په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٣\٢٠١٤

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان.


هەژێن

- بەشی چوارەم -


ئەگەر پێمانوابێت، وەڵامەکانی ئێمە تەواو و دوا دەرکی مرۆڤایەتین، ئەوا خەریکین لە خۆمان بتێک سازدەکەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو سیستەمی ڕێکخستنەی کۆمەڵگە، کە ئێمە خەباتی بۆ دەکەین، دوایین چاوەڕوانی و گەشەیەکە، کە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریکین پووچگەراییەکی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەکانی دیکە، چێدەکەینەوە. سۆشیالیزم بەھەشتێک نییە لە ئاسمانەکانەوە دایگرین و لە پەڕاوی ئەفسانەکاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بکەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی زیندووە و بە پراکتیکی شۆڕشگێڕانە کەتواریی دەبێتەوە و سەرکەوتنیشی لە کولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت.

جیاوازی مارکسیزم و ئه‌نارشیزم چییە، چیتان ھەیە، کە جیاکەرەوە و جێی شانازیکردن بێت؟

بەڵی، بەدڵنیاییەوە ئەگەر جیاوازی نەبووایە، بەدرێژایی دوو سەدە بیریاران و لایەنگرانی ئەو دوو باڵەی بزووتنەوەی سۆشیالیستی، دژبەیەک و لە بەرامبەر یەکدیدا نەدەوەستان، ھەروەھا بەدڵنیاییەوە لە ڕوانگەی بیریاران و لایەنگرانی ھەر یەک لەو دوو باڵەوە وەک یەک و ھاوتا، جیاوازییەکان نەخراونەتەڕوو. لەبەرئەوە من وەک لایەنگری ھزری ئەنارکی، ئەو جیاوازییانە دەخەمەڕوو، کە بۆ من باسکردنیان پێویست و یەکلاکەرەوەیە، بەڵام لەبەرئەوەی کە ھەژمارکردنی جیاوازییەکان لە ڕوانگەی ئەنارکییەوە زۆرن و لێرەدا ناکرێت بەدرێژی لەسەریان بدوێم، ناچار بە کورتی، سەرخەتی جیاوازییە سەرەکی و ھەرە دیارەکان بخەمەڕوو. بۆ ئەم مەبەستە ھەوڵدەدەم لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا جیاوازییەکان نیشانبدەم، چونکە ئەگەر بچمە وردەکارییەوە، ئەوا وردەکاریی جیاوازییەکان لە تێڕوانین و کردداردا بەچەندین پەتووک تەواو نابن و کارێکی ئاوا، کاری تەنیا کەسێک نییە و لە توانای من بەدەرە، سەرەڕای ئەوەش، ئەوەی بە خەیاڵمدابێت و تا ئێستاکە دەرکمکردبێت، ئەمەی خوارەوە پوختەکەیەتی:

مارکسیستەکان، بوونی پارت و ڕابەریی دەستەبژێری ڕامیاریی بە مەرجی شۆڕشگێڕبوونی بزووتنەوەکان دەزانن و لەسەر ئەو بنەمایە، ئەوان مێشکی پڕۆڵیتاریا پێکدەهێنن و ڕێکخستنی ئابووریی و جەماوەریی چین و توێژە پرۆلیتێرییەکان دەکەنە ملکەچی پارتی پێشڕەو و سەرکەوتنی ڕاپەڕین و خەبات و گەییشتن بە سۆشیالیزم بەبوونی ئەو دەزگە بیروکراسییە خواوەندییەوە دەبەستنەوە.

لە بەرامبەردا ئەنارکیستەکان خەباتی ئابووریی و کۆمەڵایەتی بە تاقە مەیدانی خەباتی سۆشیالیستی دەزانن و ڕێکخستنە ئابووریی و جەماوەرییەکان بە تاقە سەنگەری خەباتی چینایەتی چین و توێژە پڕۆڵیتێرییەکان دژی سەروەریی چینایەتی بۆرجوازی دەزانن. لەسەر ئەم بنەمایە، هەم دەستەبژێری پێشڕەو و مێشکی بیرکەرەوە لە جیاتی پڕۆڵیتاریا ڕەتدەکەنەوە و هەم ڕۆڵی خۆسەپێنەرانەی تاک بەسەر بزووتنەوەکدا ڕەتدەکەنەوە و هەم دژایەتی باڵا و پایینی ڕێکخستن دەکەن. لەمەش واوەتر، ڕێکخراوە ئابووریی و جەماوەرییەکان هەر بەتەنیا بە ئامرازی بەدەستهێنانی داخوازییە دەستبەجێکان یا سەرخستنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی چەوساوان نازانن، بەڵکو وەک فێرگەی تاکی هوشیار و پێشینەی هەرەوەزییەکانی کۆمەڵگەی داهاتوو [سۆشیالیستی/ ئەنارکی]شیان لەبەرچاویاندەگرن. لەبەرئەوە هەموو سەرکردایەتی و ڕابەرایەتییەکی تاکەکەسیی یا خوایی دەستەبژێرە دەسەڵاتخوازەکان ڕەتدەکەنەوە، هەڵبەتە گرفتەکە هەر بەو ڕەتکردنەوە کۆتایی نایێت، بەڵکو پێویستی بە ڕەتکردنەوەی ڕێکخستنی قووچکەیی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و گروپە خۆجییەکانیش هەیە، واتە لەنێوبردنی میکانیزمەکانی بەرهەمهێنانەوەی هەلپەرستی و دەسەڵاتخوازیی و بیروکراسی و خۆسەپاندن، کە پارت و ڕابەر و سەنیدیکای زەرد لەسەر یان دادەمەزرێن.

مارکسیستەکان، شۆڕش بە سەرکەوتنی ڕاپەڕین و بەدەسەڵاتگەییشتنی پارتی پێشڕەو و گەییشتن بە دەسەڵاتی ڕامیاریی دەزانن، بۆ نموونە کە دەڵێن شۆڕش لە ڕوسیە، بەدیاریکراویی مەبەستییان لە ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ١٩١٧یە، کە تێیدا بۆلشەڤیکەکان وەک دەستەبژێرێکی ڕامیارپیشە لە نائامادەیی هوشیاریی و کەم دەرکی شۆڕشگێرانەی چین و توێژە پڕۆڵیتێرەکاندا بەدەسەڵاتی ڕامیاریی گەییشتن. لە ڕاستیدا کەتوار و ئەو دیوی دیوە شێوێنراوەکەی ڕووداوەکان، وێنایەکی دیکەی جیاواز لەوەی بۆلشەڤیکەکان و پاشڕەوانیان پاگەندەی دەکەن، لە ئەم ڕۆژەدا بۆ شۆڕش بەرجەستەدەکات، بە واتایەکی دیکە ئەو گۆڕان و زەمینەلەبارییەی ڕوسیە بۆ ڕاپەڕین لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، بەرهەمی چەند سەدە ستەمگەریی ئیمپراتۆریی تزارەکان و چەندین دەهە خەبات و خۆڕێکخستنی کرێکاران و جوتیاران و مانگرتنە پەیتا پەیتاکان و ئەزموونگیریی لە شکستی ڕاپەڕینی ١٩٠٥ و بەرەنگاریی و یاخیبوونی جەماوەریی جوتیاران و کرێکاران و سەربازان بوو، نەک بانگەوازی ڕامیارپیشە بۆلشەڤیکەکان لە هەندەرانەوە و پلانڕێژیی ئەوان بۆ سەرهەڵدانی ڕاپەڕینەکان.

ئەنارکییەکان، بەلایەنیکەمەوە من و کەسانی هاوبۆچوونی من، شۆڕش بە پرۆسێسێکی مێژوویی بەردەوام و ئاڵوگۆڕ لە هوشیاریی و مێنتالیتی و بیرکردنەوە و تێڕامان و شێوەژیان و کولتوور و ڕۆشنبیریی مرۆڤدا دەزانن/ دەزانین، کە لەسەر بنەمای ئەو ئاڵوگۆڕانە و پەرەسەندنی خەباتی ڕۆژانە و جێکەوتەبوونی ژیانی نابۆرجوازیی وەک ئەلتەرناتیڤ و شکانەوەی هاوسەنگی هێز بەلای شۆڕشگێران و ڕوخاندنی یەکجارەکی سیستەم و سەروەریی چینایەتیدا دێتەدی.

لای مارکسیستەکان، خەباتی ڕۆژانەی چین و توێژە پڕۆڵیتێرەکان بۆ گۆڕینی ڕێوشوێنی ئابووریی و کۆمەڵایەتییان، بریتییە لە ڕیفۆرم و خودی ڕیفۆرمکردنی سیستەمی چینایەتی و دەسەڵاتی ڕامیاریی بە پۆزەتیڤ دەنرخێنن، بەواتایەکی دیکە خەباتی ڕۆژانەی چینایەتی لەچاو هەوڵی ڕامیارییانەی پارتە پێشرەوەکانیان، بە کەم دەگرن.

بەڵام لای ئەنارکیستەکان، خەباتی ڕۆژانەی چین و توێژە پڕۆڵیتێرییەکان، بریتی نییە لە ڕیفۆرم و واوەتر لەوەش بە هەنگاوە ڕۆژانەیی و هەر ساتییەکانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی دەزانن و لەسەر ئەو بنەمایەی کە شۆڕشی کۆمەڵایەتی کارکردی هوشیارانەی خودی چەوساوانە، بەو هۆیەوە خەباتی ڕۆژانە بە تاقە سەنگەر و خەباتی ڕەوا دەبینن و دەناسن. بەڵام هیچ کات ڕێگە بەو خۆشباوەڕییە نادەن، لەنێو چەوساواندا تەشەنەبکات، کە ڕیفۆرمکردنی دەسەڵات و چەنەبازیی نێو پارلەمانەکان لە بەرژەوەندی چەوساواندا بێت.

مارکسیستەکان، شێوەیەک کە بۆ ڕێکخستنی ئابووریی و جەماوەریی پێشنیاردەکەن یا دەستی بۆ دەبەن، هەم نێوەندگەراییە و هەم قوچکەییە، واتە لەسەرەوە بڕیارەکان دەدرێن و خۆیان واتەنی ڕابەران [کۆمونیستەکان] بەرژەوەندەی هەموو چینەکە باشتر دەزانن. وەها ڕێکخستنێک چ لەو باڵەیدا کە سۆشیال-دێمۆکراتەکان کردیانە بەشێک لە دەوڵەتی بۆرجوازی و چ ئەو جۆرەی کە بۆلشەڤیکەکان کردیانە داردەستی دەوڵەتەکەیان، هەمان ڕێکخستن و پێکهاتەی قوچکەیی و باڵا و پایینی هەیە. لەو ڕێکخراوانەدا بڕیاری مانگرتن و چالاکی و بەشداریکردن و نەکردن و هەڵویستوەرگرتن و هاوپشتیکردن و کاری هاوبەش، لە سەرەوە دەدرێت و مێشکی گەورە [ڕابەران] دەیدەن. هەر لەبەر ئەو هاندەرە نێوەندگەراییە بوو، بۆلشەڤیکەکان توانانی بەرگەگرتنی مانەوە و درێژەی کاری سۆڤییەتەکانیان نەبوو و لە ساڵی ١٩١٨ بەدواوە سۆڤیەتەکان پەراوێزخران و پووکێنرانەوە، چالاکانیان یا ناچار بە گوێرایەڵیی پارتییانە کران یا دوورخرانەوە و خرانە ژێر کاری زۆرەملێ و تۆمەتبارکردنیان بە دوژمنی شۆڕش و بەکرێگیراوی لەشکری سپی. بەداخەوە کۆمونیستەکانی خۆرهەڵاتی ناوین لە گەڕان و لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی لاکەوتەیی و پەراوێخران و چەککردنی سۆڤییەتەکان، دەسەپاچە و کڵۆڵن یا نادرەبەستن و بە لێکدانەوە و پێوەری ئایدیۆلۆجیکی پاساوی سەرکوتگەریی و بیرۆکراسیی و نایەکسانی و نادادوەریی و پارتپاشایی و داراییی دەوڵەتی و کاریکرێگرتە و هەبوونی سزای سێدارە و کاری زۆرەملێ و دەزگەی سیخوڕیی و سەرووخەڵکیی و زیندان، دەدەنەوە.

لای ئەنارکیستەکان، لەسەر ئەو بنەمایەی بڕاوایان بەوە هەیە، کە "ڕزگاری کرێکاران بەرەنجامی خەباتی خودی خۆیانە"، هەم ڕێکخستن ئاسۆیی و نانێوەندگەرایە و هەم ڕێکخراوە و بەشەکانی ڕێکخستنی هەر کارخانەیەک و پیشەیەک و گەڕەک و شوێنێک، سەربەخۆیی خۆیان لە بڕیاردان و چالاکیکردن و هاوپشتیکردندا هەیە، بێجگە لەوەش، مانگرتنی کتوپڕ و نایاسایی و مانگرتنی گشتی، شێوازی ناسراو و ڕێسایی [ترادیسیۆنی] خەباتی ڕاستەوخۆی سەندیکا و ڕێکخراوە جەماوەرییە شۆڕشگێڕەکانە و کۆبوونەوەی گشتی بەردی بناخەی هەر چالاکی و بڕیاردانێکە.

مارکسیستەکان، پێداگریی لەسەر پێویستبوونی دەوڵەت دەکەن و سەروەریخوازن، لە بەرامبەردا ئەنارکیستەکان، دەوڵەت بە ئامرازی چینایەتی و پێداویستی ھێشتنەوە و پارێزگارییکردن لە کۆمەڵگەی چینایەتی دەزانن، لەبەرئەوە دژی هەموو دەوڵەتێکن بەناوی کرێکاران و سۆشیالیزمەوە، چونکە لەو بڕوایەدان، کە کۆمەڵگەی سۆشیالیستی / ئەنارکی، کۆمەڵگەیەکی ناچینایەتیی و نادەوڵەتییە و تێیدا چینێک بۆ سەروەریی نامنێتەوە، چ کرێکاران بەدیاریکراوی و چ پڕۆڵیتاریا بەگشتی.

لای مارکسیستەکان، وابەستەیی و پاشڕەویی ڕێکخراوە جەماوەریی و پیشەیی و ئابوورییەکان بۆ پارتی پێشڕەو، مەرجی کاری سەرتاسەریی و کاراییانە، بۆ ئەو مەبەستە هەردەم بە خۆتێهەڵقورتاندن و دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆی ئەندامانی باڵا و گوێڕایەڵی پارت لە کاروباری ڕێکخراوە جەماوەرییەکاندا، ڕێکخراوەکان دەکەنە گیرفان و لاورگی پارت یا داردەستی پارت و وەک ڕۆبۆت هەڵیاندەسووڕێنن، لەم بارەوە چ لە ئاستی جیهانی و چ لە ئاستی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان بینەری چەندین ئەزموونی تێکشکێنراوین، لەم بارەوە باشترین و نزیکترین نموونەگەلی ناسراو لە هەرێمەدا "یەکێتی بێکاران لە کوردستان "، "ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان" و "ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی خوێندکاران" و ڕێکخراو و سەندیکاکانی دیکەی کرێکاران و کارمەندانن، کە بە دەستتێوەردان و پاشکۆکردن و پیلانگێریی کۆمونیستە کرێکارییەکانی هەرێم، وەک دیارییەک بۆ بۆرجوازی، لەنێوەوەڕا کرمۆڵ و تێکشکێنران و دەرگەی بنکەیان لەلایەن کەسانی خۆبەڕابەرزانەوە قوفڵدرا.

لای ئەنارکیستەکان، یەکگرتن و هاریکاریی چینایەتی ڕێکخراوە ئابووریی و جەماوەرییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە سەرتاسەرییەکاندا لەسەر بنەمای سەربەخۆیی [ئۆتۆنۆمی] ڕێکخراوە ئەندامەکان و هاوپشتی بەردەوام و ئازادی بەشداریکردن و نەکردنی چالاکییەک، پێکدێت. واتە سەربەخۆیی خۆجێی و هەستی هاودەردی و پێداویستی هاوپشتی سەرتاسەریی، جێگەی ملکەچی بۆ نێوەندگەرایی و فەرمانبردن بۆ سەروەریی سەرانی پارت و سەندیکا قووکەییەکان، دەگرێتەوە.

مارکسیستەکان، لەسەر بنەمای باوەڕبوونیان بە پێداویستی دەوڵەت بەناوی کرێکارانەوە، سامان و کەرەستەکانی بەرھەمھێنان و کەرتە پیشەسازیی و کشتوکالییەکان و داھاتی کۆمەڵگە دەوڵەتیی دەکەنەوە، لەبەرئەوە دەستەوداوێنی بەرنامەڕێژیی نێوەندییانەی ئابووری و بەرھەمھێنان و دابەشکردن دەبنەوە و دواجار بخوازن یا نا، خۆبەخۆ ئەو کارە بە دەستەبژێرێکی بەرتەریدار و بڕیاردەر لە سەرووی کۆمەڵگەوە دەسپێرن و ھەر بەرھەڵستییەک لە بەرامبەر نەرێنییەکانی ئەو بەرنامەڕێژییەدا، بە ھەوڵ و پیلانی دژە-شۆڕش تۆمەتباردەکەن و بە ھەمان دەردی ئایدیۆلۆجیاگەریی، پاساوی نەرێننییەکان دەدەنەوە و لەو پێناوەشدا پێشتر سەرکوتێکی ڕێکخراو بەناوی "دیکتاتۆری پڕۆڵیتاریا" ئامادەی بەرگرتن بە ھەموو ناڕەزایەتییەکی بەرھەمھێنەران و خوازیارانی خۆڕێکخستن و خۆدابەشکردنی بەرهەمەکانیان دەکەن. لەم بارەوە نموونەی زیندووی مێژوویمان لەبەردەستە، کاتێک کە کۆمونیستە شوراییەکان لە کرۆنشتات دژی بەرنامەڕێژیی ئابووریی و یاسا ڕامیارییەکانی دەوڵەتی بۆلشەڤیکی بوونەوە و خوازیاری کۆنترۆڵی کرێکاریی و شورایی بوون، یا لە ئۆکرانیا ئەنارکیستەکان [ھەرەوەزییە پیشەسازیی و کشتکارییەکان] ویستیان لە دەرەوەی بەرانامەی نێوەندسەپێنراوی بۆلشەڤیکەکان و سەرکوتگەرییەکانی لەشکری سوور و لە (سان پیتەرسبۆرگ) کرێکاران بە پێداگریی لەسەر کۆنتڕۆڵی کۆمیتەکانی کارخانە و خۆبەرێوەبەرایەتی کرێکاری پێداگرییانکرد، کرێملین فەرمانی بە لەشکری سوور دا و دیکتاتۆریی پارتیان لەژێر ناوی پرۆلیتارایاوە، خستەگەڕ و کوشتوبڕێکیان بەڕێخست، کە هێشتا لەشکری سپی ئەنجامینەدابوو.

لە بەرامبەردا ئەنارکیستەکان، پێداگریی لەسەر نانێوەندیی [خۆجێی و سەربەخۆیی] خۆبەرێوەبەرایەتی و بڕیاردان لەلایەن ھەرەوەزییە ئازادەکان یا ناوچە و ھەرێمە ئازادە پێکھاتووەکان لە یەکگرتنی فیدڕاڵییانەی ھەرەوەزەییەکان، دەکەن، کە لەوێدا ئازادی تاک لە هەرەوەزییەکان و ئازادی هەرەوەزیی و کۆمیونیتییەکان لە یەکگرتنی فیدراڵییانەی ناوچە و هەرێمەکاندا، بناخەی خۆبەرێوەبەرایەتی و خۆبڕیاردانن. بەو جۆرە نە نێوەندی بڕیاردان و نە نێوەندی بەرنامەڕێژیی لە ئارادا نابن، ئەوی هەیە و دیاریکەری ڕەوایەتی کارەکانە، پێداویستیی ژیانی تاک و هەرەوەزییەکان و وەڵامدانەوەیەتی بە یەکێتی ئازادانەی ناوچە و هەرێمەکان. بە واتایەکی دیکە، لای مارکسیستەکان یا لە ئەڵتەرناتیڤی ئەواندا تاک و هەرەوەزیی و شوراکان ملکەچی سەرەوەی خۆیان [دەسەڵاتداران]ن و ژیان و داهاتووی کۆمەڵگە، حەز و ئاوەزی چەند کەسێک دیاریدەکەن، بەڵام لای ئەنارکیستەکان، ئەوە ئازادی تاک و هەرەوەزییەکان و پێداویستییەکانی ژیانی کۆمیونیتییەکان و وەڵامدانەوە بە هاوپشتی و یەکێتی ئازادن، کە دروستی و ڕەوایەتی بە بڕیارەکان دەدەن.

مارکسیستەکان، لەسەر بنەمای نێوەندگەرایی دەسەڵات و بەرنامەڕێژیی ئابووریی و یاساکان، بەڕێوەبەرایەتی سەرووخەڵکیی پارت و پاشڕەوانی، سۆشیالیزمی دەوڵەتی لەسەر مۆدێلی کەرتی پیشەسازیی و کشتوکالیی دەوڵەتیی بە زۆرەملێیی بەسەر کرێکاران و جوتیاران و ئەندامانی کۆمیونیتییەکاندا دەسەپێنن و تەنانەت نموونەسازی کولتووری لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی ئەندامانی بڕیادەری پارت و دەسەڵات دەکەن و هونەر و ئەدەب و ئارەزووەکانی تاک لە قاڵبدەدەن. باشترین نموونەش کارکردی بۆلشەڤیکەکان بوو، کە خەڵکیان ناچار بە بەشداری و بوونە ئەندام لە هەرەوەزییە دەوڵەتەییە سەپێنراوەکاندا دەکرد، ئەگەر کەسێک ملی بەو پرۆژەیە نەدابایە، ئەوا دوورخرانەوە و کاری زۆرملێی و مردن لە سیبریا چاوەڕێی دەکرد.

بەڵام ئەنارکیستەکان، بەپێچەوانەوە، لەسەر بنەمای نانێوەندییوبوونی [ئۆتۆنۆمبوونی] هەرەوەزییەکان و ئازادی تاک لە بەشداریکردن و نەکردن لە هەرەوەزییەکاندا، هەروەزییەکان ئارەزوومەندانە وەک دەستپێشخەریی خۆبەخشانەی کۆمەڵایەتی، تەنانەت لەباری لاوازی تاکە بەشدارینەکردووەکاندا، هاوپشتیی مرۆیی لەتەکیاندا دەکەن و کۆمەکی کۆمەڵایەتی و هاوپشتیی ئازادانە، بەردی بناخەی پێکهێنانی هەرەوەزییە کۆمەڵایەتییەکانە، باشترین نموونە لەم بارەوە، ئەو هەرێمانەی ئیسپانیان، کە لەسەر بنەمای بۆچوونە ئەنارکییەکان ڕێکدەخران، لەوانە بە دیاریکراویی هەرێمی'کەتەلۆنیا'ی ئیسپانیا لە جەنگی نێوخۆیی ١٩٣٦-١٩٣٩، کە نەک تەنیا لە ڕووی ئازادی و ئابوورییەوە مەترسی بوون بۆ سەر دەسەڵاتی فرانکۆییەکان و کۆمارییەکان، تەنانەت مەترسیش بوون بۆ سەر مۆدیلی بۆلشەڤیکی سۆشیالیزم [دەوڵەتی بەناو سۆشیالیستی]. بۆ تێگەییشتن لەمە، پێویستە لە نێوان هەنگاوە کردەییەکانی بۆلشەڤیکەکان ١٩١٧ - ١٩٨٩ لە ڕوسیە لەتەک ئەنارکییەکان ١٩٣٦ - ١٩٣٩ ئیسپانیا و سەرەنجامەکانیان، بەراوردبکرێت.

هەڵوێستی ئێوه‌ به‌رامبه‌ر ئایین و کەڵچەر چییە و چۆنە؟

ئایین و کولتوور، خودی ئایین بەشێکە لە کولتوور، بەڵام بەشی نەگۆڕ و کۆنەپارێزی کولتوور. بەپێچەوانەوە بەشەکانی دیکەی کولتوور، ھەردەم لە گۆڕاندان و ئەوەی لەم ڕۆژەدا کولتووری جێکەوتەیە، ڕۆژگارێک بوونی نەبووە. گۆڕانی کولتوور بۆ کەسانێک کە لەنێویدا دەژین، وەک سووڕانەوەی زەوی لە دەوری خۆر وایە، کە کەمتر یا ھەر ھەستی پێناکەن. بەڵام بۆ کەسانێک کە لە دەرەوەی کۆمەڵگەوە تێیدەوانن، ئەو گۆڕانە ھێواشە زۆر بە ئاشکرا دەبنینن و باشترین نموونەش شۆکی تاکی کۆچەرە لە دەمی گەڕانەوەیدا بۆ نێو بازنە کولتوورییەکەی، کە پێشتر تێیدا ژیاوە و بەڕادەیەک جۆرێکی دیکە بووە، کە خودی تاکی کۆچەر بەراورد بە کۆمەڵگەی بەجێهێڵراو لە مانەوەی یا پاراستنی بەها کولتوورییەکانیدا کۆنەپارێزتر ماوەتەوە.

ئەوەی ھەڵوێستی ئەنارکیستان بەرامبەر کولتوور چۆنە و پێویستە چۆن بێت، پەیوەندی بە ڕۆڵی کولتوور و ھێز و دەسەڵاتی کولتوورەوە ھەیە، ھەڵبەتە ئەو کەسانەی کە ڕواڵەتییانە لە کولتوور دەڕوانن و ڕۆڵی کولتوور لە گۆڕانی شۆڕشگێڕانەدا کەم دەگرن، تێگەییشتنیان لە کولتوور هەڵە و لنگاوقوجە.

ئەگەر بێت و ناچاربین پێناسەیەک بۆ کولتوور بکەین، ئەوا دەتوانین بڵێن کولتوور بۆردی (نەخشەڕێژی) کەسایەتی تاک و کۆمەڵگە پێکدەھێنێت و ھەموو کات مۆری خۆی لە ڕەفتار و شێوازی بیرکردنەوە و ئاوەزی تاکەکان دەدات. ھەڵبەتە ناکرێت ئەوەمان لەبیربچێت، کە مرۆڤ لە لەدایکبووندا بێکولتوورە و ئەوە دەزگە و نێوەندە کۆمەڵایەتییەکان (خێزان، پەرەستگە، فێرگە، شوێنی کار)ن، کە دەیکەنە بوونەوەرێکی خاوەن کولتوور، بۆ نموونە مرۆڤێک کە لە ھەندەران لەدایک و پەوەروەردە دەبێت، کولتووری لە کولتووری کۆمەڵگەی لێوەھاتوو ناچێت یا ئەو منداڵانەی کە لە دەرەوەی خێزان و کۆمەڵگەکەیان وەک منداڵی بەخێوکراو دەگیردرێنەخۆ، دەبنە ھەڵگری کولتووری شوێنی گەورەبوون و پەروەردەبوونیان.

بەبۆچوونی من لە کۆمەڵگەدا لە دەرەوەی کولتوور، کەسایەتی و دەسەڵات بوونی نییە و نابێت. دەکرێت تۆ کولتوورێکی دیکەت ھەبێت، بەڵام بێجگە لە منداڵی ساوا، کەسی بێکولتوور بوونی نییە، ھەروەک چۆن کەسی بێڕوشت بوونی نییە و بەجۆرێک لە جۆرەکان ھەموو تاکێک ھەڵگری کولتوور و ڕەوشتێکە، لەبەرئەوە بە ھەر جۆرێک دژایەتی کولتوورێک یا ڕەوشتێک بکەیت، دەکاتە ئەوەی کە ھەڵگری کولتوور یا ڕەوشتێکی دیکەیت، بەڵام لەو دووانە خاڵی نابیت. بەداخەوە لەژێر کارایی بیرکردنەوەیەک کە ئامانجی سڕینەوەی بەرامبەرەکەیەتی، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دوو واژەی نادروست جێکەوتە بوون؛ بێفەرھەنگ [بێکولتوور] و بێڕەوشت. ئەو کاتەی کەسێک کە لە بەشێکی کولتووری زاڵ یا ڕەوشتی باو لادەدات، خاڵی نییە لە کولتوور و ڕەوشت، بەڵکو بەراورد بە کولتوور و ڕەشتی ڕەوابینراو و پەسەنکراو، خراپ یا بەد - کولتوور و بەدڕەوشتە، بەڵام هەرگیز بێکولتوور و بێڕەوشت نییە و نابێت.

هەروەها هیچ دەسەڵاتێک بەبێ پشتیوانی دەسەڵاتی کولتووری بوونی نییە و توانای خۆگرتنی نییە، هەر لەبەرئەوەیە، کە دەسەڵاتداران بۆ مانەوە و خۆپاراستن و کۆمەڵایەتییبوونەوەی دەسەڵات و ڕامیارییان، هانا بۆ پشتیوانەی کولتووریی دەبەن. ئەوەش لەبەر دوو هۆ؛ یەکەم هێزی کولتوور بە سروشت کۆنەپارێزە و دووەم، بەبێ پایەی کولتووری و پێکهاتەی قوچکەیی کولتووریی، سیستەمی قوچکەیی توانای کۆمەڵایەتییمانەوەی نییە. لەبەرئەوە، ئەوی بخوازێت، سیستەمی ژیان و بەڕێوەبەرایەتی و مێنتاڵیتی تاک و کۆمەڵ بگۆڕێت، پێویستە کار لەسەر گۆڕینی بنەما و یەکەی کولتووریی لەو بوارانەدا بکات، واتە هێزی دژەتەوژم لە کایە کولتوورییەکاندا بۆ بەرەنگاری و لەنێوبردنی سیستەمی کۆن و پێکهاتەی کۆمەڵگەی چینایەتی، بەواتای پووچکردنەوەی بنەما کولتوورییەکانی خوا-دەوڵەت-پارلەمان. ئەمەش کاتێک مەیسەر دەبێت، کە ژیان و کۆمەڵگەی نوێ، بووبێتە بەشێک لە کولتووری تاکە گۆڕانخوازەکان لە خەباتی ڕۆژانە و بەرەنگاریی هەر ڕۆژەدا. کاتێک کە هاوسەنگی هێز لەنێوان ڕیسای کولتووری جێکەوتوو و تەوژمی کولتووری نوێدا، بەلای شۆڕشدا دەشکێتەوە. هەڵبەتە پەیوەندی نێوان کارایی تاک لەسەر کۆمەڵ و کارایی کۆمەڵ لەسەر تاک، کارایی گۆڕانی ئابووریی لەسەر هوشیاری تاک و کارایی هوشیاریی تاک لەسەر بنەما کولتوورییەکان، زۆر دژوار و ئاڵۆزن و هەندێک جار وەک ئەو مەتەڵەی لێدێت، کە "هێڵکە لە مریشکە یا مریشک لە هێڵکەیە". بەڵام یەک شت نکۆڵیهەڵنەگر و سەلمێندراوە، ئەویش ئەوەیە، کە هیچ گۆڕانێکی پۆزەتیڤ یا لاوازکردنێکی دەسەڵات و سەروەریی بەبێ گۆڕان و لاوازبوونی پایە کولتوورییەکانیان ڕووینەداوە و هەروا هیچ گۆڕانێکی کولتوورییش بەبێ گۆڕانی ژێرخان و پێگە ئابوورییەکان، هەرگیز ناتوانێت ڕووبدات.

لەبەرئەوە، هەموو گۆڕانێکی شۆڕشگێڕانە، گۆڕانێکی فرە-ڕەهەند دەبێت و یەکێک لە ڕەهەندەکانی، ڕەهەندی کولتووریی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و تێڕانینی شۆڕشگێڕانەیە. دیسانەوە وەها گۆڕانێک، داخوازیی گۆڕانی یەکە وردەکانی کولتوورمان لێدەکات، کە لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی تاک و ڕێکوتنی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵدا بەرجەستەدەبن و زۆر جار بۆ ڕامیارپیشە خۆ بە شۆڕشگێڕزانەکان، شتی لاوەکین یا بە "ڕەخنەی مۆڕاڵیی پێ لە ئاسمان" ناوبراون.

__________________________________

بەشی سێیەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey3.htm

بەشی دووەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey2.htm 
بەشی یەکەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey1.htm

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک