١\٥\٢٠١٤
نۆژهنكردنهوهی
وەڵامهكان.
هەژێن
- بەشی
سیازدەیەم -
ئەگەر
پێمانوابێت، وەڵامەكانی ئێمە تەواو و دوا دەركی مرۆڤایەتین، ئەوا
خەریكین لە خۆمان بتێك سازدەكەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو
سیستەمی ڕێكخستنەی كۆمەڵگە، كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین، دوایین
چاوەڕوانی و گەشەیەكە، كە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریكین
پووچگەراییەكی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەكانی دیكە، چێدەكەینەوە.
سۆشیالیزم بەھەشتێك نییە لە ئاسمانەكانەوە دایگرین و لە پەڕاوی
ئەفسانەكاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بكەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی
زیندووە و بە پراكتیكی شۆڕشگێڕانە كەتواریی دەبێتەوە و سەركەوتنیشی لە
كولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی
ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت. هەژێن
ئایا کۆمەڵگەی ئەنارکی چ جیاوازیەکی لەگەڵ
بەهەشتێکی خەیاڵی هەیە کە كۆمۆنیزم مژدەی دەدات؟
پێش ئەوەی بچمە پای وەڵامدانەوەی نێوەڕۆکی پرسیارەکە، ناچارم لەسەر
هەڵەبوونی واژەی " كۆمۆنیزم" بوەستم، کە هیچ کات بەواتای "Communism"
نییە. کۆمونیزم "Communism" واتە کۆمونگەرایی و کۆمۆن "Common" واتە
نێوکۆیی؛ وەك خاڵی نێوکۆیی یا زمانی نێکۆیی و لە زمانە لاتینەکاندا
واژەیەك بەناوی "كۆمۆنیزم" بوونی نییە و هەروەها لە زمانی کوردیدا ئەوە
تەنیا کەسانی دەرەوەی پارتە کۆمونیستەکان نین، کە ئەو واژەیە بە هەڵە
بەکاردەبەن، بەڵکو لە پێش هەمووانەوە سەرانی پارتە کۆمونیستەکان و
ئەندامەکانیان ئەو واژەیە بە هەڵە بەکاردەبەن. بەداخەوە ئەم واژانەش
وەك واژەکانی [دێمۆکرات (کەسی دێمۆکراتخواز) ، دێمۆکراسی (چەمکی هزری و
فیلۆسۆفی) ] ، [عەلمانی (کەسی سێکیولاریست) و عیلمانی (بیرۆکە/ شتی/کەسی
زانستی/ زانستکار / زانستدۆست) ] ، [ئەنتی ناسیونالیزم (دژە
ناسیونالیزم)، ئینتەرناسیونالیزم (نێونەتەوەیی)، ئەنتەرناسیونالیزم (بێواتا)]،
..تد لەلایەن نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد و تەنانەت لایەنگرانی ئەو هزر
و بیرۆکانەوە تێکەڵکراون !
کۆمونیزم وەك وێناکردن کومەڵگەیەکی پێشتر نەخشەکێشڕاو و ئایدیال و
دەستکردی ڕابەرانی "پارتی پێشڕەو"، پشت بە ئایدیاكانی قۆناخبەندیی
مێژووی كۆمەڵگەکان بۆ كۆمونەی سەرەتایی و بەندایەتی [Slavery] و
فیئۆداڵی [feudalism] و سەرمایەداریی [Capitalism] و كۆمونیزم
[Communism] دەبەستێت و ئەگەر بەوردی سەرنجی دراو و بنەماکانی ئەو
قۆناخبەندییەی کۆمەڵگەی مرۆیی بدەین، ئەوا سەرچاوەی ئەو قۆناخبەندییە
بۆ بیرۆکە [ئایدیا] ئایینییەكان بەتایبەت بیرۆکەكانی چۆنیەتی دەرکردنی
مرۆڤ لە بەهەشت و چۆنیەتی گەڕانەوەی مرۆڤی دەركراو لە بەهەشت بۆ بەهەشت،
هەر بەو جۆرەی كاتێك كە مرۆڤی دەرکراو لە بەهەشت بە پەیڕەویکردنی
ڕێبازی پەیامبەران گوناهەكانی دەسڕێتەوە و بە بەهەشت شاددەبێتەوە، هەر
ئاواش بەگوێرەی لێکدانەوەی تیئۆریسیۆنەکانی کۆمونیزم، گەییشتنی مرۆڤ بە
کۆمونیزم و بەدیهاتنی وەها کۆمەڵگەیەك بە پابەندیی مرۆڤەکان بۆ
ئایدیۆلۆجیای پارت و تێڕوانینەکانی مارکس و ئەنگلس و مێشکەکانی پاش
ئەوان دەبەستنەوە و هەر نەزۆکییەك لە تیئۆری پێشتر داڕێژراودا بە
نەزانی و دەرکنەکردن و لادەریی پەیڕەوکاران و سەرانی پارتەکان دادەنرێت،
هەروەها هەر ڕەخنەگرتن و ڕەتکردنەوەیەك بەرانبەر تیئۆرییەکانی چۆنیەتی
گەییشتن بە کۆمەڵگەی کۆمونیستی، بە لادان و دژەخوونی لە باوەڕی باڵا
هەژماردەکرێت.
کۆمونیستەکان، سۆشیالیزم بە پەیبردن و دۆزینەوە و بیردۆزی بیریاران
دەزانن، واتە هۆش ئافەرێنەری شتەکانە و پێش پێگەییشتن و ئەزموونە
مادییەکان دەکەوێت. هەروەها بیردۆزەکانی ئەو بیریارانە بە پیرۆزکردن و
هاوتاکردنیان بە زانست، دەکەنە چەکی ڕەتکردنەوە و نکۆڵیکردن لە هەر
ڕاستییەك لە دەرەوەی بیردۆزە کۆمونیستییەکە و کە هەم جۆرە پارادۆکسێکە
و هەم درێژەدان بە مەزهەبگەرایی. چونکە زانست واتە پێگەییشتنی
ئەزموونگەریی و درێژەدان بە دەرکەوتن و دراوە پێشینییەکان، بەواتایەکی
دیکە زانست هەم درێژە و گەشەی هەوڵەکانی پێش خۆیەتی و هەم لەتەك هەر
دەرکەوتن و پێگەییشتنێکی ئەزموونگیرییانە، ناڕۆشنیی و لایەنە لاواز و
نادروستەکانی خۆی ڕەتدەکاتەوە، کە ئەمە شێوازی گەشە و پێگەییشتنی
ماتریالیستییە، واتە تیئۆری و پێگەییشتنەکان بەرەنجامی کار و چالاکی و
تاقیکردنەوەکانن، نەك پێچەوانەکەی. ئەگەر سەرنجی پاگەندەی کۆمونیستەکان
لەمەڕ زانستیبوونی کۆمونیزمی مارکسیستی و ڕەتکردنەوەی هەر ڕەخنە و
سەرنجێك لەمەڕ داڕشتنە پێشتر ئامادەکراوەکان بدەین، دەبینین، کە هیچ
جیاوازییەکی بەرچاو لەنێوان تێزە ئایینییەکان و تێزە مارکسیستییەکاندا
نییە. وەك گوتم تێزە ئایینییەکان دروستبوونی مرۆڤ بۆ هوشیاریی پێش مادە
[خواکرد] دەگڕێنەوە و مرۆڤی یاخی و سەرپێچیەگەر لە بەهەشت دەردەکات و
پاشان خوای ئایینەکان ڕێگەچارەی گەڕانەوە بۆ بەهەشت بۆ مرۆڤ دیاریدەکات
و ئەگەر [مرۆڤی دەرکراو لە بەهەشت] ئەو ڕێگەچارە پەیڕەویینەکات، ئەوا
هیچ کات ئەگەری گەییشتنەوەی بە بەهەشت بوونی نییە، هەر ئەوەی کە
مارکسیستەکان مێژوو بە سەر قۆناخە ناچارییەکانی گەشەی کۆمەڵگەدا
دابەشدەکەن [مرۆڤی سەرەتایی بەهۆی دۆزینەوەی کەرەستەکانی بەرهەمهێنان و
خاوەندارییان لەلایەن کەسانی بەهێزەوە، کۆمونە بەجێدەهێلێت و پێدەنێتە
قۆناخی کۆیلایەتی و پاشان لە ڕاپەڕینی کۆیلاندا لەبەرئەوەی کە مەرجە
مێژووییەکانی شۆڕشی سۆشیالیستی لە ئارادانین، وەك پێداویستیەکی مێژوویی
چینی باڵادەستی دیکە فیئۆداڵەکان سەرهەڵدەن و دیسانەوە لە ڕاپەڕینی
جوتیاراندا لەبەرئەوەی کە مەرجە مێژووییەکانی شۆڕشی سۆشیالیستی لە
ئارادانین، وەك پێداویستیەکی مێژوویی چینی باڵادەستی دیکە بۆرجواکان
وەك "شۆڕشگێڕ"سەرهەڵدەن و دواجار بیریارانێك پەیدادەبن و لێکۆڵینەوە
لەسەر بنەما ئابوورییەکانی پێکهاتنی کۆمەڵگە دەکەن و بەو سەرەنجامە
دەگەن، کە دەبێت کۆمەڵێك پێشمەرجی گەشەی ئابووریی ڕووبدەن و بە
پەیڕەوکردنی تیئۆرییەکانی ئەوان، توانای گەڕانەوە بۆ بەهەشت "کۆمونەی
سەرەتایی" دەبێت]. هەڵبەتە ئەوانە نە بۆچوونی منن و نە ئافەرێنراوی
خەیاڵی منن، بەڵکو ئەو پاگەندە و گێڕانەوانەن، کە تا هەنووکە ئێمە لە
دەمی ڕابەران و پاشڕەوانی کۆمونسیستەوە بیستوومانن و دەبیستین.
ئێستا کە تیڕوانینی خۆمم لەمەڕ بەهەشتی دونیایی و تێزەکانی دا، دەتوانم
بڵێم نەخێر، کۆمەڵگەی ئەنارکی بەهەشت نییە و بڕیاریش نییە بەهەشت بێت و
ئەنارکیزم وەك هزر سەنتێزە نەك تێز. ئەنارکییەکان بەتەمانین کۆمەڵێك
تێزی ئاسمانی بۆ گەییشتن بە بەهەشت دابڕێژن و بیانکەنە ئایینی دونیایی.
گەییشتنی مرۆڤ بە کۆمەڵگەی ئازاد [سۆشیالیستی / ئەنارکی] بە ئامادەیی و
تێکۆشانی تاکە چەوساوەکانەوە پەیوەستە و ڕوودانی وەها ئەگەرێك
پەرجوویەکی ئاسمانی/ ڕامیاریی نییە، کە لە چاوتروکاندنێکدا کۆمەڵگەی پڕ
جەنگ و دڕدندایەتی بگۆڕدرێت بە کۆمەڵگەیەکی پڕ هارمۆنی پێکەوەژیان و
تەبایی، چەوساوە و سوودخوازیی بگۆڕدرێت بە هاریکاریی و خۆبەخشیی
کۆمەڵایەتیی، کێبڕکێی دەسەڵاتخوازیی و مشەخۆریی ڕامیاریی بگۆڕدرێت بە
یەکگرتن و هاودەردیی مرۆڤایەتی. نەخێر کۆمەڵگەیەکی ئاوای ناچینایەتی
پێویستی بە تێپەڕکردنی پرۆسێسێکی بەردوامی تێکۆشانی تاکە ژێردەستەکان
بۆ گەییشتن بە وەها ئامانجێك هەیە. چۆن دەکرێت کۆمەڵگەیەك کە لەسەر
بنەمای سزا و زیندانی، لەسەر بنەمای فەرمانداریی کەمینەی ڕامیار و
زۆرینەی ژێردەست، لەسەر بنەمای ڕەنجدەریی زۆرینەی نەدار و مشەخۆریی
کەمینەی سەرمایەدار دامەزرابێت و بەبێ پێشنیاربوونی ئەڵتەرناتیڤەکەی لە
پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و لە ڕێکخستنی کار و ژیانی کۆمەڵگەدا، یەك
شەو و ڕۆژە وەلابنرێن؟ وەها پووچگەراییەك تەنیا لە دەمی ڕامیارانەوە
دەردەپەڕێت و تەنیا کەسانی خۆشباوەڕ و دەستەمۆ و کەوڵکراو لە هەموو
ویست و بوونێکی سەربەخۆ، دەتوانن بڕوای پێبکەن و دوای بکەون.
بەدیهاتنی سۆشیالیزم / کۆمەلگەی ئەنارکی، نە خەونێکە تا ڕوودانی لە
دەرەوەی ویستی مرۆڤەکانەوە بێت و نە ئافەرێنراوی توانای جادووگەرییانەی
ڕامیارەکانە، تا چاوەڕیی بەزەیی و فریادڕەسیی ئەوان بین، بەپێچەوانەوە
هاتنەدی وەها کۆمەڵگەیەك بە هەنگاونانی بەکردەوەی ئەوانەوە پەیوەستە،
کە بە پێویست و بە ئەڵتەرناتیڤی دەبینن و کردەییکردنەوەی لە ژیان و
کاری ڕۆژانەدا بە تەنیا مسۆگەرکەری هاتنەدی دەزانن. ئەگەر نا هەموو
بەڵێنێکی سەرخەرمان، تەنیا هەزاربارەکردنەوەی هەمان دیکتاتۆریی "پارتی
پێشڕەو" دەبێت، بەناوی پڕۆلیتاریاوە ! لەبەرئەوە ئەنارکییەکان هەر ڕۆژە
لە شوێنی کار و ژیانی خۆیاندا لە گروپە خۆجێییەکان و لە ڕێکخراوە
جەماوەرییە سەربەخۆکاندا خەریکی کردەییکردەوەی خەیاڵی سۆشیالیستی /
ئەنارکین، بە ژیانکردنی خەیاڵە دێرینەکانی مرۆڤ، هەر ئەوەی کە لە ناوچە
ئازادەکانی ئۆکرانیای ١٩١٧-١٩٢١ و ئیسپانیای ١٩٣٦-١٩٣٩ ڕوویدا و ئەوەی
لەم ڕۆژگارەدا لە گوندە هەرەوەزییەکان و کۆمونەکانی ئەوروپا و
ئەمەریکادا خەریکە ڕوودەدات، ئەوەی کە پێشتر پێش سەرهەڵدانی دەوڵەتی
نەتەوەیی بەجۆرێك لە جۆرەکان لە کۆمەڵگەکانی ئەفریکا و ئاسیا و
ئەمەریکای لاتین و ئەمەریکا و ئوسترالیای [پێش داگیرکردن و
جینۆسایدکردن]، بوونی هەبووە؛ ژیان بەبێ سەروەر، ژیان بەبێ پێکهاتەی
قووچکەیی و دەزگەی ڕامیاریی؛ ژیان بەبێ بازرگانی و سوودخۆریی بانکەکان؛
ژیان بەبێ نوێنەرایەتی پارتەکان و ڕامیاران؛ ژیان لە هارمۆنی هەروەرزیی
و هاوپشتی و خۆکۆمەکیی کۆمەڵایەتیدا لەسەر بنەمای دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ،
کۆمەڵگە بەبێ نوێنەر و پۆلیس و دەوڵەت!
ئایا بە نەزەری تۆ سەبەبی شکستخواردنی شۆڕشەکانی تا ئێستا ئەوە نییە کە
جۆرێک زۆرکردن بووە لە تاریخ، بە جۆرێکی تر بیڵێم ئایا ئەو شکستخواردنە
بەڵگەیەک بۆ ئەوەی کە تاریخ بەخۆی ڕێ دەکات و پێویستی بە هەوڵی
زۆرەملێیانەی ئێمە نیە ، ئایا ئەوەی تۆ تاکید لە چارەنووسسازی ڕۆڵی
تاکە هوشیارەکان دەکەیت جۆرێك لە ڕابەرایەتی و ئاراستەکردنی تاریخ نیە؟
ئەگەر بڕوا بەخۆمان بهێنین، کە مێژوو لە دەرەوەی ویستی مرۆڤەکانەوە
خۆبەخۆ کاردەکات و وابەستەی ڕێژەیەکی دیاریکراو و خوازراوی گەشەی
بنەمای ئابووریی کۆمەڵگە و بڕینی قۆناخبەندییەکانە، ئەوا خۆبەخۆ بەپێی
ئەو لێکدانەوە ناکەتوارییە هەموو هەوڵێکی مرۆڤ بۆ زووتێپەڕاندنی بار و
دۆخەکە، لەتەك شکست و ناکامیدا ڕووبەڕوودەبێت. بەڵام کاتێك کە خودی
مێژووی مرۆڤایەتی ڕاستییەکەی دیکە دەسەلمێنێت، کە کارایی مرۆڤ و
بەرەنجامبوونی گۆڕانەکانە بەهۆی کارکردی مرۆڤەکانەوە، ئەوا ئیدی وەها
لێکدانەوەیەك بێجگە لە پووچگەرایی ئایدیالیستی هیچی دیکە بەرهەمناهێنێت.
لەبەرئەوە تەنیا ڕێگەیەکی کەتواریمان لەبەردەمدا دەمێنێتەوە، ئەویش
لێکدانەوە و گەڕانە لە دووی هۆکاری شکستەکان، نەك هەڵهاتن لە شکستەکان
و نائومێدبوون لە توانایی شۆڕشگێڕانەی مرۆڤ؛ ئایا هۆکارەکانی شکستی تا
ئێستای شۆڕش، خۆیی بوون یا دەرەکیی؟
کاتێك کە خودهوشیاریی زۆرینەی کۆیلە ڕاپەڕیوەکان تا ئاستی پێکەوەژیانی
هەمووان بەبێ سەروەر بڕناکات، ئیدی ئەگەر ڕاپەڕینەکان بە سەرکەوتنی
دوژمنیش تێکنەشکێن، ئەوا سەرەنجام بە ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای
ڕابەر و ڕابەریکراو کۆتاییدێت ! کاتێك کە خودهوشیاریی زۆرینەی
جوتیارانی ڕاپەڕیو ناگاتە ئاستی بنیاتنانی هەرەوەزییە کشتکارییەکان
لەجێی وابەستەیی بە دارایی فیئۆداڵەکان بەسەر کێڵگەکاندا، ئیدی
بۆرجوازی خۆڕێکخستووی شار بە ئاسانی توانانی ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگەی
لەسەر بنەمای دەوڵەتی نەتەوەیی و جێگرتنەوەی سەروەریی فیئۆداڵەکانی
دەبێت و جوتیارانی بێزەوی دەگۆڕدرێن بە کرێکارانی کرێکرتە، کاتێك کە
خودهوشیاریی کرێکاران و سەربازان لە ڕوسیەی ١٩١٧دا [بەگشتی و لە هەموو
لایەکی ئەو وڵاتە] نەگەییشتووەتە ئاستی خۆبەڕێوەبەرایەتی سەرتاسەری
کۆمەڵگە و کارخانەکان لەلایەن خودی پڕۆلیتێرەکانەوە، ئیدی زۆر بە
ئاسانی دەستەبژێری ڕامیار و خۆڕێکخستوو لە پارتێکدا بەناوی "پێشرەوی
کرێکاران"ەوە، دەتوانێت جێگەی سەروەرانی پێشوو بگرێتەوە و هەموو
ناڕەزایەتییەك و یاخیبوونێکی شۆڕشگێرانە وەك (کڕۆنشتات) لە خوێندا
خەڵتانبکات!
بەو پێشەکییەوە دەمەوێت بڵێم، نەخێر مێژوو لە دەرەوەی ویستی تاکەکانی
کۆمەڵگەوە بوونی نییە و ئەوە کارکردی ئێمەیە کە مێژوو دەچەرخێنێت،
کاتێك کە تاکە ژێردەستەکان بە " دەوڵەتی خوا " لەسەر زەوی خۆشباوەڕدەبن
و بەختەرەریی و ڕزگاربوونی خۆیان لە سایەی ئەودا ببیننەوە، ئیدی ئەوە
ڕوودەدات کە لە شکستی ڕاپەڕینی ڕێبەندانی ١٩٧٩ی ئێراندا ڕوویدا، کاتێك
کە تاکە ژێردەستەکان بە " دەوڵەتی نەتەوەیی " خۆشباوەڕبن و بە خەونێکی
ئایدیال و کۆتایی هەموو نەهامەتییەکانی خۆیان بزانن، بەدڵنیاییەوە ئەوە
ڕوودەدات، کە لە شکستی ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١دا وویدا، کۆمەڵێك میلیشیا
دەتوانن سەروەریی خۆیان بەسەر کۆەمڵگەدا بسەپیێنن، کاتێك کە تاکە
ژێردەستەکان بە هێز و توانای خۆیان نائومێددەبن و هەموو هیوایەکیان بە
فریادڕەسیی دەوڵەتە زلهێزەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا دەبەستنەوە، ئیدی
ئەوە ڕوودەدات، کە لە ئەفگانستان و عیراق ڕوویدا. بەداخەوە ئەم لیستە
زۆر درێژە و سەراپای مێژوو بەهۆی بڕوانەبوونی تاك بە ڕۆڵی خۆی و کارایی
یەکگرتوویی هێزی جەماوەریی خۆیەوە، پڕە لەو شکستانە و بە بۆچوونی من
تاوەکو تاکی ژێردەست پاشرەوی پارتەکان و گوێڕایەڵی سیستەمی ڕامیاریی بێ
و هیوای ڕزگاربوونی خۆی لە نەهامەتییەکان بە قوربانیدان لەپێناو
دروستکردنی دەوڵەتە نەتەوەیی و ئایینی و سێکیولاریستەکان گرێبداتەوە،
بەدڵنیاییەوە هەردەم لەبەردەم شکستەکانی خۆیدا دۆشدادەمێنێت و لە
نائومێدیدا یا لە گۆشەی پەرستگەکاندا چاوەڕوانی ڕودانی پەڕجووە
ئاسمانییەکان [فریادڕەسی خوایی] دەبێت یا لە پەرتووکخانەکاندا
چاوەڕوانی ڕودانی پەڕجووی لەنێوچوونی سیستەمی سەرمایەداری بەهۆی گەشەی
ئابووریییەوە دەبێت [گۆڕانی دیتێرمینیستییانەی کۆمەڵگەی چینایەتی] و بە
تێپەڕبوونی سات و ڕۆژ و هەفتە و مانگ و ساڵەکانی تەمەنی ژێردەستەیی و
نائومێدی خۆی دەنووسێتەوە.
بەکورتی، تاکە ژێردەستەکان بەدرێژایی مێژووی کۆمەڵگە مرۆییەکان لە
خۆشباوەڕییاندا هەردەم بەهەشتەکانی سەروەرییان بۆ چینە دارا و
دەسەڵاتدارەکان مسۆگەرکردووە؛ لەپێناویاندا خۆیان بەکوشتداوە، ئەوانی
دیکەیان کوشتن، جینۆسایدیان کردوون، گوند و شار و هەرێمەکانیان
سووتاندن و ئەنفالیانکردوون، بوونەتە پاسەوانی یەکدی لە زیندانەکاندا،
ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینەکانیان سەرکوتکردوون، لە یەك دەستەواژەدا ئەگەر
ئامادەیی و خۆشباوەڕیی تاکە ژێردەستەکان نەبێت، ئەوا هەرگیز خانەوادەی
ئیمپراتۆرێك [کۆیلەدارەکان]، مشتێك زەمیندار [فیئۆداڵەكان]، چەند
جەنەڕاڵێك [کودەتاچییەکان]، کۆمیتەی ناوەندی پارتێك و کەمینەیەکی هەرە
کەمی سەرمایەدار [کارخانەدارەکان] و ڕامیار [پارلەمانتارەکان] و
دەسەڵاتدار [فەرماندەران]، نەیاندەتوانی و ناتوانن کۆمەڵگەکان و جیهان
ژێردەستبخەن و زۆرینە برسی و سەرکوتبکەن و خۆیان سەروەر و مشەخۆر بن.
لە بەرانبەر ئەوەدا و لەسەر ئەو بنەمایە، تەنیا هوشیاربوونەوەی
چەوساوان لە کۆڕی خەبات و خۆڕێکخستنی ڕۆژانەدا دەتوانێت هەم تاکە
ژێردەستەکان لە خۆشباوەڕیی و پاشڕەوی بگێرێتەوە و هەم بەرەو ڕاپەڕین و
لەنێوبردنی سیستەمی ڕامیاریی و بنیاتنانەوەی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای
هاوپشتی و هەرەوەزیی و هاریکاریی کۆمەڵایەتیی، هەڵخڕێنێت و
بڕوابەخۆبوون و خودهوشیاریی بۆ چەوساوان بگێڕێتەوە. هەر لەسەر ئەو
بنەمایە و بە پشتبەستن بە ئەزموونە خودییەکانی خۆم و دراوە
مێژووییەکانی خەباتی کۆمەڵایەتیی، من پێداگریی لەسەر کارابوون و
چارەنووسسازبوونی ڕۆڵی هوشیارانەی تاکی چەوساوە دەکەم، ئەگەر نا لە
دەرەوەی خەباتی جەماوەریی و هاوپشتی و یەکگرتن و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی
چەوساوان، هاتنەدی سۆشیالیزم تەنیا بە پووچگەرایی ڕامیاریی و
لاساییکردنەوەی چۆنەیتی گەیشتنەوەی مرۆڤ بە بەهەشت دەبینم!
__________________________________
بەشی
دوازدەیەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey12.htm
بەشی
یازدەیەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey11.htm
بەشی
دەیەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey10.htm
بەشی
نۆیەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey9.htm
بەشی
هەشتەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey8.htm
بەشی
هەفتەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey7.htm
بەشی
شەشەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey6.htm
بەشی
پێنجەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey5.htm
بەشی
چوارەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey4.htm
بەشی
سێیەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey3.htm
بەشی
دووەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey1.htm
ماڵپهڕی ههژێن
|