په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٣\٢٠١٣

لە راپه‌ڕینەوە تا کۆڕەو.

جەلال محەمەد     

بەشی پێنجەم - دیاردەی سەرنجڕاکێش و ئامانجەکانی راپەڕین:


یەکێک لە سامناکترین دیاردەکانی ساڵی ١٩٩١ بریتی بوو لە دیاردەی کۆڕەو ، ئەو دیاردەیەی کە بە ملیۆنان مرۆڤی کورد دوچاری ئاوارەیی ھاتن لە ژێر لێزمەی باران و بەفردا، لەو کۆڕەوەدا زۆربەی نەخۆش و منداڵ لەناوچوون و بەشێکی زۆری خەڵکیش بە پێی پەتی سنووری مینڕێژکراویان بڕی ، ئەگەرچی ئەم دیاردانە ھەمووی دڵتەزێن و سەرنجڕاکێش بوون بەڵام ھیچ شتێک ھێندەی دوو کردەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق سەرنجی منی ڕانەکێشا کە بریتی بوون لە:


١- لە کاتی کۆڕەوەکەدا بەرپرسانی پارتی دەھاتنە لای خەڵکە ئاوارەکە و دەیانگوت (ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ھیچ ئاگادارییەکمان لە ڕاپەڕین نەبووە و بە ھیچ شێوەیەک بەشداریشمان نەکردووە لەو ڕاپەڕینەدا، لەبەرئەوە ئۆباڵی ئەو ئاوارەبوونەش ناکەوێتە ئەستۆی ئێمە).


کەچی سەرسوڕمان ئەوەیە ھەر ئەو پارتییەی کە دوێنی ئاگاداری ڕاپەڕین نەبوو، ئیمڕۆ لە ڕاگەیاندنەکانیدا بەجۆرێک باس لە ڕاپەڕین دەکات و دەیکاتە بەرھەمی خۆی کە ئەگەر کەسێک سەردەمی ڕاپەڕینەکەی لە بیر نەبێت و بۆشی باس نەکرابێت وادەزانێت ھەرچی ڕاپەڕین و دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینە بەرھەمی ماڵی بارزانییە.


٢- ھێشتا خوێنی سەدان ھەزار ئەنفالکراوی کورد وشک نەببوویەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق باوەشی بۆ ھەموو ئەنفالکەران کردەوە و وەکو شۆڕشگێڕ پێناسەی کردن بەبێ ئەوەی حساب بۆ دەریایەک خوێنی میلەت بکا، کەچی لە بەرامبەردا تەنھا یەک کەسیان بە تاوانبار زانی بە ناوی "سالە خەیات" و گوللەبارانیان کرد، لەبەرئەوەی سالە خەیات لە ڕابردوودا ئاغایەکی سەر بە پارتی تەسلیم بە حکومەتی عێراق کردبوو.


کاتێک پرسیار لە پارتیەکان دەکرا: بۆچی سالە خەیاتتان کوشت؟ یەکسەر وەڵامیان دەدایەوە و دەیانگوت (لەبەرئەوەی ئاغایەکی سەر بە پارتی ڕادەستی میری کردۆتەوە).


ھەر لە ھەمان کاتدا ئەو پرسیارەیان لێ دەکرا: ئەی بۆچی ئەو ھەموو سەرۆک جاش و ئەنفالکەرەتان لە خۆ گرتووە کە سەدان ھەزار مرۆڤی کوردیان ڕادەستی میری کردۆتەوە ؟ بەبێ وەستان وەڵامیان دەدایەوە و دەیانگوت (لەبەرئەوەی لێبوردنی گشتی دەرکراوە و ھەموو تاوانبارێک دەبەخشرێت).

لە راپەڕیندا چ ئامانجێکمان بە دەست ھێنا؟

ئامانج لە ڕاپەڕین بریتی بوو لە ویستی گەل، ویستی گەلیش ئاشکرایە کە خۆی لە ئازادی و سەرفرازی تاکەکانیدا دەبینێتەوە ، وەک لە ساڵی ٢٠٠٣ و لە ھەڵبژاردندا ٩٨.٧٪ی گەل دەنگیان بە ئازادی و خۆ دەربازکردن لە داوی داگیرکەری عێراقی داوە، بەڵام دەسەڵاتداران نەک ھەر ویستی گەلیان بە ھەند وەرنەگرت بەڵکو ئێران و تورکیاشیان ھێنایە نێو کایەکە و ھەر لایەنە و خۆی گرێدا بە یەکێک لەو داگیرکەرانەوە.


ئامانجی کوردەکان بریتی بوو لە چارەسەرکردنی گرفتەکان و کۆتایھێنان بە دیاردەی قێزەونی تەعریب، نەک لە پێناو ھاوبەشیکردن لە دەسەڵاتدا مادە ژەھراویەکانی ٥٨ و ١٤٠ی بۆ بەرھەم بێت و گرفتەکانیش بەبێ چارەسەری بمێننەوە.


ھەڵبەت کەم نین ئەو کوردانەی کە لە ڕابردووشدا ھاوبەشییان کردووە لە دەسەڵاتی داگیرکەراندا، بەڵام ئەنجامەکەی ھیچ دەستکەوتێکی باشی نەبووە و بۆتە ھۆی ئەوەی کە کوردان فریو بخۆن و زیاتریش دەستی داگیرکەران ئاوەڵا بێت بۆ قەڵاچۆکردنی نەتەوەکەمان.


فریوخواردنی کوردان بە ھاوبەشیکردن لە دەسەڵاتدا ، بۆتە باشترین ئەزموون بۆ داگیرکەران و ھەمیشە ئەو دیاردە قێزەونەیان دووبارە کرۆتەوە بۆ بێدەنگ کردنی کوردان تا ئەو کاتەی پێگەی خۆیان بەھێز کردۆتەوە، دەنا لە خۆڕا نەبوو کە ئیخوان‌الموسلمینی سوریاش بەکرێگیراوێکی وەک "عبدالباست سەیدا"یان کردە سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا بۆ لە خشتەبردنی کوردان. بەڵام خۆشبەختانە پارتی یەکێتی دیموکراتی"پەیەدە" نەکەوتە نێو ئەو داوە و ھەر زوو کوردانی لەو پیلانە ئاگادار کردەوە ، ئەنجامی لە داو نەکەوتنی کوردانیش بە ھەتیو مانەوەی عبدالباست سەیدا و فڕێدرانە دەرەوەی بوو لە ھاوکێشەکەدا.


ئامانجی کوردەکان بریتی نەبوو لە خۆ خستنە نێو گرفتی نێوان شیعە و سوننەی عێراق وەک ئیمڕۆ بەدی دەکرێت ، بەڵکو ئامانجی کوردەکان بریتی بوو لە پاراستنی گیانی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری و دابینکردنی ژیانێکی سەرفراز بۆ ڕۆڵەکانی.


ئامانجی کوردەکان بریتی نەبوو لە پاراستنی سنووری داگیرکەران و ڕەوایەتیدان بە داگیرکاریی، بەڵکو ئامانجی کوردەکان بریتی بوو لە ڕیسواکردنی عەقڵیەتی ناوچەگەری و نەھێشتنی سنووری دەستکرد و بنیاتنانی یەکێتی نەتەوەیی.


ئامانجی نەتەوەکەمان بریتی نەبوو لە بەبرا زانینی داگیرکەران و بەنامۆ بینینی کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان، بەڵکو ئامانجی نەتەوەکەمان بریتی بوو لە ھاوکاریکردنی کوردی ھەموو بەشەکانی کوردستان و ھەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر بەو ھەموو تاوانەی کە دوژمنان پیادەی دەکەن لەسەر نەتەوەکەمان.


ئامانجی کوردەکان ئەوە نەبوو کە گرفتی حیزبایەتی بگاتە ئەو ئاستەی کە ڕەحم بە شەھیدەکانیش نەکرێ و گوریس لە ملی پەیکەرەکانیان بنرێ و بەسەر شەقامەکاندا کێش بکرێن، وەک ڕاکێشانی پەیکەری " شەھید ئارام" بە دوای ئوتۆمبێلدا لەپێش چاوی ھەزاران خەڵکی شاری سلێمانی، بەڵام ئەو بەعسیانەی کە دەستیان بە خوێنی سەدان ڕۆڵەی کورد سوور بوو نەک ھەر پەیکەرەکانیان نەڕووخاندن بەڵکو دەیان پێشمەرگەشیان بۆ پاسەوانیکردنیان دانا وەک پاسەوانیکردنی پەیکەری "نازم تەبقچلی" خۆفرۆش لە شاری کەرکوک، ئەمەو ھەزاران کردەوەی نابەجێی دیکە.

_________________________________________

بەشی چوارەم: www.emrro.com/leraperinewetakorew4.htm  

بەشی سێیەم: www.emrro.com/leraperinewetakorew3.htm

بەشی دووەم: www.emrro.com/leraperinewetakorew2.htm  

بەشی یەکەم: www.emrro.com/leraperinewetakorew1.htm


ماڵپه‌ڕی جه‌لال محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک