په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١١\٢٠١٣

رۆژئاوای کوردستان، شۆڕش و دەرفەتەکان و ئابڵوقەی ئابووریی و رووبەڕووبوونەوەکان.


فوئاد زیندانی     

- بەشی سێیەم -

شاری عامودا.


شاری عامودا ، یەکێکە لەو شارانەی کوردستانی ڕۆژئاوا خاوەن پێگە و خەباتێکی شکۆدارە ، ھەر کە ناوی ئەو شارە دەبیسترێ کارەساتی سینەمای عامودا دێتەوە بیری مرۆڤ . دێلیگاسیۆنی ئینتەرناسیونال سەردانی شارەکەی کرد و سەردانی مۆنەمێنتی قوربانیانی کارەساتی سینەمای عامودایکرد ، چەند کەسێک کە کاتی خۆی قوتابی قۆناغی سەرەتایی بوون لە کارەساتی سووتانی سینەمای عامودا ژیابوون باسی کارەساتەکەیانکرد ، یەکێک لەوانە کوڕی خاوەن سینەماکە کەئەوکات قوتابی قۆناغی سەرەتایی بووە ڕایگەیاند: لە ڕۆژی (١٩٦٠/١١/١٣) بەڕێوەبەری ناحیەی عامودا کەبەعسی بوو ، داوای لەباوکم کرد فلیمێک کەتایبەتە بە شۆڕشی جەزائیر لەسینەما پێشکەش بکرێ ، ماوەی فلیمەکە (٩٠) خولەک بوو ، بۆ ئەوەی تکیتێکی زۆر بفرۆشرێت دەبێ ٣ جار لەدوای یەکتر پێشکەش بکرێ چونکە پارەکە بۆ کۆمەک کردنی شۆڕشی گەلی جەزائیرە ، بۆ ئەم مەبەستە منداڵانی قوتابخانەکانی قۆناغی سەرەتایی ناچارکرابوون بێنە سینەما تکیت بکڕن و سەیری فلیمەکە بکەن ، ئەوەبوو لە کاتی پێشکەشکردنی جاری سێیەمدا ژووری مەکیەنەی سینەما ئاگری گرت بەھۆکاری نادیار ، ھەر لەوێ بیرێکی ئاو ھەبووە کە ئێستاش ماوە وەک بەشێک لەمۆنەمێنتەکە ، لەکاتی گڕگرتنی سینەما ژمارەیەک منداڵ لەترسی ئاگرەکە خۆیان خستبووە ناو بیری ئاوەکە ، شایانی بیرھێنانەوەیە لەو کاتەوە تا ئێستاش حزبی بەعسی دەسەڵاتدار ھیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەبوو لەسەر کارەساتی سینەمای عامودا ، ئەوەش بووە ھۆی دروستبوونی گومان لەلایەن خەڵکی شارەکە کە کارەساتەکە بەپلانێکی داڕێژراوی حزبی بەعسی سوری دەسەڵاتدار ڕوویداوە ، لەئەنجامی سوتاندنی سینەماکە نزیکەی (١٨٧) منداڵ سوتان و گیانیان لەدەستدا.


دێلیگاسیۆن سەردانی (ناوەندی چاند و ھونەری ھۆری) کرد لەوێدا ھونەرمەندانی شانۆ و گۆرانی و ھەڵپەڕکێ و مۆزیک بەشێوەی گروپی جیاواز کاردەکەن ، کاتی گەیشتنی دێلیگاسیۆنەکە گروپی ھونەرمەندان بەجلی ھونەری وەک تابلۆیەکی جوانی ڕەنگاوڕەنگ ھاتنە پێشوازی دێلیگاسیۆنی ئینتەرناسیونال ، دوای ئەوەی بەرپرسی ناوەندەکە باسی مێژووی دروستبوون و چالاکیەکانی ناوەندەکەیکرد ، دواتر گەنجەکان کوڕان و کچان لەبەشی موزیک چەند سروودێکی زۆر خۆشیان پێشکەشکرد ، لەلایەکی تر گروپی ھەڵپەڕکێ ماوەی چەند خولەکێک ھەڵپەڕکێیان پێشکەشکرد ، لەکۆتاییدا منداڵە چاوگەشەکان لەسەر شانۆ بۆ ماوەی چەند خولەکێک بابەتێکیان لەسەر کۆچبەری و جێھێشتنی وڵات بەناوی (نەچە وڵات نەھێلە نەچە) پێشکەشکرد ، بابەتێکی وا گەورە و تەمەنی بچووکی ئەو ئەکتەرە بچکۆلانە بووە چێگەی تێڕوانین و سەرسوڕمانی ھەموو ئاماددەبووان ، شایانی ئاماژە پێکردنە ھۆڵەکە و شانۆکە زۆر گونجاو بوون ، بەڕاستی لەوێ مرۆڤ ھەستی بەوەدەکرد کەسەرباری ئەوبارودۆخەی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان پیایدا تێپەڕدەبێت ، خەبات لەھەموو بوارەکانی ژیان ھەر بەردەوامە . دواتر شاندەکە سەردانی ناوەندی تەندروستی گەلی عامودایکرد ژمارەیەک ژن و منداڵ لەوێبوون چاوەڕێی چارەسەری پزیشکیان دەکرد ، دکتۆرە (شاھناز) باسی کەمی دەرمانیکرد ، وە گووتی ژمارەیەک دکتۆرمان ھەیە ھەر دکتۆرێک لەبواری کاری خۆی بەشێوەی خۆبەخش کاردەکات ، وە زۆربەی ئەو نەخۆشانەی سەردانمان دەکەن ژن و منداڵن وە چارەسەرکردنی نەخۆش بەخۆڕاییە ، پاشان شاندەکە سەردانی مانگی سوری کوردستان و ژمارەیەک پارت و ڕیکخراوی مەدەنی شارەکەیکرد و وە سەردانی مالا یەزیدیانی کرد.


شاندی ئینتەرناسیونال لەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژی (٢٠١٣/٧/١٧)ی شاری عامودا، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیکرد بۆ ئەم مەبەستە سەردانی ئاسایشی شاری عامودایکرد، داوای لەبەڕێوەبەری ئاسایشی شارەکە کرد باسی چۆنیەتی ڕوودانی ئەو ڕووداوە بکات . بەڕێوەبەری ئاسایش بەمشێوەیە بابەتەکەی باسکرد : دوای ئەوەی ژمارەیەک خەڵک لەبەردەم فەرمانگەی کارەبا کۆدەبنەوە دەڵێن بۆ کارەبا نیە ، کارمەندانی کارەباش دەڵێن ئێمەش کارەبامان نیە ، نەبوونی کارەبا بابەتێکی گشتیە بەدەست ئێمە نیە ، دواتر خەڵکانێک ھەوڵدەدەن ھێرشبکەنە سەر کارمەندانی فەرمانگەی کارەبا ، کارمەندانی کارەباش ئاسایش ئاگاداردەکەنەوە ، داوادەکەن فەرمانگەکەیان بپارێزن ، ئاسایش چوارکەس لەکارمەندانی خۆی دەنێرێ بۆ ئەوەی بزانن بابەتەکە چیە و چۆنە ، کەدەگەنە ئەوێ لەلایەن خۆپیشاندەران ھێرشیان دەکرێتە سەر ، ئەوانیش چەندکەسێک لەوانەی سەرپێچی یاسایی ئەنجامدەدەن دەستبەسەردەکەن ، ئەو بابەتە لەلایەن ھەندێک لایەن ھەڵدەقۆسترێتەوە بۆ مەرامی سیاسی دواتر دەیانەوێ سوودی لێوەربگرن ، ئەوەبوو لە ڕۆژی ٢٠١٣/٧/١٧ کاتژمێر ٧ ی ئێوارە بەکاتی عامودا خۆپیشاندان دەکرێ داوای ئازادکردنی دەستبەسەرکراوەکان دەکەن.

 

لەو کاتەدا ھێزێکی یەپەگە لە شارێکی تردا بەناو شاری عامودا تێپەڕدەبی وەک ھەر ئۆتۆمۆبێلکی تر ھیچ زانیاری لەسەر ڕووداوەکە نیە تەنیا واڕێکدەکەوێ ئەو ڕێگایەی ئەوان پیایدا تێپەڕدەبن ھەمان ڕێگایە کە خۆپیشاندەرانی لێ کۆبووتەوە ، کاتێک ھێزەکەی یەپەگە دەبینێ خەڵک کۆبۆتەوە ، دەیەوێ تێپەڕبێ بڕوا لەبەر ئەوەی ھیچ پەیوەندی بەکاری ئەوانەوە نیە ، خۆپیشاندەران ڕێگەیان لێدەگرن لەپێش ئۆتۆمۆبیلەکە کۆدەبنەوە ، دواتر لەناو خۆپیشاندەران تەقە لە ئۆتۆمۆبیلەکەی یەپەگە دەکرێ ئەندامێکی یەپەگە ناوی (عیسا گلۆ) بوو بریندار دەبێ وە ئەندامێکی تری یەپەگە پێی برینداردەبێ ، یەپەگەش کەدەبینن بەبێھۆکار بەگولـلە ھێرش دەکرێتە سەریان بەرگری لەخۆیاندەکەن و تەقەدەکەن ، لێرەدا دەردەکەوێ ئاسایش تەقەی نەکردووە ، و یەپەگەش لەڕێگادابووە نیازی ئەوەنەبووە لەوێ بوەستێ یا تەقە بکات، بەڵکو لەناو خۆپیشاندەران دەستێک ھەبووە پێشتر پلانی ھەبووە چۆن بارودۆخەکە تێکبدات و بگەیەنێتە ئەو ئاستەی کەنەخشەی بۆ داناوە ، بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بۆمان دەرکەوتووە ٣ کاتژمیر پێش دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکە کۆبوونەوەیەک کرابوو کە چۆن پشێوی لەشارەکە دروستبکەن ، دوای ئەوەی بارودۆخەکە بەو ئاڕاستەیە چوو ، ئاسایش لەماوەی ١٠ ڕۆژدا لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ٦٣ کەس کرد و دەستبەسەریانیکرد ، دواتر ھەرجاری (١٠ تا ١٥) کەسی ئازاد کرد ، دواتر ھەموویان ئازاد کران ، ئەو بەرپرسەی ئاسایش لەبەردەوامی قسەکانیدا گووتی : شایانی ئاماژە پێکردنە ئەوکەسەی لەخۆپیشاندانەکە قسەی کردوە بۆ خۆپیشاندەران ، بەخۆی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە فێڵ لەجەماوەردەکات بەدرۆ دەڵێ ئەوانەی لەبەردەم فەرمانگەی کارەبا دەستبەسەرکراون ماوەی جەندین ڕۆژە لەزیندانی ئاسایش مانیان لەخواردن گرتووە ، بەسەختی ئەشکەنجەدراون ، مەبەستی ئەوەبووە کە شەقام بجوڵێنی و بەو ئاڕاستەیەی ببات کە پلانیان بۆ داڕشتبوو ، لەڕاستیدا ئەو کەسانەی لەگرتووخانە بوون مانیان لەخواردن نەگرتبوو بەڵکو سێ ژەمە نانیانخواردبوو و کەسیش ئەشکەنجەنەدرابوو.

 

ئاسایش بەشاندی ئینتەرناسیونالی ڕاگەیاند بەڵگەیان ھەیە لەسەر ھەموو ئەو زانیاریانەی کەباسی دەکەن . دواتر شاندەکە سەردانی ژووری زیندانیکرد لەئاسایشی عامودا ، ژوورەکە ٣ کەسی تێدابوو ، دیاربوو چایان دەخواردەوە و جگەرەیان دەکێشا ، پرسیاریان لەو سێ گیراوە کرد ، ئاسایش چۆن مامەڵەتان لەگەڵ دەکەن ؟ گووتیان زۆرباشن . ئایا خواردنتان چۆنە؟ گوتیان باشە . شاندەکە پرسیاری لەو گیراوانەکرد ئێوە بۆ دەستبەسەرکراون لە ئاسایش؟ دوو لەو گیراوانە گووتیان ئێمە لەسەر سنور دەمانوویست بە قاچاغ بپەڕینەوە بۆ تورکیا ، لەبەر ئەوە دەستبەسەرکراوین ، بەڵام ئەمڕۆ ئێوارە ئێمە ئازاد دەکرێین ، ئەوتریش گووتی من پارەم بەقەرز داوە بەکەسێک ، چەندین جار داوای پارەکەم لەو کەسە کردۆتەوە ، نەیداوەتەوە منیش ھەڕەشەم لێیکردووە چەکم لێیڕاکێشاوە، ئەویش سکاڵای لەدژم تۆمارکردوە ، لەبەر ئەوە من لێرە دەستبەسەرم . لەناو ئاسایش دوو عەرەب کەخەڵکی دەڤەرەکەبوون ئەوانیش لەوێ کارمەندبوون.


کۆمەڵکوژیی کوردان لە (تەلعەران و تەلحاسڵ).


دوای ئەوەی ھەواڵی کۆمەڵکوژکردنی کوردان لە تەلعەران و تەلحاسڵ بڵاوکرایەوە ، بابەتەکە تائێستاش گرنگی زۆری پێدەدرێ بەتایبەتی کە ئەو دوو جێگایە دەکەونە ناوچەی( سەفیرە - السفیرە) ی پارێزگای حەلەب ، بەھۆی بارودۆخی سەربازی و شەڕ لەو ناوچانەدا چاودێران ناتوانن بگەنە ئەو شوێنانە . بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە دێلیگاسیۆنی ئینتەرناسیونال لەنزیکەوە توانی چاوی بکەوێ بەچەند خێزانێکی ڕزگاربوو لە کۆمەڵکوژیەکەی تەلعەران و تەلحاسڵ ، بۆ ئەم مەبەستەش لەشوێنێکی ناو شاری قامیشلۆ چاویانکەوت بەژمارەیەک خەڵک لەناویاندا (ش. ب. غ) کەخەلکی تەلعەرانە ، ئەو شوێنەی دیدارەکەی تیادا ئەنجامدرا ٢٥ کەس لەوانەی لەکۆمەڵکوژیەکە ڕزگاریان ببوو لەوێ ئامادەبوون لەناویاندا ژن ، پیاو ، منداڵ ھەبوون . شاندی ئینتەرناسیونال داوای لێیان کرد ئەو بابەتە باسبکەن چۆن بووە ؟ (ش.ب.غ) سەرەتا باسی شوێنی جوغرافی ناوچەکە و پێکھاتەی ناوچەکەی کرد دواتر باسیکرد لە ٢٠١٣/٧/٢١ ھێزە ئیسلامیەکان و سوپای سوریا ئازاد بەھاوکاری کوردێکی خیانەتکار ناوی (ئازاد .م.ش) بوو سەرکردەی یەکینەیەکی سەربازی سەر بە پارتی ئازادیە کە موستەفا جومعە سەرۆکایەتی دەکات ، ئەو یەکینە سەربازیە لەگەڵ سوپای سوریای ئازاد کاردەکات بۆتە بەشێک لەو سوپایە ھێرشیان کردە سەر خەڵکی سڤیل لەتەلعەران و تەلحاسڵ (٤٠٠) کوردیان دەستبەسەرکرد کەھەموویان خەڵکی سڤیل بوون سەرەتا (٤) کەسیان کوشت ، دواتر ژمارەی کوژراوان گەیشتە (٢٧) کەس ، کە کۆمەڵکوژی کوردان بەمشێوەیە دەستیپێکرد خەڵکی کورد ھەمووی ھەوڵی خۆ دەربازکردنی دەدا. (عەبدولجەبار ئەلعەگیدی) سەرکردەیەکی سوپای سوریای ئازادە ھەڕەشەی لەنابردنی گەلی کوردی دەکرد ، ئەفسەرێکی پلەدار بەپلەی عەقید ناوی (عەقید ئەبو مەحمود) بوو خەڵکی شاری ئەدلب بوو ، ئەو ببووە سەرکردەی شەرعی و سەربازی فتوای شەڕ و ھەرجۆرە فتوایەکی بوویستبایە دەریدەکرد.


ژنێک کەلەکۆمەڵکوژیەکە دەربازببوو لەوێ دانیشتبوو گووتی : ئەو ڕۆژەی کۆمەڵکوژی دەستیپێکرد ئێمە ھەڵاتین بۆ چۆلەوانیەکی نزیک لەخۆمان کە شەوداھات گووتم بابچمەوە ماڵەوە ھەندێک نان بێنم پاشان دەڕۆین ناگەڕێینەوە ، کەھاتمەوە نزیک ماڵەوە دیتم شەقام پڕە لەلاشەی مرۆڤ، لەنزیک ماڵی خۆم چەندین کوردم دیت بەبێتاوان کوژرابوون ، دواتر خێرا گەڕامەوە شوێنی خۆم ، لەوکاتەوە کۆچبەربووین ، بێگوومان من ئەو شەوە ھەموو شوێنەکانی تەلعەران نەگەڕاوم تەنیا من باسی ئەوەدەکەم کەلەنزیک ماڵەکەم بەچاوی خۆم دیومە . ژنێکی تری گەنج لەوێ دانیشتبوو گووتی خەڵک ھەرکەسە سەرقاڵی خۆ ئاماددەکردنبوون بۆ ھەڵاتن من لەگەڵ کچی مامم کەناوی ( غادە.ع.ب) بوو تەمەنی ٢٥ ساڵ بوو لەناو پیکەب لەتەنیشت یەکتر دانیشتبووین ئێمە پێنچ کەسبووین بەرەی نوسرە گولـلەی لەسەری غادەی ئامۆزامدا دەستبەجێ مێشکی پڕژا سەری کرایەوە کەوتە باوەشی من . ئەو ژنە کاتێک بەگریانەوە باسی غادەی ئامۆزای دەکرد و تاوانەکەی بەرەی نوسرە و ئیسلامیەکانی دەگێڕایەوە ، لەکاتی گێڕانەوەی ئەو کارەستانە دیتمان منداڵەکان و ژنەکان دەستیانکرد بەگریان کەس نەبوو خەفەتبار نەبێت ، ھەموو ئەوانەی لەوکۆمەڵکوژیە ڕزگاریانبووە ، ڕایانگەیاند : ئیسلامیەکان بۆ پاکتاوی کوردان ھاتبوون ، ھیچ ھێزێکی یەپەگە لەوێ نەبوو تا بمانپارێزێ ، لەبەر ئەوە درۆیە ئەوەی بڵێ شەڕ ھەبووە لەنێوان یەپەگە و ئیسلامیەکان لەو ناوچانە ، ئیسلامیەکان دەیانزانی ئێمە موسڵمانین بەڵام تەنیا لەبەر ئەوەی کوردین کۆمەڵکوژیانکردین . ھەر لەسەر ھەمان بابەت شاندی ئینتەرناسیونال لەگوندی عەلۆکی ڕۆژھەڵات (علوک الشرقی ) چاویکەوت بە گەنجێکی کورد ناوی سەردار بوو خەڵکی تەلعەرانبوو ئەویش یەکێکە لە ڕزگاربووانی کۆمەڵکوژیەکە ، سەردار ڕایگەیاند: ژمارەی قوربانیەکانی کۆمەڵکوژیەکە دەگاتە (٧٠) کەس ئەو حەفتاکەسە کورد ھەیە لەڕۆژی یەکەم واتە ٢١ تەمووز لەلایەن چەتەکان کوژراوە ھەیە ڕۆژی دواتر کوژراوە ھەیە خۆی شاردۆتەوە یا نەیتوانیەوە دەربازبێت دوو ڕۆژ دواتر کوژراوە ، بەڵام ھەرھەمووی خەڵکی سڤیل و بێ دیفاع بێتاوان بوون تەنیا تاوانمان ئەوەیە کوردین بۆیە کۆمەڵکوژمان دەکەن.

 

لە شارۆچکەی دربێسیە بەشاندی ئینتەرناسیونالیان ڕاگەیاند : ژنێک کەلەلایەن بەرەی نوسرە و دەولەتی ئیسلامی عیراق و شام خۆی و کوڕە تەمەن ١٠ ساڵیەکەی ڕێگای لێدەگیرێ و ئیسلامیەکان دەیانەوێ بیانکوژن ، ئیسلامیەکان دەڵێن ئەو منداڵە کوردە بابیکوژین ، ژنەکە لەگەڵ منداڵەکە ھەڵدێن ئیسلامیەکان لەدواوە دەستڕیژی گولـلە دەکەن و منداڵەکە دەکوژن . شایانی باسە ژمارەیەکی زۆر لەو خێزانە کوردانەی لەکۆمەڵکوژی تەلعەران و تەلحاسڵ ڕزگاریان بووە ئێستا کۆچبەری شاری عەفرین بوونە ، بەڵام شاندی ئینتەرناسیونال بەھۆی ئەوەی ڕێگای عەفرین داخرابوو لەو ناوچەیە شەڕ ھەبوو نەیتوانی سەردانی ئەو خێزانە کوردانەی ئەوێ بکات . شایانی ئاماژە پێکردنە کۆمسیۆنێک لە ھەرێمی کوردستانەوە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەکۆمەڵکوژیەژکانی تەلعەران و تەلحاسڵ سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردبوو ، دوای گەڕانەوەی لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاندبوو کە کۆمەڵکوژی نەکراوە !! لێرەدا پرسیارێک خۆی دەسەپێنێ ئایا کۆمیسیۆنی ناوبراو دەتوانێ پێناسەی کۆمەڵکوژی بکا یا چۆن لەواتای کۆمەڵکوژی تێگەیشتووە ؟ ئایا کۆمەڵکوژی ئەوەیە سەدان کەس لەیەک کات و شوێندا ڕیز بکرێن و گولـلە باران بکرێن؟ ئەگەر بیرکردنەوەکان وابێ کەواتە ئەو ٤١ شوێنەی ھەرێمی کوردستان ھەڵەبجە و ....و شاری سەردەشتی ڕۆژھەڵاتی کوردستان کە ڕژێمی پێشووی عیڕاق کیمیابارانی کردوون لەگەڵ دەستبەسەرکردنی ٨ ھەزار بارزانی و ١٨٢ ھەزار مرۆڤی ئەنفالکراو ھیچی کۆمەڵکوژی نیە لەبەر ئەوەی لەیەک کات و شوێن ئەنجام نەدراوە؟


ھوڵاتی (ش. ب. غ) بەشاندەکەی ئینتەرناسیونالی ڕاگەیاند ئەو کۆمیسیۆنەی کەلەھەرێمی کوردستان ھاتبوون چاویان بەئێمەش کەوت گووتیان ئەگەر دێنە ھەرێمی کوردستان وەرن لەوێ بژین ، بەڵام من پێیانم گووت قامیشلۆش کوردستانە لێرە دەژین نامانەوێ لێرە بڕۆین.

___________________________

بەشی دووەم: www.emrro.com/rojawaykurdistansh2.htm  

بەشی یەکەم: www.emrro.com/rojawaikurdistansh1.htm

 

 

fuadzindani@yahoo.de

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک