په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٢\٢٠١٨

کوردبوون و ناسیۆنالیزم.
- خوێندنەوەیەیەک بۆ پەرتووکی''بوونی نەتەوەیی کورد، لە نێوان فەلسەفە و سۆسیۆپۆلەتیکدا'' -

هەڵۆ محەمەد      

- بەشی بیست و هەشتەم -

ـ کورد لە نێوان رویتانییەکان و سۆماڵییەکاندا.


"ئەوەش لە حاڵەتی سۆماڵییەکانەوە تیۆریزەی کردووە ئەوەیە کە نەتەوەخوازیی سۆماڵی وەک نەتەوەخوازیی کوردی ئەوەی دروستی دەکات جۆرێکی تایبەتە لە نەتەوە کە خێڵ ئاوێتە دەکات بە نەتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی، ئەوەی دروستیدەکات لەناوەوە خێڵ بێت و پەیڕەوی لە یاساکانی خێڵ بکات و لە دەرەوە نەتەوە بێت و پەیڕەوی لە یاساکانی نەتەوە دروستکراوەکان بکات".٤٦٩


د. عرفان لەبەر ڕۆشنایی تیۆرەکەی گێلنەردا، بە فراوانی باس لە حاڵەتی سۆمالی و رۆتان دەکات لەگەڵ کورددا دەکات. بەتایبەت کاتێ نەتەوەخوازی سۆماڵی نەیتوانیوە، زمان و کولتورێکی یەکگرتوو، لەو فرە خێڵانەی هەیە دروست بکات. هەموو ئەم هەوڵ و تەقەلانەی د.عرفان، لە بەراورکردنی دۆخی کورد، بەو نموونانەدا، دەگەڕێتەوە بۆ لێزانی و پەرۆشە، گەورەکەی نووسەر بۆ پرسی کوردبوون و لە ڕەگ و ڕیشەوە تێگەیشت لە پاشخان و پێشخانەکانی.


"کوردەکان باشترین نموونەن لە مێژوودا نەچوونەتە ناو ئەو پەیمانەوە کە لە نێوان سەردار و کۆیلەدا دەبەسترێت(...)ئەو سیستەمەش کە کورد لە مێژوودا پەیڕەوی کردووە ئەو سیستەمەیە کە بەرهەمهێنەری جیاوازییە زمانی و کولتورییەکانە لەو یەکبوونە عەقڵییەی کە لەناو جیاوازییە زمانی و کولتورییەکاندا بە شێوەیەکی پەتی هەیە، ئەم سیستەمەش یاساکانی تەواو پێچەوانەی ئەو سیستەمەن کە عەسەبە و نەتەوە خوازی پەیڕەوی لێدەکەن و بەرهەمهێنەری یەکبوونێکی سروشتییە لەو جیاوازییە کولتوری و زمانییانەی کە بەشێوەیەکی واقعی هەن".٤٧٤ ـ٤٧٥


بە پێی ئەم تێڕوانینە، ئەو پلورالیزمەی لە پێکهاتەی کورد دا هەیە، گەرەنتی مانەوە و ئاماژەی خەسڵەتی جیاوازی کوردە، لەگەڵ ئەو نموونە گەلەی باسکراون. لەکاتێکدا ئەم دیاردەی فرەییە، لە لای زۆر نووسەر و لێکۆڵەر، نیشانەی ماڵوێرانی کورد و نائامادەگییەتی لە مێژوودا.پێموایە بە گرنگ وەرگرتنی ئەم خاڵە لە لایەن توێژەرانەوە و کار لەسەرکردنی بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی مێژووی ئەم پرسە پێویستە.


"ئەوەی ئایدیاڵی نەتەوەخوازی داوای دەکات ئەوەیە کە لە سنوری سیاسی دەوڵەتەکەیدا دەبێت چینی خوێندەوار بە کولتورە پیشەییەکەی خۆی و ئەو زمانەی کە کردوویەتی بە زمانی ئەو کولتورە،جەستەی کولتوری و زمانی خێڵ و ئەتنیکە جیاوازەکان هەڵوەشێنێتەوە و لەگەڵ جەستەی کولتوری و زمانییەکەی خۆیدا تەماهی پێبکات و عەسەبە کولتوورییەکەی خۆی دروست بکات.ئەمەش هیچ جیاوازییەکی ئەنتۆلۆجی و دروستەیی لەگەڵ ئەو خێڵەدا نییە کە دەبێت بە عەسەبە و لە سنووری ئەو دەسەڵاتە سیاسییەدا کە هێزی زاڵیەتییەکی بۆی دیاریکردووە جەستەی خێڵە جیاوازەکان لەگەڵ جەستەی خێڵەکەی خۆیدا تەماهی پێبکات و عەسەبەکەی دروست دەکات".٤٧٧


لێرەشدا، شەڕ هەر لە دژی کولتوری پێکهاتە وخێڵەکان و ئەو سیما فرەییە، هەیە. چۆن هەوڵ بدرێ لە ڕێگای دەستەی خوێنەوارەوە، بە دەربڕینەکەی ئەندەرسۆن، بەو پیشەیەی هەیانە کولتورێکی یەکشوناس بهێننە ئاراوە. ئاخر وەک ئاماژەمان پێداوە،نەتەوەخوازی بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆی بەرەنگاری شوناسە جیاوازەکان دەبێتەوە.


"ئەوەی بزوتنەوە کوردیەکان لە نەتەوەخوازییە شکستخواردووەکەی سۆماڵ و هەموو نەتەوەخوازییەکانی جیهان جیادەکاتەوە ئەوەیە بە پێچەوانەی ئەوەوە کار دەکەن کە نەتەوەخوازی داوای دەکات(....)بزوتنەوە کوردییەکان نەک بزوتنەوەی نەتەوەخوازنین بەڵکو تاکە بەربەستێکی گەورەن لەبەردەم ئەوەدا کە نەتەوەخوازی بەناوی نەتەوەوە لەناو خۆیان و لە دەرەوەی خۆیاندا دروستی دەکات".٤٧٨


نووسەر لەم میانەدا بۆچوونێکی تری جێی سەرنج و لەسەر ڕاوەستان دەخاتە بەر دەستمان. خاڵێکی بنچینەیی جیاوازی نێوان بزووتنەوە کوردییەکان و ئەوانی دیکە،ئاماژە پێ دەدات. ئەم بزوتنەوە کوردییانە لەبری ئەوەی وەک ، ئەوەی بەڵگەنەویست و چاوەڕوانکراوە لە نەتەوەخوازی لە نێوان خۆیاندا یەکبوونی زمانی و کولتوری جیاواز بەرهەم بێنن.دێن و بە دروشم و داوای پراکتیکییەوە پەیڕەو لە یەکبوونی یەک شوناسی کولتوری و زمانی ناکەن. ماهیەتی بزوتنەوە نەتەوەخوازییەکان یەکبوونە، هی کورد جیاوازیی فرەییە.


"بزووتنەوە کوردییەکان بە ئاڕاستەی هەڵوەشاندنەوەی ئەوە کار دەکەن،کە نەتەوەخوازی وەک عەسەبەیەکی مۆدێرن دروستی دەکات ... بزووتنەوە کوردییەکان نەک بزووتنەوەی نەتەوەخوازنین بەڵکو تاکە بەربەستێکی گەورەن لەبەردەم ئەوەدا کە نەتەوەخوازی بەناوی نەتەوەوە لەناو خۆیان و لە دەرەوەی خۆیاندا دروستی دەکەن".٤٧٨


ئاخر لە کاتێکدا وا چاوەڕوان لە بزووتنەوەی کوردی دەکرێ، نەتەوەخواز بێت و پرسی نەتەوە، لە گوتارێکی یەکگرتوودا فۆرمەلە بکات،نووسەر دێت و دەمانخاتە بەردەم ئەم باسە قورس و پێکەڵ پێکەوە.


ڕەنگبێ ئەمە جیاوازترین بیروبۆچوون بێت، لەسەر بزوتنەوەی نەتەوەخوازی کورد، کە لێرەدا د. عرفان بە پێچەوانەی هەموو ئەوانی دیکەوە پێشکەشمان دەکات. ئەم خاڵە شایانی لەسەر ڕاوەستانە و کەسە و مژارێکە، گەرەکە پسپۆڕان و خەمخۆران باشتر ئاوڕی لێ بدەنەوە.


بەشی پێنجەم: بوونی نەتەوەیی کورد لە نێوان کوردبوون و نەتەوەخوازیدا.


ـ بزوتنەوە کوردییەکان و نەتەوەخوازی.


بزووتنەوە کوردییەکان لەبری ئەوەی وەک بزووتنەوە نەتەوەخوازەکە، لە نێوان خۆیاندا یەکبوونی زمانی و کولتوری بهێننە ئاراوە ، جیاوازی بەرهەم دێنن. بەمەش پێڕەوی لە یەکبوون و یەک شوناسی کولتوری و زمان ناکەن. ماهیەتی بزوتنەوە نەتەوەخوازییەکان، یەکبوونە، هی کورد جیاوازی و فرەییە. کۆمەڵێ پرسیاری جددی لەسەر نەتەوەخوازی کوردی قووت دەکاتەوە، گەوهەری هەموویان پرسە لەسەر ئەوەی "کێشەی کورد چییە؟". یاخود کوردبوون چ مانایەکی هەیە؟.لەم ڕەهەندەدا کە نووسەر قورساییەکی زۆری بەخشیوە بە بیروباوەڕەکانی.


نووسەر دەیەوێ بە قووڵی لەسەر دەست نیشانکردنی بیر و ئامانجی بزوتنەوە کوردییەکان بوەستێ و گەرەکێتی بەرامبەری نەتەوەخوازییەکەی بکاتەوە. کێشەی قووڵی بزوتنەوەی کوردی ئەوەیە نەیتوانیوە، نەتەوە دروست بکات. لە دیدی نووسەرەوە هەموو نووسەرە کورد و بێگانەکان لە کارەکانیان لەمەڕ کوردەوە، کەوتوونەتە هەڵەیەکی زەقەوە. هۆکەیشی ئەوەیە کە سەرلەبەری ئەمانە نەیانتوانیوە،لە کرۆکی کێشەی کورد تێبگەن و تێکڕایان هەوڵیان داوە، بە پێودانگەکەی نەتەوەخوازی هەڵسەنگاندن، بۆ بزووتنەوە کوردییەکان بکەن، بێ ئەوەی دەست نیشانی ئەوە بکەن یان ئەو جیاوازییە بخەنەڕوو، کە بزوتنەوە کوردییەکان لە گەوهەردا هەیانە، و راستەخۆ ناکەونە بەر حوکمی تیۆرە نەتەوەخوازییەکە، چونکە بزووتنەوەکە خاوەنی بیر و ئامانجی خۆیەتی و کاراکتەری تایبەت بە خۆی هەیە.


نووسەر، خاڵێکی سەیر دەورووژێنێ و بەلایەوە، ئەو کۆمەڵە هۆکارەی بوونەتە هۆی شکستی بزووتنەوە کوردییەکان و زۆرینەی مێژوونووس و ئەوانەی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن و نووسەرانی دیکەوە جەختی لەسەر دەکەنەوە،بەلای ئەمەوە، ئەم خاڵە مانای سەرکەوتن و نهێنی مانەوەی کورد دەبەخشێ. دیارە ئەمە لەتەک ئەو بۆچوونەدا راستە، بزوتنەوە کوردییەکان، خاوەنی تایبەتمەندێتی شوناسی سەربەخۆ و جیاوازن لە بزوتنەوە نەتەوەخوازییەکە، نەک بە پێچەوانەوە. هەبوونی فرەزمانی و فرە کولتوری لەناو کورد دا، وەک دیاردە، شتێکی حاشاهەڵنەگرە، جا کەواتە بە پێی تیۆرە عەقڵییەکە، ئەمانە نیشانەی سەرکەوتنی بزووتنەوە کوردییەکانە تا دەگاتە بەرجەستەبوونی رۆحی نەتەوە. بەڵام لە ڕاستی دا بزووتنەوە نەتەوەخوازییە شکستیخواردووە، چونکە نەیتوانیوە، زمانی ستاندارد و کولتوری وەک یەک بهێنێتە بوونەوە.

_________________________________

بەشی بیست و هەفتەم: www.emrro.com/kurdbunun27.htm

بەشی بیست و شەشەم: www.emrro.com/kurdbunun26.htm

بەشی بیست و پێنجەم: www.emrro.com/kurdbunun25.htm

بەشی بیست و چوارەم: www.emrro.com/kurdbunun24.htm

بەشی بیست و سێیەم: www.emrro.com/kurdbunun23.htm

بەشی بیست و دووەم: www.emrro.com/kurdbunun22.htm

بەشی بیست و یەکەم: www.emrro.com/kurdbunun21.htm

بەشی بیستەم: www.emrro.com/kurdbunun20.htm

بەشی نۆزدەم: www.emrro.com/kurdbunun19.htm

بەشی هەژدەم: www.emrro.com/kurdbunun18.htm

بەشی هەڤدەم: www.emrro.com/kurdbunun17.htm

بەشی شازدەم: www.emrro.com/kurdbunun16.htm

بەشی پازدەم: www.emrro.com/kurdbunun15.htm

بەشی چواردەم: www.emrro.com/kurdbunun14.htm

بەشی سێزدەم: www.emrro.com/kurdbunun13.htm

بەشی دوازدەم: www.emrro.com/kurdbunun12.htm

بەشی یازدەم: www.emrro.com/kurdbunun11.htm

بەشی دەیەم: www.emrro.com/kurdbunun10.htm

بەشی نۆیەم: www.emrro.com/kurdbunun9.htm

بەشی هەشتەم: www.emrro.com/kurdbunun8.htm

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/kurdbunun7.htm

بەشی شەشەم: www.emrro.com/kurdbunun6.htm

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/kurdbunun5.htm

بەشی چوارەم: www.emrro.com/kurdbunun4.htm

بەشی سێیەم: www.emrro.com/kurdbunun3.htm

بەشی دووەم: www.emrro.com/kurdbunun2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/kurdbunun1.htm

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک