په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٩\٢٠١٣

ژارگۆن - ٧ -.


عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا

دەزانی بۆچی من ھێندە پەرێشان و خەفەتبارم
لە بازاڕی ژیان غەیری ھونەر نیمە چ سەرمایە.
(ھێمن).


ھەموو شتێ بەرەو نەمان دەچێ، ئەدەب و ھونەر نەبێ، کە دووبارە خۆی لەسەر جوانی و تەجاوزکردنی پێوانە و نۆرمە سونەتییەکان، بونیاد دەنێتەوە.. ئەدەب و ھونەر وەک (ئەرستۆ) دەڵێ، لاسایکردنەوەی سروشت و وێنەگرتنی ژیان نییە. ئەدەب و ھونەر جوانکردنی پەیوەندییەکان و ئاشکراکردنی نھێنییەکانی ژیانە. مەرج نییە لە پشت ھەموو ئەدەبێکی بەرز، ئەخلاقێکی بێ وێنە وەستا بێت.. (جان جاک رۆسۆ (١٧١٢-١٧٨٨) ئەدەب لە ئەخلاق و ئاکار جیا دەکاتەوە. ئەدەب ناکەوێتە ژێر یاسا و رێسا ئەخلاقیەکانەوە، چونکە بەبێ خەیاڵ، بەبێ یاخیبوون، بەبێ سەماکردن لە ژێر شمشێرەکەی (دیمۆکلیس) ئەدەب و ھونەر ناتوانێ ئازادی بە دەست بھێنێ. لە ئەدەب و ھونەردا (خاڵی پەتی) بوونی نییە، داھێنانی ئەدەبی گەیشتنە بە نوقتەی ئەکلیدیس، نە قبوڵکردنی رەھایە، نە رەتکردنەوەی رەھا، بەڵکو ھەمیشە سورە لەسەر ئەوەی ململانێ لەگەڵ واقیعدا بکات، وەک چۆن پارێزگاری لەو جوانیە بێ ناوەش دەکات، کە ھەمووان بە یەکەوە کۆ دەکاتەوە.. یاخیبوونی شاعیرانە وەک چۆن سۆزێکە بۆ بێ گوناھی، بە ھەمان شێوە تەعبیر لە گەوھەری (بوون) دەکات، یاخی بوون وەک حاڵەتی نووسین لە داھێناندا بەرکەماڵ دەبێت و پێشمەرجی ئازادی و جوانیە!


لێرەوە دەمەوێ بڵێم جوانکاری یان رۆمانسی وەک بزاڤێکی ھونەری و ئەدەبی و فیکریی، ئازاد کردنی زمان و توانا فیکرییەکانە، لە ھەموو کۆت و بەندە بۆماوەییەکان.. ئەدەب و ھونەری رۆمانسی لە کۆتاییەکانی سەدەی ھەژدەی زایینی لە فەرەنسا سەری ھەڵدا و لە زاراوەی رۆمان (roman) ھەڵقوڵاوە، ئەو زاراوەیە بۆ (جیمس بۆزویل) دەگەڕێتەوە، وەک ئاماژە کردن بۆ ئەو شت و شوێنانە بەکار ھێنراوە، کە ھێزی وشە لە توانایدا نییە، وەسفیان بکات.


کەواتە پێش ئەوەی رەخنەگرانی ئەدەبی لە سەدەی بیستەم، ھێرش بکەنە سەر رۆمانسی و دواتر قسە لە رۆمانسیی نوێ بکەن، وەک پەیوەندی نێوان سۆز و ھەرەمەکیەت و ئیرادەی ھوشیارانە.. بزوتنەوەی رۆمانسی شۆڕشێک بوو بەسەر عەقڵ و دەسەڵاتەکانی عەقڵ.. جوانکاری بوو بەسەر کلاسیک و پەرچەکردارێک بوو دژی شۆڕشی پیشەسازی، دژی ئۆرستۆکراتی و نۆرمە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی سەدەی رۆشنگەری... رۆمانسی جەخت لە سۆز و خەیاڵی سەرکێش دەکات و بە سەرچاوەی حەقیقی ئەزموونەکانی جوانی و یاخیبوون دادەنرێت، جەخت لە یاخیبوونی ویژدانی و ھەڵاتن لە واقیع دەکات، لە دەرەوەی پرنسیبە تەقلیدییەکانی ئەدەبەوە خۆی دەنوێنێ، خودێتی و تاکگەرایی بەرز دەکاتەوە، دەکەوێتە نێو پانتاییەکانی خەیاڵ و خەون و وێناکانەوە.


لە ئەدەبی کوردی و بزوتنەوەی رۆشنبیریی دوای ساڵانی (١٩٢٠) و بڵاوبوونەوەی رۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان.. ئەزموونی (گۆران ١٩٠٥-١٩٦٢) شاعیری سروشت و جوانی، وەک شاعیرێکی رۆمانسی کەوتە سەر پێ، دواتریش بزوتنەوەی روانگە بە بیرکردنەوەیەکی دیکەی جیاواز سەری ھەڵدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جێکەوتە و کاریگەری رۆمانسیانە لە شیعری کوردیدا نەکوژایەوە.. ئەگەر بۆدلێر (١٨٢١-١٨٦٧) فەرەنسی و شاعیری ئینگلیزی شیلی (١٧٦٢-١٨٢٢) و نووسەری ئەڵمانی گۆتێ (١٧٤٩-١٨٣٢) و قەسیدەی (شەوی ئۆکتۆبەری)ی شاعیری فەرەنسی (ئیلفرید دی مۆسیە) بە شاکارێکی رۆمانسیی دابنرێت، ئەوە لە شیعریی کوردی دوای بزوتنەوەی روانگە، ناتوانین ژەنەراڵی پایز (محەمەد عومەر عوسمان)ی شاعیر، لە سروشت و خەیاڵ و گۆشەگیری بکەینەوە، چونکە وزەی جوانکاری و شیعریی لە (غوربەتا) جگە لە سروشت و دەسەڵاتی خەون و خەیاڵ دەبێ چی بێت؟ وەک چۆن ناتوانین شاعیری سەبتایتڵی (حەنین دەمکوژێ) (ئیسماعیل بەرزنجی) ئەو شاعیرەی ھەمیشە خەون و خەیاڵەکانی لە سۆزی بۆ رابردوو وێنا دەکات، ئەو شاعیرەی دەسووتێت بێ ئەوەی لە بەرانبەر جوانی ئافرەت دەم بکاتەوە، دەسووتێت بێ ئەوەی لە بەرانبەر تەنیایی ھیچ بڵێت، ئەو کەسەی لەگەڵ کتێب و یادەوەری و قەلەقی.. دەسووتێت، لە پەرستنی رابردوو جیا بکەینەوە!

__________________________________

بەشی شەشەم: www.emrro.com/jargonshesh.htm

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/jargonpenc.htm   

بەشی چوارەم: www.emrro.com/jargonciwar.htm  

بەشی سێیەم: www.emrro.com/jargonse.htm 

بەشی دووەم: www.emrro.com/jargondu.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/jargonyek.htm

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک