په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\١١\٢٠١٦

پێشێلکارییە شاراوەکان لە جەنگی موسڵدا.


نوری بەشیر      


ھەردوو بەرەی جەنگی موسڵ لەلایەک داعش کەلەناو شاری موسڵدایەو سەرەڕای ھەموو ئەو پێشێلکاریانەی کە زیاتر لەدوو ساڵی ڕابردوو بەرامبەر خەڵکی سڤێڵی موسڵ ئەنجامیداوەو بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی شاراوە ‌نیە و خۆشی ئینکاری لێنەکردوەو رایگەیاندوە کەبەپێی یاساکانی ئیسلام کەلەسەری دەڕوات کاریانکردوە. بەڵام ئێستا لەم جەنگەی لەگەڵ ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانیدا، ئەوەی میدیای بۆرژوازی سەر بەم کەمپە کەئیدعای دەکەن و دەریانخستووە، داعش قەڵغانی مرۆیی بەکاردێنێت لەجەنگەکەدا، لەگەڵ دۆزینەوەی لاشەیەکی زۆر لەکوژراوانی مەدەنی بەدەستی داعش و دەڵێن گویا پارچەکانی لەشیان دەرھێنراون و بازرگانیان پێوە کراوە. ئەم ھەواڵانە ھێشتا نەمیدیای بۆرژوازی و نەدەوڵەت و لایەنەکانی بەشداری بەناو دژە داعشی ئەم جەنگە وەک کارەساتێکی مرۆیی کەداعش ئەنجامی دەدات زۆر گەورەی ناکەن و دەریناخەن وەک کارنامەی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام ( داعش ). تەنیا ئەوەندە قسەی لەسەر دەکەن کەکاریان پێیەتی، واتە لەچوارچێوەیەکی بەرتەسکدا تەبلیغاتی بۆ دەکەن و لەچوارچێوەی بەرنامەیەکدا کەدایانڕشتووە چی بکەن لەگەڵ داعشدا!


لاکەی تری بەرەی جەنگەکە، واتە بەرەی ئەوانەی ئیدعاکەرانی ئازادی موسڵ رزگارکردنی خەڵکی موسڵە، لەئەمەریکاو ھاوپەیمانە شەست دەوڵەتیەکەی لەجیھانداو لەناوچەکەدا تورکیا کەبەئاشکرا مۆڵگەی خۆی لەدەوری موسڵ دامەزراندوە، ھێزەکانی حکومەتی عێراق بەسەربازی و پۆلیسەوەو عەشایەرە ئیسلامیەکانی ترەوە، حەشدی شەعبی بەھێزەکانی جمھوری ئیسلامی ئێرانەوە لەناویاندا، ھێزەکانی سەر حزبەکانی ناسیونالیزمی کورد... میدیاکانیان تەنیا پێشڕەوی و کارە پاڵەوانیەکانیان لەڕزگارکردنی ناوچەکانی دەوروبەری موسڵ و ناو موسڵ نیشاندەدەن و رایدەگەیەنن و تەبلیغی بۆ دەکەن.


بەڵام شاراوەیەک کەمیدیای گوێ لەمستی بۆرژوازی، بەھۆی سیاسەتێک کەئەم ھێزە بەناو نەجاتدەرانەی خەڵکی موسڵ و ئازادی موسڵ لێرەولەوی دزەدەکات، لەکارنامەی ئەم ھێزانەی نۆکەری ‌ئەمریکا لەبەرەکانی جەنگی ئازادی و رزگاریان، ئەگەرچی ھێشتا دڵۆپێکە لەدەریایەک لەسەر ئەو کوشتارو ماڵوێرانی و ئاوارەیی و سوکایەتیەی بەئینسان دەکرێت، بەڵام ھەژێنەرەو ئینسانی دەوێت بتوانێت بەدڵێکی ئینسانیەوە سەیریان بکات و ھەموو لەشی رانەچڵەکێت و موچوڕکی ئازار بەگیانیدا نەیەت. ئەو وێنەو ڤیدیۆ کەمانەی لەبەرەکانی جەنگەوە ‌دزە دەکەن. ئایا ئەوە ماھیەت و کارنامەی ئەو ھێزانەو دیموکراسیەتی حکومەت و دەسەڵاتە بۆرژوازی و سەرمایەداریەکانیان دەناخات، ھەروەھا واقعیەتی پڕوپاگندەی رزگارکردنی خەڵکی موسڵیان پوچەڵ ناکاتەوە کاتێک ھێزەکانیان مناڵێک دەگرن و دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر و کوشتنی، لاشەکەی بەدەبابە رادەکێشن. ئەمە چ وەحشیەتێکە جیا لە دیوێکی تری داعش ئاسا. لەکاتێکدا ئەوە مناڵەو کەوتۆتە بەردەستیان، بۆ ئەشکەنجەی دەدەن، بۆ دەیکوژن، دوایی بۆ لاشەکەی بەدەبابە رادەکێشن، ئەمە چ تۆڵەیەکە لەمناڵێک کەقەرارە ئەم ھێزانەی ئازادی موسڵ و رزگارکەری خەڵی موسڵ کەلەدەوری ئەمریکا کۆبوونەوەتە ئەنجامی دەدەن. ئەوان قەراربوو ئەو خەڵکە لەمناڵ و ژن و پێر لەدەست داعش و پەروەردەی داعش دەربێنن و رزگاریان بکەن. ئایا ئەمە ناکاتە ئەوەی بەجیا لەو پێشێلکاریانە بەدوای دەسەڵاتیان بەسەر موسڵدا چەندین جۆری داعش بەناو و پەرچەمی جۆراوجۆری ئیسلامی و قەومی ترەوە قوتنەکەوە کەئێستا زۆریک لەنمونەکانی دەرکەوتوون. ئەمریکا لە ٢٠٠٣ دا لەعێراقدا ھەر ئەمەی کرد و چەندین دیکتاتۆری لەعێراق و کوردستاندا کردە نسیبی خەڵک، کەسەد جار سەدامیان خەجاڵەت کردوە لە مامۆستایی دژی ئینسانی بوون و دیکتاتۆر بونیاندا.


دزەکردنی ئەو پێشێلکاریانە لەرۆژەکانی یەکەمی ھێرشەکان لەدێھاتەکانی دەوری موسڵەوە دەرکەوتن، لەوەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی زۆرێک لەو ئەسیرانە چ خەڵکی مەدەنی بەناوی داعش و داعشەکانی کەئەسیر دەکران، چ جۆر ھەڵسوکەوتێکی غەیرە ئینسانیان لەگەڵ دەکردن. کەمنەبوون ئەو ھەواڵانەی کەھێزەکانی تورکیا زۆرێک لەسەرانی داعشیان لەموسڵ ‌ بەرەو تورکیا و سوریا دەرکردوەو نەجاتداوە. ئەو ھەواڵانەی کەئەمریکاو تورکیا بە فڕۆکە داعشەکانیان لەدەوروبەری کەرکوک دابەزاندووە بۆ داگیرکردنی موسڵ. کەم نین ئەو ھەواڵانەی کەمیلیشیاکانی ئەحزابی ناسیونالیزمی کورد چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەسیرەکان دەکەن و بەشەق لەدەموچاویان دەدەن. کەم نین ئەو ھەزاران ئاوارەی کەقەراربوو ئەمریکاو ھاوپەیمانە جیھانی و ناوخۆییەکان پێش جەنگ دایاننابوو کەرزگاریان بکەن، بەڵام لەبیابانێکدا خۆیان چاڵیان ھەڵکەندوەو بەتانیان داوە بەسەریاندا و مناڵیان لەبەر بێخۆراکی و بێئاویدا دەمرن. ئەو ھەواڵانەی کەئەمریکای نەجادەری خەڵکی موسڵ و ئازادی موسڵ ھێزێکی زۆری ھێناوەتە دەوری موسڵ و بەرنامەیەکی نادیار بۆ دوای داگیرکردنەوەی موسڵ لەچنگی داعش داناوە. ھەواڵە شاراوەکانی مەسعود بارزانی و پارتی لەگەڵ ئەمریکا بەکرێ شەڕی موسڵ بکەن و ٤١٥ ملیۆن دۆلاری لەبەرامبەردا وەرگرتووە، ھەروەھا رێکەوتنی ژێربەژێری حزبەکانی کوردایەتی و مەسعود بەرزانی لەگەڵ عبادی کەئەمان پارەیان لەئەمرێکا وەرگرتوە بەشەرت و ئەوە شەرتی عەبادیشە کەبەدوای گرتنەوەی موسڵدا ھێزە چەکدارەکانی حزبە کوردیەکان بکشێنەوە لەبەر ئەوەی بەو مەرجە رێکەوتون و پارەیان داونەتێ. ھەموو ئەمانە ناکاتە رێکەوتنی ھەموو دەستەجاتی قەومی و ئیسلامی بۆرژوای دەوری ئەمریکا لەسەر حسابی خەڵکی موسڵ و ئایندەیان، لەئاخردا ھەر ئێستا ئەو پێنج ھەزار کەسەی لەخەڵکی سیڤێڵی خەڵکی شارۆچکەی حەزەر کەلەنێوان ھێزەکانی ھاوپەیمانی ئەمریکا ھێزەکانی عێراقی و حەشدی شەعبی و لەلاوە ھێزەکانی داعشدا گیریان خواردوەو ئایندەی نادیار چاوەڕێیان دەکات لەکوێی سیاسەتی ئەمریکاو ھاوپەیماننانیدا جیگای دەبێتەوە لەرزگارکردنیاندا.


رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەشێک لەو پێشێلکاریانەی کەدزەیان کردوە، دەخاتە روو و سەرزەنشتیان دەکات. بەڵام پێشێلکاریەکان و کوشتارەکانی ئەم دووبەرەی جەنگە لەوانە زۆر زۆرترن کەمیدیای بۆرژوازی پەنھانیان دەکات کەھەمووی نیشانەی ھەواڵی ناخۆش و ھەژێنەرن و ھەمووی پەیامی ترسناکە بۆ داھاتویەکی رەشی خەڵکی موسڵ و ناوچەکە. ‌ئەمانە ھەمووی راستی بەرنامەیەکە کەئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی ھەیانە. ئەمریکا دایانناوە لەبەرژەوەندی خۆی بۆ ئەوەی بەدوای موسڵدا لەسوریادا بتوانێت لەجەنگی لەگەڵ روسیادا تەوازنی بەرێتە سەرەوە، کە ھەموو ھێزە میلیشیاییە عیراقی و کوردیەکانی بۆ ئەمە سازداوە، ئیتر خەڵکی موسڵ و ئەو ناوچانە چ چارەنوسێکی خراپیشی لەئایندەدا بەسەر دێت جێگای بایەخیان نیە.


٢٠\١١\٢٠١٦
ماڵپه‌ڕی نوری به‌شیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک