵمدا دێت و بەکاریان دەھێنم و پێشموایە درووستن، بەھەرحاڵ ھابرماس پێیوایە پۆست مۆدێرنە تەواوکەری پڕۆژەی مۆدێرنەیە، چونکە عەقلانیەتی کرۆدتە باو بۆ ھەموو کردەیەک، ئەمە لە کتێبی (للسیاسە بالسیاسە) باسی دەکات، لەوێ باسی بەشتبوون و بەئامراز بوونی ئینسان دەکات لەنێو فەزای سیاسی و فەرھەنگیدا چینەکان دەتوێنەوە و جیاوازیان نامێنێ، جگە لەوەی کە تواناکان لەپێناو بەدەستھێنانی خواست بۆ تاک جیاوازی دەبێت، باڵادەستی سیاسەت لەدەوڵەتانی پەراوێزی وەکو بەشێک لە رۆژئاوا و ئاسیا و ھتد، بەشێکی بۆ رێکخستنی ژیانی ئینسانە بەپێی ویستی دەوڵەتمەدار و سیاسیەکان و ھاوسەنگی نێوان ھێزەکان کە زۆرجار بەناو سۆسیال دیموکراتەکان باسی ئیرادە دەکەن وەکو ئیدیعایەک بۆ فەزای ئازاد، کە لەراستیدا ئەوەندەی سیستم قەیرانی بۆ ژیانی ئینسان درووست کردووە، ھێندە خۆشگوزەرانی نەخوڵقاندووە، رەخنەگرتن لەو ئابوریەی کە ئێستا لە رۆژئاوا دەگوزەرێ، لەوێوەیە کە ئینسان بووە بەشتێک لەنێو ئەو سیحرەی کۆمپانیاکان خوڵقاندوویانە، تەنانەن لەنێو ئەدەبیشدا کە نۆبڵ وەکو سیحرێکی ئەدەبی دابەشدەکرێ لەسەر زانست و ئەدەب و ئاشتی، ھەر ئەوکاتە رۆڵی ھەموو تواناو لۆژێک و داھێنان لەنێو دەچێ، چونکە بەپێوەرەی توانا نادرێن بەکارێکتەری ئەدەبی و سیاسی و زانستی و ھتد، من نموونەیەکی زۆر واقیعی دەھێنمەوە کە زۆرکەس ناتوانن پشتگیریم نەکەن، نموونەی یەکەم ئەوەیە کە ھێشتا ئۆباما نەھاتبووە سەر تەخی سەرۆکایەتی و بە پراکتیک کاری نەکردبوو، نەرویژ نۆبڵی ئاشتیان پێبەخشی و لەدواجاریشدا دەرکەوت پیاواێکی ئاشتیخواز نییە و زۆرترین جەنگیش لەسەر وەختی دەسەڵاتدارێتی ئەو بوو، کەچی کەسیش نەیکرد بە رەخنەی سیاسی، ھەروەھا نۆبڵی ئەدەبی درا بە کەسێکی یۆگسلافی بۆ کورتە چیرۆک کە دواجار دەرکەوت و رەخنەشی لێگرا ئەو توانایە لە چیرۆکەکان و فکرەکانیشدا نییە کە نۆبڵ وەربگرێت، مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، کاتێک کە نۆبڵ لەنێوان ئالبێر کامۆ و نیکۆس کازانتزاکی مابوو، ھەق بە کازانتزاکی بوو وەکو کامۆ خۆی ئیعتراف دەکات، کەچی نۆبڵ درا بە کامۆ، ئەمەیە نۆبڵ کە سیحرێکی بەتاڵە بە بڕوای من، چونکە دەستی سیاسی لە پشتەوەیە نەک ھەڵسەنگاندنی ئەدەبی و توانای تاکە کەسی رووت.، ئێمە تا ئێستاش بە وردی باسی ئەو عەقلانییەتەمان نەکردووە کە ھێشتا بە تەواوەی نەگەیشتووە بە کۆمەڵگەی رۆژھەڵاتی و ناوچەکە، ھێشتا بەتەواوەتی مومارەسەی تاکگەرایی و نەمانی چینی ناوەڕاستمان نەکردووە کە چەند کاریگەری نیگەتیڤی ھەیە، ھێشتا نەمانزانیوە تاکگەرایی چ کێشەیەکی روحی و ویژدانی دەخوڵقێنێ و چ قەیرانێک درووست دەکات کە بە خۆکوژی راناگەین و ھتد. 
 

ماڵپه‌ڕی سمکۆ محەمەد

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک