په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١١\٢٠١٧

کوردبوون و ناسیۆنالیزم.
- خوێندنەوەیەیەک بۆ پەرتووکی''بوونی نەتەوەیی کورد، لە نێوان فەلسەفە و سۆسیۆپۆلەتیکدا'' -

هەڵۆ محەمەد      

- بەشی نۆزدەم -

ـ تیۆری دروستەیی و دروستکردنی نەتەوە.


"هیگڵ مانایەکی عەقڵی دەدات بە نەتەوە و دەوڵەت،نەتەوە لای ئەو پێش ئەوەی هەر شتێک بێت ئایدیاڵێکی ناو عەقڵە و ئەو ئایدیاڵەش رۆحی نەتەوەیە،بەبێ ئەم رۆحە نەتەوە ناتوانێت ببێت.هەر ئەو رۆحەشە دەبێتە بنەمای یەکەمیی بۆ ئاین و ئاکار و هونەر و دەکەوتە کولتووریەکانی تری نەتەوە،بەبێ ئەو رۆحە کولتور بوونی مومکین نییە،چونکە کولتور پێکهاتەی کۆمەڵە دەرکەوتەکەیە کە دەرکەوتەی ئەو رۆحەن و بەبێ بوونی ئەو رۆحی بوونیان نییە".٢٦٢


هێگل، مانایەکی ئەقڵی دەبەخشێ بە نەتەوە، بەڵام تیۆرییە دروستەییەکە، لێرەدا کولتورییەکەیە، مانای پێچەوانەی هێگل دەدات بە نەتەوە، پێی وایە لە کولتورە نەتەوەییەکەوە، ڕۆحی نەتەوە سەر دەردێنێ و پێک دێ. کەواتە ڕۆحی نەتەوە بنەما یان ئایدیاڵێک نییە، بەڵکو پێکهاتووە لە بیرەوەریی و ئیرادەی کۆیی . کولتورەکە لە رێگەی توخمەکانی خۆیەوە، ڕۆحی نەتەوە لەناو سایکۆلۆجێتی تاکەکاندا، ساز دەکات و ئەو میللەتەش، بەو ڕۆحە، یەک ئاڕاستە و یەک ئامانج دەبن. بە کورتی گەرەکیانە پێمان بڵێن، کولتوری نەتەوە، زەمینەی ڕسکانی نەتەوەیە، لەبەرئەوەی بەر لە دروستبوونی نەتەوە، کولتور هەبووە. بەڵام هێگڵ دەڵێ:


" رۆحی نەتەوە یان نەتەوە وەک پەتییەک پێش کولتور لەناو عەقڵدا هەیە و دەبێتە بنەمای بوونی ئەو کولتورەی کە لە وەدیهاتنی ئەو ئایدیاڵە دەکەوێتەوە.تاکە نەتەوەییەکانی نەتەوە لە لای هیگڵ ئەوانەن کە پاک بوونەتەوە لەو کولتورە باوەی کۆمەڵگاکەیان ".(١٦٢ـ٢٦٣)


کەواتە عەقڵ، لانک و پزدانی نەتەوەیە، پێش دەرکەوتنی وەک بوویەکی پەتی، لێرەدا ئامادەیە و هەیە. چونکە چ کاتێ نەبووە، کولتور، بە تایبەت هی دروستەیی بتوانێ، ئەو وێنە و ئاماژانەی ئێمە لە ڕێگایانەوە لە نەتەوە دەگەین، بۆمان دروست بکات. د. عرفان بەرامبەر بەم بۆچوونە دروستەییە دەڵێ:


" ئەو تاکانەی کە دواتر نەتەوە پێکدەهێنن،دەبنە هەڵگری ئەوەی کە لە کولتوری ئەو کۆمەڵگایەدا هاوبەشە و هەر یەک لەوان ئامادەیی تیایە بۆ ئەوەی ئەو کولتورە هاوبەشە وەک کۆمەڵە بنەمایەک لەناویدا ریشە داکوتێ و ببێتە سەرچاوە و بنەمای هەر بنەمای هەر جوڵەو هەڵسوکەوتێک کە لەودا دەرکەوت دەکات".(٢٦٣)
لێرەدا جارێکی تر بایەخ دەدرێ بە بنەما کولتورییەکە، تا ڕادەی ئەوەی کە ماهیەتی نەتەوە دیاری دەکات، کولتورە پەسەندکراوەکەیە.


ـ نەتەوە لە نێوان رەگەز و کولتوردا.


ئێرنست رینان، یەکێکە لەوانەی کولتوری هاوبەش، بە پێش مەرج و پێشخانی رۆحی نەتەوە دەزانێ. هاوسات بە سیستەمەشی دەزانێ، کە کولتوری کۆمەڵگا کاری پێ دەکات. بۆ سەلماندنی ئەوەی کە "بیرەوەری" هاوبەش هەوێنی نەتەوەیە، کۆمەڵێ نموونە لە مێژووەوە دێنێتەوە، وەک ئیمپراتۆرییەتەکانی چینی و میسری. باس لە جیاوازی دین لەم دوو دەسەڵاتەدا دەکات. بۆ جیاوازی رەگەز و نەتەوەش نموونەی دێنێ، کەوا ڕەگەز نابێتە بنەما بۆ دروست بوونی نەتەوە، چونکە لێرەدا کولتور نابێتە هۆکاری دروستبوونەکە. بۆ جیاکردنەوەی ڕەگەز لە نەتەوە باس لە ڕەگەزی جەستەیی و ڕەگەزی زمانی دەکات.


د.عرفان، لەسەر ئەم باس و بۆچوونانە، بە درێژی دەڕوات، تیشک دەخاتە سەر بۆچوونی رینان، لە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆەکان و دەڵێ: پێ وایە، کولتور و بیرەوەری هاوبەش هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆرەکان نەبووە. سەبارەت بە دەوڵەتی عوسمانیش، هەمان بۆچوون دووبارە دەکاتەوە.


ـ بنەمای پەیدابوونی کولتور و بیرەوەری هاوبەشی نەتەوەکان.


ئەم بۆچوونە پێی وایە، کولتوری هاوبەشی نێوان کۆمەڵە ئەتنیکێکی جیاواز، بنەمای دروست بوونی نەتەوەیە. بە هەمان شێوە سازبوونی کولتورێکی هاوبەش لە نێوان کۆمەڵە ئەتنیکێکی جیاوازدا، دەگەڕێنێتەوە، بۆ چەند هۆکارێکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی جیاواز. ئەمانە کەم و زۆر بنچینەی بیروڕای رینانە، بۆ دروست بوونی نەتەوە. نوسەر، جارێکی تریش ئەم بیروڕایانە شەنوکەوو دەکاتەوە، هەموو ئەو نموونانەی رینان بۆ سەلماندنی بۆچوونەکەی دروست بوونی نەتەوەی فەرنسی و ئیتالی و... تاد. هێناوێتەوە و پشتیان پێ دەبەستێت. د.عرفان ڕەتیان دەکاتەوە و پێی وایە دوورن لە لۆژیکەوە.


ـ بیرەوەری هاوبەش وەک بنەمای راستەقینەی نەتەوە.


کاتێ رینان پرسیار دەکات و مەبەستێتی بزانێ، ئەو بنەمایانەی نەتەوە لێیانەوە دێتە ئاراوە چییە؟، بۆ گەیشتن بە وەرام، بۆچوونێکی قورس دەردەبڕێ و پێی وایە، رەگەز و زمان و جوگرافیا و بەرژەوندی هاوبەش، هەموو ئەم توخمانە، چ ڕۆڵێکیان نییە و نابنە فاکتی دروست بوونی نەتەوە. بۆ نموونە: سویسرا و ئەمریکا، لە چەند ڕەگەزێکی جیاواز پێکهاتوون، کەچی نەتەوەن. بەلای رێنانەوە نەژادی پاک نییە، وڵاتانی ئینگلستان و فەرەنسا و ئیتالیا، لە کۆمەڵێ خوێنی تێکەڵاو دروست بوون. تاکی سەر بە رەگەزێک جیاوازە لە تاکی ناو نەتەوەیەکی سەر بە هەموو رەگەزەکانە، ئەوانەی هەموویان گۆڕاون بۆ پێکهاتەی نەتەوە.


لەسەر زمانیش،رینان هەمان بۆچوونی، وەک لەسەر ڕەگەزە هەیە. لە ئەمریکا و ئینگلستان و ئەمریکای ئیسپانی دا، یەک زمان بەکار دێ، بەڵام یەک نەتەوە نین. بەپێچەوانەی ئەمەوە سویسرا، نموونەیەکی ترە، چونکە لەسەر ڕەزامەندی لایەنە جیاوازەکان دروست بووە. لەم وڵاتەدا ٣ـ٤ زمانی تێدا بەکاردێ. ئەمە گرنگ نییە، بەڵکو گرنگ هەبوونی ئیرادەی هاوبەشی خەڵکی سویسرایە بۆ یەکگرتن، سەرەڕای جیاوازی زمانەکان.


د.عرفان وەرامێکی لۆژیکی ئەم بۆچوونە نادروستە، دەداتەوە و پێی وایە رینان لەوەدا کەوتۆتە هەڵەوە، جیاوازی نێوان دەوڵەت و نەتەوەی نەکردووە. بەڵگەنەویستە کە بۆچوونەکەشی دروستە، بە نموونە: ئەوەتا عێراق و تورکیا، یەک دەوڵەتن، دوو نەتەوە دوو زمانی جیاوازی تێدایە و کولتورە دروستەیی و نەتەوەخوازییەکە، نەبۆتە مایەی دروستکردنی نەتەوەیەک. ئێران فرە نەتەوەیە و هەرگیز نابێتە یەک نەتەوە. رینان، لەسەر ئاین و جوگرافیا و بەرژەوەندی هاوبەشیش دەدوێ، چ بەهایەکیان وەک بنەما بۆ دروستبوونی نەتەوە بۆ دانانێ.


نووسەر بەمجۆرە وێشتگە بە وێستگە لەگەڵ خۆیدا گەشتمان بەناو باسەکەدا پێ دەکات، تا دەگاتە لای پێناسە ناسراوەکەی رێنان کە دەڵێ:


"نەتەوە رۆحێکە،پرەنسیپێکی رۆحییە.دووشت هەن کە لەراستیدا یەک شتن ئەم رۆحە پێکدەهێنن:یەکێکیان بوونی میراتێکە لە نەریت و بیرەوەرییەکانی رابردوو، دووەم رەزامەندی هەنووکەیی و ئارەزووی پێکەوە ژیان و بوونی ئیرادەیەک بۆ درێژەدان بەو نەریت و بیرەوەرییانەی کە بەرهەمی پێکەوە ژیانن و بە میرات ماونەتەوە".٢٧٣ ـ٢٧٤


پاشان نووسەر، دەکەوێتە سەر بەراوردکاری و نیشاندانی جیاوازی ڕۆح لە لای رینان/ ر و هیگڵ/ھـ:
رـ ڕۆح پێویستی بە توخمی ئیرادەیە بۆ خۆ نواندنی.
ھـ. ڕۆح تاکانە و یەکە و هەر خۆیەتی.
Rـ ڕۆح لە رابردووی هاوبەشی کۆمەڵە ئەتنیکێک وەردەگرێ.
ھـ. ڕۆح لە عەقڵی تاکەکانی ناو میللەتدا هەیە.
رـ ڕۆح لەو نەریت و بیرەوەرییانە، وەردەگرێ، کە لەرابردوودا گوزراونەتەوە بۆ ئێستا و ئەوە ئیرادەیە بەرەو ئایندەی ئاڕاستە دەکات.
ھـ. ڕۆح لە رێگەی ویستەوە هەوڵی خۆئاشکراکردنی خۆی دەدات، لەناو واقیعێکی ماددیدا.
رـ ڕۆحی نەتەوە پێکهاتەیەکە لە ویست و بیرەوەرییەکانی ڕابردوو.
ھـ. ڕۆح شتێکە وەدی دێت،شتێک نییە کە پێک بێت.
رـ ڕۆح جەوهەر نییە و تاکانە نییە،پێکهاتەیەکە لە دوو توخم:بیرەوەری و ویست.
ھـ. ڕۆح کاتێ عەینی/ کۆنکرێتی دەبێتەوە، کە لەکار و کردەوەی کەسەکاندا شێوەگیر دەبێت. دوای شێوەگیربوونی لە نەوەکانی داهاتوودا نابێتەوە بە رۆحێکی پەتی.
رـ ڕۆح لە دەرەوەی خۆمانەوە دێتە ناومانەوە و حوکممان دەکات.
ھـ. ڕۆح لەناوماندایە و دواتر دێتە دەرەوە و خۆی لە ڕێگەی ئێمەوە ئاشکرا دەکات.
رـ نەتەوە پێش ئەوەی پێکهاتەی کۆمەڵە ئەتنیکێک بێت، ڕۆحە.
ھـ. ـنەتەوەی داهاتوو، ڕۆحی لەناو خۆیدا دەبێت، وەک ئەوەی پێشوو، ئەویش ڕۆحەکەی ناوخۆی شێوەگیر دەکات.
رـ ئەم ڕۆحە پێکهاتەیەکە لە بیرەوەری هاوبەشی ئەتنیکەکانە لە رابردوودا و پاشان لە رێگەی ئیرادەی تاکە کەسەکانەوە، لە کار و کردەوەکانیاندا، ڕەنگێ پێ دەدرێتەوە.
ھـ. ڕۆح ئازادە، جگە لەخۆی پەیوەست نییە، بەهیچ شتێکی ترەوە، لە خۆیدا و بەخۆی و بۆ خۆی هەیە.
رـ ڕۆح بەبێ وابەستەبوونی بە رابردوەوە بوونی نابێت.
ھـ. ڕۆح پێویستی نییە بۆ بوونی لە بوونی خۆیدا هەیە. ئەمەش بە بەڵگەی ئەوە جەوهەری ڕۆح ئازادییە.
رـ ڕۆحی نەتەوە، لەناو کەسەکاندا، بوونێکی پێشینەی نییە و بەڵکو لە ڕابردوودایە.
ھـ. هەر لەمەشەوەیە، کە مرۆڤ لە خۆیدا ئازادە.
رـ نەتەوە وەک تاکەکەس بەری ڕابردوویەکی دوور و درێژی ڕەنج و قوربانی گوێڕایەڵییە، نەریتی باوباپیران لە هەموو شتێک ڕەواترە. ئێمە بە ڕەنجی باوباپیران بووین بەوەی کە ئێستا هەین.
رـ ڕۆحی ئێمە، پەیوەستە بە پێشینەکانمانەوە و بەبوونی ئەوان ئێمە هەین و بەبێ بوونی ئەوان ئێمە بوونمان نییە، ئێمە ئەوەین، ئێوە بوون، ئەوەش دەبین کە ئێوەن.
رـ لێرەدا ئازادی نابێتە خاسیەتی جەوهەریی ڕۆح.
رـ وابەستەبوون و بەندیەتی، خاسیەتی ئەو ڕۆحەیە، کە رینان بە ڕۆحی نەتەوەی دەزانێت.


"نەتەوە لای هیگڵ ئایدیاڵێکە واتە رۆحێکە،ئەم رۆحە پێویستی بە توخمێکی تر هەیە کە ئیرادەیە،تا شێوەگیر بێت و بنوێنرێت.". ٣٧٥


د. عرفان لەم بوارەدا ماندووبوونێکی زۆر دەکێشێ، تا بەر و پێشی بیروڕاکانی رینان، شی بکاتەوە و بەوانەی هیگڵی بەراورد دەکات. دواجار دەنووسێ:


" گەر لای هێگڵ خواستە بەشەکییەکانی تاک لە خواستەکانی نەتەوەدا وەدی بێن و خواستە هەمەکییەکە عەقڵییەکانی نەتەوەش لە رێگەی وەدیهاتنی خواستە بەشەکییەکانی تاکەکانەوە وەدی بێت،ئەوە لای رینان خواستە تاکە کەسییەکانی تاکەکانی ناو نەتەوە بەردەوام دەبێت ببنە قوربانی بۆ خواستە گشتییەکانی نەتەوە،بەبێ ئەو قوربانییە،ئەو یەکبوونەی کە نەتەوە لەسەری دامەزراوە،ناتوانێت خۆی راگرێت،رێنان ئەم قوربانیدانەی تاک بە خواستەکانی خۆی بۆ خواستەکانی نەتەوە بە هۆشیاری ئاکاری ناو دەبات و ئەو هۆشیارییەش بە هۆشیاری نەتەوەیی دادەنێت.بۆ ئەوەی ئەو هۆشیارییە ئاکارییەش بوونی خۆی بسەلمێنێت،دەبێت تاکەکەس لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا خۆی بکاتە قوربانی ".(٢٧٦)


ئەم بۆچوونەی رینان، رێخۆشکەرە بۆ تیۆرەکانی نەتەوەخوازی لەسەدەی بیستەمدا، باس لە دروستکردنی نەتەوەکان دەکەن لە ڕێگەی ویست و خواست و ئارەزووی خۆیانەوە. بەمەش دەیانەوێ بڵێن نەتەوە بەرهەمی ڕێکەوتنی تاکەکانە، لە نێوان خۆیاندا، گرێبەستی کۆمەڵایەتی بکەن. رینان هەر لەم بوارەدا لای وایە تاکە کەسەکان وەک بەش قوربانی بە بەها و شتەکانی خۆیان دەدەن، لە پێناوی گشتدا، کە نەتەوەیە.


نووسەر ئاماژە بەوەش دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا تیۆرە دروستەییەکەی رینان، بە سادەیی لە سەدەی ١٩ دا بڵاوکراوەتەوە، بایەخی زیاتر پێدەدرێت لە لایەن لێکۆڵەرە مۆدێرنیستەکانی سەدەی بیستەمەوە گوزارشتی زیاتری لێ دەکرێت، تا تیۆرە سروشتیەکەی لۆبۆن، کە گرنگییەکی ئەوتۆی پێ نادرێ دەکەوێتە پەراوێزەوە و تاوانباریش دەکرێ بەوەی کە بۆن و بەرامەی ڕەگەزپەرستانە و دژە مۆدێرنیزمەی هەیە.

_________________________________

بەشی هەژدەم: www.emrro.com/kurdbunun18.htm

بەشی هەڤدەم: www.emrro.com/kurdbunun17.htm

بەشی شازدەم: www.emrro.com/kurdbunun16.htm

بەشی پازدەم: www.emrro.com/kurdbunun15.htm

بەشی چواردەم: www.emrro.com/kurdbunun14.htm

بەشی سێزدەم: www.emrro.com/kurdbunun13.htm

بەشی دوازدەم: www.emrro.com/kurdbunun12.htm

بەشی یازدەم: www.emrro.com/kurdbunun11.htm

بەشی دەیەم: www.emrro.com/kurdbunun10.htm

بەشی نۆیەم: www.emrro.com/kurdbunun9.htm

بەشی هەشتەم: www.emrro.com/kurdbunun8.htm

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/kurdbunun7.htm

بەشی شەشەم: www.emrro.com/kurdbunun6.htm

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/kurdbunun5.htm

بەشی چوارەم: www.emrro.com/kurdbunun4.htm

بەشی سێیەم: www.emrro.com/kurdbunun3.htm

بەشی دووەم: www.emrro.com/kurdbunun2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/kurdbunun1.htm

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک