په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١٠\٢٠١٦

کورتە وەڵام! ئەمجارەش شەڕی موسڵ و ئەنجامە مەترسییدارەکان!


کامیل ژیر      

- ٩ -


٢٩/٩/٢٠١٦ شاندێکی ھەشت کەسی کە نوێنەرایەتیی ھێزە دەسڕۆیشتوەکانی ھەرێمیان ئەکرد،خۆیان گەیاندە بەغدا.سەرۆکی شاندەکەو نوێنەری ناوەندی بریاری یەکێتیش، جەختیان لەسەرئەوە ئەکردەوە کە ئەولەوییەتی شاندەکە،‌ مافی چارەی خۆنوسینە. خەڵکانێکیش پێداگرییان لەسەرئەوە ئەکرد کە شاندەکە بە مژدەی سەربەخۆیی کوردستانەوە ئەگەڕێتەوە. کەچی باسی پرسی سەربەخۆیی لەکولەکەی تەڕیشدا نەکرا. پێدەچێ ئەو پرسەیان لە پریاسکەیەکدا دانابێ و لەڕێگە لێیانکەوتبێ، یا لەوێ بیریانچوبێ، بەم بڵگانە:


ڕ-ئەبادی وتی (گفتوگۆکانمان لەپێناو کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێردەسی دائشبو. ئەوەشمان پێوتون کە نابێ ئیستیغلالی ئەو شەڕەبکەن بۆ فراوانکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتتان).


ب-لەگەڕانەوەدا، ھیچکام لە شاندە کوردییەکە نەیانوت لەسەر پرسی سەربەخۆیی گفتوگۆمانکردوە. تەنیا نوێنەرەکەی یەکگرتو وتی: (ئاماژە بە مافی گەلی کوردستان کرا لە شەراکەتی حوکمڕانی ئیراک و مافی فیدراڵی، ئەگەر نا، ھەرێم ناچاری پەنابردن بۆ رێگەچارەی دەستورییتر ئەبا). ئەم وتە شەرمنانەیەش وەکئەوەیە لەژێر چاکەتەکەتەوە چەمۆڵەیەک لە بەرامبەرەکت بنێی!


پێشتریش جەبار یاوەر لەسایتی روداو ٢٨/٩/٢٠١٦ وتوێتی: (رێکەوتنێکێ گشتی و کۆتایی لەسەر ھەمو ھێزەکان کراوە.. دوای پرۆسەکەش، سوپاو پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیسی خۆجێیی مەلەفی ئەمنی لەنێو شاری موسڵ بەدەستەوە دەگرن!! ئیدارەدانی شارەکەش ھەروەک پێشو لەلایەن ئەنجومەنی شارەکەوە ئەبێ!) ئەرەب واتەنی-وشھد شاھد من اھلە- چەنجار ئەوەش وتراوە کەنابێ پێشمەرگە ئەو ھێڵانە ‌تێپەڕێنێ کە بۆی دیاریکراوە!!.


ئەوەیە ئەو ئەنجامەی من لێی ئەترسام وەک لە کورتە وەڵام ٧و٨دا ئاماژەم بۆکردوە سەبارەت شەڕی موسڵ. ئەوا ئێستا خەریکەپێشبینییەکانمان دێنەدی! ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکانیش بەمجۆرە ئەبن:


١- سەدان پێشمەرگە لەو شەڕەدا ئەکوژرێن لەپێناوی ھیچدا. ئەڵێم ئەکوژرێن نەک شەھید! چونکە شەڕێک بۆئەوەبێ موسڵی ‌کوردستان، بدرێتەوە بە ئیراکی ئەرەبی! یا بەتورکیای رەگەزپەرست، شەھیدیچی!؟


٢- زوربەی زۆری گوللەی ئەو چەکانەی لەماوەی رابوردودا بەخشراون بەپێشمەرگە، لەو شەڕەدا بەکارئەھێنرێن. ئەوسا کڵاشینکۆفێک و تێڵایەک،لولەی تۆپێک و بۆرییەکی زۆپا، دەبابەیەک و تراکتۆرێک، لای پێشمەرگە جیاوازییان نابێ!! ئەوەش ئاشکرایە دوای دائش، ھیچکام لە ھاوپەیمانان، کەوچکێک باروت بەخۆڕایی بەکورد نادەن. ئەمریکاش موچەکەی پێشمەرگە ئەبڕێ، ھەرێمیش بە دەغیلەیەکی چۆڵەوە، توانای موچەی پێشمەرگەو کڕینی کارتۆنێک ھێلکەی نامێنێ، نەک کڕینی بارە گوللەتۆپ و سنوکەفیشەک. دەی دوای ئەو دەرئەنجامە، شەڕی ھەشدی شەئبیی چاوەروانکراو بەچی بکەین!؟ ئەو شەڕەی کە ھەر روئەدات و سەرەتاکەی بە ھێرشی ھەشدی شەئبی دەسپێئەکا بۆسەر کەرکوک و ھاوشێوەکانی کەرکوک. ئەوسا بەچی بەرگریبکەین شۆڕەسوارەکانی شاندەکەو کاکی ئەمیندار!؟ مەگەر، وەک شێخ ھسەینی بێژەر لەرادیۆی کوردی بەغدا، کاتی خۆی، یەخەی دو کەڵەوی وەک خۆی و تۆی گرتبو:


- وەرن با ببین بە پێشمەرگە.
- جا ئێمە بەم گەڵوگیپاڵەوە چیمانپێئەکرێ!؟
- زۆر شت. کە فڕۆکە ئێمەی بینی، وائەزانێ کوردیش دەبابەی ھەیە! ئیتر ئۆتۆنۆمییەکە وەرئەگرین!


بەڵێ لەو دەرئەنجامەدا، بەغداد بە تیرێک ٥ نیشان ئەپێکێ:
یەکەم: کوشتنی پێشمەرگەیەکی زۆر بەدەستی دائش.
دووەم: لەناوچونی چەک و جبەخانەکانی پ.م.
سێیەم: ملیۆنێ ئەرەبیتر ئەڕژێنە کوردستان.
چوارەم: ھەرێم ئەوەندەیتر تەپڵی نابوتی لێئەدا.
پێنجەم: رەوشەکە لەبارئەبێ بۆ رێکەوتننامەیەکیتری وەک جەزائیر!


لەلایەکیترەوە، ئەوەی سەیرو سەمەرەیە، ھەمیشە کەسی لێتێگیراو ھانا بۆ فریادرەس ئەبا، واتا ئەبو بەغدا بھاتایەو ھانای بۆ ھەولێرو سلێمانی ببردایە بۆ شەڕی موسڵ. ھەرێمیش ئەگەر بەناچاری ئەو شەڕەی ببوایە بەتوشەوە لەژێر گوشارێکدا، کۆمەڵێ مەرجی خۆی بسەپانایە وەک: ئەوەندە چەکمان بدەنێ بۆ شەڕەکە. ئەوەندەش دراومان بدەنێ بۆ موچەو بژێویی خەڵک و...تاد. کەچی ئەمان چونە دەرباری بەغداو ئەویش کەوتە سەپاندنی مەرجەکانی بەسەریاندا وەک لەسەرەوە ئاماژەمان بۆکردوە!. بەخێربێنەوە وەفدی کوردستان!.

__________________________

کورتە وەڵام - ٨ -: www.emrro.com/kurtewelam8.htm

کورتە وەڵام - ٧ -: www.emrro.com/kurtewelam7.htm

کورتە وەڵام - ٦ -: www.emrro.com/kurtewelam6.htm

کورتە وەڵام - ٥ -: www.emrro.com/kurtewelam5.htm

کورتە وەڵام - ٤ -: www.emrro.com/kurtewelam4.htm

کورتە وەڵام - ٣ -: www.emrro.com/kurtewelam3.htm

کورتە وەڵام - ٢ -: www.emrro.com/kurtewelam2.htm

کورتە وەڵام - ١ -: www.emrro.com/kurtewelam.htm

 

ماڵپه‌ڕی کامیل ژیر




 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک