په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٢\٢٠١٣

رێکەوتنی یەکینەکانی پاراستنی گەل لەگەڵ ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا و دەرەنجامەکانی.

جەلال محەمەد     

بەشی دووەم - دەرەنجامی ڕێکەوتننامەکە:


وەک لە بەشی یەکەمدا باسم کرد ، بە غەیری بەندی هەشتەم تەواوی بەندەکانی دیکە لە بەرژەوەندی کورداندایە (واتە سەرگرتنی ڕێکەوتننامەکە لە بەرژەوەندی کورداندایە) ، بەڵام ئەگەر ڕێکەوتننامەکە سەریش نەگرێت ئەوا تا ڕادەیەک هەر لە بەرژەوەندی کورداندایە ، چونکە بەر لەم ڕێکەوتننامەیە ئیخوال‌الموسلمین و ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا هەمیشە لایەنی کوردیان بە شەبیحە و هاوکاری بەشار ئەسەد ناو دەبرد و هیچ کاتێک ئامادە نەبوون پەیەدە و یەپەگە وەک دوو هێزی ڕۆژئاوی کوردستان بناسێنن بەڵکو هەمیشە وەک پەکەکە پێناسەیان دەکردن و تەنانەت ئامادەش نەبوون کە ددان بەوەدا بنێن و بڵێن بەشێک لە کوردستان لەلایەن سوریاوە داگیرکراوە.


بەڵام ئەم ڕێکەوتننامەیە ئەو ڕاستییەی بە دوژمنان سەلماند کە بەشێک لە کوردستان لە سوریادا بوونی هەیە و هیچ هێزێکیش ناتوانێت نکۆڵی لە بوونی کوردان بکات و بەبێ هاوبەشیکردنی ئەو نەتەوەیەش مەحاڵە بەرهەڵستکارانی سوریا بتوانن هیچ ئامانجێک بە دەست بێنن ، لە هەمان کاتدا ئەم ڕێکەوتننامەیە ئەوەی هێنایە پێش چاوی دۆست و دوژمن کە ئەو تۆمەتانەی ئیخوان‌الموسلمین و ئارتەشە بەناو ئازادەکەیان کە ئاڕاستەی پەیەدە و یەپەگەیان دەکرد هەمووی درۆ و دوور لە ڕاستین ، چونکە ئەگەر هێزێک هاوکار و شەبیحەی ئەسەد بێت ئەوا ڕێکەوتننامەی لەگەڵدا واژۆ ناکرێت!


هیوادارم ئەم ڕێکەوتننامەیە سەربگرێت چونکە لە هەموو حاڵەتێکدا سەرکەوتنی باشترە لە سەرنەکەوتنی، بەڵام بە پێی هەموو لێکدانەوەیەک ئەگەری سەرنەکەوتنی زۆر زیاترە لە سەرکەوتنی چونکە بە غەیری یەک خاڵی هاوبەش کە "دژایەتیکردنی ڕژێمی بەعس و هەوڵی ڕزگاربوون لە دیکتاتۆریەتە" ئەوا هیچ خاڵێکی هاوبەشی دیکە بەدی ناکرێت لە نێوان لایەنی کوردی(پەیەدە و یەپەگە) و لایەنی عەرەبی(ئیخوان‌الموسلمین و ئارتەشی ئازاد)دا ، بەڵام لە بەرامبەردا خاڵە جیاوازەکان هێندە زۆرن کە لە ئەژمار نایەن و بەشێک لەو جیاوازیانەش بریتین لە:


١- لایەنی عەرەبی تەنھا لە ناودا لە بەعسیەکان جیاوازن دەنا لە ناوەڕۆکدا زۆر لە بەعسیەکان شۆڤێنیترن و ئەو ڕەگەزپەرستییەی بەعسیەکان لە ماوەی ٦٠ ساڵی تەمەنیاندا چاندویانە گەرای لە خوێنی ھەر تاکێکی ئارتەشی ئازادیشدا داناوە . بەڵام لایەنی کوردی لەگەڵ ئەوەی داگیرکراو و چەوساوەیە کەچی ١٠٠٪ پێچەوانەی ئەقڵیەتی شۆڤێنیانەی ئیخوان‌الموسلمین بیر دەکەنەوە و ھەمیشە برایەتی گەلان بە بنیچینە وەردەگرن.


٢- لایەنی عەرەبی بریتییە لە ھێزێکی سەلەفی جیھادی و ھەموو شتێک لە نوکی شمشێردا دەبینێتەوە و لە ڕوانگەی سەلەفیەکانەوە دەبێت شەرع بڕیاردەر بێت ، ئەو شەرعەی کە بەرنامەکەی ئەنفال و جیھادە و کەللە پەڕاندن و چوارپەل بڕینەوە بە ڕەوا دەبینێت . لە بەرامبەردا لایەنی کوردی ھێزێکی سۆسیالیستی- دیموکراتی پێشکەوتنخوازە و نەفرەت لە ئەنفال و کەللە پەڕاندن دەکات و زۆر بە توندیش دژایەتیان دەکات.


٣- لە ڕوانگەی سەلەفیەکانەوە دەبێت کۆمەڵگا بگەڕێتەوە بۆ ١٤ سەدە بەر لە ئێستا و کۆمەڵگا تەنھا یەک مافی ھەبێت ئەو مافەش عیبادەتە (عیبادەتیش بە واتای عبودیەت "کۆیلایەتی" دێت ) . ھەرچی لایەنی کوردیشە نەفرەت لە دیاردەی کۆیلایەتی دەکات و زۆر پێشکەوتنخوازانە لە مەسەلەکان دەڕوانێت و ھەوڵ دەدات کۆمەڵگا بەرەو پێش بچێت و بۆ دواوە ئاوڕ نەداتەوە و کۆتایی بێت بە جیاوازی نێوان نەتەوە و ئاینەکان و ڕێز لە ھەر بیر و باوەڕێکیش بگیردرێت.


٤- لە ڕوانگەی ئیخوان‌الموسلمینی سەلەفیەوە دەبێت ژنان لە چوارچێوەی چوار دیواردا بمێننەوە و بە نیوە مرۆڤ پێناسە بکرێن و وەکو کاڵا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت وەک (ئافرەت لە خوێندان و کچ لەسەر بێشکە مارەکردن و گەورە بە بچوک و ژن بە ژن و شیربایی و دیاردەی فرە ژنی و لە ھەمووشی قێزەونتر ئەوەیە کە بە ناوی حیجابەوە دەبێت ھەر ژنە و جاجمێک لە خۆی بپێچێت) . لە بەرامبەردا لایەنی کوردی زۆر بە توندی دژ بەو دیاردانە دەوەستێتەوە و بڕوای تەواوەتی بە ئازادی ژنان ھەیە و دەخوازێت ژنان وەک مرۆڤی تەواو حسابیان بۆ بکرێت و ئەو مافەی بۆ پیاوان ڕەوایە بۆ ژنانیش ڕەوا بێت.


٥- ئیخوانە سەلەفیەکان لە دوی گوتەی شێخەکانیان وێڵن ، ئەو شێخانەی کە دیاردە قێزەونەکانی منداڵبازی و دەستەگەمانیان کردۆتە پیشە و ڕوو لە ھەر جێیەک بکەن ئەو جێیە دوچاری فەسادی و دزی و تاڵانی و قاتوقڕی دەکەن . لایەنی کوردیش بە تەواوەتی دژ بەو دیاردە قێزەونانەیە و ڕێگە نادات بەشێک لە کۆمەڵگا ببێتە ستەمکار لەسەر بەشەکەی دیکەی.


٦- ئیخوان‌الموسلمین لە دوی دەسەڵات وێڵن و لەو پێناوەشدا سڵ لە ھیچ کردەوەیەکی چەپەڵی وەک پەلکێشکردنی ھێزی بێگانە ناکەنەوە و وەک کوفر لە دیموکراتیەت و پەڕلەمان دەڕوانن . لایەنی کوردیش بە تەواوی دەسەڵات ڕەت دەکاتەوە و دژ بە ھەر دەستێوەردانێکی دەرەکییە و دەخوازێت ھەموو دەسەڵاتەکان بۆ گەل بێت و دیموکراتیەت سەقامگیر بێت.


٧- ئیخوان‌الموسلمین لە تورکیاوە گەورە دەکرێت و تەواوی سەرکردەکانیان لە (ئەنقەرە و ئەستەمبوڵ و ھاتای و ئەدەنە)ن و بە بێ ھاوکاری تورکیا ناتوانن یەک حەفتە بمێننەوە . لایەنی کوردیش وەک سەرسەختترین دوژمن لە دەوڵەتی تورک دەڕوانێت و ھەر دەستێکەڵاویەک لەگەڵ تورکیادا بە خەتی سور دەزانێت و بە گومانەوە لە تەواوی ئەو لایەنانەش دەڕوانێت کە سەردانی تورکیا دەکەن.


٨- ئیخوان‌الموسلمین جۆرەھا تۆمەتی ئاڕاستەی پەیەدە و یەپەگە کرد وەک { شەبیحە - ھاوکاری ئەسەد - دژ بە خۆپیشاندانەکان - بێگانە بە سوریا - ...ھتد } . لایەنی کوردیش کەمتر لەو تۆمەتانەی ئاڕاستە نەکردن و ھەمیشە ئیخوان‌الموسلمین و ئارتەشی "ئازاد"ی سوریای بە { چەتە - دز - ڕێگر - داردەستی تورک -...ھتد } ناودەبرد ، ھەرچەند ئەو گوتانە لەسەر ئیخوان‌الموسلمین ھەمووی ڕاستن و ئەگەر زیادی نەبێت ئەوا کەمی نییە.


٩- ئیخوان‌الموسلمین و ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا بە غەیری ئایدۆلۆژیای ئیسلام بڕوایان بە ھیچ ئایدۆلۆژیایەکی دیکە نییە و لەو ڕوانگەیەشەوە عەرەب بە براگەورە و خاوەن ماڵ دەزانن و تەنھا مافی عیبادەت "کۆیلەبوون" بۆ کوردان بە ڕەوا دەبینن . ھەرچی پەیەدە و یەپەگەشە بڕوایان بە ئایدۆلۆژیای "ئاپۆیی" ھەیە و لەو ڕوانگەیەشەوە ھەم کوردان بە خاوەن ماف دەزانن و ھەم ھەوڵیش دەدەن کە کوردان بکەنە پێشەنگ لە ناوچەکەدا . بۆ ڕاستی ئەم گوتەیەم گوێ لە عەدنان عەرعوری سەرۆکی ئیخوان‌الموسلمین بگرە لەم لینکەی خوارەوەدا:
http://www.youtube.com/watch?v=GaOvypRTN10


١٠- خاڵی ھەرە جیاواز بریتییە لە بەندی ھەشتی ڕێکەوتننامەکە کە (بریتییە لە ھاوکاریکردنی یەپەگە و ئارتەشی ئازاد بۆ ڕزگارکردنی ئەو ناوچانەی پارێزگای حەسەکە کە ھێشتا لە ژێر دەسەڵاتی بەعسدان ، ئەو شارانەش حەسەکە و قامشلۆن) . بە دڵنیاییەوە ئەگەر ھەموو بەندەکانی دیکە سەر بگرێت ئەم بەندەیان سەرناگرێت . چونکە ئەگەر ئارتەشی ئازاد ڕوو لەو دوو شارە بکات ئەوا ھەمان چارەنوسی "سەرێکانی" دووبارە دەبێتەوە واتە (دوو شاری وێرانە و خەڵکێکی ئاوارە) ، لە کاتێکی وەھاشدا یەپەگە نەک ھەر ھاوکار نابێت بەڵکو زۆر بە توندیش لە بەرامبەر ئارتەشی ئازاددا دەوەستێتەوە.
__________________________________________________

بەشی یەکەم: http://www.emrro.com/rekewtinlegelartesh1.htm

 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک