٦\٣\٢٠١٩
ئەدەب و
ئایدیۆلۆژیا.

ناڵە حەسەن
- بەشی دووەم -
- ئایدیۆلۆژیا و بوون.
مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و لەنێو کۆمەڵدا لەگەڵ کەساینیتر ژیان
بەسەر دەبات ، کێشە و ململانێکانیش هەر لێرەوە سەرچاوە دەگرن ، تەنانەت
مرۆڤ بۆ ئەوەی هەست بەبوونی خۆی بکات و یان لە هەوڵی سەڵماندنی بوونی
خۆی دابێت ، وا پێویست دەکات لە نێو ژیان و لەنێو کۆمەڵدا بێت ، لەگەڵ
ئەویتردا بێت و لە کێشە و گرفتەکان بەشداری بکات ، ئەمەش بنەمایەکە لە
داکۆکیکردن لە بوونێکی ئازاد و ژیانێکی تەندروست هەروەک لە کتێبی (
ئەنتۆلۆجی بنەرەتی و بوونی مرۆڤ ) دا کە لە نووسینی ( د. محەمەد کەمال
)دا هاتووە ، ( بوون لەگەڵ کەسانی دیکەدا پێشمەرجی ئۆنتۆلۆجییە ، بۆ
بوونی مرۆڤ کە دەمانگەیەنێتە سنووری ئەودیو گومانکارییەوە ، ڕەتی ئەو
کێشەیە دەکاتەوە کە بوونی کەسانی دیکە لەسەر ئەم زەمینە ئەپسمۆلۆجییەکە
دەکاتە گرفتێکی فەلسەفی دژوار ) . نووسەریش وەک هەر کەسێکی دی لەنێو
ئەم هاوکێشەییەی ژیاندا کاریگەری و بوونی هەیە ، لە ڕێگای ئەدەبەکەی
هەوڵدەدات مانایەک بەبوونی ببەخشێت . چونکە بە پێی فەلسەفەی بوونگەرایی
( مرۆڤەکان یان بوون بە ناتەواوی هاتۆتە بوون ، دەبێت مرۆڤەکان لەنێو
ژیاندا لە هەوڵی تەواوکردنی بوونی خۆیان دابن ..) نووسەرەکان ، نووسین
و داهێنانەکانییان وەک پڕۆژەیەکە بۆ تەواوکردنی بوونییان ، لای ( نێچە
)ی فەیلەسووف ( بۆ ئەوەی ببی بە کەسێکی داهێنەر ، بۆ ئەوەی ببی بە خۆت
، دەبێ هەموو شتە میراتییەکان تووڕ هەڵبدەی ، خۆت بەهاو نەریت و ڕەفتار
بۆخۆت دابتاشی ..) یان نێچە لە نێو فەلسەفەکەی خۆیدا ، هەمیشە تەرکیزی
کردۆتە سەر بەدیهاتنی مرۆڤی باڵا .. لای نێچە مرۆڤی باڵا ئەو کەسەیە ،
کە خاوەن ئەو هێزە بیت کە خۆی بێت و ئەویتر نەبێت ..! هەر بۆیە بە
نێچەیان گوتووە ( فەیلەسوفی هێز ) چونکە لەلای ئەو / مرۆڤ ئەوکاتانە
دەگاتە پایەی ئەو هێزە ، کە وەک مرۆڤێکی یاخی هەموو بەهاکانی بۆی
داتاشراوە فڕێداتە پشتەوە ، چونکە لەگەڵ هەر جووڵەیەکی یاخیبووندا
جۆرێک لە ئاگایی و وشیاری سەرهەڵدەدا. بەتایبەت بۆ نووسەر ، بەها
مرۆییەکان لەسەرووی هەموو بەهاکانن ، ئەدەبیش لە ریگەی ئیشکردن لەسەر
ئەم بەها مرۆییانە مانا بنەڕەتییەکەی بەدەستدەهێنێ . ( هێز و بوونێکی
باڵا ) بنەمایەک بووە نێچە ئیشی لەسەر کردووە ، پێیوابووە کەسی ( لاواز
و بێهێز ) زەلیلانە دەژی و ناتوانێ مانایەک بەبوونی خۆی بدات ،
نووسەرانیش گەر بەهێز نەبن و خودان بوونێکی باڵا نەبن ناتوانن داهێنان
بکەن ، چونکە کەسی لاواز قسەی ئەوانیتر دەکاتەوە ..! لەلای
بوونگەراکانیش مرۆڤی باڵا و خاوەن هێز ، ئەوکەسانەن ڕێگەنادەن کەسانیتر
بوونییان داگیر بکەن ، هەروەک ( د. محەمەد کەمال ) لە کتێبی (
نیشتیمانی فەلسەفە ) دا باسدەکات و دەڵێت ،( ڕەسەنی و نارەسەنی
پەیوەندی بە خۆشگوزەرانییەوە نییە ، مرۆڤی ڕەسەن شێوازی بوونێکی
سەربەستی هەیە و ڕێگەی بە ئەوان نەداوە بوونی داگیر بکەن یان ببن بە
دۆزەخ بۆ ئەو .. ) دیارە لێرەدا دۆزەخ بەو مانایە دێت ، کە کەسانیتر
بوونت داگیر بکەن و سەربەستیت لێ زەوت بکەن ، ئەگەر ئەدەب و نووسین
پڕۆژەیەک بێت بۆ مانا بەخشین بە بوون یان تەواوبوونی بوون . وا پێویست
دەکات ، نووسەر خودان ئەو هێزە بێت بوونی خۆی بپارێزت و ڕێگە نەدات ،
هیچ کەسێک یان لایەنێک و هێزێکی دەرەکی بوونی داگیر بکەن ، وا پێویست
دەکات ، لەنێو نووسینەکانیدا ، خۆی بێت و حەز و ئارەزووەکانی خۆی
بیجووڵێنێت ، نەک هیچ هێزێکی دەرەوەی خۆی . چونکە ئەوانەی دەستەمۆی
هێزێکی دەرەکی دەبن جا ئەو هێزە دەسەڵات یان کەلتوور یان ئایین یان هەر
ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو بێت ، ئەوا ئەو کەسە لە ئاست رووداوە گرینگ
و چارەنووسسازەکانی ژیانی بێ دەسەڵاتە و ئەوەی ڕوودەدات بەسەریدا
دەسەپێنن و ئەویش کەسێکی ملکەچ و دەستەمۆ دەبێ ..! نووسەرە ملکەچ و
دەستەمۆکانیش ، قسەی نێو نووسینەکانیان قسەی خۆیان نین چونکە ، لە
بنەڕەتدا هێزێکی دەرەکی دەیانجووڵێنن . هەموو ئەو نووسەرانەی خاوەن
بوونی خۆیان نین کەسانی نامۆن ، لە هەمانکات ڕەشبینن ، چونکە کەسانی (
نامۆ و ڕەشبین ) ئەو کەسانەن / کە خاوەنی دەسەڵاتی خۆیان نین و ناتوانن
مانایەک بەبوونی خۆیان ببەخشن . هێزە دەرەکییەکان بە تایبەت
ئایدیۆلۆژیا ، یان باوەڕییتر ، ( بێگومان مرۆڤ لە هەڵبژاردنی بڕوا
ئازادە ، بەڵام کاتێک دەبێ بە بڕواکەر سەربەستییەکەی لەناودەچێت ..! )
. ئایدیۆلۆژیا وەک هێزێک لە سەرووی دەسەڵاتەکانی مرۆڤ خۆی بەسەر مرۆڤ و
بەسەر بیرکردنەوە و بەسەر بوونی مرۆڤەکان دەسەپێنێت ، هەموو نووسەرە
ئایدیۆلۆژیستەکان لە بنەڕەتدا کەسی نامۆ و رەشبینن ، چونکە لەنێو
نووسین و بیرکردنەوەکانییان ، لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودایە و ناتوانن
لەو بازنەیە دەرچن کە ، بەرنامە و ئایدیلۆژییەکەیان بۆیانی دیاریکردووە
، نووسەرانی ئایدیۆلۆژیست ئەو نووسەرانەن ، خاوەن بوونێکی لاواز و
ناڕەسەنن ، لە نێو ژیان و نووسینەکانییان ناتوانن داهێنانی گەورە بکەن
، چونکە / کەسایەتییەک یان بوونێکی لاواز و دەستەمۆیان هەیە و لە چاوی
کەسانیترەوە دەڕواننە ژیان و بە مێشکی ئەوانیتر بیر دەکەنەوە ..! (
دەبن بە کۆپییەک لەوان و خەسڵەت و تایبەتمەندی خۆیان لەدەست دەدەن ..!
) دەبێ ئەوەش بزانین لاساییکردنەوە ئەوەیە کە پەنابردنە بەر ستایل و
فۆڕم و زمانی کەسانیترەوە ، خەفەکردنی توانا و دەسەڵاتەکانی خودی خۆتە
، کاتێک خاوەنی بوونی خۆت نەبووی واتە ، ناڕەسەنی تواناکانی مرۆڤ
کەمدەکاتەوە و کارتێکردنی نالەباری لەسەر تێگەیشتن و توانای بیرکردنەوە
و مەعریفەی کەسەکان دەبێت ، ئەمجۆرە نووسەرانە نووسەری نامۆن و
تایبەتمەندیەکانی خۆیان شێواندووە بەتایبەت / سەربەستی و ئازادی خۆیان
لەدەست داوە ، مرۆڤی نامۆ و ڕەشبینیش بەدوای دۆزینەوەی ڕاستییەکان
ناگەڕێن چونکە / چاوەڕێی کەسانیترن کە ڕاستییان پێ نیشان بدەن ..! وا
پێویست دەکات ئەو ڕاستییەشمان لەبەرچاو بێت ، جا چ نووسەر بیت یان کەسی
ئاسایی ، لە نێو ژیان یان لەنێو نووسین و ئەدەب ، ( ئازادی بەمانای
بوونی مرۆڤ دێت ) هەرکاتێک / مرۆڤ ڕێگە بدات کەسانیتر یان هێزە
دەرەکییەکان / ئازادی و بوونی داگیر بکەن ئەوا ، ئەو کەسە کەسێکە بە
ژیانی کۆیلایەتی ڕازییە واتە ، بە خواستی خۆی ژیانی کۆیلایەتی
هەڵبژاردووە چونکە ، ڕیگەی بەوەداوە لەنێو کۆمەڵدا بخریتە پەراوێزەوە و
لە نێو بازنەکانی ئایدیۆلۆژیا و کەلتوورەکان بەها و نەریتێک بەسەریدا
سەپێندراوە ، ئەم بەسەر سەپاندن و دەستەمۆکردنەش هۆکارێکە بۆ
دەستبەسەراگرتنی ئازادی و ڕەسەنێتی بوونی ئەوتاکە ، ئێمە پێمانوایە /
ئایدیۆلۆژیا لەبەرامبەر داگیرکردنی ئازادی بوونی کەسەکان ، ئەو ڕۆلە
نێگەتیفە دەگێڕێ ، بەبڕوای نێچەش ( مەترسیدارترین وەهمی زاتی و
گەورەترین خورافەی بۆ ماوەیی کە لەگەڵ واقیعدا تێکبگیرێ و لەگەڵ
بابەتیبووندا پێکدا بپژێت ئەوە ( ئایینە ) .. ) ، لەلای نێچە ( ئایین )
یەکێک لە سەرچاوەکانی کزۆڵبوون و لاوازکردنی مرۆڤ ، ئەو لاوازییەی کە
وا لە مرۆڤ دەکات تەسلیم بە وەهمێک بێت و ڕاستییە بابەتییەکان بۆ ژیان
و بوون ونبکات ، دیارە ئەوانەی بوونی مرۆڤ داگیردەکەن ، چ لە ڕێگەی
دەسەڵات بێت یان ئایین یان ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراوەوە ( هەر
مرۆڤەکان خۆیانن دەیانەوێت بڕیار لەسەر پڕۆژەکانی بوونی ئەوانیتر بدەن
، دەیانەوێت ئەوانیتر وەک ئەو بیر بکەنەوە و شوێن باوەڕ و بەهاکانییان
بکەون ، خاوەنی هەڵبژاردەی خۆیان نەبن ..! ) . هەوڵی نووسەر لەنێو
نووسین و ئەدەبەکەی ، کۆششێکی بەردەوام و داهێنەرانەیە بۆ گەیشتن بە
دامەزراندنی پڕۆژەکان بە تایبەت پڕۆژەی مانابەخشین بەبوونی خۆی ،
هەروەها نووسەر لەنێو ( نووسین و کتێبەکانی نەمری بە بیرکردنەوەکانی
خۆی دەدات ) ، چونکە ئەدەب / جۆرێکە لە ئیشکردن بە ئاراستەی ( نەبوون
بەرەو بوون ) بەڵام ( ئایین و ئایدیۆلۆژییاکان و هێز و بەها
دەرەکییەکان ) جۆرە ئیشکردنێکە بە ئاراستەی ( بوون بەرەو نەبوون ) ڕێک
بە پێچەوانەی ئەدەب و نووسین . چونکە ئایین و هەموو ئایدیۆلۆژییاکان لە
پێناو ئامانجێکی دیاریکراودا سەروەری و بەهای پیرۆز بە مردن دەبەخشن .
ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا لەبەرامبەر چەمکی مردن ، لەگەڵ یەکتریدا ناتەبا و
دژ دێنەوە ، چونکە لەنێو ئەدەب و ژیاندا ، بوون لەگەڵ ئەوانیتر
مانایەکی هەیە بەڵام ، لەنێو ئایدیۆلۆژییاکاندا ، مردن لە پێناو
ئامانجە دیاریکراوەکان سەروەرییەکە و مانا و مانەوەیەکی ئەبەدی هەیە ،
بە تایبەت بە لێکدانەوەی ئایینەکان / مانەوەی ئەبەدیی لەدوای مردنەوەیە
، بەڵام لە بنەڕەتدا ، مردن کۆتایی بە هەموو پڕۆژەکانی بوون دەهێنێت و
داهاتوو دەکۆژێت ، واتە ( مردن دوا پڕۆژەی بوونە ..! ) مرۆڤ کاتێک
دەمرێت لەنێو ئیستا و داهاتوو نامێنێت ، دەبێت بەشێک لە ڕابردوو ، بۆیە
لەنێو ئەدەبدا بەهاو سەروەری مرۆڤ لەوەدایە بمێنێتەوەو بژی ( ژیانیش
هەمیشە لە مردن جوانترە ..! ) ، واتە لەپێناو ژیاندا بژی نەک مردن ،
چونکە مرۆڤ تابژی دەتوانێت داهێنان بکات ، دەتوانێ ژیان بگۆڕێت و
سەروەری و بەها بەبوونی خۆی ببەخشێت ، مرۆڤ تا مردن بوونێکی نیگەرانە و
لەسەر ئەگەرەکان ئیشدەکات ، هەڵبژاردنی ئەگەرەکانیش ئاراستە وەرگرتنێکە
بۆ بەردەوامبوون بەرەو ئایندە ، بەتایبەت ئەو مرۆڤانەی خاوەن بوونی
خۆیانن واتە لەژێر ئایدیۆلۆژیا و کاریگەرە دەرەکییەکان نین ، دەتوانن
ئەگەرێک هەڵبژێرن و بیکەن بە بنەمایەک بۆ پڕۆژەکانیان ، لەدواجار
ئاکامەکەش بەدەستبهێنن . ئەو نووسەرە دەستەمۆیانەی ، ئەوانەی رێگەیان
بە کەسانیتر داوە بوونییان داگیر بکەن لە ئەگەرەکان ڕادەکەن و تەنانەت
، واز لە پڕۆژەی تەواوکردنی بوونی خۆشیان دەهێنن . ئایدیۆلۆژییاکان ،
هەموو ئەدەبێک و فەلسەفەیەک و بیرکردنەوەیەکی دەرەوەی بازنەی
بیرکردنەوەکانی خۆیان ڕەتدەکەنەوە و بێبەها سەیرییان دەکەن ، بۆ نموونە
( سارتەر)ییان بە سیخوڕی ئیسرائیل و ( جۆرج لۆکاش)ییان بە سیخوڕی
ئەمریکا و (هایدگەر )یان بە لایەنگر لە فاشییەکان ناودەنا ، یان
فەلسەفەی بوونگەرایان بە فەلسەفەیەکی ڕەشبین و بێبنەما دادەنا ، چونکە
/ ئایین و ئایدیۆلۆژییاکان ئیش لەسەر بە ڕۆبۆتکردنی مرۆڤ دەکەن ،
هەروەها ئایدیۆلۆژییاکان هەریەکە و پێویستییان بە حزبێکە ، حزبیش وەک
سەرچاوەی هێز ، هێزێک لەسەرووی دەسەڵات و هێزی مرۆڤەکانەوە بێت ،
کەسانێکیش لەسەرووی هەرەمی ئەم هێزەوە بە ناوی ( خودا ، سەرۆک ، پێشەوا
) دەبێت قسەکانییان بگوترێتەوە و فەرمانەکانییان جێبەجێبکرێن ، ئیتر بە
پێی فەلسەفەی ئەم میکانیزمە چ بەهایەک و ڕەسەنایەتییەک بۆ بوونی
کەسەکان و نووسەرەکان دەمێنێتەوە ، داهێنان جگە لەلاسایی کردنەوەو
دووبارەکردنەوەی قسەی کەسانیتر چ مانایەکی دەبێت ؟ بە دیوێکیتر ، هەموو
ئایدیۆلۆژییاکان ، چ ئایینی یان مارکسییستی یان ناسیۆنالیستیی ، کاتێک
بە دەسەڵات دەگەن و دەوڵەتی خۆیان پێکدەهێنن ، جا دەوڵەتەکە ئیسلامی
یان نەتەوەیی یان کۆمۆنیستی بێت ، بەمانای داگیرکردنی بوونی کەسانێک
لەلایەن کەسانیترەوە دێت ، چونکە بەبڕوای ( لینین ) ، ( پێکهێنانی
دەوڵەت بەمانای سەپاندنی دەسەڵاتی چینێک بەسەر چینێکی ترەوە دێت ..! )
بەمانای لە هەموو کۆمەڵێک و دەسەڵاتێکدا ، مرۆڤەکان بە دوو فۆرم ژیان
بەسەر دەبەن:
یەکەم / بڕواکردنە بە بوون و سەربەستی یەکتری و ڕێزگرتنە لە مافی
یەکدی.
دووەم / داگیرکردنی بوون و سەربەستی یەکدی..!).
بە بروای ئێمەش ئەدەب لەسەر فۆرمی یەکەم ئیشدەکات و ئایدیۆلۆژیاکانیش
لەسەر فۆرمی دووەم ..! کەواتە لەهەموو بارەکاندا ، ئایدیۆلۆژیاکان چ لە
چوارچێوەی ئیشکردنییان بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتەکانییان و چ لە کاتی
گەیشتن و پێکهێنانی دەوڵەتەکانییان ، لەسەر ئەوە ئیشدەکەن کە کەسەکان /
دەستەمۆ بکەن و بوون و ئازادییان داگیر بکەن . بەڵام بە پێچەوانەی
ئایدیۆلۆژیاکان ، ئەدەب ئامانجی جوانکردنی ژیان و ڕیگەدانی مرۆڤە کە /
لەنێو نووسینەکان مومارەسەی ئازادی خۆی بکات و لە ڕێگەی داهێنانەکانی ،
لە هەوڵی سەڵماندنی بوونی خۆیان بن و خاوەنی بوونی خۆیان بن ، واتە
جووڵەکانییان لەژێر کاریگەری حەز و ئارەزوو و خەونەکانییان ئاراستە
وەربگرن . چونکە تا مرۆڤەکان ئازاد و سەربەست نەبن و خاوەن بوونی خۆیان
نەبن ، هێز و توانای زاڵبوونیان بەسەر حەز و ئارەزووەکانیاندا نابێت و
دەبن بە دەستەمۆ و کۆیلەی ئەوانیتر.
- ئایدیۆلۆژیا و گوتاری ئەدەبی.
ئەدەب ئەو شوێنەیە کە نووسەر تیایدا خۆی دەنووسێتەوە و گوزارشت لە
خەیاڵ و بیرکردنەوە و ئارەزووەکانی دەکات . یان بوخچەی خەم و خەون و
هەست و حەزەکانی خۆی تیا دەکاتەوە . بینینەکانی خۆی بۆ ناوەوەی خۆی و
بۆ دەرەوەی خۆی دەنووسێتەوە ، نووسین پردێکە لەنێوان خودی نووسەر بە
دنیای دەرەوە ، لەهەمانکات / زمان دەبێتە ئاوێنەیەک بۆ بینینی دیوە
شاراوەکانی نووسەر ، چ لەباری دەروونی یان بیرکردنەوەکانی ، دواجار
لەنێو هەر نووسینێکدا / قسەی جۆراوجۆر و گۆشەنیگا و وێنەی جۆراوجۆر
دەبیستین و دەبینین . بەو مانایەی هەموو دەقێکی ئەدەبی گوتارێکی ئەدەبی
لەخۆیدا گرتووە . گوتاری ئەدەبیش بەشێوەیەکی گشتی / خوڵانەوەیە بە
دەوری مرۆڤ و بەها مرۆییەکان ، گوزارشتە لە چەمکەکانی عەشق و خۆشەویستی
و ئارامی و پێکەوە ژیان . هەوڵدانە بۆ گەشکردنەوەی چرا خامۆشەکان و
ڕووناک پێشاندانی کۆڵانە تاریکەکان . دواجار هەموو دیوە شاراوەکانی
گوتاری ئەدەبی ، بە رەشبینی و گەشبینییەکانیەوە ، بە تاریکی
ڕووناکییەکانیەوە ، بە نائومێدی و ئومێدەکانییەوە هەمووی لە پنتێک
یەکدەگرنەوە ئەویش ، بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی بوونی مرۆڤە یان بۆ جوانکردن
و سەوزڕاگرتنی باخچەکانی ژیانە . لەنێو دەقە ناوازەکانی نووسەرە
گەورەکاندا ، ئەو ڕاستییەی گوتاری ئەدەبی دەبینین و وەک مانگ
دەدرەوشێنەوە . ئەگەر سەیرکەین ، ڕۆماننووسێکی وەک ( کاولۆ پۆلۆ )
لەنێو زۆربەی ڕۆمانەکانی بە تایبەت ، ( کیمیاگەر و یازدە خولەک و زاهید
.. ) دەبینن ، ئیش لە سەر هێڵێکی ڕاست دەکات ئەویش ، ( هۆشیارکردنەوە و
هاندانی مرۆڤەکانە بۆ گەیشتنییان بە خەون و ئومێدە گەورەکانیان ) واتە
بە مرۆڤ دەڵێت ( دەست بە ژیانەوە بگرە و لە هەوڵەکانت بەردەوامبە ،
دواجار بە ئومێد و خەونەکانت دەگەی ..! ) ، چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکی
وشیارە ، نابێت لە ژیان کۆڵبدات و دەرگاو پەنجەرەکان بە ڕووی
ئومێدەکانی دابخات ، یان گەورە نووسەرێکی وەک ( ئۆکتاڤیۆپاز ) لە
چاوپێکەوتنێک ، لە بەرامبەر جەنگ و بیرکردنەوە و هەستی ئەم مرۆڤە ، بۆ
خۆشەویستی و بەرزڕاگرتنی بوون و سەروەری مرۆڤ بە دوژمنەکانیشییەوە ،
لێی دەپرسن.
- ئایا ئەمە کاری لە تواناکانت کرد لە ڕقلێبوونەوە لە دوژمنەکانت .
ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت ( بەڵێ من دەستمکرد بە بیرکردنەوە لەوەی کە
ڕەنگە ئەم جەنگە شتکی قێزەوەن بێت بەڵام ، بە دڵنیاییەوە نەمدەتوانی
ئەوە بەکەسانیتر بڵێم ڕەنگە وایان لێکبدایەتەوە من ناپاکم ، کە من لەو
کاتەدا ئەوە تێنەدەگەیشتم ، دواتر لەوە تێگەیشتم لەوەی کە برایەتی
ڕاستەقینە ئەوەیە کە دەبێت / ئەو ڕاستییە قەبوڵ بکەین کە دوژمنەکەشت
مرۆڤە ..! ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت ، ببیتە هاوڕێی دوژمنەکەت . نەخێر
، بەڵام بە جیاوازییەکانەوە ڕێی تێدەچێ پێکەوە بژین .. ! ) بەمانای
ئەوانیتر و بە دوژمنەکانیشتەوە وەک مرۆڤ چاو لێبکەی ، ناوەڕۆکی ئەم
قسەیە ، پەیامێکی مرۆڤدۆستی و خۆشەویستییەکی گەورەیە بۆ ئاشتەوایی و بۆ
پێکەوە ژیان . یان لەنێو دەقە شیعرییەکانی ( شێرکۆ بێکەس ) بە تایبەت ،
لە قەسیدەی ( گۆڕستانی چراکان ) ، کە هاوارێکە بە ڕووی ژیاندا ، لە سەر
جەستەی مردن ئایکۆنەکانی ترس یان مانەوە و ئازادی دەنووسێتەوە ...! بە
دیوێکیتر ، لە پەیوەند بە ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ، کە بابەتی سەرەکی
ئێمەیە ، هەموو ئایدیۆلۆژیستەکان ، بە ڕەنگ و مەیلە جۆراوجۆرەکانەوە ،
لە هەموو هەلومەرجێک و قۆناغەکاندا ، هەوڵییانداوە مەوداکانی ئەدەب و
ڕەوتی مێژوویی و واقیعیەتە کۆمەڵایەتییەکان لە یەکتری نزیکبکەنەوە ،
بەمانای / پەیوەندی و پەیوەستبوونی ئەدەب بە ئایدیۆلۆژیا و ململانێیکان
تۆختر بکەنەوە ، ( مارکس و ئەنجلس ) لە کتێبی ( ئایدیۆلۆژی ئەلمانی ) و
لە زۆر شوێنیتر ، ئەوەیان دووپاتکردۆتەوە کە ( هەر دەسەڵاتێک و لایەنێک
کە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بن لە هەمانکات ، خاوەنی
ئامرازەکانی فکریش دەبن ..) هەروەها ( لیۆن ترۆسکی )ش لەسەر ڕۆشنایی
بنەماکانی ئەم بیرکردنەوەیە لە کتێبی ( ئەدەب و شۆڕش ) ، گرینگی بە
بەهای ئایدیۆلۆژیا و شۆڕش دەدات لە کاری ئەدەبی و هونەریدا ، ئەو
پێیوایە ، مرۆڤ لە کۆمەڵی سەرەتاییەوە ، لەوکاتەوەی ئامرازەکانی
بەرهەمهێنان لە گشتییەوە گۆڕاوە بۆ تاک لەوێوە ، چەوساندنەوەی مرۆڤ
لەلایەک مرۆڤەکان دەستی پێکردووە و خاوندارێتی تایبەت و چینە
جیاوازەکان دروستبوون ، بۆیە لە ئەدەب و شۆڕش دا دەڵێ ، ( لەهەر
قوناغێکی مێژوویی ، هەر لە کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی و سەرمایەدارییەوە
، خواپێداوەکان و دەسەڵاتداران خاوەن ئەدەب و ڕۆشنبیری خۆیان بوون ،
ئەدەب و ڕۆشنبیرییەک بەرگری لە مانەوە و دەسەڵاتی ئەوان بکات ، بۆیە
پڕۆلیتاریاش دەبێ خاوەن ئەدەب و ڕۆشنبیری خۆی بێت . ) دیسانەوە
لەسەرەتا و بەشی یەکەمی ئەم کتێبەدا دەڵێ ،( شۆڕشی بەلشەفیک لە
ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ دا ، نەبووە هۆی ڕووخاندنی دەسەڵاتی حکومەتی (
کیرینسکی ) بە تەنیا بەڵکو ، بووە هۆی ڕووخاندنی هەموو سیستەمە
کۆمەڵایەتییەکەی کە لەسەر بنەمای خاوەندارێتی تایبەت بنیادنرابوو ، بە
ڕۆشنبیری و ئەدەبەکەشیەوە ، بەتایبەت ڕووخانی ئەدەبی بەر لە شۆڕش ... )
لەم تێڕوانینانەی ترۆتسکی بە ئاشکرا وابەستەبوونی ئەدەب و ڕۆشنبیریی بە
شۆڕش و چینەکان و دەسەڵاتەکان دەبیندرێ و هاوکات ، بەشداری کردنی
ئەدەبە لە ململانێیە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا . دوای سەرکەوتنی
شۆڕشی ئۆکتۆبەر و بیروڕاکانی بیرمەندانی ئەم ڕەوتە بە تایبەت ( لینین و
ترۆتسکی ) ، زۆرێک لە فەیلەسوفەکان و نووسەرەکان و قوتابخانە
ئەدەبییەکان ، کەوتنە ژێرکاریگەری بیری سۆشیالیستی بیرمەندەکانییەوە ،
یەکێک لەوانە سوریالیستەکان ، ئەوەتا لە کتێبی ( چەمکە دەروونییەکان و
دەقی ئەدەبی ) دا هاتووە ، ( لە ساڵی ١٩٣٨ کاتێک ترۆتسکی لە مەکسیک
دەبێت ( ئەندرێ بریتۆن ) سەردانی دەکات و لەویدا لەگەڵ ئەو بە ئیمزای (
دیاگۆ ڕیڤێرا ) مانیفێستێک بە هاوبەشی دەنووسنەوە بەناوی ( بەرەو
هونەری شۆڕشگێڕی ) لە روانگەی کۆمۆنیستییەوە بنەماکانی هونەری شۆڕشگێڕی
دادەڕێژن ، لەم مانیفێستە هەوڵدەدەن بەڕوونی ئەوە بەرچاو بخەن کەوا ،
لە دنیای پڕ کێشمەکێشی سەرمایەداریدا سروشتی حەز و ئارەزووەکانی
ناوەوەی تاکی هونەرمەند ، ناکۆکە لەگەڵ سروشتی دەرەوەی واقیعی خود ..!
) ، ترۆتسکی لە بەشێکیتری کتێبی ( ئەدەب و شۆڕش ) دا ، باس لە گەورە
شاعیری سومبولیستی ڕووسی ( ئەلیکساندەر بلۆک ) دەکات و ڕەخنە لە فۆڕم و
زمان و ستایلی ئەم شاعیرە دەگرێت ، لەوەی کە / بەشداری شۆڕشی نەکردووە
و بە توندی لەژیر کاریگەری تەسەوف دایە ، بە شاعیرێکی ڕەمزی و لیریکی و
ڕۆمانتیکی ناوی دەبات و پێی وایە ئەدەبەکەی ئەلیکساندەر بلۆک لەدەرەوەی
ژیاندایە ...! دیارە ئەوە بەر لەهەرشتێک تێنەگەیشتنە بۆ ئەدەب و شیعر و
بەهاکانی زمان ، دواجاریش بێبەهاکردنی نوێخوازییە لە ئەدەب و شیعردا .
ئێمە لەو ڕوانگەیەوە ڕەخنە لە ترۆتسکی و ئایدیۆلۆژیستەکان دەگرین کە ،
لە ئەدەبدا گرینگیەکی ئەوتۆ بە زمان و ستایل و جوانی نادەن ، تەنها
لایەنی ئایدیۆلۆژی و شۆڕشیان بۆ گرینگە ، وەک ئەوەی ئەدەب و هونەر
ئۆرگانێکی حزبی بن ، بۆیە وەک هۆکارێک بەکاریان دەهێنن بەڵام ، پیویستە
ئەدەب لەنێو کایە و ڕووبەرە مرۆییەکەی خۆی بمێنێتەوە و سەربەخۆیی و
بەهاکانی خۆی لە دەست نەدات . بە دیوێکیتر ، ئایدیۆلۆژیا هەوڵی
شێواندنی گوتاری ئەدەبی دەدات ، چونکە گوتاری ئایدیۆلۆژی بە پێچەوانەی
ئەدەب لەنێو خۆیدا هەڵگری ( ترس و تۆقاندن و جەنگ و ویرانکردن )ە ،
هەموو ئایدیۆلۆژیاکان لە هەوڵی بەدیهێنانی گۆڕانن لە کۆمەڵدا بە
ئاراستەی بەرنامە و ئامانجە دیاریکراوەکەی خۆیان . لەم ڕیگەیەوە
پەنایان بۆ ململانێ و شۆڕش و جەنگ و خوێن بردووە . ئایینەکان بۆ
بڵاوبوونەوەی ئایین و بیربڕواکەیان و سایەکردن بەسەر تەواوی کۆمەڵدا ،
دەستییان گرتووە بە چیڕۆکە خورافی و وەهمییەکانەوە ، بە دروستکردنی (
بەهەشت و دۆزەخێک ) لەو دنیا و بەخشینی هەموو دەسەڵاتێک بە خودا .
بەڵام ، دەسەڵاتێکی ترسناک و تۆقێنەر ، بەو مانایەی هەر بڕواکارێک کە
پەیامەکانی خودا جێجەجێ نەکات ئیتر ، لەودنیا بە ئاگری دۆزەخ دەسووتێت
، کتێبە ئاسمانییەکان پڕن لەم گوتارە ترسناکانە ، کە یەکێکن لە سەرچاوە
بنەڕەتییەکان کە ترس و توندوتیژی بەرهەمدەهێنن ، د. محەمەد کەمال لە
کتێبی ( نیشتیمانی فەلسەفەدا ) باس لە ترسی منداڵی خۆی دەکات ، لە (
ئایین و خودا ) دا دەڵێ ( من لە منداڵییەوە گوێم لە سزادانی نێو گۆڕ و
دۆزەخ دەگرت و ترسێکی گەورە لە خوا کەوتە نێو دڵمەوە . وەکو منداڵێک لە
خوا دەترسام و نەمدەتوانی ، وەکو هێزێکی میهرەبان و پڕ بەزەیی بیناسم .
) لە شوێنێکیتری هەمان کتێب دەڵێت ،( من خوام لە ڕێگەی ئایینەکانەوە
دەناسی و لێی دەترسام ، لە منداڵییەوە کێشەی خوا بۆ من کێشەیەکی گەورە
بوو . بەردەوام وەک دەسەڵاتێکی هەڕەشەکەر دەهاتە پێشچاوم . ) ، لە
مێژووی مرۆڤایەتیدا کەمنین شەڕو ململانێی / نێوان خێلەکان و ئایینەکان
و نەتەوەکان و چینەکان ، مێژووی مرۆڤایەتی هەمیشە ڕووباری خوێنی پیا
ڕۆشتووە ، هەمیشە ململانێکان بە جەنگ و توندوتیژی و بە کوشتنی ئەویتر
یەکلایی بۆتەوە ،( مارکس و ئەنجلس ) لە کتێبی ( ئایدیۆلۆژی ئەلمانی )
دا ، ڕەخنە لە فەیلەسوفەکانی ئەو سەردەمە و لە هیگلییە لاوەکان دەگرن و
دەڵێن ( لەوێوە کە بەگوێرەی خەیاڵاتی ( هیگلییە لاوەکان ) پەیوەندی
ئینسانەکان و سەرجەم کارەکانییان ، کۆتوبەندەکان و ڕێگرییەکانی ئەوان ،
بەرهەمی هەستی ئەوانە ، هەربۆیە ئەوان مەنتقیانە ئەم حوکمە ئەخلاقییە
دەخەنە بەردەم ئینسانەکان کە هۆشیاری ئێستایان بە هۆشیارییەکی ئینسانی
، ڕەخنەگرانە یان خۆیەتی بگۆڕنەوە ، تا لەم ڕێگایەوە ڕێگرییەکانیان
لابەرن ..) یان لە هەمان کتێب دەڵێن ( ئەم خواستی گۆڕینی وشیارییە
بەمانای خواستی لێکدانەوەیەکی جیاوازە لەو دنیایەی کە هەیە ، واتە بە
رەسمی ناسینی ئەم دنیاییە لە ڕێگای لێکدانەوەی جیاوازەوە ...) ، بە
کورتییەکەی ڕەخنەی مارکس و ئەنجلس لە هیگلییە لاوەکان ئەوەبوو / کە
ئەوان لە دژی ئەم دنیا واقیعییەی کە هەیە ناجەنگن و دەیانەوێت لە ڕێگای
تەفسیرکردن و لە رێگای پەرەدان بە وشیاری کۆمەڵگە گۆڕانگاری بەدەست
بهێنن و بەربەست و ڕێگرییەکان لە بەردەمیان لابەرن ، کە بەبڕوای ئەوان
ئەمجۆرە هەوڵ و بیرکردنەوانەش بەرگریکردنە لەو سیستەمە کۆمەڵایەتی و
ئابوورییەی کە هەیە . بۆیە مارکس پێیوایە / فەیلەسوفەکان هەر نابێت
تەفسیری دنیا بکەن و بەڵکو دەبێت هەوڵی گۆڕینیشی بدەن . بەلای مارکسیش
گۆڕین دەبێ لە ڕێگای شۆڕشی پڕۆلیتاریاوە بێت و سیستەم و دەسەڵاتی
مەوجود لاببرێ و لە جێگایدا سیستەمێکی نوێ دابمەزرێت کە ، لەسەر بنەمای
وەڵامدانەوە بە کێشەی ( کار و سەرمایە ) و واتە لەسەر بنەمای
خاوەندارێتی گشتییەوە سەرچاوە بگرێت . ئیدی ئەم شۆڕشە جینایەتییەش
دواجار دەستبردنە بۆ جەنگ ، جەنگیش زۆربەیکات ، جگە لە کاوڵکاری و
بەرهەمهێنانی ترس و توندوتیژی هیچ مانایەکیتری نییە و هیچ بەرهەمێکیتری
نابێت . دواجاریش / کێشە و ململانێ و جیاوازییەکانیش هەر لەشوێن خۆیان
دەمێننەوە ، ئیتر بینیمان ، نە جەنگی نێوان تایفەکان و خێلەکان و
نەتەوەکان و چینەکان ، یان نە جەنگە جیهانییەکان ، هیچکام لەم جەنگانە
نەیانتوانی خۆشبەختی و ژیانێکی باشتر بۆ مرۆڤەکان بەرهەمبهێنن ، جگە لە
ترس وێرانکردنی شارستانییەت و خوڵقاندنی حەمامی خوێن و کوشتنی ژیان ،
هیچیتری لێوە بەرهەم نەهات . لە ڕاستای بیرکردنەوە لە جەنگ و
گاریگەرییە نێگەتیڤەکانی ( ئەلبێرت ئەنیشتاین ) لە ساڵی ١٩٣٢ دا ،
نامەیەک بۆ( سیگمۆند فرۆید ) دەنووسێت ، دواتر نامەکەی ئەنیشتاین و
وەڵامەکەی فرۆید لە کتێبێک چاپدەکرێ بە ناوی ( پاڵنەرەکانی جەنگ ) ،
پوختەی پرسیارەکەی ئەنیشتاین ئەوەیە ( ئایا لە بەرامبەر کارەساتی شوومی
شەڕدا ، ڕێگایەکی ڕزگاری هەیە بۆ مرۆڤایەتی ؟ ) هەرچەندە خۆی زۆر
نائومێدە لە وەرگرتنەوەی وەڵامێکی ئیجابی بەڵام زێتر مەبەستیەتی لەوە
تێبگات کەوا ، لەباری دەروونیەوە ، ئایا دەکرێت کار لە مرۆڤ بکرێت
مەیلی بۆ جەنگ و وێرانکاری کەمبکرێتەوە..!؟ چونکە خۆی تا ئاستێک لەوە
گەیشت بوو کە ، مرۆڤ لەباری دەروونییەوە مەیلێکی بۆ جەنگ و ویرانکردن
هەیە ، یان لەنێو نامەکەیدا دەڵێ / ( هیچ شتێک ناتوانێت شەڕ لەناوبەرێت
مەگەر ئەوەی مرۆڤەکان خۆیان نەڕۆنە بەرەکانی جەنگ ..! ) ، ( فرۆید )یش
بەدرێژی وەڵامی ( ئەنیشتاین ) دەداتەوە و لە سەر زۆرێک بڕگە و لایەنی
جیاوازی نامەکە قسە دەکات ، فرۆید لە وەڵامەکەی باسی جەنگ دەکات ،
مێژووی جەنگ دەبەستێتەوە بە مێژووی دەسەڵات و سەرمایە ، کە پێیوایە ،
دەسەڵات و سەرمایە ، شوێن بە هەر غەریزەو بیرکردنەوەیەکی ئینسانی چۆڵ
دەکەن . جەنگ و وێنکاری هۆکارەکانییان هەرچییەک بن بەڵام ، بەدیوێکدا
پەیوەندی بەباری دەروونی مرۆڤەکانەوە هەیە چونکە ، بە شێوەیەکی گشتی
مرۆڤ لەژێر پاڵنەری ئەم دوو غەریزەیە ئیش دەکات ئەوانیش:
- یەکەم / مەیلی عەشق و خۆشەویستی ، کە پارێزگاری لە ژیان و لە نەفس و
ئارەزووە ئیرۆتیکەکان دەکات ، ئەم غەریزەیەی بە ( ئیرۆس ) یان ( عەشقی
) ناوبردووە .
- دووەم / ئەم غەریزانەی لەناوبردن و مردنیان دەوێت ، یان غەریزەی جەنگ
و وێرانکردن ، دواتر بە( ساناتۆس ) یان بە غەریزەی ( مەرگ ) ناوی
بردووە.
مێژووی ئەم دوو چەمکەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەفسانەی یۆنانی ، کە لەوێدا (
ئیرۆس خوای خۆشەویستییە و کوڕی ئەفرۆدیتەیە ، کە ئەمیش خوای بەزم و
ئارەزووە زایەندییەکان بووە .. ساناتۆسیش خودای مردنە ، لە نەوەی
خوداوەندەکانی شەو بووە ) . فرۆید لە ئاکامی لێکۆڵینەوەی لە بارە
ناڕێکەکانی پەیوەندییە ناتەندروستییەکانی نێوان مرۆڤەکان ، ئەم دوو
چەمکەی بەکارهێناوە ، هەرەها هەر یەکێک لەم غەریزانەش ناتوانن بە تەنیا
و بە بێ ئەویدی چاڵاکی بکات و هەریەکەیان تا ڕادەیەک هاوتەریب و لە
هاوکێشەیەکی هاوسەنگدا دەبن ، چونکە لە بنەڕەتدا / مرۆڤ پێکهاتەیەکی
ئاڵۆزە بە شێوەیەکی خۆڕسک زۆرێک لە کار و ڕەفتارەکانی لە ژێر کاریگەری
ئەم دوو غەریزەیە دەبێت ، واتە غەریزەی ( عەشق و وێرانگردن یان ژیان و
مەرگ ) . فرۆید لە ئاکامی توێژینەوەکانی گەیشتۆتە ئەو ئاکامەی /
غەریزەی جەنگ و وێرانکردن غەریزەیەکە لە ناخی هەر بوونەوەرێکی زیندوو
ئیش دەکات ، تا ئاستی وێرانکردن و گەیاندنی بە توخمێکی بێگیان ، مرۆڤ
کاتێک پەنا بۆ کوشتنی ئەویتر دەبات ، ئەگەر ئەم کرداری کوشتنە هەر
هۆکار و ئامانجێکی لە پشت بێت بەڵام ، بەدیوێکیتر / هەوڵدانێکە بۆ
تێربونی غەریزەکانی خودی مرۆڤ خۆی . مەیلی جەنگ و شەڕانگێزی یان
غەریزەی مەرگ ، ( کاتێک دەبێتە غەریزەیەکی وێرانکەر کە بەیارمەتی
ئەندامێکی تایبەت لە بەرامبەر شتێکی دەرەکیدا کەڵکی لێوەردەگیرێت ) بە
مانای / ئەم غەریزەی مردنە کاتێک مەترسیدار و ترسناکە ئەوکاتەی
دەگوازرێتە دەرەوە بۆ نێو کایەی سیاسەت و ململانێکان . هەرچەندە فرۆید
پێیوایە گەر مرۆڤ هەوڵدا دەتوانێت کایەی عەشق و خۆشەویستی بە هێزتر
بکات لە کایەی جەنگ و وێرانکاری ، ئەویش بەوەی / سەرکەوتن بەسەر زۆری
تاکەکەسیدا لە ڕێگەی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ کۆمەڵەیەکی گەورە ممکین
دەبێت ، کۆمەڵگەیەک کە یەکگرتنی ئیحساسی ئەندامەکانی دەبێتە گرەنتی
مانەوە و بەردەوامبوونی ، یاسای ئەم کۆمەڵەیە ئازادیی تاکەکەسیەکانە ،
تا لەسەر ئەم بنەمایە پێکەوە ژیانی تاکەکان بە شێوەیەکی ئارام دابین و
مسۆگەر بێت .. ) بەڵام فرۆید ئاسایشێکی لەم چەشنە بە شتێکی وەهمی
دادەنێ و پێیوایە تەنها لە دنیای تیۆریدا وێنا دەکرێت . چونکە لە
بنەڕەتەوە کۆمەڵگە خاوەن تاکگەڵێکە بە دەسەڵات و توانای جیاواز و
نایەکسانیەوە ..! هەر بۆیە بیرۆکەی جەنگیش بە تەواو ڕەت ناکاتەوەو دەڵێ
، ( ناکرێت لە بنەرەتەوە هەموو شەڕەکان مەحکوم بکرێن تا ئەوکاتەی
ئیمبراتۆریەتەکان و دەسەڵاتەکان و نەتەوەگەڵیک بوونیان هەیە کە
بێبەزەییانە ئامادەی لەناوبردنی ئەوانیدیکەن ، ئەوانیدیش دەبێت خۆیان
بۆ شەڕ پڕ چەک بکەن ...! ) بەڵام لە هەمانکات باوەڕی وابووە کەوا /
هەموو ئەو شتانەی کە دەبنە هۆی پەیوەندی و لێکنزیکبوونەوەی هەستی نێوان
مرۆڤەکان ، دەبێت لە ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ شەڕدا بەکار ببرێن ،
بەمانای ئەوانیتریش وەک مرۆڤ سەیر بکرێن . ئەم تێڕوانینە مرۆییەی فرۆید
زێتر هاوتەریب دێتەوە لەگەڵ ئەدەب و گوتاری ئەدەبی ، لە ڕوانگەی ئەم
بیرکردنەوانە ڕەخنەش لە بەلشەفیکەکان دەگرێت دەڵێت ( بەلشەفیکەکانیش
هیوادارن لە ڕێگەی بە دەستهێنان و دابینکردن و زەمانەتکردنی پێویستییە
مادییەکان و هەرەها دروستکردنی یەکسانی لە نێو ئەندامانی کۆمەڵگەدا ،
شەڕەنگێزی لەنێو مرۆڤەکاندا لەناوبەرن بەبۆچوونی من هیوایەکی پووچ و
خەیاڵێکی لاوازە . ) یان دەڵێت ( ئەوان لە ئێستا تا ڕادەیەکی باش
چەکیان لەبەر دەستدایە و تەنانەت زەحمەتی نادەن بەخۆیان ، کە پەیڕەوانی
خۆیان لە ڕقەبەرایەتی و نەفرەت ، بەرامبەر ئەوانیدی بگێڕنەوە ..)
لێرەدا بەم ڕاستییە دەگەین کەوا قووڵایی و ناوەڕۆکی هەموو
ئایدۆلۆژیایەک بریتییە لە / پاساو هێنانەوەیەکی لۆجیکییانە بۆ کوشتنی
ئەویتر ، لەپێناو ئامانجێکدا کە لە ئایندەدا دیتە دی ..! بەلشەفیکەکان
بەم هەموو بانگەشە و دروشمانەوە کە بۆ یەکسانی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و
بەها مرۆییەکانیان هەبوو کەچی ، کاتێک گەیشتن بە دەسەڵات نەک هەر
نەیانتوانی کێشەکان چارەسەر بکەن و ئازادی و یەکسانی بۆ تاکەکان مسۆگەر
بکەن بەڵکو ، گۆڕستان و قەسابخانەیان بۆ ڕکابەر و نەیارەکانیان خوڵقاند
، نەیانتوانی ڕق و نەفرەتەکانییان بەرامبەر ئەوانیدی کەمبکەنەوە ، ئەم
سەرکوتکردن و مەیلی شەڕانگێزییەش لەپاش مەرگی ( لینین ) واتە ،
لەسەردەمی ( ستالین ) گەیشتە لوتکە ، ئەوەتا ( ترۆتسکی ) بە ناچاری
ڕوسیا جێدەێڵێ و ڕوو لە هەندەران دەکات ، لە غوربەتدا درێژە بە
کاروچاڵاکییەکان و نووسینەکانی دەدات ، لەگەڵ ئەوەش ، ترۆتسکی یەکێک
بووە لە بیرمەند و کەسایەتییە سەرەکییەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر ، لێرەدا
دووبارەی دەکەمەوە ، لەم وتارەمان مەبەستمان ئەوە نییە دژایەتی
ئایدیۆلۆژییاکان بکەین ، بە تایبەت مارکسیزم ، چ وەک ئایدیۆلۆژیا چ وەک
فەلسەفە ، من پێموایە / تا ململانێی چینەکان و چەوساندنەوەی مرۆڤ
لەلایەن مرۆڤ و تا کێشەی کار و سەرمایە مابێت ، مرۆڤایەتی پێویستی بە
مارکس و مارکسیزم دەبێت ، بە بڕوای من ئەوە مرۆڤەکانن نەیانتوانیوە
مارکس وەکو خۆی بخوێننەوە ، یان لە کایەی ئابووری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا
بە شیوەیەکی دروست بەکاری بهێنن ، لە دواجاردا / ئەوەی مەبەستی ئێمەیە
پەیوەندی ئایدیۆلۆژیا و ئەدەب و هەروەها گوتاری ئەدەبییە ، بەو مانایەی
/ ئەدەب نابێت ببێتە هۆکار بۆ هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو بە
مارکسیزمیشەوە ، بۆیە دەبێ لەوە تێبگەین بۆ بەردەوامبوون و گەشە و
پێشکەوتن ، ژیان پێویستی بە جیاوازییەکانە ، واتە جیاوازییەکان ببنە
سەرچاوەی گەشە و خێرا خوڵاندنەوەی ڕەوتی ژیان ، نەک جەنگ و وێرانکردن ،
ئێمە لە چوارچێوەی گوتاری ئەدەبی باسمان لەوە کرد کەوا / مرۆڤەکان بە
هەموو جیاوازییەکانیانەوە دەتوانن لەگەڵ یەکدا بژین . بەڵام
ئایدیۆلۆژیا و گوتاری ئایدیۆلۆژی ناتوانێ لەسەر ئەم مەیلە ژیاندۆستییە
ئیشبکات و خۆشەویستی لەنێوان مرۆڤەکان بەرهەمبهێنێ . بەمانایەکیتر ،
ئەویدی لەنێو گوتاری ئایدیۆلۆژی بوونێکی ئازاد و سەربەخۆی نییە ، چونکە
ئایدیۆلۆژیا لە بنەرەتەوە ، بە ڕێگایەکدا دەڕوات لەدواجاردا ، ئامانجی
گەیشتنە بە دەسەڵات . گەیشتن بە دەسەڵاتیش بەمانای ، بەرپاکردنی شۆڕش و
جەنگ ، یانی / خوڵقاندنی ڕووباری خوێن و پەڕینەوە بەسەر لاشەی مرۆڤەکان
..! ئیتر گەر چاوێک بە مێژووی مرۆڤایەتی و بەتایبەت ئایدیۆلۆژییاکان
بخشێنینەوە دەبینن ، ( کۆمۆنیزم ستالین و ، نەتەوەپەرستیش هیتلەر و
مۆسۆلینی ، ئیسلامیش بنلادن و ئەبوبەکر بەغدادی ..! ) بەرهەمهێنا ،
ئەدەبیش / شکسپیر و تۆلستۆ و دەستۆفسکی و هەمەنگوای و کامۆ و کافکا و
نەجیب مەحفوز و ئەرزا پاوەند و نیرۆدا و ناڵی و ... ، لە دواجاردا بەوە
دەگەین کە گوتاری ئەدەبی / لەسەر غەریزەی ژیاندۆستی ئیش دەکات ، واتە
پڕاوپڕە لە عەشق و خۆشەویستی و ئاشتەوایی و ڕێزگرتن لە ماف و ئازادی
تاکەکان . بەڵام ، گوتاری ئایدیۆلۆژی لەسەر غەریزەی مەرگ ئیشدەکات ،
واتە جەنگ و وێرانکردن و پێشێلکردنی ماف و ئازادی و کوشتنی ئەوانیتر
...!
_______________________________________________
بۆ ئەم بەشەش سوودمان لەم سەرچاوانە
وەرگرتووە:
- کتێبی (ئەنتۆلۆژی بنەڕەتی و بوونی مرۆڤ) .. نووسینی د. محەمەد کەمال.
- کتێبی (نیشتیمانی فەلسەفە) گەشتێک لەگەڵ دکتۆر محەمەد کەمالدا /
هەرێم عوسمان.
- کتێبی (نێچە فەیلەسوفێکی بەرزەفڕ) .. وەرگێڕانی حەیدەر عەبدڵا
- کتێبی (ئایدیۆلۆژی ئەلمانی) .. (مارکس و ئەنجلس)، وەرگێڕانی (سەلام
مارف).
- کتێبی (ئەدەب و شۆڕش) لیۆن ترۆتسکی.
- (Leon Trotsky .. (Litreture and
Revolution.
- کتێبی (چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی) .. ناڵە حەسەن.
- کتێبی (پاڵنەرەکانی جەنگ) .. ئەنیشتاین و فرۆید ، وەرگێڕانی مەریوان
هەڵەبجەیی.
- چاوپێکەتن لەگەڵ نوسەر و شاعیری مەکسیک (ئۆکتاڤیۆپاز). وەرگێڕانی
سۆران محەمەد / ژمارە ٢٩٨ی (ڕۆژنامەی هەولێر).
_______________________________________________
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/edebuaydiyalojiya1.htm
ماڵپهڕی ناڵه حهسهن
|