په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١١\٢٠١٦

کورتە وەڵام! چ سیستمێکی سیاسی بۆ ئەمڕۆی ھەرێم دروستە و چارەسەرە بۆ کێشەکان؟


کامیل ژیر      

- ١١ -


ئەمە ئەو پرسیارەیە کەگەلێ جار ئاڕاستەم ئەکرێ وەک یاساناسێک و بە ئەزمونێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی. بۆ وەڵام:


ئەو سیستمانەی لە ئارادان، ھیچیان کاڵای پڕباڵای ئەمڕۆی ھەرێمنین. نە دیموکراسی نە دیکتاتۆری، نە ئاینی نە بێ ئاینی. نە سەرمایەداری نە سۆشیالستی و...تاد.


ئەشی ھەرکام لەو سیستمانە بۆ وڵاتێک گونجاوبێ، بۆ وڵاتێکیتر نەگونجاوبێ. ھۆکەی ئەوەیە بارودۆخ و ژینگەی ئەم وڵات جیاوازە لەویتر. بۆ نمونە: ئێستە دیموکراسی بۆ رۆژئاوا ئاوەدانیە، بۆرۆژھەڵات ماڵوێرانییە، چونکە لەوێ یاسا سەروەرە، لێرە ھێز رابەرە. کەواتە چاکوایە:


١- ا- لەجیاتی سەرۆکی ھەرێم، ئەنجومەنێکی سەرۆکایەتی لە ٥ ھاوسەرۆک پێکبێ. ھەرکام لەپارێزگەکانی ھەرێم، بەھەڵبژاردنی گشتی، ھەریەکەو ھاوسەرۆکێ دیاریکا بۆ ئەنجومەنی سەرۆکایەتی. بەم رێگەیە مەترسیی تاکڕەوی و قۆرخکردنی دەسەڵات لەدەستی تاکەکەسێکدا نامێنێ.
ب- ئەنجومەن لەناوخۆیاندا، بەھەڵبژاردن یارێکەوتن، کارەکانی سەرۆکایەتی دابەشکەن بەمجۆرە: سەرۆکی ئەنجومەن، سەرۆکی ھێزە چەکدارەکان، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی ئەنجومەنی یاسادانان، کارگێڕی ئەنجومەن. بەم رێگەیە، سەرۆکایەتی ھەرێم ئەبێتە سەرۆکایەتییەکی بەکۆمەڵ.
ج- ئەنجومەن ھەمو دەسەڵاتەکانی ئێستای سەرۆکی ھەرێمی ببێ و بەرپرسبێ لە بریاری شەڕو ئاشتیش. بریارەکانیشیان بە زۆرینەی دەنگبێ.
د- سەرۆکی ئەنجومەن، نوێنەرایەتی ھەرێم بکا لەناوەوەو دەرەوەی ‌ھەڕێم. واتا کارەکەی زیاتر تەشریفاتیبێ.
ە- ئەنجومەن، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران راسپێرێ بۆ پێکھێنانی کابینەی وەزارەت. لەکۆبونەوەیەکی ھاوبەشی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی و ئەنجومەنی یاساداناندا، بەزۆرینەی دەنگ، کابینە پەسندکرێ یا رەتکرێتەوە یا گۆڕانی تیابکرێ. لەئەگەری وەکیەکیی دەنگەکاندا، دەنگی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی، بە٢ دەنگ بچێ. و-ئەنجومەنی سەرۆکایەتی،دەسەڵاتی پیاچونەوەو ھەموارکردن،یاھەڵوەشاندنەوەی بریارەکانی ھەرکام لە ھاوسەرۆکەکانی ببێ، بەزۆرینەی دەنگ.


٢- کابینەی وەزارەت لەکەسانی پیشەوەر (تەکنۆکرات) پێکبێ. ھەر وەزارەتێک ‌ببێتە دەزگەیەکی سەربەخۆ بۆ راپەڕاندنی کارەکانی.

 

٣- دەسەڵاتی دادوەری و بانکی ناوندی،ھەریەکەیان دەزگەیەکی سەربەخۆ‌بن و بەھیچ وەزارەتێکەوە نەبەسترێن.


٤- ا- ئەنجومەنی یاسادانان لە ١٥ ئەندامی یاساناس یا خاوەن بڕوانامەی دوکتۆرا پێکبێ بەھەڵبژاردنی گشتی لەلایەن خەڵکی پارێزگەکانەوە، ھەر پارێزگەیەک ٣ ئەندامی خۆی ھەڵبژێرێ.
ب- ئەرکەکانی بریتیبێ لەیاسادانان، ھەموارکردن، چاودێری و لێپرسینەوە لە دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و دادوەری و بانکی، سەرپەرشتیی دیوانی چاودێریی دارایی و بەدواداچون لەسەر راپۆرتەکانی و سەندنەوەی متمانە لەھەر وەزیرێک بەزۆرینەی ٢/٣.
ج- یاساکان بەزۆرینەی دەنگی ئەنجومەنی یاسادانان و ئەنجومەنی سەرۆکایەتی پەسندبکرێن. یاھەموار، یارەتکردنەوەیان.
ج- ھەلی پاڵاوتن بۆئەنجومەنی یاسادانان و ئەنجومەنی سەرۆکایەتی و ھەر دەزگەیەکیتر کەبەھەڵبژاردنبێ لەلایەن گەلەوە، کراوەبێ بۆھەموان بێ جیاوازیی رەگەزی و نەتەوەیی و ئاینی و پارتایەتی. بەوە میللەت ئەبێتە ھەڵبژێری راستینە نەک تەنیا پارتەکان. کەسێتیی تاکەکەسیش رۆڵی خۆیئەبێ.


٥- جگە لەدادگە گشتییەکان، پێکھێنانی دادگەیەکی تایبەت لەناو دیوانی چاودێریی داراییدا بۆ سزادانی گەندەڵی و دزی لەماڵی گشتی.


٦- ھەمو ھۆکارەکانی راگەیاندنی ئێستا، بکرێنە مڵکی گشتی، تەنیا ٢ تی ڤی، ٢ رۆژنامە، ١ گۆڤار، بۆماوەی ١٠ ساڵ لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و راگەیاندنەوە وەگەڕخرێن. دوای ئەو ماوەیە، بەیاسایەک راگەیاندن رێکخرێتەوە.


٧- نەھێشتنی رۆتین لەفەرمانگەکان. فەرمانبەرانیش، بەڕێژەی ٥٠٪ کەمکرێنەوە بەخانەنشینکردنیان یا گواستنەوەیان بۆ کەرتی تایبەت. کەرتی تایبەتیش، بەتایبەتی پێشەسازی و کشتوکاڵی، ھەلی گەشەکردنی بۆبڕەخسێنرێ.


٨- زانکۆکان کەمکرێنەوە بەجۆرێ ھیچ پارێزگەیەک لەیەک زانکۆ زیاتری تێدانەبێ‌و مامۆستا زیادەکان بگوێزرێنەوە بۆ پەیمانگەکان و خوێندنگە ئامادەییەکان.
٩- بۆ رێگریکردن لەتوندوتیژیی و لەجیاوازیی ئاینی و ئاینزایی، مزگەوت و کەنیسەکان تەنیا بۆ نوێژی بەکۆمەڵ و پرسە تەرخانکرێن بێ وتارخوێندنەوە. وتنەوەی وانەی ئاینی تەنیا لەکۆلێجەکانی شەریعەدابێ نەک لەمزگەوت و کەنیسەکاندا. ناوی کۆلێجی شەریعەش بگۆڕێ بەکۆلێجی زانستە ئاینیە ئاسمانیەکان.


١٠- ھەمو کەسێک کە تەمەنی ١٨ ساڵیی تەواوکرد، لەھەردو رەگەز، بۆماوەی ٣ مانگ مەشقی سەربازیی پێبکرێت. بۆ ھاتوچۆو خەرجیی ئەو ٣ مانگەش، بڕێ پارەیان بۆخەرجکرێ.


١١- ھیچ موچەیەکی بنەڕەتی، مانگانە لە ٤٠٠ ھەزار دینار کەمتر و لە ٢ ملیۆن دینار زیاتر نەبێ، بەموچەی ھاوسەرۆکان و وەزیران و یاساکاران و خانەنشینانیشەوە. بۆ پەککەوتوانی بێ داھاتیش ٢٠٠ھەزار دینار. موچەی مامۆستایانیش لەھەمو قۆناغەکانی خوێندندا بەپێی بڕی وانەکانیانبێ.


١٢- دڵنیایی تەندروستی بۆ ھاوڵاتیان دابینکرێ بەپەرەپێدان و زۆرکردنی نەخۆشخانە گشتییەکان و نەھێشتنی نۆڕینگەو ئەزمونگەو دەرمانخانەو خەستەخانەی تایبەت. موچەی پزیشک و ئەزمونکار و دەرمانسازیش بەپێی بارستایی و بڕی کارەکانیانبێ. چارەسەری پزیشکی و دەرمان بەخۆڕایی بۆ ئەو ھاوڵاتیانەی ساڵانە پێشەکی بڕێکی کەم پارەی دڵنیایی تەندروستی ئەدەن. ئەوەشی کارتی دڵنیایی نەبێ، بەپارە لەخەستەخانە گشتییەکان چارەسەربکرێ.


١٣- رێگە بەھیچ رێکخراوێکی سیاسی نەدرێ کە لەسەر بنچینەی رەگەزی یا نەتەوەیی یا ئاینیبێ. ھەر رێکخراوێکیش بە ئابونەی ئەندامەکانی ببرێ بەڕێوە نەک بە بوجەی گشتی.


١٤-ھاوردەو ھەناردە کراوەبێ بۆکەرتی گشتی و کەرتی تایبەتیش.


١٥- داڕشتنی دەستورێک کە سەروەریی یاساو ماف و ئازادیی تاکەکەس و پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینیەکانی تیا پارێزراوبێ و سنوری کوردستانی تیا دیاریکرابێ و یاساکان لەدەستورەوە سەر‌چاوەبگرن.


کە ئەوانە کران، سیستمی فەرمانڕەوایی ئەبێتە سیستمێکی کوردیانە، سەرۆکایەتی ھەرێم ئەبێتە سەرۆکایەتییەکی بەکۆمەڵ و دیکتاتۆری دروستنابێ، دوبەرەکیی ناو میللەت نامێنێ، چارەسەری پزیشکی ئاسانئەبێ، یاسا سەروەرئەبێ، کەیاسا سەروەربو گەندەڵی نامێنێ و ئەوسا داھاتە گشتییەکان، بەزیادەوە بەشی خەرجییەکان ئەکەن بەموچەو خەرجیی پرۆژەکانەوەو دابینکردنی چەکی پێویستیش بۆ ھێزە چەکدارەکان. بەڵکو ئەتوانرێ ساڵانە بڕێک دراو بپارێزرێ وەک یەدەگ بۆ ئایندە.


ئەمە بۆھێڵە گشتییەکانی ئێستەی سیستمی فەرمانڕەوایی ھەرێم. وردەکارییەکان،بەیاساو رێنمایی رێکبخرێن. ئەم ھێڵە گشتیانەش، شیاوی لەسەر‌نوسین و رای جیاوازو رەخنەو وەرگرتنی پێشنیارن. ‌ئەگەری سەربەخۆییش، بەرنامەی جیاوازی ئەوێ. دڵنیاشم ئەم بەرنامەیە بۆ کاربەدەستانی ئەمڕۆی ھەرێم، وەک ئەوەیە گوێزیان بۆبژمێری! بەڵام رۆژان رۆژیان لەدوایە.

__________________________

کورتە وەڵام - ١٠ -: www.emrro.com/kurtewelam10.htm

کورتە وەڵام - ٩ -: www.emrro.com/kurtewelam9.htm

کورتە وەڵام - ٨ -: www.emrro.com/kurtewelam8.htm

کورتە وەڵام - ٧ -: www.emrro.com/kurtewelam7.htm

کورتە وەڵام - ٦ -: www.emrro.com/kurtewelam6.htm

کورتە وەڵام - ٥ -: www.emrro.com/kurtewelam5.htm

کورتە وەڵام - ٤ -: www.emrro.com/kurtewelam4.htm

کورتە وەڵام - ٣ -: www.emrro.com/kurtewelam3.htm

کورتە وەڵام - ٢ -: www.emrro.com/kurtewelam2.htm

کورتە وەڵام - ١ -: www.emrro.com/kurtewelam.htm
 

ماڵپه‌ڕی کامیل ژیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک