٢٢\٩\٢٠١٦
کورتە وەڵام!
رزگارکردنی موسڵ و بەفیڕۆچوونی خوێنی پێشمەرگە!

کامیل ژیر
- ٧ -
ھەواڵەکانی
چەند رۆژی رابوردوی کەناڵە راگەیاندنەکانی ئیراک و کوردستان، سەبارەت
شەڕی رزگارکردنی موسڵ، لەم خاڵانەدا کۆئەبنەوە:
١- ھەندێ لایەنی ئەرەبی دژی ئەوەن پێشمەرگە بەشداری لەو شەڕەدابکا، یا
بچێتە ناو شارەکە!
٢- لایەنە کوردییەکان سورن لەسەر بەشداریکردن بەھەندێ وردە مەرجی
نەزانراوو نەنوسراوەوە!
٣- لە ئەمریکا ١٧/٩ کۆبونەوەی ئۆباماو ئەبادی و فوئاد ھوسەین بۆ ئەو
مەبەستە ئەنجامدرا
٤- لە کوردستان ١٩/٩ بارزانی سەرپەرشتیی کۆبونەوەی ھاوبەشی سەربازی و
سیاسیی ھەرێم و ئەمریکاو ئیراکی کردو لەسەر ئۆپراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ
رێکەوتن.
ئای لەو نەگبەتییە! ئاخۆ خوێنی چەند رۆڵەی کورد لەو شەڕەداو لەپێناوی
ھیچدا بەھەدەربچێ!؟ ئەگەر بۆ ئەوەیە موسڵ وەک شارێکی کوردستانی بخرێتە
سەر ھەرێم؟ ئەھێنێ. ئەگەر بۆ ئەوەیە، موسڵ وەک کێکێک، پێشکەش بە ئیراکی
ئەرەبی بکرێتەوەو کورد تەنیا کاشێکی لەو کێکە بەربکەوێ!؟ لەو شەڕەمانچی؟.
دەی خۆ ھەمو ئاماژەکان ئەوە ئەگەیەنن، چارەکە کاشێک زیاتری کێکەکەمان
بەرنەکەوێ!! ئەویش بریتیئەبێ لەوەی کورد چەند ئەندامێکی لەئەنجومەنی
پارێزگای موسڵدا ھەبێ! جا ئەوەچیە!؟ وابزانم زۆرمان ھەڵگڕان لە
سەرکۆمارییەکەو وەزیران و پەڕلەمانکارە کوردەکان لەبەغدا!؟
با ھەندێکیتر شیکاریی مەسەلکە بکەین:
ا- لەڕوی مێژوییەوە، نەینەوا کە پایتەختەکەی شاری موسڵە، لە ٦٠٠٠ساڵ
پێش زایینەوە، واتا لەسەردەمی ماددا، کوردی تیا نیشتەجێ بوە. لە ٣٠٠٠
ساڵ(پ.ز)دا ئاشورییەکان دەستیان بەسەرداگرتوە. لە ٦١٢پ ز، کورد
نەینەوای لە ئاشورییەکان سەندەوە. لەسەردەمی ئومەری کوڕی خەتابدا،
ئەرەب بەسەرکردایەتی (روبعی کوڕی ئەفکەل) دەستیان بەسەر نەینەوادا گرت
و ناویاننا موێل چونکە شام و خۆرستان (وڵاتی رۆژ)ی بەیەکئەگەیان کەتا
ئەو بەروارە یەک ئەرەبی تیانەبو، بەڵکو لەژێر دەسەڵاتی کوردە
ساسانییەکاندابو.. تا ٢٠١٤ رێژەی ئەرەب لەشاری موسڵدا ٧٠%ی تێپەڕان،
لەماوەی ٢٠١٤تا ئێستا، مەزەنەئەکرێ دائش رێژەی ئەرەبی شاری موسڵی لە ٩٨٪
تێپەڕانبێ.
ب- ئێستا سەبارەت شاری موسڵ،ئەگەر ئۆپراسیۆنەکە سەرکەوتوبو،
سەرکەوتنەکە ئەکرێ بە ھی سوپای ئیراکی پاڵەوان و ئەشێ سوپاسێکی ھەرێم
بکرێ و پێیبڵێن ئیتر بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆتان! ئەمریکاش ئەڵێ ئەوە
بەینی خۆتانەو ئێمە دەس لەکاری ناوخۆتان وەرنادەین!!. ئەگەر
سەرکەوتونەبو، سەرنەکەوتنەکە ئەخرێتە ئەستۆی پێشمەرگەو لەوانەیە تۆمەتی
ناپاکیشی بۆ ھەڵبەسترێ! ئەوەتا دو پەرلەمانتاری ئیراکی: ئەبدول رەھیم
شەمەری و ئەبدولرەھمان ئەلوێزی بە توندی ھێرشیانکردە سەر ھوکومەتی
ھەرێم و پارتی و پێشمەرگە بە بیانوی وێرانکردنی گوندو ژێرخانی ئابوری و
سەرکوتکردنی ھاوڵاتیانی ئەرەب لە رۆژئاوای دیجلە (وەک لە خەباتی ٢٠/٩نوسراوە)!
لەکاتێکدا پێشمەرگە ئەو ناوچەیەی لەدائش پاککردۆتەوە کە ئەبوایە
سوپاسبکرایە! بەڵام ئەو دو پەرلەمانتارە دڵسۆزە، بۆ وێرانکردن و
کۆمەڵکوژیی ٣شاری وەک تکریت و فەلوجەو رومادی، ورتەیەکیان لێوەنەھات!
پ- لەوەڵامێکی بارزانیدا بۆ فرانس٢٤ رۆژی ١٩/٩/٢٠١٦ سەبارەت دوای دائش،
ئەلێ: پێویستە لیژنەیەکی سیاسی لەم بوارەدا بکۆڵێتەوە. جەبار یاوەریش
ھەر ئاماژە بۆ لیژنەیەکی لەوجۆرە ئەکا بۆ دوای دائش (سایتی روداو ١٩/٩)
دەمێکیشە ئەوە ئاشکرابوە ھەر کارێک لەم وڵاتەدا دوابخرێ و بسپێردرێ
بەلیژنە، ئەوە دەستی لێبشۆ وەک لیژنەکانی مادەی ١٤٠!!
ت- ئێستا وەک بەڵگەنەویستی لێھاتوە کە بەبێ پێشمەرگە، موسڵ لەدائش
پاکناکرێتەوە. کەواتە ھەلە بۆ ئەوەی کورد مەرجەکانی خۆی بسەپێنێ.
بەرامبەر ئەم ھەڵکەوتانە ، بەبڕوای من، ھەرێم سێ رێگەی لەبەردەمدایە:
یەکەم: بەشداری نەکا لەو شەڕەدا. بەشداریکردن، یاریکردنە بە ئاگر!
راستە بەگرتنی موسڵ دائش لاوازئەبێ، بەڵام لەناوناچێ. تورکیاو
لایەنیتریش ھەڵیئەسێننەوە!
دوەم: ئەگەر ھەر بەشداریی کرد، ئەبێ مەرجەکانی خۆی لەئێستاوە بسەپێنێ
بەنوسراوی و واژوکراویی لەلایەن ئیراک و ئەمریکاو گەورە ھێزەکانی
ئەوروپاو روسیاو یو ئێن و کورد خۆیەوەو بڵاویشبکرێنەوە. کەمترین
مەرجێکیش، بەری چەپی دیجلە بۆ کوردی موسڵ و بەری راستی بۆ ئەرەبی موسڵ.
ھەر یەکەشیان پارێزگایەکی جیاوازبێ. کەمینەکانیش خۆیان سەرپشکبن بۆ ھەر
کامیان.
سێیەم: لەبارێکدا ئەگەر لەم شەڕەدا، کورد تەنیا سەری شکاوو بنی دڕاوی
بۆ مایەوە، ئەوا کەمترین سزا بۆ دەسەڵاتی ھەرێم، ئەبێ ئەوەبێ دەس
لەدەسەڵات ھەڵگرێ و رادەستی گەلی بکات. ئەگینا گەل بریاری خۆی ئەدا.
__________________________
کورتە وەڵام -
٦ -:
www.emrro.com/kurtewelam6.htm
کورتە وەڵام -
٥ -:
www.emrro.com/kurtewelam5.htm
کورتە وەڵام -
٤ -:
www.emrro.com/kurtewelam4.htm
کورتە وەڵام -
٣ -:
www.emrro.com/kurtewelam3.htm
کورتە وەڵام - ٢ -:
www.emrro.com/kurtewelam2.htm
کورتە وەڵام - ١ -:
www.emrro.com/kurtewelam.htm
ماڵپهڕی کامیل ژیر
|